کۆنفرانسی بەرلینی پارتی دیموكراتی كوردستان

كۆنفرانس به‌رلینیی پارتی دیموكراتی كوردستان- (كۆنفرانسی به‌رلین – ١١ی ئابی ١٩٧٦)، به‌ سه‌رپه‌رشتی سامی عه‌بدولڕه‌حمان و ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌ندام و لایه‌نگری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیای ڕۆژئاوا به‌سترا. مه‌به‌ست له‌ ئه‌نجامدانی كۆنفرانسه‌كه‌ پێداچوونه‌وه‌ بوو به‌ سیاسه‌تی ڕابردووی پارتی، دووباره‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی ئۆرگانه‌كانی حزب و فراوانتركردنی شۆڕشی چه‌كداری له‌ باشووری كوردستان.


بارودۆخ و هۆكاره‌كان

له‌ ئه‌نجامی ڕێككه‌وتننامه‌ی جه‌زائیری ٦ی ئاداری ١٩٧٥، له‌ نێوان هه‌ردوو وڵاتی ئێران و عێراق، شۆڕشی چه‌كداری له‌ باشووری كوردستان (شۆڕشی ئەیلوول) پاش كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی حاجی ئۆمه‌ران له‌ ١٨ی ئاداری ١٩٧٥ به‌ فه‌رمانی سه‌رۆك مستەفا بارزانی وه‌ستا. به‌ وه‌ستانی شۆڕش، به‌شی هه‌ره‌ زۆری سه‌ركردایه‌تی پارتی و ژماره‌یه‌كی زۆری پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵكی سڤیلی باشووری كوردستان پاش ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی شاهه‌نشاهی ئێران وه‌ك په‌نابه‌ر ڕوویان له‌و وڵاته‌كرد، به‌مه‌ش نزیكه‌ی ته‌واوی ئۆرگان و دامه‌زراوه‌كانی پارتی به‌ سه‌ركردایه‌تی حزبیشه‌وه‌‌ له‌ باشووری كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی كرده‌یی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌.

پاش تێپه‌ڕبوونی چه‌ند مانگێك له‌ ئاواره‌بوونیان بۆ و‌ڵاتی ئێران سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ مه‌به‌ستی سه‌رله‌نوێ ڕێكخستنه‌وه‌ی ڕیزه‌كانی به‌ سه‌رپه‌رشتی مەسعود بارزانی، له‌ ١٥ی نیسانی ١٩٧٥ له‌ سه‌ر كانیاوێكی ده‌ره‌وه‌ی شاری نه‌غه‌ده‌ به‌ناوی (حه‌وت چه‌شمه‌) به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ جەوهەر نامیق، کەریم شنگالی، عارف تەیفور و حەمە ڕەزا كۆبوونه‌وه‌، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیار له‌سه‌ر دووباره‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی پارتی درا، دواتر له‌ كۆبوونه‌وه‌ی نهێنی كه‌ره‌ج له‌ سه‌ره‌تای مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٧٥ بڕیاردرا سه‌ركردایه‌تییه‌كی نوێ له‌ ئه‌ندامانی كۆنی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی و كادیره‌ لاوه‌كانی حزب دروستبكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی شوێنی سه‌ركردایه‌تی كۆنی حزب بگرێته‌وه‌. هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ به‌یاننامه‌یه‌ك ئاماده‌كرا و له‌ ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٧٥ به‌ناوی سه‌ركردایه‌تی كاتی (قیادة الموقتة) بڵاوكرایه‌وه‌، ژماره‌ی ئه‌ندامه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كان بۆ ئه‌م سه‌ركردایه‌تییه‌ كاتییه‌ پێكهاتبوو له‌ یازده‌ ئه‌ندام كه‌ بریتی بوون له مەسعود بارزانی، ئیدریس بارزانى، سامی عەبدولڕەحمان، جەوهەر نامیق، کەریم شنگالی، عارف تەیفور، حەمە ڕەزای سەرگەلۆ، ئازاد بەرواری، نوری شاوێس، عەلی عەبدوڵا و کەمال کەرکوکی.

جێگیركردنی ناوی ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی كاتی پارتی پێویستی به‌ به‌ستنی كۆنگره‌ ده‌كرد، چونكه‌ به‌پێی په‌یڕه‌و پڕۆگڕامی په‌سه‌ندكراوی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ کۆنگرەی هەشتەمی  ساڵی ١٩٧٠ی  لە ناوپردان ده‌بوایه‌ ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوندی حزب له‌ كۆنگره‌ هه‌ڵبژێردرێن، ئه‌گه‌ر بارودۆخیش بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ له‌بار نه‌بوو ئه‌وا حزب بۆی هه‌یه‌ له‌ هه‌رشوێنێك بێت كۆنفرانس ئه‌نجام بدات به‌مه‌رجێك له‌لایه‌ن ئه‌ندامێكی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پێشوو سه‌رپه‌رشتی بكرێت. به‌وپێیه‌ی بارودۆخی ئه‌وكاتی پارتی و ناوچه‌كه‌ بواری به‌ستنی كۆنگره‌ی نه‌ده‌دا له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی حزبه‌وه‌ بڕیاردرا كۆنفرانسێكی فراوان له‌ ئه‌وڕووپا ئه‌نجام بدرێت.

به‌ هه‌وڵه‌كانی لقی شه‌شی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ هاوینی ساڵی ١٩٧٦ سنووری ئه‌وڕووپا به‌ڕووی ئاواره‌ كورده‌كاندا كرایه‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ی هه‌ردوو وڵاتی نه‌مسا و هۆڵه‌ندا ئاماده‌یی خۆیان نیشاندا ژماره‌یه‌ك كورد وه‌ك په‌نابه‌ر وه‌ربگرن، له‌لایه‌ن مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی له‌ تاران ژماره‌یه‌ك په‌نابه‌ر كه‌ له‌ نێویاندا ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی نوێی پارتیشی تێدابوو نێردرانه‌ ئه‌وڕووپا، پاش گه‌یشتنیان له‌لایه‌ن لقی شه‌شی ئه‌وڕووپاوه‌ په‌نابه‌ره‌كان ڕێكخرانه‌وه‌ و به‌شێكی زۆریان به‌سه‌ر ڕێكخستنه‌كانی حزبدا دابه‌شكران، به‌م شێوه‌یه‌ بارودۆخی حزب له‌ ئه‌وڕووپا بوژایه‌وه‌ و له‌  ٢٦ی ئایاری ١٩٧٦ سامی عەبدولڕەحمان له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌ له‌نده‌ن ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شۆڕشی چه‌كداری له‌ باشووری كوردستان (شۆڕشی گوڵان)ی ڕاگه‌یاند. هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌شدا له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی پارتییه‌وه‌ بڕیار له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی كۆنفراسی حزب له‌ ئه‌وڕووپا درا.


ئاماده‌كاری كۆنفرانس

له‌ لایه‌ن لقی شه‌شی ئه‌وڕووپای پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ ده‌ست به‌ ئاماده‌كارییه‌كانی كۆنفرانس كرا، به‌وپێیه‌ی باره‌گای لق له‌ به‌رلینی ڕۆژئاوا بوو شاره‌كه‌ وه‌ك شوێنی به‌ڕێوه‌چوونی كۆنفرانس ده‌ستنیشانكرا، پاش ئه‌نجامدانی ئاماده‌كارییه‌كان داوا لە لێژنه‌ ناوچه‌كانی ئه‌وڕووپا كرا نوێنه‌ری خۆیان بنێرنه‌ به‌رلین، هه‌ر لێژنه‌ ناوچه‌یه‌ك به‌لایه‌نی كه‌م دوو نوێنه‌ری بۆ ده‌ستنیشانكرا، لێژنه‌ ناوچه‌كانیش له‌نێو خۆیاندا به‌ ده‌نگدان ئه‌ندامێكیان هه‌ڵده‌بژارد و له‌گه‌ڵ به‌رپرسی لێژنه‌ ناوچه‌ كه‌ ڕاسته‌وخۆ بۆ كۆنفرانس سه‌رده‌كه‌وت و به‌ ڕاپۆرتێكه‌وه‌ هاتنه‌‌‌ شاری به‌رلین، هۆڵی زانكۆی به‌رلین به‌كرێ گیرا تا كۆبوونه‌وه‌كانی كۆنفرانسی تێدا ئه‌نجام بدرێت، لێژنه‌ی ئاماده‌كاری كۆنفرانسیش پێكهێنرا كه‌ بریتی بوون له سامی عەبدولڕەحمان، نوری شاوێس، حەمە ڕەزا و عارف تەیفور.

له‌ ١١ی ئابی ١٩٧٦ به‌ سه‌رپه‌رشتی سامی عەبدولڕەحمان و لێژنه‌ی ئاماده‌كار، كۆنفرانس ده‌ستی به‌ كۆبوونه‌وه‌كانی كرد، ژماره‌ی ئه‌ندامانی لێژنه‌ ناوچه‌كانی ئه‌وڕووپای سه‌ر به‌ لقی شه‌ش چل ئه‌ندام ده‌بوون، به‌ تێكڕا له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی كاتی، ئه‌و كادیرانه‌ی تازه‌ گه‌یشتبوونه‌ ئه‌وڕووپا و مێوانه‌كانیش كه‌ یه‌كێك له‌وان عیسمه‌ت شه‌ریف وانلی بوو ژماره‌ی ئاماده‌بووانی كۆنفرانس ده‌گه‌یشته‌ چل و هه‌شت بۆ په‌نجا كه‌س، له‌وانه‌ تارق ئاكره‌یی به‌رپرسی لقی شه‌ش، عه‌زیز شێخ ڕه‌زا، سیامه‌ند به‌ننا، ڕەمزی شەعبان ، دکتۆر پیرۆت ئەحمەد، حه‌مید ئاكره‌یی، پۆڵا مه‌غدید قه‌ساب كۆیی، محەمەد ساڵح جومعە، فه‌وزی ئه‌سعه‌د، محه‌مه‌د میسۆ، جه‌مال عه‌له‌مدار، دکتۆر عومه‌ر ئۆره‌ماری، فه‌رهاد سۆفی (فه‌رهاد جوبڕائیل)، تۆفیق فه‌یلی، ماجد فه‌یلی، عیزەدین بەرواری، عه‌بدولقادر به‌رواری، عه‌بدولسه‌لام به‌رواری، فایق نێروه‌یی، محه‌مه‌د ئه‌مین ده‌له‌وی، ئازا مه‌حمود خەفاف، وریا ساعاتی، عەبدولڕەحمان پێداوی، غازی زێباری، محه‌مه‌د حه‌سه‌ن عه‌ونه‌ت، دکتۆر سه‌باح مه‌ریوانی و ...هتد.


به‌ستنی كۆنفرانس

كۆنفرانس له‌ نێوان ڕۆژانی ١١ تا ١٦ی ئاب به‌رده‌وام بوو، له‌ ده‌ستپێكی كۆبوونه‌وه‌كان‌ له‌لایه‌ن سامی عه‌بده‌لڕه‌حمانه‌وه‌ ڕه‌شنووسی نامێلكه‌ی هه‌شتا لاپه‌ڕه‌یی خوێنرایه‌وه‌ به‌ناوی (طریقة الحركة التحریریة الكردیة) كه‌ له‌لایه‌ن لێژنه‌ی سه‌رپه‌رشتیكاری كۆنفرانس‌ به‌تایبه‌ت سامی عەبدولڕەحمان و نوری شاوێس ئاماده‌كرابوو، كه‌ نامێلكه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌یی بوو له‌ باره‌ی شۆڕشی ئەیلوول و سه‌ركردایه‌تی شۆڕشه‌وه‌ و له‌ژێر كاریگه‌ری فكری توندی چه‌پڕه‌وی ماركسی لینینی نووسرابوو، نامێلكه‌كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی كۆنفرانسه‌وه‌ گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كرا و دواتر ده‌نگی له‌سه‌ر درا. بڕگه‌ی دووه‌م له‌ ئه‌ركه‌كانی كۆنفرانس بریتی بوو له‌ جێگیركردنی ناوی یازده‌ ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی كاتی كه‌ پێشتر به‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی هه‌ڵبژێردرابوون و، زیادكردنی چوار ئه‌ندامی تر بۆی، مه‌رج بوو ئه‌و چوار كه‌سه‌ی به‌ ئه‌ندامی نوێی سه‌ركردایه‌تی كاتی هه‌ڵده‌بژێردرێن پاش ئاشكراكردنی ناوه‌كانیان بۆ باشووری كوردستان بگه‌ڕێنه‌وه‌، ئه‌وه‌بوو پاش ده‌نگدان هه‌ر یه‌ك له‌ وریا ساعاتی، دڵشاد میران، ئازا خەفاف و عەبدولڕەحمان پێداوی به‌ ئه‌ندامانی نوێی سه‌ركردایه‌تی هه‌ڵبژێردران و زیادكرانه‌ سه‌ر لیستی ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی كاتی، به‌م شێوه‌یه‌ ژماره‌ی ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی كاتی بوون به‌ پازده‌ ئه‌ندام و به‌ شێوه‌یه‌كی یاسایی جێگیركران.

جگه‌ له‌ كار و ئه‌ركه‌كانی كۆنفرانسی به‌رلین، له‌م كۆنفرانسه‌دا چه‌ند بڕیارێكی سیاسیش ده‌ركران كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی سه‌رۆك مستەفا بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و زه‌مینه‌سازی بۆ ئه‌نجامدانی کۆنگرەی نۆیه‌می پارتی له‌ گرنگترین بڕیاره‌كان بوون.

پاش كۆتا هاتنی كار و ئه‌ركه‌كانی سه‌ركردایه‌تی كاتی و هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی نوێی و جێگیركردنیان، كۆنفرانس له‌لایه‌ن لقی شه‌شه‌وه‌ درێژه‌ی پێدرا، پاش ده‌ستنیشانكردنی پاڵێوراوان بڕیاردرا ده‌نگدان بكرێت بۆ هه‌ڵبژاردنی دوو كارگێڕی لێژنه‌ لق بۆ لقی شه‌شی ئه‌وڕووپا، له‌ ئه‌نجامی ده‌نگدانه‌كه‌دا تارق ئاكره‌یی وه‌ك به‌رپرسی لق ده‌ستنیشان كرایه‌وه‌ و سیامه‌ند به‌نا و عه‌بدولسه‌لام به‌رواریش به‌ كارگێڕی لق هه‌ڵبژێردران.‌ دواتر هه‌ریه‌كه‌ له‌ دکتۆر جەرجیس حەسەن و حه‌مید عه‌قراویش بۆ ده‌سته‌ی كارگێڕی لق زیادكران.

كۆنفرانس ماوه‌ی شه‌ش ڕۆژی خایاند و له‌ ١٦ی ئابی ١٩٧٦ كۆتایی به‌ كاره‌كانی هێنا، كه‌ ده‌یكرده‌ هه‌مان ڕێكه‌وتی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ ئاهه‌نگێكی‌ بچووك سازكرا دواتر بۆ ئێواره‌ی هه‌مان ڕۆژ بڕیاره‌كانی كۆنفرانس بۆ ئه‌ندام و‌ به‌شداربووانی كۆنفرانس خوێنرایه‌وه‌، به‌هۆی هه‌ستیاری بارودۆخی سیاسی ئه‌وكات هیچ به‌یاننامه‌یه‌ك به‌بۆنه‌ی كۆتایی هاتن به‌ كۆنفرانس بڵاونه‌كرایه‌وه‌، نامێلكه‌یه‌ك ده‌ركرا به‌ناوی (ڕێبازی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی كورد)، دواتر نامێلكه‌كه‌ وه‌ك ڕاپۆرتی سیاسی سه‌ركردایه‌تی كاتی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ له‌ ١١تا١٥ی ئابی ١٩٧٦ ده‌ركرابوو په‌سه‌ند كرا.


سه‌رچاوه‌كان:

  1.  فاروق محه‌مه‌د محه‌مه‌دئه‌مین، سیاسه‌تی ئێران به‌رامبه‌ر جوڵانه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد له‌ باشوری كوردستان (١٩٧٥-١٩٨٩)، (سلێمانی- چاپخانه‌ی رێ نوێ- ٢٠١٤ز).
  2.  مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆنگره‌ و كۆنفرانس (پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆ)، ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی رۆكسانا- ٢٠٢١).
  3.  صلاح الخرسان، التیارات السیاسیة في كردستان العراق، قراءة في ملفات الحركات و الأحزاب الكردیة في العراق ١٩٤٦-٢٠٠١، (بیروت – مطبعة البلاغ – ٢٠٠١م).
  4.  كریس كوچرا، جنبش ملی كرد، ت . ابراهیم یونسی، چاپ دوم، (تهران- مؤسسه انتشارات نگاه- ١٣٧٧).
  5.  كنفرانس سران اوپك با اخطار بومدین به‌غرب تشكیل شد، روزنامه‌ اطلاعات، شماره‌ ١٤٦٥١، چهار شنبه‌ ١٤ اسفند ماه ١٣٥٣.
  6.  عومه‌ر عوسمان، ژیانی كوردێك، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی حاجی هاشم- ٢٠٠٥).
  7.  د. عه‌لی ته‌ته‌ر نێروه‌ی، بزاڤی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ كوردستانی عێراق له‌ ساله‌كانی جه‌نگی عێراق و ئیران دا (١٩٨٠ - ١٩٨٨)، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی حاجی هاشم- ٢٠٠٨).
  8.  مسودة النظام الداخلي للحزب الدیموقراطي "المؤتمر الثامن" (١٩٧٠)، الفصل الرابع (المنظمات الحزبیة – واجباتها و صلاحیاتها)، المادة السابعة العشرة – اللجنة النركزیة، فقرة ٢.
  9.  حامید گه‌وهه‌ری، ئیدریس مسته‌فا بارزانی و بارزانییه‌كان باشتر بناسین مێژووی زاره‌كی، (ستۆكهۆڵم- ٢٠١٤).
  10.  محه‌مه‌د مه‌لا قادر، خه‌باتنامه‌، كورته‌ مێژووی پارتی و بارزانی نه‌مر، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی ئاراس- ٢٠١٢).
  11.  ئه‌رشیفی ده‌سته‌ی ئینسكلۆپێدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
  12.  پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌ركردایه‌تی كاتی، رێبازی بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی كورد، هه‌ڵسه‌نگاندنی شۆڕشی ئه‌یلول و به‌رنامه‌ی نوێی پارتی دیموكراتی كوردستان، راپۆرتی سیاسی سه‌ركردایه‌تی كاتی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ له‌ لایه‌ن كۆنفڕانسی پارتی یه‌وه‌ له‌ (١١-١٥)ی ئاب ١٩٧٦ په‌سه‌ندكراوه‌.

بابەتی پەیوەندیدار

شۆڕشی دووەمی بارزان

دوای ئه‌وه‌ی ‌بارزانییه‌كان له‌ ساڵی ١٩٣٩ لە باشووری عێراقەوە ده‌گوازرێنه‌وه‌ سلێمانی، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی‌ بارودۆخی ژیانیان باشتر بێت، به‌ڵام بەهۆی هەڵوێستی شێخ مسته‌فا قه‌ره‌داغی، موته‌سه‌ریفی ئه‌وكاتی سلێمانی بارودۆخی گوزەرانیان خراپتر بوو، چونکە ناوبراو ڕێگای به‌ خه‌ڵكی شاری سلێمانی نەدەدا یارمه‌تییان بده‌ن.

زانیاری زیاتر

کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان

ڕۆژی ٣ی تشرینی دووه‌می ٢٠٢٢ کۆنگرەی چواردەیەم له‌ شاری دهۆك و به‌ ئاماده‌بوونی ١٠٢٢ نوێنه‌ر  له‌ كۆی ١٠٦٥ نوێنه‌ر كه‌ مافی به‌شداریكردنی كۆنگره‌یان هه‌بوو له‌ سه‌رجه‌م ڕێكخستنه‌كانی پارتی له‌ ژێر (دروشمی ئازادی، دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری) ده‌ستی به‌ كاره‌كانی خۆی كرد.

زانیاری زیاتر

پارتی دیموکراتی کوردستان

پارتی دیموکراتی کوردستان (پ.د.ك)، به‌ ڕێنووسی لاتینی (Partiya demokrata kurdestanê)، به‌ زمانی ئینگلیزی (kurdistan democratic party) و به‌ زمانی عه‌ره‌بی (الحزب الدیموقراطي الكوردستاني)، پارتێکی نیشتمانی دیموکراتیی جەماوەرییە، له‌ ڕێكه‌وتی ١٦ی ئابی ١٩٤٦ به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی له‌ شاری به‌غدا به‌ شێوه‌یه‌كی نهێنی دامه‌زرا....

زانیاری زیاتر

شۆڕشی گوڵان

شۆڕشی گوڵان- (شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتنخواز – ٢٦ی گوڵانی ١٩٧٦). ‌ له‌ لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ به‌ سه‌رپه‌ر‌شتی سەرۆک مەسعود بارزانی دژی حكوومه‌تی به‌عسی عێراق له‌ باشووری كوردستان هه‌ڵگیرسا و تا ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی ١٩٩١ به‌رده‌وام بوو.

زانیاری زیاتر

کۆنگرەی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان

كۆنگره‌ی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان - ١١ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٠ )دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عسی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ عێراق ساڵی ٢٠٠٣ و گۆڕانكاری گه‌وره‌ی سیاسی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، له‌ كه‌شێكی ئاسایی له‌ شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدرا.

زانیاری زیاتر