ژیاننامه
خه‌یروڵا عه‌بدولكه‌ریم عه‌بدوڵا ساڵی ١٩١٢ لە قه‌ڵای هه‌ولێر لەدایکبووه، ساڵی ١٩٣٠ چووه‌ته خانه‌ی مامۆستایانی به‌غدا و پاش تەواوکردنی خوێندنەکەی وه‌ك مامۆستا له قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی كۆیه دامه‌زراوه، ساڵی ١٩٣٧ كۆلێژی سه‌ربازیی له به‌غدا ته‌واو كردووه.
ساڵی ١٩٤٦ له‌گه‌ڵ ساڵحە عه‌بدولمه‌ناف سه‌عید شكاك (١٩٣٢-٢٠٠١) هاوسه‌رگیری كردووه و ساڵی ١٩٤٧ تاقه كچه‌كه‌ی که ناوی حه‌ربییه بوو، له‌به‌ر سه‌رما له‌سه‌ر پردی گاده‌ر كۆچی دوایی كردووه و هه‌ر له‌وێ به خاك سپێردراوه، له‌دوای نسكۆی كۆماری دیموكراتی كوردستان ساڵی ١٩٤٧ ده‌گه‌ڕێته‌وه عێراق و له زیندانی ناوه‌ندیی به‌غدا به‌ند ده‌كرێت و هەر لەوێدا لە سێدارە دەدرێت. شاره‌زای زمانەکانی كوردی، عه‌ره‌بی، توركمانی، ئینگلیزی و فارسی بووه.
خه‌باتنامه
خه‌یروڵا عه‌بدولكه‌ریم عه‌بدوڵا سه‌لیم ساڵی ١٩٣٩ ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی داركه‌ر بووە و لە هەمان ساڵدا په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی حزبی هیوا‌ی كورده‌وه كردووه، ساڵی ١٩٤٥ بۆ درێژەدان بە خەبات په‌یوه‌ندیی به شۆڕشی دووه‌می بارزانه‌وه كردووه و ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئازادی بووە و له دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان ڕووی له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كردووه، له ١٩ی ئابی ١٩٤٥ دادگای عورفی سه‌ربازی له‌به‌ر به‌شداری له شۆڕشی دووه‌می بارزان (١٩٤٣-١٩٤٥) فه‌رمانی زه‌وتكردنی گشت داراییە گواستراوه و نه‌گواستراوه‌کانی بۆ ده‌ركردووه.
لە ساڵی ١٩٤٦ دا ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری پارتی دیموكراتی كورد بووە له شاری مه‌هاباد و هەمان ساڵ له كۆماری دیموكراتی كوردستان به فه‌رمانی سه‌ركردایه‌تی پله‌ی سەربازیی بۆ نه‌قیب (پێشه‌نگ) به‌رزكراوەته‌وه و وه‌كو فه‌رمانده له سوپای كۆمار له به‌ره‌ی گه‌لی قاسملۆ خزمه‌تی كردووه.
ساڵی ١٩٤٦ له دوای نسكۆی كۆماری دیموكراتی كوردستان له‌ژێر فه‌رمانده‌یی جه‌نه‌راڵ مستەفا بارزانی (١٩٠٣-١٩٧٩)دا به‌ره‌نگاری سوپای ئێران بووه‌ته‌وه، له ١٠ی نیسانی ساڵی ١٩٤٧ یه‌كێك بووە له‌و ئه‌فسه‌رانه كه له‌به‌ر سه‌ختی و نه‌خۆشی گرانه‌تا له سه‌ر پردی گادر خۆی ڕاده‌ستی پۆلیسی عێراق كردووه‌ته‌وه و سه‌ره‌تا براوەتە شاری هه‌ولێر و دواتر بۆ به‌ندیخانه‌ی ناوه‌ندیی له شاری به‌غدا گواسترا‌وەتەوە و له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ندكراون، پێشتر و له ساڵی ١٩٤٥ له دادگای سه‌ربازی بڕیاری له‌سێداره‌دانی بۆ دەرکرابوو، بۆیە پاش خۆڕادەستکردنی، چەندین كه‌سایه‌تی و خەڵکی ناودار دەچنە به‌غدا و داوای جێبەجێنەکردنی سزای لەسێدارەدانی بۆ دەکەن، سەرەتا بڕیار وابوو له سێداره نه‌درێت، به‌ڵام له ساڵی ١٩٤٧ بۆ جاری دووه‌م له دادگاییكردنێكی ساخته‌دا سزای پێشتری به‌سه‌ردا سه‌پێنرایه‌وه و له به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی پێنجشه‌مه‌ی ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له حه‌وشه‌ی به‌ندیخانه‌ی ناوه‌ندیی به‌غدا له پێش چاوی به‌ندكراوه كورده‌كان له سێداره درا و ته‌رمه‌كه‌ی ڕەوانەى شاری هه‌ولێر كرایەوه. به هه‌زاران كورد له‌به‌رده‌م ده‌رگای به‌ندیخانه‌دا بەشداربوون له به‌ڕێكردنی ته‌رمه‌كه‌ی له به‌ندیخانه‌ی ناوه‌ندیی به‌غداوە بۆ شاری هه‌ولێر و له گۆڕستانی بێش به‌رماغ له گه‌ڕه‌كی ته‌یراوه‌ی شاری هه‌ولێر به ئاماده‌بوونی پارێزه‌ر عه‌ونی یوسف ئه‌حمه‌د (١٩٠٨-١٩٨٨) ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كورد به خاك سپێردا، به‌ر له هه‌ڵواسین، خۆی و سێ له هه‌ڤاڵه‌كانی وه‌سیه‌تنامه‌یه‌كیان بۆ گه‌ل نووسی كه تێیدا هه‌ڵوێستی خۆیان بۆ ئازادی نیشتمان دووپاتكرده‌وه.
لە سێدارەدانی شەهید خەیروڵا و هەڤاڵانی کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا و حزبی شیوعیی عێراقی به‌ده‌ركردنی به‌یاننامه‌یه‌ك ناڕه‌زایه‌تی خۆی بۆ له‌سێداردانیان دەربڕی، حزبی گه‌ل (حزب الشعب) له ئۆرگانی خۆی دژی له سێداره‌دانیان ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕی، شاعیری گەورەی کورد پیرەمێرد هۆنراوه‌ی کۆستی نوێ بۆ نووسیون و فایق بێكه‌سیش بەم بۆنەیەوە هۆنراوه‌یەكی به ناونیشانی قەومی کورد هۆنییەوه كه دواتر بووە سروود و له شاری سلێمانی خوێندرایه‌وه، هەروەها زۆربه‌ی ئه‌فسه‌رانی كوردی ریزەکانی سوپای عێراق به شه‌هیدكردنی دڵته‌نگ ده‌بن.
لە ساڵی ١٩٥٩ دا و له یه‌كه‌مین سه‌ردانیدا بۆ شاری هه‌ولێر، سەرۆک مستەفا بارزانی تاجه‌گوڵینه‌ی له‌سه‌ر گڵكۆی شه‌هید خەیروڵا دانا و له ٢٠ی حوزه‌یرانی ١٩٩٨دا به ئاماده‌بوونی پارێزه‌ر موحسین دزه‌یی نوێنه‌ری سه‌رۆك مەسعود بارزانی، له شاری هه‌ولێر په‌رده له‌سه‌ر په‌یكه‌ری ناوبراو لادرا.
سه‌رچاوه‌كان:
- عثمان علي، دراسات في الحركة الكوردیة المعاصرة ١٨٣٣ ـ ١٩٤٦ دراسة تاریخیة وثائقیة، (أربیل ـ مكتب التفسیر ـ مطبعة الثقافة ـ ٢٠٠٣م).
- مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان، كۆنگره و كۆنفرانس (پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆ)، ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی رۆكسانا- ٢٠٢١).
- ولید حمدي، الكرد وكردستان في الوثائق البریطانیة دراسة تاریخیة وثائقیة، (لندن ـ مطابع سجل العرب ـ ١٩٩٢م).
- عه‌زیز شه‌مزینی، جولانه‌وه‌ی رزگاری نیشتمانی كوردستان، وه‌رگێرانی فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، (بێ شوێن ـ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ـ ده‌زگای راگه‌یاندن ـ چاپخانه‌ی شه‌هید ئیبراهیم عه‌زۆ ـ ١٩٨٤ز).
- عه‌قیله رواندزی، سالیحه خان خێزانی شه‌هید خێروڵڵا عه‌بدولكه‌ریم، گۆڤاری شاووشكا، سه‌نته‌ری شاووشكا بۆ چالاكی ڕۆشنبیری، ژماره ٢، هه‌ولێر، سه‌رماوه‌زی ساڵی ٢٠٠٢ز.
- مه‌هدی محه‌مه‌د قادر، پێشهاته سیاسییه‌كانی كوردستانی عێراق ١٩٤٥ ـ ١٩٥٨، (سلێمانی ـ سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیجیی كوردستان ـ ٢٠٠٥ز).
- بكر به‌رزنجه‌یی، كه‌سایه‌تییه ناوداره‌كانی كورد، به‌رگی نۆیه‌م، (به‌یرووت ـ بنكه‌ی ڕۆشنبیری لوبنانی بۆ چاپ و په‌خش و وه‌رگێڕان و دابه‌شكردن ـ ٢٠١٢ز).
- شێرزاد عه‌بدولره‌حمان، ئێستاش به یادگاری ئه‌و پیاوه ده‌ژیم كه به‌ڕووی سێداره پێكه‌نێ!، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو، ژماره ٢٨٠٥، هه‌ولێر، یه‌كشه‌مه، ٤ نیسانی ١٩٩٩ز.
- عبدالهادی ڕه‌حمان قه‌ساب، شه‌هید خه‌یروڵڵا عه‌بدولكه‌ریم هه‌ندێ سه‌ره‌نج و ڕاستی، ڕۆژنامه‌ی بارزان نیوز، ژماره ٧٤، هه‌ولێر، یه‌كشه‌مه، ٦ ته‌موزی ٢٠٠٨ز.
- حبیب محمد كریم، تأریخ الحزب الدیمقراطي الكوردستاني ـ العراق (في محطات رئیسیة) ١٩٤٦ ـ ١٩٩٣، (دهوك ـ مطبعة خه‌بات ـ ١٩٩٨م).
- حسن مصطفی، البارزانیون و حركات بارزان ١٩٣٢ ـ ١٩٤٧، الطبعة الثانیة، (بغداد ـ دار آفاق عربیة للصحافة والنشر ـ ١٩٨٣م).
- عدنان النقشبندي، الوفاء للشهداء من شیم البارزاني الخالد، جریدة خه‌بات، لسان حال الحزب الدیمقراطي الكوردستاني ـ الموحد، العدد ٩٨١، أربیل، الجمعة، ٢٣ حزیران ٢٠٠٠م.
- علی عبدالله، مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراق تا به‌ستنی كۆنگره‌ی سێیه‌می، (بێ شوێن ـ ئه‌یلولی ١٩٦٨ز).
- فه‌یسه‌ڵ ڕه‌سول خۆشناو، بایۆگرافیای ئه‌فسه‌رانی كورد، به‌شی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات ـ ٢٠١٨ز).
- كریم شاره‌زا، المناضل الوطني الشهید خیرالله عبدالكریم، جریدة خه‌بات، لسان حال الحزب الدیمقراطي الكوردستاني ـ الموحد، العدد ٩٨٠، أربیل، الجمعة، ١٦ حزیران ٢٠٠٠م.
- كه‌ریم شاره‌زا، په‌روه‌رده‌كار و ئه‌فسه‌ری كوردپه‌روه‌ر شه‌هید خه‌یروڵڵا عبدالكریم ١٩١٢ ـ ١٩٤٧، گۆڤاری شاره‌وانی، سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر، ژماره ٢١، هه‌ولێر، كانونی یه‌كه‌می ٢٠١٣ز.
- مسعود البارزاني، البارزاني والحركة التحرریة الكردیة، المجلد الأول، الطبعة الثانیة، (بیروت ـ كاوا للثقافة الكردیة ـ ١٩٩٧م).