کۆنگرەی شەشەمی پارتی دیموكراتی كوردستان

كۆنگره‌ی شه‌شه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان- (پارتی دیموكراتی كوردستان - عێراق – ١ی ته‌مووزی ١٩٦٤)، له‌سه‌ر داوای سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی و ڕه‌زامه‌ندی لێژنه‌ی باڵای چاودێری و پشكنین له‌ شاری قه‌لادزه‌ ئه‌نجامدرا، دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن مه‌كته‌بی سیاسی ....حزبه‌وه‌ له‌ كۆنفڕانسی ماوه‌تی ١٩٦٤ هه‌وڵ بۆ دوو له‌ت كردنی پارتی درا.


هۆكاری به‌ستن

له‌ ١٠ی حوزه‌یرانی ١٩٦٣ هێرش بۆسه‌ر كوردستان ده‌ستپێكرده‌وه‌ و ڕژێم‌ هه‌رچی هێزی چه‌كدار هه‌بوو ناردیه‌ مه‌یدانه‌كانی شه‌ڕ‌، له‌م هێرشانه‌دا ڕژێم یارمه‌تی له‌ هێزه‌ هه‌رێمییه‌كانی ناوچه‌كه‌ش وه‌رگرت، هێزی ئاسمانیی توركیا و ئێران كه‌ ئه‌ندامی (په‌یماننامه‌ی سه‌نتۆ) بوون، ڕێگه‌یان پێدرا سنووری عێراق ببه‌زێنن و بنكه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بۆردومان بكه‌ن، سوپای سوریاش له‌ ڕێگای وشكانییه‌وه‌ هاته‌ نێو خاكی عێراق و له‌ ناوچه‌كانی بادینان یارمه‌تی سوپای عێراقی دا، هه‌رچی هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بوون وه‌ك یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و به‌ریتانیا، ئه‌وانیش له‌ لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ ده‌ستیانكرد به‌ یارمه‌تیدانی سوپای عێراق.

له‌شكری كوردستان به‌مه‌به‌ستی داكۆكیكردن و به‌رگریكردن له‌خۆ، چه‌ندین به‌ره‌ی جه‌نگی كرده‌وه‌ و به‌رپه‌رچی په‌لاماره‌كان ‌درایه‌وه‌، له‌و ماوه‌یه‌دا له‌ لایه‌ن سه‌رۆك مستەفا بارزانییه‌وه چه‌ند بروسكه‌یه‌ك‌‌ بۆ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی نێردران و داوا له‌ ئیبراهیم ئه‌حمه‌دی سكرتێری حزب و مه‌كته‌بی سیاسی كرا له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ چه‌ند هێرشێك له‌ ناوچه‌كانی خۆیان بۆ سه‌ر سوپا ئه‌نجام بده‌ن، به‌ڵام مه‌كته‌بی سیاسی و به‌تایبه‌تی ئیبراهیم ئەحمەد، وه‌ڵامی داواكارییه‌كانیان نه‌دایه‌وه‌، ته‌نانه‌ت ڕێگریشیان له‌و فه‌رمانده‌یانه‌ كرد كه‌ بێ پرسی ئه‌وان هێرشیان ده‌كرده‌ سه‌ر هێزه‌كانی حكومه‌ت، ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ وایانكرد ساردییه‌ك له‌ نێوان سه‌رۆك مستەفا بارزانی و ئیبراهیم ئەحمەد دروست ببێت.

له‌ ١٨ی تشرینی دووه‌می ١٩٦٣ حكومه‌ته‌كه‌ی به‌عس له‌لایه‌ن سوپاوه‌ كوده‌تای به‌سه‌ردا كرا و ڕووخا، دوای كوده‌تا، عه‌بدولسه‌لام عارف ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ ده‌ست و ڕاسته‌وخۆ داوای دانوستانی له‌ سه‌ركردایه‌تی شۆڕش كرد، له‌ مانگی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٦٣ دوای ڕاوێژی سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بی سیاسی دانوستانه‌كان ده‌ستیانپێكرد و عه‌قید عه‌بدولڕه‌زاق مه‌حمود پارێزگاری سلێمانی وه‌ك نوێنه‌ری حكومه‌ت هاته‌ شاری ڕانیه ‌و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مستەفا بارزانی، جەلال تاڵەبانی و نوری شاوێس ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی كۆبووه‌وه‌ و گفتوگۆ‌كان ڕێككه‌وتننامه‌ی نێوان هه‌ردوو لای لێكه‌وته‌وه‌ و به‌یاننامه‌ی ڕێككه‌وتن له‌ ١٠ی شوباتی ١٩٦٤ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ڕاگه‌یه‌نرا كه‌ تێیدا هاتبوو "ده‌وڵه‌ت دان به‌ مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورددا ده‌نێت".

له‌ ١٧ی شوباتی ١٩٦٤ ئیبراهیم ئەحمەد، سەید عەزیز شەمزینی و عومەر مستەفا دەبابە  هاتنه‌ سه‌نگه‌سه‌ر و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی كۆبوونه‌وه‌، ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ڕازیبوونی هه‌موو لایه‌ك بوو له‌سه‌ر ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی ١٠ی شوبات. دوای هه‌فته‌یه‌ك مانه‌وه‌ له‌ سه‌نگه‌سه‌ر، ئیبراهیم ئەحمەد و هه‌ڤاڵانی گه‌ڕانه‌وه‌ ماوه‌ت، له‌وێ جارێكیتر ده‌ستیان به‌ دژایه‌تییه‌كانیان كرده‌وه‌، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری فه‌رمانده‌ و پێشمه‌رگه‌ ماوه‌ت جێبهێڵن و بچنه‌ لای سه‌رۆك بارزانی له‌ سه‌نگه‌سه‌ر و پلانه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی بۆ سه‌رۆك بارزانی ئاشكرا بكه‌ن. دوای هاتنی فه‌رمانده‌كانی پێشمه‌رگه،‌ سه‌رۆك مستەفا بارزانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ كردن و دوای ڕاوێژكردن، بڕیاریدا ته‌واوی ئه‌و فه‌رماندانه‌ لابدات كه‌ دوای مه‌كته‌بی سیاسی كه‌وتوون و له‌ جیاتی ئه‌وان چه‌ند فه‌رمانده‌یه‌كی تر دابنێت كه‌ جێگای متمانه‌ بن. فه‌رمانده‌ لابراوه‌كان بریتیبوون له‌ جەلال تاڵەبانی، عومەر مستەفا دەبابە، عەلی عەسکەری و كه‌مال موفتی، له‌ به‌رامبه‌ردا ئیبراهیم ئەحمەد و مه‌كته‌بی سیاسی له‌ ٩ی نیسانی ١٩٦٤ كۆنفرانسی ماوه‌تیان ئه‌نجامدا و بڕیاری سڕكردنی مستەفا بارزانیان له‌ سه‌رۆكایه‌تی حزب ده‌ركرد.  

به‌هۆی بڕیاری سڕكردنی سه‌رۆك مستەفا بارزانی، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌ش بوون، لێژنه‌ی باڵای چاودێری و پشكنینیش بۆ پاراستنی یه‌كڕیزی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشنیاری سازدانی كۆنگره‌ی شه‌شه‌میان كرد. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ سه‌ردانی ماوه‌ت- باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌نگه‌سه‌ر- باره‌گای سه‌رۆكیان كرد، له‌ ئه‌نجامدا سه‌رۆك مستەفا بارزانی ڕه‌زامه‌ندی سازدانی كۆنگره‌یدا، به‌ڵام مه‌كته‌بی سیاسی له‌گه‌ڵ سازدانی كۆنگره‌دا نه‌بوو.


به‌ستنی كۆنگره‌

كۆنگره‌‌ له‌ ١ تا ٧ی ته‌موزی ١٩٦٤، له‌ شارۆچكه‌ی قه‌ڵادزێ بە ئامادەبوونی ٦٣٩ نوێنەر بەسترا، هه‌ر له ‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی كۆنگره‌وه‌ له‌ ١ی ته‌مووز به‌ بڕیاری سه‌رۆك مستەفا بارزانی، شاندێكی دوازده‌ كه‌سی لە نوێنه‌رانی كۆنگره، كه‌ پێكهاتبوون له‌  ئیسماعیل مەلا عەزیز، عەلی هەژار، مەجید ئەتروشی، ئەحمەد ئەتروشی، فاتیح محەمەد ئەمین، جەلال  مەحمود بەگ شوانی، ...هتد،‌ سه‌ردانی ماوه‌تیان كرد بۆ ئەوەی گرووپی کۆبوونەوەی ماوەت ئاماده‌ی كۆنگره‌‌ بن و كێشه‌كانیان له‌ كۆنگره‌دا بخه‌نه‌ڕوو، به‌ڵام ئه‌وان ئاماده‌ نه‌بوون به‌شداری له‌ كۆنگره‌دا بكه‌ن. هه‌رچه‌ند كۆنگره‌ چه‌ند ڕۆژێك دواكه‌وت، به‌ڵام ده‌ستی به ‌كاره‌كانی خۆی كرد‌ و چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد كه‌ گرنگترینیان دامەزراندنی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش، ڕه‌تكردنه‌وه‌ی بڕیاره‌كانی كۆنفرانسی ماوه‌ت و ده‌ركردنی چوارده‌ ئه‌ندام له‌ كۆی‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی له‌ ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان، كه‌ بریتیبوون له‌ ئیبراهیم ئەحمەد، نوری شاوێس، عومه‌ر مسته‌فا ده‌بابه‌، سەید عەزیز شەمزینی، جەلال تاڵەبانی، عەلی حەمدی، عه‌بدولڕه‌حمان زه‌بیحی، عەلی عەسکەری، ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵا، حیلمی عه‌لی شه‌ریف، محه‌مه‌د حاجی تاهیر، مه‌لا عه‌بدوڵا ئیسماعیل (مەلا ماتۆڕنوری ئەحمەد تەها و عەلی عەبدوڵا.

سەرۆک مستەفا بارزانی بە کۆی دەنگ بە سەرۆکی پارتی هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌ و كۆمیته‌ی ناوه‌ندی نوێی حزبیش هه‌ڵبژێردران، له‌وانه‌ چوارده‌ كه‌س له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ هه‌ڵبژێردران، سێ كه‌سیش له‌ لایه‌ن سه‌رۆكه‌وه‌ پاڵێوران بۆ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی، كه‌ بریتیبوون له‌ مستەفا قەرەداغی، محه‌مه‌د ئه‌مین محه‌مه‌د عه‌لی و عومەر شەریف. ‌نوێنه‌رانی كۆنگره‌ سه‌رۆكیان سه‌رپشك كردبوو، له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌و ئه‌ندامانه‌.

كۆمیته‌ی ناوه‌ندی نوێ پێكهاتبوو له‌:

  1.  مستەفا بارزانی، سه‌رۆك
  2. حه‌بیب محه‌مه‌د كه‌ریم، سكرتێر
  3.  دکتۆر مەحمود عوسمان
  4. ساڵح یوسفی
  5. عەزیز ئاکرەیی
  6. دكتۆر فوئاد جەلال
  7. یەدوڵا فەیلی
  8. عەلی شنگالی
  9. نەعمان عیسا شەریف
  10. ئیسماعیل عارف
  11. هاشم ئاکرەیی
  12.  ئیسماعیل مەلا عەزیز
  13. شێخ محەمەد هەرسین
  14. مستەفا قەرەداغی
  15. محه‌مه‌د ئه‌مین محه‌مه‌د عه‌لی
  16. عومەر شەریف
  17. ڕەمەزان ئاکرەیی
  18. فاتیح محەمەد ئەمین.

دواتر كۆمیته‌ی ناوه‌ندی به‌ سه‌رۆكایه‌تی مستەفا بارزانی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سكرتێریان هه‌ڵبژارد، كه‌ پێكهاتبوون له‌ حەبیب محەمەد کەریم، سكرتێر، دکتۆر مەحمود عوسمان، مستەفا قەرەداغی، ئیسماعیل عارف و هاشم ئاکرەیی. لێژنه‌ی باڵای چاودێری و پشكنین له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ هه‌ڵبژێردران كه‌ بریتیبوون له‌ شه‌وكه‌ت حاجی عه‌لی، فارس كۆره‌ماركی، محەمەد مەلا قادر، سه‌بری بۆتانی، مه‌لا ساڵح حاجی و مه‌لا حه‌یده‌ر محه‌مه‌د حسێن.

هەروەها کۆنگرە سەرکردایەتییەکی نوێی هەڵبژارد و پرۆگرام و پەیڕه‌و‌ی ناوخۆی پەسند کرد.


سه‌رچاوه‌كان:

  1.  مسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد، ١٩٥٨-١٩٦١، به‌رگی دووه‌م، (٢٠١٢).
  2.  صلاح الخرسان، التیارات السیاسیة في كردستان العراق، قراءة في ملفات الحركات و الأحزاب الكردیة في العراق ١٩٤٦-٢٠٠١، (بیروت – مطبعة البلاغ – ٢٠٠١م).
  3.  حبیب محمد كریم، تأریخ الحزب الدیمقراطي الكوردستاني ـ العراق (في محطات رئیسیة) ١٩٤٦ ـ ١٩٩٣، (دهوك ـ مطبعة خه‌بات ـ ١٩٩٨م).
  4.  نزار خه‌یلانی، ئه‌سعه‌د خه‌یلانی ده‌فته‌ری بیره‌وه‌ریه‌كانی هه‌ڵده‌داتەوه‌، (هه‌ولێر ـ ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌درخان ـ چاپخانه‌ی هێڤی ـ ٢٠١٤ز).
  5.  عبدالستار تاهر شه‌ریف، ململانی له‌گه‌ڵ ژیاندا یادداشت ١٩٧١ ـ ١٩٣٥، به‌رگی یه‌كه‌م، (كه‌ركووك ـ چاپخانه‌ی ئارابخا ـ ٢٠٠٥ز).
  6.  حوسێن محه‌مه‌د عه‌زیز، پێنج كاتژمێر له‌گه‌ڵ (برایم ئه‌حمه‌د)دا، (سوله‌یمانی ـ چاپخانه‌ی سیما ـ چاپی سێیه‌م ـ ٢٠٠٢ز).
  7.  شكیب عقراوي، سنوات المحنة في كوردستان اهم الحوادث السیاسیة و العسكریة في كوردستان و العراق من ١٩٥٨ الی ١٩٨٠، الطبعة الثانیة، (اربیل ـ مطبعة منارة ـ ٢٠٠٧م).
  8.  علي سنجاري، القضیة الكوردیة  وحزب البعث العربي الاشتراكي في العراق، الجزء الثالث، (دهوك ـ مطبعة خاني ـ ٢٠١٢م).
  9.  مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆنگره‌ و كۆنفرانس (پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆ)، به‌رگی یه‌كه‌م و دووه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات- ٢٠٢١).

بابەتی پەیوەندیدار

شۆڕشی دووەمی بارزان

دوای ئه‌وه‌ی ‌بارزانییه‌كان له‌ ساڵی ١٩٣٩ لە باشووری عێراقەوە ده‌گوازرێنه‌وه‌ سلێمانی، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی‌ بارودۆخی ژیانیان باشتر بێت، به‌ڵام بەهۆی هەڵوێستی شێخ مسته‌فا قه‌ره‌داغی، موته‌سه‌ریفی ئه‌وكاتی سلێمانی بارودۆخی گوزەرانیان خراپتر بوو، چونکە ناوبراو ڕێگای به‌ خه‌ڵكی شاری سلێمانی نەدەدا یارمه‌تییان بده‌ن.

زانیاری زیاتر

کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان

ڕۆژی ٣ی تشرینی دووه‌می ٢٠٢٢ کۆنگرەی چواردەیەم له‌ شاری دهۆك و به‌ ئاماده‌بوونی ١٠٢٢ نوێنه‌ر  له‌ كۆی ١٠٦٥ نوێنه‌ر كه‌ مافی به‌شداریكردنی كۆنگره‌یان هه‌بوو له‌ سه‌رجه‌م ڕێكخستنه‌كانی پارتی له‌ ژێر (دروشمی ئازادی، دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری) ده‌ستی به‌ كاره‌كانی خۆی كرد.

زانیاری زیاتر

پارتی دیموکراتی کوردستان

پارتی دیموکراتی کوردستان (پ.د.ك)، به‌ ڕێنووسی لاتینی (Partiya demokrata kurdestanê)، به‌ زمانی ئینگلیزی (kurdistan democratic party) و به‌ زمانی عه‌ره‌بی (الحزب الدیموقراطي الكوردستاني)، پارتێکی نیشتمانی دیموکراتیی جەماوەرییە، له‌ ڕێكه‌وتی ١٦ی ئابی ١٩٤٦ به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی له‌ شاری به‌غدا به‌ شێوه‌یه‌كی نهێنی دامه‌زرا....

زانیاری زیاتر

شۆڕشی گوڵان

شۆڕشی گوڵان- (شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتنخواز – ٢٦ی گوڵانی ١٩٧٦). ‌ له‌ لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ به‌ سه‌رپه‌ر‌شتی سەرۆک مەسعود بارزانی دژی حكوومه‌تی به‌عسی عێراق له‌ باشووری كوردستان هه‌ڵگیرسا و تا ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی ١٩٩١ به‌رده‌وام بوو.

زانیاری زیاتر

کۆنگرەی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان

كۆنگره‌ی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان - ١١ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٠ )دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عسی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ عێراق ساڵی ٢٠٠٣ و گۆڕانكاری گه‌وره‌ی سیاسی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، له‌ كه‌شێكی ئاسایی له‌ شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدرا.

زانیاری زیاتر