عەلی شنگالی

عه‌لی قاسم خدر محه‌مه‌د، ناسراو به‌ عه‌لی شنگالی و باوكی سه‌ردار، سیاسه‌تمه‌دار، ساڵی ١٩٦٤ بووه‌ته‌ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له‌ كوردستانی عێراق، ساڵی ١٩٦٦ له‌ كۆنگره‌ی حه‌وته‌م و ١٩٧٠ له‌ كۆنگره‌ی هه‌شته‌م به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌.


ژیاننامه‌

عەلی قاسم خدر محه‌مه‌د، ناسراو به‌ عەلی شنگالی و باوكی سه‌ردار، ساڵی ١٩٣٣ لە پارێزگای موسڵ له‌دایك بووه‌، بڕوانامه‌ی دبلۆمی له‌ به‌شی كاره‌با له‌ په‌یمانگای ته‌كنكیی موسڵ به‌ده‌ست هێناوه‌، ساڵی ١٩٥٣ به‌ فه‌رمانبه‌ری هونه‌ری له‌ به‌شی كاره‌بای شه‌مه‌نده‌فه‌ری موسڵ دامه‌زراوه‌، ساڵی ١٩٥٥ له‌ فه‌رمانگه‌ی ڕێگای ئاسنی موسڵ دامه‌زراوه، ساڵی ١٩٥٥ ئه‌ندامی سه‌ندیكای كرێكارانی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراق بووه‌‌، ساڵی ١٩٥٦ له‌به‌ر به‌شداری له‌ خۆپیشاندانی هێرشی سێ لایه‌نه‌ی شانشینی یه‌كگرتووی بریتانیا، كۆماری فه‌ڕه‌نسا و كۆماری ئیسرائیل بۆ ‌سه‌ر كۆماری میسر له‌ شاری موسڵ به‌ند كراوه‌ و له‌سه‌ر‌كار لادراوه‌، ساڵی ١٩٥٧ به‌ فه‌رمانبه‌ر له‌ فه‌رمانگه‌ی بگۆڕی ته‌له‌فۆنی شاری موسڵ دامه‌زراوه‌، ساڵی ١٩٧٥ له‌ دوای نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوول ڕووی كردووه‌ته‌‌ شانشینی ئێران، له‌ ١٦ی ئه‌یلوولی ١٩٧٥ وه‌ك په‌نابه‌ر له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا گه‌یشتووه‌ته‌ شاری دیمه‌شق له‌ كۆماری عه‌ره‌بی سوریا، ڕۆژی شه‌مه‌ی ٥ی ئه‌یلوولی ٢٠٢٠ له‌ شاری دهۆك كۆچی دوایی كرد، شاره‌زای زمانه‌كانی كوردی، فارسی و عه‌ره‌بی بووه‌. 


خه‌باتنامه‌

عەلی قاسم خدر محه‌مه‌د، ناسراو به‌ عەلی شنگالی ڕۆژی ٢١ی ئاداری ١٩٥٤ به‌ پاڵێوراو له‌ ڕێزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراق وه‌رگیراوه‌، ساڵی ١٩٥٥ شه‌ره‌فی ئه‌ندامێتی له‌ ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراق پێ به‌خشراوه‌، له‌ ئایاری ١٩٥٥ به‌شداری خۆپیشاندانه‌كانی شاری موسڵی له‌ دژی ڕژێمی شانشینی عێراق كردووه‌، ساڵی ١٩٥٦ به‌رپرسی لێژنه‌‌ی ڕێكخراوی سه‌ر به‌ لێژنه‌ ناوچه‌ی موسڵ بووه‌، ساڵی ١٩٥٨ ئه‌ندامی لێژنه‌ی ناوچه‌ی موسڵی سه‌ر به‌ لێژنه‌ی لقی یه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌، ساڵی ١٩٥٨ له‌گه‌ڵ شاندی موسڵ له‌ شاری به‌غدا چاوی به‌ سه‌رۆك مستەفا بارزانی (١٩٠٣ـ١٩٧٩) كه‌وتووه‌ كه‌ له‌ تاراوگه‌ گه‌ڕابووه‌وه‌، ساڵی ١٩٥٩ له‌به‌ر دژایه‌تیكردنی له‌ پاشكۆیه‌تی پارتی بۆ حزبی شیوعی عێراقی له‌لایه‌ن باڵی چه‌پڕه‌وی ناو پارتییه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ له‌ كاری پارتایه‌تی سڕ كراوه،‌ به‌ڵام به‌ سازدانی كۆنفڕانسی دووه‌می به‌غدا گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌ سه‌ر كاره‌كه‌ی، ساڵی ١٩٥٩ به‌ ئه‌ندامی لق له‌ لێژنه‌ی لقی یه‌ك ده‌ستنیشان كراوه‌، ساڵی ١٩٦٠ كراوه‌ته‌ به‌رپرسی لێژنه‌ی پشكنین و چاودێری لێژنه‌ی‌ لقی یه‌ك، ساڵی ١٩٦٠ بووه‌ته‌ ئه‌ندامی لێژنه‌ی لقی یه‌ك، ساڵی ١٩٦٠ له‌ ستافی شه‌شه‌م له‌ سه‌رده‌می به‌رپرسیارێتی ساڵح عه‌بدوڵا نه‌جمه‌دین (١٩١٨ـ١٩٨١) ناسراو به‌ ساڵح یوسفیدا به‌ ئه‌ندامی لێژنه‌ی لقی یه‌ك ده‌ستنیشان كراوه‌، له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٦١ به‌رپرسی هێڵی نهێنی ڕێكخستنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ سنووری لێژنه‌ی لقی یه‌ك بووه‌، له ٩ی ئه‌یلوولی ١٩٦١ له‌لایه‌ن ده‌زگای ئاسایشی عێراقه‌وه‌ له‌ شاری موسڵ به‌ند كراوه‌ و ئه‌شكه‌نجه‌ دراوه‌ دواتریش مه‌به‌ستی لێكۆڵێنه‌وه‌ی زیاتر‌ ڕه‌وانه‌ی شارۆچكه‌ی زاخۆی سه‌ر به‌ پارێزگای موسڵ كراوه  و بۆ لێكۆڵێنه‌وه‌ی زیاتر ڕه‌وانه‌ی شارۆچكه‌ی دهۆكی سه‌ر به‌ پارێزگای موسڵ كراوه‌ و به‌ كه‌فیل ئازادكراوه‌، له‌ مانگی كانونی یه‌كه‌می ساڵی ١٩٦٢ له‌ دوای ئازادكردنی به‌ كه‌فاله‌ت وه‌ك فه‌رمانبه‌ری هونه‌ری له‌ ئه‌میندارێتی به‌غدا دامه‌زراوه‌.

ساڵی ١٩٦٢ به‌رپرسی هێڵی نهێنی ڕێكخستنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ سنووری لێژنه‌ی لقی پێنج و به‌رپرسی به‌شی په‌یوه‌ندییه‌كانی لێژنه‌ی لقی پێنج بووه‌، له‌ مانگی نیسانی ١٩٦٣ له‌به‌ر چالاكی كوردایه‌تی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌ له‌سه‌ر كار لادراوه‌.

 ساڵی ١٩٦٣ له‌به‌ر به‌ندكردنی زۆربه‌ی ستافی لێژنه‌ی لقی پێنج له‌لایه‌ن ده‌زگای ئاسایشی گشتی عێراقه‌وه‌ وه‌ك‌ به‌رپرسی لێژنه‌ی لقی پێنج ده‌ستبه‌كار بووه، له‌ مانگی ته‌موزی ١٩٦٣ به‌ هاوكاری هێڵی سه‌ربازی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ ته‌قاندنه‌وه‌ی ڕێگای ئاسندا ئه‌نباری نه‌وتی دۆره‌شیان ته‌قاندووه‌ته‌وه‌ تا سوپای عێراق له‌ ته‌ل محه‌مه‌د نزیكی شاری به‌غدا ته‌قه‌مه‌نی و سه‌رباز بۆ باشووری كوردستان نه‌گوازێته‌وه‌‌، له‌ ٢٤ی شوباتی ١٩٦٤ وه‌ك نوێنه‌ری سه‌رۆك مستەفا بارزانی (١٩٠٣ـ١٩٧٩) سه‌ردانی پێشه‌وای مه‌زنی شیعه‌ی جیهان عه‌بدولموحسین حه‌كیم (١٨٨٩ـ١٩٧٠)ی له‌ شاری كوفه‌ی كردووه‌، له‌ ڕۆژی ٤ی نیسانی ١٩٦٤ به‌شداری له‌ كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی ماوه‌تدا كردووه‌ و دواتر له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ شاندێكدا له‌ ١٠ی نیسانی ١٩٦٤ سه‌ردانی سه‌رۆك مستەفا بارزانییان كردووه‌ به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، به‌ڵام به‌ ده‌رچوونی به‌یاننامه‌ی پێشوه‌خته‌ له‌لایه‌ن مه‌كته‌بی سیاسییه‌وه‌ له‌ هه‌وڵه‌كه‌یان سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست نه‌هێناوه و لایه‌نگیری باڵی سه‌رۆكی كردووه‌‌. 

له‌ سه‌ره‌تای مانگی حوزه‌یرانی ١٩٦٤دا به‌ ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئاماده‌كاری كۆنگره‌ی شه‌شه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌، ساڵی ١٩٦٤ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆنگره‌ی شه‌شه‌م هه‌ڵبژێردراوه‌، ساڵی ١٩٦٤ نوێنه‌ری كۆنگره‌ی دووه‌می گه‌ل (كۆنگره‌ی قه‌ڵادزێ) كردووه‌، ساڵی ١٩٦٤ بووه‌ته‌ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له‌ كوردستانی عێراق، له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٦٥دا به‌ به‌رپرسی لێژنه‌ی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ستنیشان كراوه، له‌ مانگی شوباتی ساڵی ١٩٦٥ وه‌ك نوێنه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان به‌شداری كۆنفڕانسی سێیه‌می یه‌كێتی قوتابیانی كوردستانی له‌ قه‌ره‌داغ كردووه‌، له‌ مانگی ئابی ساڵی ١٩٦٥ له‌ ستافی شه‌شه‌می لێژنه‌ی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان كراوه‌ته‌ به‌رپرسی لێژنه‌ی‌ لق.

ساڵی ١٩٦٥ كراوه‌ته‌ فه‌رمانده‌ی هێزی سه‌فین سه‌ر به‌ له‌شكری دوو، له‌ كۆتایی مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٦٥ فه‌رمانده‌یی شه‌ڕی كه‌پكی گه‌رۆته‌ له‌ چیای سه‌فین له‌ هێزی زه‌مینی سوپای عێراقی كردووه‌ و تیایدا سه‌ركه‌وتوو بووه، له‌ ٢٧ی تشرینی دووه‌می ١٩٦٥ دژ به‌ شاڵاوی له‌شكری یه‌كه‌می هێزی زه‌مینی سوپای عێراق بۆ سه‌ر چیای شه‌كرۆك له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێری كردووه‌ و توانی به‌ر به‌و شاڵاوه‌ بگرێ‌، له‌ مانگی كانونی یه‌كه‌می ساڵی ١٩٦٥ به‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و ئه‌ندامی نووسینگه‌ی جێبه‌جێكاری (المكتب التنفیذي) ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له‌ كوردستانی عێراق ده‌ستنیشان كراوه‌. 

له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٦٦دا به‌رپرسی یه‌كه‌می ئیداره‌ی نووسینگه‌ی جێبه‌جێكاری‌ و پرسگه‌ و پاسه‌وانه‌كانی نووسینگه‌ی جێبه‌جێكاری و وه‌رگرتنی پۆسته‌ بووه‌، له‌ مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٦٦ سه‌رپه‌رشتی ئاماده‌كاری شوێنی سازدانی كۆنگره‌ی حه‌وته‌می پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاره‌دێ گه‌ڵاله‌ سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێری به‌ ئه‌ستووگرتووه‌، ساڵی ١٩٦٦ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆنگره‌ی حه‌وته‌م هه‌ڵبژێردراوه‌، ساڵی ١٩٦٦ بووه‌ته‌ به‌رپرسی كارگێڕی نووسینگه‌ی جێبه‌جێكاری له‌ ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له‌ كوردستانی عێراق، ساڵی ١٩٦٦ به‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌، له‌ مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی ١٩٦٦ وازی له‌ پۆستی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی هێناوه‌‌، ساڵی ١٩٦٦ به‌رپرسی ڕێكخستنه‌كانی لێژنه‌ی لقی پێنج بووه‌‌، له‌ مانگی ئاداری ١٩٦٧ بۆ جاری دووه‌م‌ هاوڕێیه‌تی سه‌رۆك مەسعود بارزانیی كردووه‌ كه‌ هه‌ڵگری نامه‌ی سه‌رۆك مستەفا بارزانی بووه‌ بۆ ئایه‌توڵای مه‌زن عه‌بدولموحسین حه‌كیم (١٨٨٩ـ١٩٧٠) له‌ شاری نه‌جه‌ف‌، له‌ ١٥ی نیسانی ١٩٦٧ به‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك مستەفا بارزانی نوێنه‌ری كۆنفڕانسی سه‌ربازی ـ ڕامیاری كانی سماق -هه‌ولێر بووه‌، له‌ مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٦٧ به‌ تۆمه‌تی كوشتنی جه‌لال تاڵه‌بانی فه‌رمانی گرتنی له‌لایه‌ن ده‌زگای هه‌واڵگه‌ری سه‌ربازی عێراقه‌وه‌ بۆ ده‌رچووه‌، له‌ مانگی شوباتی ساڵی ١٩٦٨ كراوه‌ته‌ به‌رپرسی لێژنه‌ی‌ لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان، ساڵی ١٩٦٨ بووه‌ته‌ فه‌رمانده‌ی هێزی قه‌ره‌داغی سه‌ر به‌ له‌شكری سێ، له‌ ١٣ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٦٨ فه‌رمانده‌یی دژه‌‌ هێرشی گروپی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ـ جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ چیای سلباتو ‌سه‌ر به‌ پارێزگای كه‌ركووك كردووه‌ كه‌ به‌ شه‌ڕی شه‌ش سه‌عات ناسراوه‌، ساڵی ١٩٧٠ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ به‌‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆنگره‌ی هه‌شته‌م هه‌ڵبژێردراوه‌، ساڵی ١٩٧٠ له‌ یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستاندا به‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ڵبژێردراوه‌، له‌ كۆتایی ساڵی ١٩٧٠ له‌ ستافی یازده‌یه‌م به‌رپرسی لێژنه‌ی لقی یه‌كی پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌، ساڵی ١٩٧٠ مامۆستای وانه‌ی ڕێكخستنی نهێنی خولی سێیه‌می فێرگه‌ی پێگه‌یاندنی كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری به‌غدا بووه‌.

له‌ ٧ی كانونی یه‌كه‌می ١٩٧٠ به‌شداری له‌ كردنه‌وه‌ی باره‌گای سه‌ره‌كی یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان له‌ شاری به‌غدا كردووه، ساڵی ١٩٧١ مامۆستای خولی سێیه‌می فێرگه‌ی پێگه‌یاندنی كادیرانی له‌ شاری به‌غدا بووه‌، له‌ ڕۆژی دووشه‌مه‌ی ١ی شوباتی ١٩٧١ به‌شداری ئاهه‌نگی ده‌رچوونی خولی سێیه‌می فێرگه‌ی پێگه‌یاندنی كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستانی له‌ باره‌گای لێژنه‌ی لقی پێنجی له‌ شاری به‌غدا كردووه، ڕۆژی پێنجشه‌مه‌ی ٣ی حوزه‌یرانی ١٩٧١ له‌ سنووری كارگێڕیی پارێزگای موسڵ پێشوازی له‌ شاندی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبی شیوعی بوڵگاریا كردووه‌، له‌ ١٦ی ئابی ١٩٧١ له‌ ئاهه‌نگی یۆبیلی زێرینی ٢٥ ساڵه‌ی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستاندا وه‌ك به‌رپرسی لێژنه‌ی لقی یه‌ك به‌ ناوی لێژنه‌ی لقه‌وه‌ وتاری خوێندووه‌ته‌وه‌، له‌ كۆتایی مانگی نیسانی ١٩٧٢ نامه‌یه‌كی تایبه‌تی سه‌رۆك مستەفا بارزانی و به‌ شێوه‌یه‌كی نهێنی ده‌گه‌ینیته‌ ده‌ستی حافیز ئه‌سه‌د سه‌رۆككۆماری عه‌ره‌بی سوریا به‌ مه‌به‌ستی هاوكاری و پشتگیری، له‌ ١٣ی ته‌موزی ١٩٧٢ به‌ فه‌رمانێكی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش خانه‌نشین كراوه‌.

له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٧٢ له‌ گوندی داودیه‌ سه‌ر به‌ پارێزگای دهۆك و له‌سه‌ر فه‌رمانی سه‌رۆك مستەفا بارزانی به‌شداری كۆنگره‌ی داودیه‌ی پارتی دیموكراتی كورد له‌ سوریا (سه‌ركردایه‌تی قۆناغ ـ المرحلیة)  كرد. 

له‌  ١٧ی حوزه‌یرانی ١٩٧٣ به‌ نوێنه‌رایه‌تی سه‌رۆك مستەفا بارزانی به‌شداری له‌ ناشتنی ته‌رمی مه‌تران ماریو ئاله‌ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له‌ كوردستانی عێراق كردووه، له‌ ١٦ تا ١٩ ئابی ١٩٧٣ له‌ شاری به‌رلین به‌شداری له‌ كردنه‌وه‌ی كۆنگره‌ی شانزده‌یه‌می كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كورد له‌ ئه‌وروپا (K.S.S.E) كردووه‌‌‌‌ و به‌ ناوی لێژنه‌ی لقی یه‌كه‌وه‌ وتاری خوێندوه‌ته‌وه‌، له‌ ١٨ی ئابی ١٩٧٣ بیرخه‌ره‌وه‌ی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان جه‌نه‌راڵ مستەفا بارزانیی سه‌باره‌ت به‌ یه‌ده‌گی گازی ژه‌هراوی سوپای عێراق ڕاده‌ستی ڕێكخراوی خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تی له‌ شاری جنێف (سویسرا) كردووه‌، له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی حوزه‌یرانی ١٩٧٣ به‌ نوێنه‌رایه‌تی سه‌رۆك مستەفا بارزانی به‌شداری پرسه‌ی مه‌تران ئه‌ندراوس تیادۆرس ئه‌یود به‌رواری (١٩٣٨ـ١٩٧٣)ی له‌ شاری به‌غدا كردووه‌ كه‌ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له‌ كوردستانی عێراق بووه‌، له‌ ١ی كانونی دووه‌می ١٩٧٥ كراوه‌ته‌ به‌رپرسی لێژنه‌ی لقی پێنج، ساڵی ١٩٧٤ له‌ ده‌سپێكی شه‌ڕ له‌ نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی سۆسیالیست په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ كردووه‌.

له‌  ٢٩ی ئاداری ١٩٧٧ لێژنه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاندووه‌، له‌ ٩ی حوزه‌یرانی ١٩٧٧ به‌یاننامه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی دیموكراتیی كوردستانی ڕاگه‌یاندووه‌ و‌ بووه‌ته‌ ئه‌مینداری گشتی حزبه‌كه‌، ساڵی ١٩٧٨ هه‌وڵی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی نێوان سه‌ركردایه‌تی كاتی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانی داوه‌ به‌ڵام تیایدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌، ساڵی ١٩٧٩ له‌ كۆنگره‌ی نۆیه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ڕیزه‌كانی پارتی دوورخرایه‌وه‌ و ئه‌ویش له‌ ٢٠ی كانونی دووه‌می ١٩٨٠ له‌ نامه‌یێك بۆ سه‌رۆك مەسعود بارزانی ناڕەزا یه‌تی خۆی ده‌ربڕیوه‌، ساڵی ١٩٨١ هاوكاری مه‌شق و ڕاهێنانی پێشكه‌شی چه‌كدارانی پارتی كرێكارانی كوردستانی (PKK) له‌ كۆماری عه‌ره‌بی سوریا كردووه‌، ساڵی ١٩٨١ به‌ مه‌به‌ستی هه‌ماهه‌نگی و ڕاگۆڕینه‌وه‌ له‌مه‌ر بارودۆخی باشووری كوردستان سه‌ر‌دانی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ گوندی ڕاژانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانی كردووه‌.

له‌ ١٤ی كانونی یه‌كه‌می ١٩٨٤ چاوی به‌ موعه‌مه‌ر قه‌زافی ڕێبه‌ری كۆماری جه‌ماوه‌رییه‌كانی لیبیا له‌ شاری ته‌ڕابلوس كه‌وتووه‌، له‌ ١٧ی كانونی یه‌كه‌می ١٩٨٦ له‌ شاری نیویۆرك چاوی به‌ به‌رپرسانی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌وتووه‌، له‌ ١٥تا ١٧ی ئاداری ١٩٩١ وه‌ك ئه‌مینداری گشتی یه‌كێتیی دیموكراتی كوردستان به‌شداری كۆنگره‌ی نێوده‌وڵه‌تی دۆزی كوردی له‌ ستۆكهۆڵم (شانشینی سوید) كردووه‌‌، ساڵی ١٩٩٢ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی ڕاوێژكاری كۆنگره‌ی به‌رهه‌ڵستكاری عێراق (كۆنگره‌ی مه‌سیف سه‌ڵاحه‌دین) بووه‌، له‌  ٢٦ی ئایاری ١٩٩٢ وه‌ك ئه‌مینداری گشتی یه‌كێتیی دیموكراتی كوردستان واژۆی له‌سه‌ر گه‌ڵاڵه‌نامه‌ی هاوكاری له‌گه‌ڵ (تجمع الوفاق الوطني العراقی) و حزبی نیشتمانی توركمانیدا كردووه، ساڵی ١٩٩٢ له‌سه‌ر لیستی یه‌كگرتن بۆ ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كوردستان خۆی پاڵاوتووه، له‌ ٩ی حوزه‌یرانی ١٩٩٣ پێشنیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشكه‌شی كۆنفڕانسی دهۆكی یه‌كێتیی دیموكراتی كوردستان كردووه‌ و یه‌كێتیی دیموكراتی كوردستانی هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌، ساڵی ١٩٩٣ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ به‌‌‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو كۆنگره‌ی یازده‌یه‌م‌ هه‌ڵبژێردراوه‌. له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی ئه‌یلوولی ١٩٩٥ ئه‌ندامی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو بۆ سه‌ردانی كۆماری عه‌ره‌بی سوریا بووه‌‌. 

 له‌ ٢٩ی حوزه‌یرانی ١٩٩٦ به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك مەسعود بارزانی به‌شداری له‌ ئاهه‌نگی ده‌رچوونی خولی یه‌كه‌می زانكۆی دهۆكدا كردووه، ساڵی ١٩٩٧ بووه‌ته‌ ڕاوێژكاری په‌یوه‌ندییه‌ عه‌ره‌بییه‌كانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ ڕۆژی ١ی ئه‌یلوولی ١٩٩٨ به‌ فه‌رمانێكی سه‌رۆك مەسعود بارزانی به‌ ڕاوێژكاری سه‌رۆك بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی عه‌ره‌بی ده‌ستنیشانكراوه‌، ڕۆژی یه‌كشه‌مه‌ی ٢٩ی تشرینی دووه‌می ١٩٩٨ به‌ یاوه‌ری هۆشیار مه‌حمود محه‌مه‌د ناسراو به‌ هۆشیار زێباری له‌لایه‌ن عه‌بدوڵا ئه‌لئه‌حمه‌ر ئه‌مینداری گشتی یاریده‌ده‌ری حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی سۆسیالیستی سوریا پێشوازیان لێكراوه‌، له‌ ڕۆژی چوارشه‌مه‌ی ٢ی كانونی یه‌كه‌می ١٩٩٨ به‌ یاوه‌ری هۆشیار مه‌حمود ناسراو به‌ هۆشیار زێباری له‌لایه‌ن عه‌بدولحه‌لیم خه‌دام جێگری سه‌رۆككۆماری عه‌ره‌بی سوری له‌ شاری دیمه‌شقی پێشوازیان لێكراوه، له‌ ڕۆژی چوارشه‌مه‌ ٢٤ی شوباتی ١٩٩٩ ئه‌ندامی شاندی پارتی دیموكراتی كو‌ردستان ـ یه‌كگرتوو بووه‌ بۆ سه‌ردانی شاری عه‌مان به‌ مه‌به‌ستی پێشكه‌شكردنی پرسه‌ بۆ كۆچی دوایی شاحسێنی هاشمی ( ـ ١٩٩٩).

ساڵی ١٩٩٩ نوێنه‌ری كۆنگره‌ی دوازده‌یه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر بووه‌، ڕۆژی چوارشه‌مه‌ی ١٣ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٩٩ له‌ كۆنگره‌ی دوازده‌یه‌می پارتی دیموكراتی كوردستاندا و له‌به‌ر خه‌باتی له‌ شۆڕشی ئه‌یلوول، شۆڕشی گوڵان، قۆناغی ڕاپه‌ڕینی باشووری كوردستان و قۆناغی سه‌روه‌ری له‌لایه‌ن سه‌رۆك مەسعود بارزانییه‌وه‌ مێدالیای بارزانیی نه‌مری پێ به‌خشراوه، له‌ ٢٤ی ئاداری ٢٠٠٠ له‌ شاری هه‌ولێر به‌ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی كۆمه‌ڵه‌ی دۆستایه‌تی كوردی ـ عه‌ره‌بی هه‌ڵبژێردراوه، ساڵی ٢٠١٠ نوێنه‌ری کۆنگرەی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر بووه‌.

له‌ به‌رهه‌مه‌كانی:

  1. الحركة التحرریة‌ الكوردیة مواقف وآراء ـ ١٩٩٧م.

  2. أوراق من أرشیف كوردستان ـ ٢٠٠٧.

  3. القضیة الكوردیة وحزب البعث العربي الاشتراكي في العراق ـ ٢٠٠٦م ـ الجزء الأول.

  4. القضیة الكوردیة وحزب البعث العربي الاشتراكي في العراق ـ ٢٠٠٩م ـ الجزء الثاني. 

  5. القضیة الكوردیة وحزب البعث العربي الاشتراكي في العراق ـ ٢٠١٢م ـ الجزء الثالث.

  6. حقیقة مسیرة ثورة ١١ ایلول ١٩٦١ ـ ٢٠١٣م.

  7. صفحات من نبع ذاكرتي في الحزب الدیمقراطي الكوردستاني ـ ٢٠١٥م.

  8. أضواء علی حقیقة علاقات حزب العمال الكوردستاني P.K.Kمع سوریا.

  9. حقائق ووثائق حول المؤتمر القومي الكوردستاني ـ ١٩٩٦.


سه‌رچاوه‌كان:

  1. ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.

  2. مسعود البارزاني، البارزاني والحركة التحرریة الكردیة، المجلد الثالث، (أربیل ـ مطبعة وزارة التربیة ـ ٢٠٠٢م)، ص ص ١٤٤، ٢٥٣. 

  3. علي سنجاري، أوراق من ارشیف كوردستان، (دهوك ـ دار سپیریز للطباعة والنشر ـ مطبعة خاني ـ ٢٠٠٧م).

  4. علي سنجاري، القضیة الكوردیه‌ وحزب البعث العربي الأشتراكي في العراق، الجزء الأول، (أربیل ـ مطبعة حاجي هاشم ـ ٢٠٠٦م).

  5. علي سنجاري، حقیقة مسیرة ثورة ١١ ایلول ١٩٦١، (دهوك ـ مطبعه‌ خاني ـ ٢٠١٣م).

  6. علي سنجاري، الحركة التحرریة الكوردیة مواقف وآراء، (دهوك ـ مطبعة خه‌بات ـ ١٩٩٧م).

  7. علي سنجاري، حقیقة مسیرة ثورة ١١ أیلول ١٩٦١، (دهوك ـ مطبعة خاني ـ ٢٠١٣م).

  8. علي سنجاري، حقائق ووثائق حول المؤتمر القومي الكوردستاني، (بدون مكان ـ ٢٠١٣م).

  9. علي سنجاري، القضیة الكوردیة وحزب البعث العربي الأشتراكي في العراق، الجزء الثالث، (دهوك ـ مطبعة خاني ـ ٢٠١٢م). 

  10. علي سنجاري، القضیة الكوردیة وحزب البعث العربي الاشتراكي في العراق، الجزء الثالث، (دهوك ـ مطبعة خاني ـ ٢٠١٢م). 

  11. علي سنجاري، صفحات من نبع ذاكرتي في الحزب الدیمقراطي الكوردستاني، (دهوك ـ مطبعة خاني ـ ٢٠١٥م).

  12. حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕیزلێنان، كتێبی سێیه‌م،  (هه‌ولێر ـ ده‌زگای خێرخوازی بارزانی ـ ٢٠١٩ز)، ل ل ١٥ ـ ٢٠.

  13. ئه‌حمه‌د بانیخێڵانی، بیره‌وه‌رییه‌كانم، (ئستكهوڵم ـ ١٩٩٧ز)، ل ل ٢٢٣ ـ ٢٢٤.

  14. شوان حسێن شینك باڵه‌كی، جه‌وهه‌ر نامق سالم ١٩٤٦ ـ ٢٠١١ ژیان و به‌رهه‌م و ڕۆڵی سیاسی، زانكۆی سۆران فاكه‌ڵتی ئاداب، ٢٠١٦ز، (ماسته‌رنامه‌ی بڵاونه‌كراوه‌)، ل ٥٥.

  15. سلێمان مستەفا حه‌سه‌ن، كورد و یه‌كه‌م ئه‌زمون، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی كارۆ ـ ٢٠١٧ز)، ل ٢٨٠.

  16. شعبان سعید محمد، ئه‌ز و هه‌ڤركی و پێلێت خه‌ما، (دهۆك ـ چاپخانا كۆلێژا شه‌ریعێ ـ ٢٠٠٠ز)، ل ٤٧.

  17. شكیب عقراوي، سنوات المحنة في كوردستان أهم الحوادث السیاسیة والعسكریة في كوردستان والعراق من ١٩٥٨ الی ١٩٨٠، الطبعة الثانیة، (أربیل ـ مطبعة منارة ـ ٢٠٠٧م)، ص ١٥٧.

  18. عصمت شریف وانلي، كردستان العراقیة هویة وطنیة (دراسة في ثورة ١٩٦١)، ترجمة سعاد محمد خضر، (السلیمانیة ـ مؤسسة ژین ـ مطبعة شڤان ـ ٢٠١٢م)، ص ٣١٦.

  19. قرار مجلس قیاده‌ الثورة رقم ١٣١٩، جریدة الوقائع العراقیة، وزارة الاعلام في العراق، العدد ١٩٣٣، بغداد، الأربعاء، ٤ تشرین الثاني ١٩٧٠م، ص ٢.

  20. لقی دوو، لقی دوو له‌ نیوسه‌ده‌ی تێكوشاندا، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی ئاراس ـ ٢٠١٠ز)،  ل ٣٩.

  21. ماڵپه‌ڕی لقی یه‌كی پارتی دیموكراتی كوردستان :www.pdk ـ leqa١.com

  22. نجم الدین الیوسفي، ثورة أیلول المجیدة، (دهوك ـ الفرع الأول للحزب الدیمقراطي الكوردستاني ـ الموحد ـ مطبعة كلیة الشریعة ـ ١٩٩٥م)، ص ص ٢٠، ٢٦، ٣٢.


بابەتی پەیوەندیدار

چیا هەرکی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

حەمید عەلی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا. 

زانیاری زیاتر

نوری عوسمان شنگالی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

موحسین کەمال

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

گوهدار شێخۆ

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر