شۆڕشی ئەیلوول

شۆڕشی ئه‌یلوول- (شۆڕشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌یلوول – ١١ی ئه‌یلوولی ١٩٦١). ‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی مسته‌فا بارزانی دژی حكومه‌تی كۆماری عێراق له‌ باشووری كوردستان هه‌ڵگیرسا، تا ساڵی ١٩٧٥ و ڕێككه‌وتننامه‌ی جه‌زائیر به‌رده‌وام بوو.


هۆكاره‌كان

دوای شۆڕشی ١٤ی ته‌مووزی ١٩٥٨ گۆڕانكاری گه‌وره‌ به‌سه‌ر بارودۆخی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی عێراقدا هات كه‌ له‌ به‌رژە‌وه‌ندی ته‌واوی گه‌لانی عێراقدا بوو، له‌ گرنگترین ده‌ستكه‌وته‌كانی شۆڕش بۆ كورد، جێگیركردنی به‌ندی ٣ی ده‌ستوور بوو، كه‌ تێیدا هاتبوو (كورد و عه‌ره‌ب هاوبه‌شن له‌ عێراقدا، مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیشیان له‌ چوارچێوه‌ی عێراقێكی یه‌كگرتوودا دانیپێدانراوه‌ له‌ لایه‌ن ده‌ستووره‌وه‌). له‌ ڕووی ئازادی كاری سیاسی و ڕێكخراوه‌یشه‌وه‌،‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رۆك پارتی، پاش ١٢ ساڵ ئاواره‌یی، مۆڵه‌تی فه‌رمی كاركردن به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ك تاكه‌ حزبی كوردی له‌ عێراق درا.

هاوبه‌شی كورد و عه‌ره‌ب له‌ عێراقدا ماوه‌یه‌كی كورتی خایاند و به‌ندی سێیه‌می ده‌ستوور هه‌رگیز جێبه‌جێ نه‌كرا، بارودۆخی سیاسی تا ده‌هات ڕووی له‌ گرژی ده‌كرد، حكومه‌ت له‌و به‌ڵینانه‌ی به‌ كوردی دابوو پاشگه‌ز‌بووه‌وه‌، ده‌ستی کرد به‌ ده‌ركردنی ئه‌فسه‌ر و فه‌رمانبه‌رانی كورد له‌ سوپا و فه‌رمانبه‌رانی كورد له‌ فه‌رمانگه‌كانیان به‌ تایبه‌ت له‌ پارێزگا كوردییه‌كان، خوێندنی كوردی له‌ ناوچه‌ كوردییه‌كان ڕاگیرا و ده‌رچوونی په‌رتووكی سیاسی و ئه‌ده‌بی له‌ كوردستان قه‌ده‌غه‌كرا و ده‌سه‌ڵات بۆ ڕازیكردنی دڵی ده‌ره‌به‌گه‌كان كه‌وته‌ گیانی جوتیاران.

پارتی دیموكراتی كوردستان دژی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی حكومه‌ت وه‌ستایه‌وه‌، به‌تایبه‌تی دوای ڕاگه‌یاندنی ده‌ستووری كاتی عێراق و جێگیركردنی به‌ندی ٢ی ده‌ستوور كه‌ تێیدا هاتبوو (عێراق به‌شێكه‌ له‌ ئوممه‌ی عه‌ره‌بی). له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ و بارودۆخه‌كه‌ به‌ گشتی، ڕۆژنامه‌ی خه‌بات بابه‌تێكی له ١٩ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٦٠ بڵاوكرده‌وه‌، له‌ بابه‌ته‌كه‌دا هاوكات له‌گه‌ڵ خستنه‌ڕووی به‌نده‌كانی ٢ و ٣ی ده‌ستوور، داوای كۆتاییهێنان به‌ فه‌رمانه‌ عورفییه‌كان و‌ ماوه‌ی گواستنه‌وه‌ (الفتره‌ الانتقالیه‌)، ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئازاد و دیموكراتی و ئازادكردنی زیندانیانی سیاسی و ده‌ستهه‌ڵگرتن له‌ ڕاونانی ئه‌ندامانی حزبه‌ سیاسییه‌كان و ڕیكخراوه‌ سه‌ندیكایی و جوتیارییه‌كان كرد. له‌ به‌رامبه‌ردا حكومه‌ت ڕۆژنامه‌ی خه‌باتی داخست و سه‌رنووسه‌ره‌كه‌ی دادگایی كرد، به‌تایبه‌ت دوای ده‌ركردنی ژمارە ٤٦٢ له‌ ڕێكه‌وتی ٢٨ی ئاداری ١٩٦١، كه‌ بابه‌تێكی به‌ بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه‌ بڵا‌وكرده‌وه‌‌ و تێیدا به‌ فراوانی په‌سنی سه‌رۆك مستەفا بارزانی كرابوو و هێرشی توندیش كرابووه‌ سه‌ر كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌ت، دواتر له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ده‌ستكرا به‌ گرتنی ژماره‌یه‌ك له‌ كادیر و ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی، به‌مه‌ش جارێكیتر بارودۆخی حزب گه‌ڕایه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی پێش شۆڕشی ١٤ی ته‌مووز و ده‌ستی به‌  چالاكی و خه‌باتی نهێنی كرده‌وه‌.

سه‌رۆك مستەفا بارزانی له‌سه‌ر بانگهێشتی حكومه‌تی سۆڤیه‌ت به‌ مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌ ئاهه‌نگه‌كانی ئۆكتۆبه‌ر، له‌ ٥ی تشرینی دووه‌می ١٩٦٠ سه‌ردانی مۆسكۆی كرد، له‌كاتی چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌سته‌ باڵاكانی سۆڤیه‌ت داوای لێكردن یارمه‌تی ئاسایكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی دیموکراتی کوردستان و حكومه‌تی عێراق بده‌ن، هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وانه‌شدا زۆرێك له‌ كێشه‌كانی نێوان پارتی و حزبی شیوعی عێراق چاره‌سه‌ركران.

له‌ ١٣ی كانوونی دوومی ١٩٦١ سه‌رۆك مستەفا بارزانی گه‌ڕایه‌وه‌ به‌غدا و پاش ماوه‌یه‌ك چاوه‌ڕوانی له‌ مانگی شوبات چاوی به‌ عه‌بدولكه‌ریم قاسم كه‌وت، له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك مستەفا بارزانی هه‌وڵی ڕە‌واندنه‌وه‌ی گومانه‌كانی دا و ته‌واوی به‌ڵگه‌كانی نیازپاكی كوردی به‌رامبه‌ر به‌ حكومه‌تی بۆ عه‌بدولكه‌ریم قاسم خسته‌ڕوو، به‌ڵام هیچ ئاكامێكی نه‌بوو، ئه‌وه‌بوو سه‌رۆك بارزانی له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئاداری ١٩٦١ به‌ یه‌كجاری به‌غدای پایته‌ختی جێهێشت و گه‌ڕایه‌وه‌ بارزان، به‌مه‌ش تا ده‌هات بارودۆخی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و حكومه‌تی عێراق به‌ره‌و خراپتر ده‌چوو، حكومه‌ت ده‌ستیكرد به‌ پڕچه‌ككردنی ئه‌و هۆزانه‌ی كاری جاشایه‌تییان كردبووه‌ پیشه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا سه‌رۆك بارزانیش هه‌وڵی ده‌ستخستنی چه‌كیدا بۆئه‌وه‌ی ئاماده‌ی هه‌ر جۆره‌ په‌لامارێكی له‌ ناكاوی حكومه‌ت بێت.

له‌ كۆتایی مانگی حوزه‌یرانی ١٩٦١ كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی‌ به‌ مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ بارودۆخه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا یاداشتێك به‌ عه‌بدولكه‌ریم قاسم بدرێت، له‌ ٣٠ی ته‌مووزی ١٩٦١ یاداشته‌كه‌ ڕە‌وانه‌كرا، له‌ یاداشته‌كه‌ داوا كرا ناكۆكی و ئاڵۆزی نێوان پارتی و عه‌بدولكه‌ریم قاسم كۆتایی پێ بهێنرێت و ئارامی بۆ ناوچه‌كانی كوردستان بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ و ڕێگه‌ له‌ خراپبوونی بارودۆخه‌كه‌ بگیرێت، به‌ڵام عه‌بدولكه‌ریم قاسم گوێی نه‌دایه‌ یاداشته‌كه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی و بارودۆخه‌كه‌ زیاتر به‌ره‌و خراپی چوو. پێش ڕە‌وانه‌كردنی یاداشته‌كه‌ و له‌ ١٢ی ته‌مووزی ١٩٦١ جەلال تاڵەبانی له‌ لایه‌ن كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبه‌وه‌ نێردرایه‌ بارزان و دوا بڕیاره‌كانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی بۆ سه‌رۆك مستەفا بارزانی خسته‌ڕوو، تاڵه‌بانی ئاماده‌یی مه‌كته‌بی سیاسی نیشاندا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ر پێشهاتێكی له‌ ناكاو، سه‌رۆك مستەفا بارزانی بۆچوونی وابوو جارێ هیچ نه‌كرێت و به‌رده‌وام بن له‌ خۆ ئاماده‌كردن، دواتر جه‌لال تاڵه‌بانی به‌ چه‌ند شیره‌تێكی سه‌رۆك بارزانییه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ سلێمانی.

سیاسه‌تی شۆڤێنی حكومه‌تی عه‌بدولكه‌ریم قاسم به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لی كورد درێژە‌ی هه‌بوو، تا ده‌هات بارودۆخ‌ له‌ ته‌قینه‌وه‌ نزیكتر ده‌بووه‌وه‌، به‌مه‌به‌ستی به‌رگرتن له‌ شه‌ڕ، وه‌ك ناڕە‌زایه‌تیی به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی حكومه‌ت، له‌ لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌، له‌ ٦ی ئه‌یلوولی ١٩٦١ مانگرتنی گشتی له‌ سه‌رانسه‌ری كوردستان ڕێكخرا، مانگرتنه‌كه‌ ته‌واوی ناوچه‌كانی كوردستانی گرته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ری سه‌نگ و هێزی پارتی بوو، مه‌به‌ست له‌ مانگرتنه‌كه‌ ئه‌وه‌بوو ڕێگری له‌ حكومه‌ت بكرێت له‌وه‌ی هێز بنێرێته‌ سه‌ر ناوچه‌كانی كوردستان.


هه‌ڵگیرسانی شۆڕش

سه‌ره‌ڕای ته‌واوی هه‌وڵه‌كانی پارتی بۆ لێك نزیكبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و به‌رگرتن له‌ شه‌ڕ، كه‌چی له‌لایه‌ن عه‌بدولكه‌ریم قاسمه‌وه‌ ته‌واوی هه‌وڵه‌كان پشتگوێ خران و له‌ ١١ی ئه‌یلوولی ١٩٦١ هێزه‌كانی سوپا ده‌ستیانكرد به‌ بۆردومانی ئاسمانیی ده‌ربه‌ندی بازیان، دۆڵی خه‌له‌كان و ده‌وروپشتی دهۆك، له‌ به‌رامبه‌ردا له‌ ١٩ی ئه‌یلوولی ١٩٦١ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی بڕیاری ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی حكومه‌تیدا، به‌مه‌ش جارێكیتر گه‌لی كورد ناچاركرا بۆ به‌رگریكردن له‌خۆی، په‌نا بۆ خه‌باتی چه‌كداریی ببات.

دوای چه‌ندین شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه،‌ تا ٢٣ی ئه‌یلوولی ١٩٦١ حكومه‌ت جگه‌ له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دەڤەری بارزان، توانی ده‌ست به‌سه‌ر ته‌واوی ناوچه‌كانی كوردستاندا بگرێت، له‌ ٦ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٦١ هه‌ریه‌ك له‌ عومەر دەبابە و عەلی عەبدوڵا  ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی خۆیان گه‌یانده‌ بارزان و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مستەفا بارزانی كۆبوونه‌وه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاری خۆ ڕێكخستنه‌وه‌ درا و بڕیاردرا هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان هێزی بارزان، هیزی چه‌كداری پارتی و هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ئه‌و خێلانه‌ی هێشتا مه‌یدانی شه‌ڕیان چۆڵنه‌كردبوو، دروستبكرێت.

دوای خۆڕێكخستنه‌وه‌ و چه‌ندین سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر سوپای عێراقدا، له مانگی شوباتی ١٩٦٢، كۆبوونه‌وەیەکی‌ فراوان له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبه‌وه‌ له‌ گوندی عه‌وداڵانی سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانی ئه‌نجامدرا، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌‌دا‌ ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی یاداشتێكیان بۆ عه‌بدولكه‌ریم قاسم نارد و ڕایانگه‌یاند‌‌،‌ ئه‌و شه‌ڕە‌ی ئه‌وان ده‌یكه‌ن، شه‌ڕی خۆپاراستن و داكۆكیكردنه‌، نه‌ك شه‌ڕی په‌لاماردان. هه‌روه‌ها له‌ یاداشته‌كه‌یاندا ناوی پێشمه‌رگه‌یان بۆ چه‌كداره‌كانیان هه‌ڵبژارد و دروشمی (دیموكراسی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان) به‌رزكرایه‌وه‌‌. به‌شێك له‌ به‌شدارانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بریتیبوون له‌ ئیبراهیم ئەحمەد، عەلی عەسکەری ، ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵا، عومەر دەبابە، عه‌لی عه‌بدوڵا، مەلا عەبدوڵا ئیسماعیل، شەمسەدین موفتی، عه‌بدولڕە‌حمان زه‌بیحی، نوری ئەحمەد تەها ، ده‌سته‌ی پاسه‌وانی ئه‌م كۆبوونه‌ویه‌ش‌‌ هێزێكی ١٥ كه‌سی پۆلیسی هه‌ولێر بوون، كه‌ تازه‌ ببوون به‌ پێشمه‌رگه‌، كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ بڕیاریدا به‌رده‌وامی به‌ به‌رگری بدرێت.

سه‌ركه‌وتنه‌كانی سوپای عێراق كاتی بوون و له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا هێزه‌كانی پێشمه‌رگه توانیان خۆیان ڕێكبخه‌نه‌وه‌ و له‌شكری ڕزگاری كوردستان دابمه‌زرێنن كه‌ نزیكه‌ی بیست هه‌زار پێشمه‌رگه‌ ده‌بوون، ئه‌م هێزه‌ توانی تا ناوه‌ڕاستی ساڵی ١٩٦٢ به‌شی هه‌ره‌ زۆری خاكی كوردستان جگه‌ له‌ ناوه‌ندیی شاره‌ گه‌وره‌كان ڕزگاربكاته‌وه، له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٦٣ حكومه‌ت ناچار به‌ ئاگربه‌ست كرا و بۆ چه‌ند جارێكیش درێژكرایه‌وه‌ تا كه‌وتنی یه‌كجاره‌كی حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بدولكه‌ریم قاسم له‌ ٨ی شوباتی ١٩٦٣ له‌و ماوه‌یه‌دا له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی ئاشتییانه‌ی كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ حكومه‌ت درا و هه‌وڵه‌كانی له‌لایه‌ن ڕای گشتی عێراقه‌وه‌ پێشوازیان لێكرا.


كوده‌تای به‌عسییه‌كان

شۆڕشی ئه‌یلوول ڕێخۆشكه‌ربوو بۆ ئه‌نجامدانی كوده‌تای ٨ی شوباتی ١٩٦٣ به‌سه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بدولكه‌ریم قاسمدا، ئه‌م كوده‌تایه‌ به‌رهه‌می ڕێككه‌وتنی نێوان حزبی به‌عس و ئه‌فسه‌ره‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بوو، ئه‌مانه‌ له‌كاتی ئاماده‌كارییه‌كانیان بۆ كوده‌تا په‌یوه‌ندییان به‌ پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وه‌ كرد و گفتیاندا سه‌رجه‌م داخوازییه سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه‌‌كانی شۆڕشی كورد جێبه‌جێ بكه‌ن و له‌ ڕێگه‌ی ساڵح یوسفییه‌وه‌ به‌ڵێن به‌ سه‌رۆك مستەفا بارزانی درا پاش سه‌ركه‌وتنی كوده‌تا، جاڕی ئۆتۆنۆمی بۆ گه‌لی كورد بدرێت، له‌ به‌رامبه‌ردا سه‌ركردایه‌تی شۆڕش به‌ڵێنیدا، شه‌ڕ له‌ دژی حكومه‌ت ڕابگرێت.

دوای سه‌ركه‌وتنی كوده‌تای ٨ی شوبات، له‌لایه‌ن حزبی به‌عسه‌وه‌ نامه‌یه‌ك بۆ ئیبراهیم ئەحمەدی سكرتێری پارتی نێردرا و داوای لێكرا ناوی چه‌ند كه‌سێكی كورد ده‌ستنیشان بكرێن بۆ ئه‌وه‌ی بخرێنه‌ نێو حكومه‌تی نوێیه‌وه‌، مه‌كته‌بی سیاسیش دوای ڕە‌زامه‌ندی سه‌رۆك مستەفا بارزانی، وه‌ڵامی حزبی به‌عسی به‌م شێوه‌یه‌ دایه‌وه:‌ (دیموكراسی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان، سیاسه‌تی پارتیمانه‌)، ناوه‌ پێشنیار كراوه‌كانیشمان ئه‌مانه‌ن: بابه‌ عه‌لی شێخ مه‌حمود، فوئاد عارف، به‌كر عه‌بدولكه‌ریم، عومه‌ر مسته‌فا، جه‌لال تاڵه‌بانی و عه‌لی عه‌سكه‌ری.

له‌ ١٨ی شوباتی ١٩٦٣ هه‌ر به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی نوێ، وه‌فدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی جەلال تاڵەبانی و ساڵح یوسفی نێردرانه‌‌ به‌غدا، بۆ ڕۆژی دواتر وه‌فده‌كه‌ له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌ت كۆبوونه‌وه‌، به‌عسییه‌كان هه‌وڵیانده‌دا خۆیان له‌و به‌ڵێنانه‌ی پێش كوده‌تا به‌ كوردیان دابوو، بدزنه‌وه‌. هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وانه‌دا بڕیاردرا جه‌لال تاڵه‌بانی به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌رۆكی پارتی و مه‌كته‌بی سیاسی،‌ له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی حكومه‌ت به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن و خستنه‌ڕووی كێشه‌ی كورد سه‌ردانی هه‌ردوو و‌ڵاتی میسر و جه‌زائیر بكات، له‌و سه‌فه‌ره‌دا جه‌لال تاڵه‌بانی چاوی به‌ جه‌مال عه‌بدولناسر سه‌رۆكی میسر و ئه‌حمه‌د بن بللا سه‌رۆكی جه‌زائیر كه‌وت و هه‌ردوو وڵات له‌ گفتوگۆكانیاندا پشتگیریی چاره‌سه‌ركردنی ئاشتییانه‌ی كێشه‌ی كوردیان كرد.


ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش

له‌ ڕۆژانی ٢٨ تا ٢٩ی ئه‌یلوولی ١٩٦٤ له‌ شارۆچكه‌ی قه‌ڵادزێ، به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆك مستەفا بارزانی و كۆمه‌ڵێك له‌ كادیرانی پێشكه‌وتووی پارتی دیموكراتی كوردستان، فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان و كه‌سایه‌تییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی سه‌ر به‌ هۆز و بنه‌ماڵه‌كان، به‌ مه‌به‌ستی ڕێكخستنی كاروباره‌كانی شۆڕش و دانانی ده‌ستوورێك و چۆنیه‌تی دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك گرێ درا. سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی به‌ وته‌یه‌ك كۆنگره‌كه‌ی كرده‌وه‌ و تێیدا باسی له‌  دانوستانەکان و ڕێكخستنی ڕیزه‌كانی شۆڕش كرد و داوای كرد به‌ هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد (ئەنجوومەنی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له‌ كوردستانی عێراق) بۆ ڕایكردنی كاره‌كان بێته‌ هه‌ڵبژاردن.

له‌ كۆتایی مانگی ئه‌یلوولی ساڵی ١٩٦٤، سه‌رۆك مستەفا بارزانی و مه‌كته‌بی سیاسی له‌سه‌ر بنەمای بڕیاری کۆنگرەی شەشەم و كۆبوونه‌وه‌ی قه‌لادزێ، لەسەر دیاری کردنی ڕۆژی ٧ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٦٤ بۆ دامه‌زراندنی ئەنجوومەنی سه‌ركردایه‌تی ڕێککەوتن، به‌مه‌به‌ستی بەڕێوەبردنی ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان، سه‌ره‌تا گوندی بۆسكین وه‌ك شوێنی كۆبوونه‌وه‌كه‌ دیاری كرا، به‌ڵام دواتر كۆبوونه‌وه‌كه‌ برایه‌ گوندی گرده‌سپی له‌ ده‌ڤه‌ری پشده‌ر و ماوه‌ی ده‌ ڕۆژ له‌ گفتوگۆدا بوون، ٦٣ كه‌س‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئاماده بوون، له‌وانه‌ ١٧‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان، ١٧ فه‌رمانده‌ی هێزه‌كان، ٢٩ له‌ پیاوانی ئاینی ئیسلام، مه‌سیحی و ئێزیدی و كه‌سایه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌رۆك هۆز و كه‌سایه‌تی بنه‌ماڵه‌كان.

پێشتر سه‌رۆك هۆزه‌كان له‌ نێوان خۆیاندا ڕێككه‌وتبوون له‌سه‌ر ده‌ستبژاریان و به‌ ژماره‌ زۆریان ده‌رچوون، هه‌روه‌ها ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی پارتی و فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانیش خرانه‌ سه‌ر ئەنجوومەن. دواتر له‌ ٩ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٦٤ له‌ گوندی بۆسكین ده‌ستووری ئەنجوومەنی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له‌ كوردستانی عێراق له‌ ١١ مادده‌دا واژۆی له‌سه‌ر كرا، له‌ ١٠ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٦٤یش بڕیار و ڕاسپارده‌كانی لێژنه‌ی دادوه‌ری ویلایه‌تی كوردستان له‌ ١٣ بڕگه‌دا واژۆی له‌سه‌ر كرا، دواتر یاسا و ڕێساكانی كارگێڕی له‌ ١٢ مادده‌دا ئاماده‌ كران و یاسا و ڕێساكانی دارایی له‌ سێ به‌شی دارایی شۆڕش و باجه‌كان و گومرگه‌كاندا ڕێكخران.

به‌ بڕیاری ئەنجوومەنیش مه‌كته‌بێكی ته‌نفیزی یازده‌ كه‌سی پێكهات كه‌‌ مستەفا قەرەداغی سكرتێری بوو، دواتر گۆڕدرا بۆ مەحمود عوسمان، له‌ سه‌ر ئاستی كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌كانیش، توركمانه‌كان له‌به‌ر بارودۆخی تایبه‌تییان نه‌هاتنه‌ ناو ئه‌م ئەنجوومەنه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی هه‌وڵی زۆری له‌مباره‌وه‌ له‌گه‌ڵدان، بۆ ئه‌وه‌یش كه‌سێك له‌ ئه‌ورووپا نوێنه‌رایه‌تی ئەنجوومەن بكات، ئه‌ندامی ئەنجوومەن دكتۆر عیسمه‌ت شه‌ریف وانلییان بۆ ئه‌م ئه‌ركه‌ ده‌ستنیشان كرد، كه‌ خۆی به‌شداریی كۆنگره‌ی دووه‌می گه‌ل و كۆبوونه‌وه‌كانی دامه‌زراندنی ئەنجوومەنی كردبوو، ئه‌م ئەنجوومەنه‌ پێنج لێژنه‌ی دامه‌زراند، كه‌ بریتیبوون له‌:

  1. لێژنه‌ی ده‌ستوور
  2. لێژنه‌ی دادوه‌ری
  3. لێژنه‌ی سه‌ربازی
  4. لێژنه‌ی كارگێڕی
  5. لێژنه‌ی ئابووری.

سه‌ره‌نجام له‌ سێ ئاستدا به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك مستەفا بارزانی، ئه‌ندام بۆ ئه‌م لێژنانه‌ هه‌ڵبژێردران كه‌ بریتیبوون له‌ ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان، فه‌رمانده‌كانی شۆڕشی ئه‌یلوول و سه‌رۆك هۆز و كه‌سایه‌تییه‌ ئاینی و نیشتمانییه‌كان.

ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان بریتیبوون له‌ مسته‌فا بارزانی، حه‌بیب محه‌مه‌د كه‌ریم، دكتۆر مەحمود عوسمان، ساڵح یوسفی، عەزیز ئاکرەیی، دكتۆر فوئاد جه‌لال، عه‌بدولكه‌ریم موراد، عەلی قاسم شنگالی، نەعمان عیسا،  ئیسماعیل عارف، هاشم ئاکرەیی ، شێخ ئیسماعیل مەلا عەزیز، شێخ محەمەد هەرسین، مسته‌فا قه‌ره‌داغی، محه‌مه‌د ئه‌مین محه‌مه‌د عه‌لی، عومەر شەریف و ڕەمەزان ئاکرەیی .

فه‌رمانده‌كانی شۆڕشی ئه‌یلوول بریتیبوون له‌ عه‌قید عه‌بدولڕە‌حمان قازی، عه‌قید نوری مه‌لا مه‌عروف، عه‌قید ڕوكن عه‌بدولكافی نه‌به‌وی، عه‌قید شێخ ساڵح شێخ محه‌مه‌د، موقه‌ده‌م نافیز جه‌لال حه‌وێزی، موقه‌ده‌م نوری مه‌لا حه‌كیم، نه‌قیب به‌كر عه‌بدولكه‌ریم حه‌وێزی، نه‌قیب یوسف جه‌میل میران، نه‌قیب شێخ رەزا گوڵانی ، مولازم ڕه‌شید سندی، مولازمی پۆلیس عەبدولوەهاب ئەتروشی ، ئه‌سعه‌د خۆشه‌وی، عیسا سوار، حسۆ میرخان دۆلەمەری، عه‌لی خه‌لیل، عه‌بدوڵا ئاغا پشده‌ری و حاجی شێخ قادر.

سه‌رۆك هۆز، كه‌سایه‌تییه‌ ئاینی و نیشتمانییه‌كان بریتیبوون له‌ دكتۆر عیسمه‌ت شه‌ریف وانلی، دكتۆر كه‌مال فوئاد، شێخ لەتیفی حەفید، کاکە زیاد غه‌فوری، موحسین دزه‌یی، شێخ حسێنی بۆسكین، باپیر بابه‌كر ئاغا، شێخ محه‌مه‌د بالیسانی، وه‌هاب ئاغا جندیانی، عه‌باس مامه‌ند ئاغا، ئیسماعیل سواره‌ ئاغا، ساڵح به‌گی میران، سلێمان حاجی به‌دری سندی، ئه‌حمه‌د محه‌مه‌دئه‌مین دزه‌یی، مه‌حمود به‌گی گوڵه‌یی، مسته‌فا به‌گی جاف، شێخ كه‌وكه‌سی سه‌ید ته‌های نه‌هری، كوێخا ئیسماعیلی ته‌لان، حاجی ئاغای هێرۆ، مه‌جید حه‌مه‌ڕە‌شید خان، مه‌حمود عه‌باس ئاغا، عه‌بدولڕە‌حمان ئاغای نۆڕە‌ك، شێخ ڕە‌ئوفی هه‌نجیره‌، حا‌جی ئیبراهیمی چه‌رمه‌گا، شێخ محێدینی سه‌ندوڵان، مه‌تڕان ماریۆ واڵا، قه‌شه‌ پۆڵس بێداری، گۆرگیس مه‌لك چه‌كۆ و ته‌حسین به‌گ سه‌عید به‌گ.

دامه‌زراندنی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش هه‌نگاوێكی گرنگ بوو له‌ كاری ڕێكخستن و به‌ڕێوه‌بردندا، ئه‌م ئه‌نجوومه‌نه‌ له‌ به‌رزترین ئاستدا هه‌ڵده‌ستا به‌ ده‌ستنیشانكردنی كاربه‌ده‌ستانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناحیه‌ و قایمقام ...هتد، دانان و دابه‌شكاریی پله‌ و ناونیشان بۆ سه‌ركردایه‌تییه‌ جۆراوجۆره‌كانی له‌شكری شۆڕش، ڕاسپاردنی مه‌كته‌بی سیاسی بۆ كاری حزبایه‌تی و هه‌ڵبژاردنی سكرتێر بۆ خۆی، پێكهێنانی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی كه‌ كاری به‌ڕێوه‌بردن و جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌ تایبه‌ته‌كانی كاروباری ناوخۆ و سه‌رپه‌رشتی ده‌سته‌ حكومیه‌كانی له‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان پێ سپێردرابوو، ئه‌م ئه‌نجوومه‌نه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌ لایه‌ن سه‌رۆك مسته‌فا بارزنییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برا.

له‌شكری شۆڕش به‌م شێوه‌یه‌ ڕێكخرا:

  • سه‌رۆكی گشتی: سه‌رۆك مستەفا بارزانی
  • سه‌رۆكی ئه‌ركان: نوری مه‌لا مه‌عروف
  • له‌شكری یه‌ك له‌ بادینان: ئه‌سعه‌د خۆشه‌وی، هێزه‌كانی پێكهاتبوون له‌:
  • له‌شكری دوو له‌ هه‌ولێر: ڕەشید سندی، هێزه‌كانی پێكهاتبوون له‌:
  • هیزی سه‌فین: تاهیر عه‌لی والی
  • هێزی كاوه‌ له‌ پشده‌ر: حسۆ میرخان ژاژوکى
  • هێزی بێتواته‌: عه‌لی شه‌عبان
  • له‌شكری سێ له‌ سلێمانی و كه‌ركووك: موقه‌ده‌م عەزیز ئاکرەیی، هێزه‌كانی پێكهاتبوون له‌:

هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕ ١٩٦٥

له‌ كۆتایی ساڵی ١٩٦٤ و له‌ سه‌رده‌می كابینه‌ نوێیه‌كه‌ی تاهیر یه‌حیا هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی عێراق و ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش به‌مه‌به‌ستی پێشگرتن له‌ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕ چڕكرانه‌وه‌ و هه‌ر به‌م مه‌به‌سته‌ له‌ ١٧ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٦٤ وه‌فدێكی حكومه‌ت سه‌ردانی سه‌رۆك مستەفا بارزانیان كرد و له‌ ١٠ی كانوونی دووه‌می ١٩٦٥ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش وه‌فدی خۆیان نارده‌ به‌غدا، ئه‌م هه‌وڵانه‌ به‌رده‌وام بوون تا ئاداری ١٩٦٥، دوای وه‌ستان گفتوگۆ‌كان گرژی كه‌وته‌وه‌ نێوان په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو لا و له‌ مانگی شوباتی ١٩٦٥ شه‌ڕ ده‌ستیپێكرده‌وه‌.

له‌م قۆناغه‌ی شه‌ڕدا، حكومه‌ت سه‌ره‌ڕای به‌كارهێنانی به‌شی هه‌ره‌ زۆری هێزی سه‌ربازی خۆی سوودی له‌ ژماره‌یه‌كی زۆری جاش وه‌رگرت، هێرشه‌كانی سوپای حكومه‌ت و جاشه‌كان له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی نیسانی ١٩٦٥ به‌ هێرش كردنه‌ سه‌ر چیای سه‌فین له‌ پارێزگای هه‌ولێر ده‌سیانپێكرا، له‌ گرنگترین شه‌ڕە‌كانی ئه‌م قۆناغه‌ بریتی بوون له شه‌ڕی سه‌فین نیسانی ١٩٦٥، شه‌ڕكانی پیره‌مه‌گرون ٢٨ی نیسانی ١٩٦٥، شه‌ڕە‌كانی قه‌ره‌داغ ٤ی حوزه‌یرانی ١٩٦٥، شه‌ڕە‌كانی ئه‌زمه‌رو چوارتا ٢٥ی حوزه‌یرانی ١٩٦٥، شه‌ڕی زینه‌تیر پایزی ١٩٦٥، شه‌ڕە‌كانی به‌ره‌ی ڕە‌واندز ٥ی ئابی ١٩٦٥، شه‌ڕی كێوه‌ڕش ٦ی ئه‌یلوولی ١٩٦٥، شه‌ڕی گرتنه‌وه‌ی پێنجوێن ٢٣ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٦٥... هتد. له‌ ئه‌نجامی ئه‌م شه‌ڕانه‌دا سوپای عێراق توانیان له‌ چه‌ند شوێنێك پێشڕە‌وه‌یی بكه‌ن و له‌ زۆر شوێنیش له‌ لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشه‌وه‌ په‌رپه‌رچیان درایه‌وه‌ و ناچار به‌ پاشه‌كشێ كران.

 هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا و دوای لێخۆشبوونی سه‌رۆك مستەفا بارزانی، له‌ ٦ی ته‌مووزی ١٩٦٥ گروپه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی به‌ سه‌رپه‌ر‌شتی ئیبراهیم ئەحمەد له‌ ئێرانه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ باشووری كوردستان و له‌ حاجی ئۆمه‌ران نیشته‌جێ بوون، پاش ماوه‌یه‌ك و سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٦٦ گروپه‌كه‌ چونه‌ پاڵ حكومه‌ت و له‌ دژی شۆڕش وه‌ستانه‌وه‌.


پلانی (توكلت علی الله‌)، قۆناغی نوێی شه‌ڕ ١٩٦٦

دوای مردنی عه‌بدولسه‌لام عارف له‌ ١٣ی نیسانی ١٩٦٦ و ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی كابینه‌ی تاهیر یه‌حیا، عه‌بدولڕە‌حمان عارف بوو به‌ سه‌رۆك كۆماری عێراق و كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت له‌لایه‌ن عه‌بدولڕە‌حمان به‌زازه‌وه‌ پێكهێنرا، هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌ گروپه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی له‌ شۆڕش هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ و چوونه‌ پاڵ حكومه‌ت، ئه‌م فاكته‌رانه‌ بوونه‌ هۆی ئه‌وه‌ی حكومه‌ت هه‌ست به‌ باڵاده‌ستی خۆی بكات، بۆیه‌ له‌لایه‌ن وه‌زیری به‌رگریی لیوا ڕوكن عه‌بدولعه‌زیز عوقه‌یلییه‌وه‌‌ پلانی هێرشكردنه‌ سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕش داڕێژرا و ناوی (توكلت علی الله‌)ی لێنرا، پلانه‌كه‌ له‌ ٣ی ئایاری ١٩٦٦ له‌لایه‌ن لیوای چواری چیایی به‌ پشتیوانی لیوای یه‌ك بۆسه‌ر چیای هندرێن و لیوای سێ به‌ پشتیوانی لیوای چوارده‌ بۆ سه‌ر زۆزك ده‌ستپێكرا، له‌م هێرشه‌دا حكومه‌ت سوودی له‌ به‌شی هه‌ره‌ زۆری هێزی جاشه‌كان وه‌رگرت، ئه‌م هێرشه‌ی سوپای حكومه‌ت داستانی هندرێنی ١٢ی ئایاری ١٩٦٦ی لێكه‌وته‌وه‌، كه‌ بووه‌ هۆی تێكشكانی هێزه‌كانی حكومه‌ت و جاشه‌كان و ده‌ركردنی به‌یانی ٢٩ی حوزه‌یرانی ١٩٦٦ و ڕازیبوونی حكومه‌ت به‌ داواكارییه‌كانی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش و وه‌ستانی كاتی شه‌ڕ، به‌یانه‌كه‌ له‌لایه‌ن عه‌بد‌لڕە‌حمان به‌زاز خوێندرایه‌وه‌.


قۆناغی نوێی شوڕش و ڕۆڵی جاشه‌كان (١٩٦٦-١٩٧٠)

دوای شكست هێنانیان له‌ جێبه‌جێكردنی پلانی (توكلت علی الله‌) حكومه‌ت هه‌وڵیدا ئه‌مجاره‌یان به‌ڕێگه‌ی كردنه‌وه‌ی باره‌گا و پێدانی چه‌ك به‌ جاشه‌كان، به‌تایبه‌ت گروپه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی كۆن،‌ پلانه‌كانی به‌رامبه‌ر به‌ شۆڕش جێبه‌جێ بكات، جاشه‌كانیش به‌ خراپترین شێوه‌ به‌م ئه‌ركه‌یان هه‌ستان و بوون به‌ چاوساغ و جێبه‌جێكاری پلانه‌كانی حكومه‌ت.

له‌ به‌رامبه‌ردا حكومه‌ت هه‌وڵیدا به‌ڕێگه‌ی ناردنی شاند بۆ باره‌گای بارزانی و داوه‌تكردن و پێشوازیكردن له‌ شانده‌كانی شۆڕش له‌ به‌غدا وا له‌ خه‌ڵكی و جیهانی ده‌ره‌وه‌ بگه‌ینێت كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له‌وپه‌ڕی به‌هێزی دان، له‌ گرنگترین سه‌ردانه‌كانی ئه‌و ماوه‌یه‌ هاتنی سه‌رۆك كۆمار عه‌بدولڕە‌حمان عارف بوو بۆ به‌رزێوه‌ بۆ لای سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی له‌ ٢٨ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٦٦ و دواتر سه‌ردانی ئیدریس بارزانى و مەسعود بارزانی یه‌ك به‌ دوای یه‌ك بۆ به‌غدا له‌ مانگی كانوونی دووه‌می ١٩٦٧.

له‌ ماوه‌ی وه‌ستانی شه‌ڕ، له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی شۆڕشه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی به‌هێزكردنی له‌شكری شۆڕش، چه‌ندین خولی سه‌ربازی جۆراوجۆر بۆ پێشمه‌رگه‌كان كرانه‌وه و له‌ ١٧ی نیسانی ١٩٦٧ كۆنگره‌ی سه‌ربازی كانی سماق به‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی به‌سترا و تێیدا ده‌ستوورێك بۆ ڕاپه‌ڕاندنی كاروئه‌ركه‌كانی شۆڕش په‌سه‌ندكرا، حكومه‌تیش به‌شێك له‌و به‌ڵێنانه‌ی له‌ به‌یانی ٢٧ی حوزه‌یران دا بۆی برده‌سه‌ر به‌تایبه‌ت دوای سه‌ردانه‌كه‌ی تاهیر یه‌حیای سه‌رۆك وه‌زیران بۆ لای سه‌رۆك مستەفا بارزانی له‌ مانگی ئابی ١٩٦٧ و گونده‌كانی ناوچه‌ی دوبز كه‌ عه‌ره‌بی لێ نیشته‌جێ كرابوو بۆ خاوه‌نه‌ كورده‌كانی گه‌ڕانده‌وه‌.

په‌یوه‌ندییه‌كانی سه‌ركرایه‌تی شۆڕش و حكومه‌ت دیسان گرژی تێكه‌وت كاتێك شاندێكی حكومه‌ت له‌ ٧ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٦٧ سه‌ردانی سه‌ركردایه‌تی شۆڕشیان كرد، شانده‌كه‌ ڕایگه‌یاند كه‌ حكومه‌ت له‌ گفتوگۆ‌كه‌ی پاشگه‌ز بۆته‌وه‌ و نیازی نییه‌ جاشه‌كان له‌ چه‌ك داماڵێت و سه‌رۆك وه‌زیرانیش به‌ نامه‌یه‌ك سه‌رۆك مستەفا بارزانی ئاگادار كرده‌وه‌ كه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ ئه‌و هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی نییه و سه‌رۆك كۆماریش له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌فسه‌رانی سوپادایه‌‌، ئه‌مه‌ش وایكرد سه‌ركردایه‌تی شۆڕش بڕیاربدات خۆی به‌م ئه‌ركه‌ هه‌ستێت و هێزی پێشمه‌رگه‌ بنێرێته‌ سه‌ر باره‌گای جاشه‌كان له‌ به‌كره‌جۆ، له‌وكاته‌دا له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆماره‌وه،‌ عه‌بدولكه‌ریم فه‌رحان وه‌زیری كشتوكاڵ نێردرایه‌ لای سه‌رۆك مستەفا بارزانی و داوای لێكرد ده‌ست له‌و هێرشه‌ هه‌ڵگرێت، سه‌رۆك بارزانیش به‌ داواكارییه‌كه‌ی سه‌رۆك كۆمار ڕازی بوو، له‌ به‌رامبه‌ردا حكومه‌ت هه‌ستا به‌ ناردنی ژماره‌یه‌كی زۆری سوپا بۆ سلێمانی به‌ مه‌به‌ستی پشتیوانیكردن له‌ جاشه‌كان، دوای ئه‌م ڕووداوانه‌ دیارده‌ی تیرۆركردنی كادیر و ئه‌ندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌لایه‌ن جاشه‌كانه‌وه‌ له‌ هه‌ولێر و ناوچه‌كانی تر په‌ره‌ی سه‌ند، له‌ به‌رامبه‌ردا سه‌ركردایه‌تی شۆڕش هه‌وڵیدا له‌ ڕێگه‌ی ناردنی مه‌فره‌زه‌ی چه‌كدار بۆ سه‌ر جاشه‌كان وه‌ڵامیان بداته‌وه‌، بارودۆخه‌كه‌ وای لێهات سه‌رۆك وه‌زیر تاهیر یه‌حیا نامه‌یه‌ك بۆ سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی بنێرێت و داوای لێبكات لێدانی جاشه‌كان ڕابگرێت له‌ به‌رامبه‌ردا گفتی پێدا كرده‌وه‌ی تیرۆركردن به‌ جاشه‌كان ڕابگرێت و به‌ندیخانه‌ی به‌كره‌جۆش كه‌ له‌لایه‌ن جاشه‌كانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌بردرا دابخات.

سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٦٨ جارێكی تر بارودۆخ له‌نێوان شۆڕش و حكومه‌ت تێكچوو، حكومه‌ت له‌ ڕێگه‌ی جاشه‌كانه‌وه‌ په‌لاماری شۆڕشی ده‌دا و به‌ بیانۆی هێوركردنه‌وه‌ی بارودۆخ سوپای نارده‌ ناوچه‌ی شێخان، له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی به‌ نامه‌ داوای له‌ سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپا كرد سنوورێك بۆ ئه‌م بارودۆخه‌ دابنێن، به‌ڵام خۆلادانی حكومەت له‌ بارودۆخه‌كه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن هێزی شۆڕشه‌وه‌ وه‌ڵامی په‌لاماره‌كانی جاش و سوپا بدرێته‌وه‌.

له‌ ١٥ی نیسانی ١٩٦٨ له‌ ده‌شتی هه‌ولێر شه‌ڕ له‌نێوان له‌شكری شۆڕش و سوپای ڕژێم و جاشه‌كان هه‌ڵگیرسایه‌وه و تا ١٨ی نیسان به‌رده‌وام بوو، له‌ ئه‌نجامدا سوپای عێراق شكا و ناچاربوو له‌ ده‌شتی هه‌ولێر بكشێته‌وه‌.‌    

له‌ ١٧ی ته‌موزی ١٩٦٨ حكوومه‌ته‌كه‌ی عه‌بدولڕە‌حمان عارف له‌ لایه‌ن به‌عسییه‌كانه‌وه‌ كوده‌تای به‌سه‌ردا كرا و ڕووخا، ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر له‌لایه‌ن به‌عسییه‌كانه‌وه‌ وه‌ك سه‌رۆك كۆمار ده‌ستنیشانكرا، به‌مه‌ش تا كۆتاییه‌كانی ساڵی ١٩٦٨ هیچ شه‌ڕێكی ئه‌وتۆ له‌نێوان له‌شكری شۆڕش و سوپا ڕووی نه‌دا، له‌ به‌رامبه‌ردا هێرشی جاشه‌كان چڕتر ببووه‌وه‌، دەسەڵاتی نوێ له‌ عێراق سیاسه‌تێكی نوێی گرته‌به‌ر و هه‌وڵیدا خۆی له‌ شیوعییه‌كان نێزیك بكاته‌ و گرنگییه‌كی زیاتری به‌ جاشه‌كان دا، به‌تایبه‌ت گرووپه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی و مه‌یدانی بۆ چۆل كردن په‌لاماری هێزه‌كانی شۆڕش بده‌ن، ئه‌وانیش هه‌وڵیاندا به‌ یارمه‌تی سوپا ده‌ست به‌سه‌ر ناوچه‌كانی قه‌ره‌داغدا بگرن، له‌ به‌رامبه‌ردا له‌لایه‌ن سه‌ركرایه‌تی شۆڕشه‌وه‌ له‌ ١٢ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٦٨ هێزه‌كانی خه‌بات، ڕزگاری و ده‌شتی هه‌ولێر بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی جاشه‌كان نێردرانه‌ قه‌ره‌داغ، ئه‌م هێزانه‌ توانیان تا ٢٨ی مانگ ناوچه‌كه‌ له‌ جاش پاكبكه‌‌وه‌، له‌ ئه‌نجامدا جاشه‌كان به‌ره‌و باره‌گاكانی حكومه‌ت له‌ کەرکووک پاشه‌كشه‌یان كرد.

له‌ مانگی شوباتی ١٩٦٩ له‌لایه‌ن سه‌كردایه‌تی شۆڕشه‌وه‌ بڕیاردرا هێرش بكرێته‌ سه‌ر نه‌وتی بابه‌گوڕگوڕ له‌ کەرکووک كه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی داهاتی حكومه‌ت بوو و دژی شۆڕش به‌كارده‌هێنرا، دوای ئاماده‌كارییه‌كان له‌ ٢ی ئاداری ١٩٦٩ هێرشەكه‌ به‌ سه‌ركه‌وتووی ئه‌نجام درا و له‌ به‌رامبه‌ردا حكومه‌ت كاردانه‌وه‌یه‌كی ئه‌وتۆی نه‌بوو.

  ساڵی ١٩٦٩ له‌ مانگی شوباته‌وه‌ شه‌ڕ به‌ چڕی ده‌ستی پێكرایه‌وه‌، حكومه‌ت به‌ یارمه‌تی جاشه‌كان له‌ هه‌ر لایه‌ك بۆیانكرا هێرشیان هێنایه‌ سه‌ر هێزه‌كانی شۆڕش و به‌ درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ چه‌ندین شه‌ڕ ڕوویاندا كه‌ گرنگترینیان بریتی بوون له‌:

شه‌ڕی شاخۆلان ٢١ی شوبای ١٩٦٩، شه‌ڕی دۆڵی ئالانه‌ ١٣ی ته‌مووزی ١٩٦٩، شه‌ڕی شاره‌زور و هه‌ڵه‌بجه‌ ٢٥ی ئایاری ١٩٦٩، شه‌ڕی دوكان ٢٠ی ئه‌یلوولی ١٩٦٩، شه‌ڕی ده‌كان و سۆریا ناوه‌ڕاستی ئابی ١٩٦٩، له‌و شه‌ڕانه‌دا ڕە‌شه‌كوژی زۆر له‌لایه‌ن سوپا و جاشه‌كانه‌وه‌ ئه‌نجام درا و ده‌ستیان له‌ شتێك نه‌ده‌پاراست، حكومه‌ت به‌ یارمه‌تی جاشه‌كان هێرشه‌كانیان بۆ سه‌رناوچه‌كانی گه‌رمیان و قه‌ره‌داغ چڕ كردبووه‌وه و به‌ درێژایی سێ مانگی هاوین شه‌ڕ به‌رده‌وام بوو، له‌ ئه‌نجامدا پێشمه‌رگه‌ ناچار به‌ پا‌شه‌كشێ كرا و له‌ چیای سورداش كۆبوونه‌وه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا سوپا له‌ ده‌شتی هه‌ولێر سه‌ركه‌وتنێكی ئه‌وتۆی به‌ده‌ست نه‌هێنا. حكومه‌ت و جاشه‌كان دوای ئه‌وسه‌ركه‌وتنانه‌ پلانیان دانا تا ناوچه‌ی دیلمان كه‌ باره‌گای بارزانی لێ بوو نه‌وه‌ستن، بۆیه‌ ده‌ستیان به‌ هێرشه‌كانیان كرده‌وه‌، له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٦٩ هێرشێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌یان كرده‌ سه‌ر ناوچه‌ی مه‌رگه‌ و زارگه‌كانی دۆڵی شه‌هیدان داگیركران.

دوای پێشڕە‌ویی سوپا و جاشه‌كان، له‌ كۆتایی مانگی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٦٩ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ خۆیان ڕێكخسته‌وه‌ و هێرشی پێچه‌وانه‌یان ئه‌نجامدا و له‌ داستانی گرتك ٣١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٦٩ شكستیان به‌ سوپا هێنا، ئه‌و شكسته‌ی سوپا چه‌ندین شكستی تری له‌شه‌ڕە‌كاندا به‌دواداهات، وه‌ك:

 شه‌ڕی مه‌رگه‌ ٦ی تشرینی دووه‌می ١٩٦٩، شه‌ڕی پیره‌مه‌گرون ١٨ی تشرینی دووه‌می ١٩٦٩، شه‌ڕی چیای سورداش ناوه‌ڕاستی مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٦٩ و ... هتد، ئه‌م شكستانه‌ جارێكی تر حكومه‌تیان ناچاركرد له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی شۆڕش بكه‌وێته‌وه‌ گفتوگۆ و گفتوگۆ‌كانیش ڕێككه‌وتننامه‌ی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ یان لێ كه‌وته‌وه‌.    


ڕێككه‌وتننامه‌ی ١١ی ئاداری ١٩٧٠

به‌عسییه‌كان له‌ هه‌وڵه‌ سه‌ربازییه‌كانیان بۆ كۆتایی هێنان به‌ شۆڕش شكستیان خوارد و له‌و ماوه‌یه‌دا شۆڕش سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێنا، حكومه‌تی به‌عسیش له‌ به‌هه‌ده‌ردانی سامانێكی زۆری مرۆڤی و ماددی هیچی تری بۆ نه‌مایه‌وه‌، بۆیه‌ بیری له‌ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ كورد كرده‌وه، مانگی ئه‌یلوولی ١٩٦٩ یه‌كه‌م هەوڵی به‌عسییه‌كان بۆ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له‌ ڕێگه‌ی شاندێكی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستانه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد کە بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك دانوستاندنه‌كان به‌رده‌وامیان هه‌بوو، وه‌فده‌كانی هه‌ردوو لایه‌ن له‌ به‌رزترین ئاسته‌كاندا به‌مه‌به‌ستی ڕێككه‌وتن له‌ نێوان به‌غدا و ناوپردان هاتووچۆیان ده‌كرد، دواجار پاش سه‌ردانی سه‌دام حسێن جێگری سه‌رۆك كۆماری عێراق بۆ ناوپردان و دیداری سه‌رۆك مستەفا بارزانی له‌ ١١ی ئاداری ١٩٧٠ ڕێككه‌وتننامه‌یه‌ك له‌ نێوان حكومه‌تی به‌عسی عێراقی و سه‌ركردایه‌تی شۆڕش واژۆكرا و ئه‌نجامه‌كه‌ی داننان بوو به‌وه‌ی كورد شۆڕشیان له‌ پێناویدا ده‌ست پێكردبوو، ئه‌ویش داننان بوو به‌ مافه‌ سیاسی و نه‌ته‌وەییه‌كانی گه‌لی كورد له‌ باشووری كوردستان.


هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ له‌ ڕێككه‌وتننامه‌ی ١١ی ئادار و ڕێككه‌وتننامه‌ی جه‌زائیری ١٩٧٥

ڕێككه‌وتننامه‌ی ١١ی ئاداری ١٩٧٠، وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنی له‌سه‌ر كرابوو، له‌ لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ هه‌رگیز جێبه‌جێ نه‌كرا، به‌مه‌ش بارودۆخ له‌ نێوان سه‌ركردایه‌تی شۆڕش و حكومه‌تی عێراق تێكچوو. له‌ ٢٦ی ئاداری ١٩٧٤ ڕژێمی به‌عس ڕاگرتنی وتووێژی له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ڕاگه‌یاند، دواتر گشت فه‌وجه‌كانی پاسه‌وانی سنووری هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و شه‌ڕ دووباره‌ له‌ نێوان هه‌ردوو لایه‌ن ده‌ستی پێكرده‌وه‌‌، تۆپخانه‌كانی ڕژێم له‌و مانگه‌دا ده‌ستیان به‌ تۆپباران كردنی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی شۆڕش كرد و تا كۆتایی مانگی ئه‌یلوولی ١٩٧٤ ده‌ستی به‌سه‌ر زۆربه‌ی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی شۆڕشدا گرت، سه‌ركه‌وتنه‌كانی سوپا درێژەیان نه‌كێشا و له‌لایه‌ن له‌شكری شۆڕشه‌وه‌ له‌و ناوچانه‌ی داگیریان كردبوو ناچار به‌ پاشه‌كشێ كران، شۆڕش له‌وماوه‌یه‌دا له‌لایه‌ن حكومه‌تی شاهه‌نشایی ئێرانه‌وه‌ به‌ فراوانی یارمه‌تی ده‌درا.

له‌ كۆتایی وه‌رزی پایزی ١٩٧٤ به‌غدا به‌رده‌وامبوونی شه‌ڕی ڕاگه‌یاند و بڵاوی كرده‌وه‌ شه‌ڕ له‌ وه‌رزی زستانیش به‌رده‌وام ده‌بێت، ئه‌م شكستانه‌ بۆ ڕژێمی به‌عس و سه‌دام حسێن جێگه‌ی ته‌حه‌مول نه‌بوون، حكومه‌ت به‌رامبه‌ر به‌ شۆڕش ته‌واو لاواز ببوو، بۆیه‌ ناچار بوو ته‌نانه‌ت سوود له‌ ئه‌ندامه‌ یه‌ده‌گه‌كانیشی وه‌ربگرێت، دارایی یه‌ده‌گی حكومه‌تیش ڕووی له ‌ته‌واوبوون بوو، شای ئێران ویستی ئه‌وه‌بوو له‌ ڕێگه‌ی یارمه‌تیدانی شۆڕشه‌وه‌ گوشار بخاته‌ سه‌ر عێراق تا به‌ په‌یماننامه‌ی گوڵانی ساڵی ١٩٣٧ی تایبه‌ت به‌ (شه‌تولعه‌ره‌ب) دا بچێته‌وه، هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش بوو كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكای قایل كرد له‌ ژێر سه‌رپه‌ر‌شتی خۆی و به‌ نهێنی یارمه‌تی شۆڕش بدات‌.

محه‌مه‌د ڕە‌زا شای ئێران، تا ده‌هات له‌ ئامانجه‌كه‌ی نزیكتر ده‌بووه‌وه‌، له‌ ٦ی ئاداری ساڵی ١٩٧٥ كۆنفرانسی سه‌رانی ئۆپێك له‌ جه‌زائیر به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری سێزده‌ وڵاتی ئه‌ندام له‌ ڕێكخراوه‌كه‌ به‌سترا، له‌م كۆنفرانسه‌دا به‌ هاوكاری سه‌رۆكی وڵاتی خانه‌خوێ هه‌واری بومیدیه‌ن ڕێككه‌وتننامه‌یه‌كی سیاسی سه‌ربازی له‌ نێوان سه‌دام حسێن جێگری سه‌رۆك كۆماری ئه‌وكاتی عێراق و محه‌مه‌د ڕە‌زا شا په‌هله‌وی ئێران واژۆكرا، ئه‌نجامی ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ ئه‌وه‌ بوو‌ ئێران یارمه‌تی عێراق بدات له‌ ئابلۆقه‌دانی شۆڕشی كورد، سنووره‌كانی له‌گه‌ڵ عێراق بپارێزێت و چیتر ده‌ست له‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی عێراق وه‌رنه‌دات، له‌ به‌رامبه‌ر ده‌سبه‌رداربوونی‌ عێراق له‌ چه‌ند زه‌وییه‌كی (شط العرب) بۆ ئێران و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سنووره‌ ئاوییه‌كانی هه‌ردوو وڵات بۆ ڕێككه‌وتننامه‌ی قوسته‌نته‌نییه‌ی ساڵی ١٩١٣ی نێوان ئێران و ده‌وڵه‌تی عوسمانی.


نسكۆی شۆڕش

كاتێك ڕێككه‌وتننامه‌ی جه‌زائیر ڕاگه‌یه‌نرا، سه‌رۆك مستەفا بارزانی به‌ شاندێك، له‌سه‌ر داواكاری شای ئێران، سه‌ردانی تارانیان كردبوو، له‌ لایه‌ن سه‌رۆك بارزانییه‌وه‌، موحسین دزه‌یی له‌ تارانه‌وه‌ نێردرایه‌‌ حاجی ئۆمه‌ران، بۆ ئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركرده‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی شۆڕشدا ئه‌نجام بدات و دوایین پێشهاته‌كانیان پێڕابگه‌ینێت‌، نیوه‌ڕۆی ٨ی ئاداری ١٩٧٥ موحسین دزه‌یی گه‌یشته‌ حاجی ئۆمه‌ران و كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سازدا، نێردراوه‌كه‌ی بارزانی به‌ ئاماده‌بووانی ڕاگه‌یاند كه‌ ڕژێمی پاشایه‌تی ئێران بڕیاریداوه‌‌ له‌ ١ی نیسانه‌وه‌ سنووره‌كانی دابخات و ئاماده‌ نییه‌ چیتر یارمه‌تی شۆڕش بدات، سه‌رۆك بارزانی داوای كردووه‌ ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی بڕیار بده‌ن، له‌وه‌ی ئاواره‌ی ئێران ببن، یان درێژە‌ به‌ شۆڕش بدرێت.

زۆربه‌ی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ بوون له‌ ڕێگه‌ی شه‌ڕی پارتیزانییه‌وه درێژە‌ به‌ شۆڕش بدرێت‌ و خۆیان ڕاده‌ستی هیچ لایه‌ك نه‌كه‌ن‌، موحسین دزه‌یی ڕۆژی ٩ی ئادار گه‌ڕایه‌وه‌ تاران، بڕیار و پێشنیاره‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی به‌ سه‌رۆك بارزانی ڕاگه‌یاند، هه‌مان ڕۆژ له‌ ڕێگه‌ی ده‌زگای بێته‌لی نووسینگه‌ی پارتی له‌ تاران وه‌ڵامی سه‌رۆك مسته‌فا بارزانیمستەفا بارزانی بۆ حاجی ئۆمه‌ران نێردرا‌یه‌وه‌ و پاڵپشتی پێشنیاری سه‌ركردایه‌تی پارتی كرد بۆ به‌رده‌وامیدان به‌ شه‌ڕی پارتیزانی.

دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی محه‌مه‌د ڕە‌زا شا له‌ جه‌زائیر، له‌ ١١ی ئاداری ١٩٧٥ له‌گه‌ڵ شاندی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له‌ تاران كۆبوونه‌وه‌، شا به‌وه‌ پاساوی بۆ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ هێنایه‌وه، كه‌ (ناچاربووم‌ به‌رژە‌وه‌ندی وڵاته‌كه‌م پێش به‌رژە‌وه‌ندییه‌كانی تر بخه‌م، وه‌ك چۆن ئێوه‌ش له‌ خه‌می به‌رژە‌وه‌ندی خۆتان ڕێككه‌وتننامه‌ی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ تان له‌گه‌ڵیان مۆركرد).

له‌ ڕێكه‌وتی ١٢ی ئادار سه‌رۆك مستەفا بارزانی و شاندی یاوه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ حاجی ئۆمه‌ران‌، هه‌مان ڕۆژ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی حزب ئه‌نجامدا، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاری‌ به‌رده‌وامیدان‌‌ به‌ شه‌ڕ درا، ڕۆژی ١٣ی ئادار دوای ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌ست، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانتر له‌ لایه‌ن سه‌رۆك مسته‌فا بارزانییه‌وه‌ ئه‌نجام درا،‌ سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌كانی ناوچه‌كه‌، كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌كان و كادیره‌ پێشكه‌وتووه‌كانی حیزبیش تێیدا به‌شدار بوون، بڕیاردرا ناوچه‌كانی شۆڕش به‌سه‌ر چه‌ند كه‌رتێكدا دابه‌ش بكرێن و هه‌ر كه‌رتێكیش سه‌ركرده‌یه‌كی مه‌یدانی تایبه‌تی بۆ دابنرێت، هه‌روه‌ها بۆئه‌وه‌ی باری سه‌رشانی شۆڕش سووك بكرێت و ژماره‌ی پێشمه‌رگه‌ی هێزه‌كان كه‌م بكرێنه‌وه‌ و ڕاشگه‌یه‌نرا هه‌ر كه‌سه‌ ئازاده‌ له‌وه‌ی بچێته‌وه‌ عێراق و به‌ر لێبووردنی گشتی بكه‌وێت، یان وه‌ك په‌نابه‌ر ڕووبكاته‌ ئێران، یاخود له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی شۆڕش بمێنێته‌وه‌ و له‌ شه‌ڕكردن به‌رده‌وام بێت، زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌شدار بوون بڕیاری مانه‌وه‌یان دا.

دوای بڕیاری به‌رده‌وامیدان به‌ شۆڕش، له‌ ڕێكه‌وتی١٨ی ئادار ژە‌نه‌ڕال مه‌نسوور پوور نوێنه‌ری محه‌مه‌د ڕە‌زا شا، هاته‌ ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی شۆڕش و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی و به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی كۆبووه‌وه‌، مه‌نسوور پوور دوا بڕیاری شای له‌باره‌ی شۆڕشه‌وه‌ هێنابوو، به‌ سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ڕاگه‌یاند (ئه‌گه‌ر له‌ شه‌ڕكردن به‌رده‌وام بن ئه‌وا‌ ڕێگه‌ به‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی عێراق دراوه‌ بۆ له ‌ناوبردنی شۆڕش بێنه‌ ناو خاكی ئێرانه‌وه‌، هێزه‌كانی ئێرانیش ئه‌گه‌ر پێویست بكات یارمه‌تییان ده‌ده‌ن). ڕۆژی ١٨ی ئادار له‌ لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی شۆڕشه‌وه‌ بڕیاری كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌ په‌له‌ درا، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كه‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و كۆمیته‌ی ناوه‌ندی تێیدا به‌شدار بوون، سه‌رۆك مستەفا بارزانی بۆچوونی خۆی به‌ ئاماده‌بوانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ڕاگه‌یاند، ئه‌ویش بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی شه‌ڕ ڕابگیرێت و له‌كاتێكی له‌بارتردا ده‌ست پێبكرێته‌وه‌، دوای گفتوگۆكردن له‌باره‌ی سه‌رجه‌م بارودۆخه‌كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ سه‌ربازی و كه‌سایه‌تییه‌ حیزبی و سیاسییه‌كان، گشتیان پێشنیاره‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانییان په‌سه‌ند كرد، ئه‌وه‌بوو تا ٢٥ی ئاداری ١٩٧٥، به‌شی هه‌ره‌زۆری سه‌ركردایه‌تی شۆڕش، پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵكی سڤیل ئاواره‌ی وڵاتی ئێران بوون و ژماره‌یه‌كی زۆریش به‌ر لێبووردنی گشتی كه‌وتن و له‌ كوردستان مانه‌وه،‌ دواتر بۆ باشووری و ناوه‌ڕاستی عێراق ڕاگوێزران‌.


سه‌رچاوه‌كان:

  1.  مسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد، ١٩٥٨-١٩٦١، به‌رگی دووه‌م، (٢٠١٢).
  2.  مسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد ١٩٦١ـ ١٩٧٥، به‌رگی سێیه‌م، به‌شی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ـ ٢٠٠٤ز).
  3.  مسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد ١٩٦١ـ ١٩٧٥، به‌رگی سێیه‌م، به‌شی دووه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ـ ٢٠٠٤ز).
  4.  مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆنگره‌ و كۆنفرانس (پرۆگرام و په‌یڕەوی ناوخۆ). ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی ڕۆژەه‌ڵات- ٢٠٢١).
  5.  صلاح الخرسان، التیارات السیاسیة في كردستان العراق، قراءة في ملفات الحركات و الأحزاب الكردیة في العراق ١٩٤٦-٢٠٠١، (بیروت – مطبعة البلاغ – ٢٠٠١م).
  6.  حبیب محمد كریم، تأریخ الحزب الدیمقراطي الكوردستاني ـ العراق (في محطات رئیسیة) ١٩٤٦ ـ ١٩٩٣، (دهوك ـ مطبعة خه‌بات ـ ١٩٩٨م).
  7.  دكتۆر شێركۆ فه‌تحوڵا عومه‌ر، پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ی كورد ١٩٤٦ – ١٩٥٧، و. سواره‌ قه‌ڵادزه‌ێی، (چاپخانه‌ی شه‌هید ئازاد هه‌ورامی - ٢٠١٣).
  8.  شه‌وكه‌ت مه‌لا اسماعیل حسن، رۆژانی له‌ مێژووی شۆڕشی ئه‌یلول ١٩٦١ ـ ١٩٧٥، (هه‌ولێر ـ نووسینگه‌ی ته‌فسیر بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ و ڕاگه‌یاندن ـ چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ـ ٢٠٠٧ز).
  9.  عصمت شریف وانلي، كردستان العراقیة هویة وطنیة (دراسة في ثورة ١٩٦١)، ترجمة سعاد محمد خضر، (السلیمانیة ـ مؤسسة ژین ـ مطبعة شڤان ـ ٢٠١٢م).
  10.  شیرزاد زكریا محمد، مجلس قیادة الثورة في كوردستان ـ العراق ١٩٦٤ ـ ١٩٧٠ دراسة تاریخیة سیاسیة عامة، (دهوك ـ مركز الدراسات الكوردیة و حفظ الوثائق ـ جامعة دهوك ـ مطبعة جامعة دهوك ـ ٢٠١٠م).
  11.  شورای فرماندهی انقلاب عشایر تشكیل شد كمیته‌ دفاع از حقوق عشایر، روزنامه‌ اطلاعات، شماره‌ ١١٥٣٣، تهران، شنبه‌، ١٦ آبان ١٣٤٣ھ . ش.
  12.  به‌ دنبال صدور اعلامیه‌ عشایر عراق درباره‌ خودمختاری، روزنامه‌ اطلاعات، شماره‌ ١١٥٣٤، تهران، یكشنبه‌، ١٧ آبان ١٣٤٣ھ . ش.

بابەتی پەیوەندیدار

کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان

ڕۆژی ٣ی تشرینی دووه‌می ٢٠٢٢ کۆنگرەی چواردەیەم له‌ شاری دهۆك و به‌ ئاماده‌بوونی ١٠٢٢ نوێنه‌ر  له‌ كۆی ١٠٦٥ نوێنه‌ر كه‌ مافی به‌شداریكردنی كۆنگره‌یان هه‌بوو له‌ سه‌رجه‌م ڕێكخستنه‌كانی پارتی له‌ ژێر (دروشمی ئازادی، دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری) ده‌ستی به‌ كاره‌كانی خۆی كرد.

زانیاری زیاتر

پارتی دیموکراتی کوردستان

پارتی دیموکراتی کوردستان (پ.د.ك)، به‌ ڕێنووسی لاتینی (Partiya demokrata kurdestanê)، به‌ زمانی ئینگلیزی (kurdistan democratic party) و به‌ زمانی عه‌ره‌بی (الحزب الدیموقراطي الكوردستاني)، پارتێکی نیشتمانی دیموکراتیی جەماوەرییە، له‌ ڕێكه‌وتی ١٦ی ئابی ١٩٤٦ به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی له‌ شاری به‌غدا به‌ شێوه‌یه‌كی نهێنی دامه‌زرا....

زانیاری زیاتر

شۆڕشی گوڵان

شۆڕشی گوڵان- (شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتنخواز – ٢٦ی گوڵانی ١٩٧٦). ‌ له‌ لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ به‌ سه‌رپه‌ر‌شتی سەرۆک مەسعود بارزانی دژی حكوومه‌تی به‌عسی عێراق له‌ باشووری كوردستان هه‌ڵگیرسا و تا ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی ١٩٩١ به‌رده‌وام بوو.

زانیاری زیاتر

کۆنگرەی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان

كۆنگره‌ی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان - ١١ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٠ )دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عسی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ عێراق ساڵی ٢٠٠٣ و گۆڕانكاری گه‌وره‌ی سیاسی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، له‌ كه‌شێكی ئاسایی له‌ شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدرا.

زانیاری زیاتر

کۆنگرەی یەکەمی پارتی دیموکراتی کوردستان

كۆنگره‌ی یه‌كه‌م یاخود (دامه‌زراندن)ی پارتی دیموكراتی كوردستان - (پارتی دیموكراتی كوردی عێراق - ١٦ی ئابی ١٩٤٦)، له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی ژه‌نه‌راڵ مسته‌فا بارزانی له‌ بەغدا بە ئاماده‌بوونی ٧٠ نوێنەر له‌ كه‌سایه‌تییه‌كانی‌ كوردی باشووری كوردستان، به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی به‌سترا و تێیدا دامه‌زراندنی پارتێكی سیاسی نوێ له‌ باشووری كوردستان ڕاگه‌یه‌نرا.

زانیاری زیاتر