سەلیم ئیحمەد سەلیم ڕێشۆ لە ساڵی 1914 لە گوندی چییە سەر بە ناوچەی نێروێ و ڕێکان سەر بە قەزای ئامێدی پارێزگای دهۆک لە دایکبووە.
لە ساڵی 1945 بەشداری شۆڕشی دووەمی بارزان کردووە، لە ساڵی 1961 لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلولدا پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی شۆڕشەوە کردووە و بەشداری شەڕی دۆڵی زاویتە و شەڕی بەهدینان دەکات لە ساڵانی 1961-1962 بۆ دەرکردنی سوپای عێراق و هێزەکانی ناوچەکە. سینار ئەحمەدی برای لە ساڵی 1961 شەهید بوو.
ساڵی 1962 پەیوەندی بە مەلا مستەفا بارزانییەوە کردووە لە قەزای سۆران و دەڤەری بەلەک. بەشداری لە شەڕەکانی سۆفییەکان لە سەردەمی شێخ ڕەشید لۆلان و شەڕی سەفین کردووە. لە ساڵی 1965 لە شەڕی قەردەکس، شەڕی پیرەمەگرون، شەڕی سێرێ سپیلک، شەڕی کەڤاڕەش، شەڕی دێرێ لە ناوچەی ئامێدی، شەڕی گەلیێ عەلی بەگ لە ناحیەی دیانا و ناوچەی دۆسکی بەشداری کردووە. ساڵی 1975 دوای شکستی شۆڕشی ئەیلول کۆچ دەکات بۆ ئێران و لە شاری نەخێدە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشتەجێ دەبێت و لەوێ لەگەڵ بنەماڵەکەی گواسترایەوە بۆ شاری سەبزێوەری سەر بە پارێزگای خوراسان و دواجار بۆ شاری شەرودی سەر بە پارێزگای سیمیان.
لە ساڵی ١٩٧٧ بەشداری شۆڕشی گوڵان کردووە و لە هەمان ساڵدا یەکێک لە کوڕەکانی بە ناوی حاجی سەلیم شەهید بووە. لە ساڵی 1982 بە سەرکردایەتی ئیدریس بارزانی لەگەڵ دوو کوڕ و کوڕەزایەکی و ژمارەیەک چەکداری دیکەی پێشمەرگە گەڕایەوە دۆڵی ڕەش و چیای برادۆست و ناحیەی شواکورک و وەک مەفرەزەیەکی گەڕۆک هێرشیان کردە سەر دوژمن. ساڵی 1991 گەڕایەوە باشووری کوردستان و بەشداری لە ڕاپەڕینی گەلی کوردستان لە دژی دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی حکومەتی عێراق کرد.
لە 16ی ئابی 1996، لە 50 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لایەن سەرۆک مەسعوود بارزانی، مەدالیای شەرەفی بارزانی پێبەخشرا، بەهۆی خزمەتەکانی بە کورد و کوردستان و میتۆدی بارزانی. لە ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٥ بەهۆی نەخۆشیەوە کۆچی دوایی کرد.
سەرچاوە:
1. ئەرشیفی کۆمیتەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.



