به‌ستنی كۆنگره
دوای جێبه‌جێكردنی ڕاسپارده‌كانی کۆنگرەی دووەم له‌لایه‌ن كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كاتی حزب له باره‌ی پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆ و ئه‌و بارودۆخه‌ی به‌هۆی جیابوونه‌وه‌ی باڵی هه‌مزه عه‌بدوڵاوه به‌سه‌ر پارتیدا هاتبوو، له‌لایه‌ن كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كاتی پارتییه‌وه بەپهله له به‌ستنی كۆنگره‌ی سێیه‌م كرا.
دوای ئاماده‌كاریی ته‌واو، له ٢٦ی كانونی دووه‌می ١٩٥٣ به ئاماده‌بوونی ٣٥ تا ٤٠ نوێنه‌ر له ڕێكخستنه‌كانی پارتی و ئاماده‌بوونی سه‌ركردایه‌تی كۆن و نوێی حزب، لە بارودۆخێکی ئەمنی دژوار و سەختدا به شێوه‌یه‌كی نهێنی له ماڵی ڕەئیس ئەوەل فاتح جەباری لە گەڕەکی شاترلوی شاری کەرکووک كۆنگره‌ی سێیه‌می پارتی به‌سترا.
دوای خوێندنه‌وه‌ی ڕاپۆرتی كۆنگره و په‌سه‌ندكردنی له‌لایه‌ن ئاماده‌بووان، كار هاته سه‌ر بڕیاری گۆڕینی ناوی حزب و ده‌ستكاریكردنی پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆ، ئه‌وه‌بوو ناوی حزب له پارتی دیموكراتی كوردی عێراقه‌وه گۆڕدرا بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان-عێراق و نه‌خشه‌ش بۆ گۆڕینی پرۆگرام و په‌یڕه‌وی حزب كێشرا، ئه‌م كاره هێڵرایه‌وه بۆ دوای ده‌ستنیشانكردنی ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزب، دواتر له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی كۆنگره، كۆمیته‌ی ناوه‌ندی نوێ هه‌ڵبژێردران كه بریتیبوون له:
- مستەفا بارزانی سەرۆک
- ئیبراهیم ئەحمەد، سكرتێری گشتی
- دكتۆر جەعفەر محەمەد کەریم
- میرحاج ئەحمەد ئاكره‌یی
- نوری شاوێس
- عەلی عەبدوڵا
- نوری ئەحمەد تەها
- جەلال تاڵەبانی
- عومەر مستەفا
- عەلی حەمدی بێدوهی
- ڕەشید عەبدولقادر
- محەمەدئەمین مەعروف
- جەلیل هۆشیار
دواتر چوار ئه‌ندام بۆ مه‌كته‌بی سیاسی ده‌ستنیشان كران كه بریتیبوون له ئیبراهیم ئەحمەد، نوری شاوێس، عەلی عەبدوڵا و عومه‌ر مسته‌فا.
له‌م كۆنگره‌یەدا ناوی سه‌رۆك به ده‌ق ده‌هێنرێ، وەک ئەوەی له مادده‌ی بیست و نۆیه‌می په‌یڕه‌وی ناوخۆیدا هاتووه سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان-عێراق، قاره‌مانی ڕزگاری كوردستان جه‌نه‌ڕاڵ مستەفا بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراقه و بۆ یه‌كه‌مین جار له مێژووی پارتیدا زاراوه‌ی سكرتێری گشتی به‌كارهێنرا.
گرنگترین بڕیاره‌كانی كۆنگره بریتیبوون له:
- گۆڕینی ناوی پارتی له (پارتی دیموكراتی كورد) ه‌وه بۆ (پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراق).
- هزری ماركسی ـ لێنینی وه‌ك ئایدۆلۆژیی پارتی ده‌ستنیشان كرا.
- ناوی ئۆرگانی پارتی له ڕزگارییەوه كرایه خه‌بات.
- دامه‌زراندنی ڕێكخراوه‌كانی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان، یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان.
- ده‌ركردنی هه‌میشه‌یی هەمزە عەبدوڵا له ڕیزه‌كانی پارتی دا.
- وه‌رنه‌گرتنی عەونی یوسف به نوێنه‌ری كۆنگره به تۆمه‌تی گوێنه‌دانه بڕیاره‌كانی سه‌ركردایه‌تی كاتی كۆنگره‌ی دووه‌م.
په‌یكه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراق، به پشت به‌ستن بە پەیڕەوی ناوخۆی كۆنگره‌ی سێیه‌م، بەم شێویەی ڕێکخرا (شانه، لێژنه‌ی ناوچه، لێژنه‌ی لق، كۆمیته‌ی ناوه‌ندی، مه‌كته‌بی سیاسی، سكرتێری گشتیی پارتی، سه‌رۆك).
هه‌ڵگرتنی ئایدۆلۆژیای ماركسیزم – لینینیزم، ئه‌گه‌رچی له‌گه‌ڵ بیروباوه‌ڕی حزبی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ده‌گونجا و دژی ئاره‌زووی زۆربه‌ی كادیر و ئه‌ندامانی پارتی بوو، پێده‌چوو سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕی باوی ئه‌و سه‌رده‌مه بوو، هۆكاره‌كه‌ی ڕكابه‌ری له‌گه‌ڵ حزبی شیوعی بووبێت، كه بووه هۆی ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری هاوبیرانی شیوعی و ماركسی له كوردستان په‌یوه‌ندی به پارتییه‌وه بكه‌ن.
له ڕووی ڕاگه‌یاندن و بڵاوكراوه‌كانی حزبه‌وه، پاش كۆنگره‌ی سێیه‌م، سه‌ره‌ڕای ڕۆژنامه‌ی ڕزگاری كه ناوه‌كه‌ی بۆ خه‌بات گۆڕدرا و ئۆرگانی پارتی بوو، ڕۆژنامه‌ی (ندا‌ء كردستان) به زمانی عه‌ره‌بی ده‌ست به چاپكردنی كرایه‌وه، دوو بڵاوكراوه‌ی تریش به ناوه‌كانی ڕێگه‌ی نوێ تایبه‌ت به ڕۆشنبیران و لاوان و نڕكهی جوتیار تایبه‌ت به جوتیاران به زمانی كوردی بڵاوكرانه‌وه.
سه‌رچاوه‌كان:
- نامه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی (پیرۆت) بۆ: سه‌ركرده جه‌نه‌راڵ مسته‌فا بارزانی و هاوڕێی خۆشه‌ویست میرحاج ئه‌حمه‌د، (٥/١٠/١٩٥٥ – په‌كین)، مسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد، ١٩٣١-١٩٥٨، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ـ ٢٠٠٤ز)، به‌ڵگه‌نامه‌ی ژماره ٧.
- حبیب محمد كریم، تأریخ الحزب الدیمقراطي الكوردستاني ـ العراق (في محطات رئیسیة) ١٩٤٦ ـ ١٩٩٣، (دهوك ـ مطبعة خه‌بات ـ ١٩٩٨م).
- علی عبدالله، مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان - عێراق تا به‌ستنی كۆنگره‌ی سێ یه‌می، (شوێن نادیار ـ ١٩٦٨ز).
- ده‌قی په‌یڕه‌وی ناوه‌وه‌ی كۆنگره‌ی سێیه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراق.
- مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆنگره و كۆنفرانس (پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆ)، به‌رگی یه‌كه‌م و دووه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات- ٢٠٢١)