کۆنگرەی یەکەمی پارتی دیموکراتی کوردستان

كۆنگره‌ی یه‌كه‌م یاخود (دامه‌زراندن)ی پارتی دیموكراتی كوردستان - (پارتی دیموكراتی كوردی عێراق - ١٦ی ئابی ١٩٤٦)، له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی ژه‌نه‌راڵ مسته‌فا بارزانی له‌ بەغدا بە ئاماده‌بوونی ٧٠ نوێنەر له‌ كه‌سایه‌تییه‌كانی‌ كوردی باشووری كوردستان، به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی به‌سترا و تێیدا دامه‌زراندنی پارتێكی سیاسی نوێ له‌ باشووری كوردستان ڕاگه‌یه‌نرا.


پێشینه‌ی مێژوویی

له‌ ١٦ی ئه‌یلوولی ١٩٤٣ كۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی كورد (ژ ك) له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان دامه‌زرا، دواتر له‌ ١٦ی ئابی ١٩٤٥ ناوی بۆ حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران گۆڕدرا، ئه‌م حزبه‌ توانی به‌ پشتیوانی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت له‌ ٢٢ی كانوونی دووه‌می ١٩٤٦ كۆماری كوردستان (مەهاباد) له‌ به‌شێكی خاكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی قازی محه‌مه‌د دابمه‌زرێنێت، هاوكات له‌ باشووری كوردستان له‌ ١٥ی كانوونی دووه‌می ١٩٤٥ لێژنه‌ی ئازادی به‌ سه‌رۆكایه‌تی ژه‌نه‌راڵ مستەفا بارزانی دامه‌زرا.

دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان ساڵی ١٩٤٥، ژه‌نه‌راڵ مستەفا بارزانی فه‌رمانده‌ی گشتی شۆڕش، به‌ ڕاوێژ له‌گه‌ڵ لێژنه‌ی ئازادی و فه‌رمانده‌ی به‌ره‌كانی جەنگ، دوای په‌یوه‌ندیكردن به‌ سه‌ركرده‌كانی كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و به‌رپرسانی سۆڤیه‌ت، به‌ ته‌واوی هێزه‌كانیه‌وه‌ بڕیاری كشانه‌وه‌ به‌ره‌و كوردستانی ئێرانیدا و پاش چه‌ندین شه‌ڕ و پێكدادان سه‌ره‌نجام له‌ ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ له‌ ڕێگه‌ی كێله‌شین-مه‌رگه‌وه‌ڕه‌وه‌ چوونه‌ نێو خاكی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، دوای ڕاگه‌یاندنی كۆماری كوردستان له‌ مەهاباد، سه‌ره‌ڕای سه‌ختی بارودۆخیان، هێزه‌كه‌ی ژه‌نه‌ر‌اڵ مستەفا بارزانی به‌ ته‌واوی توانایه‌وه‌‌ چووه‌ پاڵ كۆمار.


بڕیاری دامه‌زراندن

بارودۆخی كوردستانی ئێران به‌ گۆڕانكارییه‌ له‌باره‌كانییه‌وه‌ بیری لێژنه‌ی ئازادی له‌باره‌ی چاره‌نووسی بزووتنه‌وه‌ی كوردی له‌ باشووری كوردستان خاونه‌كرده‌وه‌، به‌تایبه‌ت تاقیكردنه‌وه‌كه‌ی دامه‌زراندنی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و ئه‌و ئه‌زموونانه‌ی له‌ شۆڕشی دووه‌می بارزان به‌ده‌ست هاتبوون ده‌ریانخست ئه‌م قۆناغە دامه‌زراندنی حزبێك له‌ كوردستانی عێراق هاوشێوه‌ی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانی پێویسته‌، بۆیه‌ پاش لێكۆڵینه‌وه‌ و لێكدانه‌وەی قووڵی بارودۆخی ناوچه‌كه‌، مستەفا بارزانی له‌گه‌ڵ هاوڕێ، ئه‌فسه‌ر و ئه‌ندامانی لێژنه‌ی ئازادی بڕیاری دامه‌زاندنی حزبێكیان له‌ كوردستانی عێراق دا، به‌شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئاوات و ئامانجه‌كانی گه‌لی كوردستاندا بگونجێت. 

بناغه‌ی دروستكردنی پارتی دیموكراتی كورد له‌ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی مستەفا بارزانی له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ پارێزه‌ر هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا، نه‌قیب میرحاج ئەحمەد تاهیر، عه‌قید ڕوكن عزەت عەبدولعەزیز، نه‌قیب مستەفا خۆشناو، نه‌قیب خەیروڵا عەبدولکەریم، نه‌قیب محەمەد مەحمود قودسی و مولازم نوری ئەحمەد تەها دانرا، هه‌ر ئه‌مانه‌ش دواتر ناوی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ریان لێنرا، هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا هه‌وڵ درا یه‌كه‌م پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆی حزب جێگیر بكرێت.

به‌هۆی ئه‌و قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌ی كۆماری كوردستانی پێدا تێپه‌ڕده‌بوو، بۆ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن وڵاتانی ناوچه‌كه‌وه‌ مه‌ترسی نه‌كه‌وێته‌ سه‌ری، مسته‌فا بارزانی و هاوڕێكانی‌ بڕیاریاندا دامه‌زراندنی حزب و چالاكییه‌كانی ڕاسته‌وخۆ بگوازرێنه‌وه‌ باشووری كوردستان، هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بڕیاردرا هەمزە عەبدوڵا به‌ ته‌واوی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ و به‌ چه‌ند ڕاسپارده‌یه‌ك به‌مه‌به‌ستی كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی حزبی شۆڕش، ڕزگاری و لقی دیموكرات له‌ سلێمانی بنێردرێته‌وه‌ باشووری كوردستان.

ڕاسپارده‌كان بریتیبوون له‌:

  1. جارێ هیچ ده‌ستكارییه‌ك له‌ پرۆگرام و په‌یڕەوی ناوخۆیی حزبدا نەکرێت.
  2.  شێخ لەتیفی حەفید كوڕی شێخ مه‌حمودی حه‌فید بكرێت به‌ جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆك.
  3. محه‌مه‌د کاکە زیادی کۆیە بكرێت به‌ جێگری دووه‌م.
  4. بۆئه‌وه‌ی بیانو نه‌د‌رێته‌ ده‌ست ئیمپریالیزم، زۆر نه‌كرێته‌ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی به‌ریتانیا تا پارتی خۆی داده‌كوتێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ئیمپریالیزمی به‌ریتانی پیر بووه‌ و باشتر وایه‌ شوێنه‌ بۆشه‌كه‌ی به‌ ده‌سه‌ڵاتێكی نیشتیمانی پڕبكرێته‌وه‌، نه‌ك بكه‌وێته‌ ده‌ست ئیمپریالیزمێكی نوێی وه‌ك ئه‌مریكا.

له‌ كۆتاییه‌كانی به‌هاری ساڵی ١٩٤٦ هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا گه‌ڕایه‌وه‌ باشووری كوردستان و په‌یوه‌ندی به‌ حزب و كه‌سایه‌تییه‌ ناسراوه‌كانه‌وه‌ كرد، سه‌ركردایه‌تی هه‌ردوو حزبی شۆڕش و ڕزگاری بڕیاریاندا حزبه‌كانی خۆیان هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌ و بچنه‌ ڕیزی پارتییه‌وه‌، به‌ مه‌رجێك هه‌ردوو حزب كۆنگره‌ی تایبه‌تی خۆیان ئه‌نجام بده‌ن و له‌ كۆنگره‌دا چۆنیه‌تی گۆڕانكارییه‌كان به‌ ئه‌ندامه‌كانیان ڕابگه‌ینن.

كۆنگره‌ی ئه‌م دوو حزبه‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئابی ١٩٤٦ ئه‌نجام درا و زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئه‌ندامه‌كانیان چوونه‌ ڕیزی پارتی دیموكراتی كوردیان په‌سند كرد، به‌شێكی كه‌میش له‌ سه‌ركرده‌ و ئه‌ندامانی حزبی شۆڕش چوونه‌ نێو حزبی شیوعی عێراقییه‌وه.

پێشتریش هه‌ر له‌سه‌ر بابه‌تی چوونه‌ نێو حزبی نوێ،‌ حزبی ڕزگاری كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ لقی باشووری كوردستانی كۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی كورد ئه‌نجام دابوو، له‌ ئه‌نجامی ئه‌م گفتوگۆیانه‌دا به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ چوونه‌ ڕیزی حزبی ڕزگارییه‌وه‌ و ئیبراهیم ئەحمەد به‌ مه‌به‌ستی وەڵامدانه‌وه‌ داوای مۆڵه‌تی كرد.


دامه‌زراندن

سەرەتای ئابی ١٩٤٦ حزبی شۆڕش و حزبی ڕزگاری كورد كۆنگره‌ی خۆهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خۆیان بەست و بڕیاری هاتنه‌ نێو پارتییان دا، دوای تەواوبوونی ئامادەکارییەکان، حزبی نوێ لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦ لە ماڵی سەعید فەهیم لە بەغدا، بە ئامادەبوونی ٧٠ نوێنەر بە نهێنی کۆنگرەی یەکەمی خۆی بەست، له‌و كۆنگره‌یه‌دا به‌شی هه‌ره‌ زۆری ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی حزبی شۆڕش، ته‌واوی سه‌ركردایه‌تی حزبی ڕزگاری جگه‌ له‌ ساڵح حەیدەری و نافع یونس، هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا نوێنه‌ر و باوه‌ڕپێكراوی مستەفا بارزانی، مه‌حمود ئه‌حمه‌د نوێنه‌ری شێخ لەتیفی حەفید، کاکە زیادی کۆیە و ئیبراهیم ئەحمەد نوێنه‌رانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لقی سلێمانی به‌شداربوون.

كۆنگره‌ به‌ سه‌ركه‌وتوویی كار و ئه‌ركه‌كانی ڕاپه‌ڕاند و ئه‌ندامانی كۆنگره‌ پاش هه‌ڵسه‌نگاندنی بە کەمێک دەستکارییەوە دەقی ئەو پرۆگرام و پەیڕەوه‌یان پەسەند کرد کە لەلایەن دەستەی دامەزرێنەره‌وە له‌ مەهاباد گەڵاڵە کرابوو، حزبی نوێ ناوی (پارتی دیموكراتی كورد-الحزب الدیموقراطي الكوردي-العراق)ی لێنرا. له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه مستەفا بارزانی بە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کورد هه‌ڵبژێردرا و هه‌ر له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی پێشوه‌خته‌ی مستەفا بارزانی هەر یەک لە شێخ لەتیفی حەفیدی كوڕی شێخ مه‌حمودی حەفید بە جێگری یەکەم و کاکە زیادی کۆیە بە جێگری دووەمی سەرۆکی حزب ده‌ستنیشانكران. هەروەها ڕۆژنامەی ڕزگاری کە زمانحاڵی حزبی ڕزگاری کورد بوو، به‌هۆی ئەو ڕۆڵەی لە ناو جەماوەردا هەیبوو، بووە زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کورد و تەواوی کەلوپەلی هەردوو حزبی شۆڕش و ڕزگاریش ڕادەستی سەرکردایەتی هەڵبژێردراوی نوێ کران و بڕیاردرا ناوەندی سەرکردایەتی حزب لە بەغدا بێت.

دوای هه‌ڵبژاردنی ناوی حزب، ده‌ستنیشانكردنی سه‌رۆك و جێگره‌كانی، له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی كۆنگره‌وه‌ ده‌ستكرا به‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و ئه‌و ناوانه‌ به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردران:

  1. مستەفا بارزانی، سه‌رۆك
  2. شێخ لەتیف شێخ مه‌حمودی حه‌فید، جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆك
  3. کاکە زیادی کۆیە، جێگری دووه‌م
  4. هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا، سكرتێر
  5. میرحاج ئەحمەد ئاكره‌یی، ئه‌ندام
  6. دكتۆر جەعفەر محەمەد کەریم، ئه‌ندام
  7. عەلی عەبدوڵا ئەمین، ئه‌ندام
  8. سه‌یدا ساڵح یوسفی، ئه‌ندام
  9. عەبدولکەریم تۆفیق، ئه‌ندام
  10. ڕەشید عەبدولقادر حەماوی، ئه‌ندام
  11. ڕه‌شید باجەلان، ئه‌ندام
  12.  مەلا سەید حەکیم خانەقینی، ئه‌ندام
  13. عەونی یوسف ئه‌حمه‌د، ئه‌ندام
  14. تەها محێدین مەعروف، ئه‌ندام
  15. عەبدولسەمەد بەنا، یه‌ده‌گ

دواتر له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیه‌وه‌، ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی نوێ هه‌ڵبژێردران كه‌ پێکهاتبوون له‌‌ هەمزە عەبدوڵا، دكتۆر جەعفەر محەمەد کەریم، عەلی عەبدوڵا، عەبدولکەریم تۆفیق و ڕەشید عەبدولقادر.

مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ڵبژێردراوی پارتی كه‌وته‌ دابه‌شكردنی ئه‌رك و كاره‌كانی و بڕیاریدا به‌شی هه‌ره‌ زۆری ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی له‌ به‌غدا نیشته‌جێ ببن و باره‌گاكه‌شیان هه‌ر له‌و شاره‌ بێت، په‌یوه‌ندییه‌كی تۆكمه‌ش له‌ نێوان مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌رۆك مستەفا بارزانی له‌ مەهاباد دروستكرا.


سه‌رچاوه‌كان:

  1.  مسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١-١٩٥٨، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ـ ٢٠٠٤ز).
  2.  مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆنگره‌ و كۆنفرانس (پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆ)، ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی رۆكسانا- ٢٠٢١).
  3.  حبیب محمد كریم، تأریخ الحزب الدیمقراطي الكوردستاني ـ العراق (في محطات رئیسیة) ١٩٤٦ ـ ١٩٩٣، (دهوك ـ مطبعة خه‌بات ـ ١٩٩٨م).
  4.  علی عبدالله‌، مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان - عێراق تا به‌ستنی كۆنگره‌ی سێ یه‌می، (شوێن نادیار ـ ١٩٦٨ز).
  5.  نوري شاویس، من مذكراتي، (بدون مكان ـ منشورات حزب الشعب الدیمقراطي الكردستاني ـ ١٩٨٥م).
  6.  محه‌مه‌د مه‌لا قادر، خه‌باتنامه‌، (هه‌ولێر ­_ ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس _ ٢٠٠٧).
  7.  مسعود البارزاني، البارزاني والحركة التحرریة الكردیة- ثورة البارزان ١٩٤٥-١٩٥٨، (كردستان- كانون الاول ١٩٨٧).

بابەتی پەیوەندیدار

شۆڕشی دووەمی بارزان

دوای ئه‌وه‌ی ‌بارزانییه‌كان له‌ ساڵی ١٩٣٩ لە باشووری عێراقەوە ده‌گوازرێنه‌وه‌ سلێمانی، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی‌ بارودۆخی ژیانیان باشتر بێت، به‌ڵام بەهۆی هەڵوێستی شێخ مسته‌فا قه‌ره‌داغی، موته‌سه‌ریفی ئه‌وكاتی سلێمانی بارودۆخی گوزەرانیان خراپتر بوو، چونکە ناوبراو ڕێگای به‌ خه‌ڵكی شاری سلێمانی نەدەدا یارمه‌تییان بده‌ن.

زانیاری زیاتر

کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان

ڕۆژی ٣ی تشرینی دووه‌می ٢٠٢٢ کۆنگرەی چواردەیەم له‌ شاری دهۆك و به‌ ئاماده‌بوونی ١٠٢٢ نوێنه‌ر  له‌ كۆی ١٠٦٥ نوێنه‌ر كه‌ مافی به‌شداریكردنی كۆنگره‌یان هه‌بوو له‌ سه‌رجه‌م ڕێكخستنه‌كانی پارتی له‌ ژێر (دروشمی ئازادی، دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری) ده‌ستی به‌ كاره‌كانی خۆی كرد.

زانیاری زیاتر

پارتی دیموکراتی کوردستان

پارتی دیموکراتی کوردستان (پ.د.ك)، به‌ ڕێنووسی لاتینی (Partiya demokrata kurdestanê)، به‌ زمانی ئینگلیزی (kurdistan democratic party) و به‌ زمانی عه‌ره‌بی (الحزب الدیموقراطي الكوردستاني)، پارتێکی نیشتمانی دیموکراتیی جەماوەرییە، له‌ ڕێكه‌وتی ١٦ی ئابی ١٩٤٦ به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی له‌ شاری به‌غدا به‌ شێوه‌یه‌كی نهێنی دامه‌زرا....

زانیاری زیاتر

شۆڕشی گوڵان

شۆڕشی گوڵان- (شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتنخواز – ٢٦ی گوڵانی ١٩٧٦). ‌ له‌ لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ به‌ سه‌رپه‌ر‌شتی سەرۆک مەسعود بارزانی دژی حكوومه‌تی به‌عسی عێراق له‌ باشووری كوردستان هه‌ڵگیرسا و تا ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی ١٩٩١ به‌رده‌وام بوو.

زانیاری زیاتر

کۆنگرەی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان

كۆنگره‌ی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان - ١١ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٠ )دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عسی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ عێراق ساڵی ٢٠٠٣ و گۆڕانكاری گه‌وره‌ی سیاسی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، له‌ كه‌شێكی ئاسایی له‌ شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدرا.

زانیاری زیاتر