کۆنگرەی حەوتەمی پارتی دیموکراتی کوردستان

كۆنگره‌ی حه‌وته‌می پارتی دیموكراتی كوردستان- (پارتی دیموكراتی كوردستان - عێراق – ١٥ی تشرینی دووه‌م ١٩٦٦)، دوای كێشه‌كانی حزب له‌گه‌ڵ گرووپی كۆنی مه‌كته‌بی سیاسی، چوونیان بۆ ئێران و گه‌ڕانه‌وه‌یان، شكستی حكومه‌تی عه‌بدولڕه‌حمان عارف له‌ گه‌ڕێكی نوێی شه‌ڕ دژی شۆڕش له‌ حوزه‌یرانی ١٩٦٦ و ڕێككه‌وتننامه‌ی حوزه‌یرانی ١٩٦٦ له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت، به‌مه‌به‌ستی ڕێكخستنه‌وه‌ی كاروباری پارتی له‌ شاره‌دێێ گه‌ڵاڵه‌ به‌سترا.


بارودۆخ و هۆكاره‌كان

له‌ مانگی شوباتی ١٩٦٥ شه‌ڕ له‌نێوان كورد و حكومه‌تی عێراقی ده‌ستی پێكرده‌وه‌ و دوای ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ، سه‌ركردایه‌تی شۆڕش باره‌گای سه‌ركردایه‌تی له‌ ناوچه‌ی پشده‌ره‌وه‌ گواسته‌وه‌ بۆ ناوچه‌ی باڵه‌ك. حكومه‌تی ئێران كه‌ ته‌واو له‌ ئیبراهیم ئەحمەد و داروده‌سته‌كه‌ی بێ هیوا ببوو، هه‌وڵیدا په‌یوه‌ندی به‌ سه‌ركردایه‌تی شۆڕشه‌وه‌ بكات و له‌گه‌ڵی ڕێكبكه‌وێت، ئه‌نجامی ئه‌و هه‌وڵانه‌ یارمه‌تیدانی فراوانی حكومه‌تی شاهه‌نشایی ئێران بوو بۆ شۆڕش له‌ دژی ڕژێمی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ عێراق. هه‌ر له‌ سه‌روبه‌ندی شه‌ڕی ڕژێمدا، ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی و ڕۆشنبیری كوردپه‌روه‌ر له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان كه‌وتنه‌ نێوان سه‌رۆك مستەفا بارزانی و گرووپی مه‌كته‌بی سیاسی كۆن كه‌ له‌ ئێران ئاواره‌بوون و داوایان له‌ سه‌رۆك بارزانی كرد، لێبوردنێكیان بۆ ده‌ربكات، ئه‌وه‌بوو بارزانی به‌بێ مه‌رج لێی بورین و له‌ ٦ی ته‌مووزی ١٩٦٥ گشتیان گه‌ڕانه‌وه‌ كوردستان، جگه‌ له‌ ئیبراهیم ئەحمەد كه‌ داوایكرد له‌ تاران بمێنێته‌وه‌. دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی گرووپی ئیبراهیم ئەحمەد، به‌ بڕیاری سه‌رۆك مستەفا بارزانی، پێشمه‌رگه‌كان په‌یوه‌ندییان به‌ ڕیزه‌كانی شۆڕشه‌وه‌ كرد و سه‌ركرده‌كانیشیان به‌ سه‌رپه‌ر‌شتی جەلال تاڵەبانی له‌ دۆڵه‌ ڕه‌قه‌ نیشته‌جێ كران. پاش ماوه‌یه‌ك‌ له‌ دۆڵه‌ ڕه‌قه‌وه‌ به‌ نهێنی په‌یوه‌ندییان به‌ حكومه‌تی عێراقه‌وه‌‌ كرد.

دوای كوژرانی عه‌بدولسه‌لام عا‌رفی سه‌رۆك كۆماری عێراق، عه‌بدولڕه‌حمان عارفی برای شوێنی گرته‌وه‌، ئه‌ویش ڕاسته‌خۆ په‌یوه‌ندی به‌ سه‌ركردایه‌تی شۆڕشه‌وه‌ كرد و داوای گفتوگۆی كرد، بۆئه‌وه‌ی كۆتایی به‌ شه‌ڕ بهێنرێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ حكومه‌ت شاندێكی نارده‌ گه‌ڵاڵه‌ و له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی شۆڕش كۆبوونه‌وه‌، به‌ڵام چوونی ئه‌ندامانی گرووپی مه‌كته‌بی سیاسی كۆن بۆ پاڵ حكومه‌ت دانوستانه‌كانی په‌كخست، به‌مه‌ش شه‌ڕ ده‌ستی پێكرده‌وه‌ و حكومه‌ت به‌ یارمه‌تی گرووپی مه‌كته‌بی سیاسی كۆن نه‌خشه‌ی هێرشێكی به‌رفراوانی داڕشت و لە ٢ی ئایاری ١٩٦٦ هێرشه‌كانی حكومه‌ت ده‌ستی پێكرده‌وه‌، به‌ڵام حكومه‌ت له‌و گه‌ڕه‌ی شه‌ڕیش شكستی خوارد و له‌ كۆتاییدا هیچ هیوایه‌كی به‌ سه‌ركه‌وتن نه‌ما، له‌ ١٥ی حوزه‌یرانی ١٩٦٦ به‌مه‌به‌ستی ئاگربه‌ست شاندی خۆی نارده‌ گه‌ڵاڵه‌ كه‌ باره‌گای سه‌رۆك بارزانی لێبوو و له‌ ١٨ی مانگ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی كۆبوونه‌وه‌، وا ڕێككه‌وتن كه‌ سه‌ركردایه‌تی شۆڕش به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆ و ڕێككه‌وتن شاندێك بنێرێته‌ به‌غدا، ڕێكه‌وتی ٢٢ی حوزه‌یران شاندی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش گه‌یشته‌ به‌غدا و له‌ ٢٩ی حوزه‌یران به‌یاننامه‌ی ڕێككه‌وتن ئیمزاكرا و ڕاگه‌یه‌ندرا‌، لە ٢٨ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٦٦ عه‌بدولڕه‌حمان عارفی سه‌رۆك كۆمار هاته‌ به‌رزێوه‌ و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مستەفا بارزانی كۆبووه‌وه.

دوای ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ی ٢٩ی حوزه‌یران و ئاسایی بوونه‌وه‌ی بارودۆخ له‌ كوردستان، به‌ مه‌به‌ستی ڕێكخستنه‌وه‌ی ڕیزه‌كانی حزب له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی پارتییه‌وه،‌ بڕیاری ئاماده‌كاریی بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ی نوێی حزب درا.


به‌ستنی كۆنگره‌

کۆنگرەی حەوتەم له‌ ماوه‌ی نێوان‌ ١٥ تا ٢١ی تشرینی دووه‌می ١٩٦٦، به‌ ئاماده‌بوونی ٤٢٥ نوێنه‌ر، كه‌ نوێنه‌رایه‌تیی سی هه‌زار ئه‌ندامی پارتی دیموكراتی كوردستانیان ده‌كرد، له‌ قوتابخانه‌ی ناوه‌ندیی شارەدێی گه‌ڵاڵەی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر به‌سترا. مه‌كته‌بی سیاسی ڕاپۆرتی ڕامیاری خۆی پێشكه‌شی نوێنه‌رانی كۆنگره كرد و تیشكی خسته‌ سه‌ر گشت ڕووداوه‌كانی كوردستان، عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌ تایبه‌تی چاكسازی كشتوكاڵ و بیمه‌كردنی كۆمپانیا‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌تی به‌غدا و داته‌پینی ئابووری عێراق.

لەم کۆنگرەیەدا ژمارەیەک بڕیاری گرنگ لەبارەی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ناوچە ئازادکراوەکان دران و دەستوورێکیش بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش دانرا، هەروەها کۆنگرە بڕیاریدا سەرۆک مستەفا بارزانی یاداشتێک بە ئاراستەی جێبەجێکردنی بەیاننامەی ٢٩ی حوزەیران بۆ سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بنێرێ.

له كۆنگره‌كه‌دا،‌ هه‌ریه‌ك له‌ عەلی عەبدوڵا و نوری شاوێس وه‌ك دوو له‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی کۆنگرەی پێنجه‌م،‌ كه‌ چووبوونه‌ ڕیزی هه‌وادارانی كۆبوونه‌وه‌‌كه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ و له‌به‌ر پشتگیری نه‌كردنیان له‌ گرووپی جەلال تاڵەبانی ـ ئیبراهیم ئەحمەد، بوونه‌وه‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی. هه‌روه‌ها ناوی پارتی وه‌ك خۆی مایه‌وه‌ و سه‌رۆك مستەفا بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی حزب هه‌ڵبژێردرایه‌وه و بۆ یەکەمین جار هەر یەک لە ئیدریس بارزانى و مەسعود بارزانی لە کردنەوەی کۆنگرەدا بەشدار بوون.

ئه‌ندامانی هه‌ڵبژێردراوی سه‌ركردایه‌تی له‌ كۆنگرەی حه‌وته‌مدا:

  1. مستەفا بارزانی، سه‌رۆك
  2. حه‌بیب محه‌مه‌د كه‌ریم
  3. دكتۆر مەحمود عوسمان
  4. ساڵح یوسفی
  5. نوری شاوێس
  6. عەلی عەبدوڵا
  7. سامی عەبدولڕەحمان
  8. شەوکەت ئاکرەیی
  9. ئەحمەد ئەتروشی
  10. یەدوڵا فەیلی
  11. مەجید ئەتروشی
  12. عەزیز ئاکرەیی
  13. ئیسماعیل مەلا عەزیز
  14. عەلی شنگالی
  15. نەعمان عیسا.

ئه‌ندامانی یەدەگی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی:

  1. هاشم ئاکرەیی
  2. شەفیق ئاغا  
  3. فاتیح محەمەد ئەمین .

ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی لە پێنج ئەندامه‌وه‌ کران بە حەوت ئەندام و له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندییه‌وه‌ به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ڵبژێردران:

  1. حه‌بیب محه‌مه‌د كه‌ریم، سكرتێر
  2. دكتۆر مەحمود عوسمان، ئه‌ندام
  3. ساڵح یوسفی، ئه‌ندام
  4. نوری شاوێس، ئه‌ندام
  5. عەلی عەبدوڵا، ئه‌ندام
  6. سامی عەبدولڕەحمان، ئه‌ندام
  7. عەزیز ئاکرەیی، ئه‌ندام.

له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ حه‌وت ئه‌ندام و دوو یه‌ده‌گ بۆ ده‌سته‌ی چاودێری و به‌دواداچوون هه‌ڵبژێردران:

  1. ڕه‌شید عارف، سه‌رۆك
  2.  نەجمەدین یوسفی، ئه‌ندام
  3. مه‌لا حه‌یده‌ر محه‌مه‌د حسێن، ئه‌ندام
  4. سه‌بری بۆتانی، ئه‌ندام
  5. مه‌لا ساڵح حاجی حه‌سه‌ن، ئه‌ندام.

دوای كۆتاییهاتنی كۆنگره،‌ ئه‌ركه‌ گرنگه‌كان له‌ لایه‌ن سه‌رۆك مستەفا بارزانییه‌وه‌ به‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی سپێردران، له‌وانه‌ مەحمود عوسمان كاری په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پێ سپێردرا، سامی عەبدولڕەحمان چه‌ند ئه‌ركێكی سیاسی و ئه‌منی پێ سپێردرا، ئیدریس بارزانى كرایه‌ سه‌رپه‌رشتی مه‌كته‌بی سه‌ربازی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش، مەسعود بارزانی به‌ڕێوه‌بردنی مه‌كته‌بی پاراستنی پێ سپێردرا.

یه‌كێك له‌ ده‌ستكه‌وته‌ گرنگه‌كانی تری كۆنگره‌، دووباره‌ ده‌رچوونی ڕۆژنامه‌ی خه‌باتی زمانحاڵی حزب بوو، پاش ئه‌وه‌ی مەسعود بارزانی سه‌ردانی به‌غدای كرد، هه‌له‌كه‌ی قۆسته‌وه‌ و توانی فه‌رمانێك وه‌ربگرێت بۆ ئازادكردنی گیراوه‌كانی ساڵی ١٩٦٥ و وه‌رگرتنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی كاركردنی ڕۆژنامه‌ی خه‌بات، ئه‌وه‌بوو ژماره‌ی نوێی ڕۆژنامه‌ی خه‌بات له‌ ١٦ی نیسانی ١٩٦٧ به‌سه‌رپه‌ر‌شتی ساڵح یوسفی ده‌ركرا.


سه‌رچاوه‌كان:

  1.  مسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد ١٩٦١ ـ ١٩٧٥، به‌رگی سێیه‌م، به‌شی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ـ ٢٠٠٤ز).
  2.  مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆنگره‌ و كۆنفرانس (پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆ)، ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی رۆكسانا- ٢٠٢١).
  3.  صلاح الخرسان، التیارات السیاسیة في كردستان العراق، قراءة في ملفات الحركات و الأحزاب الكردیة في العراق ١٩٤٦-٢٠٠١، (بیروت – مطبعة البلاغ – ٢٠٠١م).
  4.  حبیب محمد كریم، تأریخ الحزب الدیمقراطي الكوردستاني ـ العراق (في محطات رئیسیة) ١٩٤٦ ـ ١٩٩٣، (دهوك ـ مطبعة خه‌بات ـ ١٩٩٨م).
  5.  پارتی دیموكراتی كوردستان، كومیته‌ی ناوه‌ندی، به‌یانی كوتایی هاتنی كونگره‌ی حه‌وته‌مینی پارتی دیموكراتی كوردستان، ٢٥ تشرینی دووه‌می ١٩٦٦ز.
  6.  شیركو فتح الله‌ عمر، الحزب الدیمقراطي الكوردستاني و حركة التحرر القومي الكوردیة في العراق ١٩٤٦ ـ ١٩٧٥، (السلیمانیة ـ وزارة الثقافة في حكومة اقلیم كوردستان ـ مطبعة رون ـ ٢٠٠٤م).
  7.  الحزب الدیمقراطي الكردستاني، المكتب السیاسي، التقریر السیاسي الی المؤتمر السابع للحزب الدیمقراطي الكردستاني، ١٩٦٦م.
  8.  تنویه‌، جریدة خه‌بات، لسان حال الحزب الدیمقراطي الكوردستاني، العدد ٦٧١، أربیل، الأربعاء، ١٤ نیسان ١٩٩٣م.
  9.  المنهاج والنظام الداخلي للحزب الدیموقراطي الكردستاني وتعدیلاته، أقره المؤتمر السابع للحزب سنة ١٩٦٦، (بدون مكان ـ مطبعة خبات ـ ١٩٦٦م).
  10.  حامید گه‌وهه‌ری، ئیدریس بارزانی و بارزانییه‌كان باشتر بناسین، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی شه‌هاب ـ ٢٠١٤ز).

بابەتی پەیوەندیدار

شۆڕشی دووەمی بارزان

دوای ئه‌وه‌ی ‌بارزانییه‌كان له‌ ساڵی ١٩٣٩ لە باشووری عێراقەوە ده‌گوازرێنه‌وه‌ سلێمانی، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی‌ بارودۆخی ژیانیان باشتر بێت، به‌ڵام بەهۆی هەڵوێستی شێخ مسته‌فا قه‌ره‌داغی، موته‌سه‌ریفی ئه‌وكاتی سلێمانی بارودۆخی گوزەرانیان خراپتر بوو، چونکە ناوبراو ڕێگای به‌ خه‌ڵكی شاری سلێمانی نەدەدا یارمه‌تییان بده‌ن.

زانیاری زیاتر

کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان

ڕۆژی ٣ی تشرینی دووه‌می ٢٠٢٢ کۆنگرەی چواردەیەم له‌ شاری دهۆك و به‌ ئاماده‌بوونی ١٠٢٢ نوێنه‌ر  له‌ كۆی ١٠٦٥ نوێنه‌ر كه‌ مافی به‌شداریكردنی كۆنگره‌یان هه‌بوو له‌ سه‌رجه‌م ڕێكخستنه‌كانی پارتی له‌ ژێر (دروشمی ئازادی، دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری) ده‌ستی به‌ كاره‌كانی خۆی كرد.

زانیاری زیاتر

پارتی دیموکراتی کوردستان

پارتی دیموکراتی کوردستان (پ.د.ك)، به‌ ڕێنووسی لاتینی (Partiya demokrata kurdestanê)، به‌ زمانی ئینگلیزی (kurdistan democratic party) و به‌ زمانی عه‌ره‌بی (الحزب الدیموقراطي الكوردستاني)، پارتێکی نیشتمانی دیموکراتیی جەماوەرییە، له‌ ڕێكه‌وتی ١٦ی ئابی ١٩٤٦ به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی له‌ شاری به‌غدا به‌ شێوه‌یه‌كی نهێنی دامه‌زرا....

زانیاری زیاتر

شۆڕشی گوڵان

شۆڕشی گوڵان- (شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتنخواز – ٢٦ی گوڵانی ١٩٧٦). ‌ له‌ لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ به‌ سه‌رپه‌ر‌شتی سەرۆک مەسعود بارزانی دژی حكوومه‌تی به‌عسی عێراق له‌ باشووری كوردستان هه‌ڵگیرسا و تا ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی ١٩٩١ به‌رده‌وام بوو.

زانیاری زیاتر

کۆنگرەی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان

كۆنگره‌ی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان - ١١ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٠ )دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عسی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ عێراق ساڵی ٢٠٠٣ و گۆڕانكاری گه‌وره‌ی سیاسی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، له‌ كه‌شێكی ئاسایی له‌ شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدرا.

زانیاری زیاتر