ژیاننامە
دكتۆر سه‌عید بارزانی ساڵی ١٩٣٠ له گوندی بێدودى سه‌ر به ناحیه‌ی پیران له قه‌زای مێرگه‌سۆر له پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه، ساڵی ١٩٥٣ له لوناچارسكی له ته‌نیشت تاشكه‌ند ده‌ستی به خوێندن كردووە، هه‌ر له یه‌كێتی سۆڤیەت ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ بكلال ئیلیلنا نۆڤیا پێكهێناوه، دوو کوڕیان هەبووە بە ناوەکانی عەزیز و ئەحمەد، دواتر له شاری مۆسكۆ له كۆلێژی پارتی شكۆلا درێژه‌ى به‌خوێندن داوه، له دوای ١٤ی ته‌مووزی ١٩٥٨ بارزانی نه‌مر گه‌ڕایه‌وه كوردستان و ئەویش لەگەڵ هەڤاڵانى گەڕایەوە، لە ساڵى ١٩٥٩ لە کۆلێژى ئادابى زانکۆى بەغدا بوو بە مامۆستا. له ڕێكه‌وتی ٥ تشرینی دووه‌می ١٩٦٠ له‌سه‌ر بانگهێشتی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبی كۆمۆنیستی یه‌كێتی سۆڤێت، له ساڵیادی شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر یاوه‌ری مستەفا بارزانی بوو بۆ یه‌كێتی سۆڤیەت، توانی خوێندن ته‌واوبكات و بڕوانامه‌ی په‌یمانگاى وه‌رگرت. ساڵی ١٩٦١ بۆ جاری دووه‌م له‌سه‌ر داواى مستەفا بارزانی له ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌كێتی سۆڤێت له ئه‌كادیمیا بۆ خوێندنی دكتۆرا (ناوك) وه‌رگیرا كه تایبه‌ت بوو به‌فێربوونی ئه‌كادیمی له بواری كۆمه‌ڵناسی و ڕۆشنبیری و به‌رده‌وام بوو له خوێندن و توانی بڕوانامه‌ی دكتۆرا له به‌شی مێژوو وەربگرێت. هه‌ر له‌م ئاكادیمیایەدا خێزانیشی وه‌كو قوتابی وه‌رگیرا و دكتۆرای له زمانی ڕووسی وه‌رگرت، له ساڵی ١٩٧٠ گه‌ڕاوه‌ته‌وه و له كۆلێژی ئادابی زانكۆی به‌غدا دامه‌زرا، خێزانه‌كه‌شی وه‌ك مامۆستای زمانی ڕووسی، ئیش و كاره‌كانی مه‌لامسته‌فا بارزانی ڕاده‌په‌ڕاند كه تایبه‌ت بوون به باڵیۆزی ڕووسیا له عێراق.
خەباتنامە
ئه‌حمه‌د حه‌سكۆ ئیبراهیمى ناسراو بە ئه‌حمه‌د نادر کە باوکی بوو، له‌و كه‌سانه بوو كه مه‌لا مسته‌فا وه‌كو وه‌كیل له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵا كركه‌مۆیی و وه‌لی به‌گ له ده‌ڤه‌ری بارزان داینان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی متمانه‌ی زۆری پێ هه‌بوون، ئه‌حمه‌د نادری باوكی ساڵی ١٩٣٢ به‌رپرسی پاراستنی ده‌ربه‌ندی زێت بووه و له ڕاپه‌ڕینی ساڵی ١٩٣٥ له شه‌ڕێكی ده‌سته‌ویه‌خه له چیای گۆڤه‌ند له سنووری نێوان باكوور و باشووری كوردستان له نزیك گوندی ئه‌رگۆش شه‌هید بووه.
دکتۆر سەعید ساڵی ١٩٤٣ په‌یوه‌ندی به ڕێزه‌كانی شۆڕشی دووه‌می بارزان كردووه، له ڕێكه‌وتی ١٢ تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٣ به‌شداری گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی خێره‌زۆكی كردووه، بەم هۆیەوە له ١٩ی ئابی ١٩٤٥ به فه‌رمانی دادگای عورفیی سه‌ربازی دەست بە سەر گشت موڵک و ماڵە گواستراوه و نه‌گواستراوه‌کانیدا گیراوە. له ٥ ئه‌یلوولی ١٩٤٥ به‌شداری گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی مه‌یدان مۆریكی كردووه.
له ڕێكه‌وتی ١١ تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ له دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان ڕووده‌كاته ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له ڕێكه‌وتی ٣١ ئاداری ١٩٤٦ له هێزی بارزان-ى سه‌ر به سوپای كۆماری دیموكراتی كوردستان خزمه‌تی پێشمه‌رگایه‌تی كردووه و له شه‌ڕه‌كانی به‌ره‌ی سه‌قز له كۆماری دیموكراتی كوردستان به‌شداریكردووه، له ڕێكه‌وتی ٣ ئایاری ١٩٤٦ به‌شداری شه‌ڕی ملقه‌ره‌نی کردووە لە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان.
دواى ڕووخانى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد و گەڕانەوەى بارزانى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بۆ باشوورى کوردستان به‌شداریی شه‌ڕی نه‌غه‌ده و شەڕى شنۆى لە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كردووه، هەروەها لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ١٥ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری نه‌خچه‌وانی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ڕێكه‌وتی ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بڕیار دەدرێت کەمپە سەربازییەکەى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك تاشكه‌ندی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان(ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤیسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
لە ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان. هەر له ساڵی ١٩٥٩ ناوبراو له به‌غداى پایته‌ختی كۆماری عێراق له‌گه‌ڵ مسته‌فا عه‌بدوڵا فه‌قێ نه‌بی و بابه‌كر شێخ حسێن لاچین پاسه‌وانی مه‌لا مستەفا بارزانی بوونه.
له ساڵی ١٩٧٣ له‌سه‌ر ڕاسپاردەى بارزانی نه‌مر زانكۆی بەغداى به‌جێهێشتووە و گه‌ڕاوه‌ته‌وه باشووری كوردستان و به‌شداری شۆڕشی ئەیلوولی كردووه و چووەتە به‌ره‌ی حه‌سه‌ن به‌گ، ساڵی ١٩٧٤ به‌شداری له شه‌ڕه‌كانی زۆزك، هه‌ندرێن، سه‌رتیز و گه‌رووی عومه‌ر ئاغای كردووه، ساڵی ١٩٧٥ دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول وه‌ك په‌نابه‌ر ڕووده‌كاته ئێران و له نه‌غه‌ده نیشته‌جێ بووە و دواتر چوەتە كه‌ره‌ج.
ساڵی ١٩٧٦ به‌شداری شۆڕشی گوڵانی كردووه، ساڵی ١٩٧٧ز به‌رپرسی لقی ٢ی باڵی ڕاست بووه له سنوری بارزان، مێرگه‌سۆر، سیده‌كان و سۆران. له ٤ی تشرینی دووه‌می ١٩٧٩ له کۆنگرەی نۆیه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌تە ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی، ساڵانی ١٩٧٩ تا ١٩٨٠ز به‌رپرسی هێزی باڵی چه‌پ بووه لە لقى یەک، له دوای کۆنگرەی نۆیه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان باڵى ڕاستى هێزی لقی ٢ی ناوه‌كه‌ی كرا به هێزی بارزان(قوه‌تی بارزان)، دواتر كرا به به‌رپرسی ناوچه‌ی بارزان، به‌شداری شه‌ڕه‌كانی مێرۆز، كانی ڕه‌ش، خێره‌زۆك، ئه‌شكه‌وتوان، مێرگه‌سۆر، شێروان مه‌زن، چامه، كۆڵانه‌ده‌ر، گه‌رووی سارتێ، كۆڵانه سووره‌ك، پردی مه‌زن، گه‌ڵی بێخمه، كۆڕێ، تاوك و ڕێزانی كردووه، له شه‌ڕی خواكوڕك فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری قاتعی بارزان و مێرگه‌سۆر بوو كه ئه‌م شوێنانه دەگرێتەوە: سارداو، هاودیان و باله‌كیان، شیڤه‌دز و سرێشمه، خه‌لیفان، سه‌رچیا، ده‌شتی هێرت و ده‌شتی به‌رازگر. له ٣١ی ئابی ١٩٨٠ له پردى ڕێزان برینداربووه.
له ساڵی ١٩٨٨ فه‌رمانده‌ی به‌ره‌ی ڕۆژئاوای خواكوڕك بوو، هەمان ساڵ بووەتە فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری ناوه‌ڕاست، له‌گه‌ڵ ڕه‌مه‌زان دۆسكی به‌رپرسی میحوه‌ری چیای خه‌روانكى سنوری ڕێكخراوی شیرین بوو، له ٢٨ى ئابدا له به‌رزاییه‌كانی سه‌ری كوراڤا و به‌رێ مشكا به گولله تۆپێكی مه‌زن بریندار ده‌بێت و هه‌ر له به‌ره‌كانی شه‌ڕ له‌لایه‌ن دكتۆر محه‌مه‌د ساڵح ده‌رمان دەکرێت.
ساڵی ١٩٩١ به‌شداری ڕاپه‌ڕینی كردووه، له ٧ی نیسانی ١٩٩١ز فه‌رمانده‌ی قوه‌تی بارزان بوو و به‌شداری له داستانی كۆڕێ كردووه و به‌رپرسی قۆڵی ده‌ستی ڕاستی پیرمام بوو، ساڵی ١٩٩٣ كراوه به ئه‌ندامی لێژنه‌ی باڵای كۆمه‌ڵایه‌تی ناوچه‌ی بارزان، له ڕێكه‌وتی ١٦ی ئابی ١٩٩٦ له چوارچێوه‌ی ئاهه‌نگه‌كانی یۆبیلی زێڕیندا، له‌به‌ر خه‌بات و به‌رخودانی له شۆڕشی دووه‌می بارزان، كۆماری دیموكراتی كوردستان، ڕێڕه‌وی به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت، شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشی گوڵان و ڕاپه‌ڕین له‌لایه‌ن سه‌رۆك مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی نه‌مری پێبه‌خشراوه، له ڕێكه‌وتی ٥ شوباتی ١٩٩٩ له پیرمام كۆچی دوایی كردووه.
سه‌رچاوه‌كان:
-
ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان
- حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥ز).
- حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی دووه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥ز).
- حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - ٢٠٠٤ز).
- حیدر فاروق السامرئي، ضیا‌ء جعفر ودوره السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لندن – دارالحكمة - ٢٠١٦م).
- له یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - ١٩٩٧ز).
- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨ز).