مەسعود بارزانی

مەسعود مسته‌فا شێخ محه‌مه‌د شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانی، ناسراو به‌ سه‌رۆك مەسعود بارزانی، كاك مەسعود، كاكه، باوكی مه‌سرور،‌ ساڵی ١٩٦٢ په‌یوه‌ندیی به‌ ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستانەوە كردووه‌.....


مەسعود مسته‌فا شێخ محه‌مه‌د شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانی، ناسراو به‌ سه‌رۆك مەسعود بارزانی، كاك مەسعود، كاكه، باوكی مه‌سرور،‌ ساڵی ١٩٦٢ په‌یوه‌ندیی به‌ ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستانەوە كردووه‌، ساڵی ١٩٦٦ له‌ دامه‌زرێنه‌رانی ده‌زگای پاراستن و دواتر سه‌رۆكی ئەو دەزگایە بووه‌، ساڵی ١٩٧٠ و له‌ کۆنگرەی هه‌شته‌‌‌مدا به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌، ساڵی ١٩٧٥ ئه‌ركی سه‌رله‌نوێ ڕێكخستنه‌وه‌ی ڕێكخستنه‌كانی پارتیی له‌ لایه‌ن مسته‌فا بارزانییەوە پێسپێردراوه‌ و له‌ دامه‌زرێنه‌رانی سه‌ركردایه‌تی كاتی و له‌ هەڵگیرسێنه‌رانی شۆڕشی  ٢٦ی گوڵان ١٩٧٦ی پارتی دیموكراتی كوردستانە،‌ ساڵی ١٩٧٩ و له‌ کۆنگرەی نۆیه‌مدا به‌‌ سه‌رۆك پارتی‌ هه‌ڵبژێردراوه‌، ساڵی ١٩٨٨ به‌ سه‌رۆكی به‌ره‌ی كوردستانی ده‌ستنیشان كراوه‌‌ و وەک سەرۆکی بەرەی کوردستانی سەرپەرشتیی مەیدانیی ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ی کوردستانی کردووە، ساڵی ٢٠٠٥ به‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هەڵبژێردراوە، له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ ٢٥ی ته‌مموزی ٢٠٠٩ به‌ ده‌نگی ڕاسته‌وخۆی ده‌نگده‌رانی هه‌رێمی كوردستان بووەته‌وه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ساڵی ٢٠١٤ فەرماندەی مەیدانیی تێکشکاندنی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بووە، ساڵی ٢٠١٧ بڕیاردەر و سەرپەرشتکاری پرۆسەی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستانی بووە کە‌ ٩٣٪ی هاووڵاتیان به‌ "به‌ڵێ" ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دا و لە پێناو گەیاندنی دەنگی ڕەوای گەلی کورد سەردانی کۆشکی سەرۆک و سەرکردە عەرەبی و جیهانییەکان و بەشداری کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکانی کردووە، له‌ كۆتایی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٧ ڕازی نه‌بوو به‌ درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه‌ و ڕایگه‌یاند كه‌ بە پێشمەرگەیی دەمێنێتەوە‌، ئێستا سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و باره‌گای بارزانییه‌.


سەرکردایەتیکردنی پارتی دیموكراتی كوردستان

مەسعود مسته‌فا بارزانی ساڵی ١٩٧٠ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی کۆنگرەی هەشتەمەوە به‌ ده‌نگی ٤٢٩ ئه‌ندام له‌ كۆی ٤٨٨ ئه‌ندام، به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌، ساڵی ١٩٧٩ لە كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی شاوانه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ سه‌رۆكی سه‌ركردایه‌تی كاتی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ستنیشانكراوە، لە کۆنگرەی نۆیه‌م ١٩٧٩ و کۆنگرەی دەیەم ١٩٨٩ و کۆنگرەی یازده‌یه‌‌م ١٩٩٣ و کۆنگرەی دوازدەیەم ١٩٩٩، كۆنگره‌ی سێزده‌یه‌‌م ٢٠١٠ و کۆنگرەی چواردەیەم ٢٠٢٢دا به‌ تێكڕای ده‌نگی نوێنه‌رانی كۆنگره،‌ به‌‌ سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوەتەوە.


ئەرک و بەرپرسیاریەتی

مەسعود مسته‌فا بارزانی له‌ ٢٠ی ئایاری ١٩٦٢ لە پێناو مافە نەتەوەیی و نیشتمانییە ڕه‌واکانی خه‌ڵكی کوردستان په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه‌ كردووه‌ و تا ئێستا وەک پێشمەرگەیەکی بەرگریكار لە کوردستان لە خەبات بەردەوامە، له‌ ١٥ی نیسانی ١٩٧٥ ئه‌ركی ڕێكخستنه‌وه‌ی ڕێكخستنه‌كانی پارتی له‌ دوای نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوول گرته‌ ئه‌ستۆ كه‌ به‌ سه‌ركردایه‌تی كاتی پارتی ناسراوه‌، لە ٢٦ی گوڵانی ١٩٧٦ سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی پێشکەوتنخوازی گوڵانی کرد و درێژەی بە خەباتی چەکداری و سیاسی داوە و به‌ شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاستەوخۆ فه‌رمانده‌ و بەشداری زۆربه‌ی شەڕ و داستانە بەرگرییەکانی کردووە و به‌ هه‌وڵ و تواناكانی  به‌ سه‌ر زۆر هه‌وراز و نشێوی ژیان و خه‌باتدا سه‌ركه‌وتووه‌.

له‌ ١٣ی ته‌موزی ٢٠٠٣ به‌ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌رۆكایه‌تی ئەنجوومەنی حکومڕانی ڕاگواستنی عێراق (المجلس الحكم الانتقالي) ده‌ستنیشان كراوه‌ و لە نیسانی ٢٠٠٤ بووە به‌ سه‌رۆكی ئەو ئه‌نجوومه‌نە.

له‌ ١٢ی حوزه‌یرانی ٢٠٠٥ به‌ بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كوردستان به‌ یه‌كه‌مین سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان  هەڵبژێردراوە و لە ١٤ی حوزه‌یرانی ٢٠٠٥ وه‌ك یه‌كه‌مین سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كوردستان سوێندی یاسایی خواردووه‌.


ژیان و قۆناغەکانی خوێندن  

مەسعود مسته‌فا بارزانی لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦ لە شاری مه‌هاباد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ سه‌رده‌می كۆماری دیموكراتی كوردستان لەدایکبووە و له‌ بنه‌ماڵه‌ی شێخه‌كانی ته‌كیه‌ی بارزانه‌ كه‌ په‌یڕە‌وی مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندی (١٧٧٩-١٨٢٧) و كوڕی  جه‌نه‌راڵ مسته‌فا بارزانییە، لە ئەنجامی ڕووخانی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد و پەنابردنی بارزانیی باوکی بۆ یەکێتی سۆڤیەت، بۆ ماوەی ١٢ ساڵ لە سۆزی باوک دوور بووە، ساڵی ١٩٥٣ له‌ قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی گوندی نه‌پاخیێ ده‌چێته‌ به‌رخوێندن، ساڵی ١٩٥٨ قۆناغی سه‌ره‌تایی به‌ سه‌ركه‌وتوویی ته‌واو ده‌كات و له‌ قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی ڕۆژئاوا له‌ شاری به‌غدا درێژەی بە خوێندن داوە، ساڵی ١٩٥٨ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی موسه‌نای به‌غدا بۆ یەکەمینجار بە دیداری سه‌رۆك مسته‌فا بارزانیی باوکی شاد دەبێتەوە، له‌ مانگی نیسانی ١٩٥٩ له‌ هوڵی گه‌ل لە شاری به‌غدا له‌گه‌ڵ زه‌عیم ڕوكن عه‌بدولكه‌ریم قاسم سه‌رۆكوه‌زیرانی كۆماری عێراق و سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی بەشداری له‌ ئاهه‌نگی گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ڤاڵانی بارزانی له‌ یه‌كێتی سۆڤیەت کردووە.

 له‌ ٢٠ی ئایاری ١٩٦٢ دەستی لە خوێندن هەڵگرتووە و په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستانەوە كردووه‌. زمانه‌كانی كوردی، عه‌ره‌بی، فارسی و ئینگلیزى دەزانێ.


 شۆڕشی ئەیلوول

مەسعود بارزانی هەر لە تەمەنی سەرەتای لاوێتییەوە تێکەڵ بە خەباتی چەکداری و سیاسی بووە لەپێناو گەلەکەی، بیری ڕزگاریخوازیی بنەماڵەکەی کاریگەریی لەسەر ڕەنگڕێژکردنی جیهانبینی ئەو هەبووە.

ساڵی ١٩٦٢ و لە سەرەتای تەمەنی لاوێتیدا په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستانەوە كردووه و ساڵێک دواتر بەشداریی کۆبوونەوەی فراوانی کۆیە بووه، ساڵانی ١٩٦٤ و ١٩٦٦ وه‌كو میوان به‌شداریی کۆنگرەی شه‌شه‌‌م و کۆنگرەی حه‌وته‌‌‌می پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، ساڵی ١٩٦٦ به‌ یاریده‌ده‌ری به‌رپرسی باره‌گای بارزانی ده‌ستنیشان كراوه‌ و هەمان ساڵ بووه‌ته‌ ئه‌ندامی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ، ده‌ره‌وه‌ی نووسینگه‌ی جێبه‌جێكاری ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له‌ كوردستان و هه‌ر له‌و ساڵەدا‌ بووه‌ته‌ به‌رپرسی لێژنه‌ی كاروباری هه‌واڵگری و ئاسایشی نووسینگه‌ی جێبه‌جێكاری ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ئەیلوول، ساڵی ١٩٦٧ دامه‌زرێنه‌ری ده‌زگای ئاسایش و هه‌واڵگری شۆڕش ناسراو به‌ ده‌زگای پاراستن و ساڵی ١٩٦٩ به‌رپرسی ده‌زگای پاراستنی شۆڕشی ئه‌یلوول بووه‌.ساڵی ١٩٧٠ لە کۆنگرەی هەشتەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوە.

 له‌ ٢٩ی ئه‌یلوولی ١٩٧١ به‌شداریی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هێرشە تیرۆریستییەکەی ده‌زگای ئاسایشی گشتی عێراقی و شاندێكی مه‌لای عه‌رەبی عێراقی بۆ سه‌ر شوێنی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك مستەفا بارزانی كردووه‌، له‌ ١٥ی ته‌موزی ١٩٧٢ له‌ پوچه‌ڵكردنەوەی هه‌وڵی تیرۆری سه‌رۆك بارزانی كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زیری ناوخۆی عێراق و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاسایشی گشتی عێراقەوە ڕێكخرابوو ڕۆڵی هه‌بوو، له‌ ٤ی كانوونی دووه‌می ١٩٧٥دا بووه‌ته‌ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی پلانی سه‌ربازیی شۆڕشی ئه‌یلوول.


 شۆڕشی گوڵان 

مەسعود مسته‌فا بارزانی له‌ ٢٦ی ئاداری ١٩٧٥ له‌ دوای نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوول ئاواره‌ی ئێران بووه‌ و له‌ ١٥ی مانگی نیسانی ساڵی ١٩٧٥دا لە کۆبوونەوەیەکدا له‌ ده‌ره‌وه‌ی شاری نه‌غه‌ده‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان سه‌ركردایه‌تی كاتی پارتی دیموكراتی كوردستانی دامه‌زراندووه و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی ڕێکخستووەتەوە‌، ساڵی ١٩٨٨ سەرپەرشتیی داستانی خواكوڕكی له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر كردووه‌.


سەرپەرشتیکردنی ڕاپەڕینی کوردستان

مەسعود مسته‌فا بارزانی ساڵی ١٩٩١ وەک سەرۆکی به‌ره‌ی كوردستانی سەرپەرشتی‌ ڕاپه‌ڕینی باشووری كوردستانی کردووە‌ و لە شاری کۆیە لە وتارێکیدا بۆ خەڵكی ڕاپەڕیوی کوردستان، یه‌كه‌مین سه‌ركرده‌ی كورد بوو‌ کە باسی هه‌ڵبژاردن و دەوڵەتی دامه‌زراوەیی کرد و‌ دواتر لە ساڵی ١٩٩٢دا ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانى لێکەوتەوە‌، لە داستانی کۆڕێ و ڕێگریکردن لە پێشڕەوییەکانی سوپای عێراق له‌ نیسانی ١٩٩١ سەرپەرشتی مه‌یدانیی و ڕۆڵێکی باڵای بینیوە، له‌ ٢٢ی كانوونی دووه‌می ٢٠٠٧ بووه‌ته‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی سه‌رۆكایه‌تی كوردستان، له‌ ٢٠ی ئابی ٢٠٠٩ بۆ جاری دووەم لە هه‌ڵبژاردنی ڕاسته‌وخۆی ده‌نگده‌راندا بە سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هەڵبژێردراوته‌وه‌.


هەوڵ و چالاکییە ئاشتیخوازەکان

مەسعود مسته‌فا بارزانی له‌ ١٢ی كانونی دووه‌می ١٩٧٠ له‌ نزیك شارۆچكه‌ی ڕواندز سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر پێشوازی له‌ سه‌دام حسێن، جێگری سه‌رۆككۆماری عێراقی كرد كه‌ به ‌مه‌به‌ستی دانوستاندن له‌ باره‌ی ئۆتۆنۆمی بۆ باشووری كوردستان هاتبوو، له‌ ١١ی ئاداری ١٩٧٠ ئه‌ندامی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌ بۆ واژۆکردن و ڕاگەیاندنی ڕێككه‌وتننامه‌ی ١١ی ئادار بۆ مافی ئۆتۆنۆمی كوردستان، لە ٢ی حوزه‌یرانی ١٩٧٠ سه‌ر‌دانی شاری كه‌ركووكی كردووه‌ و له‌وێدا ڕایگه‌یاند كه‌ركووك شارێكی كوردستانییه‌ و ئەم وتەیەی‌ بووه‌ جێی دڵگرانی حكومه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی عێراق.

له‌ ١٥ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٧٠ له‌ گوندی دیلمان پێشوازی له‌ سه‌ركرده‌كانی گروپی ئیبراهیم ئەحمەدجەلال تاڵەبانی كردووه‌، له‌ ١٦ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٧٦ به‌ مه‌به‌ستی هاوئاهه‌نگی و هاوكاری نێوان سه‌ركردایه‌تی كاتی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، ڕێكکه‌وتنێكی له‌ شاری له‌نده‌ن له‌گه‌ڵ جه‌لال تاڵه‌بانی (١٩٣٣-٢٠١٧)دا كردووه‌، له‌ ١٩ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٧٦ سه‌ر‌دانی دیمه‌شقی كردووه‌ و له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی سوریا و دواتر جەلال تاڵەبانی به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه ‌باڵاكان و ته‌بایی و یه‌كڕیزیی گه‌لی كوردستان كۆبووەته‌وه‌، لە ١ی ئایاری ١٩٧٧ له‌ دیمه‌شقی پایته‌ختی سوریا چاوی به‌ تاڵه‌بانی كه‌وتووه‌ و ڕێككه‌وتنامه‌ی هاوكاریی مه‌یدانی له‌ بواره‌ جیاجیاكان و كوتاییهێنان به‌ گرژی و ئاڵوزییه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی واژۆ كردووه‌.

له‌ ٢٨ی تشرینی دووه‌می ١٩٨٠ به‌ نوێنه‌رایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان واژۆی ڕێكکه‌وتننامه‌ی به‌ره‌ی نیشتیمانی دیموكراتی عێراق (الجبهة الوطنیة الدیمقراطیة العراقیة)ی ناسراو به‌ به‌ره‌ی جود له‌گه‌ڵ حزبی شیوعی عێراقی و حزبی سۆسیالیستی یه‌كگرتووی كوردستانی به‌ مه‌به‌ستی هاوكاری و چالاكی هاوبه‌شی كردووه‌‌.

له‌ ناوه‌ڕاستی ئابی ١٩٨٦ له‌ شاری تاران دیداری له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د باقر حه‌كیم سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای شۆڕشی ئیسلامی له‌ عێراقی كردووه‌ و باسیان له‌ پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی عێراقی كردووه‌، له‌ ٧ی ئاداری ١٩٩٠ به‌ سه‌رۆكایه‌تی شاندێكی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌ردانی باره‌گای سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانی كردووە و له‌لایه‌ن نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مینى ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانەوە پێشوازی لێكراوە، له‌ ڕۆژانی ٨ تا١٠ی ئاداری ١٩٩٠ سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی به‌ره‌ی كوردستانیی كردووه‌.

له‌ ٢٠ی نیسانی ١٩٩١ بۆ خولی دووه‌می دانوستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق، سه‌رۆكایه‌تی شاندی به‌ره‌ی كوردستانیی كردووه‌، له‌ ٧ی نیسانی ١٩٩٢ به‌ مه‌به‌ستی ئاماده‌كاری بۆ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نیشتیمانی كوردستان، سه‌ر‌په‌رشتی  كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی پیرمامی به‌ره‌ی كوردستانی كردووه‌، له‌ ١٩ی ئایاری ١٩٩٢ و هه‌ڵبژاردنی ڕێبه‌ری بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورددا به‌ ٤٤٦٨١٩ ده‌نگ ٤٧،٥١% ده‌نگه‌كان پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ست هێناوه‌، به‌ڵام به ‌هۆی كێشه‌كانی دوای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ئه‌م پۆسته‌ نه‌كه‌وته‌ کار، له‌ ڕۆژانی ٢٧ تا ٣١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٩٢ میوانداریی كۆنگره‌ی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی کردووە له‌ شارۆچكه‌ی پیرمام‌.

 لە ٩ی تشرینی دووه‌می ١٩٩٤ له‌ باره‌گای سكرتارییه‌تی جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ شاری هه‌ولێر به‌ مه‌به‌ستی بنبڕكردنی ئاڵوزییه‌كانی نێوانیان، ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان - یه‌كگرتوو و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان بووە، له‌ ١٧ی شوباتی ١٩٩٤ سه‌رپه‌رشتی واژۆكردنی ڕێكکه‌وتننامه‌ی ئاشتی نێوان یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌ كوردستانی عێراق كردووه‌، له‌ ٤ی ئایاری ١٩٩٤ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستاندا واژۆی له‌سه‌ر ئاگربه‌ست و ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخی باشووری كوردستان كردووه‌، ساڵی ١٩٩٦ له‌ شاری دیمه‌شق دیداری له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان كردووه‌،  له‌ ١٧ی ئه‌یلوولی ١٩٩٨ له‌ شاری واشنتۆن و به‌ ئاماده‌بوونی مادلین ئۆلبرایت وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ڕێكکه‌وتننامه‌ی واشنتۆنی ئاشتیی له‌گه‌ڵ جه‌لال تاڵه‌بانی (١٩٣٣-٢٠١٧) سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستاندا واژۆ كردووه‌.

له‌ ١٤ تا ١٦ی كانونی یه‌كه‌می ٢٠٠٢ له‌ كۆنگره‌ی له‌نده‌ن له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌ی ئۆپۆزسیۆنی عێراقه‌وه‌ به‌ ئه‌ندامی لێژنه‌ی به‌دواداچوون و هه‌مانگی هه‌ڵبژێردراوه‌ و ساڵی ٢٠٠٣ سه‌رپه‌رشتی كۆنگره‌ی سه‌ڵاحه‌دینی بۆ ئۆپۆزسیۆنی عێراقی به‌ مه‌به‌ستی ڕووخاندنی ڕژێمی سه‌دام حسێن كردووه‌، له‌ ٢٨ی نیسانی ٢٠٠٣ به‌ سه‌رپه‌رشتی شاندێك به‌شداری‌ كۆنگره‌ی به‌غدای به‌ مه‌به‌ستی به‌دواداچوون بۆ بڕیاره‌كانی كۆنگره‌ی له‌نده‌ن و داننانی لایه‌نه‌كان به‌ مافی كورد و دامه‌زراندنی حكومه‌تدا کردووە.

 له‌ ١٨ی تشرینی دووه‌می ٢٠٠٤ به‌شداریی كۆنگره‌ی دوكانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی كردووه،‌ به‌ مه‌به‌ستی باسكردن له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و سه‌پاندنی ئاسایش و دادگاییكردنی سه‌دام حسێن‌، له‌ ١ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠٠٤ له‌ شارۆچكه‌ی پیرمام له‌ پارێزگای هه‌ولێر له‌گه‌ڵ جه‌لال تاڵه‌بانی واژۆیان له‌سه‌ر ڕێکكه‌وتننامه‌ی ستراتیژی سه‌باره‌ت به‌ پرسه‌ نیشتیمانییه‌كان له‌ نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستاندا كردووه.

له‌ ٢١ی كانونی دووه‌می ٢٠٠٦ له‌ ئه‌نجوومه‌نی نیشتیمانی كوردستان و به‌ مه‌به‌ستی دروستكردنی حكومه‌تی یه‌كگرتووی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ جەلال تاڵەبانی واژۆی یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو ئیداره‌ی هه‌ولێر و سلێمانیان كردووه‌، له‌ ٢٧ی ته‌موزی ٢٠٠٧ ڕێکكه‌وتننامه‌ی ستراتیژیی له‌گه‌ڵ جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستاندا واژۆ كردووه‌.

لە ١٠ی كانونی دووه‌می ٢٠١٩ له‌ باره‌گای تایبه‌تی خۆی پێشوازی له‌ شاندێكی سه‌ركردایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كورد له‌ سوریا (ئه‌نه‌كه‌سه‌) كردووه‌ و سەرپەرشتی هەردوو کۆبوونەوەی هەولێر و دهۆکی لە نێوان ئەنەکەسە و تەڤدەم کردووە.


گفتوگۆکانی نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق

مەسعود مسته‌فا بارزانی لە ١١ی ئه‌یلوولی ٢٠٠٣ له‌ شاره‌دێی پیرمام پێشوازی له‌ پۆڵ بریمه‌رحاکمى مه‌ده‌نی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق و شاندی یاوه‌ری كردووه‌ و باسیان له‌‌ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور و مسۆگه‌ركردنی مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد له‌م ده‌ستووره‌دا كردووه‌.

لە ١٤ی ئایاری ٢٠٠٥ پێشوازی له‌ دكتۆر عادل عه‌بدولمه‌هدی جێگری سه‌رۆككۆماری عێراقی فیدڕاڵ كردووه‌ و پرسى دەستوور تەوەرى کۆبوونەوەکەیان بووە، لە ٢٤ی ئایاری ٢٠٠٥ پێشوازی له‌ سه‌عدون دلیمی وه‌زیری به‌رگری عێراقی فیدڕاڵ كردووه‌ و سه‌باره‌ت به‌ دروستكردنه‌وه‌ی سوپای عێراق له‌ هه‌موو پێكهاته‌كان گفتوگۆ كراوه‌، ڕۆژی هه‌ینی ٣ی حوزه‌یرانی ٢٠٠٥ پێشوازی له‌ دكتۆر حاچم ئه‌لحه‌سه‌نیی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی فیدڕاڵ كردووه‌، لە ١٧ی حوزه‌یرانی ٢٠٠٥ له‌ شاری به‌غدا له‌لایه‌ن جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆككۆماری عێراقی فیدڕاڵ و دكتۆر ئیبراهیم جه‌عفه‌ری سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقی فیدڕاڵه‌وه‌ پێشوازی لێ كراوه‌ و سه‌باره‌ت به‌ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراقی فیدڕاڵ و ڕەچاوكردنی مافی گشت پێكهاته‌كان گفتوگۆیان كردووه‌.


سەرکردایەتی مەیدانی شەڕی دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش

مەسعود مسته‌فا بارزانی لە ئابی ٢٠١٤ و دوای پەلامارەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی کوردستان سەرپەرشتیاریی مەیدانیی بەرەکانی شەڕی کردووە، له‌ ٢٠ی كانونی یه‌كه‌می ٢٠١٤ سەرپەرشتیی ڕزگاركردنی ده‌شتی ڕە‌بیعه‌ و چیای شنگالی له‌ هێزه‌كانی داعش كردووه‌‌.

لە ٢ی ئایاری ٢٠١٥ پێشوازی له‌ ستیڤن هارپه‌ر سه‌رۆكوه‌زیرانی كه‌نه‌دا كردووه‌، ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی ٢٤ی ئابی ٢٠١٥ پێشوازی له‌ بۆرگێ برێندێ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و خاتوو ئینا ئیركسن سورید وه‌زیری به‌رگری نه‌رویژ كردووه‌ و سه‌باره‌ت به‌ شه‌ڕی داعش و ڕاهێنانی پێشمه‌رگه‌ گفتوگۆیان كردووه‌.

لە ١٣ی تشرینی دووه‌می ٢٠١٥ سەرپەرشتیی هێزی پێشمه‌رگه‌ی ‌ له‌ ئۆپه‌راسیۆنی ڕزگاركردنی شارۆچكه‌ی شنگال له‌ ده‌ستی هێزه‌كانی داعش كردووه، لە ٢٧ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٥ پێشوازی له‌ خاتوو ئۆرسۆلا ڤۆندێرلاین وه‌زیری به‌رگری ئه‌ڵمانیای فیدڕاڵ كردووه‌.


هەوڵەکانی تیرۆرکردنی

مەسعود مسته‌فا بارزانی له‌ ٨ی كانوونی دووه‌می ١٩٧٩ له‌ شاری ڤییه‌نای پایتەختی نەمسا  لەهه‌وڵێكی شکستخواردووی تیرۆرکردن کە لە لایەن دەزگای موخابراتی ڕژێمی بەعس پیلانی بۆ داڕێژرابوو ڕزگار بوو دواتر بە هاوکاری حكومه‌تی نه‌مسا و یاسرعه‌ره‌فات ڕێبه‌ری بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی فه‌له‌ستینی توانی بگەڕێتەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.


هەڵوێست و بەرپەرچدانەوەکان

مەسعود مستەفا بارزانی ساڵی ٢٠٠٣ دژ به‌ ده‌ستێوه‌ردانی سوپای كۆماری توركیا له‌ خاكی باشووری كوردستان به‌ بیانووی ڕووخاندنی ڕژیمی سه‌دام حسێن وەستایەوە، له‌ دوای جوڵه‌ی هێزه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی دیجله‌ له‌لایه‌ن نوری مالكی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ بۆ داگیركردنی كوردستان، وه‌ك فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی كوردستان فه‌رمانی به‌رگری دا و هێزه‌كانی له‌ كه‌ركووك  جێگیر كرد، ساڵی ٢٠١٤ له‌ دوای بڕینی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه‌، بۆ دابینكردنی موچه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانبه‌رانی كوردستان فه‌رمانی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی خاوی كوردستانی ده‌رکرد.

ساڵی ٢٠١٤ پڕۆژە‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی خسته‌‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانی کوردستان و له‌ ٧ی حوزه‌یرانی ٢٠١٧ به‌ مه‌به‌ستی ئاماده‌كاری بۆ ڕاپرسی سه‌ربه‌خۆیی باشووری كوردستان، له‌گه‌ڵ گشت لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان کۆبوویەوە و له‌ ٢٥ی ئه‌یلوولی ٢٠١٧ هاووڵاتیانی کوردستان بە ڕێژەی ٩٣٪ به‌ "به‌ڵێ" ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دا، بەڵام  له‌ ١٦ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٧دا به ‌هۆی خیانه‌تی باڵێكی ناو سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه‌وه‌ ته‌گه‌ره‌ی تێكه‌وت و بەشێک لە خاکی کوردستان فرۆشرا و ئەوە بوو له‌ ٢٠ی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٧ وه‌ك فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی كوردستان له‌ به‌ره‌كانی پردێ، تلسقوف، مه‌حمودییه‌ – سحێلا ‌به‌رانبه‌ر میلیشیاکانی حه‌شدی شه‌عبی و حزبوڵای لوبنانی و سوپای عێراق و پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق وەستایەوە کە‌ ڕاوێژكارانی ئێرانی فه‌رمانده‌یییان ده‌كردن و به‌ چه‌كی قورسی ئه‌مریكی كه‌ پێشتر بۆ شه‌ڕی دژی داعش درابووە سوپای عێراق پڕچه‌ك كرابوون و به‌ نیازی گرتنی پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان و كۆتاییهێنان به‌ قەوارەی كوردستان بوون.

له‌به‌ر بارودۆخی له ‌ناكاوی هه‌رێمی كوردستان و كۆتاییهاتنی واده‌ی یاسایی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ ٢٩ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٧ ئه‌نجوومه‌نی نیشتیمانی كوردستان به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ، بڕیاری درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی به‌ڕێزیانی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم دا به‌ڵام به‌وه‌ ڕازی نه‌بوو و ده‌سه‌ڵاتی خۆی خسته‌ به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌ن تا به‌ یاسا بدرێته‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی كوردستان و به‌ ڕاشکاوی ڕایگه‌یاند كه‌ خۆی به‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌زانێ و ئاماده‌یی خۆیشی ده‌ربڕی بۆ ئه‌وه‌ی له‌‌ هه‌ر هێرشێكدا له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ بێت.


پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان

مەسعود مسته‌فا بارزانی لەسەرەتای پەیوەندیکردنی بە ڕیزەکانی شۆڕشەوە، هەر زوو توانا و لێهاتوویی و دڵسۆزیی لە ڕادەبەدەری خۆی بۆ هەمووان سەلماند و بە هەر ئەرک و کارێک کە پێی دەسپێردرا جێ متمانەیی خۆی زیاتر لە جاران بۆ دەوروبەری دووپات دەکردەوە و ئەمەش وایکرد بە بێ ڕەچاوکردنی لایەنی تەمەن بەردەوام بەرپرسیارێتی مەزنتری بخەنە سەرشان.

یەکێک لەو بەرپرسیاریەتییە سەرەکیانەی کە هەر زوو بە تەمەنێکی کەمەوە کەوتە سەرشانی بریتی بوو لە هەڵسوڕان و بەڕێوەبردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، کاری پەیوەندییەکان بەشێکی گەورەی ژیان و خەباتی ئەویان پێکهێناوە، پەیوەندییەکان ڕەهەندێکی زۆر گرنگ و سەرەکیی بەرنامەی کاری هەر پارتێکی سیاسین و ناوبراو وێڕای کارکردنی وەکو پێشمەرگەیەک، ئەم ڕەهەندەیشی بەهەند وەرگرتووە و بۆ ئەم مەبەستەیش لە پێناو گەیاندنی دەنگی ڕەوای گەلی کورد سەردانی چەندین سەرۆکی عەرەبی و جیهانی و کۆڕ و کۆنفرانس و پەرلەمانی جیهانی کردووە و لە بارەگای خۆی پێشوازی لێکردوون.


 له‌ به‌رهه‌مه‌كانی:

  1. بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ـ  له‌ چوار به‌رگدا كه‌ بۆ زۆر زمانی دنیا وه‌رگێڕدراوه‌.
  2. مسعود بارزانی .. پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌ پێگه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمدا، وتار، دیمانه‌ و كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانی، ئاماده‌كردنی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان ـ ٢٠١٤ له‌ شه‌ش به‌رگدا.
  3. بۆ مێژووـ ٢٠٢٠. ئه‌م به‌رهه‌مه‌ بۆ زۆر زمانی دونیا وه‌رگێڕدراوه‌ و له‌ هه‌مان ساڵ سێ جار له‌ چاپ دراوه‌.
  4. بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد شۆڕشی گوڵان
  5. بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ڕاپەڕین، دەرفەت و ئاستەنگەکان

 

سەرچاوە:

- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

چیا هەرکی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

حەمید عەلی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا. 

زانیاری زیاتر

نوری عوسمان شنگالی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

موحسین کەمال

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

گوهدار شێخۆ

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر