کۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان

کۆنگرەی نۆیه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان- (پارتی دیموكراتی كوردستان - عێراق – ١٠ی تشرینی دووه‌می ١٩٧٩)، دوای كۆچی دوایی سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی و به‌ بڕیاری كۆبوونه‌وه‌وی شاوانه‌ له‌ ئۆردوگای په‌نابه‌رانی شاری زێوه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئه‌نجامدرا.


بارودۆخ و هۆكاره‌كان

ساڵی ١٩٧٩، دوای ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران، ڕژێمی پاشایه‌تی له‌و وڵاته‌دا ڕووخا و كۆماری ئیسلامی شوێنی گرته‌وه‌، سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان، توانی په‌یوه‌ندییه‌كی باش له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی نوێی ئێران دروست بكات، له‌ ڕووداوه‌ هه‌ره كاریگه‌ره‌كانی تر كۆچی دوایی سەرۆک مستەفا بارزانی بوو له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٧٩ و دواتر گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ڕووفاته‌كه‌ی بۆ شاری شنۆی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ ٤ی ئاداری هه‌مان ساڵ.

ئه‌و بارودۆخه‌ی گۆڕانكارییه‌ ناوچه‌ییه‌كان به‌گشتی و كۆچی دوایی سەرۆک  مستەفا بارزانی به‌سه‌ر ڕێكخستنه‌كانی پارتیدا هێنابووی، پێویستی به‌ ئه‌نجامدانی کۆنگرەی حزب ده‌كرد‌، هه‌ر به‌م مه‌به‌سته‌ سه‌ركردایه‌تی كاتی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ سه‌ره‌تای مانگی ته‌موزی ساڵی ١٩٧٩، له‌ گوندی شاوانه‌ی سه‌ر به‌ شارۆچکەی شنۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانی ڕێكخست، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، چه‌ند بڕیارێكی گرنگ دران، كه‌ گرنگترینیان بریتی بوو له‌ هه‌ڵبژاردنی مەسعود بارزانی به‌ سه‌رۆكی كاتی پارتی دیموكراتی كوردستان، تا به‌ستنی کۆنگرەی نۆیه‌م، په‌له‌ كردن له‌ به‌ستنی كۆنگره‌ له‌ ساڵی ١٩٧٩ و دروستكردنی لێژنه‌یه‌كی ئاماده‌كاری كۆنگره‌.


به‌ستنی كۆنگره‌

دوای ڕاسپاردنیان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی شاوانه‌، لێژنه‌ی ئاماده‌كاری كۆنگره‌ ده‌ستی به‌ ئاماده‌كارییه‌كان‌ كرد، جگه‌ له‌م لێژنه‌یه‌، له‌لایه‌ن لقه‌كانیشه‌وه‌ چه‌ند لێژنه‌یه‌كی تری ئاماده‌كاری دروستكران، كه ‌له‌ ئه‌ندامه‌كانی خۆیان پێكهاتبوون. له‌ ماوه‌ی سێ مانگدا ئاماده‌كارییه‌كان كۆتاییان پێهات و ئه‌ندامانی كۆنگره‌ به‌ هه‌ڵبژاردن بۆ كۆنگره‌ سه‌ركه‌وتن، کۆنگرەی نۆیه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان، بە دروشمی (کوردستان یان نەمان – حوکمێکی دیموکراتی ئیئتلافی پێشکەوتوخواز لە عێراق و ئۆتۆنۆمی ڕاستەقینە بۆ کوردستان) له‌ ڕۆژانی ١٠ تا ١٤ی تشرینی دووه‌می ١٩٧٩، به‌ ئاماده‌بوونی ٣٢٥ نوێنه‌ر، سه‌ره‌تا له‌ گوندی ده‌ربه‌ند و دواتر له‌ ئۆردوگای زێوه‌ی په‌نابه‌رانی باشووری كوردستان له‌ ڕۆژئاوای شاری ورمێ، له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان سازکرا‌، كۆنگره‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی ڕاپۆرتێكی سه‌رۆك مەسعود بارزانی ده‌ستی پێكرد، دواتر وتاری حزبی شیوعی عێراقی و چه‌ند لایه‌نێكی تری ئاماده‌بووی كۆنگره‌ خوێنرانه‌وه‌.

هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای كۆنگره‌،‌ به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی كاتی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ سه‌رپه‌رشتی سامی عەبدولڕەحمان، دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند داواكارییه‌كیان به‌جێ نه‌هێنرا، له‌ كۆنگره‌ كشانه‌وه. یه‌كێك له‌ داواكارییه‌كان ئه‌وه‌بوو، ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی كاتی ناوه‌كانیان نه‌خرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و ڕاسته‌وخۆ ببنه‌وه‌ به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی، به‌ڵام ئه‌م پێشنیاره‌ له‌لایه‌ن كۆنگره‌وه‌ ڕه‌تكرایه‌وه‌ و بووه‌ هۆی جیابوونه‌وه‌ی به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی كاتی،‌ ئه‌مانه‌ دواتر پارتی دیموكراتی گه‌لی كوردستانیان دامه‌زراند.

جێهێشتنی كۆنگره‌ له‌لایه‌ن به‌شێكی ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی كاتی نه‌بووه‌ هۆی په‌كخستنی و له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانه‌وه‌ درێژه‌ به‌ كاره‌كانی كۆنگره‌ درا، سه‌رۆك مەسعود بارزانی به‌ كۆی ده‌نگ به‌ سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردرا، دواتر له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی كۆنگره‌وه‌ كۆمیته‌ی ناوه‌ندی نوێی حزب ده‌ستنیشان كران كه‌ پێكهاتبوون له‌:  

  1.  عەلی عەبدوڵا
  2.  ئیدریس بارزانى
  3.  نوری شاوێس
  4.  فازڵ میرانی
  5.  فەلەکەدین کاکەیی
  6.  ڕەشید عارف ئەتروشی
  7.  محەمەد مەلا قادر
  8.  خورشید سه‌لیم شێره ‌
  9.  دکتۆر جەرجیس حەسەن
  10. دكتۆر ڕۆژ نوری شاوێس
  11. ڕەئیس عەبدوڵا بەرواری
  12.  مولازم عەلی
  13. یونس  ڕۆژبەیانی
  14. مولازم هەجەر سندی 
  15. حەمید بەرواری
  16. دكتۆر محەمەد ساڵح جومعە
  17. ئازاد بەرواری
  18. نەجمەدین یوسفی
  19. هۆشیار زێباری
  20. دكتۆرمحەمەد سەعید دۆسکی
  21.  دکتۆر سەعید بارزانى

ئه‌ندامانی یه‌ده‌گی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیش پێكهاتبوون له‌:

  1. فڕەنسو هەریری
  2. حەمید ئەفەندی
  3. نادر هەورامی
  4. ئازاد قەرەداغی
  5.  دكتۆر کەمال کەرکوکی

كۆنگره‌‌، ده‌سه‌ڵاتی به‌ كۆمیته‌ی ناوه‌ندیدا ‌ لێژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ دروست بكات بۆ به‌دواداچوونی گازه‌نده‌كان و دیاریكردنی پێگه‌ی سكرتێر و ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی و كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كه‌ پارتییان به‌جێ هێشتبوو‌.

دوای ته‌واوبوونی كۆنگره،‌ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی به‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك مەسعود بارزانی له ئۆردوگای په‌نابه‌رانی‌ زێوه‌ ئه‌نجامدرا كه‌ سێ ڕۆژی خایه‌ند و مه‌كته‌بی سیاسی حزب پێكهێنرا، كه‌ بریتیبوون له‌ عەلی عەبدوڵا – سكرتێر، ئیدریس بارزانى، فازڵ میرانی، فەلەکەدین کاکەیی، دكتۆر محەمەد ساڵح جومعە، ڕەئیس عەبدوڵا بەرواری و نوری شاوێس.   

یه‌كێك له‌ بڕیاره‌كانی كۆنگره‌ ده‌ركردنی ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پێشوو بوو له‌ حزب، ئه‌وانه‌ی حزبیان جێ هیشتبوو، جگه‌ له‌ ساڵح یوسفی كه‌ به‌ ڕه‌زامه‌ندی سەرۆک مستەفا بارزانی گه‌ڕابووه‌وه‌‌ عێراق.


سه‌رچاوه‌كان:

  1.  محه‌مه‌د مه‌لا قادر، خه‌باتنامه‌، كورته‌ مێژووی پارتی و بارزانی نه‌مر، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی ئاراس- ٢٠١٢).
  2.  مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆنگره‌ و كۆنفرانس (پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆ)، ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی رۆكسانا- ٢٠٢١).
  3.  صلاح الخرسان، التیارات السیاسیة في كردستان العراق، قراءة في ملفات الحركات و الأحزاب الكردیة في العراق ١٩٤٦-٢٠٠١، (بیروت – مطبعة البلاغ – ٢٠٠١م).
  4.  حبیب محمد كریم، تأریخ الحزب الدیمقراطي الكوردستاني ـ العراق (في محطات رئیسیة) ١٩٤٦ ـ ١٩٩٣، (دهوك ـ مطبعة خه‌بات ـ ١٩٩٨م).
  5.  موحسین دزه‌یی، وێستگه‌كانی ژیانم، به‌شی سێیه‌م و كۆتایی، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی موكوریانی - ٢٠١٥).
  6.  روزنامه‌ کیهان، شماره ١٠٧٥١، تهران، ١٦ تیرماه ١٣٥٨ ھ .ش ـ ٧ تموز ١٩٧٩م.
  7.  روزنامه‌ بامداد، شماره ٥٣، تهران، ١٧ تیرماه ١٣٥٨ھ . ش ـ ٨ تموز ١٩٧٩م.
  8.  راپۆرتی سیاسی و عەسكەری و تەنزیمی سەرۆكی پارتی هەڤال مەسعوود بارزانی بۆ كۆنگرەی نۆیەمی پارتیمان، پارتی دیموكراتی كوردستان بەستراو لە ماوەی (٤-١١ تشرینی دووەم١٩٧٩).
  9.  أعضاء اللجنة المركزیة والمكتب السیاسي في المؤتمر التاسع ١٩٧٩، جریدة خه‌بات، لسان حال الحزب الدیمقراطي الكوردستاني، العدد ٧٩٤، أربیل، الأثنین، ١٢ أب ١٩٩٦م.

بابەتی پەیوەندیدار

شۆڕشی دووەمی بارزان

دوای ئه‌وه‌ی ‌بارزانییه‌كان له‌ ساڵی ١٩٣٩ لە باشووری عێراقەوە ده‌گوازرێنه‌وه‌ سلێمانی، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی‌ بارودۆخی ژیانیان باشتر بێت، به‌ڵام بەهۆی هەڵوێستی شێخ مسته‌فا قه‌ره‌داغی، موته‌سه‌ریفی ئه‌وكاتی سلێمانی بارودۆخی گوزەرانیان خراپتر بوو، چونکە ناوبراو ڕێگای به‌ خه‌ڵكی شاری سلێمانی نەدەدا یارمه‌تییان بده‌ن.

زانیاری زیاتر

کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان

ڕۆژی ٣ی تشرینی دووه‌می ٢٠٢٢ کۆنگرەی چواردەیەم له‌ شاری دهۆك و به‌ ئاماده‌بوونی ١٠٢٢ نوێنه‌ر  له‌ كۆی ١٠٦٥ نوێنه‌ر كه‌ مافی به‌شداریكردنی كۆنگره‌یان هه‌بوو له‌ سه‌رجه‌م ڕێكخستنه‌كانی پارتی له‌ ژێر (دروشمی ئازادی، دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری) ده‌ستی به‌ كاره‌كانی خۆی كرد.

زانیاری زیاتر

پارتی دیموکراتی کوردستان

پارتی دیموکراتی کوردستان (پ.د.ك)، به‌ ڕێنووسی لاتینی (Partiya demokrata kurdestanê)، به‌ زمانی ئینگلیزی (kurdistan democratic party) و به‌ زمانی عه‌ره‌بی (الحزب الدیموقراطي الكوردستاني)، پارتێکی نیشتمانی دیموکراتیی جەماوەرییە، له‌ ڕێكه‌وتی ١٦ی ئابی ١٩٤٦ به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی له‌ شاری به‌غدا به‌ شێوه‌یه‌كی نهێنی دامه‌زرا....

زانیاری زیاتر

شۆڕشی گوڵان

شۆڕشی گوڵان- (شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتنخواز – ٢٦ی گوڵانی ١٩٧٦). ‌ له‌ لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ به‌ سه‌رپه‌ر‌شتی سەرۆک مەسعود بارزانی دژی حكوومه‌تی به‌عسی عێراق له‌ باشووری كوردستان هه‌ڵگیرسا و تا ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی ١٩٩١ به‌رده‌وام بوو.

زانیاری زیاتر

کۆنگرەی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان

كۆنگره‌ی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان - ١١ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٠ )دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عسی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ عێراق ساڵی ٢٠٠٣ و گۆڕانكاری گه‌وره‌ی سیاسی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، له‌ كه‌شێكی ئاسایی له‌ شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدرا.

زانیاری زیاتر