دوای ئەوەی حزبی بەعس بە کودەتای سەربازیی مانگی تەمموزی ساڵی 1968 هاتە سەر دەسەڵات لە عێراق، دیسان شەڕ و هێرشەکانی بۆ سەر کوردستان توندتر کردەوە. ناوچەی بێهدینان یەکێک بوو لەو ناوچانەی کە سوپای عێراق بەمەبەستی کۆنترۆڵکردن و لابردنی هەموو ئاستەنگەکانی بەردەم ئەو دەسەڵاتە سەربازییەی کە چەند ساڵێک بوو خەبات و شەڕیان بۆ دەکرد، هێرشی کرایە سەر. بۆ ئەو مەبەستەش چەندین هێرشیان کردە سەر زۆرێک لە ناوچەکانی کوردستان و چەندین کەسی مەدەنی بێ تاوانیان کوشت و کۆمەڵکوژیان کرد. چیرۆکی گوندی مەسیحی سۆریا یەکێک بوو لەو زنجیرە تاوان و کۆمەڵکوژی و هەژاریانەی کە سوپای دڕندەی عێراق بەمەبەستی پاراستن و بەهێزکردنی پێگەی خۆی لەدژی سەرکردایەتی گەلی کورد و شۆڕشی کورد ئەنجامیدا.
سۆریا گوندێکی بچووکە لە دەشتی سیلڤانێیان سەر بە قەزای زاخۆ و چەند کیلۆمەترێک لە پێشەبوورەوە دوورە. دەکەوێتە کەناری چەپی ڕووباری دیجلە لە سێگۆشەی سنووری سوریا-تورکیا-عێراق. ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی ٢٠ خێزان بووە، کە زۆربەیان مەسیحی بوون، کە خەریکی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بوون.
لە 16ی ئەیلولی ساڵی 1969 لەسەر ڕێگای سەرەکی نزیک گوندەکە مینێک بە ئۆتۆمبێلێکی سوپای عێراق تەقیەوە و سەرجەم سەرنشینەکانی کوژران و برینداربوون. یەکێک لە کوژراوەکان ئەفسەرێکی سەربازییە بە ناوی عەبدولوەهاب عەبدولکەریم. بەو پێیەی گوندەکە نزیک بوو لە شوێنی ڕووداوەکە، دەستبەجێ هێزێکی سەربازی گەورە بە بیانووی تۆڵەسەندنەوە ڕەوانەی گوندەکە کران. کاتێک خەڵکەکە بینیان کاروانە سەربازییەکە بەرەو گوندەکەیان دەڕوات، موختاری گوندەکە و قەشە ئاینیەکە و شوفێرەکەی کە وەک میوان سەردانی گوندەکەیان کردبوو، دەچن بۆ پێشوازی لە سوپای عێراق. هێزەکانی سوپای عێراق بە فەرماندەیی عەقید عەبدولکەریم لە فەوجی 4ی لیوای 23، کاتێک گەیشتنە میوانداری گوندەکە، بەبێ لێپرسینەوە و ڕوونکردنەوە و گوێگرتن ئەو سێ کەسەیان دەستگیرکرد و فەرمانیان کرد کە تەقەیان لێبکرێت و لەناو حەوزێکی خوێندا بەجێبهێڵن.
پاشان گوندەکەیان گەمارۆدا و بە زۆر خەڵکی گوندەکەیان بە ژن و منداڵ و گەورە و کۆرپە لە ماڵەکانیان دوورخستەوە و لە سیاجێکدا بەستنەوە و دەستگیریان کرد، پاشان بێ بەزەییانە تەقەیان لێکردن و کۆمەڵکوژیان کرد. ئەفسەرە سەربازییەکەی بەعس هەر بەوەوە نەوەستا، تەرمەکانی گەڕان و تەقەی لە مێشکی ڕزگاربووان کرد و کۆمەڵکوژی کرد تا هەموو ئەوانەی لە سیاجەکەدا گیریان خواردبوو، گیانیان لەدەستدا. پاشان فەرمانی سووتاندنی خانوو و وێرانکردنی گوندەکەی دەرکرد. ئەمەش یەکێکی تر بوو لە سیاسەتە پلان بۆ داڕێژراوەکانی ڕژێمی بەعس لە گوندەکانی کوردستان بۆ لەناوبردنی ژێرخانی ئابووری کە بە سیاسەتی سووتاندنی زەوی ناسراوە. لە کاتی سوتاندنی گوندەکەدا ٥ منداڵیان لە کۆگایەکی دانەوێڵە دۆزیوەتەوە و هەر پێنج منداڵەکەیان تەقەیان لێکردووە. هەر بەوەوە نەوەستاون، تەرمی شەهیدانیان گەڕا و سوکایەتیان پێکردن و دەستیان کرد بە تاڵانکردنی زەڕەنگەری ژنەکان، مەچەک و ئەڵقەیان بڕی بۆ دەرهێنانی ئەڵقە و ملوانکەیان.
کۆی گشتی قوربانییەکان ٣٩ کەس بوون کە ٩ ژن و ١١ منداڵن. هەموویان لە دوو چاڵدا بە خاک سپێردرابوون، یەکێکیان بۆ ژن و ئەوی دیکەیان بۆ پیاو، لە نزیک گوندەکە. بێگومان ئه وه ی له ئۆپه ڕاسیۆنی سه ڕبازی سوپای عێراق له دژی خه ڵکی سڤیل و که سانی بێتاوانی وه ک ژن و منداڵ ده بینرێت، تاوانێکه که هه موو سنووره کانی ویژدانی مرۆڤی تێپه ڕاندووه ، به ڕێژه ی دڕندانه ترین جینۆساید دژ به مرۆڤایه تی له ته واوی سه ده ی ڕابردوودا.
سەرچاوە:
-
مەسعوود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕشی ئەیلولی ١٩٦١-١٩٧٥، ژمارە ١، ٢٠٠٤.
-
هۆجین مەسعوود سێرنی، شۆڕشی ئەیلول لە هەرێمی بێهدینان 1961-1975، چاپی یەکەم، 2018.
-
ئاری کەریم، چەند لاپەڕەیەکی زیندوو لە شۆڕشی ئەیلولدا، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی خێبات، دهۆک 1999.
-
ئیبراهیم سێلال، باشووری کوردستان و شۆڕشی ئەیلول: بیناسازی و کاولکاری 1961-1975، چاپی چوارەم، 2021.
-
هاوکار کەریم هێما شەریف، شۆڕشی ئەیلولی ١٩٦١-١٩٧٠، چاپی یەکەم - چاپخانەی زانکۆی سەلاحەدین، هیولەر، ٢٠١٢.

