نیزامەدین گلی

نیزامەدین عه‌بدولمه‌جید محه‌مه‌د جان وه‌یس ناسراو به‌ (نیزامەدین گلی)، یاساناس و سیاسه‌تمه‌دار، ساڵی ١٩٦٢ بووته‌ ئه‌ندامی پارتی دیموكراتی كوردستان، ساڵی ١٩٦٢ به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی باتیفا (گولی) له‌ پارێزگای دهۆك بووه‌، ساڵی ١٩٧٤ قایممه‌قامی زاخۆ بووه...


نیزامەدین عه‌بدولمه‌جید محه‌مه‌د جان وه‌یس ناسراو به‌ نیزامەدین گلی، یاساناس و سیاسه‌تمه‌دار، ساڵی ١٩٦٢ بووەته‌ ئه‌ندامی پارتی دیموکراتی کوردستان ، ساڵی ١٩٦٢ به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی باتیفا (گولی) له‌ پارێزگای دهۆك بووه‌، ساڵی ١٩٧٤ قایمه‌قامی زاخۆ بووه‌، دوای نسكۆی ١٩٧٥ له‌ ساڵی ١٩٧٦ بووه‌ته‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی كوردستان و له‌ دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ بووه‌، ڕۆژی پێنجشه‌مه‌ی ٢٧ی ئابی ١٩٩٢ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌ی یه‌كه‌می حزبی یه‌كگرتنی كوردستان به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردراوه، ساڵی ١٩٩٣ له‌ کۆنگرەی یازده‌یه‌‌م ‌ به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو هه‌ڵبژێردراوه‌، ساڵی ٢٠٠٠ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ به‌ پارێزگاری كه‌ركووك ده‌ستنیشان كراوه‌‌.


ژیاننامه‌

نیزامەدین عه‌بدولمه‌جید ساڵی ١٩٤٤ له‌ پارێزگای كه‌ركووك له‌ دایك بووه‌، ساڵی ١٩٦٨ به‌كالۆریۆسی یاسای له‌ زانكۆی به‌سڕە وه‌رگرتووه‌، ساڵانی (١٩٦٨- ١٩٦٩) وه‌ك پارێزه‌ر له‌ شاری كه‌ركووك كاری كردووه‌، ساڵی ١٩٦٩ به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی باتیفا (گولی) له‌ پارێزگای دهۆك بووه‌، ساڵی ١٩٧٤ قایممه‌قامی زاخۆ بووه‌، ساڵانی (١٩٧٥ـ ١٩٧٦) له‌ دوای نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوول ئاواره‌ی شانشینی ئێران بووه‌، ساڵانی (١٩٧٦-١٩٧٩) له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ دوور خراوه‌ته‌وه‌ بۆ شاری سه‌ماوه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی عێراق، ساڵی ١٩٨١ په‌یمانگای دادوه‌ری به‌غدای ته‌واو كردووه‌، ساڵانی (١٩٨١-١٩٩١) ئه‌ندامی داواكاری گشتی عێراق بووه‌، ساڵی ١٩٨٦ بڕوانامه‌ی ماسته‌ری له‌ زانكۆی به‌غدا له‌ یاسادا به‌ده‌ست هێناوه‌.

ساڵی ١٩٩٨ مامۆستای وانه‌بێژی به‌شی یاسا و ڕامیاری زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین (هه‌ولێر) و ساڵانی (١٩٩٧-٢٠٠٠) مامۆستای یاسای تاوان له‌ كۆلێژی پۆلیسی هه‌ولێر بووه‌، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی سه‌نته‌ری په‌ره‌پێدانی كارگێڕی بووه‌ له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌ندامی سه‌ندیكای پارێزه‌رانی كوردستان و دادوه‌ر بووه، له‌ ڕۆژی سێشه‌مه‌ ٧ ئاداری ٢٠٠٠ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ به‌ پارێزگاری كه‌ركووك ده‌ستنیشان كراوه‌‌، ساڵی ٢٠٠١ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری لێژنه‌ی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی به‌عه‌ره‌بكردنی كوردستان بووه‌، ساڵی ٢٠٠٢ نوێنه‌ری كۆنگره‌ی ئه‌نفال بووه‌، له‌  ١٣ی كانونی دووه‌می ٢٠٠٣ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری لێژنه‌ی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی به‌ عه‌ره‌بكردنی باشووری كوردستان بووه‌ و دواتر بووه‌ به‌ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی ئه‌م لێژنه‌یه‌‌، ساڵی ٢٠٠٣ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك له‌سه‌ر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌، ‌شاره‌زای زمانه‌كانی كوردی، عه‌ره‌بی و ئینگلیزی بووه، له‌ به‌یانی یه‌كشه‌مه‌ ٢١ی كانونی یه‌كه‌می ٢٠٠٣ بە هۆی ڕووداوی هاتوچوو كۆچی دوایی كردووه‌ و له‌ گۆڕستانی ته‌علیم ته‌په‌ی شاری كه‌ركووك ئه‌سپه‌رده‌ی خاك كراوه‌‌.


خه‌باتنامه

نیزامەدین عه‌بدولمه‌جید ساڵی ١٩٥٨ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستانه‌وه‌ كردووه‌، ساڵی ١٩٥٨ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی پارتییه‌وه‌ كردووه‌ و له‌ ساڵی ١٩٦٢دا شه‌ره‌فی ئه‌ندامێتی پارتی وه‌رگرتووه، ساڵانی (١٩٦٣-١٩٦٤) ئه‌ندام ناوچه‌ی لێژنه‌ی ناوچه‌ی قوتابیانی دواناوه‌ندییه‌كانی به‌غدای سه‌ر به‌ لێژنه‌ی لقی پێنج بووه‌، ساڵانی (١٩٦٤- ١٩٦٨) له‌ ڕیزه‌كانی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستاندا و له‌ زانكۆی به‌سڕە‌ چالاكی نواندووه‌‌ و ئه‌ندامی لێژنه‌ی سكرتاریه‌تی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان بووه‌، ساڵانی (١٩٦٤- ١٩٦٨) به‌رپرسی لقی به‌سڕە‌ی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان بووه‌، ساڵانی (١٩٦٤ - ١٩٦٨) سه‌رنووسه‌ری بڵاوكراوه‌ی قوتابیانی كورد له‌ به‌سڕە‌ بووه‌ كه‌ به‌ ده‌ست ده‌نووسرا و به‌ شێوه‌یه‌كی نهێنی بڵاو ده‌كرایه‌وه‌، له‌ ٢١ی ئاداری ١٩٦٨ بۆ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌ به‌شداری له‌ مانگرتنی خوێندكارانی زانكۆی به‌سڕە‌ له‌ دژی كوشتنی مامۆستایان كردووه‌.

ساڵانی (١٩٧٠ـ١٩٧٣) ئه‌ندامی ڕێكخراو بووه‌ له‌ لێژنه‌ی ڕێكخراوی باتوڤه‌ی سه‌ر به‌ لێژنه‌ی ناوچه‌ی زاخۆی سه‌ر به‌ لێژنه‌ لقی یه‌ك، ساڵانی (١٩٧٣ـ١٩٧٥) ئه‌ندامی ناوچه‌ی لێژنه‌ی ناوچه‌ی زاخۆی سه‌ر به‌ لێژنه‌ی لقی یه‌ك بووه‌، ساڵی ١٩٧٤ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ له‌ بادینان كردووه‌، ساڵانی (١٩٧٥ـ ١٩٧٦) له‌ دوای نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوول ئاواره‌ی شانشینی ئێران بووه‌، ساڵانی (١٩٧٦-١٩٧٩) له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ دوور خراوه‌ته‌وه‌ بۆ شاری سه‌ماوه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی عێراق، ساڵی ١٩٧٦ بووه‌ته‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی كوردستان و له‌ دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ بووه‌، ساڵی ١٩٧٦ به‌رپرسی ڕێكخستنه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی كوردستان لە به‌غدا و كفری بووه‌، ساڵی ١٩٨٩ بۆ ماوه‌ی هه‌شت مانگ له‌گه‌ڵ هاوسه‌ری یه‌كه‌میدا له‌لایه‌ن ده‌زگای ئه‌منی سلێمانییه‌وه‌ به‌ند كراوه‌ و ئه‌شكه‌نجه‌ دراوه‌‌، ساڵانی (١٩٩١-١٩٩٢) به‌رپرسی لقی كه‌ركووكی حزبی سۆسیالیستی كوردستان بووه‌، ساڵی ١٩٩٢ پالێوڕاوی لیستی یه‌كگرتن بۆ ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كوردستان بووه‌، ساڵی ١٩٩٢ به‌رپرسی كۆمیته‌ی پارێزگای كه‌ركووك و ئه‌ندامی ده‌زگای توێژینه‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ (حزبی یه‌كگرتنی كوردستان) بووه‌، ساڵی ١٩٩٢ نوێنه‌ری كۆنگره‌ی نیشتمانی عێراقی (كۆنگره‌ی مه‌سیف سه‌ڵاحه‌دین) بووه‌، ساڵی ١٩٩٢ له‌سه‌ر لیستی یه‌كگرتن بۆ ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كوردستان خۆی پاڵاوتووه.

ڕۆژی پێنجشه‌مه‌ی ٢٠ی ئابی ١٩٩٢ له‌ شاری هه‌ولێر به‌شداری كۆنگره‌ی یه‌كه‌می حزبی یه‌كگرتنی كوردستان كرد، ڕۆژی پێنجشه‌مه‌ی ٢٧ی ئابی ١٩٩٢ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌ی یه‌كه‌می حزبی یه‌كگرتنی كوردستان به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردراوه‌، ساڵی ١٩٩٣ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌ی یازده‌یه‌م ‌ به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌، ساڵی ١٩٩٣ كراوه‌ته‌ به‌رپرسی دووه‌می  لێژنه‌ی لقی چوار، ساڵی ١٩٩٣ نوێنه‌ری كۆنگره‌ی پیرمامی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بووه‌، ساڵی ١٩٩٤ به‌رپرسی لێژنه‌ی لقی چواری سلێمانی پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌، ساڵی ١٩٩٤ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌ كوردستانییه‌كان بووه‌، ساڵانی (١٩٩٧-١٩٩٨) كراوه‌ته‌ به‌رپرسی لێژنه‌ی لقی دوانزده‌ی هه‌ڵه‌بجه‌‌، ساڵی ١٩٩٨ بۆ قوتابیانی خولی یازده‌یه‌می په‌یمانگای كادیری پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو سمینارێكی سه‌باره‌ت به‌ یاسا و دادگاكانی پێشكه‌ش كردووه‌، بۆ جاری دووه‌م له‌ ساڵانی (١٩٩٨-٢٠٠٠) وه‌ك ئه‌ندامی مه‌كته‌ب له‌ مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌ كوردستانییه‌كان كاری كردووه‌، ساڵی ١٩٩٩ نوێنه‌ری كۆنگره‌ی نیشتمانی عێراقی بووه‌ (كۆنگره‌ی نیۆیۆرك)‌، ساڵی ١٩٩٩ نوێنه‌ری‌ کۆنگرەی دوازدەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بووه‌ له‌ هه‌ولێر.

له ‌به‌رهه‌مه‌كانی :

  1. دور الطعن في الأحكام / القانون الجنائي.
  2. سه‌رۆك بارزانی و ئاشتی ـ 1998.

سه‌رچاوه‌كان:

  1. ئـه‌رشیفی ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.
  2. سلێمان مسته‌فا حه‌سه‌ن، كورد و یه‌كه‌م ئه‌زمون، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی كارۆ ـ 2017ز)، ل 279.
  3. كۆنگره، ده‌رئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتیمان ڕاده‌گه‌ینێت، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو، ژماره‌ 1729، هه‌ولێر، هه‌ینی، 27 ئابی 1993ز، ل 1.
  4. ڕێبه‌ری ده‌رچوانی خولی 18، (هه‌ولێر ـ ئه‌نجوومه‌نی فێركردنی باڵا ـ زانكۆی سه‌لاحه‌دین ـ 1999ز)، ل 159.
  5. البلاغ الختامي للمؤتمر التوحیدي لحزب (یه‌كگرتن) الكوردستاني، جریدة گه‌ل (الشعب)، العدد 52، السنة العاشرة، أیلول 1992م، ص 7.
  6. هێرش كه‌مال رێكانی، عه‌شیره‌تێن به‌هدینان 1514 ـ 1919ز، (دهۆك ـ زانكۆیا دهۆك ـ سه‌نته‌رێ بێشكچی بۆ ڤه‌كۆلینێن مرۆڤایه‌تی ـ 2019ز)، ل 479.
  7. حسن سید یوسف شیلاني، عشیرة الگلي دراسة في علاقاتها الاجتماعیة وتاریخها السیاسي في العصر الحدیث، (دهوك ـ مطبعة خاني ـ 2013م)، ص 449.

بابەتی پەیوەندیدار

چیا هەرکی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

حەمید عەلی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا. 

زانیاری زیاتر

نوری عوسمان شنگالی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

موحسین کەمال

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

گوهدار شێخۆ

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر