ئه‌ندازیار و سیاسه‌تمه‌دار بروسك نوری سدیق عەلی، به بروسك شاوێس ناسراوە، لە ساڵی ١٩٧٩ دا په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی سه‌ركردایه‌تی كاتی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه كردووه، له کۆنگرەی یازده‌یه‌م ١٩٩٣ و دوازدەیەم ١٩٩٩دا به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی هەڵبژێردراوە، ساڵی ٢٠٠٣ كراوه‌ته جێگری فه‌رمانده‌یی له‌شكری كوردستان (فه‌له‌ك) و هەمان ساڵ ئه‌ندامی لێژنه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزی هاوپه‌یمانان له ئۆپه‌راسیۆنی ئازادیی عێراق بووه، ساڵی ٢٠٠٣ و له دوای ئازادیی عێراق ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی به‌رگری كۆماری عێراق بووە.
ژیاننامه
بروسك نوری سدیق عه‌لی ساڵێ ١٩٥٥ له شاری به‌غدا له‌دایكبووه و كوڕی ئه‌ندازیار نوری شاوێس (١٩٢٢-١٩٨٣)ی ئەندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و مامۆستا ناهیده سه‌لام ئه‌حمه‌د (١٩٢٢- ٢٠٠٦)ی ناسراو به ناهیده شێخ سه‌لامی ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستانه.
به‌كالۆریۆسی به‌شی فیزیای له زانكۆی سلێمانی وه‌رگرتووه، ماسته‌ری له ئه‌ندازیاری ئامێری پزیشكی له ئه‌ڵمانیا بەدەستهێناوە، ساڵی ١٩٧٥ له دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول وه‌ك په‌نابه‌ر ڕووی له وڵاتی ئێران و ساڵی ١٩٧٦ له وڵاتی ئه‌ڵمانیا كردووه. شاره‌زای زمانه‌كانی كوردی، عه‌ربی، ئه‌ڵمانی و ئینگلیزییه.
خه‌باتنامه
بروسك نوری شاوێس ساڵی ١٩٦٨ په‌یوه‌ندیی به ڕیزه‌كانی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستانه‌وه كردووه و ساڵی ١٩٧٤ له دوای دروستبوونی ئاڵۆزی له نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبی به‌عس له‌سه‌ر یاسای ئۆتۆنۆمی كوردستان، په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئەیلووله‌وه كردووه و له خولی تۆپخانه مه‌شقی بینیوه، ساڵێک دواتر و له دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول وه‌ك په‌نابه‌ر ڕووی له وڵاتی ئێران کردووە، ساڵی ١٩٧٩ جارێکی‌تر په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی سه‌ركردایه‌تی كاتی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه كردووه، هەمان ساڵ و لە کۆنگرەی نۆیه‌مدا لە پارتی دیموكراتی كوردستان دابڕاوە.
ساڵی ١٩٩٣ له پاش گەڕانەوە بۆ نێو ڕیزەکانی پارتی، له کۆنگرەی یازده‌یه‌مدا به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان - یه‌كگرتوو هه‌ڵبژێردراوه و پاشان كراوه‌ته به‌رپرسی لێژنه‌ی لقی چواری پارتی لە شاری سلێمانی و ساڵی ١٩٩٩ له کۆنگرەی دوازدەیەم به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوەتەوە.
ساڵی ٢٠٠٣ كراوه‌ته جێگری فه‌رمانده‌یی له‌شكری كوردستان (فه‌له‌ك) و هەمان ساڵ بووەتە ئه‌ندامی لێژنه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزی هاوپه‌یمانان له ئۆپه‌راسیۆنی ئازادیی عێراق و له دوای ڕووخانی ڕژێمی سه‌دام حسێن (١٩٣٧-٢٠٠٦) به ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی به‌رگری كۆماری عێراق ده‌ستنیشان كراوه.
له به‌رهه‌مه‌كانی:
- كورد و ئیسلام ـ ٢٠٠٢.
سه‌رچاوه‌كان:
-
بروسك نوري شاوێس، رأي لابد أن یقال حول ثورة أیلول العظیمة، جریدة خه‌بات، لسان حال الحزب الدیمقراطي الكوردستاني ـ الموحد، العدد ٩٤١، أربیل، الجمعة، ١٠ آب ١٩٩٩.
- حبیب محمد كریم، تأریخ الحزب الدیمقراطي الكوردستاني ـ العراق (في محطات رئیسیة) ١٩٤٦ـ ١٩٩٣، (دهوك ـ مطبعة خه‌بات ـ ١٩٩٨).
- ڕێكار ئه‌حمه‌د، یه‌كگرتن و هه‌ڵوه‌شانه‌وه، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی به‌هه‌ست ـ ٢٠١٦).
- شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات ـ ٢٠١٣).
- ظاهر علي أحمد كویي، مسیرة الجیش العراقي منذ التأسیس و دور الضباط الكرد في تأسیسه، (أربیل ـ مطبعة روژههلات ـ ٢٠١٨).
- كاروان مه‌حوی، كۆنگره‌كانی پارتیمان پارتی دیموكراتی كوردستان، گۆڤاری شرۆڤه، مه‌كته‌بی ناوه‌ندی دیراسات و توێژینه‌وه، ژماره ١٤، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی حاجی هاشم، پاییزی ٢٠١٠.
- محه‌مه‌د مه‌لا قادر، خه‌باتنامه كورته مێژووی پارتی و كولتووری بارزانی نه‌مر، چاپی دووه‌م، (هه‌ولێر ـ ده‌زگای چاپ و بڵاوكراوه‌ی ئاراس ـ ٢٠٠٧).