ئیبراهیم ئەحمەد فه‌تاح مسته‌فا، ناسراو به ئیبراهیم ئەحمەد ١٩٥٣ له كۆنگره‌ی سێیه‌م به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و سكرتێری گشتی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراق هه‌ڵبژێردراوه، ساڵی ١٩٦٤ به هاوكاری و پشتگیری ده‌سه‌ڵاتدارانی شانشینی ئێران سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی ماوه‌تی دژ به سه‌رۆك مستەفا بارزانی كرد‌ووه، ساڵی ١٩٦٤ له‌لایه‌ن تێكڕای نوێنه‌رانی كۆنگره‌ی شه‌شه‌می پارتی دیموكراتی كوردستانەوە له‌به‌ر لادان له په‌یڕه‌و پرۆگرام له ڕیزه‌كانی پارتی دوورخراوه‌تەوە، ساڵی ١٩٦٦ ڕووی لە شاری به‌غدا كردووە و په‌نای بردووەتە به‌ر حكومه‌تی عێراق و به چه‌ك دژ به شۆڕشی ئەیلوول وه‌ستاوەتەوە، له ٢٨ی ئاداری ١٩٧٠ ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر سه‌رۆككۆماری عێراق وازهێنانی ته‌واوی خۆی له پشتگیری له گروپی (ئیبراهیم ئەحمەد ـ جه‌لال تاڵه‌بانی) ڕاگەیاند و فه‌رمانی چه‌ككردنی هه‌وادارانیانی دەركرد، له ١٠ی شوباتی ١٩٧١ گروپه‌كه‌ی خۆی هه‌ڵوەشاندووەتەوە و له‌گه‌ڵ سەرۆك مستەفا بارزانی ئاشت بووەتە‌وه و له ده‌ڤه‌ری باڵه‌ك له پارێزگای هه‌ولێر نیشته‌جێ كراوە.
ژیاننامه
ئیبراهیم ئەحمەد فه‌تاح مسته‌فا له ساڵی ١٩١٤ له شاری سلێمانی دایك بووه ، به ڕه‌چه‌ڵه‌ك ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر هۆزی هه‌مه‌وه‌ندی خێڵی زه‌نگه‌نه‌ی فه‌یلی كه باپیرانی له ده‌ڤه‌ری كرماشانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانەوە به‌ره‌و باشووری كوردستان كۆچیان كرد‌ووه و له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئه‌م هۆزه به هه‌مەوه‌ندی، ئه‌حمه‌دوه‌ندی و بێهتویی ناسراوه، ئیبراهیم ئەحمەد قۆناغی ناوه‌ندی له قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی كه‌رخ و قۆناغی دواناوه‌ندیشی له دواناوه‌ندی مه‌ركه‌زی له شاری به‌غدا ته‌واو كرد‌ووه ساڵی ١٩٣٧ به‌كالۆریۆسی ماف له كۆلێژی مافی به‌غدای وه‌رگرتووه، ساڵی ١٩٤٧ ژیانی هاوسه‌ریی له‌گه‌ڵ گه‌لاوێژ خانی خوشكه‌زای پارێزه‌ر هه‌مزه عه‌بدوڵا عومه‌ر (١٩١٥ـ ١٩٩٨) دا پێك هێناوه، له ڕۆژی شه‌مه ٨ی نیسانی ٢٠٠٠ به نه‌خۆشی سییه‌سۆ (ذات الرئة) له شاری لیڤێرپۆڵ له شانشینی یه‌كگرتووی بریتانیا كۆچی دوایی كرد‌ووه، له ٨ی نیسانی ٢٠٠٠دا مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان پرسه‌نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی خێزانه‌كه‌ی كرد‌ووه.
ڕۆژی دووشه‌مه‌ی ١٠ی نیسانی ٢٠٠٠ له‌لایه‌ن سه‌رۆك مەسعود بارزانی پرسه‌نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی خانه‌واده‌كه‌ی و جه‌لال تاڵه‌بانیی زاوای كرد‌ووه، له ڕۆژی چوارشه‌مه‌ی ١٩ی نیسانی ٢٠٠٠دا ته‌رمەكەی گه‌یشتووەتە شاری تاران و ڕۆژی پێنجشه‌مه ٢٠ی نیسانی ٢٠٠٠ له خاڵی سنووریی په‌روێزخانەوە گه‌یشتووەتەوە خاكی هه‌رێمی كوردستان، ڕۆژی هه‌ینی ٢١ی نیسانی ٢٠٠٠ ته‌رمه‌كه‌ی له گردی سه‌لیم به‌گی شاری سلێمانی به خاك سپێردراوه، ڕۆژی شه‌مه‌ی ٢٢ی نیسانی ٢٠٠٠ شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌شداری پرسه‌كه‌یان له شاری سلێمانی كرد‌ووه. ڕۆماننووس، هۆزانڤان و ڕۆژنامه‌نووس بووه. شاره‌زای زمانه‌كانی كوردی، عه‌ره‌بی، فارسی و ئینگلیزی بووه.
خه‌باتنامه
ئیبراهیم ئەحمەد فه‌تاح مسته‌فا له ١ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له دوای نسكۆی كۆماری دیموكراتی كوردستان و نه‌مانی حزبی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی رامیاری په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی پارتی دیموکراتی کورده‌وه كرد‌ووه، ساڵی ١٩٤٧ به‌رپرسی لێژنه‌ی ناوچه‌ی سلێمانی پارتی دیموكراتی كورد بووه، ساڵی ١٩٥١ له شاری به‌غدا له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌ی دووه‌م به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كاتی پارتی دیموكراتی كورد هه‌ڵبژێردراوه، ساڵی ١٩٥٣ له شاری كه‌ركووك له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌ی سێیه‌م به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراق هه‌ڵبژێردراوه، ساڵی ١٩٥٣ له كۆنگره‌ی سێیه‌م بووه‌ته سكرتێری گشتی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراق، ساڵی ١٩٥٣ پشتگیری پاڵاوتنی ئه‌ندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراق بۆ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بووه، ساڵی ١٩٥٣ له‌گه‌ڵ حه‌بیب محه‌مه‌د كه‌ریم (١٩٣١-٢٠١٣) ناسراو به حه‌بیب فه‌یلی و جه‌لال حیسامه‌دین نوره‌دین (١٩٣٣ـ ٢٠١٧) ناسراو به جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكایه‌تی لێژنه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراق بووه بۆ ئاشتی دانی سێ باڵی حزبی شیوعی عێراقی (القاعدة ـ رایة الشغیلة ـ وحدة الشیوعیین) و یه‌كخستنیان كه تیایدا سه‌ركه‌وتوو بوون.
ساڵی ١٩٥٤ خۆی بۆ نوێنه‌رایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پاڵاوتووە، بەڵام بۆ دوورخستنەوەی له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی شانشینی عێراقەوە بۆ ماوه‌یەك به‌ند كراوە و دوای ڕاگه‌یاندنی ئە‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئازادیان كردووە، ساڵی ١٩٥٥ له ڕێی كامیل چادرچی (١٨٩٧ـ ١٩٦٨)یەوە به مه‌بەستی هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری په‌یوه‌ندی به حزبی كۆنگره‌ی نیشتمانی (حزب المؤتمر الوطني)یەوە كرد‌ووه، ساڵی ١٩٥٦ له یه‌كگرتنی دووه‌می نێو پارتی به سكرتێری پارتی دیموكراتی یه‌كگرتووی كوردستان ده‌ستنیشان كراوه، ساڵی ١٩٥٦ پشتگیری دەوڵەتی میسری دژ به هێرشی سێلایه‌نه‌ی شانشینی یه‌كگرتووی بریتانیا، كۆماری فڕه‌نسا و كۆماری ئیسرائیل كرد‌ووه و بۆ ماوه‌یەكی كورت به‌ند كراوە و دواتر به كه‌فاله‌تی پاره ئازاد كراوه و خراوه‌ته ژێر چاودێری پۆلیسەوە، ساڵی ١٩٥٧ جارێكی تر له یه‌كگرتنی سێیه‌می نیو پارتی وه‌ك سكرتێری پارتی دیموكراتی یه‌كگرتووی كوردستان ده‌ستنیشان كراوه.
له مانگی ئاداری ١٩٥٨دا به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی كه‌سایه‌تییه كوردەكانی باشووری كوردستانی له شاری كه‌ركووك كرد‌ووه به مه‌به‌ستی ڕاده‌ربڕین سه‌باره‌ت به ده‌ستووری یه‌كێتی نێوان پاشایه‌تی عێراق و پاشایه‌تی ئوردنی هاشمی و چه‌سپاندنی مافه‌كانی كورد كه له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لانەوە به‌سه‌ر پاشایه‌تی عێراقدا سه‌پا بوو لەو كۆبوونەوەیەدا یادداشتێكیان ڕاده‌ستی كاربه‌ده‌ستانی پاشایه‌تی عێراق كرد‌ووه، پشتگیری كۆدێتای ١٤ی ته‌موزی ١٩٥٨ی دژ به ڕژیمی پاشایه‌تی عێراق كرد‌ووه، ساڵی ١٩٥٨ به یاوه‌ری چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌ك سه‌ردانی شاری پڕاگی كرد‌ووه به مه‌به‌ستی هاوڕێیه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رۆك مستەفا بارزانی (١٩٠٣ـ ١٩٧٩) بۆ خاكی نیشتمان، له ١٩ی ئه‌یلوولی١٩٥٨ به یاوه‌ری مستەفا بارزانی گه‌یشتووه‌ته فڕۆكه‌خانه‌ی قاهیره و له كۆشكی قوببه له‌لایه‌ن جه‌مال عه‌بدولناسر (١٩١٨ـ ١٩٧٠)ه‌وه پێشوازییان لێ كراوه، له ٦ی تشرینی یه‌كه‌می١٩٥٨ به یاوه‌ری سه‌رۆك مستەفا بارزانی گه‌یشتووه‌ته فڕۆكه‌خانه‌ی ئه‌لموسه‌نای به‌غدا و له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ری كورد و عه‌ره‌به‌وه پێشوازییان لێ كراوه، ساڵانی ١٩٥٩ ـ ١٩٦١ خاوه‌ن ئیمتیاز و سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌ی كوردی و عه‌ره‌بی زمانی خه‌بات ئۆرگانی پارتی دیموكراتی یه‌كگرتووی كوردستان بووه، كه ژماره‌ی یه‌كه‌می له ٤ی نیسانی ١٩٥٩ ده‌ر‌چووه و دوا ژماره‌ی ٤٦٢ بووه كه له ٢٨ی ئاداری ١٩٥١ له چاپ دراوه و له‌لایه‌ن عه‌بدولكه‌ریم قاسم (١٩١٤ـ١٩٦٣)وه داخراوه.
ساڵی ١٩٥٩ له شاری به‌غدا له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌ی چواره‌م به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراق هه‌ڵبژێردراوه، ساڵی ١٩٥٩ له یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیدا به سكرتێر دانراوه‌ته‌وه،ساڵی ١٩٦٠ له شاری به‌غدا له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌ی پێنجه‌م به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه، ساڵی ١٩٦٠ له یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیدا بۆ جاری پێنجه‌م به سكرتێری كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌تەوە، ساڵی ١٩٦١ به‌شداری دواكۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستانی له ماڵی دكتۆر موراد عه‌زیز (١٩١٨-١٩٨٠) كرد‌ووه به مه‌به‌ستی ئاماده‌كاری بۆ شۆڕش به‌ڵام به "نه‌خێر" بۆ شۆڕشكردن ده‌نگی داوه، له سه‌ره‌تای مانگی ئه‌یلوولی ١٩٦١دا له شاری به‌غدا و به شێوه‌یەكی نهێنی له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی حزبی شیوعی عێراقدا كۆ بووەتە‌وه به مه‌به‌ستی بەدەستهێنانی پشتگیری‌یان له شۆڕش دژ به حکومەتی عه‌بدولكه‌ریم قاسم به‌ڵام له خواسته‌كانی سه‌ركه‌وتوو نه‌بووە، له ڕۆژانی ١٨ تا ٢٣ی كانونی یه‌كه‌می ١٩٦١ به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتیی له گوندی عه‌وداڵان له سنووری پارێزگای سلێمانی به مه‌به‌ستی به‌رده‌وامی شۆڕشی ئەیلوول كرد‌ووه و به "به‌ڵێ" ده‌نگی داوه، له ٨ی شوباتی ١٩٦٣دا بروسكه‌ی پیرۆزبایی بۆ كۆدەتاگه‌رانی حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی سۆسیالیستی ناردووه بێ ئه‌وه‌ی گوێ به كوشتاری ئه‌ندام و سه‌ركرده‌كانی حزبی شیوعی عێراقی بدات كە هاوبیری بوون له هزری ماركسی ـ لینینیدا، له مانگی شوباتی ١٩٦٣دا بێ گوێدانی بە فه‌رمانی سه‌رۆك مستەفا بارزانی فه‌رمانی چه‌ككردن و كوشتن و گرتنی بۆ ئەو ئه‌ندامانەی حزبی شیوعی عێراق دەركرد كه له ده‌ستی كوشتاری حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی سۆسیالیست په‌نایان بۆ ناوچه ئازادكراوه‌كانی شۆڕشی ئه‌یلوول هێنابوو، ساڵی ١٩٦٣ نوێنه‌ری كۆنگره‌ی كۆیه (كۆنگره‌ی یه‌كه‌می گه‌ل) بووه، ساڵی ١٩٦٤ له‌لایه‌ن عه‌زیز محه‌مه‌د (١٩٢٤ـ٢٠١٧) سكرتێری حزبی شیوعی عێراقەوە ئامۆژگاری كراوە كه ده‌ستپێشخه‌ر نه‌بێت له شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مسته‌فا بارزانیدا به‌ڵام ئه‌و جه‌ختی له‌سه‌ر ڕێكاری سه‌ربازی و چاره‌سه‌ری گشت كێشه‌كان به پشتبه‌ستن به هێز كردووه‌تەوە.
ساڵی ١٩٦٤ به هاوكاری و پشتگیری ده‌سه‌ڵاتدارانی شانشینی ئێران سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی ماوه‌تی دژ به سه‌رۆك مستەفا بارزانی كرد‌ووه، ساڵی ١٩٦٤ له‌لایه‌ن تێكڕای نوێنه‌رانی كۆنگره‌ی شه‌شه‌می پارتی دیموكراتی كوردستانەوە له‌به‌ر لادان له په‌یڕه‌و له ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان دوورخراوه‌تەوە، ساڵی ١٩٦٤ له دوای شكستی له به‌رامبه‌ر هێزه‌كانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان په‌نای بردووەتە بەر شانشینی ئێران و له شاری تاران نیشته‌جێ كراوه، ساڵی ١٩٦٦ شانشینی ئێرانی به‌جێ هێشتووە و ڕووی لە شاری به‌غدا كردووە و په‌نای بردووەتە به‌ر حكومه‌تی عێراق و به چه‌ك دژ به شۆڕشی ئەیلوول وه‌ستاوەتەوە، له ٢٨ی ئابی ١٩٦٦دا له گوندی تیمار له سنووری پارێزگای دیاله به‌شداری یه‌كه‌مین گردبوونه‌وه‌ی دژبه‌ر‌انی سه‌رۆك مستەفا بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان ی كرد‌ووه، له ٢٢ی ئاداری ١٩٦٧ له گوندی تیمار و هه‌ر به ناوی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وه كۆنگره‌یه‌كی ناشه‌رعی به‌ستراوه و تێیدا بووه‌ته ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و پاشان له‌ناو گروپه‌كه‌یدا وه‌ك سكترێری كۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردراوه، له ٢٨ی ئاداری ١٩٧٠ ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر سه‌رۆككۆماری عێراق وازهێنانی ته‌واوی خۆی له پشتگیری له گروپی (ئیبراهیم ئەحمەد ـ جه‌لال تاڵه‌بانی) ڕاگەیاند و فه‌رمانی چه‌ككردنی هه‌وادارانیانی دەركرد، له ١٥ی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی ١٩٧٠ به هاوڕێیه‌تی پارێزه‌ر عومه‌ر مسته‌فا محه‌مه‌دئه‌مین (١٩٢٣ـ ١٩٩٢) ناسراو عومه‌ر ده‌بابه و عه‌لی عه‌بدوڵا ڕه‌زا (١٩٣٧ـ ١٩٧٨) ناسراو به عه‌لی عه‌سكه‌ری به مه‌به‌ستی ئاشتیكردن له گوندی دیلمان له سنووری پارێزگای هه‌ولێر چاوی به جه‌نه‌راڵ مستەفا بارزانی كەوتووە و ڕێككەوتوون له سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گروپی (ئیبراهیم ئەحمەد ـ جه‌لال تاڵه‌بانی) و بێ مه‌رج هاتنه‌ڕیزی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه.
له ٢٧ی كانونی یه‌كه‌می ١٩٧٠ به‌شداری دوا گردبوونه‌وه‌ی گروپه‌كه‌ی كردووە به مه‌به‌ستی خۆهه‌ڵوه‌شاندنەوە و چوونه پاڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ، له ١٠ی شوباتی ١٩٧١ گروپه‌كه‌ی خۆی هه‌ڵوەشاندووەتەوە و له‌گه‌ڵ سەرۆك مستەفا بارزانیدا ئاشت بووەتە‌وه و له ده‌ڤه‌ری باڵه‌ك له پارێزگای هه‌ولێر نیشته‌جێ كراوە، ساڵی ١٩٧٥ دیداری له‌گه‌ڵ ئیدریس بارزانى (١٩٤٤-١٩٨٧) دا ئه‌نجام داوه به مه‌به‌ستی هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری، له ساڵی ١٩٧٥دا ڕووی له شانشینی یه‌كگرتووی بریتانیا كرد‌ووه، له ٣١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٩٢له كۆنگره‌ی نیشتمانی یه‌كگرتووی عێراقی له پیرمام به ئه‌ندامی ده‌سته‌ی ڕاوێژكاری ده‌ستنیشانكرا، ساڵی ٢٠٠٠ به‌شداری كۆنفڕانسی زمانی كوردیی له پاریس كرد‌ووه.
له به‌رهه‌مه‌كانی:
١.یادگار و هیوا -١٩٣٢.
٢.كوێره‌وه‌ری ـ (چاپی یه‌كه‌م ـ ١٩٥٩)، (چاپی قاچاخ ـ ١٣٦١ ك . ھ).
٣.ژانی گه‌ل ـ (چاپی یه‌كه‌م ـ ١٩٧٣)، (چاپی دووه‌م ـ ١٩٨٧)، وه‌رگێرانی فارسی له‌لایه‌ن محه‌مه‌د قازی و ئه‌حمه‌د قازی له ساڵی ١٩٧٩ له‌ژێر ناونیشانی ژانی گل له شاری تاران له چاپ دراوه
٤.هه‌رزه‌كاریی ـ به‌شی یه‌كه‌م ـ ٢٠٠٦.
٥.توێژێ له خه‌باتی كاكه عومه‌ر ده‌بابه ١٩٩٦.
٦.په‌یامی دڵسۆزی ـ بێ ساڵ.
٧.الأكراد والعرب ـ (چاپی یه‌كه‌م ١٩٣٧)، ١٩٨٧ ـ لندن).
٨.دڕك و گوڵ.
سه‌رچاوه‌كان:
١.ئه‌رشیفی ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.
٢.ئارام كه‌ریم، من مامجه‌لال ده‌ناسم، به‌شی یه‌كه‌م، (بێ شوێن ـ ٢٠٠٠)، ل ل ٩ ـ ١٢، ٢٠ ـ ٢٢، ٢٦.
٣.كۆنگره‌ی نیشتمانیی عیراق به سه‌ركه‌وتویی كۆتایی هات، ڕۆژنامه‌ی خه‌بات، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژماره ٦٤٥، هه‌ولێر، چوارشه‌مه، ٤ی تشرینی دووه‌می ١٩٩٢، ل ١.
٤.ابراهیم احمد، ژانی گل، ترجمه محمد قاضی و احمد قاضی، (تهران ـ مؤسسه انتشارات آگاه ـ ١٣٥٨ھ . ش)، ص ص ١، ٩ ـ ١٠، ١٩٩.
٥.هارفي موریس وجون بلوج، لا أصدقاء سوی الجبال، ترجمة راج آل محمد، الطبعة الثالثة، (قامشلي ـ دار نقش ـ ٢٠٢٠م)، ص ص ١٩٩، ٢٠١ ـ ٢٠٢، ٢٠٤، ٢٠٧، ٢١١ ـ ٢١٢.
٦.خیرت بین الحاكمیة والصحافة .. فأخترت الصحافة!، صحیفة الأتحاد، لسان حال الأتحاد الوطني الكوردستاني، العدد ٢، السنة الأولی، أربیل، السبت، ٧تشرین الثاني ١٩٩٢م، ص ٥5.
٦.٧.ئارام ئیسماعیل كوردستانی، ئینسكلۆپێدیای گۆڤه‌ند، (سۆران ـ كۆمه‌ڵگای فه‌رهه‌نگی ئه‌حمه‌دێ خانی ـ ٢٠١٨ز)، ل ٥٠.
٨. الرئیس البارزاني یعزي السید جلال الطالباني وعائلة المرحوم ابراهیم احمد، جریدة خه‌بات، لسان حال الحزب الدیمقراطي الكوردستاني، العدد ٩٧١، السنة ٥٣، أربیل، الجمعة، ١٤ نیسانی ٢٠٠٠م، ص ٢.
٩. المكتب السیاسي لحزبنا یعزي بوفاة المرحوم ابراهیم احمد، جریدة خه‌بات، لسان حال الحزب الدیمقراطي الكوردستاني، العدد ٩٧١، السنة ٥٣، أربیل، الجمعة، ١٤14 نیسانی ٢٠٠٠م، ص ٢.