یاساناس و سیاسەتمەدار ڕه‌شید ئیسماعیل ئاغا، ناسراو به ڕه‌شید باجه‌لان، له ساڵانی کۆتایی سییه‌كان و چلەکاندا وەکو ئەندام و دامەزرێنەر و سەرکردە بەشداریی لە چەندین کۆمەڵە و حزبی وەکو كۆمه‌ڵه‌ی برایه‌تی و كۆمه‌ڵه‌ی لاوان له شاری به‌غدا و كۆمه‌ڵه‌ی داركه‌ر لە خانه‌قین و حزبی هیوای كورد له شاری كه‌ركووك و حزبی ڕزگاری كورد کردووە، ساڵی ١٩٤٦ بەشداریی كۆنگره‌ی دووه‌می حزبی ڕزگاری كورد له شاری به‌غدای كردووه و ده‌نگی به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه داوە هەتا حزبی ڕزگاری كورد بچێته ڕیزی پارتی دیموكراتی كورد، ساڵی ١٩٤٦ و لە کۆنگرەی یه‌كه‌مدا به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی دیموكراتی كورد هه‌ڵبژێردراوه. له ١٦ی شوباتی ٢٠٠١ له شاری به‌غدا كۆچی دوایی كردووه.
ژیاننامه
ڕه‌شید ئیسماعیل ئاغا لە ساڵی ١٩٢٠ لە شاری دیاله لەدایکبووە. ساڵی ١٩٤٠ له به‌شی ماف له كۆلێژی مافی به‌غدا دەست بە خوێندن دەکات و ساڵی ١٩٤٤ بڕوانامەی به‌كالۆریۆسی بەدەستهێناوە و كاری پارێزه‌ری و دادوه‌ریی کردووە و بووەتە ئه‌ندامی سه‌ندیكای پارێزه‌رانی عێراق. ساڵی ١٩٥٨ له وه‌زاره‌تی چاكسازی كشتوكاڵی عێراق دامه‌زراوه و دواتر لە ١٤ی شوباتی ١٩٦٠ به دادوه‌ر دامه‌زراوه. له ٣٠ی حوزه‌یرانی ١٩٨٣ خانه‌نشین كراوه و دوایین كاری ئه‌ندامی لێژنه‌ی مێژوو و كه‌له‌پوور بووه له ده‌سته‌ی كوردی كۆڕی زانیاری عێراق.
له ١٦ی شوباتی ٢٠٠١ له شاری به‌غدا كۆچی دوایی كردووه و هه‌ر له‌وێ له گۆڕستانی كه‌رخ ئه‌سپێرده‌ی خاك كراوه. شاره‌زایی له زمانەکانی كوردی، توركی، عه‌ره‌بی، فارسی و ئینگلیزی‌دا هه‌بووه.
خه‌باتنامه
له ساڵانی کۆتایی سییه‌كان و چلەکاندا وەکو ئەندام و دامەزرێنەر و سەرکردە بەشداریی لە چەندین کۆمەڵە و حزبی وەکو كۆمه‌ڵه‌ی برایه‌تی و كۆمه‌ڵه‌ی لاوان له شاری به‌غدا و كۆمه‌ڵه‌ی داركه‌ر لە خانه‌قین و حزبی هیوای كورد له شاری كه‌ركووك و حزبی ڕزگاری كورد کردووە، ساڵی ١٩٤٤ به‌شداری كۆنگره‌ی كه‌لاری حزبی هیوای كوردی بۆ پشتگیری له شۆڕشی دووه‌می بارزان (١٩٤٣-١٩٤٥) كردووه.
ساڵی ١٩٤٦ به هاوڕێیه‌تی لەگەڵ میرحاج ئەحمەد تاهیر (١٩١١-١٩٨٨) ناسراو به میرحاج ئاكره‌یی دیداری له‌گه‌ڵ قازی محه‌مه‌د سه‌رۆككۆماری كۆماری دیموكراتی كوردستان له شاری مه‌هابادی كردووه. ساڵی ١٩٤٨ ڕێكخه‌ری خۆپیشانده‌رانی نان له شارۆچكه‌ی خانه‌قین بووه و له‌م خۆپیشاندانه‌دا پشتگیری‌یان له به‌ندكراوه بارزانییه‌كان كردووه و بەم هۆیەوە له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقه‌وه به تۆمه‌تی هاندانی خه‌ڵك بۆ خۆپیشاندان به‌ند كراوه.
ساڵی ١٩٤٦ نوێنه‌ری كۆنگره‌ی دووه‌می حزبی ڕزگاری كورد له شاری به‌غدای كردووه و ده‌نگی به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه داوه تا حزبی ڕزگاری كورد بچێته ڕیزی پارتی دیموكراتی كورد و هەمان ساڵ و له یه‌كه‌م کۆنگرەی پارتیدا به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كورد هه‌ڵبژێردراوه، بەشداریی لە کۆنگرەکانی چواره‌م ١٩٥٩ و پێنجه‌م ١٩٦٠ دا کردووە، ساڵی ١٩٦٣ له‌لایه‌ن هێزی پاسه‌وانانی نه‌ته‌وه‌یی (الحرس القومي) به تۆمه‌تی كوردایه‌تی به‌ند و ئه‌شكه‌نجه كراوه.
له به‌رهه‌مه‌كانی:
- جامع الطوابع ـ ٢٠١٤.
سه‌رچاوه‌كان:
- اعداد : كاروان عثمان خیاط، رشید اسماعیل باجلان، جامع الطوابع، (السلیمانیة ـ المدیریة العامة للثقافة و الفن لگرمیان ـ مطبعة گونج ـ ٢٠١٤م).
- مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان، كۆنگره و كۆنفرانس (پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆ)، ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی رۆكسانا- ٢٠٢١).
- شادان خانه‌قینی، كه‌سایه‌تی ناودارای خانه‌قین ره‌شید باجه‌ڵان، گۆڤاری سیروان، لقی ١٥ی خانه‌قینی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژماره ٤، پاییزی ٢٠٠٨ز.
- مه‌هدی محه‌مه‌د قادر، پێشهاته سیاسییه‌كانی كوردستانی عێراق ١٩٤٥ ـ ١٩٥٨، (سلێمانی ـ سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیجیی كوردستان ـ ٢٠٠٥ز).
- عومه‌ر عه‌لی شه‌ریف، ڕه‌شید باجه‌ڵان ١٩٢٠ ـ ٢٠٠١، ١٠٠ ناوداری كه‌ركووك و گه‌رمیان، (سلێمانی ـ چاپخانه‌ی كارۆ ـ ٢٠١٩ز).
- شوان محه‌مه‌دئه‌مین ته‌ها خۆشناو، هه‌ولێر له نێوان ساڵانی ١٩٦٣ ـ ١٩٧٠ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی مێژووییه له بارودۆخی سیاسی، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین ـ ٢٠١٦ز).
- به‌هار ڕه‌شید باجه‌ڵان، ڕه‌شید باجه‌ڵان ١٩٢٠ ـ ٢٠٠١ تێكۆشه‌رێكی دێرینی كوردایه‌تی، (سلێمانی ـ بنكه‌ی ژین ـ چاپخانه‌ی شڤان ـ ٢٠٠٧ز).
- حبیب محمد كریم، تأریخ الحزب الدیمقراطي الكوردستاني ـ العراق (في محطات رئیسیة) ١٩٤٦ ـ ١٩٩٣، (دهوك ـ مطبعة خه‌بات ـ ١٩٩٨م).
- عبدالرزاق مطلك الفهد، الأحزاب السیاسیة في العراق ودورها في الحركة الوطنیة والقومیة ١٩٣٤ ـ ١٩٥٨، (بیروت ـ شركة المطبوعات للتوزیع والنشر ـ ٢٠١١م).
- علی عبدالله، مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراق تا به‌ستنی كۆنگره‌ی سێیه‌می، (بێ شوێن ـ ئه‌یلولی ١٩٦٨ز).
- عوسمان سه‌نگه‌سه‌ری، به‌شێك له ژیانی سه‌ركرده نه‌مره‌كانی كوردستان، (سلێمانی ـ چاپخانه‌ی سیما ـ ٢٠١٤ز).
- مسعود البارزاني، البارزاني والحركة التحرریة الكردیة، المجلد الأول، الطبعة الثانیة، (بیروت ـ كاوا للثقافة الكردیة ـ ١٩٩٧م).