کۆنگرەی یازدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان

کۆنگرەی یازدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان- (پارتی دیموكراتی كوردستان – یه‌كگرتوو – ٢٦ی ئابی ١٩٩٣)، دوای ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی ١٩٩١ی باشووری كوردستان، دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدرا.


بارودۆخ و ئاماده‌كارییه‌كان

له‌ ٢ی ئابی ١٩٩٠ كوێت له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه‌ داگیركرا، ئه‌م داگیركارییه‌، سوپای هاوپه‌یمانانی هێنایه‌ سه‌رخه‌ت و له‌ ١٧ی كانوونی دووه‌می ١٩٩١، سوپای عێراق له‌لایه‌ن سوپای هاوپه‌یمانانه‌وه‌ له‌ كوێت ده‌ركرا و به‌ خراپی تێكشكێنرا، ئه‌م شكسته‌ی سوپای عێراق زه‌مینه‌یه‌كی له‌باری بۆ هێزه‌ (معارض) به‌رهه‌ڵستكاره‌كانی عێراق هێنایه‌ ئاراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی چالاكییه‌كانیان به‌رفراوان بكه‌ن. له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌ركردایه‌تی به‌ره‌ی كوردستانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كانی تر كه‌وتنه‌ جموجووڵی سیاسی و سه‌ربازی له‌ ناوخۆی عێراق.

لەم سەروبەندە سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان، چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یەکی فراوانی ئه‌نجامدا، له‌وانه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سه‌ره‌تای مانگی شوباتی ١٩٩١ كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كۆن و نوێ، كه‌ نزیكه‌ی په‌نجا ئه‌ندام ده‌بوون ئه‌نجام درا، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیاردرا ئاماده‌یی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نێو خاكی كوردستان و دواتر ڕاپه‌ڕینی سه‌رتاسه‌ری ئه‌نجام بدرێ، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا ئه‌ركه‌كان به‌ فه‌رمانده‌یی سه‌رۆك مەسعود بارزانی دابه‌شكران و هێزه‌كانیش به‌ سه‌ر سێ قۆڵدا دابه‌شكران كه‌ بریتیبوون له‌ قۆڵی هه‌ولێر، قۆڵی دهۆك و موسڵ و قوڵی سلێمانی و كه‌ركووك، دوای ته‌واوی ئاماده‌كارییه‌كان له‌ ٥ی ئاداری ١٩٩١ ڕاپه‌ڕینی باشووری كوردستان ده‌ستی پێكرد و تا ٢١ی ئادار ته‌واوی ناوچه‌كانی كوردستان له‌ ده‌ست ڕژێم ئازادكران.

له‌ دوای ڕاپه‌ڕینی باشووری كوردستان لە ساڵی ١٩٩١ دژ به‌ ڕژێمی عێراق و كۆڕه‌وی خه‌ڵكی باشووری كوردستان و دامه‌زراندنی ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردستان و حکومەتی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی مانگی ئاداری كۆمیته‌ی ناوه‌ندی بڕیار له‌سه‌ر به‌ستنی کۆنگرەی یازده‌یه‌می پارتی درا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ لێژنه‌یه‌كی ئاماده‌كاریی پێكهێنرا كه‌ بریتیبوون له‌ محه‌مه‌د مه‌لا قادر، فه‌ره‌نسۆ حه‌ریری، ڕه‌مزی شه‌عبان، خورشید شێره، نەجمەدین یوسفی، شێخه‌ڵا ئیبراهیم، بارزان مەلا خالید، كه‌مال حه‌سه‌ن، نه‌جات حه‌سه‌ن، حه‌بیب كه‌له‌ش و ئیجرا سه‌عید، تا مانگی حوزه‌یرانی ساڵی ١٩٩٣ زۆربه‌ی ئاماده‌كارییه‌كانی كۆنگره‌ به‌كۆتا هاتن و ئه‌ندامه‌كان به‌ هه‌ڵبژاردن بۆ كۆنگره‌ سه‌ركه‌وتن و سێ حزبیش بڕیاریاندا له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان یه‌كبگرن كه‌ بریتیبوون له حزبی یه‌كگرتنی كوردستان (حسك - پاسۆك - پارتی گه‌ل) یه‌كێتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی كوردی فه‌یلی موسڵمان. به‌ ڕێكکه‌وتنی سێ حزبی كوردی له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، ناونیشانی (یه‌كگرتوو) بۆ جاری دووه‌م به‌ كه‌مێك گۆڕانكارییه‌وه‌ خرایه‌ سه‌ر ناوی پارتی و بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو گۆڕدرا.


به‌ستنی كۆنگره‌

له‌ ڕۆژانی ١٦ تا ٢٦ی ئابی ١٩٩٣، به‌ ئاماده‌بوونی ٢١٦٧ نوێنه‌ر، کۆنگرەی یازدە له‌ هۆڵی زه‌رد، له‌ شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان به‌سترا، بۆ یه‌كه‌مین جاریش ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی ئافره‌ت له‌م کۆنگرەیه‌دا به‌شدار بوون، كه‌ ١٢٤ نوێنه‌ر بوون، هه‌واڵه‌كانی ئه‌م کۆنگرەیه‌ ڕۆژانه‌‌ له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ بڵاو ده‌كرایه‌وه.

كۆنگره‌‌، به‌ دروشمی (ئاشتی، ئازادی و دیموكراسی) به‌سترا، له‌لایه‌ن سه‌رۆك مەسعود بارزانی ڕاپۆرتی سیاسی خوێندرایه‌وه‌، هەروەها گۆڕانکارییەکی فراوان لە پرۆگرام و پەیڕەودا کرا بۆئەوەی لەگەڵ بارودۆخی نوێدا بگونجێت، کۆنگرە ژمارەیەک بڕیاریشیدا کە گرنگترینیان بڕیاردان بوو لە هێنانەوەی ڕوفاتی پیرۆزی بارزانی نەمر و ئیدریس بارزانى بۆئەوەی لە بارزان بەخاک بسپێردرێنەوە، هەروەها بڕیار درا زەمینە بۆ گەڕانەوەی زۆرترین ژمارەی ئاوارەکان لە ئێران بدرێ.

کۆنگرەی یازده‌یه‌م، دانی به‌ فیدڕاڵیه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا نا و پشتگیری کۆنگرەی نیشتمانی عێراقی یه‌كگرتووی كرد، كه‌ نیازی ڕووخاندنی ڕژێمی سه‌دام حسێنی هه‌بوو، له‌سه‌ر ئاستی ڕاگه‌یاندنه‌كانی ده‌ره‌وه‌ش ڕۆژنامه‌نووس خاتو ئامینه‌ سوڵا و ڕۆژنامه‌نووس خاتو فاتیمه‌ عه‌زوز له‌ كۆماری تونسه‌وه‌ وه‌ك میوان بانگهێشتی كۆنگره‌كه‌ كرابوون، به‌شێك له‌ میوانه‌كانی كۆنگره بریتیبوون له‌ جورج بیكارد ئه‌ندامی كۆنگرێسی ئه‌مریكا، ده‌یڤید فلیپ سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌مریكا، لیوا حه‌سه‌ن نه‌قیب و دكتۆر ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی سه‌رۆكی کۆنگرەی نیشتمانی عێراقی - یه‌كگرتوو، ته‌حسین مه‌عله‌، عه‌دنان محه‌مه‌د نوری، عه‌زیز علیان، محه‌مه‌د عه‌بدولجه‌بار، هانی فۆكه‌یكی، محه‌مه‌د محه‌مه‌د عه‌لی، عادل عه‌بدولمه‌هدی ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆڕشی ئیسلامی له‌ عێراق، مونزیز لویس سكرتێری حزبی سۆسیالیستی عێراقی.


په‌یكه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ پشتبه‌ستن به‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی کۆنگرەی یازده‌یه‌م، بریتی بوو‌ له‌ شانه‌، شانه‌ی سه‌ره‌كی، لێژنه‌ی ڕێكخراو، لێژنه‌ی ناوچه‌، لێژنه‌ی لق، كۆمیته‌ی ناوه‌ندی، مه‌كته‌بی سیاسی، جێگری سه‌رۆك و سه‌رۆك‌، هه‌روه‌ها ده‌سته‌ی ناوه‌ندی پشكنین و چاودێری ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن كۆنگره‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردران، ئه‌مه‌ش دواجاره‌‌ كه‌ ده‌سته‌ی ناوه‌ندیی پشكنین و چاودێری ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ بێنه‌ هه‌ڵبژاردن و سیفه‌تی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیان پێ ده‌به‌خشرێ، چونكه‌ متمانه‌یان له‌ كۆنگره‌ وه‌رگرتبوو‌.

داموده‌زگاكانی پارتی له‌ ساڵی ١٩٩٣، له‌ مه‌كته‌بی ناوه‌ندی ڕێكخستن، مه‌كته‌بی ناوه‌ندی ڕۆشنبیری و ڕاگه‌یاندن، مه‌كته‌بی ناوه‌ندی عه‌سكه‌ری، مه‌كته‌بی ناوه‌ندی به‌ڕێوه‌بردن، مه‌كته‌بی ناوه‌ندی دارایی، مه‌كته‌بی ناوه‌ندی ڕێكخراوه‌ جەماوەری و پیشه‌یییه‌كان، مه‌كته‌بی ناوه‌ندی په‌یوه‌ندی نیشتمانی، مه‌كته‌بی ناوه‌ندی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و مه‌كته‌بی ناوه‌ندی دیراسات و توێژینه‌وه‌.


ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی کۆنگرەی یازده‌یه‌م‌:

  1. نێچیرڤان بارزانی
  2. سامی عەبدولڕەحمان
  3. جەوهەر نامیق سالم
  4. هۆشیار زێباری 
  5. فازڵ میرانی
  6. یونس ڕۆژبەیانی
  7. فڕەنسو هەریری
  8. ڕۆژ نوری شاوێس
  9. قادر قادر
  10. مامۆستا سەعد عەبدوڵا
  11. عیزەدین بەرواری
  12. حەمەی حاجی مه‌حمود
  13. کەریم شنگالی
  14. دکتۆر جەرجیس حەسەن
  15. کەمال کەرکوکی
  16. عەلی شنگالی
  17. قادر جەباری
  18. مولازم شوان
  19. سەید کاکە
  20. عومەر بۆتانی
  21. ئازاد بەرواری
  22. جەلیل فەیلی
  23. شەوکەت شێخ یەزدین
  24. عومەر عوسمان مێرگەسۆری
  25. سه‌ڵاحه‌دین ئیبراهیم قادر، سەڵاح دەلۆ
  26. بروسک نوری شاوێس
  27. ڕەمزی شەعبان
  28. مولازم  کەریم
  29. دەروێش ئاغا
  30. زەعیم عەلی
  31. عەبدولعەزیز تەیب
  32. نیزامەدین گلی
  33. عارف تەیفور
  34. مەسعود ساڵەیی
  35. محەمەد مەلا قادر
  36. عەبدوڵا ئاگرین
  37. شیرین ئامێدی

ئه‌ندامانی یه‌ده‌گی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی‌:

  1. مەحمود محەمەد
  2. زێرەڤان نێروەیی
  3.  مامۆستا ئەمین قادر
  4.  دکتۆر ناسیح غەفور
  5. ئەکبەر حەیدەر
  6. ئازاد قەرەداغی
  7. بارزان مەلا خالید
  8. کەمال حەسەن چاومار
  9. نوری حەمە عەلی

له‌ ناو كۆنگره‌دا ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی ناوه‌ندی پشكنین و چاودێری به‌ ده‌نگی ڕاسته‌وخۆی نوێنه‌ران هه‌ڵبژێردران، كه‌ بریتیبوون له‌ فەلەکەدین کاکەیی، حەبیب محەمەد کەریم، ڕەشید سندی، ئیسماعیل مەلا عەزیز، عه‌لی جاف، دكتۆر محەمەد ساڵح جومعە، محه‌مه‌د مه‌عروف، محه‌مه‌د قازی و عەلی قاسم شنگالی .

له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی كۆنگره‌، بە تێکڕای دەنگ بۆ جاری سێیه‌م، سه‌رۆك مەسعود بارزانی به‌ سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان - یه‌كگرتن و عەلی عەبدوڵا به‌ جێگری سه‌رۆك هه‌ڵبژێردران، دواتر له‌ كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی، له‌ ٢٩ تا٣١ی ئابی ١٩٩٣، ده‌سته‌ی نوێی مه‌كته‌بی سیاسی‌‌ هه‌ڵبژێردران، كه‌ بریتیبوون له‌ نێچیرڤان بارزانی، جەوهەر نامیق سالم، سامی عەبدولڕەحمان، هۆشیار زێباری، فازڵ میرانی ، دکتۆر ڕۆژ نوری شاوه‌یس، دکتۆر جەرجیس حەسەن، ئازاد به‌رواری، زه‌عیم عه‌لی، حەمەی حاجی مه‌حمود و مولازم  کەریم.

له‌م کۆنگرەیه‌دا بۆ جاری دووه‌م له‌ مێژووی پارتیدا، میدالیای بازانیی نه‌مر له‌لایه‌ن سه‌رۆك مەسعود بارزانی به‌خشرایه‌ نۆ له‌ سه‌ركرده‌، فه‌رمانده‌ و هه‌ڤاڵانی بارزانی.


سه‌رچاوه‌كان:

  1.  مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆنگره‌ و كۆنفرانس (پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆ)، ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌رگی دووەم، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی رۆكسانا- ٢٠٢١).
  2.  محه‌مه‌د مه‌لا قادر، خه‌باتنامه‌، كورته‌ مێژووی پارتی و بارزانی نه‌مر، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی ئاراس- ٢٠١٢).
  3.  علي سنجاري، ها قد عدنا الی الحزب الأم، جریدة الشعلة، لسان حال للاتحاد الدیمقراطي الكردستاني ـ العراق، العدد ٢٩، أوائل تموز ١٩٩٣م.
  4.  حبیب محمد كریم، تأریخ الحزب الدیمقراطي الكوردستاني ـ العراق (في محطات رئیسیة) ١٩٤٦ ـ ١٩٩٣، (دهوك ـ مطبعة خه‌بات ـ ١٩٩٨م).
  5.  الأتحاد الدیمقراطي الكردستاني یعقد كونفرانسا توحیدیا هاما ویقرر حل نفسه‌ والعودة الی الحزب الدیمقراطي الكردستاني، جریدة الشعلة، لسان حال للاتحاد الدیمقراطي الكردستاني ـ العراق، العدد ٢٩، أوائل تموز ١٩٩٣م.
  6.  بیان الوحدة بین الحزب الدیمقراطي الكردستاني وحزب الوحدة الكردستاني، جریدة خه‌بات، لسان حال الحزب الدیمقراطي الكردستاني، العدد ٦٨٥، الأربعاء، ٢٨ تموز ١٩٩٣م.
  7.  شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات ـ ٢٠١٣ز).
  8.  صلاح بدرالدین، الحركة الوطنیة الكردیة السوریة، الجزء الثاني، (اربیل ـ رابطة كاوا للثقافة الكردیة ـ مطبعة روژهه‌لات ـ ٢٠١٨م).
  9.  الحزب الدیمقراطي الكردستاني یعقد مؤتمره‌ الحادي عشر، جریدة المؤتمر، المكتب الاعلامي للمؤتمر الوطني العراقي الموحد، العدد ١٥، ١٩ آب ١٩٩٣م.
  10.  پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو، پڕۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆی کۆنگرەی یازده‌یه‌م، (بێ شوێن ـ بێ ساڵ).
  11.  كۆنگره، ده‌رئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتیمان ڕاده‌گه‌ینێت، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی • دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو، ژماره‌ ١٧٢٩، هه‌ولێر، هه‌ینی، ٢٧ی ئابی ١٩٩٣ز.
  12.  پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ کۆنگرەی یازده‌هه‌مینی پارتی كه‌ له‌ ١٦-٢٦/ئاب/١٩٩٣ دا به‌سترا بڕیاری له‌سه‌ردراوه‌، (چاپخانه‌ی خه‌بات – دهۆك).

بابەتی پەیوەندیدار

کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان

ڕۆژی ٣ی تشرینی دووه‌می ٢٠٢٢ کۆنگرەی چواردەیەم له‌ شاری دهۆك و به‌ ئاماده‌بوونی ١٠٢٢ نوێنه‌ر  له‌ كۆی ١٠٦٥ نوێنه‌ر كه‌ مافی به‌شداریكردنی كۆنگره‌یان هه‌بوو له‌ سه‌رجه‌م ڕێكخستنه‌كانی پارتی له‌ ژێر (دروشمی ئازادی، دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری) ده‌ستی به‌ كاره‌كانی خۆی كرد.

زانیاری زیاتر

پارتی دیموکراتی کوردستان

پارتی دیموکراتی کوردستان (پ.د.ك)، به‌ ڕێنووسی لاتینی (Partiya demokrata kurdestanê)، به‌ زمانی ئینگلیزی (kurdistan democratic party) و به‌ زمانی عه‌ره‌بی (الحزب الدیموقراطي الكوردستاني)، پارتێکی نیشتمانی دیموکراتیی جەماوەرییە، له‌ ڕێكه‌وتی ١٦ی ئابی ١٩٤٦ به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی له‌ شاری به‌غدا به‌ شێوه‌یه‌كی نهێنی دامه‌زرا....

زانیاری زیاتر

شۆڕشی گوڵان

شۆڕشی گوڵان- (شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتنخواز – ٢٦ی گوڵانی ١٩٧٦). ‌ له‌ لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ به‌ سه‌رپه‌ر‌شتی سەرۆک مەسعود بارزانی دژی حكوومه‌تی به‌عسی عێراق له‌ باشووری كوردستان هه‌ڵگیرسا و تا ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی ١٩٩١ به‌رده‌وام بوو.

زانیاری زیاتر

کۆنگرەی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان

كۆنگره‌ی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان - ١١ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٠ )دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عسی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ عێراق ساڵی ٢٠٠٣ و گۆڕانكاری گه‌وره‌ی سیاسی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، له‌ كه‌شێكی ئاسایی له‌ شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدرا.

زانیاری زیاتر

کۆنگرەی یەکەمی پارتی دیموکراتی کوردستان

كۆنگره‌ی یه‌كه‌م یاخود (دامه‌زراندن)ی پارتی دیموكراتی كوردستان - (پارتی دیموكراتی كوردی عێراق - ١٦ی ئابی ١٩٤٦)، له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی ژه‌نه‌راڵ مسته‌فا بارزانی له‌ بەغدا بە ئاماده‌بوونی ٧٠ نوێنەر له‌ كه‌سایه‌تییه‌كانی‌ كوردی باشووری كوردستان، به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی به‌سترا و تێیدا دامه‌زراندنی پارتێكی سیاسی نوێ له‌ باشووری كوردستان ڕاگه‌یه‌نرا.

زانیاری زیاتر