سەلیم دەرباس حەمەد بە سەعدۆ کورکی ناسرابوو. لە ساڵی 1937 لە گوندی کورکە لە ناوچەی گوڵی سەر بە قەزای زاخۆ سەر بە پارێزگای دهۆک لەدایک بووە. ساڵی 1975 دوای شکستی شۆڕشی ئەیلول، ژن و منداڵەکانی بەجێدەهێڵێت و سنووری نێوان باشوور و باکووری کوردستانی بەزاندووە و دەچێتە گوندی ئێنبێی سەر بە ورمێ و لەوێشەوە بۆ ڕەجان و زێوە، لەوێشەوە بۆ بەندەر عەباس و بەندەر لینگە دەگوازرێتەوە. هەروەها منداڵ و خێزانەکەی لەلایەن سوپاوە دیپۆرتکرانەوە بۆ شاری ناسریە لە باشووری عێراق. ساڵی 1991 دوای ڕاپەڕین و یاخیبوون لە باشووری کوردستان گەڕایەوە کوردستان و لە شاری زاخۆ نیشتەجێ دەبێت. لە ساڵی ١٩٩٧ تووشی نەخۆشی سفلیس بوو و بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی تورکیا و سوریا و نەمسا و ئەڵمانیا کرا. لە ٢٥ی ئایاری ٢٠١٢ لە شاری زاخۆ کۆچی دوایی کرد.
ساڵی 1958 لە سنووری باتیفا پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کرد و بووە بە سەرۆکی شانە. لە ساڵی ١٩٦١ پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلولەوە کردووە و بووەتە پێشمەرگە لە هێزی دهۆک. ساڵی 1962 بوو بە سەرکردەی ئیداری هەمان هێز. لە نێوان ساڵانی ١٩٦١-١٩٦٣ بەشداری چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازی کردووە. ساڵی 1970 بووەتە فەرماندە و پاسەوانی سنوور لە دهۆک. ساڵی 1974 دوای ئەوەی ڕژێمی عێراق شەڕی دژی هێزی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول دەستپێکرد، گەڕایەوە ناو هێزی دهۆک و بەشداری شەڕەکانی قەزای دهۆکی کرد.
ساڵی 1976 چووەتە شاری کەرەج، ساڵی 1977 گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان و لەوێشەوە دەچێتە باکوری کوردستان و قەزاکانی چەلێ و ئولودەرێ و هەدریش. ئەو ناوچەیە بووەتە ناوەندی پێشمەرگەی گەڕۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بە مەفرەزە گەڕۆکەکان بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنەکانی و زیانی زۆر بە دوژمن دەگەیەنێت.
ساڵی ١٩٧٩ وەک ئەندامی کۆنگرە بەشداری لە کۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە. لەو کۆنگرەیەدا سەرۆک کۆمار بوو مەسعوود بارزانی وەک پاداشتێک کڵاشینکۆفێکی پێدا. دوای کۆنگرەکە گەڕایەوە بۆ لیژنەکە، کە بارەگای فیرقەی یەکەمی لێ بوو. ساڵی 1980 بووەتە بەرپرسی پاسەوانانی لیژنەی ناحیەی زاخۆ. ساڵی 1981 پۆستی جێگری لێپرسراوی ڕێکخراوی زاخۆی گرتە ئەستۆ. ساڵی 1983 بووەتە بەرپرسی ڕێکخراوی شنگال لە زاخۆ. ساڵی 1987 بووەتە ئەندامی لیژنەکە و بەرپرسی بەشی سەربازی کۆمیتەی قەزای زاخۆ.
لە ساڵی 1988 دوای تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال بەرفراوان و کیمیابارانی ناحیەی بێهدینان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، سەعدۆ کورکی دەچێتە باکوری کوردستان و لەوێشەوە گواسترایەوە بۆ کەمپی ئاوارەکانی دیاربەکر، لەوێش بۆ لیژنەی ئاوارەکان دەستنیشانکرا.
ساڵی 1991 دوای گەڕانەوەی بۆ شاری زاخۆ، بەرپرسیارێتی ئەنجوومەنی قەزای دێرکار لە زاخۆی پێدرا. ساڵی 1992 پلەی جێگری سێی فەرماندەی دهۆکی پێدرا. ساڵی 1994 پلەی فەرماندەی فەوجی شەشەم لە سوپای یەکەمی زاخۆ پێدراوە. لە ساڵی ١٩٩٥ ئەرکی فەرماندەی هێزی ١٧ی سوپای یەکەمی زاخۆی پێدرا.
سەعدۆ کورکی لە ژیانی پێشمەرگەدا بەشداری چەندین شەڕی کردووە. هەندێکیان شەڕی بنکەی کاسانە لە ساڵی ١٩٦٢ لە گوندی بەدریکی سەر بە قەزای جەمبور لە موسڵ. شەڕی بانی دێریک لە ناحیەی دۆسکی، شەڕی دهۆک، شەڕی دۆڵی زاویتە، شەڕی چیای مەتینان لە ساڵی ١٩٦٣، شەڕی چیای بێرز و بێتاس. لە ساڵی ١٩٨٢ شەڕی ناحیەی زێمبیلفیرۆس لە ناحیەی باتیفا. لە ساڵی ١٩٨٤ شەڕی قەزای زاخۆ. لە ساڵی ١٩٨٧ شەڕی کانی ماس. ساڵی 1994 شەڕی شەقڵاوە. ساڵی 1995 لە شەڕی گوندی بابیر بریندار دەبێت.
لە ١٦ی ئابی ١٩٩٦، لە ٥٠ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لایەن سەرۆک کۆمارەوە مەسعوود بارزانی مەدالیای بارزانی وەرگرتووە.
سەرچاوە:
1. ئەرشیفی کۆمیتەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.



