فەڕەنسۆ هەریری

فەڕەنسۆ تۆما كانون، ناسراو به‌ فەڕانسۆ هه‌ریری،مامۆستا و سیاسه‌تمه‌دار، ساڵی ١٩٦٣ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی پارتی دیموکراتی کوردستان كردووه‌، لە ساڵی ١٩٦٩ دەبێتە بەرپرسی لێژنەی ناوچەی باڵەک سه‌ربه‌ لێژنه‌ لقی دوو، ساڵی ١٩٧٩ له‌ کۆنگرەی نۆیەم به‌ ئه‌ندامی یه‌ده‌گی کۆمیتەی ناوەندی، ساڵی١٩٩٢ بووه‌ته‌ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كوردستان، لە كۆنگرەكانی یانزدە و دوانزدە بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی ھەڵبژێردراوه‌، ساڵی ١٩٩٦ كراوه‌ته‌ وه‌زیری هه‌رێم، ساڵی (١٩٩٦ - ٢٠٠١) پارێزگاری هه‌ولێر بووه‌.


ژیاننامه‌

فەڕه‌نسۆ تۆما كانون هه‌ریری، ساڵی ١٩٣٧ له‌ شاره‌دێی هه‌ریر سه‌ر به‌قه‌زای شه‌قڵاوه‌ی پارێزگای هه‌ولێر، له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی كریستیانی ئاشووری، ئاین مه‌سیحی ئه‌رسه‌دۆكسی ڕۆژهه‌ڵات له‌دایك بووه‌، قۆناغه‌كانی خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌ هه‌ریر خوێندووه‌، قۆناغی ناوه‌ندی له‌ شارۆچكه‌ی شه‌قڵاوه‌ خوێندووه‌، ساڵی ١٩٦٠ خانه‌ی مامۆستایانی له‌شاری هه‌ولێر ته‌واو كردووه‌، خێزاندار بووه‌ و خاوه‌نی چوار كوڕ و یه‌ك كچ بووه‌، ساڵی (١٩٦٠-١٩٦١) له‌ ده‌ڤه‌ری بلێ و بارزان، وه‌ك مامۆستای وه‌رزش داده‌مه‌زرێت، یاریزانێكی باش و وه‌رزش دۆست بووه‌، ساڵانی (١٩٥٣-١٩٥٥) به‌شداریی یاری بازدانی كردووه‌ له‌ كێبڕكێی قوتابخانه‌كان و نوێنه‌رایه‌تی پارێزگای هه‌ولێری كردووه‌ له‌ شاری به‌غدا.

ساڵی ١٩٥٣ له‌گه‌ڵ قوتابیانی دواناوه‌ندی هه‌ولێری كوڕان به‌شداری‌ پێشوازی فه‌یسه‌ڵی یه‌كه‌م شای عێراقی كردووه‌‌، ساڵی ١٩٥٦ ئه‌ندامی تیپی تۆپی پێی یانه‌ی بروسك (هه‌ولێر) بووه‌، له‌ ٧ی كانونی یه‌كه‌می ١٩٥٧ له‌ شاری هه‌ولێر وه‌ك ئه‌كته‌ر به‌شداری له‌ شانۆگه‌ری شه‌هرزاد كردووه‌ كه‌ قازانجی ئه‌م شانۆگه‌رییه‌ بۆ لێقه‌وماوانی لافاوی شاری سلێمانی ته‌رخان كرابوو، له‌ ٧ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٥٨ به‌ مه‌به‌ستی به‌خێرهێنانه‌وه‌ی جه‌نه‌راڵ مستەفا بارزانی (١٩٠٣ـ١٩٧٩) كه‌ له‌ یه‌كێتی سۆڤیەت گه‌ڕابووه‌‌وه شاری به‌غدا سه‌ردانی كردووه‌‌، ساڵی ١٩٥٩ له‌ تیپی بروسكی هه‌ولێر یاری كردووه‌، له‌ ٥ی حوزه‌یرانی ١٩٥٩ بۆ هه‌ڵبژاردنی لێژنه‌ی به‌رگری له‌ كۆماری عێراق له‌ شاری هه‌ولێر و به‌ نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتی قوتابیانی گشتی عێراق سه‌ر به‌ حزبی شیوعی عێراقی هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی كارگێڕی نوێ كرد.

ساڵی ١٩٧٥ دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول، ئاواره‌ی وڵاتی ئێران ده‌بێت و له‌ پارێزگای ورمێ نیشته‌جێ ده‌بێت، دواتر ده‌چێته‌ كه‌ره‌ج  و له‌وێ ئاكنجی ده‌بێت، ساڵی ١٩٩١ دوای ڕاپه‌ڕینه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ باشووری كوردستان، چه‌ندین ئه‌رك و به‌رپرسیاریێتی ده‌بینێت و ڕۆڵێكی به‌رچاوی ده‌بێت له گه‌شه‌پێدانی شاری هه‌ولێر. زمانه‌كانی كوردی و عه‌ره‌بی و سریانی و فارسی به‌باشی ده‌زانی.


خه‌باتنامه‌

 فەڕه‌نسۆ تۆما هه‌ریری، یه‌كه‌م وێستگه‌ی كاری سیاسی ده‌بێته‌ ئه‌ندامی حزبی شیوعی عێراق و به‌رپرسی لێژنه‌ ناوچه‌ی ڕواندزی حزبه‌كه‌، ساڵی ١٩٦١ به‌رپرسی لقی هه‌ولێری یه‌كێتی گشتی عێراقی سه‌ر به‌ حزبی شیوعی عێراقی بووه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌رسام و كاریگه‌ر ده‌بێت به‌ كه‌سایه‌تی بارزانی نه‌مرلە ساڵی ١٩٦٣ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كات، له‌هه‌مان كاتیشدا په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئەیلوول ده‌كات، ساڵی ١٩٦٣ به‌رپرسی به‌دواداچوونی پێشمه‌رگه‌ و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر بووه‌، ساڵی ١٩٦٤ به‌ به‌رپرسی ئاسایشی شاره‌دێی گه‌ڵاڵه‌ سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر ده‌ستنیشان كراوه‌، ساڵی ١٩٦٥ جێگری فه‌رمانده‌ی هێزی باڵەک سه‌ر به‌ لەشکری دوو بووه‌، ساڵی ١٩٦٦ له‌ داستانی زۆزك له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر كاری پشتیوانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی له‌ ئه‌ستۆ بوو، ساڵی ١٩٦٦ له‌ ژێر سه‌رپه‌رشتی عه‌لی قاسم ناسراو به‌ عەلی شنگالی ئاماده‌كاری شوێنی سازدانی کۆنگرەی حەوتەمی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاره‌دێی گه‌ڵاڵه‌ به‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌‌، ساڵی ١٩٦٧ له‌ ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رانی ده‌زگای پاراستن بووه‌، ساڵی ١٩٦٧ له‌ نزیك شارۆچكه‌ی ڕواندز سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر و به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك مستەفا بارزانی له‌ پێشوازی دكتۆر عه‌بدولڕەحمان به‌زاز (١٩١٤ـ١٩٧٣) سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بوو‌ه‌ كه‌ به‌ مه‌به‌ستی دانوستان سه‌ردانی كوردستانی كردبوو، ساڵی ١٩٦٨ نووسه‌ر و بێژە‌ری به‌شی زمانی ئاشووری ئێزگه‌ی ده‌نگی كوردستان بووه، ساڵی ١٩٧٠ كراوه‌ته‌ به‌رپرسی لێژنه‌ی ناوچه‌ی باڵه‌كی سه‌ر به‌ لێژنه‌ی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ١٥ی ته‌موزی ١٩٧٠ به‌شداری له‌ مه‌راسیمی كردنه‌وه‌ی كۆنگره‌ی شه‌شه‌می یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان له‌ گوندی ناوپردان له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر كردووه‌، ساڵی ١٩٧٠ وه‌ك دادوه‌ری تۆپی پێ له‌ پێشبڕكێی نێوان تیپی مه‌كته‌بی سیاسی و قوتابیانی گه‌ڵاڵه‌ له‌ یاریگای ناوپردان به‌شداری كردووه‌، لە ١ی ته‌موزی ١٩٧٠ به‌ فه‌رمانی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش به‌ یه‌كه‌مین قایمه‌قامی چۆمان (هه‌ولێر) ده‌ستنیشان كراوه‌‌، له ‌١٥ی ته‌موزی ١٩٧٠ وه‌ك میوان به‌شداری كۆنگره‌ی شه‌شه‌می یه‌كێتی قوتابیانی كوردستانی له‌ گوندی ناوپردان  كردووه‌، له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٧١ وه‌ك قایمه‌قامی چۆمان خزمه‌تی كردووه‌ و به‌ دادوه‌ری جه‌زایی پله‌ دوو له‌لایه‌ن وه‌زیری داده‌وه‌ر ده‌ستنیشان كراوه‌، ساڵی‌ ١٩٧٤ كراوه‌ته‌ ئه‌ندامی لێژنه‌ لقی حه‌وتی پارتی دیموكراتی كوردستان.

 له‌ مانگی ئاداری ١٩٧٥ به‌ مه‌به‌ستی به‌رزكردنی وره‌ی ئاواره‌كانی ئۆردوگای زێوه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانی سه‌ردانی كردوون و قسه‌ی بۆ كردوون، له‌ مانگی نیسانی ١٩٧٥ له‌لایه‌ن هه‌ڤاڵ مەسعود بارزانییه‌وه‌ ڕاسپێردراوه‌ بۆ ئاماده‌كاری بۆ شۆڕشی گوڵان، له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی ١٩٧٧ له‌ژێر سه‌رپه‌رشتیی ئیدریس بارزانی (١٩٤٤ـ١٩٨٧)دا به‌شداری له‌ كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی كه‌ره‌جدا كردووه‌ به‌ مه‌به‌ستی هاوكاریكردنی سه‌ركردایه‌تی كاتیی پارتی دیموكراتی كوردستان و سه‌رپه‌رشتی په‌نابه‌رانی باشووری كوردستان له‌ شانشینی ئێران و ماڵه‌كه‌ی مه‌كۆی كۆبوونه‌وه‌ و شوێنی شاردنه‌وه‌ی برینداران بووه‌، ساڵی ١٩٧٧ ماڵی له‌ شارۆچكه‌ی كه‌ره‌ج له‌ شانشینی ئێران وه‌ك شوێنی یه‌كگرتنی ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی سه‌ركردایه‌تی كاتی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كرد یان له‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانی باشووری كوردستان ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئیدریس بارزانی بووه‌، ساڵی ١٩٧٩ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی کۆنگرەی نۆیەم به‌ ئه‌ندامی یه‌ده‌گی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌، ساڵی ١٩٨٤ پله‌كه‌ی به‌رز كراوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌ندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ساڵی ١٩٨٤ ئه‌ندامی لێژنه‌ی پشكنینی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سنووری لێژنه‌ی لقی سێ و لێژنه‌ی لقی چوار بووه‌، لە ٣٠ی تشرینی دووه‌می ١٩٨٥ تا ٤ی نیسانی ١٩٨٦ مامۆستای وانه‌ی حزبه‌ سیاسییه‌كانی خولی هه‌شته‌می په‌یمانگای كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ گوندی ڕاژانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بووه‌، له‌ كۆتایی ساڵی ١٩٨٥ تا كۆتایی ساڵی ١٩٨٦ له‌ ستافی بیسته‌می لێژنه‌ی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ جاری یه‌كه‌م به‌ به‌رپرسی لێژنه‌ی لق ده‌ستنیشان كراوه‌،‌ ساڵی ١٩٨٦ سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری سه‌فین ئۆرگانی لێژنه‌ی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌، ساڵی ١٩٨٨ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌، ساڵی ١٩٨٨ به‌ ئه‌ندامی نووسینگه‌ی جێبه‌جێكاری (المكتب التنفیذي) به‌ره‌ی كوردستانی هه‌ڵبژێردراوه‌، ساڵی ١٩٨٨ به‌شداری له‌ داستانی خواكورك له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر دژ به‌ هێزی سوپای عێراقدا كردووه‌، لە ١٣ی كانونی دووه‌می ١٩٩٠ به‌ به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ به‌ره‌ی كوردستانی ده‌ستنیشان كراوه‌، له‌ ڕۆژانی ٨ تا ١٠ی ئاداری ١٩٩٠ به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی به‌ره‌ی كوردستانی كردووه‌.

ساڵی ١٩٩١ بە یاوه‌ریی سه‌رۆك مەسعود بارزانیی له‌ پرۆسه‌ی ڕاپه‌ڕینی باشووری كوردستاندا كردووه، ساڵی ١٩٩١ به‌شداری له‌ ئازادكردنی شاری كه‌ركووكدا كردووه‌، ساڵی ١٩٩١ به‌رپرسی مه‌كته‌بی ناوه‌ندی په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌‌، لە ١٦ی كانونی یه‌كه‌می ١٩٩١ تا ١٨ی شوباتی ١٩٩٢ مامۆستای وانه‌ی دۆخی سیاسی كوردستان و عێراق له‌ خولی نۆیه‌می په‌یمانگای كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاره‌دێی پیرمامی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر بووه‌، لە ١٩ی ئاداری به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی به‌ره‌ی كوردستانی به‌ مه‌به‌ستی دیاركردنی كاتی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كوردستان و بارودۆخی ئابووری و ئاسایشی باشووری كوردستانی كردووه‌، له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٩٢ به‌ نوێنه‌رایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی به‌ره‌ی كوردستانی به‌ مه‌به‌ستی دامه‌زراندنی لێژنه‌ی باڵای سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كوردستانی كردووه‌، له‌ ڕۆژانی ٢٣ تا ٢٨ كانونی یه‌كه‌می ١٩٩٢ له‌لایه‌ن به‌ره‌ی كوردستان كرایه‌ ئه‌ندامی لێژنه‌ی پازده‌ كه‌سی نووسینه‌وه‌ی پڕۆژە‌ی یاسای ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كوردستان، لە ٤ی حوزه‌یرانی ١٩٩٢ بووه‌ته‌ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كوردستان له‌سه‌ر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، ساڵی ١٩٩٢ بووه‌ته‌ سه‌رۆكی فراكسیۆنی زه‌رد (پارتی دیموكراتی كوردستان) له‌ ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كوردستان،‌ ساڵی ١٩٩٣ له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی كارگێڕی یانه‌ی وه‌رزشی هه‌ولێره‌وه‌ به‌ سه‌رۆكی شانازیی یانه‌كه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌، ساڵی ١٩٩٣ وه‌ك خاوه‌ن ئیمتیازی ڕۆژنامه‌ی گوڵان موڵه‌تی فه‌رمی له‌ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی وه‌رگرتووه‌‌، له‌ مانگی ته‌موزی ساڵی ١٩٩٣ به‌ سه‌رۆكی لێژنه‌ی پێشوازی کۆنگرەی یازدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو ده‌ستنیشانكراوه، ساڵی ١٩٩٣ ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئاماده‌كاریی كۆنگره‌ی یازده‌یه‌م له‌ شاری هه‌ولێر بووه‌، ساڵی ١٩٩٣ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌ی یازده‌یه‌م به‌ ئه‌ندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو هه‌ڵبژێردراوه‌، ساڵی ١٩٩٤ مامۆستای وانه‌ی بابه‌تی گشتی خولی خێرای پێشكه‌وتووی په‌یمانگای كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستانی له‌ شاره‌دێی پیرمام بووه‌، ساڵی ١٩٩٤ كراوه‌ته‌ به‌رپرسی لێژنه‌ی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو، لە ١٩ی ته‌موزی ١٩٩٤ له‌لایه‌نی هێزه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ له‌ شاوێس له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر به‌ر ڕێژنه‌ی گولله‌ دراوه‌ و ڕزگاری بووه‌، له‌ ١٦ی ئابی ١٩٩٦ له‌به‌ر خزمه‌تی له‌ شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشی گوڵان و ڕاپه‌ڕینی باشووری كوردستان له‌ یۆبیلی زێڕینی پارتیدا له‌لایه‌ن سه‌رۆك مەسعود بارزانییه‌وه‌ مێدالیای بارزانی نه‌مری پێ به‌خشراوه‌، ساڵی ١٩٩٦ كراوه‌ته‌ وه‌زیری هه‌رێم له‌ كابینه‌ی سێیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، لە ١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٩٦ تا ١٨ی شوباتی ٢٠٠١ پارێزگاری هه‌ولێر بووه‌، لەو ماوەیەی کە لە پۆستی پارێزگاری هەولێردا بووە چەندان کاری گرنگی ئەنجامدا بەتایبەت دروستکردنی یاریگای نێودەوڵەتی هه‌ولێر (شەهید فەڕەنسۆ هەریری) و کۆشکی هونەر و هەروەها ئۆرکسترای کوردستانیش بە یارمەتی و پاڵپشتی ئەو دامەزرا، زۆر کار و پڕۆژەی تری شارستانیشی ئەنجامدا. ڕۆڵێكی بەرچاوی لە پێشخستنی كەرتی وەرزش لە ھەرێمی كوردستان ھەبوو و پشتیوان و ھاندەری وەرزشوانان و لاوان بوو و یارمەتی دەدان، بۆ بەدەستھێنانی مافەكانیان. بەشداری لە زۆرێك لە پڕۆژە و چالاكییەكانی جوانكاری و مۆدێرنیزەكردنی شاری ھەولێری كرد و بە پشتیوانێكی بە ھێزی پڕۆژەكانی پەرەوەردە، تەندروستی و وەرزشی لە ھەولێر داده‌نرا. 

لە ١٨ی كانونی یه‌كه‌می ١٩٩٦ له‌ كابینه‌ی سێیه‌م وه‌زیری هه‌رێم بووه‌، ڕۆژی یه‌كشه‌مه‌ی ٢٣ی شوباتی ١٩٩٧ له‌ كرده‌وه‌ێكی تیرۆریستی ڕزگاری بوو، له‌ ٢٦ی ته‌موزی ١٩٩٧ به‌شداری‌ یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵه‌ی كورده‌ فه‌یلییه‌كاندا كه‌ له‌ شاری هه‌ولێر و له‌ ژێر چاودێری سه‌رۆك مەسعود بارزانیدا كردووه‌، ساڵی ١٩٩٨ خاوه‌نئیمتیازی گۆڤاری هه‌ولێر بووه‌، ساڵی ١٩٩٩ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی کۆنگرەی دوازدەیەم به‌‌ ئه‌ندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌، ڕۆژی دووشه‌مه‌ی‌ ٢٤ی كانونی دووه‌می ٢٠٠٠ له‌ ستافی بیست و هه‌شته‌می لێژنه‌ی لقی دووی هه‌ولێر بۆ جاری دووه‌م به‌ به‌رپرسی لێژنه‌ی لق ده‌ستنیشان كراوه‌، لە ١٤ی ئاداری ٢٠٠٠ له‌لایه‌ن‌ ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كوردستانه‌وه‌ كراوه‌ته‌ ئه‌ندامی لێژنه‌ی ڕە‌وته‌نیی(چوون) زیندووكردنه‌وه‌ی یادی له‌دایكبوونی ڕابه‌ری نه‌ته‌وه‌ی كورد بارزانی نه‌مر.

فەڕەنسۆ تۆما ھەریری، لە ڕۆژی ١٨ی شوباتی ٢٠٠١ لەكاتی ڕۆیشتن بۆ سەر كارەكەی لە شەقامی ٦٠ مەتری ھەولێر لە لایەن گرووپێكی بزووتنه‌وه‌ی یه‌كبوونی ئیسلامی (حركة التوحید الاسلامي) تیرۆر كرا، دوو ڕۆژ دوای شەھیدكردنی لە ڕۆژی ٢٠ی شوباتی ٢٠٠١ لە شوێنی لە دایكبوونی لە شاره‌دێی ھەریر بە بەشداری سه‌رۆك مەسعود بارزانی و زیاتر لە نیو ملیۆن كەس بە خاكسپێردرا.

له‌ به‌رهه‌مه‌كانی:

  1. چما په‌كه‌كه‌ وا ده‌كا؟ ـ ( چاپی یه‌كه‌م ـ ٢٠٠٠، (چاپی دووه‌م ـ ٢٠١٨).

  2. بۆ ئه‌وه‌ی مێژوو به‌ چه‌واشه‌یی نه‌نووسرێ ـ ١٩٩٥، له‌ ساڵی ١٩٩٦ چاپی عه‌ره‌بییه‌كه‌ی به‌ ناونیشانی (لكي لا یكتب التأریخ محرفا) له‌چاپ دراوه‌.


سه‌رچاوه‌كان: 

  1. ئه‌رشیفی ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.

  2. ئاماده‌كردنی ئه‌نوه‌ر عه‌بدوڵا، ٢٩ی ئه‌یلوولی ١٩٧١ بارزانیی نه‌مر له‌ پیلانی دوژمنان گه‌وره‌تربوو، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو، ژماره‌ ٢٩٣٤، هه‌ولێر، چوارشه‌مه‌، ٢٩ ئه‌یلوولی ١٩٩٩ز، ل ٢.

  3. حول محاولة اغتیال السید فرنسو حریري، جریدة خه‌بات، لسان حال الحزب الدیمقراطي الكوردستاني، العدد ٨١٦، أربیل، الجمعة، ٢٨ شباط ١٩٩٧م، ص ٢.

  4. كۆنگره، ده‌رئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان ڕاده‌گه‌ینێت، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو، ژماره‌ ١٧٢٩، هه‌ولێر، هه‌ینی، ٢٧ ئابی ١٩٩٣ز، ل ١.

  5. شێرزاد، چالاكی لێژنه‌كانی كۆنگره‌ی پارتیمان، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژماره‌ ١٦٩١، هه‌ولێر، دووشه‌مه‌، ١٢ ته‌موزی ١٩٩٣ز، ل ٤.

  6. حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕیزلێنان، كتێبی دووه‌م، چاپی دووه‌م،  (هه‌ولێر ـ ده‌زگای خێرخوازی بارزانی ـ ٢٠١٩ز)، ل ل ٣٢ ـ ٣٧.

  7. هۆشیار نوری له‌ك، ناودارانی كورد له‌ دێڕێكدا، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی چوارچرا ـ ٢٠١٠ز)، ل ٢٤.

  8. كنێر عه‌بدوڵڵا، به‌شداری سیاسی ژنان له‌ باشوری كوردستان، (سلێمانی ـ ٢٠١٦م)، ل ل ٧٤، ٨١.

  9. فه‌ره‌نسۆ هه‌ریری، چما په‌كه‌كه‌ وا ده‌كات؟، چاپی دووه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی ڕۆكسانا ـ ٢٠١٨ز)، ل ل ١، ١٠٥.

  10. علي سنجاري، القضیة الكوردیة وحزب البعث العربي الأشتراكي في العراق، الجزء الثالث، (دهوك ـ مطبعة خاني ـ ٢٠١٢م)، ص ص ٣٦٢، ٣٧١.

  11. في سبیل السلم والوحدة الوطنیة في سبیل تطبیق اتفاقیة آذار، القسم العاشر، جریدة الـتآخي، دار التآخي للطباعة و النشر، العدد ١١٩٠، بغداد، مطبعة التایمس، الأحد، ١٩ تشرین الثاني ١٩٧٢م، ص ٨.

  12. سه‌فه‌ر ژاژۆكی، یادێك بۆ شه‌هیدی سه‌ركرده‌ فره‌نسۆ هه‌ریری، ڕۆژنامه‌ی خه‌بات ژماره‌(4506)، 18/2/2014.

 


بابەتی پەیوەندیدار

چیا هەرکی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

حەمید عەلی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا. 

زانیاری زیاتر

نوری عوسمان شنگالی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

موحسین کەمال

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

گوهدار شێخۆ

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر