کۆنفرانسی بەغدا

كۆنفرانسی به‌غدای پارتی دیموكراتی كوردستان (كۆنفرانسی به‌غدای پارتی دیموكراتی كوردی عێراق - سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٥٠) ئه‌م كۆنفرانسه‌ له‌ لایه‌ن لێژنه‌ ناوچه‌ی به‌غداوه‌ به‌سترا، وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی كۆیه‌ی ساڵی ١٩٥٠ كه‌ مه‌به‌ستیان بوو كۆمیته‌یه‌كی ناوندی كاتی و ئاماده‌كاری بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ی دووه‌می پارتی بكه‌ن....


بارودۆخ و هۆكاره‌كان

له‌ ٦ی كانونی دووه‌می ١٩٤٩دا كابینه‌ی نوری سه‌عید له‌ عێراق ده‌ستبه‌كار بوو، ئه‌م كابینه‌یه‌ به‌ جاڕدانی یاسای عورفی، زه‌بری له‌ گشت حزب و ڕێكخستنه‌ نهێنی و نیشتیمانییه‌كاندا، پارتی دیموكراتی كوردیش له‌م زه‌بره‌ بێبه‌ش نه‌بوو، هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا سكرتێری پارتی دیموكراتی كورد له‌ سلێمانی گیرا و برایه‌ به‌غدا، دكتۆر جەعفەر محەمەد کەریم ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كورد ڕه‌گه‌زنامه‌ی عێراقی لێ سه‌ندرایه‌وه و بۆ ئێران دوورخرایه‌وه‌‌، ئیبراهیم ئەحمەد به‌رپرسی لێژنه‌ی ناوچه‌ی سلێمانی و عومه‌ر مسته‌فا به‌رپرسی لێژنه‌ی ناوچه‌ی به‌غدا به‌ دوو ساڵ زیندانی به‌ند كران، ڕەشید عەبدولقادر ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كورد‌ سزای سێ ساڵ به‌ندكردنی به ‌سه‌ردا سه‌پا، هه‌روه‌ها عەونی یوسف ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كورد سزای یه‌ك ساڵ و نیوی به‌ سه‌ردا سه‌پا، ژماره‌یه‌كی تریش له‌ ئه‌ندامه‌ چالاكه‌كانی پارتی له‌وانه‌ نوری ئەحمەد تەها، ساڵح دیلان، حیلمی عەلی شەریف و غه‌فور ڕه‌شید دارائاغا ده‌ستگیركران و حوكم دران، ژماره‌یه‌كیش له‌ ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی له‌وانه‌ ساڵح یوسفی و ڕه‌شید باجەلان وازیان هێنا، به‌مه‌ش ڕێكخستنه‌كان سستییان تێكه‌وت.

له‌و بارودۆخه‌دا، له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٥٠ ده‌سته‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی حزب، له‌وانه‌ عەلی عەبدوڵا (ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی)، بەکر حاجی ئیسماعیل، عەبدولکەریم تۆفیق، محەمەدئەمین مەعروف و عومه‌ر حه‌بیب عه‌بدوڵا به‌ سه‌رپه‌ر‌شتی کاکە زیادی کۆیە (جێگری دووه‌می سه‌رۆكی پارتی)، هه‌وڵیاندا كۆمیته‌یه‌كی ناوه‌ندیی كاتی دروستبكه‌ن، حزب ڕێكبخه‌نه‌وه‌ و ڕێگه‌ بۆ كۆنگره‌ی گشتیی حزب خۆشبكه‌ن، به‌ڵام ئه‌م كۆمیته‌یه‌ نه‌یتوانی ئه‌ركه‌كانی جێبه‌جێ بكات، له‌وكاته‌دا لێژنه‌ی ناوچه‌ی به‌غدا چالاكتربوو، بۆیه‌ بڕیاره‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی كۆیه‌ی په‌سه‌ند نه‌كرد و ڕاسته‌وخۆ داوای به‌ستنی كۆنگره‌ی گشتیی كرد، به‌ڵام له‌جیاتی كۆنگره،‌ كۆنفرانسی گشتی حزب به‌سترا.


به‌ستنی كۆنفرانس

به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی سلێمانی، به‌غدا، هه‌ڵه‌بجه‌، کەرکووک، موسڵ و كۆیه، هه‌روه‌ها‌ به‌ ئاماده‌بوونی عەلی عەبدوڵا و عەونی یوسف وه‌ك دوو له‌ ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی، له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٥٠ كۆنفرانس له‌ شاری به‌غدا ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كرد، له‌م كۆنفرانسه‌دا سه‌ركردایه‌تییه‌كی كاتی لاواز پێكهێنرا كه‌ بریتیبوون له‌ عەلی عەبدوڵا، عەونی یوسف، عەلی حەمدی، ساڵح ڕوشدی تاهیر، مستەفا کەریم غه‌فور، محەمەد موسا سادق فەیلی و نوری محه‌مه‌د ئه‌مین.

سه‌ركردایه‌تی كاتی نوێ بێجگه‌ له‌ عەلی عەبدوڵا، ئه‌وانی دیكه‌ زۆربه‌یان توانای كاركردنیان نه‌بوو، ساڵح ڕوشدی و مستەفا کەریم له‌ حزب هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌، محه‌مه‌د سادق هیشتا قوتابی قۆناغی ناوه‌ندیی بوو، نوری حه‌مه‌ده‌مین وازی هێنا، بۆیه‌ ئه‌م كۆنفرانسه‌ش نه‌یتوانی ئامانجه‌كانی بپێكێت.


سه‌رچاوه‌كان:

  1.  حبیب محمد كریم، تأریخ الحزب الدیمقراطي الكوردستاني ـ العراق (في محطات رئیسیة) ١٩٤٦ ـ ١٩٩٣، (دهوك ـ مطبعة خه‌بات ـ ١٩٩٨م).
  2.  مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆنگره‌ و كۆنفرانس (پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆ)، ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی رۆكسانا- ٢٠٢١).
  3.  نامه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی (پیرۆت) بۆ: سه‌ركرده‌ جه‌نه‌راڵ مسته‌فا بارزانی و هاوڕێی خۆشه‌ویست میرحاج ئه‌حمه‌د، (٥/١٠/١٩٥٥ – په‌كین)، مسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١-١٩٥٨، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ـ ٢٠٠٤ز)، به‌ڵگه‌نامه‌ی ژماره‌ ٧.
  4.  سه‌ڵاح ره‌شید، مام جه‌لال دیداری ته‌مه‌ن له‌ لاوێتییه‌وه‌ بۆ كۆشكی كۆماری، (سلێمانی – چاپخانه‌ی كاردۆ – ٢٠١٧).

بابەتی پەیوەندیدار

شۆڕشی دووەمی بارزان

دوای ئه‌وه‌ی ‌بارزانییه‌كان له‌ ساڵی ١٩٣٩ لە باشووری عێراقەوە ده‌گوازرێنه‌وه‌ سلێمانی، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی‌ بارودۆخی ژیانیان باشتر بێت، به‌ڵام بەهۆی هەڵوێستی شێخ مسته‌فا قه‌ره‌داغی، موته‌سه‌ریفی ئه‌وكاتی سلێمانی بارودۆخی گوزەرانیان خراپتر بوو، چونکە ناوبراو ڕێگای به‌ خه‌ڵكی شاری سلێمانی نەدەدا یارمه‌تییان بده‌ن.

زانیاری زیاتر

کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان

ڕۆژی ٣ی تشرینی دووه‌می ٢٠٢٢ کۆنگرەی چواردەیەم له‌ شاری دهۆك و به‌ ئاماده‌بوونی ١٠٢٢ نوێنه‌ر  له‌ كۆی ١٠٦٥ نوێنه‌ر كه‌ مافی به‌شداریكردنی كۆنگره‌یان هه‌بوو له‌ سه‌رجه‌م ڕێكخستنه‌كانی پارتی له‌ ژێر (دروشمی ئازادی، دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری) ده‌ستی به‌ كاره‌كانی خۆی كرد.

زانیاری زیاتر

پارتی دیموکراتی کوردستان

پارتی دیموکراتی کوردستان (پ.د.ك)، به‌ ڕێنووسی لاتینی (Partiya demokrata kurdestanê)، به‌ زمانی ئینگلیزی (kurdistan democratic party) و به‌ زمانی عه‌ره‌بی (الحزب الدیموقراطي الكوردستاني)، پارتێکی نیشتمانی دیموکراتیی جەماوەرییە، له‌ ڕێكه‌وتی ١٦ی ئابی ١٩٤٦ به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی له‌ شاری به‌غدا به‌ شێوه‌یه‌كی نهێنی دامه‌زرا....

زانیاری زیاتر

شۆڕشی گوڵان

شۆڕشی گوڵان- (شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتنخواز – ٢٦ی گوڵانی ١٩٧٦). ‌ له‌ لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ به‌ سه‌رپه‌ر‌شتی سەرۆک مەسعود بارزانی دژی حكوومه‌تی به‌عسی عێراق له‌ باشووری كوردستان هه‌ڵگیرسا و تا ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی ١٩٩١ به‌رده‌وام بوو.

زانیاری زیاتر

کۆنگرەی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان

كۆنگره‌ی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان - ١١ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٠ )دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عسی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ عێراق ساڵی ٢٠٠٣ و گۆڕانكاری گه‌وره‌ی سیاسی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، له‌ كه‌شێكی ئاسایی له‌ شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدرا.

زانیاری زیاتر