ئیسماعیل عارف

سیاسەتمەدار ئیسماعیل عارف عه‌بدول غه‌فور حاجی عه‌لی، ناسراو به‌ سمكۆ ـ سه‌ربه‌ست، ساڵی ١٩٤٧ و له‌ دوای نسكۆی كۆماری دیموكراتی كوردستان له‌ ژێر فه‌رمانده‌یی جه‌نه‌راڵ مسته‌فا بارزانی (١٩٠٣_١٩٧٩) دا ...


سیاسەتمەدار ئیسماعیل عارف عه‌بدولغه‌فور حاجی عه‌لی، ناسراو به‌ سمكۆ ـ سه‌ربه‌ست، ساڵی ١٩٤٧ و له‌ دوای نسكۆی كۆماری دیموكراتی كوردستان له‌ ژێر فه‌رمانده‌یی جه‌نه‌راڵ مستەفا بارزانی (١٩٠٣-١٩٧٩)دا به‌شداری له‌ به‌ره‌نگاری سوپای و‌ڵاتی ئێرانی كردووه‌‌، ساڵی ١٩٥٩ نوێنه‌ری كۆنگره‌ی چواره‌می پارتی دیموكراتی كوردستان - عێراق له‌ شاری به‌غدا بووه‌، ساڵی ١٩٦٠ و له‌ كۆنگره‌ی پێنجه‌می پارتی دیموكراتی كوردستاندا پاڵیوراوی سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی بووه‌ بۆ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان، ساڵی ١٩٦٤ و لە كۆنگره‌ی شه‌شه‌‌مدا به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردراوه‌‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌می كۆمیته‌ی ناوه‌ندیشدا بووەتە‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، ساڵانی (١٩٦٤-١٩٦٥) سكرتێری سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی بووه‌.


ژیاننامه‌

ئیسماعیل عارف عه‌بدول غه‌فور حاجی عه‌لی به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك له‌ وه‌چه‌ی بابا تاهیری هه‌مه‌دانی شاعیره‌ و ساڵی ١٩٢٤ لە سلێمانی له‌دایكبووه‌، ساڵی ١٩٣٠ له‌ شاری سلێمانی ده‌ستی بە‌ خوێندنی ئاینی كردووه‌ و ساڵی ١٩٤١ قۆناغی ناوه‌ندی و كۆرسی ژمێریاری تەواو كردووه‌‌، ساڵی ١٩٤١ چووه‌تە‌ ڕیزی سوپای پاشایه‌تی عێراق و ساڵی ١٩٤٦ به‌ پله‌ی عه‌ریف ڕیزی سوپای عێراقی بەجێ هێشتووه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ كۆماری دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ كردووه‌، لە ١٦ی شوباتی ١٩٩٩ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی شاری دهۆك كۆچی دوایی كردووە. ‌شاره‌زای زمانه‌كانی كوردی، ئینگلیزی، عه‌ره‌بی و فارسی بووه‌.


خه‌باتنامه‌

ئیسماعیل عارف عه‌بدولغه‌فور حاجی عه‌لی، ساڵی ١٩٤٧ له‌ دوای نسكۆی كۆماری دیموكراتی كوردستان له‌ ژێر فه‌رمانده‌یی جه‌نه‌راڵ مستەفا بارزانی (١٩٠٣-١٩٧٩)دا به‌شداری له‌ به‌ره‌نگاری سوپای و‌ڵاتی ئێراندا كردووه‌‌ و هەمان ساڵ له ‌دوای نسكۆی كۆماری كوردستان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ باشووری كوردستان و به‌ تۆمه‌تی به‌شداری له‌ كۆماری كوردستان به‌ند كراوه‌ و ئه‌شكه‌نجه‌ دراوه‌ و سزای مه‌رگیان به‌سه‌ردا سەپاندووه‌، ساڵی ١٩٥٨ له ‌دوای ڕووخانی ڕژیمی پاشایه‌تی عێراقەوه‌‌ به‌ ده‌ستی ئه‌فسه‌رانی ئازاد له‌ به‌ندیخانه‌ ئازاد كراوه و په‌یوه‌ندی به‌ پارتی دیموكراتی یه‌كگرتووی كوردستانه‌وه‌ كردووه و ساڵی ١٩٥٩ نوێنه‌ری كۆنگره‌ی چواره‌می پارتی دیموكراتی كوردستان - عێراق له‌ شاری به‌غدا بووه‌ و ساڵێک دواتر ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری قۆناغی ئاشكرای پارتی‌ دیموكراتی كوردستان - عێراق بووه‌.

ساڵی ١٩٦٠ و له‌ كۆنگره‌ی پێنجه‌می پارتی دیموكراتی كوردستاندا كه‌ له‌ شاری به‌غدا ساز دراوه‌ پاڵیوراوی سه‌رۆك مستەفا بارزانی (١٩٠٣-١٩٧٩) بووه‌ بۆ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان، ساڵی ١٩٦١ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئەیلووله‌وه‌ كردووه‌ و ساڵی ١٩٦٣ به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی پێگه‌یاندنی كادیران له‌ گوندی ماوه‌ت سه‌ر به‌ سنووری پارێزگای سلێمانی بووه‌.

ساڵی ١٩٦٤ له‌ دوای كۆبوونه‌وه‌ فراوه‌نه‌كه‌ی ماوه‌ت هه‌وڵی دروستكردنی باڵی سێیه‌می داوه‌ و دواتر باڵی سه‌رۆكی به‌ باشتر زانیوه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ سه‌رۆك جه‌نه‌راڵ مستەفا بارزانییەوه‌ كردووه‌. هەمان ساڵ و لە كۆنگره‌ی شه‌شه‌‌مدا به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردراوه‌‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌می كۆمیته‌ی ناوه‌ندیشدا بووەتە‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان‌‌ و به‌ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له‌ كوردستانی عێراق ده‌ستنیشان كراوه‌، له‌ ساڵانی (١٩٦٤-١٩٦٥)دا سكرتێری سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی بووه‌. نوێنەری كۆنگره‌کانی حه‌وته‌‌‌م ١٩٦٦ و ‌كۆنگره‌ی هه‌شته‌‌‌م ١٩٧٠ی پارتی بووە.

ساڵی ١٩٧٤ و له ‌دوای ئاڵوزبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان وحزبی به‌عسی عه‌ره‌بی سۆسیالیست بۆ جاری دووه‌م په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئه‌یلووله‌وه‌‌ كردووه‌ و ساڵانی (١٩٧٥-١٩٧٦) له‌ دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول وه‌ك په‌نابه‌ر له‌ ئێران ژیاوه‌ و ساڵی ١٩٧٦ له‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ باشووری كوردستان سەره‌تا‌ بۆ باشووری عێراق و دواتر بۆ شاری به‌غدا دوور خراوه‌تەوه‌ و ساڵی ١٩٨٢ له‌لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌تی عێراق مۆڵه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ شاری سلێمانی پێ دراوە.

ساڵی ١٩٩١ به‌شداری ڕاپه‌ڕینی باشووری كوردستان دژ به‌ ڕژیمی سه‌دام حسێن (١٩٣٧-٢٠٠٦) كردووه‌. لە ١٦ی شوباتی ١٩٩٩ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی شاری دهۆك كۆچی دوایی كردووە.


له‌ به‌رهه‌مه‌كانی:

  1. بیره‌وه‌رییه‌كان ـ ده‌ستنووس.
  2. شانۆنامه‌ی كچی كورد ـ ١٩٩١.
  3. گوڵی سه‌ربه‌ستی ـ ١٩٩١.
  4. دیوانی سه‌ربه‌ست ـ  ٢٠١٧.

سه‌رچاوه‌كان:

  1. رحیل أحد مناضلي ثورة ایلول اسماعیل عارف في ذمة الخلود، جریدة خه‌بات، لسان حال الحزب الدیمقراطي الكوردستاني، العدد ٩١٢، أربیل، الجمعة، ١٩ شباط ١٩٩٩م.
  2. حبیب محمد كریم، تاریخ الحزب الدیمقرطي الكوردستاني ـ العراق (في محطات رئیسیة) ١٩٤٦ ـ ١٩٩٣، (دهوك ـ مطبعة خه‌بات ـ ١٩٩٨م).
  3. حسن لطیف الزبیدي، موسوعة الأحزاب العراقیة، (بیروت ـ مؤسسة العارف للمطبوعات ـ ٢٠٠٧م).
  4. شكیب عقراوي، سنوات المحنة في كوردستان أهم الحوادث السیاسیة والعسكریة في كوردستان والعراق من ١٩٥٨ الی ١٩٨٠، الطبعة الثانیة، (أربیل ـ مطبعة منارة ـ ٢٠٠٧م).
  5. شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات ـ ٢٠١٣ز).
  6. علي سنجاري، القضیة الكوردیة وحزب البعث العربي الاشتراكي في العراق، الجزء الثالث، (دهوك ـ مطبعة خاني ـ ٢٠١٢م).
  7. علي سنجاري، صفحات من نبع ذاكرتي في الحزب الدیمقراطي الكوردستاني، (دهوك ـ مطبعة خاني ـ ٢٠١٥م.
  8. محه‌مه‌د مه‌لا قادر، خه‌باتنامه‌ كورته‌ مێژووی پارتی و كولتووری بارزانی نه‌مر، چاپی دووه‌م، (هه‌ولێر ـ ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس ـ ٢٠٠٧ز).
  9. مسعود البارزاني، البارزاني والحركة التحرریة الكردیة، المجلد الثالث، (أربیل ـ مطبعة وزارة التربیة ـ ٢٠٠٢م).
  10. نوسینگه‌ی برایه‌تی، كه‌سایه‌تی نیشتمانپه‌روه‌ر و پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئه‌یلول، ئیسماعیل عارف كۆچی دوایی كرد، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو، ژماره‌ ٢٧٨٠، هه‌ولێر، پێنجشه‌مه‌،‌ ١٨ی شوباتی١٩٩٩ز.

بابەتی پەیوەندیدار

سالار عوسمان حسێن

سالار عوسمان حسێن، ناسراو بە دکتۆر سالار، ساڵی ١٩٦٩ لە شاری هەولێر لەدایکبووە. خوێندنى سەرەتایی و ناوەندى لە شارى هەولێر تەواو کردووە، دکتۆراى لە ئەدەبى کوردى لەزانکۆى دهۆک بەدەست هێناوە. خاوەنى ١٢ پەرتووکە لە بوارەکانى : ئەدەب، زمان، ڕۆژنامەگەرى و سیاسەت

زانیاری زیاتر

سەگڤان هالۆ

سه‌گڤان عوسمان هالۆ، ناسراو بە سەگڤان هالۆ، لە ١ى تەممووزی ١٩٦٨ لە گوندى بۆسەل سەر بەقەزاى زاخۆى پارێزگاى دهۆک لەدایک بووە، ساڵى ٢٠٠٨ بڕوانامەى بەکالۆریۆسى لە کۆلێژى یاسای زانکۆى سەڵاحەدین بەدەست هێناوە، ساڵى ٢٠١٦ بڕوانامەى ماستەرى لە یاسا لە کۆلێژى یاساى زانکۆى سەڵاحەدین بەدەست هێناوە.

زانیاری زیاتر

ئاری فارووق حەسەن

ئاری فارووق حه‌سه‌ن، ناسراو بە ئاری نانەکەلی، لە ٢١ى ئابى ساڵى ١٩٧٤ لەشارى هەولێر لەدایک بووە، ساڵى ٢٠٠٤ بڕوانامەى لەبەشى یاسای کۆڵێژى یاسای زانکۆى سەڵاحەدین وەرگرتووە.

زانیاری زیاتر