کۆنگرەی چوارەمی پارتی دیموکراتی کوردستان

كۆنگره‌ی چوارەمی پارتی دیموكراتی كوردستان- (پارتی دیموكراتی كوردستان - عێراق – ٤ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٥٩)، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی جه‌نه‌راڵ مسته‌فا بارزانی و هه‌ڤاڵانی له‌ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی حزب له‌‌ شاری به‌غدا به‌ شێوه‌ی ئاشكرا به‌سترا.


بارودۆخی حزب پێش كۆنگره‌

ساڵی ١٩٥٥ جەلال تاڵەبانی وه‌ك نوێنه‌ری (یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان) له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی (لاوانی دیموكراتی عێراق)ی‌ سه‌ر به‌ حزبی كۆمۆنیستی عێراق، به‌شداریی له‌ كۆنگره‌ی لاوانی جیهانی له‌ وارشۆی پایته‌ختی پۆڵه‌ندا كرد، دواتر‌ وه‌ك نوێنه‌ری (یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان) پاش بانگهێشتكردنی چووه‌ په‌كینی پایته‌ختی وڵاتی چین، به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌ ڤیستیڤاڵێكی لاوان. جەلال تاڵەبانی له‌ ڕێگای گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌ یه‌كێتی سۆڤیه‌تدا، له‌ مۆسكۆی پایته‌خت توانی دوو جار به‌ ڕێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ سه‌رۆك مستەفا بارزانییه‌وه‌ بكات له‌ باره‌ی حزبه‌وه‌ ئامۆژگاری لێ وه‌ربگرێت، پێشتریش بارزانی له‌ لایه‌ن جەلال تاڵەبانییه‌وه‌ به‌ نامه‌یه‌ك له‌ كێشه‌كان و بارودۆخی حزب ئاگاداركرابووه‌وه‌، له‌م په‌یوه‌ندییانه‌دا سه‌رۆك بارزانی داوای كرد، كۆتایی به‌ كێشه‌كانی نێوان هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا و ئیبراهیم ئەحمەد بهێنرێت و یه‌كبگرنه‌وه‌.

له‌سه‌ر داواكاری سه‌رۆك مستەفا بارزانی، چه‌ندین دیدار له‌ نێوان هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا و ئیبراهیم ئەحمەد، به‌ مه‌به‌ستی یه‌كگرتن و به‌لاوه‌نانی ناكۆكییه‌كان‌ ڕێكخران، دواجار به‌یاننامه‌یه‌ك له‌لایه‌ن (به‌ره‌ی پێشكه‌وتووی پارتی دیموكراتی كورد)ه‌وه‌ كه‌ هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا سه‌رپه‌رشتی ده‌كرد،‌ به‌ مه‌به‌ستی خۆهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕیزەکانی پارتی بڵاوكرایه‌وه‌.

دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی باڵی هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا بۆ ناو پارتی، له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٥٦، ده‌سته‌یه‌ك له‌ كورده‌ ماركسییه‌كانی ئه‌ندام له‌ حزبی شیوعی عێراقی، پاش ئه‌نجامدانی چه‌ندین گفتوگۆ، به‌ مه‌رج هاتنه‌ ڕیزی پارتییه‌وه‌، به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی باڵی هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا و په‌یوه‌ندیكردنی ده‌سته‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامه‌ كورده‌كانی حزبی شیوعی عێراقی كه‌ ‌دیارترینیان نه‌ژاد ئه‌حمه‌د عه‌زیز و خەسرەو تۆفیق فەتحوڵا بوون، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیدا ناوی حزب له‌ (پارتی دیموكراتی كوردستان – عێراق) گۆڕدرا بۆ (پارتی دیموكراتی یه‌كگرتووی كوردستان – عێراق) و سه‌ركردایه‌تییه‌كی نوێ بۆ حزب ده‌ستنیشانكرا، هه‌ڵبه‌ته‌‌ ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ پێچه‌وانه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی حزب بوون و ده‌بوایه‌ له‌ كۆنگره،‌ یان كۆنفرانسی گشتی بڕیاریان له‌ باره‌وه‌ بدرێت.

كۆمیته‌ی ناوه‌ندی نوێ پێكهاتبوون له‌:

  1. ئیبراهیم ئەحمەد، سكرتێری گشتی
  2. هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا
  3. عەلی عەبدوڵا
  4. نوری ئەحمەد تەها
  5. عومەر مستەفا
  6. جەلال تاڵەبانی
  7. حه‌بیب محه‌مه‌د كه‌ریم
  8. نه‌ژاد ئه‌حمه‌د عه‌زیز
  9. خەسرەو تۆفیق فەتحوڵا

دواتر مه‌كته‌بی سیاسیش له چوار ئه‌ندام پێكهێنرا كه‌ بریتیبوون له‌ ئیبراهیم ئەحمەد، عومه‌ر مسته‌فا، هەمزە عەبدوڵا و جەلال تاڵەبانی.

له‌ ئه‌نجامی ئه‌م یه‌كگرتنه‌‌دا، گۆڕانكاری له‌ ناوی ئۆرگانه‌كانی پارتیشدا كرا و ئۆرگانی پارتی به‌ ناوی (خه‌باتی كوردستان)ه‌وه‌ چاپ كرا و بڵاوكرایه‌وه.

دوابه‌دوای ئه‌م گۆڕانكارییانه،‌ ساڵی ١٩٥٧، سه‌ركردایه‌تی لقی كوردستانی حزبی شیوعی عێراقی كه‌ بریتیبوون له‌ ساڵح حەیدەری، حه‌مید عوسمان و كه‌مال فوئاد هاتنه‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كورد ده‌بێت هه‌موویان له‌ یه‌ك حزبدا كۆببنه‌وه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ لقی حزبی شیوعی كوردستان خۆیان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و هاتنه‌ نێو ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی یه‌كگرتووی كوردستان – عێراق، ئه‌وه‌ بوو جارێكیتر گۆڕانكاری له‌ سه‌ركردایه‌تی حزبدا كرا و هه‌ریه‌ك له‌ ساڵح حه‌یده‌ری و حه‌مید عوسمان زیادكرانه‌ سه‌ر ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی، مه‌كته‌بی سیاسیش پێكهێنرا كه‌ بریتیبوون له‌ ئیبراهیم ئەحمەد، ساڵح حەیدەری، هەمزە عەبدوڵا، حه‌مید عوسمان و جەلال تاڵەبانی.

دوای شۆڕشی‌ ١٤ی ته‌مووزی ١٩٥٨، كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی (مه‌له‌كی) له‌ عێراق هات و سیسته‌می كۆماری شوێنی گرته‌وه‌، به‌مه‌ش كۆماری عێراق به‌ره‌و قۆناغێكی نوێ هه‌نگاوی نا و گه‌لێك گۆڕانكاری به‌رچاو هاتنه‌ كایه‌وه‌، كۆماری عێراق له‌ ٢٤ی ئاداری ١٩٥٩ له‌ په‌یماننامه‌ی به‌غدا و دواتر له‌ ٣٠ی ئایاری ١٩٥٩ له‌ ڕێككه‌وتننامه‌ی (ئانگلۆ - عێراق)ی كشایه‌وه‌‌‌. له‌ ٤ی نیسانی ١٩٥٩دا دوا یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كانی سوپای به‌ریتانیا له‌ خاكی عێراق كشانه‌وه‌ و له‌ سه‌ره‌تای مانگی حوزه‌یران، كۆماری عێراق له‌ دراوی پاوه‌ندی ئێسته‌رلینی ده‌رچوو.

شۆڕشی ١٤ی ته‌مووز و گۆڕانكارییه‌كانی دوای شۆڕش، كه‌شێكی له‌باری بۆ ڕێكخستنه‌ نهێنییه‌كان هێنایه‌ كایه‌وه‌، حزب سه‌رله‌نوێ ده‌ستیكرد به‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی په‌یكه‌ری ڕێكخراوه‌ جه‌ماوه‌ری و پیشه‌ییه‌كان، هاوكات گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رۆك مستەفا بارزانی و هه‌ڤاڵانیشی له‌ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت له‌ ٦ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٥٨، كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بوو له‌ خرۆشانی جه‌ماوه‌ر و هاتنه‌ڕیزی پارتیدا.

باڵاده‌ستی شیوعییه‌كان له‌ سه‌رده‌می عه‌بدولكه‌ریم قاسمدا، كاریگه‌ریی كردبووه‌ سه‌ر پارتی و په‌یتا په‌یتا حزبی به‌ره‌و له‌تبوون ده‌برد، به‌تایبه‌ت له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و كادیرانه‌ی حزبی شیوعی، كه‌ له‌ ماوه‌كانی پێشوودا په‌یوه‌ندییان به‌ ڕیزه‌كانی پارتییه‌وه‌ كردبوو، په‌یوه‌ندیكردنی شیوعییه‌كان به‌ پارتی و كاریگه‌ریان له‌سه‌ر هەمزە عەبدوڵا، وایكرد له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ده‌ست به‌سه‌ر حزبدا بگرن. له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا ئیبراهیم ئەحمەدی سكرتێر به‌ تۆمه‌تی ڕاستڕه‌وی لادرا و هەمزە عەبدوڵا له‌ شوێنی كرا به‌ سكرتێری حزب، جەلال تاڵەبانیش كه‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی بوو هه‌ر به‌م بیانۆیه‌ سڕكرا. په‌یوه‌ندییه‌كی نهێنیش له‌نێوان مه‌كته‌بی سیاسی و حزبی شیوعی دروستكرا، پارتی كرابووه‌ لقێك له‌ لقه‌كانی حزبی شیوعی، ئه‌م پشتگیری و لایه‌نگرییه‌ بۆ حزبی شیوعی په‌یتا په‌یتا به‌ره‌و بنكه‌ و ئه‌ندامانی حزبیش په‌لی ده‌هاوێشت، له‌سه‌ر ئه‌م بارودۆخه‌ له‌لایه‌ن ڕێكخستن و ئه‌ندامانی حزبه‌وه‌ سكاڵایه‌كی زۆر ده‌گه‌یشته‌ ده‌ست سه‌رۆك مستەفا بارزانی و داوای لێده‌كرا بۆ كۆتایهێنان به‌ كێشه‌كان په‌له‌ بكرێت له‌ به‌ستنی كۆنگره‌دا، له‌ به‌رامبه‌ریشدا مه‌كته‌بی سیاسی به‌رده‌وام ته‌گه‌ره‌ی ده‌خسته‌ به‌رده‌م به‌ستنی كۆنگره‌ و هه‌وڵی دواخستنی ده‌دا.


به‌ستنی كۆنگره‌

به‌مه‌به‌ستی كۆتایهێنان به‌ كێشه‌كان و بنبڕكردنیان، سه‌رۆك مستەفا بارزانی، داوای كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی كرد. له‌ ٣٠ حوزه‌یرانی ١٩٥٩ ته‌واوی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارت، به‌ بێ ئاماده‌بوونی سكرتێری حزب و مه‌كته‌بی سیاسی له‌ ماڵی سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی له‌ شاری به‌غدا كۆبوونه‌وه‌، دوای ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌، له‌ لایه‌ن كۆمیته‌ی ناوه‌ندییه‌وه‌ بڕیاری سڕكردنی سكرتێری حزب هەمزە عەبدوڵا و هه‌ریه‌ك له‌ خەسرەو تۆفیق فەتحوڵا، نه‌ژاد ئه‌حمه‌د، ساڵح ڕوشدی تاهیر، حه‌مید عوسمان و ساڵح حەیدەری درا، بڕیاریشدرا ئاماده‌كاریی بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ی چواره‌می پارتی بكرێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ لێژنه‌یه‌كی ئاماده‌كاریی كۆنگره‌ پێكهێنرا.

دوای ئاماده‌كاری ته‌واو، كۆنگره‌ له ٤ تا ٧ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٥٩، بە ئامادەبوونی ١٢٠ نوێنەر له‌ ماڵی کاکە زیادی کۆیە، له‌ شاری به‌غدا، له‌ كه‌شێكی ئارام و ئاشته‌واییدا به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا به‌سترا. لەم کۆنگرەیەدا پرۆگرام و پەیڕەوێکی ناوخۆی نوێ پەسند کرا و ژمارەیەک بڕیاردران کە گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوە بوون:

  1. سەرانی دەستەگەری لە ڕیزی حزب دەرکران.
  2. پارتی گەڕێندرایەوە سەر ڕێبازی بنەڕەتی نەتەوەیی و لە بری تەبەنی کردنی مارکسی، گۆڕا بۆ سوود وەرگرتن لێی.
  3. ناوی پارتی کرایەوە بە پارتی دیموکراتی کوردستان - عێراق.
  4. بۆ یەكه‌مجار بڕیار لە دروستکردنی لێژنه‌ی چاودێری و پشكنینی باڵا درا.

سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی بۆ جاری یه‌كه‌م بەشداری‌ له‌ كۆنگره‌ی پارتیدا كرد و به‌ ئاماده‌بوونی خۆی به‌ سه‌رۆكی پارتی هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌، لە کۆتاییشدا به‌ ده‌نگی نوێنه‌رانی كۆنگره‌ سه‌ركردایه‌تییه‌كی نوێ هه‌ڵبژێردرا، كه‌ بریتیبوون له‌:

  1. مستەفا بارزانی، سه‌رۆك
  2. ئیبراهیم ئەحمەد، سكرتێر
  3. نوری شاوێس
  4. عەلی عەبدوڵا
  5. عومه‌ر مسته‌فا
  6. جەلال بەگ شوانی (مامۆستا جه‌لال عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌مین)
  7. ئەحمەد ئامێدی (ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵا محه‌مه‌د)
  8. عەونی یوسف
  9. سەید عەزیز شەمزینی (عه‌زیز عه‌بدوڵا عه‌بدولقادر)
  10. نوری ئەحمەد تەها
  11. دكتۆر موراد عه‌زیز(موراد ڕه‌زم ئاوه‌ر)
  12. مەلا ماتۆڕ (عه‌بدوڵا ئیسماعیل ئه‌حمه‌د)
  13. جەلال تاڵەبانی

هه‌روه‌ها نەعمان عیسا به‌ ئه‌ندامی یه‌ده‌گی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردرا.

لێژنه‌ی چاودێری و پشكنینی باڵا بۆ یه‌كه‌مجار پێكهێنرا، لێژنه‌كه‌ له‌ پێنج ئه‌ندام پێكهات و‌ بریتیبوون له‌ شەمسەدین موفتی، حه‌بیب محه‌مه‌د كه‌ریم، عەلی عەسکەری، یەدوڵا فەیلی و زەکیە ئیسماعیل حەقی  میرزا.

له‌م كۆنگره‌یه‌دا هه‌ریه‌كه‌ له‌ هەمزە عەبدوڵا، حه‌مید عوسمان، ساڵح حەیدەری، نه‌ژاد ئه‌حمه‌د عه‌زیز ئاغا، خەسرەو تۆفیق فەتحوڵا، حه‌مه‌ كه‌ریم فه‌تحوڵا و ساڵح ڕوشدی، به‌ لایه‌نگره‌كانیانه‌وه‌ له‌ ڕیزه‌كانی حزب ده‌ركران.


سه‌رچاوه‌كان:

  1.  مسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد، ١٩٥٨-١٩٦١، به‌رگی دووه‌م، (٢٠١٢).
  2.  نامه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی بۆ هاوڕێی پێشه‌وا مسته‌فا بارزانی، (٣٠/٧/١٩٥٧)، مسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد، ١٩٣١-١٩٥٨، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ـ ٢٠٠٤ز)، به‌ڵگه‌نامه‌ی ژماره‌ ٨.
  3.  حبیب محمد كریم، تأریخ الحزب الدیمقراطي الكوردستاني ـ العراق (في محطات رئیسیة) ١٩٤٦ ـ ١٩٩٣، (دهوك ـ مطبعة خه‌بات ـ ١٩٩٨م).
  4.  علی عبدالله‌، مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان - عێراق تا به‌ستنی كۆنگره‌ی سێ یه‌می، (شوێن نادیار ـ ١٩٦٨ز).
  5.  سه‌ڵاح ره‌شید، مام جه‌لال دیداری ته‌مه‌ن له‌ لاوێتییه‌وه‌ بۆ كۆشكی كۆماری، (سلێمانی – چاپخانه‌ی كاردۆ – ٢٠١٧).
  6.  دكتۆر شێركۆ فه‌تحوڵا عومه‌ر، پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ی كورد ١٩٤٦ – ١٩٥٧، و. سواره‌ قه‌ڵادزه‌ێی، (چاپخانه‌ی شه‌هید ئازاد هه‌ورامی - ٢٠١٣).
  7.  مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆنگره‌ و كۆنفرانس (پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆ)، ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی رۆكسانا- ٢٠٢١).

 


بابەتی پەیوەندیدار

شۆڕشی دووەمی بارزان

دوای ئه‌وه‌ی ‌بارزانییه‌كان له‌ ساڵی ١٩٣٩ لە باشووری عێراقەوە ده‌گوازرێنه‌وه‌ سلێمانی، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی‌ بارودۆخی ژیانیان باشتر بێت، به‌ڵام بەهۆی هەڵوێستی شێخ مسته‌فا قه‌ره‌داغی، موته‌سه‌ریفی ئه‌وكاتی سلێمانی بارودۆخی گوزەرانیان خراپتر بوو، چونکە ناوبراو ڕێگای به‌ خه‌ڵكی شاری سلێمانی نەدەدا یارمه‌تییان بده‌ن.

زانیاری زیاتر

کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان

ڕۆژی ٣ی تشرینی دووه‌می ٢٠٢٢ کۆنگرەی چواردەیەم له‌ شاری دهۆك و به‌ ئاماده‌بوونی ١٠٢٢ نوێنه‌ر  له‌ كۆی ١٠٦٥ نوێنه‌ر كه‌ مافی به‌شداریكردنی كۆنگره‌یان هه‌بوو له‌ سه‌رجه‌م ڕێكخستنه‌كانی پارتی له‌ ژێر (دروشمی ئازادی، دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری) ده‌ستی به‌ كاره‌كانی خۆی كرد.

زانیاری زیاتر

پارتی دیموکراتی کوردستان

پارتی دیموکراتی کوردستان (پ.د.ك)، به‌ ڕێنووسی لاتینی (Partiya demokrata kurdestanê)، به‌ زمانی ئینگلیزی (kurdistan democratic party) و به‌ زمانی عه‌ره‌بی (الحزب الدیموقراطي الكوردستاني)، پارتێکی نیشتمانی دیموکراتیی جەماوەرییە، له‌ ڕێكه‌وتی ١٦ی ئابی ١٩٤٦ به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی له‌ شاری به‌غدا به‌ شێوه‌یه‌كی نهێنی دامه‌زرا....

زانیاری زیاتر

شۆڕشی گوڵان

شۆڕشی گوڵان- (شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتنخواز – ٢٦ی گوڵانی ١٩٧٦). ‌ له‌ لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ به‌ سه‌رپه‌ر‌شتی سەرۆک مەسعود بارزانی دژی حكوومه‌تی به‌عسی عێراق له‌ باشووری كوردستان هه‌ڵگیرسا و تا ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی ١٩٩١ به‌رده‌وام بوو.

زانیاری زیاتر

کۆنگرەی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان

كۆنگره‌ی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان - ١١ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٠ )دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عسی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ عێراق ساڵی ٢٠٠٣ و گۆڕانكاری گه‌وره‌ی سیاسی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، له‌ كه‌شێكی ئاسایی له‌ شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدرا.

زانیاری زیاتر