مامۆستا و سیاسەتمەدار ناهیده سه‌لام ئه‌حمه‌د، ناسراو به مامۆستا ناهیده شێخ سه‌لام، كچه كورد، ن. س و دایكی ڕۆژ، ساڵی ١٩٦٠ له كۆنگره‌ی پێنجه‌می پارتی دیموكراتی كوردستاندا كه له شاری به‌غدا ساز دراوه پاڵێوراوی سه‌رۆك مستەفا بارزانی بووه بۆ پۆستی ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و له ئه‌نجامدا له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه و یه‌كه‌مین ئافره‌ته كه بووبێته ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان.
ژیاننامه
ناهیده سه‌لام ئه‌حمه‌د ساڵی ١٩٢٢ له شاری سلێمانی لەدایکبووە و كچی شاعیری نیشتمانپه‌روه‌ر شێخ سه‌لام (١٨٩٢-١٩٥٩)ه. ساڵی ١٩٣٠ قۆناغی سه‌ره‌تایی له شارۆچکەی چه‌مچه‌ماڵ ته‌واو كردووه. ساڵی ١٩٤١ خانه‌ی مامۆستایانی سه‌ره‌تایی به‌غدا ته‌واو كردووه و به مامۆستای سه‌ره‌تایی دامه‌زراوه، ساڵی ١٩٤٦ هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ئه‌ندازیار نوری سدیق عه‌لی (١٩٢٢-١٩٨٣) ناسراو به نوری شاوه‌یس كردووه، دایكی دكتۆر ڕۆژ نوری شاوێس، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و بروسك نوری سدیق شاوێس ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستانە، به ناوی خوازراوی كچه كورد، ن. س و دایكی ڕۆژ له ڕۆژنامه و گۆڤاره كوردییه‌كاندا نووسیویه‌تی، له ٢٨ی تشرینی دووه‌می ٢٠٠٦ له شاری هه‌ولێر كۆچی دوایی كردووه و له گۆڕستانی گردی سه‌یوانی شاری سلێمانی له ته‌نیشت شێخ سه‌لامی باوكی‌دا بە خاك سپێردراوه. هەردوو زمانى كوردی و عه‌ره‌بی زانیوە.
خه‌باتنامه
ناهیدە سەلام ساڵی ١٩٣٩ په‌یوه‌ندیی به ڕیزه‌كانی حزبی هیوای كورده‌وه كردووه و ساڵی ١٩٤٤ له سه‌ره‌تای چالاكی سیاسی‌دا په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی حزبی ڕێی ڕاسته‌وه كردووه و هەمان ساڵ ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی كورد (ژ.ك) بووه و ساڵی ١٩٤٥ بووەتە ئەندامى حزبی ڕزگاری كورد، ساڵی ١٩٤٦ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كورده‌وه كردووه.
ساڵی ١٩٥٩ سه‌رۆكی شاندی یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان بۆ سه‌ردانی زه‌عیم عه‌بدولكه‌ریم قاسم (١٩١٤-١٩٦٣) بووه و له هه‌وڵێكی تیرۆردا بریندار بووە، ساڵی ١٩٥٩ وه‌ك نوێنه‌ری لێژنه‌ی لقی یه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستان به‌شداریی له كۆنگره‌ی چواره‌می پارتی دیموكراتی كوردستان_عێراقدا كردووه و ساڵی ١٩٦٠ له كۆنگره‌ی پێنجه‌می پارتی دیموكراتی كوردستاندا كه له شاری به‌غدا ساز دراوه پاڵێوراوی سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی بووه بۆ پۆستی ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و له ئه‌نجامدا له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه و یه‌كه‌مین ئافره‌ته كه بووبێته ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان.
ساڵی ١٩٦٤ به‌شداریی كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی ماوه‌تی نه‌كردووە كه له‌لایه‌ن باڵی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە سازدرابوو و تێیدا بڕیار لە دژی سه‌رۆك مستەفا بارزانی درا.
ساڵی ١٩٧٤ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی حزبی به‌عسەوە له دوای تاڵانكردنی ماڵه‌كه‌ی به‌ره‌و ناوچه ئازادكراوه‌كانی شۆڕشی ئهیلوول ده‌رده‌كرێت و ساڵانی (١٩٧٤-١٩٧٥) وه‌ك په‌نابه‌ر ڕووی له وڵاتی ئێرانی کردووه، ساڵی ١٩٧٥ له‌دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول ده‌گه‌ڕیته‌وه باشووری كوردستان، له ٢٨ی تشرینی دووه‌می ٢٠٠٦ له شاری هه‌ولێر كۆچی دوایی كردووه و له گۆڕستانی گردی سه‌یوانی شاری سلێمانی له ته‌نیشت شێخ سه‌لامی باوكی‌دا بە خاك سپێردراوه.
له به‌رهه‌مه‌كانی:
- ئەوەی لەبیرمە، ١٩٩٩.
سه‌رچاوه‌كان:
- ئـەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.
- نجاة رفیق حلمي، ورا‌ء كل أمرأة عظیمة رجل عظیم، مجلة گولان، مؤسسة گولان الأعلامیة، العدد ٣٣، السنة الثالثة، أربیل، مطبعة وزارة الثقافة، ٢٥ الشباط ١٩٩٩م.
- مه‌هدی محه‌مه‌د قادر، پێشهاته سیاسییه‌كانی كوردستانی عێراق ١٩٤٥ ـ ١٩٥٨، (سلێمانی ـ سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیجیی كوردستان ـ ٢٠٠٥ز).
- عبدالفتاح علي البوتاني، دراسات ومباحث في تاریخ الكورد والعراق المعاصر، (أربیل ـ دار سپرێز للطباعة والنشر ـ مطبعة حجي هاشم ـ ٢٠٠٧م).
- جه‌مال بابان، سلێمانی شاره گه‌شاوه‌كه‌م، به‌رگی سێیه‌م، چاپی دووه‌م، (هه‌ولێر ـ ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس ـ چاپخانه‌ی ئاراس ـ ٢٠١٢ز).
- تارا محه‌مه‌د، ناهیده شێخ سه‌لام له ئافره‌ته ناوداره‌كانی كورد، ڕۆژنامه‌ی خه‌بات، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژماره ٢٥٥٢، هه‌ولێر، چوارشه‌مه، ١١ ته‌موزی ٢٠٠٧ز.
- حبیب محمد كریم، تاریخ الحزب الدیمقرطي الكوردستاني ـ العراق (في محطات رئیسیة) ١٩٤٦ ـ ١٩٩٣، (دهوك ـ مطبعة خه‌بات ـ ١٩٩٨م).
- دره‌خشان شێخ جه‌لال حهفیدزاد، كورته‌یه‌ك له بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی ئافره‌تانی كوردستان و هه‌ندێ له بیره‌وه‌رییه‌كانم، (سلێمانی ـ چاپخانه‌ی شڤان ـ ٢٠١٠ز).
- مه‌هدی محه‌مه‌د قادر، ڕۆڵی كورد له بزووتنه‌وه‌ی ئاشتیخوازان له عێراقدا (١٩٥٠ ـ ١٩٦٣)، (هه‌ولێر ـ خانه‌ی موكریان بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه ـ چاپخانه‌ی موكریانی ـ ٢٠١٥ز).
- ناهیده شێخ سه‌لام، ئه‌وه‌ی له بیرمه، ئاماده‌كردنی چیمه‌ن ساڵح، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ـ ١٩٩٩ز).