سیاسەتمەدار ڕه‌شید عارف عه‌بدولڕه‌حمان عوسمان، ناسراو بە ڕه‌شید ئه‌تروشی، ساڵی ١٩٥٦ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان و ساڵی ١٩٦١ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌وه کردووە، ساڵی ١٩٦٦ و له کۆنگرەی حه‌وته‌مدا به به‌رپرسی ده‌سته‌ی چاودێری و به‌دواداچوون هه‌ڵبژێردراوه، ساڵی ١٩٧٠ و له کۆنگرەی هه‌شته‌مدا به ئەندامی یه‌ده‌گی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی هه‌ڵبژێردراوه، ١٩٧١ له دوای ڕێككه‌وتنی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق ده‌بێته جێگری پارێزگای هه‌ولێر، ساڵی ١٩٧٩ و له کۆنگرەی نۆیه‌مدا بووەته ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ساڵی ١٩٩١ و به بڕیاری به‌ره‌ی كوردستانی كراوه‌تە پارێزگاری كه‌ركووك، له ڕێكه‌وتی ١٦ ئاداری ٢٠١٥ به هۆی نه‌خۆشییه‌وه کۆچی دوایی کردووە.
ژیاننامه
ڕه‌شید عارف عه‌بدولڕه‌حمان عوسمان ساڵی ١٩٤٠ لە شاری دهۆك لەدایکبووە. ساڵی ١٩٥٧ قۆناغی دواناوه‌ندی ته‌واو كردووه و ساڵی ١٩٦٠ به مامۆستا له شارۆچكه‌ی شنگالی سه‌ر به پارێزگای موسڵ دامه‌زراوه، دواتر له‌به‌ر چالاكی كوردایه‌تی له‌سه‌ر كار لادراوه و له سایلۆی شاری موسڵ دامه‌زراوەتەوە، جارێکی‌تر له ٢٧ی ته‌ممووزی ١٩٦٣ له‌سه‌ر كار لادراوه و بۆ ماوه‌ی چوار مانگ به‌ند كراوه و ئه‌شكه‌نجه دراوه پاشان بۆ شاری دیوانیه له ناوه‌ڕاستی عێراق دوور خراوه‌ته‌وه، له ساڵی ١٩٦٤ دا ئازاد كراوه. له ١٦ی ئاداری ٢٠١٥ به هۆی نه‌خۆشییه‌وه له وڵاتی سوێد كۆچی دوایی كردووه و تەرمەکەی له ٢٣ ئاداری ٢٠١٥دا له شاری دهۆك به خاك سپێردراوه. شاره‌زای زمانه‌كانی كوردی، عه‌ره‌بی، فارسی و سوێدی بووه.
خه‌باتنامه
ڕه‌شید عارف عه‌بدولڕه‌حمان عوسمان ساڵی ١٩٥٦ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی یه‌كگرتووی كوردستانه‌وه كردووه و ساڵی ١٩٦١ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئەیلووله‌وه كردووه و ساڵی ١٩٦٣ ئه‌ندامی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە بۆ دانوستاندن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق.
له ١٥ی ته‌ممووزی ١٩٦٤دا به هه‌ڵبژاردن بووه‌ته به‌رپرسی لێژنه‌ی ناوچه‌ی موسڵی سه‌ر به لێژنه‌ی لقی یه‌ك و ساڵێک دواتر پلەکەی بۆ كارگێڕی لێژنه‌ی لق بەرزکراوەتەوە. ساڵی ١٩٦٦ نوێنه‌ری کۆنگرەی حه‌وته‌می پارتی دیموكراتی كوردستان له شاره‌دێی گه‌ڵاڵه‌ی سه‌ر به پارێزگای هه‌ولێر بووه و به به‌رپرسی ده‌سته‌ی چاودێری و به‌دواداچوون هه‌ڵبژێردراوه. هەمان ساڵ بووەتە به‌رپرسی لێژنه‌ی لقی سێ. ساڵی ١٩٧٠ و لە کۆنگرەی هه‌شته‌مدا به ئه‌ندامی یه‌ده‌گی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه. له ٣ی نیسانی ١٩٧١ به جێگری پارێزگاری هه‌ولێر ده‌ستنیشان كراوه و له ١١ی ئایاری ١٩٧١ به فه‌رمانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له‌م پۆسته لادراوه.
له ١٧ی ئایاری ١٩٧٢ به چاندنی سێ بۆمبی چێندراو له باره‌گای لێژنه‌ی لقی سێ له شاری كه‌ركووك، له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقەوە هه‌وڵی تیرۆركردنی دراوه، به‌ڵام له‌م هه‌وڵه ڕزگاری بووه و ساڵی ١٩٧٣ جارێکی‌تر هه‌وڵی تیرۆركردنی له‌لایەن بهكرێگیراوێکی ده‌زگای هه‌واڵگیریی كه‌ركووك دراوە و به دەستگیرکردنی بەکرێگیراوەکە ئه‌م هه‌وڵه پوچه‌ڵ بووەتەوە.
ساڵی ١٩٧٣ به‌رپرسی به‌شی ڕێكخستن بووە له مه‌كته‌بی سیاسی. ساڵی ١٩٧٤ كراوه‌ته به‌رپرسی لێژنه‌ی لقی حه‌وتی پارتی دیموكراتی كوردستان. له‌دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٧٥ ئاواره‌ی ئێران بووه و له شارۆچكه‌ی كه‌ره‌ج نێشته‌جێ كراوه. له ناوه‌ڕاستی ساڵی ١٩٧٧دا بە سه‌رپه‌رشتی ئیدریس بارزانى (١٩٤٤-١٩٨٧) به‌شداریی له كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی كه‌ره‌جدا كردووه، به مه‌به‌ستی هاوكاریكردنی سه‌ركردایه‌تی كاتیی پارتی دیموكراتی كوردستان و سه‌رپه‌رشتیکردنی ١٥٠٠٠٠ په‌نابه‌ری باشووری كوردستان له وڵاتی ئێران.
ساڵی ١٩٧٩ و له کۆنگرەی نۆیه‌می پارتیدا به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه. بەشداری لە ڕاپەڕینی باشووری کوردستاندا کردووە و له ٢٠ی ئاداری ١٩٩١ له‌گه‌ڵ هێزی به‌ره‌ی كوردستانی لە ئازادكردنی شاری كه‌ركووكدا بەشداربووە. له ٢٤ی ئاداری ١٩٩١ له لایه‌ن به‌ره‌ی كوردستانییه‌وه كراوه‌ته پارێزگاری كه‌ركووك.
له ١٦ی ئابی ١٩٩٦ له‌به‌ر خزمه‌تی له شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان و ڕاپه‌ڕینی باشووری كوردستاندا، له یۆبیلی زێڕینی پارتیدا له لایه‌ن سه‌رۆك مەسعود بارزانییه‌وه میدالیای بارزانی نه‌مری پێ به‌خشراوه. نوێنه‌ری کۆنگرەی دوازدەیەم (١٩٩٩) و كۆنگره‌ی سێزده‌یه‌م (٢٠١٠) ی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە.
سه‌رچاوه‌كان:
- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلوپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
- مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان، كۆنگره و كۆنفرانس (پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆ)، ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی رۆكسانا- ٢٠٢١).
- حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕیزلێنان، كتێبی یه‌كه‌م، چاپی دووه‌م، (هه‌ولێر ـ ده‌زگای خێرخوازی بارزانی ـ ٢٠١٩ز).
- علي سنجاري، القضیة الكوردیة وحزب البعث العربي الأشتراكي في العراق، الجز‌ء الثالث، (دهوك ـ مطبعة خاني ـ ٢٠١٢م).
- نجات حسن كریم، زانیارییه‌كی پتر له‌سه‌ر ئازاد كردنی كه‌ركوك، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژماره ١٦٠٥، هه‌ولێر، یه‌كشه‌مه، ٢٨ ئاداری ١٩٩٣ز.
- البارزاني سیقلد مجموعة مناضلین میدالیات البارزاني، جریدة خه‌بات، لسان حال الحزب الدیمقراطي الكوردستان ـ الموحد، العدد ٩٤٣، أربیل، الجمعة، ٢٤ أیلول ١٩٩٩م.
- حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر ـ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ـ چاپخانه‌ی حاجی هاشم ـ ٢٠١٥ز).
- حبیب محمد كریم، تأریخ الحزب الدیمقراطي الكوردستاني ـ العراق (في محطات رئیسیة) ١٩٤٦ ـ ١٩٩٣، (دهوك ـ مطبعة خه‌بات ـ ١٩٩٨م).
- علي سنجاري، القضیة الكوردیة وحزب البعث العربي الاشتراكي في العراق، الجز‌ء الثالث، (دهوك ـ مطبعة خاني ـ ٢٠١٢م).
- محه‌مه‌د مه‌لا قادر، سه‌ربورده‌ی نه‌مران، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی حاجی هاشم ـ ٢٠١٤ز).
- مرۆڤ كه بووه كه‌سێكی سیاسیی ده‌بێ هه‌ڵوێستی هه‌بێ، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو، ژماره ٢١٨٦، پیرمام، پێنجشه‌مه، ١٩ ئه‌یلولی ١٩٩٦ز.
- مسعود البارزاني، البارزاني والحركة التحرریة الكردیة، المجلد الثالث، (أربیل ـ مطبعة وزارة التربیة ـ ٢٠٠٢م).