پیرۆت ئەحمەد ئیبراهیم

پیرۆت ئەحمەد ئیبراهیم، ناسراوه‌ به‌ دكتۆر پیرۆت، ساڵی ١٩٦٨ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كردووه‌، له‌ ڕێكه‌وتی ١٢ی كانونی یه‌كه‌می ١٩٨٩ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌ی ده‌یه‌م به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان ‌هه‌ڵبژێردراوه‌...


پیرۆت ئەحمەد ئیبراهیم، ناسراوه‌ به‌ دكتۆر پیرۆت، ساڵی ١٩٦٨ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كردووه‌، له‌ ١٢ی كانونی یه‌كه‌می ١٩٨٩ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌ی ده‌یه‌م به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان ‌هه‌ڵبژێردراوه‌، له‌ ١٣ی ئه‌یلوولی ٢٠٠٩ له‌سه‌ر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ فه‌رمانێكی كۆماری به‌ باڵیوز له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق دامه‌زراوه‌، له‌ ٢٠ی حوزه‌یرانی ٢٠١٠ به‌ فه‌رمانێكی كۆماری به‌ باڵیۆزی كۆماری عێراق له‌ ده‌وڵه‌تی كۆنفیدراڵی سویسرا دامه‌زراوه‌‌ و تا ساڵی ٢٠١٤ لەو پۆستەدا بووە. ساڵی ٢٠١٠ له‌لایه‌ن سه‌رۆك مەسعود بارزانی مێدالیای بارزانیی نه‌مری پێ به‌خشراوه‌.


ژیاننامه‌

پیرۆت ئەحمەد ئیبراهیم، ناسراوه‌ به‌ دكتۆر پیرۆت ساڵی ١٩٤٤ له‌ هه‌ولێر له‌دایك بووه‌،  ساڵی ١٩٦٤ له‌ خانه‌ی مامۆستایانی سه‌ره‌تایی هه‌ولێر ده‌رچووه‌، ساڵی ١٩٦٤ به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی كۆڕێی سه‌ر به‌ سنووری په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر بووه‌، ساڵانی (١٩٦٨-١٩٧٠) مامۆستای‌ قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی بارزانی سه‌ر به‌ په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر بووه‌، ساڵی ١٩٧٥ له‌دوای نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوول ڕووی له‌‌ شانشینی ئێران كردووه و هاوكاری په‌نابه‌رانی كردووه‌‌، ساڵی ١٩٧٥ به‌رپرسی یه‌كه‌می په‌روه‌رده‌ و فێركردنی قوتابخانه‌ی ئاواره‌كانی باشووری كوردستان له‌ شانشینی ئێران بووه‌، ساڵی ١٩٩٢ خوێندنی به‌كالۆریۆسی له‌ زانكۆی پزیشكی له‌ ڤییه‌نا ته‌واو كردووه‌، ساڵی ٢٠١٤ له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق خانه‌نشین كراوه‌. شاره‌زای زمانه‌كانی كوردی، عه‌ره‌بی، ئه‌ڵمانی، ئینگلیزی، توركی و فارسییه‌.


خه‌باتنامه‌

پیرۆت ئەحمەد ئیبراهیم، ساڵی ١٩٦٢ له‌سه‌رده‌می شۆڕشی ئەیلوول په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستانه‌وه‌ كردووه‌، ساڵی ١٩٦٣ له‌ شاری هه‌ولێر بۆ ماوه‌یه‌كی كورت له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پاسه‌وانانی نه‌ته‌وه‌یی (الحرس القومي) سه‌ر به‌ حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی سۆسیالیستی ده‌ستبه‌سه‌ر و ئه‌شكه‌نجه‌ كراوه‌، ساڵی ١٩٦٨ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كردووه‌، له‌ ٥ی ئابی ١٩٧٠ نوێنه‌ری‌ كۆنگره‌ی سێیه‌می یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان له‌ گوندی ناوپردانی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر بووه‌، له‌ ڕۆژانی ٥ تا ٦ی شوباتی ١٩٧٣ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستانەوە له‌ شاری هه‌ولێر به‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سكرتاریه‌ت هه‌ڵبژێردراوه و ڕاپۆرتی ئەمیندارێتی سندوقی خوێند‌ووه‌تەوە‌‌، ساڵی ١٩٧٣ له‌گه‌ڵ شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستاندا به‌شداری له‌ فێستیڤاڵی لاوانی جیهان له‌ شاری به‌رلینی ڕۆژهه‌ڵات كردووه‌، له‌ ڕۆژانی ١ تا ٣ی شوباتی ١٩٧٤ نوێنه‌ری كۆنگره‌ی پێنجه‌می یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان بووه‌ و له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌ی پێنجه‌می یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستانه‌وه‌ به‌ ئه‌ندامی سكرتاریه‌ت هه‌ڵبژێردراوه‌.

ساڵی ١٩٧٤ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئەیلوولەوە‌ كردووه‌ و له‌ به‌شی زانیاری (په‌روه‌رده‌ و فێركردن)ی شۆڕشی ئه‌یلوول وه‌ك سه‌رپه‌رشتیار خزمه‌تی كردووه‌، ڕۆژی چوارشه‌مه‌ی ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤ له‌ كاتی بۆردومانكردنی زانكۆی كوردستاندا له‌ شارۆچكه‌ی قه‌ڵادزێی سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانی له‌لایه‌ن فڕۆكه‌كانی هێزی ئاسمانی عێراقەوە له‌وێ بووه‌ و ڕزگاری بووه‌، ساڵی ١٩٧٦ وه‌ك په‌نابه‌ر ڕووی له‌ كۆماری نه‌مسا كردووه‌، ساڵی ١٩٧٦ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كورد له‌ ئه‌وروپا K.S.S.E)) كردووه‌، ساڵی ١٩٧٦ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌ی شانزه‌یه‌می كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كورد له‌ ئه‌وروپا به‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سكرتاریه‌تی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌، ساڵانی (١٩٧٦ـ١٩٩١) نوێنه‌ری سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی بووه‌ له‌ شاری ڤییه‌نا‌ پایته‌ختی كۆماری نه‌مسا بووه‌، ساڵی ١٩٧٦ له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی كاتی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ ئه‌ندامی لق له‌ لێژنه‌ی لقی شه‌شی ئه‌ورپا ده‌ستنیشان كراوه‌، له‌ شه‌وی ٨ی كانونی دووه‌می ١٩٧٩ له‌ شاری ڤییه‌نا له‌لایه‌ن تیمێكی هه‌واڵگری عێراقه‌وه‌ كه‌ بۆ كوشتنی مه‌سعود بارزانی هاتبوون به‌ر گولله‌ ده‌درێ و بریندار ده‌بێت.

له‌ ساڵانی (١٩٧٩ـ ١٩٨٩) ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سكرتاریه‌تی كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كورد له‌ ئه‌وروپا بووه، ساڵی ١٩٨٥ وه‌ك نوێنه‌ری یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان به‌شداری فێستیڤاڵی لاوانی جیهانی له‌ مۆسكۆ كردووه‌، ساڵی ١٩٨٦ دوو جار به‌ یاوه‌ری ئیدریس مسته‌فا شێخ محه‌مه‌د (١٩٤٤ـ١٩٨٧) ناسراو به‌ ئیدریس بارزانى   سه‌ردانی كۆماری جه‌ماوه‌رییه‌كانی لیبیای كردووه‌، ساڵی ١٩٨٨ هاوكاریی به‌ركه‌وتووانی چه‌كی كیمیاوی باشووری كوردستانی له‌ شاری ڤییه‌نا كردووه‌‌، ڕۆژانی ١٤ تا ١٥ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٨٩ به‌شداری له‌ یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی جیهانی كورد‌ : مافی مرۆڤ و ناسنامه‌ی فه‌رهه‌نگی كه‌ له‌لایه‌ن ئینستیتوی كورد له‌ پاریس و كۆمه‌ڵه‌ی فڕه‌نسای ئازاد به‌ سه‌رۆكایه‌تی (مادام دانیاڵ میتران)ه‌وه‌ له‌ شاری پاریس ڕێك خرابوو كردووه‌، له‌ ١٢ی كانونی یه‌كه‌می ١٩٨٩ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی کۆنگرەی دەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان ‌هه‌ڵبژێردراوه‌. له‌  ١٣ی كانونی دووه‌می ١٩٩٠ به‌ ئه‌ندامی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌وروپا‌ ده‌ستنیشان كراوه‌، له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئابی ساڵی ١٩٩٠دا نوێنه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان و ئه‌ندامی شاندی به‌ره‌ی كوردستانی بووه‌ بۆ سه‌ردانی یاسر عه‌ره‌فات (١٩٢٩ـ ٢٠٠٤) له‌ كۆماری تونس، ساڵی ١٩٩١ له‌ ئۆپه‌راسیۆنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی به‌ره‌ی كوردستانی و له‌ كاتی ڕاپه‌ڕینی باشووری كوردستان به‌رپرسی میحوه‌ری ڕانیه‌ ـ قه‌ڵادزێ له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی بووه‌، له‌ ٢٠ی ته‌موزی ١٩٩١دا ئه‌ندامی لێژنه‌ی سه‌رپه‌رشتی پێكهێنانی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان بووه.

له‌ ساڵی ١٩٩٣ نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆماری نه‌مسا بووه‌، ساڵی ١٩٩٣ نوێنه‌ری کۆنگرەی یازده‌یه‌‌می پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو له‌ شاری هه‌ولێر بووه‌، ساڵی ١٩٩٧ وه‌ك نوێنه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان به‌شداری له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئانكارا و پاریس بۆ ئاشتی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كردووه‌، ڕۆژی هه‌ینی ١٥ی ئابی ١٩٩٧ له‌ ڕۆژنامه‌ی خه‌بات ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو وتاری بڵاو كردووه‌ته‌وه‌‌، ساڵی ١٩٩٩ نوێنه‌ری كۆنگره‌ی دوازده‌یه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر بووه‌، ساڵانی (١٩٩٩ـ ٢٠٠٤) به‌رپرسی یه‌كه‌می نوێنه‌رایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری تارانی پایته‌ختی كۆماری ئیسلامی ئێران بووه، له‌ ناوه‌ڕاستی شوباتی ٢٠٠٠ وه‌ك نوێنه‌ری پارتی له‌ تاران یاوه‌ری شاندی پارتی دیموكراتی كوردستانی كردووه‌ بۆ سه‌ردانی ده‌سه‌ڵاتدارانی حكومه‌تی كۆماری ئیسلامی ئێران و دیداری له‌گه‌ڵ هاشمی ڕه‌فسنجانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ناساندنی به‌رژه‌وه‌ندییەكانی نیزام ئەنجام داوە، له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئابی ٢٠٠٠دا هاوڕێیه‌تی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی نێچیرڤان ئیدریس مسته‌فا ناسراو به‌ نێچیرڤان بارزانی كردووه‌ بۆ دیدار له‌گه‌ڵ كار‌به‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی ئێران، ساڵانی (١٩٩٩-٢٠٠٤) نوێنه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری تاران بووه‌، ساڵی ٢٠٠٣ به‌شداری له‌ كۆنگره‌ی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی له‌ شاری له‌نده‌ن له‌ شانشینی یه‌كگرتووی بریتانیا كردووه‌، ساڵی ٢٠٠٥ وه‌ك نوێنه‌ری پارتی به‌شداری له‌ كۆنگره‌ی سۆسیال دیموكراته‌كان له‌ باشووری ئه‌فریقا كردووه‌، له‌ ١٣ی ئه‌یلوولی ٢٠٠٩ له‌سه‌ر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ فه‌رمانێكی كۆماری به‌ باڵیوز له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق دامه‌زراوه‌، له‌ ٢٠ی حوزه‌یرانی ٢٠١٠ به‌ فه‌رمانێكی كۆماری به‌ باڵیۆزی كۆماری عێراق له‌ ده‌وڵه‌تی كۆنفیدراڵی سویسرا دامه‌زراوه‌‌ و تا ساڵی ٢٠١٤ لەو پۆستەدا بووە، ساڵی ٢٠١٠ به‌رپرسی لێژنه‌ی ئاماده‌كاریی کۆنگرەی سێزده‌یه‌‌می پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌، له‌ ڕۆژی ١٥ی كانونی یه‌كه‌می ٢٠١٠ له‌لایه‌ن سه‌رۆك مەسعود بارزانییه‌وه‌ له‌به‌ر خه‌باتی له‌ شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشی گوڵان، ڕاپه‌ڕینی باشووری كوردستان و قۆناغی سه‌روه‌ری مێدالیای بارزانیی نه‌مری پێ به‌خشراوه‌.


سه‌رچاوه‌كان:

  1. ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
  2. ئاشتی، سماحة السید هاشمي رفسنجاني یحمل وفد الپارتي تحیاته‌ الی الرئیس مسعود البارزاني، مجلة گولان العربي، مؤسسة گولان للثقافة والأعلام، العدد ٤٥، السنة الرابعة، أربیل، ٢٩ شباط ٢٠٠٠م، ص ٥.
  3. ابراهیم طاهر معروف الرباتي، معجم أطباء محافظة أربیل، (أربیل ـ التفسیر ـ مطبعة تربیة أربیل ـ ٢٠٠٤م)، ص ص ٢٨٧، ٥٦٩.
  4. برایه‌تی پێشوازی له‌ نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ووڵاتی نه‌مسا ده‌كات، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژماره‌ ١٦٢١، هه‌ولێر، هه‌ینی، ١٦ی نیسانی ١٩٩٣ز، ل ٦.
  5. برقیة شكر الی الرئیس البكر من المؤتمر الرابع لاتحاد معلمي كردستان، جریدة التآخي، العدد ٩٥٣، بغداد، مطبعة التایمس، السبت، ٥ شباط ١٩٧٢م، ص ٤.
  6. پارتی دیموكراتی كوردستان، سه‌رۆك، ژماره‌ ١٠، ١٣ی كانونی دووه‌می ١٩٩٠ز، ل ٤.
  7. پیروت احمد، نضال الپارتي في اوروپا من عام ١٩٧٦ وحتی انتفاضة آذار ١٩٩١، جریدة خه‌بات، لسان حال الحزب الدیمقراطي الكوردستاني ـ الموحد، العدد ٨٣٧، أربیل، الجمعة، ١٥ آب ١٩٩٧م، ص ٩.
  8. حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر ـ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ـ چاپخانه‌ی حاجی هاشم ـ ٢٠١٤ز)، ل ل ٢٦٤ ـ ٢٦٧.
  9. حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕیزلێنان، كتێبی یه‌كه‌م، چاپی دووه‌م،  (هه‌ولێر ـ ده‌زگای خێرخوازی بارزانی ـ ٢٠١٩ز)، ل ل ٢٧٠ ـ ٢٧٣.
  10. حبیب محمد كریم، تأریخ الحزب الدیمقراطي الكوردستاني ـ العراق (في محطات رئیسیة) ١٩٤٦ ـ ١٩٩٣، (دهوك ـ مطبعة خه‌بات ـ ١٩٩٨م)، ص ١٧٤.
  11. سێ به‌ڵگه‌نامه‌ی تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی مامۆستایانی كوردستان، گۆڤاری سلێمانی، شاره‌وانی سلێمانی، ژماره‌ ٢٣، سلێمانی، چاپخانه‌ی ئۆفسێتی شڤان، حوزه‌یرانی ٢٠٠١ز، ل ل ٣٨ ـ ٣٩.
  12. شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات ـ ٢٠١٣ز)، ل ١٢١.
  13. صلاح بدرالدین، الحركة الوطنیة الكردیة السوریة، الجزء الثاني، (أربیل ـ رابطة كاوا للثقافة الكردیة ـ مطبعة روژهه‌لات ـ ٢٠١٨م)، ص ٢٨٩.
  14. صورة لجلسة الأفتتاحی المؤتمر الرابع لاتحاد معلمي كردستان، جریدة التآخي، العدد ٩٥٣، بغداد، مطبعة التایمس، السبت، ٥ شباط ١٩٧٢م، ص ١.
  15. علی طریق المؤتمر الرابع، جریدة‌ التآخي، العدد ١٢٥٠، بغداد، مطبعة التایمس، الأحد، ٤ شباط ١٩٧٣م، ص ٥.
  16. عه‌لی بانیشاری، ٣٩ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ ڤییه‌ننا حكومه‌تی عێراق هه‌وڵی تیرۆركردنی سه‌رۆك بارزانی دا، ڕۆژنامه‌ی خه‌بات، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژماره‌ ٥٤٢٦، هه‌ولێر، دووشه‌مه‌، ٨ی كانونی دووه‌می ٢٠١٨ز، ل ٤.
  17. فایز الخفاجي، اغتیالات في المنفی ١٩٦٨ ـ ٢٠٠٣، (بغداد ـ دار قنادیل للنشر والتوزیع ـ ٢٠١٨م)، ص ٢٤٤.
  18. فه‌رمانی كۆماری ژماره‌ ١٠٣، ڕۆژنامه‌ی وه‌قایعی عێراقی، ژماره‌ ٤١٥٧، ساڵی په‌نجا و یه‌كه‌مین، به‌غدا، چاپخانه‌ی خانه‌ی گشتی كاروباری ڕۆشنبیری، ٥ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٠٩ز، ل ١٨.
  19. فه‌رمانی كۆماری ژماره‌ ٥٦، ڕۆژنامه‌ی وه‌قایعی عێراقی، ژماره‌ ٤١٣٨، به‌غدا، چاپخانه‌ی خانه‌ی گشتی كاروباری ڕۆشنبیری، ساڵی په‌نجا و یه‌كه‌مین، ٥ی ته‌موزی ٢٠١٠ز، ل ٣.
  20. كۆنفرانسی نێوده‌وڵە‌تی كورد : مافی مرۆڤ و ناسنامه‌ی فه‌رهه‌نگی، گۆڤاری پێشه‌نگ، ئۆرگانی پارتی گەلی دیموكراتی كوردستان، ژماره‌ ١٨، ساڵی حه‌وته‌م، تشرینی دووه‌می ١٩٨٩ز، ل ٥.
  21. كۆنگره‌ی چواره‌می یەكێتی ماموستایانی كوردستانی / عێراق، گۆڤاری ده‌نگی مامۆستا، ئۆرگانی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان ـ لقی سلێمانی، ژماره‌ ٨، ساڵی دووه‌م، سلێمانی، چاپخانه‌ی ڕاپه‌ڕین، شوباتی ١٩٧٣ز، ل ل ٥٥ ـ ٥٦.
  22. محه‌مه‌د عه‌لی ئیسماعیل، بیره‌وه‌رییه‌كانم حه‌فتا ساڵ ته‌مه‌ن و زیاتر له‌ نیو سه‌ده‌ خه‌بات، (بێ شوێن ـ ٢٠١٩ز)، ل ل ٢٦٣ ـ ٢٦٤، ٣٧٢.
  23. مه‌لا فاروق شوانی، هه‌موو كورد، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی ڕۆشنبیری ـ ١٩٩٧ز)، ل ١١٢.
  24. المؤتمر الرابع لنقابة معلمي كردستان یحي المناضل البارزاني، جریدة التآخي، العدد ٩٥٣، بغداد، مطبعة التایمس، السبت، ٥ شباط ١٩٧٢م، ص ٤.
  25. نتائج انتخابات المؤتمر الرابع لاتحاد معلمي كردستان، جریدة التآخي، العدد ٩٥٣، بغداد، مطبعة التایمس، السبت، ٥ شباط ١٩٧٢م، ص ٤.
  26. نتائج ایجابیة لزیارة وفد حزبنا الی طهران، جریدة خه‌بات، لسان حال الحزب الدیمقراطي الكوردستاني، العدد ٩٦٤، أربیل، الجمعة، ١٨ شباط ٢٠٠٠م، ص ص ١، ١٥.
  27. نیچیرڤان البارزاني یصل طهران علی رأس وفد رفیع المستوی من حزبنا، جریدة خه‌بات، لسان حال الحزب الدیمقراطي الكوردستاني، العدد ٩٨٧، أربیل، الجمعة، ٤ آب ٢٠٠٠م، ص ١.
  28. وشیار حه‌مه‌د حاجی، یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان چه‌ند لایه‌نێكی مێژووی سه‌رهه‌ڵدان و تێكۆشان ١٩٦٢ ـ ١٩٩٨، (هەولێر ـ مه‌كته‌بی سكرتاریه‌تی (ی.م.ك) ـ چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ـ ١٩٩٨ز)، ل ل ٥٨، ٦٥، ٨٤، ٨٩، ٩٦،

بابەتی پەیوەندیدار

چیا هەرکی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

حەمید عەلی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا. 

زانیاری زیاتر

نوری عوسمان شنگالی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

موحسین کەمال

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

گوهدار شێخۆ

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر