سیاسەتمەدار ئازاد محهمهدنهجیب محه‌مه‌دسه‌لیم، ناسراو به ئازاد به‌رواری و سه‌عید، ساڵی ١٩٦١ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان و ساڵی ١٩٦٤ په‌یوه‌ندیی به ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوه كردووه، لە کۆنگرەی نۆیه‌م ١٩٧٩دا به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی، لە کۆنگرەی دەیەم ١٩٨٩دا به ئه‌ندامی یه‌ده‌گی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی، لە کۆنگرەی یازده‌یه‌م ١٩٩٣ و دوازدەیەم ١٩٩٩دا به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و دواتر ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی هەڵبژێردراوە و ساڵی ٢٠١٠ و لە كۆنگره‌ی سێزده‌یه‌مدا به ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و دواتر ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوەتەوە، ساڵی ٢٠٠٩ لە کابینەی شەشەمدا جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بووە، هەڵگرى میدالیاى بارزانییە.
ژیاننامە
ساڵی ١٩٤٥ بنەماڵەکەی له دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان ئاواره‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بووه، ئازاد بەرواری ساڵی ١٩٤٦ لە شاری مهاباد لە دایکبووە، ساڵی ١٩٤٧ له دوای نسكۆی كۆماری دیموكراتی كوردستان بە بنەماڵەوە گەڕاونەتەوە بۆ باشووری كوردستان. قۆناغی ئاماده‌یی له شاری هه‌ولێر ته‌واو كردووە، ساڵی ١٩٦٦ له به‌شی كیمیای كۆلێژی زانستی زانكۆی موسڵ وه‌رگیراوه و له‌به‌ر چالاكی سیاسیی له‌لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌تی عێراقەوە بۆ زانكۆی به‌سڕه له باشووری عێراق دوورخراوه‌ته‌وه ساڵی ١٩٧٢ بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسی له زانكۆی به‌سڕه به‌ده‌ستهێناوه، ساڵی ٢٠٠٩ لە کابینەی شەشەمدا جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بووە. شاره‌زای زمانه‌كانی كوردی، عه‌ره‌بی، فارسی و ئینگلیزی و ئه‌ڵمانییه.
خەباتنامە
ئازاد بەرواری ساڵی ١٩٦١ په‌یوه‌ندیی به ڕیزه‌كانی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان و ساڵی ١٩٦٤ په‌یوه‌ندیی به ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه كردووه، ساڵی ١٩٦٨ له به‌ندیخانه‌ی ڕومادی له ڕۆژئاوای عێراق به‌ند كراوه و ساڵی ١٩٧٠ له‌دوای ڕێكکه‌وتننامه‌ی ١١ی ئادار له نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و حکومەتی عێراقدا ئازاد كراوه، ساڵی ١٩٧٢ په‌یوه‌ندیی به ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئەیلووله‌وه كردووەتەوە و ساڵی ١٩٧٥ له دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول وه‌ك په‌نابه‌ر ڕووی له وڵاتی ئێران كردووه.
ساڵی ١٩٧٥ له‌لایه‌ن مەسعود بارزانییه‌وه بۆ ئاماده‌كاریی شۆڕشی گوڵان ڕاسپێردراوه و هەمان ساڵ له‌لایه‌ن سه‌رۆك مه‌سعود بارزانییەوە له‌گه‌ڵ چوار كهسایهتیتردا بۆ بەشداریکردن لە یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی كاتیی پارتی دیموكراتی كوردستان به مه‌به‌ستی به‌رده‌وامبوون له به‌رگری و به‌رخۆدان، بانگهێشت کراوە.
ساڵی ١٩٧٦ له كۆنفرانسی به‌رلیندا به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی سه‌ركردایه‌تی كاتیی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه، ساڵی ١٩٧٧ به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی بیدوالیی سه‌ركردایه‌تی كاتیی پارتی دیموكراتی كوردستانی بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه و سه‌رله‌نوێ به گه‌ڕخستنه‌وه‌ی ڕێكخستنه‌كانی كردووه، ساڵی ١٩٧٩ ئه‌ندامی لێژنه‌ی خۆڕێكخستنه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی كاتیی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە له نێو په‌نابه‌رانی باشووری كوردستان له وڵاتی ئێران.
لە کۆنگرەی نۆیەم ١٩٧٩دا به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی، لە کۆنگرەی دەیەم ١٩٨٩دا به ئه‌ندامی یه‌ده‌گی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی، لە کۆنگرەکانی یازدەیەم ١٩٩٣ و دوازدەیەم ١٩٩٩دا به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و دواتر ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی هەڵبژێردراوە و ساڵی ٢٠١٠ لە کۆنگرەی سێزدەیەمدا به ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و دواتر ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوەتەوە، ساڵی ٢٠٢٢ لە کۆنگرەی چوارده‌مدا به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و له یه‌كه‌مین كۆبوونەوەی كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تی به ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان هه‌ڵبژێردراوە..
لە ماوەی کارکردنیدا لە نێو ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، چەندین ئەرک و بەرپرسیاریەتی وەرگرتووە، وەکو به‌رپرسی لێژنه لقی سێ و چواری ١٩٨٠، به‌رپرسی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی لە سوریا ١٩٨١، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه ناوچه‌یی و نیشتمانییه‌كانی پارتی ١٩٩٣، كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی و به‌رپرسی مه‌كته‌بی ناوه‌ندی ڕێكخستن ١٩٩٦، به‌رپرسی مه‌كته‌بی ناوه‌ندیی ڕاگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان ٢٠٠١ و... هتد.
ساڵی ٢٠٠٩ لە کابینەی شەشەمدا جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بووە، ساڵی ٢٠١٠ له‌به‌ر خزمه‌تی له شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشی گوڵان و قۆناغی ڕاپه‌ڕینی باشووری كوردستان و قۆناغی سه‌روه‌ری، له‌لایه‌ن سه‌رۆك مه‌سعود بارزانییەوە میدالیای بارزانی نه‌مری پێ به‌خشراوه.
سەرچاوە:
- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.