خورشید سه‌لیم شێره ‌

خورشید سه‌لیم شێره‌، ناسراو به‌ خورشید شێره،‌ ساڵی‌ ١٩٥٤ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی پارتییه‌وه‌ كردووه‌، ساڵی ١٩٥٤ وه‌ك كادیرێكی چالاكی جوتیاری‌ ده‌شتی هه‌ولێر چالاكی نواندووه...


خورشید سه‌لیم شێره‌ ساڵی‌ ١٩٥٤ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی پارتییه‌وه‌ كردووه‌، ساڵی ١٩٥٤ وه‌ك كادیرێكی چالاكی جوتیاری‌ ده‌شتی هه‌ولێر چالاكی نواندووه‌، ساڵی ١٩٥٨ به‌رپرسی هێڵی سه‌ربازیی پارتی دیموكراتی یه‌كگرتووی كوردستان بووه‌، ساڵی ١٩٧٩ ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئاماده‌كاری کۆنگرەی نۆیه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌ و به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌، لە پاش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ەوە چەندین پۆستی کارگێڕیی لە کابینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا وەرگرتووە وەکو بەڕێوەبەری گشتی و پارێزگار و...هتد، ساڵی ٢٠٠٥ ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان بووە.


ژیاننامه‌

خورشید شێره‌ ساڵی ١٩٣٨ له‌ هه‌ولێر لەدایکبووه‌، ساڵی ١٩٥٣ قۆناغی ئاماده‌یی ته‌واو كردووه‌، ساڵی ١٩٥٩ ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ مامز خدر پیرۆت شێره‌ پێكهێناوه و ساڵی ١٩٦٣ دایك و هاوسه‌ری له‌لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌تی عێراقەوە به‌ندکراون و كوڕی دووه‌می له‌ به‌ندیخانه‌ی هه‌ولێر له‌دایكبووە.

ساڵی ١٩٩٢ و له‌ كابینه‌ی یه‌كه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ بووه‌، ساڵی ١٩٩٤ و له‌ كابینه‌ی دووه‌مدا كراوه‌ته‌ بریكاری وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و ئاودێریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌، له‌ ساڵی (١٩٩٤-١٩٩٦) پارێزگاری هه‌ولێر بووه، ساڵی ٢٠٠٠ و له‌ كابینه‌ی چواره‌مدا به‌ بریكاری وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئیسلامی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستنیشان كراوه‌، ساڵی ٢٠٠٥ ئه‌ندامی خولی دووه‌می ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان بووه‌. هەرسێ زمانی كوردی، عه‌ره‌بی و فارسی دەزانێت.


خه‌باتنامه‌

خورشید شێره‌ ساڵی ١٩٥٨ به‌رپرسی هێڵی سه‌ربازیی پارتی دیموكراتی یه‌كگرتووی كوردستان بووه‌، ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئاماده‌كاری كۆنگره‌کانی پێنجه‌م ١٩٦٠، شه‌شه‌‌م ١٩٦٤، حه‌وته‌‌‌م ١٩٦٦ و هه‌شته‌‌‌م ١٩٧٠ی پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌ و بەشداریی لە کۆنگرەکاندا کردووە.

له‌ ساڵی ١٩٦٢ به‌ زانیارییه‌كانی ئه‌و كه‌ له‌ ڕیزی سوپای عێراقدا بوو، به‌تالیۆنی دووی لیوای سێى سوپای عێراق له‌ گه‌لی زاخۆ كه‌وته‌ بۆسه‌ی هێزی پێشمه‌رگەوە و له‌ناو برا و هەمان ساڵ په‌یوه‌ندیی به‌ ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئەیلووله‌وه‌ كردووه‌ و به‌شداریی له‌ شه‌ڕی چیای بالیسان و شه‌ڕی كۆسپی سپی و شه‌ڕی دووه‌می سه‌فین له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر و‌ شه‌ڕی قه‌ره‌داغ له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی دژ به‌ هێزه‌كانی سوپای عێراقی كردووه‌ و له‌ كۆتایی ساڵی ١٩٦٣ سه‌رلق بووه‌ له‌ لقی ئاسۆس له‌ به‌تالیۆنی یه‌كی هێزی كاوه‌.

ساڵی ١٩٦٥ به‌رپرسی لێژنه‌ی ناوچه‌ی كۆیه‌ی سه‌ر به‌ لێژنه‌ی لقی دوو پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌ و هەمان ساڵ بووەتە ئەندامی ستافی شه‌شه‌می لێژنه‌ی لقی دوو و به‌ كارگێڕی لێژنه‌ی لق ده‌ستنیشان كراوه‌‌.

ساڵی ١٩٦٥ به‌شداری له‌ داستانی سه‌فیندا كردووه‌ و بریندار بووه‌ و هەمان ساڵ یه‌كێك بووه‌ له‌ فه‌رمانده‌كانی شه‌ڕی شه‌ش قۆڵی (شه‌ڕی شەڕغه‌) له‌ ده‌ڤه‌ری كۆیه‌‌ به‌رانبه‌ر به‌ سوپای عێراق‌ و سەرکەوتنیان تۆمارکردووە و به‌شداریی له‌ شه‌ڕی ده‌شتی هه‌ولێر و‌ داستانی دووه‌می سه‌فین و شه‌ڕی بێستانه‌دا كردووه‌.

تا نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول به‌ كارگێڕی لق ماوه‌ته‌وه‌ و ساڵی ١٩٧٥ له‌ دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول ئاواره‌ی ئێران بووه‌، ساڵی ١٩٧٩ ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئاماده‌كاری کۆنگرەی نۆیه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌ و به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌ و به‌ به‌رپرسی لێژنه‌ی لقی دوو ده‌ستنیشان كراوه‌.

ساڵی ١٩٨٩ ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئاماده‌كاری كۆنگره‌ی ده‌یه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ساڵی ١٩٩١ یه‌كێك بووە له‌ فه‌رمانده‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ گه‌یشتووەته‌ ده‌ڤه‌ری پشده‌ر و بەشداریی لە ئازادکردنی شارۆچكه‌ی ڕانیه‌ و شارۆچكه‌ی كۆیه‌ و هەولێردا كردووه‌.

ساڵی ١٩٩٢ و له‌ كابینه‌ی یه‌كه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ بووه‌، له‌ ساڵی ١٩٩٣ به‌ سه‌رۆكی لێژنه‌ی كارگێڕیی کۆنگرەی یازده‌یه‌‌می پارتی دیموكراتی كوردستان- یه‌كگرتوو ده‌ستنیشانكراوه، ساڵی ١٩٩٤ كراوه‌ته‌ بریكاری وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و ئاودێری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و له‌ ماوەی ساڵانی (١٩٩٤-١٩٩٦) پارێزگاری هه‌ولێر بووه‌.

ساڵی ١٩٩٩ نوێنه‌ری کۆنگرەی دوازدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر بووه‌ و له‌به‌ر خه‌باتی له‌ شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان و قۆناغی ڕاپه‌ڕینی باشووری كوردستان و قۆناغی سه‌روه‌ری، له‌لایه‌ن سه‌رۆك مەسعود بارزانییه‌وه‌ میدالیای بارزانیی نه‌مری پێ به‌خشراوه‌.

ساڵی ٢٠٠٠ له‌ كابینه‌ی چواره‌مدا به‌ بریكاری وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئیسلامی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستنیشان كراوه‌. لە ساڵی ٢٠٠٥دا به‌‌ ئه‌ندامی خولی دووه‌م ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه و لەو ماوەیەدا كراوه‌ته‌ ئه‌ندامی چەندین لیژنەی جیاوازی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان، ساڵی ٢٠١٠ نوێنه‌ری كۆنگره‌ی سێزده‌یه‌‌می پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر بووه‌.

له‌ به‌رهه‌مه‌كانی:

  1. خه‌بات و خوێن بیره‌وه‌رییه‌كانی ساڵانی خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی ـ ٢٠٠٦.

سه‌رچاوه‌كان:

  1. ئه‌سعه‌د عه‌دۆ، شه‌ڕی شه‌ش قۆڵی یان شه‌ری شه‌ڕغه‌، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو، ژماره‌ ١٧٦٥، هه‌ولێر، شه‌مه‌، ٩ تشرینی یه‌كه‌می ١٩٩٣ز.
  2. علي سنجاري، القضیة الكوردیة وحزب البعث العربي الأشتراكي في العراق، الجزء الثالث، (دهوك ـ مطبعة خاني ـ ٢٠١٢م).
  3. شوان محه‌مه‌دئه‌مین ته‌ها خۆشناو، هه‌ولێر له‌ نێوان ساڵانی (١٩٥٨ ـ ١٩٦٣) لێكۆڵینه‌ویه‌كه‌ له‌ بارودۆخی سیاسی، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات ـ ٢٠١٢ز).
  4. شوان محه‌مه‌دئه‌مین ته‌ها خۆشناو، هه‌ولێر له‌ نێوان ساڵانی ١٩٦٣ ـ  ١٩٧٠ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی مێژووییه‌ له‌ بارودۆخی سیاسی، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین ـ ٢٠١٦ز).
  5. ئاری فاروق حه‌سه‌ن نانه‌كه‌لی، دامه‌زراوه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان و شۆڕشی ئه‌یلولی له‌ نێوان ساڵانی ١٩٦١ ـ ١٩٧٥، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی Ravza  ـ ٢٠١٦ز).
  6. جه‌مال مورتكه‌، چیا خۆی ده‌نووسێته‌وه‌، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی هێڤی، ٢٠١٢ز).
  7. ئه‌حمه‌د شه‌ریف له‌ك، شرۆڤه‌ی ڕووداوه‌ مێژووییه‌كان، به‌رگی دووه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات ـ ٢٠١٩ز).
  8. حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی دووه‌م، (هه‌ولێر ـ ده‌زگای خێرخوازی بارزانی نه‌مر ـ چاپخانه‌ی حاجی هاشم ـ ٢٠١٥ز).
  9. حبیب محمد كریم، تأریخ الحزب الدیمقراطي الكوردستاني ـ العراق (في محطات رئیسیة) ١٩٤٦ ـ ١٩٩٣، (دهوك ـ مطبعة خه‌بات ـ ١٩٩٨م).
  10. خورشید شێره‌، پێشمه‌رگایه‌تیمان ده‌كرد تا ئێمه‌ بمرین و میلله‌ت بژی، ڕۆژنامه‌ی خه‌بات، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژماره‌ ١٥٣١، هه‌ولێر، دووشه‌مه‌،‌ ١٦ی ئابی ٢٠٠٤ز.
  11. خورشید شێره‌، خه‌بات و خوێن بیره‌وه‌رییه‌كانی ساڵانی خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی حاجی هاشم ـ ٢٠١٥ز).
  12. عه‌لی كه‌مال به‌رزی، كه‌سایه‌تی ناودارانی كورد له‌ سه‌ده‌ی بیسته‌م، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر ـ پڕۆژه‌ی به‌رزی ـ چاپخانه‌ی زانكۆ ـ ١٩٩٩ز).
  13. فاتح ڕه‌سول، چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك له‌ مێژووی خه‌باتی گه‌لی كوردمان، به‌رگی یه‌كه‌م، (سوید ـ چاپخانه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ ـ ١٩٩١ز).
  14. كه‌یفی هادی، یاده‌وه‌رییه‌كانی خۆی له‌ باره‌ی سه‌ره‌تاكانی خه‌بات و كاری پێشمه‌رگایه‌تی بۆ خوێنه‌رانی گۆڤاره‌كه‌مان ده‌گێڕێته‌وه‌، گۆڤاری دێرین، ئۆرگانی مه‌كته‌بی ڕاگه‌یاندنی لێژنه‌ی لقی دووی هه‌ولێر، ژماره‌ ١، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، شه‌مه‌، ٤ حوزه‌یرانی ٢٠٠٥ز.
  15. مه‌لا شاخی، ڕاپه‌ڕین و .. ڕزگاری كه‌ركوك، چاپی دووه‌م، (كه‌ركوك ـ چاپخانه‌ی شه‌هید ئازاد هه‌ورامی ـ ٢٠١٢ز).
  16. هه‌ڤاڵ گوڵباخ به‌شێك له‌ داستانی ڕاپه‌ڕینی ده‌گێڕێته‌وه‌، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو، ژماره‌ ١٨٨٩، هه‌ولێر، شه‌مه‌، ٥ ئاداری ١٩٩٤ز.

بابەتی پەیوەندیدار

چیا هەرکی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

حەمید عەلی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا. 

زانیاری زیاتر

نوری عوسمان شنگالی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

موحسین کەمال

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

گوهدار شێخۆ

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر