کۆنگرەی پێنجەمی پارتی دیموکراتی کوردستان

كۆنگره‌ی پێنجه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان- (پارتی دیموكراتی كوردستان - عێراق – ٥ی ئایاری ١٩٦٠)، دوای وه‌رگرتنی مۆله‌تی فه‌رمی كاركردنی حزب له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌، له‌‌ شاری به‌غدا به‌ شێوه‌ی ئاشكرا به‌سترا.


قۆناغی كاری ئاشكرا

دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ١٤ی ته‌مووزی ساڵی ١٩٥٨، حزبه‌ سیاسییه‌كانی به‌ره‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی عێراقی به‌وپه‌ڕی ئازادییه‌وه‌ ده‌ستیان به‌ چالاكی و كاری سیاسی كرد، سه‌ركردایه‌تی شۆڕش به‌ڵێنی دا پاش كۆتایی هاتن به‌ قۆناغی گواستنه‌وه‌، مۆڵه‌تی فه‌رمی بۆ كاركردنی حزبه‌ عێراقییه‌كان ده‌ربكات، به‌ڵام ئه‌م مۆڵه‌ت پێدانه‌ تا مانگی كانوونی دووه‌می ١٩٦٠ دواكه‌وت.

له‌ ٦ی كانونی دووه‌می ١٩٦٠، یاسای ژماره‌ یه‌كی كۆمه‌ڵه‌كان، به‌ مه‌به‌ستی مۆڵه‌تدان به‌ حزبه‌ سیاسییه‌كان، له‌ ٤٦ مادده‌دا له‌لایه‌ن ئەنجوومەنی سه‌روه‌ریی كۆماری عێراقه‌وه‌ جاڕدرا، ئه‌م یاسایه‌ حزبه‌كانی وا ده‌ناساند، كه‌ كار ده‌كه‌ن بۆ به‌دیهێنانی كۆمه‌ڵێك ئامانجی سیاسی، به‌ چه‌ند مه‌رجێك، له‌وانه ده‌بێت ته‌واوی ئه‌ندامانی حزب هاووڵاتی عێراقی بن و هێزه‌ چه‌كداره‌كان و كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت له‌ به‌شی دیپلۆماسی و قوتابی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندیی بۆیان نییه‌ ببن به‌ ئه‌ندامی حزب.

دوای ده‌رچوونی ئه‌م یاسایه‌، سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان - عێراق، ده‌سته‌یه‌كی ده‌ كه‌سی به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك مستەفا بارزانی و ده‌سته‌یه‌كی په‌نجا كه‌سی پشتگیرانی كرده‌ پاشكۆی نووسراوێكی فه‌رمی و پێشكه‌شی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقی كرد، ئه‌وه‌بوو له‌ ٦ی شوباتی ١٩٦٠ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقه‌وه‌‌ به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی و یاسایی مۆڵه‌تی كاركردن به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان - عێراق درا و ڕێگه‌ی پێدرا ڕۆژنامه‌ی ناوه‌ندی خۆی به‌ ناوی خه‌بات چاپ بکات.

ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی دامه‌زراندنی قۆناغی كاری ئاشكرا پێکهاتبوو لە:

  1. مستەفا بارزانی، سه‌رۆك
  2. ئیبراهیم ئەحمەد، سكرتێر
  3. نوری شاوێس
  4. عومەر مستەفا
  5. عەلی عەبدوڵا ئه‌مین
  6. عەلی عەسکەری
  7. مەلا ماتۆڕ
  8. حیلمی عه‌لی شه‌ریف 
  9. ئیسماعیل عارف
  10. شەمسەدین موفتی 

به‌ستنی كۆنگره‌

دوای ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق دانی نا به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان، وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی سیاسی كه‌ مافی چالاكی ئاشكرای هه‌یه له‌ سه‌رانسه‌ری عێراقدا، له‌ لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی پارتییه‌وه‌‌ كار بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ی نوێی حزب كرا، هه‌رچه‌نده‌ پارتی له‌ ساڵی ١٩٥٩ كۆنگره‌ی خۆی به‌ستبوو.

‌دوای به‌ستنی کۆنفرانسه‌ ناوخۆییه‌كان له‌ گشت لێژنه‌ لق، لێژنه‌ ناوچه‌ و ڕێكخراوه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان، به‌ شێوه‌یه‌كی یاسایی و به‌ ده‌نگدانی ئاشكرا نوێنه‌رانی كۆنگره‌ ده‌ستنیشان كران، دواتر به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆك مستەفا بارزانی، له‌ کاتژمێر١٠ی به‌یانی ڕۆژی ٥ی ئایاری ١٩٦٠ كۆنگره‌ی پێنجه‌م، به‌ ئاماده‌بوونی ١٦٨ نوێنه‌ر له‌ باره‌گای پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ گه‌ڕه‌كی سه‌عدونی‌ شاری به‌غدا به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا به‌سترا.

سه‌ره‌تا ئیبراهیم ئەحمەد ڕاپۆرتی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پێشووتری ‌خوێنده‌وه‌‌، دواتر نوری شاوێس ڕاپۆرتی دارایی و عومه‌ر مسته‌فا ڕاپۆرتی ڕێكخستنیان ‌خوێنده‌وه‌، هه‌روه‌ها ڕاپۆرتی ده‌سته‌ی چاودێری و پشكنینی باڵا خوێندرایه‌وه‌، دواتر كۆنگره‌ بڕیاری پێكهێنانی چه‌ندین لێژنەی‌ بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ ڕاپۆرتی سكاڵا و په‌یڕه‌و و پرۆگرام دا، لێژنه‌كان بریتیبوون له‌ لێژنه‌ی پرۆگرام و په‌یڕه‌و، لێژنه‌ی لێكۆڵێنه‌وه‌ی ڕاپۆرته‌كان، لێژنه‌ی دارایی و ئۆرگانه‌كان و لێژنه‌ی سكاڵا.

به‌ هۆی مۆڵه‌ت وه‌رگرتن و گۆڕانكاریی سیاسی ئه‌وكاتی عێراق، كۆنگره‌ی پێنجەم هه‌ندێك گۆڕانكاری له‌ پرۆگرامدا کرد، وه‌ك لابردنی ماده‌ی سێیه‌م، كه‌ باس له‌ سوودوه‌رگرتن له‌ بیردۆز‌ی (ماركسی - لێنینی) كرابوو، هه‌روه‌ها ده‌ستكاری ئه‌و بڕگه‌یه‌ش كرا كه‌ په‌یوه‌ست بوو به‌ مافی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌ هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان و بڕگه‌كه‌ كرا به‌ (تێكۆشان بۆ پشتیوانی برایانی كوردمان له‌ هه‌ر شوێنێك بن له‌و خه‌باته‌دا كه‌ ده‌یكه‌ن له‌ پێناوی ته‌واوكردنی ئازادی و مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانیاندا و ‌ده‌سته‌به‌ركردنی پشتیوانی كۆماری عێراق وێڕای یارمه‌تیدانیان له ‌ڕووی ماددی و مه‌عنه‌وییه‌وه).

په‌یكه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ پشتبه‌ستن به‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی كۆنگره‌ی پێنجه‌م، بریتی بووه له‌ شانه‌‌، لێژنه‌ی ڕێكخراو، لێژنه‌ی ناوچه‌، لێژنه‌ی لق، كۆمیته‌ی ناوه‌ندی، مه‌كته‌بی سیاسی، سكرتێری كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و سه‌رۆك.

هەر لە ئامادەکارییەکانەوە تا کۆتایی، کۆنگرە لە کەشێکی دیموکراتیانە بەڕێوەچوو و بە کۆی دەنگ سەرۆک مستەفا بارزانی بە سەرۆک هەڵبژێردرایەوە، دواتر له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی كۆنگره‌وه‌ سه‌ركردایه‌تییه‌ك هه‌ڵبژێردرا و بۆ یەکەمین جار ئافرەتێک گەیشتە سەرکردایەتی:

  1. مستەفا بارزانی، سه‌رۆك
  2. ئیبراهیم ئەحمەد، سكرتێر
  3. نوری شاوێس
  4. عومه‌ر مسته‌فا
  5. دكتۆر موراد عه‌زیز
  6. عەلی عەبدوڵا
  7. ساڵح یوسفی  
  8. عەلی عەسکەری
  9. هاشم ئاکرەیی
  10. جەلال شوانی
  11. ناهیدە شێخ سەلام 
  12. (مەلا ماتۆڕ) عه‌بدوڵا ئیسماعیل ئه‌حمه‌د
  13.  ئەحمەد ئامێدی
  14. عەلی حەمدی موسا
  15. عەبدولحسێن فەیلی
  16.  سەید عەزیز شەمزینی
  17. نوری ئەحمەد تەها 
  18. جەلال تاڵەبانی 

هەر یەک لە سەید عەزیز شەمزینی، نوری ئەحمەد تەها و جەلال تاڵەبانی ناویان وه‌ك ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی ئاشكرا نه‌كرا، چونكه‌ ئه‌فسه‌ری سوپای عێراق بوون و ئه‌فسه‌ران بۆیان نه‌بوو ببنه‌ ئه‌ندامی هیچ حزبێكی سیاسی.

یه‌ده‌گی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیش به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ بوو:

  1. نەعمان عیسا بارزانی
  2. حیلمی عه‌لی شه‌ریف
  3.  حەیدەر محەمەدئەمین 
  4. محەمەد حاجی تاهیر 

ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی حزب له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندییه‌وه‌ هه‌ڵبژێردران، كه‌ پیكهاتوون له‌ ئیبراهیم ئەحمەد، نوری شاوێس، عەلی عەبدوڵا، دكتۆر موراد عه‌زیز، عومه‌ر مسته‌فا.

ده‌سته‌ی چاودێری و پشكنینی باڵا (چاودێری به‌رز) ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردران، ئه‌وانیش پێكهاتبوون له‌ حه‌بیب محه‌مه‌د كه‌ریم، زەکیە ئیسماعیل حەقی، هورمز نیسان، خالید حه‌سه‌ن یوسفی، عومه‌ر حه‌سه‌ن بامه‌ڕنی، یه‌ده‌گی لێژنه‌ی پشكنینی باڵایش بریتیبوون له‌ عه‌باس حسێن و یەدوڵا فەیلی.

یه‌كێكی تر له‌ بڕیاره‌كانی كۆنگره بریتی بوو له‌ پشتگیریكردنی حکومەتی عێراقی له‌ به‌رامبه‌ر نه‌یارانه‌كانیدا، چونكه‌ پارتی بۆ یه‌كه‌مین جار خاوه‌نی مۆڵه‌تی فه‌رمی بوو و ده‌یتوانی به‌ ئازادی چالاكی بنوێنێت، بارودۆخی ئاشتی و كاری ئاشكرای ڕامیاری وایكرد، هه‌واڵی كۆنگره‌ بگاته‌ ڕاگه‌یاندنی عێراقی و به‌ گرنگییه‌وه‌ هه‌واڵه‌كانی بڵاوبكه‌نه‌وه‌.


سه‌رچاوه‌كان:

  1.  مسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد، ١٩٥٨-١٩٦١، به‌رگی دووه‌م، (٢٠١٢).
  2.  قانون الجمعیات، مجلة الوقایع العراقیة، وزارة الارشاد في العراق، العدد ٢٨٣، بغداد، السبت، ٢ كانون الثاني ١٩٦٠م.
  3.  حبیب محمد كریم، تأریخ الحزب الدیمقراطي الكوردستاني ـ العراق (في محطات رئیسیة) ١٩٤٦ ـ ١٩٩٣، (دهوك ـ مطبعة خه‌بات ـ ١٩٩٨م).
  4.  تهیة اجازة الحزب الدیمقراطي لكوردستان العراق، جریدة خه‌بات (النضال)، العدد ١٤١، بغداد، الأحد، ٩ كانون الثاني ١٩٦٠م.
  5.  كۆنگره‌ی پێنجه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان، گۆڤاری ڕۆژی نوێ، ژماره‌ ٣، ساڵی یه‌كه‌م، سلیمانی، چاپخانه‌ی كامه‌ران، حوزه‌یران ١٩٦٠ز.
  6.  دكتۆر شێركۆ فه‌تحوڵا عومه‌ر، پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ی كورد ١٩٤٦ – ١٩٥٧، و. سواره‌ قه‌ڵادزه‌ێی، (چاپخانه‌ی شه‌هید ئازاد هه‌ورامی - ٢٠١٣).
  7.  عبدالستار طاهر شریف، تاریخ الحزب الثوري الكردستاني، الطبعة الثانیة، (بغداد ـ منشورات الثوري ـ ١٩٧٩م).
  8.  المؤتمر العام للحزب الدیمقراطي الكوردستاني، جریدة اتحاد الشعب، العدد ٨٨، السنة الثانیة، بغداد، الأثنین، ٩ مایس ١٩٦٠م.
  9.  ده‌قی پڕۆگرامی پارتی دیموكراتی كوردستان – عێراق، كۆنگره‌ی پێنجه‌م.
  10.  مؤتمر الحزبین الوطنیین الوطني الدیمقراطي والدیمقراطي الكوردستاني، جریدة اتحاد الشعب، العدد ٨٦، بغداد، الجمعة، ٦ مایس ١٩٦٠م.
  11.  مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆنگره‌ و كۆنفرانس (پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆ)، به‌رگی یه‌كه‌م و دووه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات- ٢٠٢١).

بابەتی پەیوەندیدار

شۆڕشی دووەمی بارزان

دوای ئه‌وه‌ی ‌بارزانییه‌كان له‌ ساڵی ١٩٣٩ لە باشووری عێراقەوە ده‌گوازرێنه‌وه‌ سلێمانی، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی‌ بارودۆخی ژیانیان باشتر بێت، به‌ڵام بەهۆی هەڵوێستی شێخ مسته‌فا قه‌ره‌داغی، موته‌سه‌ریفی ئه‌وكاتی سلێمانی بارودۆخی گوزەرانیان خراپتر بوو، چونکە ناوبراو ڕێگای به‌ خه‌ڵكی شاری سلێمانی نەدەدا یارمه‌تییان بده‌ن.

زانیاری زیاتر

کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان

ڕۆژی ٣ی تشرینی دووه‌می ٢٠٢٢ کۆنگرەی چواردەیەم له‌ شاری دهۆك و به‌ ئاماده‌بوونی ١٠٢٢ نوێنه‌ر  له‌ كۆی ١٠٦٥ نوێنه‌ر كه‌ مافی به‌شداریكردنی كۆنگره‌یان هه‌بوو له‌ سه‌رجه‌م ڕێكخستنه‌كانی پارتی له‌ ژێر (دروشمی ئازادی، دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری) ده‌ستی به‌ كاره‌كانی خۆی كرد.

زانیاری زیاتر

پارتی دیموکراتی کوردستان

پارتی دیموکراتی کوردستان (پ.د.ك)، به‌ ڕێنووسی لاتینی (Partiya demokrata kurdestanê)، به‌ زمانی ئینگلیزی (kurdistan democratic party) و به‌ زمانی عه‌ره‌بی (الحزب الدیموقراطي الكوردستاني)، پارتێکی نیشتمانی دیموکراتیی جەماوەرییە، له‌ ڕێكه‌وتی ١٦ی ئابی ١٩٤٦ به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی له‌ شاری به‌غدا به‌ شێوه‌یه‌كی نهێنی دامه‌زرا....

زانیاری زیاتر

شۆڕشی گوڵان

شۆڕشی گوڵان- (شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتنخواز – ٢٦ی گوڵانی ١٩٧٦). ‌ له‌ لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ به‌ سه‌رپه‌ر‌شتی سەرۆک مەسعود بارزانی دژی حكوومه‌تی به‌عسی عێراق له‌ باشووری كوردستان هه‌ڵگیرسا و تا ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی ١٩٩١ به‌رده‌وام بوو.

زانیاری زیاتر

کۆنگرەی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان

كۆنگره‌ی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان - ١١ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٠ )دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عسی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ عێراق ساڵی ٢٠٠٣ و گۆڕانكاری گه‌وره‌ی سیاسی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، له‌ كه‌شێكی ئاسایی له‌ شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدرا.

زانیاری زیاتر