عه‌بدوڵا عهبدولڕەحمان حه‌مه‌ڕەشید ئیسماعیل، ناسراو به دەروێش ئاغا، ساڵی ١٩٦٢ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی یەکێتی قوتابیانی کوردستانه‌وه كردووه، ساڵی ١٩٦٣ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌وه كردووه، ساڵی ١٩٧٣ سه‌رلق بووه له لقی پشتیوانی هێزی خەبات، ساڵی ١٩٨٣ بۆ جاری دووه‌م په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وه كردووه، ساڵی ١٩٨٩ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه به ئه‌ندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان (کۆنگرەی دەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان ) هه‌ڵبژێردراوه، ساڵی ٢٠١٩ به به‌رپرسی ده‌زگای گشتی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ستنیشانكراوه.
ژیاننامه
عه‌بدوڵا عهبدولڕەحمان حه‌مه‌ڕەشید ئیسماعیل، ناسراو به دەروێش ئاغا، ساڵی ١٩٤٨ له شاری سلێمانی له‌دایك بووه، قۆناغی ئاماده‌یی له شاری سلێمانی ته‌واو كردووه، ساڵی (١٩٧٥- ١٩٧٦) له دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول وه‌ك په‌نابه‌ر ڕووی له شانشینی ئێران كردووه، ساڵی ١٩٧٦دا دا گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ باشووری كوردستان و له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقه‌وه دوور خراوه‌ته‌وه بۆ پارێزگای ناسڕییه له باشووری عێراق و تا ساڵی ١٩٧٨ له‌وێ ماوه‌ته‌وه، ساڵی ١٩٨٣ جاری دووه‌م وه‌ك په‌نابه‌ر ڕووی له كۆماری ئیسلامیی ئێران كردۆته‌وه تا ساڵی ١٩٩١ له‌وێ ماوه‌ته‌وه، ساڵی ١٩٩٦ بۆ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری وه‌ك په‌نابه‌ر ڕووی له وڵاتی بریتانیا كردووه، ساڵی ١٩٨٨ گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ باشووری كوردستان. شاره‌زای زمانه‌كانی كوردی، عه‌ره‌بی، فارسی و ئینگلیزییه.
خه‌باتنامه
ساڵی ١٩٦٢ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی یەکێتی قوتابیانی کوردستانه‌وه كردووه، ساڵی ١٩٦٣ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌وه كردووه و له كه‌رتی شارباژێڕ خزمه‌تی كردووه، ساڵی ١٩٦٣ به‌شداری شه‌ڕی سه‌ر جاده‌ی (عه‌ربه‌ت ـ سلێمانی) دژ به هێزی جوڵاوی سوپای عێراقی كردووه، ساڵی ١٩٦٤ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی یەکێتی قوتابیانی کوردستانه‌وه كردووه، ساڵی ١٩٦٨ سه‌رلق بووه له لقی سوركێو له بەتالیۆنی هەشتی هێزی خەبات سه‌ر به لەشکری سێ، ساڵی ١٩٦٨ به‌شداری لێدانی چه‌په‌ره‌كانی سوپای عێراق له خانووه قوڕەكانی شاری سلێمانیدا كردووه، ساڵی ١٩٧١ له‌دوای ڕێککەوتننامەی ١١ی ئادار له نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبی به‌عس به یاریده‌ده‌ری فه‌رمانده‌ی به‌تالیۆنی یه‌كه‌می پاسه‌وانی سنوور (حرس الحدود) ده‌ستنیشانكراوه، ساڵی ١٩٧٣ سه‌رلق بووه له لقی پشتیوانی هێزی خەبات، ساڵی ١٩٧٣ به‌شداری له لابردنی به‌عه‌ره‌بكردنی گوندی شێخ بابۆ له ده‌ڤه‌ری جه‌له‌ولا له پارێزگای دیاله‌دا كردووه، ساڵی ١٩٧٤ فه‌رمانده‌ی به‌تالیۆنی به‌رزنجه شه‌هید مولازم دڵشاد له هێزی خەبات بووه، ساڵی ١٩٧٤ به‌شداری شه‌ڕی دوكان، مه‌حمود خان، هێلانه چه‌رخ، گوێژە و كانی سارد له سنووری پارێزگای سلێمانیی دژ به هێزی سوپای عێراقی كردووه، ساڵی ١٩٧٤ له شه‌ڕی زێڕینجۆی ده‌ڤه‌ری شاره‌زوور له سنووری پارێزگای سلێمانی پێشوو و پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ی ئێستا و به ده‌ستی هێزی سوپای عێراق بریندار بووه، ساڵی ١٩٧٤ به‌شداری له خولێكی فه‌رمانده‌ییدا كردووه، ساڵی ١٩٧٤ فه‌رمانده‌ی به‌تالیۆن بووه له هێزی خەبات، ساڵی ١٩٨٢ له‌لایه‌ن ده‌زگای هه‌واڵگری و ئاسایشی حكومه‌تی عێراقه‌وه له سلێمانی به‌ند كراوه و ئه‌شكه‌نجه دراوه.
ساڵی ١٩٨٣ بۆ جاری دووه‌م په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وه كردووه، ساڵی ١٩٨٤ كراوه‌ته به‌رپرسی لێژنه‌ی ناوچه‌ی چوارتای سه‌ر به لێژنه‌ی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان، ساڵی ١٩٨٥ به‌شداری شه‌ڕی كهناروێی له سنووری پارێزگای سلێمانی كردووه، ساڵی ١٩٨٦ به‌شداری شهڕەكانی كوڕەكاژاو، بادان، ئارۆزه‌ر و ههلوانی له سنووری پارێزگای سلێمانی كردووه، ساڵی ١٩٨٧ به كارگێڕی لێژنه‌ی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان ده‌ستنیشانكراوه، ساڵی ١٩٨٨ به‌شداری داستانی خواکوڕک له سنووری پارێزگای هه‌ولێر دژ به هێزی زه‌مینی سوپای عێراقی كردووه، ساڵی ١٩٨٩ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه به ئه‌ندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان (کۆنگرەی دەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان) هه‌ڵبژێردراوه، له ١٣ی كانونی دووه‌می ١٩٩٠ به ئه‌ندامی لێژنه‌ی سه‌ربازی پارتی دیموکراتی کوردستان ده‌ستنیشان كراوه، ساڵی ١٩٩١ فه‌رمانده‌ی هێزی پارتی دیموکراتی کوردستان له به‌ره‌ی كوردستانی له میحوه‌ری سلێمانی ـ كه‌ركووك بووه، ساڵی ١٩٩١ به‌شداری له ئازادكردنی چه‌مچه‌ماڵ، قه‌ره‌هه‌نجیر، چیمه‌ن، له‌یلاندا كردووه، ساڵی ١٩٩١ به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی چه‌مچه‌ماڵی به‌ره‌ی كوردستانی بۆ ئازادكردنی شاری كه‌ركووك كردووه، ساڵی ١٩٩١ به‌شداری له شه‌ڕی سه‌ربازگه‌ی خالید، قه‌ره‌هه‌نجیر له سنووری پارێزگای كه‌ركووك دژ به سوپای عێراقی كردووه، ساڵی ١٩٩١ به‌شداری شه‌ڕی بازیان و ئه‌زمه‌ڕ له سنووری پارێزگای سلێمانی دژ به هێزی سوپای عێراقدا كردووه، ساڵی ١٩٩١ به‌شداری له ئازادكردنی دووه‌می شاری سلێمانی كردووه، ساڵی ١٩٩١ فه‌رمانده‌ی سوپای ٤ی سلێمانی سه‌ر به هێزی پێشمه‌رگه‌ی پارتی دیموکراتی کوردستان بووه، ساڵانی (١٩٩٢ـ ١٩٩٣) سێیه‌مین به‌رپرسی میحوه‌ری ڕانیه له سنووری پارێزگای سلێمانی بووه، ساڵی ١٩٩٢ به فه‌رمانده‌ی سوپای چواری سلێمانی دهستنیشنكراوه، ساڵی ١٩٩٣ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه به ئه‌ندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان ـ یه‌كگرتوو (کۆنگرەی یازدەیەم ـ یه‌كگرتنی چواره‌م) هه‌ڵبژێردراوه.
ڕۆژی چوارشه‌مه ٦ تشرینی یه‌كه‌می ١٩٩٣ له خاڵی سنووری باشماخ له سنووری پارێزگای سلێمانی وه‌ك فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی سلێمانی پێشوازی له كه‌ژاوه‌ی هێنانه‌وه‌ی ڕووفاتی سه‌رۆك مستەفا بارزانی (١٩٠٣ـ١٩٧٩) و ئیدریس بارزانی (١٩٤٤ـ١٩٨٧) كرد كه له كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه به‌ره‌و دوامه‌نزڵگه‌یان له گوندی بارزانی سه‌ر به پارێزگای هه‌ولێر به‌ڕێوه بوون، ساڵی ١٩٩٣ فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی ناوچه‌ی سلێمانی بووه له سوپای یه‌كگرتووی كوردستاندا، له سه‌ره‌تای شه‌ڕی ناوخۆدا له ساڵی ١٩٩٤ له كاتی دانوستاندن له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌دیل گیراوه و به‌ند كراوه، ساڵی ١٩٩٥ به‌رپرسی میحوه‌ری ڕواندزی پارتی دیموکراتی کوردستان له پارێزگای هه‌ولێر بووه، ساڵی ١٩٩٥ له شه‌ڕی پێنجوێن له سنووری پارێزگای سلێمانی به ده‌ستی هێزه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانی بریندار بووه، ساڵی ١٩٩٩ له کۆنگرەی دوازدەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستاندا خۆی پاڵاوتووه بۆ ئه‌ندامێتی کۆمیتەی ناوەندی و ده‌رنه‌چووه، له ١٤ی ئایاری ٢٠٠٠ به‌رپرسی مه‌كته‌بی كۆمه‌ڵایه‌تی گشتی پارتی دیموکراتی کوردستان بووه، ڕۆژی پێنجشه‌مه‌ی ١٤ی ئه‌یلوولی ٢٠٠٠ له ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان وتاری بڵاو كراوه‌ته‌وه، ساڵی ٢٠١٠ نوێنه‌ری کۆنگرەی سێزدەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بووه، ساڵی ٢٠١١ به ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارێزگای سلێمانی ده‌ستنیشان كراوه، له ١٦ی ئابی ٢٠١٨ له‌به‌ر خه‌بات و به‌رخودانی له شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشی گوڵان، قۆناغی ڕاپه‌ڕینی باشووری كوردستان و سه‌رده‌می سه‌روه‌ری له‌لایه‌ن سه‌رۆك مەسعود بارزانییه‌وه میدالیای بارزانیی نه‌مری پێ به‌خشراوه، ساڵی ٢٠١٩ به به‌رپرسی ده‌زگای گشتی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ستنیشانكراوه.
سه‌رچاوه‌كان:
-
لیستی ناوی به‌شداربووانی ده‌رنه‌چووی كۆنگره‌ی دوازده‌یه‌می پارتی دیموکراتی کوردستان، ٧ تشرینی دووه‌می ٢٠١٨ز، ل ١.
-
عبدالله عباس، ئاوه‌ها ده‌رگام كرده‌وه، (به‌غدا ـ ده‌زگای ڕۆشنبیری و بڵاوكردنه‌وه‌ی كوردی ـ ٢٠٠١ز)، ل ١٧.
-
حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕیزلێنان، كتێبی سێیه‌م، (هه‌ولێر ـ ده‌زگای خێرخوازی بارزانی ـ ٢٠١٩ز)، ل ل ٣٠٦ ـ ٣٠٩.
-
كۆنگره، ده‌رئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان ڕاده‌گه‌ینێت، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان ـ یه‌كگرتوو، ژماره ١٧٢٩، هه‌ولێر، هه‌ینی، ٢٧ ئابی ١٩٩٣ز، ل ١.
-
ئه‌مڕۆ ته‌رمی بارزانی نه‌مر و ئیدریسی جوانه‌مه‌رگ له سلێمانیه‌وه ده‌گه‌نه هه‌ولێر، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان ـ یه‌كگرتوو، ژماره ١٧٦٣، هه‌ولێر، پێنجشه‌مه، ٧ تشرینی یه‌كه‌می ١٩٩٣ز، ل ل ١ ـ ٢.
-
ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان
-
نجات حسن كریم، زانیارییه‌كی پتر له‌سه‌ر ئازاد كردنی كه‌ركوك، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ژماره ١٦٠٥، هه‌ولێر، یه‌كشه‌مه، ٢٨ ئاداری ١٩٩٣ز، ل ٦.
-
به ده‌بابه‌كانی دوژمن سه‌نگه‌ره‌كانمان شكاند، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان ـ یه‌كگرتوو، ژماره ٢٨٠١، هه‌ولێر، یه‌كشه‌مه، ٢١ ئاداری ١٩٩٩ز، ل ٣.
-
لیستی نوێنه‌رانی كۆنگره‌ی دوازده‌یه‌می پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕوونووسی ده‌ق له‌لایه‌ن شێرزاد ئه‌میر حه‌سه‌ن پێشكه‌ش كراوه، ل ١.
-
پارتی دیموکراتی کوردستان، سه‌رۆك، ژماره ١٠، ١٣ كانونی دووه‌می ١٩٩٠ز، ل ٥.
-
حبیب محمد كریم، تأریخ الحزب الدیمقراطي الكوردستاني ـ العراق (في محطات رئیسیة) ١٩٤٦ ـ ١٩٩٣، (دهوك ـ مطبعة خه‌بات ـ ١٩٩٨م)، ص ١٨٤.
-
ده‌روێش عهبدولڕەحمان، رۆڵی بارزانی و پارتی له بونیاتنانی هزری شۆڕشگێڕیدا، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ژماره ٣١٨٢، هه‌ولێر، پێنجشه‌مه، ١٤ ئه‌یلولی ٢٠٠٠ز، ل ٧.
-
فازیل ڕه‌ئووف، به‌ره‌و خۆر، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری ـ ٢٠٠١ز)، ل ١٥٦.
-
محه‌مه‌د مه‌لا قادر، خه‌باتنامه كورته مێژووی پارتی و كولتووری بارزانی نه‌مر، چاپی دووه‌م، (هه‌ولێر ـ ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس ـ ٢٠٠٧ز)، ل ٩٦.
-
محه‌مه‌د عه‌لی ئیسماعیل، بیره‌وه‌رییه‌كانم حه‌فتا ساڵ ته‌مه‌ن و زیاتر له نیو سه‌ده خه‌بات، (بێ شوێن ـ ٢٠١٩ز)، ل ل ٢٦٦، ٣٤٨، ٣٧٢، ٤٢٩.
-
میحوه‌ره‌كانی سه‌ربازیی پارتیمان له سنووری سلێمانی به‌ره‌و شار و شارۆچكه‌كان له ڕاپه‌ڕیندا، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان ـ یه‌كگرتوو، ژماره ١٨٩١، هه‌ولێر، دووشه‌مه، ٧ ئاداری ١٩٩٤ز، ل ٣.