شەوکەت یەعقوب بازید ناسراو بە (دکتۆر شەوکەت بامەڕنی). پزیشکی ڤێتێرنەری و سیاسەتمەدار، لە ساڵی ١٩٨٩ لە کۆنگرەی دەیەمدا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا، لە ساڵی ٢٠٠٣ بوو بە بەرپرسی لقی ١٤ی موسڵ. ساڵی 2009 بە فەرمانی کۆماری وەک باڵیۆز لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەستنیشانکرا. ساڵی ٢٠١٠ نوێنەری کۆنگرەی سێزدەهەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە لە شاری هەولێر. ساڵی ٢٠١٠ لە کۆنگرەی سێزدەهەمدا مەدالیای نەمری بارزانی وەرگرتووە.
ژیاننامە
شەوکەت یەعقوب بازید لە ساڵی 1947 لە شارۆچکەی بامران سەر بە پارێزگای دهۆک لەدایک بووە. لە ساڵی 1963 بووەتە خوێندکاری ئامادەیی لە قوتابخانەی پۆست مەرکەزی لە دهۆک. ناوبراو بە تۆمەتی ئەندامێتی لە یەکێتی قوتابی (خوێندکاران)ی کوردستان، لەلایەن دادگای سەربازی هەمیشەیی شاری موسڵ، ساڵ و نیو زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا. ساڵی ١٩٦٥ لە کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی موسڵ وەرگیراوە. ساڵی 1971 بووەتە ئەندامی دەستەی کارگێڕی کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی موسڵ سەر بە لقی نەینەوای یەکێتی قوتابی کوردستان. لە ساڵی ١٩٧٢ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە پزیشکی ڤێتێرنەری لە زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە. زمانی کوردی، عەرەبی، فارسی و ئینگلیزی شارەزایە.
لاپەڕەی کار
لە ساڵی 1962 لە قۆناغی ئامادەکاری قوتابخانەی پۆست ناوەند لە دهۆک پەیوەندی بە ڕیزەکانی یەکێتی قوتبی کوردستانەوە کردووە. لە ساڵی 1970 شەوکەت یەعقوب بازید بووە ئەندامی لیژنەی ناحیەی موسڵ لە لیژنەی یەکگرتوو. لە کاتی ڕاپەڕینی ٧ی تەمووزی ١٩٧٢دا پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەوە کردووە. ساڵی 1973 بووەتە بەرپرسی فەرماندەیی ڤێتێرنەری چۆمان لە سنووری پارێزگای هەولێر. ساڵی 1975 دوای شکستی شۆڕشی ئەیلول، کۆچی کرد بۆ شاری شاهنیشین لە ئێران. ساڵی 1975 بووەتە بەرپرسی کەمپی پەنابەرانی ڕەبەت لە ئێران. ساڵی 1975 لە بنکەی ڤێتێرنەری نەخێدە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاری کردووە. ساڵی ١٩٧٥ وەک وەرگێڕی خۆبەخش و سەرپەرشتیاری تاقیکردنەوەکان لە قوتابخانەی ناوەندی زیمناکۆ و قوتابخانەی پۆست سەنتەری زیمناکۆ لە کەمپی پەنابەرانی زێوە لە باشووری کوردستان کاری کردووە، هەروەها سەرپەرشتی چاپکردنی بڕوانامەی دەرچوون بووە. لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٥دا گواستراوەتەوە بۆ شاری قەزڤین لە ناوەڕاستی ئێران و بۆ ماوەیەکی کاتی لە بنکەی ڤێتێرنەری ئەم شارە و دواتر لە پەیمانگای کشتوکاڵ و پیشەسازی (کاف برایان) جێگیر بووە.
ساڵی 1979 بووەتە ئەندامی کۆنگرەی هەشتەم لە تاران. ساڵی 1986 بووەتە ئەندامی کۆنفرانسی پشتیوانی گەلی عێراق لە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران. لە ساڵی ١٩٨٩ لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەی دەیەمەوە بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا. لە ١٣ی کانوونی دووەمی ١٩٩٠ وەک ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی ئێرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەستنیشان کرا. لە ساڵی ١٩٩١ بووەتە سەرۆکی قوتابخانەی پەیوەندییەکان. ساڵی 1993 نوێنەری کۆنگرەی یازدەهەمی پارتی دیموکراتی کوردستان - یەکگرتوو بووە لە هەولێر. ڕۆژی سێشەممە 12ی تشرینی دووەمی 1994 لەگەڵ سەرۆک مەسعوود بارزانی سەردانی محەمەد ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کرد. ساڵی 1999 نوێنەری لیژنەی یەکەمی قەزای دهۆک بووە لە کۆنگرەی دوانزەهەمی پارتی دیموکراتی کوردستان. ڕۆژی 31ی ئەیلولی 2003 بە سەرۆکی لیژنەی قەزای 14ی موسڵ دەستنیشانکرا. ساڵی ٢٠١٠ نوێنەری کۆنگرەی سێزدەهەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە لە شاری هەولێر. لە 15ی 1ی 2010، بەهۆی کار و خۆڕاگری لە شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی گوڵان و قۆناغی ڕاپەڕینی باشووری کوردستان و قۆناغی سەروەری، لەلایەن سەرۆک مەسعوود بارزانی، مەدالیای بارزانی نەمری پێبەخشرا.
سەرچاوە:
1- ئەرشیفی کۆمیتەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.




