هۆكاره‌كان
٦ی ئاداری ١٩٧٥، ڕێككه‌وتننامه‌ی جه‌زائیری نێوان هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی پاشایه‌تی ئێران و حكومه‌تی به‌عسی عێراق، كۆتایی به شۆڕشی ئەیلوول هێنا كه ساڵی ١٩٦١ له لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه له باشووری كوردستان هه‌ڵگیرسابوو، له ئه‌نجامی ئه‌م ڕێككه‌وتننامه‌یه و وه‌ستانی شۆڕش، به‌شی هه‌ره زۆری سه‌ركرایه‌تی شۆڕش و ئه‌ندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان به خێزانه‌وه ئاواره‌ی وڵاتی ئێران و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر بوون، ته‌نیا ڕێكخستنه‌كانی حزب له ئه‌وڕوپا درێژە‌یان به چالاكییه‌كانیان ده‌دا.
ڕێككه‌وتننامه‌ی جه‌زائیر كه بووه هۆی نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول و ئاواره‌بوونی زیاتر له سه‌د و هه‌شتا هەزار تاكی كورد بۆ وڵاتی ئێران و هه‌ستی سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاره‌كی به‌سه‌ر كوردی لای ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌عسی عێراق و ته‌نانه‌ت ڕژێمی پاشایه‌تی ئێران دروستكرد، ڕژێمی به‌عس له لای خۆی هه‌ستی به نه‌مانی سه‌ركردایه‌تییه‌ك ده‌كرد كه له سه‌ره‌تای دروستبوونی عێراقه‌وه ڕابه‌رایه‌تی بزووتنه‌وه كوردییه‌كانی له‌و وڵاته گرتبووه ئه‌ستۆ، بۆیه كه‌وته پیاده‌كردنی پیلانی وێرانكردنی كوردستان و سیاسه‌تی ڕاگواستن و به عه‌ره‌بكردن، دوای نسكۆی شۆڕش له لایه‌ن ڕژێمی به‌عسه‌وه ده‌ست به گۆڕینی دیموگرافیای كوردستان كرا و له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ڕووبه‌رێكی فراوانی كوردستان به‌ر شاڵاوی ڕاگواستن كه‌وت و ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتی كورد له كۆمه‌ڵگا زۆره‌ملێیه‌كان نیشته‌جێ كران، ڕژێمی پاشایه‌تی ئێرانیش هاوشێوه‌ی عێراق خۆی به‌رامبه‌ر به كورد به سه‌ركه‌وتوو ده‌زانی، پێیان وابوو به‌م كاره‌یان تۆڵه‌ی ڕێككه‌وتننامه‌ی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ یان له سه‌رۆك مستەفا بارزانی كردۆته‌وه، ئێران له‌سه‌ر داواكاری ده‌وڵه‌تی عێراق سنووره‌كانی به ڕووی هاتنی ئاواره‌كاندا داخست و كه‌مپه‌كانیان به ڕووی به‌پرسه عێراقییه‌كاندا كرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هانی ئاواره‌كان بده‌ن بگه‌ڕێنه‌وه عێراق، ئه‌و كوردانه‌شی مانه‌وه كه ئێرانیان هه‌ڵبژارد، دواتر بۆ دوورترین ناوچه سنوورییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات و باشووری ئێران گواسترانه‌وه.
ئه‌م بارودۆخه ناله‌بار و مه‌ترسیداره، خه‌باتی پارتی دیموكراتی كوردستان له باشووری كوردستانی خستبووه به‌رده‌م مه‌ترسی نه‌مان و نزیككردنه‌وه له كۆتایی، بۆیه له‌لایه‌ن مەسعود بارزانی و به ڕاوێژ له‌گه‌ڵ ئیدریس بارزانی برا گه‌وره‌ی پێشنیاری دووباره ڕێكخستنه‌وه‌ی ئۆرگانه‌كانی پارتی و شۆڕش كرا، له ٢ی نیسانی ساڵی ١٩٧٥ له كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی نه‌غه‌ده كه له‌لایه‌ن سه‌رۆك مسته‌فا بارزانییه‌وه بۆ دیدار له‌گه‌ڵ ئاواره‌كان ڕێكخرابوو، پێشنیاره‌كه له‌لایه‌ن مەسعود بارزانییه‌وه خرایه به‌رده‌م سه‌رۆك مستەفا بارزانی، ئه‌ویش ڕە‌زامه‌ندی له‌سه‌ر نیشاندا، هه‌ر له مانگی نیسانی ١٩٧٥ له‌لایه‌ن مەسعود بارزانییه‌وه ئاماده‌كراییه‌كانی شۆڕش ده‌ستیان پێكرا.
ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕش
دوای كۆبوونه‌وه‌ی نه‌غه‌ده‌ی ٢ی نیسانی ١٩٧٥، له‌لایه‌ن سه‌رۆك مسته‌فا بارزانییه‌وه ئه‌ركی ڕێكخستنه‌وه‌ی ئۆرگانه‌كانی حزب و شۆڕش به مەسعود بارزانی سپێردرا و خۆیشی له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران بۆ شاری تاران دورخرایه‌وه، هه‌ریه‌ك له مەسعود بارزانی و ئیدریس بارزانی دوای ڕاوێژ و گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێككه‌وتن كه ئیدریس بارزانی سه‌رپه‌رشتی كارو‌باری ئاواره‌كانی ئێران بكات و مەسعود بارزانیش ئۆرگانه‌كانی حزب و شۆڕش چالاكبكاته‌وه و سه‌رله‌نوێ كار بۆ هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی شۆڕش له باشووری كوردستان بكات، هه‌ر ئه‌وكات له شاری نه‌غه‌ده‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌ستكرا به په‌یوه‌ندیكردن، به‌و پێیه‌ی سه‌ركردایه‌تی كۆن و كادیره به‌رناسه‌كان له‌لایه‌ن ده‌زگای هه‌واڵگری ساواكه‌وه به چڕی چاودێری ده‌كران، زیاتر پشت به كادیره لاوه‌كان به‌سترا، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی پێشتر له‌گه‌ڵ مەسعود بارزانی كاریان كردبوو و له بارودۆخێكی له‌م شێوه‌یه ده‌كرا زیاتر پشتییان پێ ببه‌سترێت.
له ١٥ی نیسانی ١٩٧٥ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی نهێنی حزب له سه‌ر كانیاوێكی ده‌وروپشتی نه‌غه‌ده به ناوی حه‌وت چه‌شمه ئه‌نجامدرا، هه‌ریه‌ك له مەسعود بارزانی، جەوهەر نامیق سالم، کەریم شنگالی، ئازاد بەرواری و محەمەد ڕە‌زا ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌بوون، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا هه‌ریه‌ك له جه‌وهه‌ر نامیق سالم، کەریم شنگالی، ئازاد به‌رواری، عارف تەیفور، د. كه‌مال كه‌ركووكی و شێركۆ عه‌لی بنێردرێنه‌وه باشووری كوردستان و سامی عەبدولڕەحمان و محه‌مه‌د ڕە‌زاش بنێردرێنه ئه‌وڕوپا، سه‌رپه‌رشتی كاری په‌نابه‌رانیش به ئیدریس بارزانى، عەلی عەبدوڵا، موحسین دزه‌یی، فەلەکەدین کاکەیی و فڕەنسۆ هەریری سپێردرا، هه‌روه‌ها بڕیاردرا هه‌رچی زووه په‌یوه‌ندی به كادر و پێشمه‌رگانه‌وه بكرێته‌وه كه له عێراق و سوریا مابوونه‌وه، لە ١٦ی نیسانی ١٩٧٥ له لایه‌ن مەسعود بارزانییه‌وه دوو نامه بۆ هه‌ریه‌ك له محه‌مه‌د خالید بۆسه‌ڵی و جەلال تاڵەبانی كه ئه‌وكات له سوریا بوو نێردران.
مانگی حوزه‌یرانی ١٩٧٥ تاریق ئاكره‌یی به‌رپرسی لقی شه‌شی ئه‌وڕوپا و سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كورد و شیرین كه‌تانی هاوسه‌ری له ئه‌وڕوپا به شێوه‌یه‌كی نهێنی گه‌ڕانه‌وه ئێران و له تارانی پایته‌خت چاویان به سه‌رۆك مستەفا بارزانی كه‌وت، دواتر بۆ بینینی مەسعود بارزانی و هه‌ڤاڵانی تر چوونه شاری نه‌غه‌ده، هه‌ر له مانگی حوزه‌یران له شاری نه‌غه‌ده به ئاماده‌بوونی مەسعود بارزانی، ئیدریس بارزانى، تارق ئاكره‌یی، سامی عەبدولڕەحمان، عەلی عەبدوڵا و دکتۆرمەحمود عوسمان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نهێنی ئه‌نجام درا و ڕە‌شنووسی یه‌كه‌م به‌یاننامه‌ی حزب دوای نسكۆی شۆڕش به‌ناوی لقی ئه‌وڕوپاوه ئاماده‌كرا، هه‌روه‌ها بڕیاری به‌ستنی كۆنفرانسی لقی شه‌شی ئه‌وڕوپا و كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كورد له ئه‌وروپا له هاوینی هه‌مان ساڵ ده‌ركرا، ڕە‌شنووسی به‌یاننامه‌كه دواتر برایه لای سه‌رۆك مستەفا بارزانی له تاران و له‌وێ پاش كه‌مێك ده‌ستكاری بردرایه ئه‌وڕوپا و له‌وێ به‌ڵاوكرایه‌وه.
له به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌وڵانه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌مه‌به‌ستی خۆ ڕێكخستنه‌وه و خێرا هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی شۆڕش، له‌لایه‌ن جەلال تاڵەبانییه‌وه له ٢٥ی ئایاری ١٩٧٥ دروستكردنی نیمچه به‌ره‌یه‌ك به‌ناوی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له وڵاتی سوریا ڕاگه‌یه‌نرا.
مانگی ئه‌یلوولی ١٩٧٥ سه‌رۆك مستەفا بارزانی به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی له‌ژێر چاودێرییه‌كی چڕی ده‌زگای هه‌واڵگری ساواكی ئێران نێردرایه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، له ١٥ی ئه‌یلوول له‌سه‌ر داوای سه‌رۆك بارزانی، مەسعود بارزانی سه‌ردانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی كرد، دوای وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری پێویست له‌١٠ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٧٥ گه‌ڕانه‌وه ئێران و له عه‌زیمییه‌ی كه‌ره‌ج له نزیك تارانی پایته‌خت نیشته‌جێ كران.
دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رۆك مستەفا بارزانی، مەسعود بارزانی، به‌شێكی زۆری ئاواره‌كان له ناوچه جیاجیاكانی وڵاتی ئێران به‌مه‌به‌ستی زانینی هه‌واڵی نه‌خۆشیه‌كه‌ی سه‌رۆك مستەفا بارزانی و به‌خێرهێنانه‌وه‌ی سه‌ردانی عه‌زیمییه‌ی كه‌ره‌جیان ده‌كرد، هه‌ر له‌و ده‌رفه‌ته‌دا ئه‌و كادیرانه‌ی پارتی كه ئه‌ركی دووباره چالاككردنه‌وه‌ی ڕێكخستنه نهێنییه‌كانی پارتییان پێ سپێردرابوو، جارێكی تر له ده‌وری مەسعود بارزانی و سه‌ركردایه‌تی پارتی كۆبوونه‌وه.
له‌سه‌ر داواكاری مەسعود بارزانی و دوای پێكگه‌یشتنه‌وه‌ی هه‌ڤاڵان، له ناوه‌ڕاستی مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٧٥ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نهێنی له ماڵی مەسعود بارزانی و به ئاماده‌بوونی جەوهەر نامیق، کەریم شنگالی، عارف ته‌یفوور و محه‌مه‌د ڕە‌زا له عه‌زیمییه‌ی كه‌ره‌ج ئه‌نجامدرا، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ند بڕیارێكی گرنگ ده‌ركران، له‌وانه دامه‌زراندنی سه‌ركردایه‌تییه‌كی هاوبه‌ش له‌نێو سه‌ركردایه‌تی كۆن و نوێی پارتی. گه‌ڕانه‌وه بۆ باشووری كوردستان و دروستكردنه‌وه‌ی مه‌فره‌زه‌ی چه‌كدار و ڕێكخراوی نهێنی حزب و شۆڕش، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بڕیاردرا ناوچه‌كانی باشووری کوردستان دابه‌شی سه‌ر دوو هه‌رێم بكرێت، هه‌رێمی یه‌ك و هه‌رێمی دوو كه دواتر به بادینان و سۆران ناسران، جاده‌ی هامیلتۆن وه‌ك نێوانی سنووری چالاکی ئه‌م دوو هه‌رێمه ده‌ستنیشانكرا، له هه‌مانكاتدا هه‌ردوو هه‌رێم ئازادكران له‌وه‌ی له‌شاره‌كانی تری عێراق چالاکی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌بێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هه‌ریه‌ك له جه‌وهه‌ر نامیق و کەریم شنگالی وه‌ك سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی یه‌ك (بادینان) و عارف ته‌یفور، شێركۆ شێخ عه‌لی سه‌رگه‌ڵۆ و شێخ عه‌زیز شێخ یوسف بۆ سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی دوو (سۆران) هاته ده‌ستنیشانكردن و ماوه‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ سنووری چالاكییه‌كانیان بۆ ده‌ستنیشانكرا.
هه‌ر له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیاردرا به‌یاننامه‌یه‌ك بڵاوبكرێته‌وه، مەسعود بارزانی هه‌ڤاڵانی ڕاسپارد ئه‌و به‌یاننامه‌یه بنووسنه‌وه، ئه‌وه‌بوو هه‌ریه‌ك له جه‌وهه‌ر نامیق، کەریم شنگالی، عارف ته‌یفوور و حه‌مه ڕە‌زا پاش گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ شاری تاران به‌یاننامه‌كه‌یان نووسییه‌وه، بۆ ڕۆژی دواتر هه‌ڤاڵان چوونه‌وه عه‌زیمییه‌ی كه‌ره‌ج بۆ لای مەسعود بارزانی له‌وێ جارێكی تر هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ به‌یاننامه‌كه كرا و پاش ده‌ستكارییه‌كی كه‌م برایه لای سه‌رۆك مستەفا بارزانی و ئه‌ویش ڕە‌زا‌مەندیی له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌كه‌ی نیشاندا، بڕیاردرا به‌یاننامه‌كه له شارۆچكه‌ی نه‌غه‌ده چاپ بكرێت، هێشتا دیارنه‌بوو به‌یاننامه‌كه به چ ناوێكه‌وه بڵاوبكرێته‌وه ئه‌وه‌بوو له‌وێ بۆ یه‌كه‌مجار بڕیار له‌سه‌ر ناوی سه‌ركردایه‌تی كاتی پارتی دیموكراتی كوردستان (القیادة الموقتة) درا، دواتر له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٧٥ هه‌ر به‌و ناوه‌وه و به ناونیشانی (كوردستان گۆڕەپانی ڕاسته‌قینه‌ی خه‌باته) بڵاوكرایه‌وه.
سه‌ركردایه‌تی كاتی
له ناوه‌ڕاستی مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٧٥ له كۆبوونه‌وه‌ی نهێنی كه‌ره‌ج بڕیار له‌سه‌ر دامه‌زراندنی سه‌ركردایه‌تییه‌كی كاتی بۆ حزب درا، به‌و پێیه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ی كه نسكۆ به‌سه‌ر شۆڕش و گه‌لی كوردی هێنابوو به‌تایبه‌ت پاش به‌جێهێشتنی وڵات، ئاواره‌بوونیان و تێكچوونی ڕێكخستنه‌كانی ناوه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان به شێوه‌یه‌كی كرده‌یی هه‌ڵوه‌شابووه‌وه.
به‌پێی پرۆگرام و په‌یره‌وی ناوخۆی حزب ده‌بێت ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی له‌نێو كۆنگره و به ده‌نگدانی نوێنه‌رانی كۆنگره هه‌ڵبژێردرێن، به‌ڵام بارودۆخی دوای نسكۆ له لایه‌ك و له‌لایه‌كی تر ئه‌و چاودێرییه چڕە‌ی له لایه‌ن ده‌زگای هه‌واڵگری ئێران (ساواك)ە‌وه خرابووه سه‌ر چالاكییه‌كانی ئه‌ندامانی حزب، ئه‌نجامدانی كۆنگره به كارێكی مه‌حاڵ ده‌هاته پێش چاو. ئه‌وه‌بوو له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ناوه‌ڕاستی مانگی تشرینی دووه‌می كه‌رەج و دواتر به ڕاوێژكردن له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مستەفا بارزانی بڕیاردرا سه‌ركردایه‌تییه‌كی نوێ بۆ حزب ده‌ستنیشان بكرێت، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌ندامه نوێیه‌كان به ڕێگه‌ی كۆنگره‌وه هه‌ڵنه‌ده‌بژێردران، بڕیاردرا سه‌ركردایه‌تییه‌كه پاشگری (كاتی) بۆ زیادبكرێت و تا هه‌لی به‌ستنی كۆنگره‌ی حزب دێته پێش، ئه‌مانه به ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی كاتی حزب بمێننه‌وه، به‌م شێوه‌یه سه‌ركردایه‌تی كاتی حزب كه به (القیادة المؤقتة) ناسرابوو دامه‌زرا.
له یه‌كه‌م هه‌نگاودا ژماره‌ی ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی كاتی پارتی ته‌نیا حه‌فت كه‌س بوون كه بریتیبوون له مەسعود بارزانی، ئیدریس بارزانى، جەوهەر نامیق، کەریم شنگالی، عارف ته‌یفور، حەمە ڕەزای و ئازاد بەرواری، به‌م شێوه‌یه ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی كاتی نوێ به‌گشتی له لاوه‌كان پێكهێنرا، جگه له ئیدریس بارزانى و مەسعود بارزانی كه ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی پێش نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول بوون، ئه‌وانی تر پاش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی كه‌ره‌ج بۆ سه‌ركردایه‌تی كاتی ده‌ستنیشانكران. به‌و ئامانجه‌ی زیاتر په‌ره به كاری به‌كۆمه‌ڵ و ڕێكخستنه‌وه‌ی ئۆرگانه سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی حزب بدرێت، بڕیاردرا په‌یوه‌ندیی به‌و ئه‌ندامانه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كۆن بكرێت كه تا ئه‌وكات له وڵاتی ئێران مابوونه‌وه و ئاماده‌بوون له چوارچێوه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان درێژە به خه‌باتی سیاسی خۆیان بده‌ن و سوود له ئه‌زموونی سیاسی‌یان وه‌ربگیرێت، به‌تایبه‌ت له نێوانیاندا سامی عەبدولڕەحمان و دکتۆر مەحمود عوسمان . ئه‌وه‌بوو پاش سه‌ردان و گفتوگۆكردن هه‌ریه‌ك له سامی عەبدولڕەحمان، نوری شاوێس و عەلی عەبدوڵا بۆ سه‌ركردایه‌تی كاتی حزب زیادكران، دواتر دکتۆر کەمال کەرکووکی پاش ئه‌وه‌ی عارف ته‌یفور له‌لایه‌ن حكومه‌تی ئێرانه‌وه گیرا، وه‌ك به‌رپرسی هه‌رێمی دوو ڕەوانه‌ی باشووری كوردستان كرایه‌وه و هاوكات ناویشی خرایه نێو ناوی ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی كاتی، به‌م شێوه‌یه ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی كاتی ژماره‌یان گه‌یشته یازده ئه‌ندام و تا كۆنفرانسی به‌رلینی ١١ی ئابی ١٩٧٦ هه‌ر به‌م شێوه‌یه مانه‌وه، له‌و كۆنفرانسه‌شدا چوار ئه‌ندامی تر به ده‌نگدان زیادكرانه سه‌ر ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی كاتی كه بریتیبوون له وریا ساعاتی، دڵشاد میران، ئازا خەفاف و عەبدولڕەحمان پێداوی، به‌مه‌ش ژماره‌ی ئه‌ندامه‌كان بوون به پانزده ئه‌ندام و تا کۆنگرەی ٩ی پارتی دیموكراتی كوردستان ساڵی ١٩٧٩ ناوه‌كان هه‌ر وه‌ك خۆیان مانه‌وه.
هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕش
دوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی كاتی پارتی دیموكراتی كوردستان، دابه‌شكردنی باشووری كوردستان به سه‌ر دوو هه‌رێمی سۆران و بادینان، بنیاتنانه‌وه‌ی ڕێكخستنه‌كانی حزب و پێشمه‌رگه له‌و دوو هه‌رێمه و ده‌ره‌وه‌ی وڵات، له‌و لاشه‌وه ته‌نگ هه‌ڵچنینی حكومه‌تی به‌عسی عێراق به گه‌لی كورد له ڕاگواستن و وێرانكردنی گونده‌كانی كوردستان، سه‌ره‌نجام واده‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خه‌بات و شۆڕشی چه‌كداری له لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستان دژی ڕژێمی به‌عسی عێراقی له باشووری كوردستان گه‌یشت، له ڕێكه‌وتی ٢٨ی نیسانی ١٩٧٦ له لایه‌ن مەسعود بارزانییه‌وه كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نهێنی ئه‌نجام درا كه هه‌ر یه‌ك له محه‌مه‌د ڕە‌زا، عارف ته‌یفور و ئازاد به‌رواری تێدا به‌شداربوون، له‌و كۆبوونه‌ویه‌د‌ا، كۆتا بڕیار له‌سه‌ر دابه‌شكردنه‌وه‌ی ئه‌ركه‌كان و خۆئاماده‌كردن بۆ شۆڕشی چه‌كداری ده‌ركرا.
به‌گشتی مانگی ئایاری ١٩٧٦ مانگی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی چالاكی پارتیزانی و چه‌كداری بوو دژی سوپای ڕژێم، سه‌ره‌تا له ناوچه‌كانی ئامێدی و زاخۆ مه‌فره‌زه‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌ی سه‌ر به سه‌ركردایه‌تی كاتی له‌گه‌ڵ سوپای ڕژێم پێكیاندادا، له ئه‌نجامی ئه‌م پێكدادانه‌دا ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی سوپای ڕژێم كوژران، هێزه‌كانی ڕژێم پاش ئه‌م پێكدادانه ناچار به به‌كارهێنانی هێزی ئاسمانی كران و ناوچه‌كانی نێروه و ڕێكانی له‌سه‌ر سنووری عێراق و توركیا بۆردومانكرد، هاوكات دوای هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه‌ی بارودۆخ له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی حزبه‌وه، ڕۆژی ٢٦ی ئایار وه‌ك واده‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شۆڕشی چه‌كداری ده‌ستنیشانكرا و یه‌كه‌م گوللەی شۆڕشیش له ٢٦ی ئایار (گوڵان)ی ١٩٧٦ كاتژمێر چواری به‌ره‌به‌یان به‌ڕووی سوپای ڕژێمی به‌عسی عێراقی ته‌قێنرا.
له ٢٦ی ئایار مه‌فره‌زه‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌ی پارتی له زینۆی نزیك حاجی ئۆمه‌ران كه‌وتنه كه‌مینی سوپای ڕژێمه‌وه، پاش ئه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌نێوان هه‌ردوولادا ده‌ستی پێكرد، هه‌شت سه‌ربازی سوپای عێراقی كوژران دوازده‌ی تریش برینداربوون، له‌م شه‌ڕە‌دا سەید عەبدوڵا ئامر به‌تالیۆنی پارتی شه‌هید كرا و بوو به یه‌كه‌م شه‌هیدی شۆڕش دوای نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوول. هه‌مان ڕۆژ له لایه‌ن مه‌فره‌زه‌یه‌كی تری چه‌كداری سه‌ركردایه‌تی كاتی پارتی له گوندی كه‌شانی ده‌ڤه‌ری بادینان به فه‌رمانده‌یی ئه‌بو نه‌وال هێرش كرایه سه‌ر سه‌نگه‌رێكی سوپای ڕژێم و به‌م شێوه‌یه له زۆربه‌ی ناوچه سنوورییه‌كان به تایبه‌ت بادینان و سه‌ر سنووری توركیا و عێراق شه‌ڕ و پێكدادان ده‌ستیان پێ كرایه‌وه.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له ماوه‌ی نێوان ساڵانی (١٩٧٦-١٩٧٩) كه به قۆناغی یه‌كه‌می شۆڕشی گوڵان داده‌نرێ و له لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی كاتییه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێ، سه‌ره‌ڕای ته‌واوی سه‌ختی و هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زه‌كان، سه‌ره‌ڕای دروستبوونی چه‌ندین ڕێكخراوی سیاسی تری چه‌كدار له باشووری كوردستان كه به‌ناوی هه‌ڵگیرساندنی شۆڕش ڕوویان له شاخه‌كانی كوردستان كرد و له‌وێ دژایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستانیان پێش دژایه‌تی ڕژێمی به‌عسی عێراقی خست و له چه‌ندین كات و شوێنی جیاواز پێشمه‌رگه‌كانی پارتیان خزانده نێو شه‌ڕی ناوخۆیه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌پێی ڕاگه‌ێنراوه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌وكاتی سه‌ركردایه‌تی كاتی كه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام ده‌رده‌كران، شه‌ڕ له‌نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕش و سوپای ڕژێم سه‌ره‌ڕای ئه‌و زیانه گیانی و مادییه زۆره‌ی له سوپا ده‌درا هه‌ر به‌رده‌وام بوو، له زۆرێك له كاته‌كان به‌شێكی زۆری ناوچه سنوورییه‌كان له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشه‌وه كۆنتڕۆڵ ده‌كرا و حكومه‌ت ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ریاندا نه‌ده‌ما، له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ندین داستانی خۆڕاگری هاوشێوه‌ی شه‌ڕی شه‌ڕانش ١٨ی ئابی ١٩٧٦، شه‌ڕی بنگرد ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٧٦، شه‌ڕی شارستێن ٢٦ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٧٦، شه‌ڕی گۆڤكێ و شه‌ڕی بێلمبیر ٢٥ی ئایاری ١٩٧٧ و شه‌ڕی قه‌سرۆك ساڵی ١٩٧٨، تۆماركران كه بوونه هه‌وێنی درێژە‌دان به شۆڕش له ساڵانی دواتردا.
كۆنگره‌ی نۆیه‌م و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سه‌ركرایه‌تی كاتی
له ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٧٦ سه‌رۆك مستەفا بارزانی بۆ جاری دووه‌م له‌ژێر چاودێری چڕی ده‌زگای هه‌واڵگری ساواكی ئێران به مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كه‌ی نێردرایه‌وه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، مەسعود بارزانی كه ماوه‌یه‌ك بوو ئه‌ركی سه‌رپه‌رشتی كردنی ڕێكخستنه‌كانی حزبی پێسپێردرابوو، هاوڕێی سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی بوو له‌م سه‌فه‌ره‌دا، وا بڕیاربوو سه‌ردانه‌كه ماوه‌ی شه‌ش هه‌فته بخایه‌نێت و دواتر بگه‌ڕێنه‌وه وڵاتی ئێران، به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌كه‌یان تا ساڵی ١٩٧٩ و وه‌فاتی سه‌رۆك مستەفا بارزانی درێژە‌ی خایه‌ند.
له‌وماوه‌یه‌دا ڕێكخستنه‌كانی حزب له‌ناوخۆی وڵات‌دا له‌لایه‌ن سه‌ركرایه‌تی كاتی كه به‌شی هه‌ره‌زۆریان گه‌ڕابوونه‌وه باشووری كوردستان، به‌تایبه‌ت سامی عەبدولڕەحمان به‌ڕێوه ده‌برا، حزب له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه و به‌تایبه‌ت دوای به‌ستنی كۆنفرانسی به‌رلین به‌رگێكی تری به‌به‌ردا كرا و ڕووخسارێكی ته‌واو ماركسی پێ به‌خشرا كه دوور بوو له سیاسه‌تی ڕە‌سه‌نی پارتی و ڕێبازی بارزانی، له کۆنفرانسی به‌رلین له‌لایه‌ن سامی عەبدولڕەحمان ه‌وه به‌مه‌به‌ستی قایمتركردنی پێگه‌كه‌ی چوار له لایه‌نگرانی خۆی زیادكرده سه‌ر ئه‌ندامانی سه‌ركرایه‌تی كاتی، ده‌ستكاری پڕۆگرام و په‌یره‌وی ناوخۆی حزبیان كرد و نامیلكه‌یه‌كیان به‌ناوی ڕێبازی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی كورد كه ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی ڕە‌خنه‌گرتن بوو له سه‌ركرایه‌تی شۆڕش و ئه‌و هێڵه‌ی تێدا دیاریكرابوو كه پارتی له‌مه‌و دوا خه‌باتی له‌سه‌ر ده‌كات تێیدا دیاریكرا.
ئه‌م كارانه‌ی به‌شێك له ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی كاتی و به‌تایبه‌ت سامی عه‌بدولڕەحمان ئه‌گه‌رچی به دڵی سه‌ركرایه‌تی پارتی نه‌بوون، به‌ڵام له پێناو ئه‌وه‌ی زیان به‌ر یه‌كڕیزی پارتی و ڕێكخستنه‌كانی شۆڕش نه‌كه‌وێت چاره‌سه‌ره‌كه‌ی بۆ كاتێكی گونجاو دواخرا.
له شوباتی ساڵی ١٩٧٩ ڕژێمی پاشایه‌تی له ئێران ڕووخا و حكومه‌تی كۆماری ئیسلامی شوێنی گرته‌وه، ماوه‌یه‌كی كه‌می خایه‌ند هه‌واڵی كۆچی دوایی سه‌رۆك مستەفا بارزانی له ١ی ئاداری ١٩٧٩ له ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا به‌هه‌موو سوچێكدا بڵاو بووه‌وه، ده‌سه‌ڵاتدارانی نوێی ئێران ڕە‌زامه‌ندیان نیشاندا ڕوفاتی مسته‌فا بارزانی بگه‌ڕێندرێته‌وه وڵاتی ئێران و بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی له‌وێ به‌خاك بسپێردرێت، ئه‌وه‌بوو له ٤ی ئادار ١٩٧٩ ڕوفاته‌كه‌ی گه‌یه‌نرایه‌وه ئێران و له‌شارۆچكه‌ی شنۆی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌خاك سپێردرا.
به‌شداریكردن له پرسه‌ی سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، هۆكارێك بوو بۆ ئه‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌ندام، كادیر، پێشمه‌رگه و سه‌ركردایه‌تی حزب جارێكی تر له‌یه‌كتری كۆببنه‌وه و بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی حزب دوای سه‌رۆك بده‌ن، ئه‌وه‌بوو دوای چه‌ندین كۆبوونه‌وه بڕیاری به‌ستنی كۆنگره‌ی نۆیه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان درا.
له ١٠ی تشرینی دووه‌می ١٩٧٩ له ئۆردوگای زێوه‌ی ڕۆژئاوای شاری ورمێی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان کۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌سترا، له ئه‌نجامی ئه‌م كۆنگره‌یه‌دا به كۆی ده‌نگ مەسعود بارزانی به سه‌رۆكی پارتی هه‌ڵبژێردرا و كۆمیته‌یه‌كی ناوه‌ندی نوێش بۆ حزب به ده‌نگدان ده‌ستنیشانكرا كه شوێنی سه‌ركرایه‌تی كاتی حزبی گرته‌وه، هاوكات ئۆرگانه حزبی و سه‌ربازییه‌كانی شۆڕش ڕێكخرانه‌وه و حزب تا ڕاده‌یه‌ك برایه‌وه سه‌ر ڕێچكه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی.
بارودۆخی هه‌رێمی دوای ساڵی ١٩٧٩ و شۆڕشی گوڵان
دوای گۆڕانی ڕژێمی فه‌رمانڕە‌وایی له ئێران، ده‌سهه‌ڵاتی سیاسی له عێراقیش گۆڕانكاری به‌سه‌رداهات، ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كری سه‌رۆك كۆمار وازی له ده‌سهه‌ڵات هێنا و له ١٧ی ته‌مووزی ١٩٧٩ سه‌دام حسێن جێگه‌ی گرته‌وه، دوای وه‌رگرتنی ده‌سهه‌ڵات له‌لایه‌ن سه‌دام حسێنه‌وه، سیاسه‌تی ڕژێم به‌رامبه‌ر به كورد به‌ره‌و خراپتر ڕۆیشت، حكومه‌تی به‌عس پێنج فرقه و په‌نجا هه‌زار پۆلیس و پاسه‌وانی سنوور و هێزی یه‌ده‌گی بۆ كۆنترۆلكردنی سنووره‌كان دانا كه بنكه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی لێ دامه‌زرابوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دوای چه‌ند شه‌ڕێكی بچووك ڕژێم نه‌یتوانی ڕێگا له په‌ره‌سه‌ندنی چالاکی سه‌ربازی پێشمه‌رگه بگرێت، بۆیه هێزی ئاسمانی عێراق له حوزه‌یرانی ١٩٧٩ چه‌ند گوندێكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانی به بیانۆی بوونی پێشمه‌رگه بوردومان كرد. بارودۆخی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له‌سه‌ر سنووری توركیاش به‌ره‌و خراپی ڕۆیشت، كاتێك عه‌لی حه‌یده‌ر ئوزگا سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا له ٢٩ی ئاداری ١٩٧٩ بۆ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی سنووره‌كانی هه‌ردوو وڵات سه‌ردانی به‌غدای كرد، له ١٢ی ئه‌یلوولی ١٩٨٠ له‌لایه‌ن جه‌نه‌راڵ كه‌نعان ئیفرین كوده‌تای سه‌ربازی له توركیا كرا، له ئه‌نجامدا هه‌زاران كوردی ناوچه‌كانی باكوور كوردستان هه‌ڵاتن و په‌نایان بۆ وڵاته دراوسێیه‌كان برد، له لایه‌ن حكومه‌تی توركیا هه‌زاران سه‌رباز له ناوچه سنوورییه‌كانی سووریا، عێراق و ئێران بڵاوه‌یان پێكرا و فه‌رمانیان پێدرا هێرش بكه‌نه سه‌ر پێشمه‌رگه‌كانی پارتی و هێزه‌كانی تری كوردستان له نزیك سنووره‌كان.
له ١٦ی ئابی ١٩٧٩ مه‌رسومێكی كۆماری به ناوی سه‌ددام ده‌ركرا، له مه‌رسومه‌كه‌دا هاتبوو ته‌واوی زیندانیه سیاسیه‌كان ئازاد بكرێن و لێبوردنی گشتی بۆ هه‌موو ئه‌و كوردانه ده‌ربكرێت كه چوونه‌ته شاخ یان چوونه‌ته ده‌ره‌وه‌ی وڵات و گه‌ڕاونه‌ته‌وه، ڕێگه‌ش بدرێ ئه‌وانه‌ی به‌ر لێبوردنه‌كه كه‌وتوون بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ئه‌ركه‌كانی پێشووی خۆیان، ئه‌و كوردانه‌شی كه بۆ ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق دوورخرابوونه‌وه بگه‌ڕێنه‌وه كوردستان، به‌ڵام دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان له ئۆردوگا زۆره‌ملێیه‌كان نیشته‌جێ كران.
له ٢٢ی ئه‌یلوولی ١٩٨٠ دوای تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانیان، شه‌ڕ له‌نێوان هه‌ردوو وڵاتی عێراق و ئێران هه‌ڵگیرسا، به‌وپێیه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان دوژمنی سه‌رسه‌ختی ڕژێمی به‌عس بوو و له زووه‌وه شۆڕشی له دژی ده‌ستپێكردبوو، له‌وشه‌ڕە‌دا یارمه‌تی كۆماری ئیسلامی ئێرانی‌دا و بۆ به‌ره‌وپێشبردنی ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی سوودی له یارمه‌تییه‌كانی ئێران وه‌رگرت.
به‌ره‌ی جود
دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران له‌ساڵی ١٩٧٩ هێزه‌كانی ئۆپۆزسیونی عێراق زۆر هه‌وڵیاندا ڕیزه‌كانیان یه‌كبخه‌ن و په‌یوه‌ندی نێوانیان پته‌وبكه‌ن به مه‌به‌ستی دامه‌زراندنی به‌ره‌یه‌كی نیشتمانی به‌هێز، پارتی دیموكراتی كوردستانیش له‌لای خۆیه‌وه له كۆنگره‌ی نۆیه‌م زۆر داكۆكی له دروستكردنی به‌ره‌یه‌كی سیاسی كرده‌وه و یه‌كێك له بڕیاره‌كانی كۆنگره دروستكردنی به‌ره‌یه‌كی فراوان بوو له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و عێراق، له به‌رامبه‌ردا یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له ٧ی نیسانی ١٩٨٠ له ناوچه‌ی هه‌ورامان هێرشیانكرده سه‌ر پێشمه‌رگه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان و دا‌واشیان له حزبی سۆشیالیستی كوردستان (حسك) كرد په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ پارتی بپچڕێنن، به‌مه‌ش هه‌وڵی دروستكردنی به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌شی ئۆپۆزسیۆن له‌باربرا.
هه‌ر به ئامانجی دروستكردنی به‌ره‌یه‌كی ئۆپۆزسیۆنی یه‌كگرتووی عێراقی دژی ده‌سه‌ڵاتی ڕژێمی به‌عس، له ١٢ی تشرینی دووه‌می ١٩٨٠ به‌ره‌ی (جوقه‌د) كورتكراوه‌ی (جبهة الوطنیة القومیة الدیمقراطیة) له سوریا پێكهێنرا كه هه‌ر یه‌ك له لایه‌نه‌كانی پارتی به‌عسی عه‌ره‌بی سۆسیالیست (سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی عێراق)، بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی عه‌ره‌بی، حزبی شیوعی عێراقی، پارتی سۆسیالیستی عێراقی، ڕێكخراوی سوپای ڕزگاری گه‌لی عێراق، دیموكراته سه‌ربه‌خۆكان، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، حزبی سۆسیالیست یه‌كگرتووی كوردستان (حسك) تێیدا ئه‌ندام بوون، هه‌رچه‌نده نوێنه‌رانی حزبی شیوعی زۆر هه‌وڵیاندا پارتی له‌م به‌ره‌یه به‌شدار بێ، به‌ڵام یه‌كێتی ڕازی نه‌بوو و پارتی به‌عس سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی عێراق و بزووتنه‌وه‌ی عه‌ره‌بی سۆسیالیستیش پشتگیری هه‌ڵوێستی یه‌كێتیان كرد.
دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند لایه‌نێك ڕازی نه‌بوون پارتی ببێت به ئه‌ندام له به‌ره‌ی (جوقه‌د)، هه‌ریه‌ك له حزبی سۆشیالیستی كوردستان و حزبی شیوعی عێراق هاتنه پاڵ پارتی و له ٢٨ی تشرینی دووه‌می ١٩٨٠ به‌ره‌یه‌كی نوێ به‌ناوی (جود) ڕاگه‌یه‌نرا.
له ٢٨ی تشرینی دووه‌می ١٩٨٠ له گوندی كه‌وپه‌ر سه‌ر به خانێ (ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان) په‌یمانی هاوكاری له نێوان پارتی و (حسك) و (حشع) ئیمزا كرا، كه له كۆبوونه‌وه‌یه‌كه‌دا له پارتی مەسعود بارزانی، عەلی عەبدوڵا، دکتۆرمحەمەدساڵح جومعە، ڕۆژ نوری شاوێس و له (حسك) ڕە‌سوول مامه‌ند، تاهیر عه‌لی والی و له (حشع) ئه‌حمه‌د بانیخێلانی و فاتح ڕە‌سوول ئاماده‌بوون، له ٢٩ی تشرینی دووه‌می ١٩٨٠ هه‌واڵی دامه‌زراندنی به‌ره‌ی (جود) له ڕادیۆی ده‌نگی كوردستان بڵاوكرایه‌وه كه ئامانجه‌كه‌ی ڕووخانی ڕژێمی به‌عس و دامه‌زراندنی ڕژێمێكی دیموكراتی و نیشتمانی و ئۆتۆنۆمی ڕاسته‌قینه بۆ كوردستان و كۆتایی هێنان به شه‌ڕی نێوان عێراق و ئێران بوو. ئه‌م به‌ره‌یه له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه پشتیوانی ده‌كرا، له ١٠ی تشرینی دووه‌می ١٩٨١ حزبی (پاسۆك)یش هاته ناو به‌ره‌ی (جود)ە‌وه، به‌ڵام دروستبوونی به‌ره نه‌یتوانی هه‌موو هێزه‌كانی ئۆپۆزسیون كۆبكاته‌وه و له‌جیاتی ململانێی حزبی ململانێی به‌ره‌كانیش په‌یدا ببوو و بووه هۆی قوڵبوونه‌وه‌ی ناكۆكیه‌كان و شه‌ڕی ناوخۆیی نێوان حزبه كوردستانیه‌كان.
بارودۆخی سیاسی و سه‌ربازی (١٩٨٠-١٩٨٦)
دوای خۆڕێكخستنه‌وه‌ی ئۆرگانه‌كانی حزب و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌تایبه‌ت دوای هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ئێران و عێراق چالاكییه‌كانی پێشمه‌رگه دژی سوپای ڕژێم له ناوچه سنوورییه‌كان ده‌ستیانپێكرایه‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك به درێژای سنووره‌كانی ئێران و توركیا له زۆربه‌ی شوێنه‌كان هێزی پێشمه‌رگه‌ی پارتی باڵاده‌ست بوون و ته‌نگیان به سوپای عێراق هه‌ڵچنی بوو، له به‌رامبه‌ردا یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به‌رده‌وام له بیری قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و شكسته‌یان بوون كه ساڵی ١٩٧٨ له ناوچه‌كانی سنووری توركیا و هه‌كاری له‌سه‌ر ده‌ستی هێزه‌كانی سه‌ركردایه‌تی كاتی پارتی توشیان هاتبوو، بۆیه له ١٤ی ئایاری ١٩٨٠ به یارمه‌تی حكومه‌تی به‌عس شه‌ڕیان دژی هێزه‌كانی پارتی له ئاڵوه‌تان ده‌ستپێكرده‌وه، هێرشه‌كانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان دواتر حزبه هاوپه‌یمانه‌كانی پارتیشی گرته‌وه و شه‌ڕە‌كه بوو به شه‌ڕ له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی (جود) كه زیانێكی گیانی و مادی یه‌كجار گه‌وره‌ی له گشت لایه‌كدا، ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌عسیش له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه به دڕندانه‌ترین شێوه كه‌وتنه وێرانكردنی گونده‌كان، ڕاگواستنی خه‌ڵكی و پاكتاوكردنیان، ساڵی ١٩٨٠ زیاتر له ده هه‌زار كوردی فه‌یلی بێ سه‌روشوێن كران و له مانگی ئایاری ١٩٨٣ دوای ئه‌وه‌ی عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید كرا به به‌رپرسی كارو‌باری باكووری حزبی به‌عس، ئه‌و بارزانیانه‌ی له كۆمه‌ڵگا زۆره‌ملێكان نیشته‌جێكرابوون زیاتر له هه‌شت هه‌زاریان لێ بێ سه‌روشوێن كران.
كۆنگره‌ی ئاشتی تاران ١٩٨٦
ساڵی ١٩٨٥ نێوانی یه‌كێتی و حزبی به‌عسی عێراقی دوای شكستهێنانی گفتوگۆ‌كان تێكچوو، ئه‌وه‌بوو له مانگی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٨٦ ڕێككه‌وتننامه‌یه‌كی سیاسی سه‌ربازی له‌نێوان یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران واژۆكرا و چالاكی سه‌ربازی هاوبه‌شیان دژی سوپای ڕژێم ئه‌نجامدا، هاتنی سوپای پاسداران بۆ كوردستان له‌ڕێگای یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌وه و لێدانی بیره نه‌وتیه‌كانی كه‌ركووك كاردانه‌وه‌ی توندی حكومه‌تی به‌عسی لێ كه‌وته‌وه و ده‌ست به خاپووركردنی گونده‌كانی كوردستان به‌تایبه‌ت له‌سنووری كه‌ركووك كرا.
له كۆتایی ساڵی ١٩٨٦ حكومه‌تی ئێران هه‌وڵیدا هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌كانی عێراق له دژی ڕژێمی به‌عس یه‌كبخات و كۆنگره‌ی هاوكاری گه‌لانی عێراق له تاران ببه‌ستێت، ئه‌وه‌بوو بانگێشتنامه بۆ ته‌واوی حزب و لایه‌نه‌كان نێردرا و له ٢٤ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٨٦ كۆنگره‌كه له تارانی پایته‌ختی ئێران به‌سترا، ئیدریس بارزانى له‌و كۆنگره‌یه‌دا وه‌ك سه‌رۆكی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌شداری كرد و ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی بینی له هێنانه‌كایه‌وه‌ی ئاشتی نێوان لایه‌نه‌كان به‌تایبه‌ت پارتی و یه‌كێتی و به‌هێزكردنی هاوپه‌یمانییان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران دا.
هه‌ڵوێستی ڕژێمی به‌عس دوای كۆنگره‌ی ئاشتی تاران
له سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٨٧ ته‌واوی ناوچه سنوورییه‌كانی كوردستان له كۆنترۆلی حكومه‌ت ده‌رچوون و له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه ئازادكران، له ١٢ی شوباتی ١٩٨٧ هێزه‌كانی ئێران به یارمه‌تی هێزه‌كانی پارتی و یه‌كێتی هێرشیان كرده سه‌ر ناوچه‌ی حاجی ئۆمه‌ران و له ڕۆژهه‌ڵاتی ڕواندز توانیان به‌رزاییه‌كانی گرده‌مند وچه‌ند شوێنێكی تر بگرن، مانگی ئایاری ١٩٨٧ سه‌ركردایه‌تی حزبی به‌عس بڕیاریدا عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید ببێته سكرتێری گشتی مه‌كته‌بی باكوور و شوێنی محه‌مه‌د حه‌مزه زوبێدی بگرێته‌وه و ده‌سه‌ڵاتێكی ڕە‌های پێ درا، ناوبراو هه‌ر له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد، وه‌كو ئه‌و ناوچانه‌ی كه پێشمه‌رگه‌ی تێدایه به ناوچه‌ی قه‌ده‌غه‌كراو هه‌ژمار بكرێت، ته‌قه‌كردن و كوشتن له‌م ناوچانه به‌بێ هیچ مه‌رجێك ئازادكرا، له ٣٠ی حوزه‌یرانی ١٩٨٧ به‌پێی بڕیاری ژماره (٤٥٧)ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له عێراق، ته‌واوی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی كشتوكاڵی له سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان هه‌ڵوه‌شێنرانه‌وه و هه‌موو جۆره ئامێرێكی كشتوكاڵیش قه‌ده‌غه‌كرا.
ساڵی ١٩٨٨ دوای لاوازبوونی سوپای ئێران له‌لایه‌نی سه‌ربازییه‌وه، سوپای به‌عس زۆربه‌ی قورسای هێزی خۆی خسته سه‌ر ناوچه‌كانی كوردستان و به دڕندانه‌ترین شێوه په‌لاماره‌كانی ده‌ستپێكرد، هاوكات له‌گه‌ڵ ڕاگواستنی خه‌ڵكی، بو‌ردومانكردنی بنكه‌كانی شۆڕش و كیمیابارانكردنی شار و گونده‌كانی كوردستان، ده‌ستیكرد به درێژە‌دان به هه‌ڵمه‌تی كۆمه‌ڵكوژی (ئه‌نفال) و جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد، ته‌نیا به درێژایی ساڵی ١٩٨٨ به هه‌شت قۆناغ له گه‌رمیانه‌وه تا بادینان زیاتر له سه‌د و هه‌شتا هه‌زار تاكی كورد شوێن بزر و ئه‌نفال كران.
به‌ره‌ی كوردستانی
سه‌ره‌تای بیری دروستكردنی به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتووی كوردستانی له باشووری كوردستان بۆ كۆبوونه‌وه‌كانی مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٨٦ی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی ئیدریس بارزانى و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی جەلال تاڵەبانی له تارانی پایته‌ختی ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه، دواتر و پاش سه‌ركه‌وتنی كۆنگرەی ئاشتی تاران له مانگی شوباتی ١٩٨٧ هه‌ر دوو لایه‌ن به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شیان ده‌ركرد له‌سه‌ر هه‌وڵدان بۆ پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی كوردستانی و به‌ڵێنیاندا هێزه‌كانی پێشمه‌رگه یه‌كبگرنه‌وه، له ١٨ی ته‌مووزی ١٩٨٧ حزبه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان، یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، حزبی سۆشیالیست، پاسۆك و پارتی گه‌ل، له باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونه‌وه و به‌یاننامه‌یه‌كیان ده‌ركرد له‌سه‌ر یه‌كگرتنی هێزه‌كانی ئۆپۆزسیونی عێراقی، به‌تایبه‌ت هێزه كوردییه‌كان و بڕیاری دامه‌زراندنی به‌ره‌ی كوردستانی درا، دواتر له ٣٠ی ته‌مووزی ١٩٨٧ به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌ش ده‌ركرا و تێدا باسی ئامانجه‌كانی به‌ره‌ی كوردستانی كرا.
دوای چه‌ندین كۆبوونه‌وه لایه‌ن و حزبه سیاسییه‌كانی باشووری كوردستان، به‌تایبه‌تی ڕێككه‌وتننامه‌ی ئاشتی نێوان پارتی و یه‌كێتی له پایزی ١٩٨٧، له ڕێكه‌وتی ٢ی ئایاری ١٩٨٨ به‌ره‌ی كوردستانی ڕاگه‌یه‌نرا و له ١٢ی ئایاری هه‌مان ساڵ ده‌ستی به چالاكییه‌كانی كرد و یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی له سه‌ره‌تای مانگی حوزه‌یرانی ١٩٨٨ له خواكوڕك ئه‌نجامدرا.
تا ساڵی ١٩٨٨ هێز و حزبه كوردییه‌كانی باشووری كوردستان له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه له دژی ڕژێمی به‌عس یارمه‌تیده‌دران، به وه‌ستانی شه‌ڕ له‌نێوان هه‌ردوو وڵات له ڕێكه‌وتی ٨ی ئابی ١٩٨٨، یارمه‌تییه‌كانی كورد له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه كۆتاییان پێهات و حكومه‌تی عێراقیش به هه‌موو توانای خۆیه‌وه كه‌وته په‌لاماردانی كوردستان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، له به‌رامبه‌ردا له ڕێكه‌وتی ٢٠ی ته‌مووزی ١٩٨٨ له كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان به سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك مەسعود بارزانی بڕیاری به‌رگری و خۆڕاگری درا و به‌ره‌ی شه‌ڕ له ناوچه‌كانی خرێنه و خواكوڕك كرانه‌وه، خودی سه‌رۆك مەسعود بارزانیش به شێوه‌ی مه‌یدانی له به‌ره‌كان ئاماده‌بوو، دواتر و له ئه‌نجامی هێرشه‌كانی سوپای ڕژێم بۆ سه‌ر باره‌گاكانی هێزی پێشمه‌رگه چه‌ندین شه‌ڕ و قاره‌مانی له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌وه تۆماركران كه بێگومان شه‌ڕی خواكوڕك یه‌كێكه له شانازیی و سه‌روه‌رییه‌كانی گه‌لی كورد له‌و قۆناغه‌دا.
شۆڕشی گوڵان سه‌ره‌نجامی ته‌واوی ئه‌و شۆڕشانه‌بوو كه‌له ده‌یان ساڵی ڕابردوو له‌لایه‌ن گه‌لی كورده‌وه دژی ده‌سه‌ڵاته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق به‌رپاكران و به دروستكردنی به‌ره‌ی كوردستانی و یه‌كگرتنی هێزه كوردییه‌كانی باشوری كوردستان و ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی ١٩٩١، ئامانجی له‌مێژینه‌ی گه‌لی كورد له باشووری كوردستانی به دروستكردنی هه‌رێمێكی پارێزراوی سه‌ربه‌خۆ هێنایه دی.
گرنگترین شهڕەكانی قۆناغی دووه‌می شۆڕش (١٩٨٠-١٩٨٨)
دوای كۆتایی هاتنی قۆناغی یه‌كه‌می شۆڕش كه ساڵانی (١٩٧٦-١٩٧٩)ی خایاند و به سه‌رده‌می سه‌ركردایه‌تی كاتی داده‌نرا، دوای وه‌فاتی سه‌رۆك مستەفا بارزانی و به‌ستنی کۆنگرەی نۆیه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان، قۆناغێكی نوێی شۆڕش دژی ڕژێم ده‌ستی پێكرد كه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی عێراق و ئێران، شه‌ڕی نێوان هه‌ردوو وڵات، له‌و ماوه‌یه‌دا كاریگه‌ری زۆری به‌سه‌ر شۆڕشه‌وه هه‌بوو، له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی پارتییه‌وه سوود له ده‌رفه‌ته‌كه بینرا و به‌ره‌كانی شه‌ڕیان دژی ڕژێمی به‌عس فراوانتركرد و ته‌نانه‌ت دوای وه‌ستانی شه‌ڕی نێوان هه‌ردوو وڵاتیش شه‌ڕ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشه‌وه درێژە‌ی پێدرا، له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌ره‌ڕای ته‌واوی كێشه و ئاڵۆزییه ناوخۆییه‌كان، له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشه‌وه چه‌ندین شه‌ڕ و داستانی قاره‌مانیه‌تی دژی سوپای ڕژێم تۆماركران كه ڕۆژ دوای ڕۆژ ئاسۆی به‌رده‌م دواڕۆژی گه‌لی كوردیان ڕۆشه‌ن ده‌كرده‌وه و مژده‌ی سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاره‌كی پێده‌دان، هه‌ر ئه‌و شه‌ڕ و خۆڕاگرییانه بوون كه سه‌ره‌نجام ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی ١٩٩١ و ئازادبوونی باشووری كوردستانی لێكه‌وته‌وه، له گرنگترین شهڕەكانی ئه‌م قۆناغه:
- شه‌ڕی كانی سێف، ٢٠ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٨٠
- شه‌ڕی حاجی ئۆمه‌ران، ١٨ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٨٠
- شه‌ڕی چیای سۆرین، سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٨٢
- شه‌ڕی بیاره، ٣ی كانوونی دووه‌می ١٩٨٢
- شه‌ڕی شاره‌زوور، ٣١ی ئایاری ١٩٨٢
- شه‌ڕی سیانی گاره، ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٨٢
- شه‌ڕی شه‌رمن، ٢٩ی ئاداری ١٩٨٣
- شه‌ڕی سه‌یدسادق، ١٦ی ئابلا ١٩٨٣
- شه‌ڕی كانیه‌لنجا، ٢١ی تشرینی دووه‌می ١٩٨٣
- شه‌ڕی ئاكرێ، ساڵی ١٩٨٣
- شه‌ڕی دهۆك، مانگی ئابی ١٩٨٤
- شه‌ڕی سه‌رسنگ، به‌هاری ساڵی ١٩٨٥
- شه‌ڕی قه‌ره‌داغ، مانگی حوزه‌یرانی ١٩٨٦
- شه‌ڕی ئامێدی، ٨ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٨٦
- شه‌ڕی زاخۆ، ١٢ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٨٦
- شه‌ڕی باسكێ، ٢٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٨٦
- شه‌ڕی ئه‌حمه‌داوا، ١ی ته‌مووزی ١٩٨٧
- شه‌ڕی ئه‌ترۆش، ٤ی كانوونی دووه‌می ١٩٨٧
- شه‌ڕی بامه‌ڕنێ، ٢٦ی ئایاری ١٩٨٧
- شه‌ڕی باسره، ٢٧ی ته‌مووزی ١٩٧٨
- داستانی کانی ماسێ ، ١٣ی ئه‌یلوولی ١٩٨٧
- شهڕەكانی ئامێدی تا دێره‌لوك، ١١ی كانوونی دووه‌می ١٩٨٧
- شه‌ڕی قه‌ره‌داغ، ٢٠ی نیسانی ١٩٨٧
- شه‌ڕی دێره‌لول، ٥ی ئابی ١٩٨٧
- شه‌ڕی هیران، ١٦ی ئابی ١٩٨٧
- شه‌ڕی دیره‌لوك، ١١ی كانوونی دووه‌می ١٩٨٨
- شه‌ڕی بالیسان، ٢٦ی شوباتی ١٩٨٨
- شهڕەكانی زاخۆ تا باتوفه، ٢٦ی شوباتی ١٩٨٨
- شه‌ڕی هێرشی هه‌ڵه‌بجه، ١٢ی ئاداری ١٩٨٨
- شه‌ڕی فه‌وجی ١٤٣، ١٣ی ئاداری ١٩٨٨
- شه‌ڕی زاخۆ، ٨ی كانوونی دووه‌می ١٩٨٨
- شه‌ڕی مه‌ندیل، ١٠ی كانوونی دووه‌می ١٩٨٨
سه‌رچاوه‌كان:
- مسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد، ١٩٥٨-١٩٦١، به‌رگی دووه‌م، (٢٠١٢).
- مسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد ١٩٦١ـ ١٩٧٥، به‌رگی سێیه‌م، به‌شی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ـ ٢٠٠٤ز).
- مسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد ١٩٦١ـ ١٩٧٥، به‌رگی سێیه‌م، به‌شی دووه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ـ ٢٠٠٤ز).
- مسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد ١٩٦١ـ ١٩٧٥، به‌رگی چواره‌م، به‌شی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی ڕۆكسانا ـ ٢٠٢١ز).
- مسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد ١٩٦١ـ ١٩٧٥، به‌رگی چواره‌م، به‌شی دووه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی ڕۆكسانا ـ ٢٠٢١ز).
- مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆنگره و كۆنفرانس (پرۆگرام و په‌یڕەوی ناوخۆ). ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات- ٢٠٢١).
- صلاح الخرسان، التیارات السیاسیة في كردستان العراق، قراءة في ملفات الحركات و الأحزاب الكردیة في العراق ١٩٤٦-٢٠٠١، (بیروت – مطبعة البلاغ – ٢٠٠١م).
- حبیب محمد كریم، تأریخ الحزب الدیمقراطي الكوردستاني ـ العراق (في محطات رئیسیة) ١٩٤٦ ـ ١٩٩٣، (دهوك ـ مطبعة خه‌بات ـ ١٩٩٨م).
- دكتۆر شێركۆ فه‌تحوڵا عومه‌ر، پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ی كورد ١٩٤٦ – ١٩٥٧، و. سواره قه‌ڵادزه‌ێی، (چاپخانه‌ی شه‌هید ئازاد هه‌ورامی - ٢٠١٣).
- ئه‌رشیفی ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.