سەید عەزیز شەمزینی

عەزیز عەبدوڵا عەبدولقادر عوبەیدوڵا، ناسراو بە سەید عەزیز شەمزینی، ئەفسەر و سیاسەتمەدار، ساڵی ١٩٥٩ لە كۆنگرەی چوارەم بە‌ ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراق هەڵبژێردراوە، ساڵی ١٩٦٠ لە كۆنگرەی پێنجەم‌ بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێردراوە....


عەزیز عەبدوڵا عەبدولقادر عوبەیدوڵا، ناسراو بە سەید عەزیز شەمزینی، ئەفسەر و سیاسەتمەدار، ساڵی ١٩٥٩ لە كۆنگره‌ی چواره‌م بە‌ ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراق هەڵبژێردراوە، ساڵی ١٩٦٠ لە كۆنگرەی پێنجەم‌ بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێردراوە، ساڵی ١٩٦٤ بەشداری كۆبوونەوەی فراوانی ماوەت بووە ..  


ژیاننامە

عەزیز عەبدوڵا عەبدولقادر عوبەیدوڵا نەوەی شێخ عوبەیدوڵای شەمزینی نەهری ڕێبەری شۆڕشی ١٨٨٠ی ڕۆژهەڵات و باكووری كوردستانە‌، بنەماڵەكەیان كۆچێنراون بۆ شاری ئیستانبوڵ پایتەختی دەوڵەتی عوسمانی، ساڵی ١٩٢٤ شێخ عەبدولقادری باپیرەی و شێخ محەمەدی مامی و شێخ سەعید و دكتۆر فوئاد دیاربەكری لەگەڵ ١٥٠ كەسایەتی گرنگی كوردستان لە ئیستانبوڵ گیران و ڕە‌وانەی دادگەی ئیستقلالی ئەتاتوركی كران و پاش ماوەیەك لەسێدارە دران، پاش ئەوەی باوكی له ‌دژی حكومەتی تورك شەڕ دەكات، لە ساڵی (١٩٢٤-١٩٢٥) دێنە باشووری كوردستان و لەسەر داوای دەوڵەتی تورك، ئینگلیز و عەرەب لە عێراقدا بە زۆر لە گوندی باتاس لە نێوان ڕواندز و هەولێردا نیشتەجێیان دەكەن وەزیری ناوخۆی پاشایەتی عێراق ڕەزامەندی لەسەر پێدانی ڕە‌گەزنامەی عێراقی نەداوە بە بیانووی ئەوەی كە خەڵكی باكووری كوردستانه‌، هەرچەند لەسەردەمی دەوڵەتی عوسمانی خاوەن موڵك بووە لە باشووری كوردستان، له‌ باكووری كوردستان له‌ دایك بووه‌ و سەرەتای خوێندنی ئاینی لای باوكی بووە.

ساڵی ١٩٢٣ بە هۆی هێزێكی سەید تەهای نەهری خاڵی لە دەستبەسەری لە گوندی نەهری ڕزگاری بووه‌ و بۆ ڕواندز دەگواسترێتەوه، ساڵی ١٩٢٦ چووەتە قوتابخانەی سەرەتایی باتاس لە سنووری پەروەردەی هەولێر و لە ١٩٣٢ لە شەقڵاوەی سەر بە پارێزگای هەولێر خوێندنی سەرەتایی تەواو كردووە، لە ١٩٣٣ خوێندنی ناوەندی لە شاری هەولێر دەست پێ كردووە و لە ١٩٣٤ لە شاری موسڵ پۆلی سێیەمی ناوەندی تەواو كردووە، ساڵی ١٩٣٥ چووەتە قوتابخانەی دواناوەندی له‌ شاری بەغدا و ساڵی ١٩٣٦ تەواوی كردووە، ساڵی ١٩٣٧ لە كۆلێژی سەربازیی بەغدا وەرگیراوە، لە ساڵی ١٩٣٨ بە پلەی مولازمی دووەم خوێندنی سەربازیی تەواو كردووە، ساڵی ١٩٣٩ قوتابخانەی سوارەی سەربازیی تەواو كردووە و لە كەركوك و موسڵ كاری كردووە، ساڵی ١٩٤٠ بووەتە‌ مولازمی یەكەم، پاش ساڵی ١٩٩١ جارێكی تر چووەتەوە‌ شاری ورمێ، بە دەستێكی نادیار لە ناو ماڵەكەی خۆی تێرۆر كراوه، لە ٧ی ئاداری ١٩٩٩ لە ناو ماڵەكەی تەقەی لێدەكرێ و لە  شەوی ١٤ی ئاداری ١٩٩٩ لەبەر سەختی برینەكەی لە نەخۆشخانەی ورمێ كۆچی دوایی كردووە، جگە لە كوردی زمانەكانی ئینگلیزی، عەرەبی، توركی، ڕوسی، فارسی و كەمێك فڕەنسیشی زانیوه.


خەباتنامە

ساڵی ١٩٤٠ پەیوەندی بە ڕیزەكانی‌‌ حزبی هیوای كوردەوە كردووە، ساڵی ١٩٤٢ ‌بۆ بەتالیۆنی زرێپۆش و بەشی میكانیك گوازراوەتەوە، ساڵی ١٩٤٣ لە ڕیزەكانی سوپای پاشایەتی عێراقدا بووەتە‌ نەقیب، لە مانگی ئاداری ١٩٤٤ ئەندامی شاندی حزبی هیوای كورد بۆ پێشوازی لە نوێنەری كۆمەڵەی ژیانەوەی كورد (ژ.ك) لە شاری كەركوك بووە. ساڵی ١٩٤٤ بە هاوڕێیەتی میرحاج ئاكرەیی و مستەفا خۆشناو بە نوێنەرایەتی حزبی هیوای كورد دیداریان لەگەڵ مستەفا بارزانی مستەفا بارزانی كرد و سەبارەت بە هەماهەنگی و هاوكاریان دووان‌‌، ساڵی ١٩٤٤ لەبەر ناڕەزا یەتی لە سیاسەتی‌ حزبی هیوای كورد لە ڕیزەكانی دوورخراوەتەوە‌‌، لە ٢٥ی كانوونی دووەمی ١٩٤٤ لە بەرەی مێرگەسۆری سەر بە پارێزگای هەولێر ئەفسەری پەیوەندی دەسەڵاتدارانی پاشایه‌تی عێراق بووە لەگەڵ شۆڕشگێڕانی شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣ـ١٩٤٥)دا، ساڵی ١٩٤٥ ڕووی لە‌ ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەردەستی سوپای سووری یەكێتی سۆڤێتی كردووە و لە ماڵی باوكیدا ماوەتەوە.

له ١١ی تشرینی دووەمی ١٩٤٥ چووەتە‌ ناو حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانەوە، لە ٢٢ی كانوونی دووەمی ١٩٤٦ بەشداری مەراسیمی جاڕدانی كۆماری دیموكراتی كوردستانی لە شاری مەهاباد كردووه، لە ١٥ی نیسانی ١٩٤٦ بە هاوڕێیەتی ٢٨٠ قوتابیانی ئازەری و كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە ژێر فەرماندەیی ماژۆری فڕۆكەوان سەید تەقی موسەویدا وێستگەی شەمەندەفەری تەورێزی بەرەو شاری باكۆ بەجێ هێڵاوە، لە ١٨ی نیسانی ١٩٤٦دا گەیشتووەتە‌ باكۆ و لە كەمپی سەربازی ساڵیانكۆچ بە مەبەستی مەشق جێگیر بووە، ساڵی ١٩٤٨ ئەندامی سەركردایەتی باشوور ـ ڕۆژهەڵاتی كوردستان (كۆنفڕانسی باكۆ) لەسەر پشكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بووە، ساڵی ١٩٥١ باوكی یارمەتی حەمە مەولود چرچ‌ پێشمەرگەی كۆماری دیموكراتی كوردستان داوە بۆ چوونە یەكێتی سۆڤێت بۆ زانینی هەواڵی ئەو، لە مانگی ئاداری ساڵی ١٩٥٤ لەسەر داخوازی جەنەراڵ مستەفا بارزانی (١٩٠٣ـ ١٩٧٩)ی لە كاربەدەستانی یەكێتی سۆڤێت بە مەبەستی خوێندنی باڵا گواستراوەتەوە بۆ شاری مۆسكۆ، ساڵی ١٩٥٧ بەشداری كۆنگرەی یەكێتی قوتابیان و لاوانی جیهانی لە شاری مۆسكۆ كردووە، ساڵی ١٩٥٧بۆ یەكەم جار لە مۆسكۆ چاوی بە جەلال تاڵەبانی (١٩٣٣-٢٠١٧) ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی یەكگرتووی كوردستان كەوتووە بە مەبەستی گەیاندنی ناو براو بۆ لای جەنەراڵ مستەفا بارزانی، ساڵی ١٩٥٩ لەگەڵ هەڤاڵانی بارزانیدا بە كەشتی گرۆزیا لە ڕێی بەندەری بەسڕە‌ی باشووری عێراقەوە گەڕاوەتەوه خاكی نیشتمان‌.

لە ٢٤ی ئاداری ١٩٥٩ ڕێگەی پێ دراوە بگەڕێتەوە ناو ڕیزەكانی سوپای كۆماری عێراق و پلەی موقەدەمی وەرگرتووە و دواتر پلەی بۆ عەقید بەرز كراوەتەوە و بە مامۆستای زمانی ڕوسی‌ لە كۆلێژی سەربازی بەغدا دامەزراوە، ساڵی ١٩٥٩ ئەندامی لێژنەی ئامادەكاری كۆنگره‌ی چواره‌می پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراق بووە، ساڵی ١٩٥٩ لەلایەن نوێنەرانی كۆنگره‌ی چواره‌م بە‌ ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراق هەڵبژێردراوە، ساڵی ١٩٥٩ لە یەكەمین كۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراقدا بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردراوە، ساڵی ١٩٦٠ لەلایەن نوێنەرانی كۆنگره‌ی پێنجه‌م بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێردراوە، ساڵانی (١٩٦٢-١٩٦٣) لەلایەن كاربەدەستانی حكومەتی عێراقی بەند كراوە، لە ساڵی ١٩٦٣ پەیوەندی بە ڕیزەكانی هێزی پێشمەرگەوە كردووە،  پاش ساڵی ١٩٧٥ لە شاری ورمێ نیشتەجێ بووە، ساڵی ١٩٧٩ لە شاری ورمێ وە گەڕاوەتەوە‌‌ كۆماری عێراق و لە شاری بەغدا نیشتەجێ بووە.

لە بەرهەمەكانی:

١.بزووتنەوەی نەتەوایەتی ڕزگاریخوازی كوردستان (جوڵانەوەی ڕزگاریی نیشتمانیی كوردستان) ـ ١٩٨٢، ١٩٨٤

٢. زیندەگیی من ـ ٢٠١٠.


سەرچاوە:

  1. ئه‌رشیفی ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.

بابەتی پەیوەندیدار

سالار عوسمان حسێن

سالار عوسمان حسێن، ناسراو بە دکتۆر سالار، ساڵی ١٩٦٩ لە شاری هەولێر لەدایکبووە. خوێندنى سەرەتایی و ناوەندى لە شارى هەولێر تەواو کردووە، دکتۆراى لە ئەدەبى کوردى لەزانکۆى دهۆک بەدەست هێناوە. خاوەنى ١٢ پەرتووکە لە بوارەکانى : ئەدەب، زمان، ڕۆژنامەگەرى و سیاسەت

زانیاری زیاتر

سەگڤان هالۆ

سه‌گڤان عوسمان هالۆ، ناسراو بە سەگڤان هالۆ، لە ١ى تەممووزی ١٩٦٨ لە گوندى بۆسەل سەر بەقەزاى زاخۆى پارێزگاى دهۆک لەدایک بووە، ساڵى ٢٠٠٨ بڕوانامەى بەکالۆریۆسى لە کۆلێژى یاسای زانکۆى سەڵاحەدین بەدەست هێناوە، ساڵى ٢٠١٦ بڕوانامەى ماستەرى لە یاسا لە کۆلێژى یاساى زانکۆى سەڵاحەدین بەدەست هێناوە.

زانیاری زیاتر

ئاری فارووق حەسەن

ئاری فارووق حه‌سه‌ن، ناسراو بە ئاری نانەکەلی، لە ٢١ى ئابى ساڵى ١٩٧٤ لەشارى هەولێر لەدایک بووە، ساڵى ٢٠٠٤ بڕوانامەى لەبەشى یاسای کۆڵێژى یاسای زانکۆى سەڵاحەدین وەرگرتووە.

زانیاری زیاتر