عه‌بدولوه‌هاب میرزا عومه‌ر، ناسراو به مولازم عەبدولوەهاب ئەتروشی، ئه‌فسه‌ر و سیاسه‌تمه‌دار، ساڵی ١٩٦٤ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش و ئه‌ندامی لێژنه‌ی كارگێڕی سه‌ر به نووسینگه‌ی جێبه‌جێكاری (المكتب التنفیذي) ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له كوردستانی عێراق بووه، هه‌روه‌ها فه‌رمانده‌ی هێزی خه‌بات له له‌شكری سێ پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بووه، له ڕێكه‌وتی ١٥ی نیسانی ١٩٦٧ نوێنه‌ری كۆنفڕانسی سه‌ربازی- ڕامیاری كانی سماق (هه‌ولێر) بووه، له ڕێكه‌وتی ٩ی نیسانی ١٩٧٠ له‌دوای ڕێكه‌وتننامه‌ی ١١ی ئادار به پارێزگاری ئه‌نبار له ڕۆژئاوای عێراق ده‌ستنیشان كراوه، ساڵی ١٩٧٠ له كۆنگره‌ی هه‌شته‌م به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه، ساڵی ١٩٧١ به پارێزگاری هه‌ولێر ده‌ست نیشان كراوه.
ژیاننامه
عه‌بدولوه‌هاب میرزا عومه‌ر له گوندی ئه‌تروش سه‌ر به پارێزگای دهۆك له دایك بووه، قۆناغی سه‌ره‌تایی هه‌ر له گوندی ئه‌تروش ته‌واو كردووه، قۆناغی ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی له شاری موسڵی ته‌واو كردووه، ساڵی ١٩٥٧ له كۆلێژی پۆلیسی به‌غدا وه‌رگیراوه، ساڵی ١٩٦٠ به‌كالۆریۆسی زانستی پۆلیسی له كۆلێژی به‌غدا له خولی ١٤ی وه‌رگرتووه، ساڵانی (١٩٧٥-١٩٧٩) له دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول وه‌ك په‌نابه‌ر ئاواره‌ی ئێران بووه، ساڵی ١٩٧٩ له دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ كۆماری عێراق، له ٢٥ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٧٩ به فه‌رمانێكی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش به ڕاوێژكاری لێژنه‌ی كاروباری باكوور دامه‌زراوه،
ساڵانی (١٩٩١-١٩٩٢) پارێزگاری دهۆك بووه له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقییه‌وه، له ٥ی ئه‌یلوولی ١٩٩٣ به فه‌رمانێكی كۆماری وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بووه له كابینه‌ی ئه‌حمه‌د حسێن خزه‌یر ئه‌لسامه‌رایی له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداری سه‌دام حسێندا، له ڕێكه‌وتی ٢٩ی ئایاری ١٩٩٤ به فه‌رمانێكی كۆماری به وه‌زیری ده‌وڵه‌ت ده‌ستنیشان كراو‌ته‌وه، له ڕۆژی پێنجشه‌مه ١٤ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٠٤ له شاری دیمه‌شق كۆچی دوایی كردووه و له شاری دهۆك به خاك سپێردراوه، شاره‌زایی زمانه‌كانی كوردی، عه‌ره‌بی و فارسی بووه.
خه‌باتنامه
عه‌بدولوه‌هاب میرزا عومه‌ر، ساڵی ١٩٦٠ به یاریده‌ده‌ری بنكه‌ی پۆلیسی چوارتا دامه‌زراوه، ساڵی ١٩٦٢ په‌یوه‌ندی به هێزی پێشمه‌رگه‌وه كردووه و بنكه‌ی پۆلیسی پێنجوێن به هه‌موو چه‌ك و جبه‌خانه‌ی ڕاده‌ستی هێزی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئەیلوول ده‌كات، ساڵی ١٩٦٢ به سه‌رلقی چوار تا ده‌ستنیشانكراوه، ساڵی ١٩٦٤ له‌دوای كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی ماوه‌ت له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی ئه‌فسه‌رانی له‌شكری شۆڕشگێڕی كوردستاندا بڕیاری پشتگیری له سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی (١٩٠٣-١٩٧٩) داوه و دژ به باڵی مه‌كته‌بی سیاسی وه‌ستاوه‌ته‌وه، له سه‌ره‌تای مانگی حوزه‌یرانی ١٩٦٤دا به ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئاماده‌كاری کۆنگرەی شه‌شه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه، ساڵی ١٩٦٤ نوێنه‌ری كۆنگره‌ی شه‌شه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان بووه.
ساڵی ١٩٦٤ به‌شداری له پاكسازی هێزه‌كانی باڵی مه‌كته‌بی سیاسی له ماوه‌ت (سلێمانی)ی كردووه، ساڵی ١٩٦٤ نوێنه‌ری كۆنگره‌ی قه‌ڵادزێ (كۆنگره‌ی گه‌لی دووه‌م) بووه، ساڵی ١٩٦٤ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له كوردستانی عێراق بووه، ساڵی ١٩٦٤ ئه‌ندامی لێژنه‌ی كارگێڕی سه‌ر به نووسینگه‌ی جێبه‌جێكاری (المكتب التنفیذي) ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له كوردستانی عێراق بووه، ساڵی ١٩٦٤ فه‌رمانده‌ی هێزی خه‌بات بووه له له‌شكری سێ، ساڵی ١٩٦٤ فه‌رمانده‌یی شه‌ڕی ئه‌زمەڕ له سنووری پارێزگای سلێمانی دژ به هێزی سوپای عێراقی كردووه، ساڵی ١٩٦٥ به‌شداری شه‌ڕی پێنجوین له سنووری پارێزگای سلێمانی دژ به هێزی سوپای عێراقی كردووه، ساڵی ١٩٦٥ فه‌رمانده‌یی شه‌ڕی كانی مانگا له سنووری پارێزگای سلێمانی بووه، ساڵی ١٩٦٥ فه‌رمانده‌یی شه‌ڕی سیته‌ك له سنووری پارێزگای سلێمانی دژ به هێزی سوپای عێراقی كردووه.
ساڵی ١٩٦٦ نوێنه‌ری كۆنگره‌ی حه‌وته‌می پارتی دیموكراتی كوردستان بووه، ساڵی ١٩٦٦ فه‌رمانده‌ی هێزی خه‌بات سه‌ر به له‌شكری سێی بووه، ساڵی ١٩٦٧ فه‌رمانده‌یی شه‌ڕی شاخی شنروێی له سنووری پارێزگای سلێمانی (هه‌ڵه‌بجه‌ی ئێستا) دژ به هێزی گروپی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د - جه‌لال تاڵه‌بانی كردووه، له ڕێكه‌وتی ١٥ی نیسانی ١٩٦٧ به سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی وه‌ك فه‌رمانده‌ی هێزی خه‌بات نوێنه‌ری كۆنفڕانسی سه‌ربازی ـ ڕامیاری كانی سماق (هه‌ولێر) بووه، ساڵی ١٩٦٩ فه‌رمانده‌یی شه‌ڕی شاری هه‌ڵه‌بجه له سنووری پارێزگای سلێمانی پێشوو و پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ی ئێستای دژ به هێزی سوپای عێراق و هێزی چه‌كداری گروپی (ئیبراهیم ئه‌حمه‌د - جه‌لال تاڵه‌بانی) كردووه، له ٩ی نیسانی ١٩٧٠ له‌دوای ڕێكه‌وتننامه‌ی ١١ی ئادار له نێوان شۆڕشی ئەیلوول و حكومه‌تی عێراق به فه‌رمانێكی كۆماری به پارێزگاری ئه‌نبار له ڕۆژئاوای عێراق ده‌ستنیشان كراوه، ساڵی ١٩٧٠ له كۆنگره‌ی هه‌شته‌م له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه، له ٢٥ی ئابی ١٩٧٠ تا ١١ی ئاداری ١٩٧٤ له‌سه‌ر داخوازی پارتی دیموكراتی كوردستان پارێزگاری هه‌ولێر بووه، له ١ی ئایاری ١٩٧١ وه‌ك پارێزگاری هه‌ولێر به بۆنه‌ی جه‌ژنی كرێكارانی جیهانه‌وه له شاری هه‌ولێر وتاری خوێند‌ووه‌ته‌وه، ڕۆژی سێشه‌مه‌ی ١ی حوزه‌یرانی ١٩٧١ وه‌ك پارێزگاری هه‌ولێر و ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازی له شاندی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبی شیوعی بوڵگاریا كردووه و له ڕۆژی پێنجشه‌مه‌ی ٣ی حوزه‌یرانی ١٩٧١ تا سنووری پارێزگای موسڵ به ڕێی كردوون.
له ١٤ی ته‌ممووزی ١٩٧١ وه‌ك پارێزگاری هه‌ولێر وتاری پێشكه‌شی كۆنگره‌ی دووه‌می یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد كردووه، له ١٤ی ته‌ممووزی ١٩٧١ وه‌ك پارێزگاری هه‌ولێر به‌شداری له كردنه‌وه‌ی دووه‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد له شاری هه‌ولێر كردووه، له ١٦ی ئابی ١٩٧١ له ئاهه‌نگی ٢٥ ساڵه‌ی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستاندا له شاری هه‌ولێر وه‌ك پارێزگاری هه‌ولێر گوتاری پێشكه‌ش كردووه، ساڵی ١٩٧٢ هه‌وڵی تیرۆركردنی له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراق دراوه به‌ڵام ڕزگاری بووه، ساڵی ١٩٧٤ به ئاڵوزبوونی بارودۆخ له نێوان شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و حكومه‌تی عێراق بۆ جاری دووه‌م بووه به پێشمه‌رگه، ساڵی ١٩٧٩گه‌ڕاوه‌ته‌وه عێراق، له ڕۆژی پێنجشه‌مه ١٤ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٠٤ له شاری دیمه‌شق كۆچی دوایی كردووه و له شاری دهۆك به خاك سپێردراوه شاره‌زایی زمانه‌كانی كوردی، عه‌ره‌بی و فارسی بووه.
سه‌رچاوه:
- ئه‌رشیفی ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.