کۆنگرەی دەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان

کۆنگرەی دەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان- (پارتی دیموكراتی كوردستان – ٢ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٨٩)، دوای دروستبوونی به‌ره‌ی كوردستانی ساڵی ١٩٨٨ و چه‌ندین گوڕانكاری ناوچه‌یی و هه‌رێمی، له‌ گوندی هێشماوه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئه‌نجامدرا.


بارودۆخ و ئاماده‌كارییه‌كان

له‌ كۆتایی ساڵی ١٩٨٠ ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی سه‌ركردایه‌تی كاتی پارتی كه‌ له‌ کۆنگرەی نۆیەم جیاببوونه‌وه،‌ حزبێكی نوێیان دروستكرد به‌ ناوی (پارتی گه‌لی دیموكراتی كوردستان) له‌ ٢٨ی تشرینی دووه‌می ١٩٨٠ به‌ره‌ی نیشتیمانی دیموكراتی عێراقی به‌ ناوی جود دروستكرا كه‌‌ پارتی دیموكراتی كوردستان و شه‌ش حزبی تری كوردستانی و عێراقی له‌خۆگرتبوو. دواتر ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی ئێران و عێراق له‌ ٢٢ی ئه‌یلوولی ١٩٨٠، كه‌ به‌ درێژایی شه‌ڕ هێزه‌ كوردییه‌كانی به‌خۆوه‌ سه‌رقاڵ كردبوو. له‌و ماوه‌یه‌دا شه‌ڕی ناوخۆیی به‌رۆكی زۆربه‌ی هێز و حزبه‌ كوردییه‌كانی گرتبوو‌، به‌تایبه‌تی پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، تا له‌ كۆنفرانسی تارانی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٨٦ كۆتایی پێ هێنرا و كۆچی ناوه‌خته‌ی ئیدریس بارزانى له‌ ٣١ی كانوونی دووه‌می ١٩٨٧. دروستكردنی به‌ره‌ی كوردستانی له‌ ٢ی ئایاری ١٩٨٨ كه‌ له‌ حه‌وت حزبی كوردستانی پێكهاتبوو،. دواتر وه‌ستانی شه‌ڕی ئێران و عێراق دوای هه‌شت ساڵ له‌ ٢٠ی ئابی ١٩٨٨، هێرشه‌ دڕندانه‌كانی ڕژێمی به‌عس له‌ ساڵی ١٩٨٨ بۆ سه‌ر كوردستان و كیمیاباران كردن و ئه‌نفالكردنی كوردستان و چه‌ندین ڕووداوی تر له‌ ڕووداوه‌ گرنگه‌كانی ئه‌و ماوه‌یه‌ بوون.

به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی حزب ده‌بووایه‌ کۆنگرەی ده‌یه‌م، له‌ ساڵه‌كانی ١٩٨٣ یان ١٩٨٤ به‌سترابا، به‌ڵام به‌هۆی ناله‌باری بارودۆخ و پێشهاته‌ نه‌خوازراوه‌كان دواده‌خرا، تا سه‌ره‌نجام له‌ كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی له‌ مانگی حوزه‌یرانی ١٩٨٩، بڕیار له‌سه‌ر به‌ستنی كۆنگره‌ درا، هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیاردرا لێژنه‌ی ئاماده‌كاری كۆنگره‌ دروستبكرێت، به‌ مه‌رجێك هیچ كامیان ئه‌ندام نه‌بن له‌ كۆمیته‌ی ناوه‌ندی، ئه‌وه‌بوو لێژنه‌یه‌ك به‌ سه‌رۆكایه‌تی نێچیرڤان بارزانی پێكهات و له‌ مانگی ته‌مووزی هه‌مان ساڵ به‌ مه‌به‌ستی ده‌ستنیشانكردنی ئه‌ندامانی كۆنگره‌ له‌نێو ڕێكخستنه‌ سه‌ربازی و حزبییه‌كان هه‌ڵبژاردن ده‌ستی پێكرد و تا مانگی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٨٩ كۆتایی به‌ ئاماده‌كارییه‌كانی كۆنگره‌ هێنرا.


به‌ستنی كۆنگره‌

كۆنگره‌ له‌ ڕۆژانی ٢ تا ١٢ی كانونی یه‌كه‌می ١٩٨٩ له‌ گوندی هێشماوه‌، له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، به‌ ئاماده‌بوونی ٣٣٢ نوێنه‌ری هه‌ڵبژێردراوی ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حکومەتی عێراق و نوێنه‌رانی ده‌ستنیشانكراوی ناوچه‌ داگیركراوه‌كان، به‌ دروشمی (به‌رده‌وامی خه‌بات له‌ پێناوی دیموكراتی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان)، ده‌ستبه‌كار بوو.

ڕاپۆرتی سیاسی كۆنگره‌ له‌لایه‌ن عەلی عەبدوڵا، سكرتێری كۆمیته‌ی ناوه‌ندییه‌وه‌ خوێندرایه‌وه‌ و دواتر بروسكه‌ی ١٣٠ حزب و ڕێكخراوی سیاسی دۆستی پارتی خوێندرایه‌وه، به‌ بڕیاری ئه‌م کۆنگرەیه‌، بۆ جاری دووه‌م له‌ مێژووی پارتیدا پله‌ی جێگری سه‌رۆك نوێ كرایه‌وه‌،‌ له‌ كاتێكدا له‌ کۆنگرەی یه‌كه‌م (یه‌كگرتنی یه‌كه‌م)دا سه‌رۆك دوو جێگری هه‌بووه‌، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ پله‌ی سكرتێر لادرا، كه‌ له‌ کۆنگرەی یه‌كه‌مدا له‌ پاڵ جێگردا هه‌بووه، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌، به‌ پێشنیاری سه‌رۆك مەسعود بارزانی، عەلی عەبدوڵا ئەمین وه‌ك جێگری سه‌رۆك ده‌ستنیشان كرا و ئه‌م ده‌ستنیشانكردنه‌ش له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ په‌سه‌ند كرا.

لەم کۆنگرەیەدا ژمارەیەک بڕیار دران و بە تەواوی دەستکاری ماددەی (٥)ی پرۆگرام کرا و گۆڕانکاری لە دەسەڵاتی سەرۆکی پارتیدا کرا و دەسەڵاتی سکرتێر نەما، بڕیاردرا لە جێی سکرتێر جێگری سەرۆک لەلایەن سەرۆکەوە دەستنیشان بکرێت، مەسعود  مستەفا بارزانی بۆ جاری دووەم بە کۆی دەنگ بە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرایەوە.

په‌یكه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ پشتبه‌ستن به‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی کۆنگرەی ده‌یه‌م، بریتی بووه‌ له‌ شانه‌، شانه‌ی سه‌ره‌كیی، لێژنه‌ی ڕێكخراو، لێژنه‌ی ناوچه‌، لێژنه‌ی لق، كۆمیته‌ی ناوه‌ندی، مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌رۆك. هه‌روه‌ها لێژنه‌ی پشكنینی ناوه‌ندی له‌لایه‌ن مه‌كته‌بی سیاسییه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرا و له‌ ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی و دوو ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پێكده‌هات، كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی خولی ئه‌ندامه‌كانی ده‌گۆڕان.


سه‌ركردایه‌تی هه‌ڵبژێردراوی کۆنگرەی ده‌یه‌م:

  1. نێچیرڤان بارزانی
  2.   دکتۆر جەرجیس حەسەن
  3.  جەوهەر نامیق سالم
  4.  دكتۆر ڕۆژ نوری شاوێس
  5.  هۆشیار مه‌حمود محه‌مه‌د فارس
  6.  فازڵ میرانی
  7.  عەبدولموهەیمەن بارزانی
  8.  فەلەکەدین کاکەیی
  9.  حەمید ئەفەندی
  10. مەسعود ساڵەیی
  11. کریستۆڤ یەڵدا ترخان
  12. عیزەدین بەرواری
  13. ئازاد قەرەداغی
  14. دكتۆر کەمال کەرکوکی
  15. زەعیم عەلی
  16. دكتۆر پیرۆت ئەحمەد ئیبراهیم
  17. قادر قادرعه‌لی
  18. قادر قەچاخ
  19. دکتۆر عەلی بابا شاوێس
  20. دكتۆر محەمەد ساڵح جومعە
  21. دەروێش عەبدولڕەحمان ئاغا 
  22. عومەر عوسمان مێرگەسۆری

هه‌روه‌ها ئه‌ندامانی یه‌ده‌گی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیش به‌ شێوه‌ی خواره‌وه‌ هه‌ڵبژێردران:

  1.  دکتۆر ناسیح غەفور
  2. مەحمود محەمەد
  3. کەمال حەسەن چاومار
  4. یونس ڕۆژبەیانی
  5. سەید ساڵح بەرواری

له‌ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی، ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی نوێ هه‌ڵبژێردران كه‌ پێكهاتبوون له‌ نێچیرڤان بارزانی، فازڵ میرانی، دکتۆرڕۆژ نوری شاوێس، دکتۆر جەرجیس حەسەن، جەوهەر نامیق، هۆشیار زێباری و زەعیم عەلی.

به‌وپێیه‌ی بارودۆخی كوردستان دوای پڕۆسه‌ی ئه‌نفال ته‌واو تێكچووبوو، دوای كۆنگره‌ هه‌وڵدرا ئاڵوگۆڕ له‌ لقه‌كاندا بكرێت و مه‌فره‌زه‌ی پێشمه‌رگه‌ بنێردرێته‌وه كوردستان‌‌.


سه‌رچاوه‌كان:

  1.  محه‌مه‌د مه‌لا قادر، خه‌باتنامه‌، كورته‌ مێژووی پارتی و بارزانی نه‌مر، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی ئاراس- ٢٠١٢).
  2.  مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆنگره‌ و كۆنفرانس (پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆ)، ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌رگی دووەم، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی رۆكسانا- ٢٠٢١).
  3.  حبیب محمد كریم، تأریخ الحزب الدیمقراطي الكوردستاني ـ العراق (في محطات رئیسیة) ١٩٤٦ ـ ١٩٩٣، (دهوك ـ مطبعة خه‌بات ـ ١٩٩٨م).
  4.  انعقاد المؤتمر العاشر للحزب الدیمقراطي الكردستاني، صحیفة زاگروس، العدد الأول، شباط ١٩٩٠م.
  5.  كریم حبیب حاجي، مذكراتي في ثورتي أیلول وگولان المجیدتین، الطبعة الثانیة، (دهوك ـ مطبعة خاني ـ ٢٠١٦م).
  6.  پارتی دیموكراتی كوردستان، په‌یره‌وی ناوخۆی کۆنگرەی ده‌یه‌م، (بێ شوێن ـ  چاپخانه‌ی خه‌بات ـ بێ ساڵ).
  7.  ئه‌رشیفی ده‌سته‌ی ئینسكلۆپێدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
  8.  لیسته‌ی ناوی پاڵێوراوانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی له‌ كوردستان، ڕۆژنامه‌ی پێشكه‌وتن، ئۆرگانی یه‌كێتی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان ـ عێراق، ژماره‌ ٢٦، ئایاری ١٩٩٢ز.
  9.  هه‌ڤاڵی خه‌باتكه‌ر سه‌ید صالح كۆچی دوایی ده‌كات، ڕۆژنامه‌ی خه‌بات، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژماره‌ ٦١٨، ئاداری ١٩٩٢ز.

بابەتی پەیوەندیدار

شۆڕشی دووەمی بارزان

دوای ئه‌وه‌ی ‌بارزانییه‌كان له‌ ساڵی ١٩٣٩ لە باشووری عێراقەوە ده‌گوازرێنه‌وه‌ سلێمانی، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی‌ بارودۆخی ژیانیان باشتر بێت، به‌ڵام بەهۆی هەڵوێستی شێخ مسته‌فا قه‌ره‌داغی، موته‌سه‌ریفی ئه‌وكاتی سلێمانی بارودۆخی گوزەرانیان خراپتر بوو، چونکە ناوبراو ڕێگای به‌ خه‌ڵكی شاری سلێمانی نەدەدا یارمه‌تییان بده‌ن.

زانیاری زیاتر

کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان

ڕۆژی ٣ی تشرینی دووه‌می ٢٠٢٢ کۆنگرەی چواردەیەم له‌ شاری دهۆك و به‌ ئاماده‌بوونی ١٠٢٢ نوێنه‌ر  له‌ كۆی ١٠٦٥ نوێنه‌ر كه‌ مافی به‌شداریكردنی كۆنگره‌یان هه‌بوو له‌ سه‌رجه‌م ڕێكخستنه‌كانی پارتی له‌ ژێر (دروشمی ئازادی، دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری) ده‌ستی به‌ كاره‌كانی خۆی كرد.

زانیاری زیاتر

پارتی دیموکراتی کوردستان

پارتی دیموکراتی کوردستان (پ.د.ك)، به‌ ڕێنووسی لاتینی (Partiya demokrata kurdestanê)، به‌ زمانی ئینگلیزی (kurdistan democratic party) و به‌ زمانی عه‌ره‌بی (الحزب الدیموقراطي الكوردستاني)، پارتێکی نیشتمانی دیموکراتیی جەماوەرییە، له‌ ڕێكه‌وتی ١٦ی ئابی ١٩٤٦ به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی له‌ شاری به‌غدا به‌ شێوه‌یه‌كی نهێنی دامه‌زرا....

زانیاری زیاتر

شۆڕشی گوڵان

شۆڕشی گوڵان- (شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتنخواز – ٢٦ی گوڵانی ١٩٧٦). ‌ له‌ لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ به‌ سه‌رپه‌ر‌شتی سەرۆک مەسعود بارزانی دژی حكوومه‌تی به‌عسی عێراق له‌ باشووری كوردستان هه‌ڵگیرسا و تا ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی ١٩٩١ به‌رده‌وام بوو.

زانیاری زیاتر

کۆنگرەی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان

كۆنگره‌ی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان - ١١ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٠ )دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عسی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ عێراق ساڵی ٢٠٠٣ و گۆڕانكاری گه‌وره‌ی سیاسی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، له‌ كه‌شێكی ئاسایی له‌ شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدرا.

زانیاری زیاتر