سلێمان ئیسماعیل سیهانگیر لە ساڵی 1927 لە گوندی بۆتیەی سەر بە پارێزگای دهۆک لە دایکبووە. ساڵی 1959 پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە، لە ساڵی 1961 بووە بە کادیر لە لیژنەی قەزای دهۆک بە پلەی یەکەم (1). ساڵی 1967 پلەی سێرقۆڵی پێشمەرگەی لیژنەی قەزای دهۆکی وەرگرتووە. ساڵی 1975 دوای شکستی شۆڕشی ئەیلول گەڕایەوە گوندەکەی خۆی و لەلایەن ڕژێمی عێراقەوە دوورخراوەتەوە بۆ شاری دیوانییە لە باشووری عێراق. ساڵی 1977 گەڕایەوە ڕیزەکانی شۆڕش و بۆ ماوەی ساڵێک لە لیژنەی قەزای دهۆک خزمەتی کرد و دواتر بوو بە لێپرسراوی کۆمیتەی قەزای ئامێدی.
لە ساڵی 1983 ماجید سلێمانی کوڕی کە بەرپرسی ڕێکخراوی نهێنی جودی بوو، شەهید بوو. لە مانگی ئەیلولی ساڵی ١٩٨٧ کوڕێکی دیکە بە ناوی محەممەد ساڵح سلێمان کە بەرپرسی ئەنجومەنی قەزای ئامەد بوو، لە شەڕی کانی ماس لە پارێزگای دهۆک شەهید بوو. لە ساڵی ١٩٨٨ لە کاتی ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانەکەی ئەنفال و کیمیابارانی قەزای بێهدینان، کوڕی سێیەم بە ناوی فەخری سلێمان کە ئەندامی پێشمەرگەی ئەنجومەنی قەزای دهۆک بوو، لەلایەن ڕژێمی عێراق لەگەڵ کۆمەڵێک کەسی دیکە دەستگیرکرا و دواتر شەهیدکرا. هەر لەو ساڵەدا سلێمان ئیسماعیل لەگەڵ خێزانەکەی دیپۆرتکرانەوە بۆ کۆمەڵگەی سێژنیکان لە نزیک بێهیرک لە پارێزگای هەولێر. ساڵی 1990 گەڕایەوە پارێزگای دهۆک. ڕۆڵی دیار و بەرچاوی هەبوو لە ڕاپەڕین و یاخیبوونی خەڵکی باشووری کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ بەتایبەت لە ڕاپەڕینی گوندی ماڵتا لە پارێزگای دهۆک. بۆ ئەمەش دیسان پلەی کادری ئەنجومەنی قەزای دهۆک لە بەشی یەک (١) پێبەخشرا. لە کۆنگرەی سێزدەهەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٠ لەلایەن سەرۆک مەسعوود بارزانیەوە مەدالیای بارزانی پێبەخشرا.
سەرچاوە:
1. ئەرشیفی کۆمیتەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان



