محەمەد مەلا قادر

محه‌مه‌د قادر ئه‌حمه‌د، ناسراو به‌ مامۆستا محه‌مه‌د مه‌لا قادر و لاجانی، ئایینزان، نووسه‌ر و سیاستمه‌دار، ساڵی ١٩٥٨ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی یه‌كگرتووی كوردستانه‌وه‌ كردووه‌، ساڵی ١٩٧٠ ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئاماده‌كاری كۆنگره‌ی هه‌شته‌می پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌....


محەمەد  قادر ئه‌حمه‌د، ناسراو به‌ مامۆستا محه‌مه‌د مه‌لا قادر و لاجانی، ئایینزان، نووسه‌ر و سیاستمه‌دار، ساڵی ١٩٥٨ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی یه‌كگرتووی كوردستانه‌وه‌ كردووه‌، ساڵی ١٩٧٠ ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئاماده‌كاری كۆنگره‌ی هه‌شته‌‌‌می پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌، له‌ كۆنگره‌ی هه‌شته‌‌‌م به‌‌ ئه‌ندامی یه‌ده‌گی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌، له‌ کۆنگرەی نۆیه‌می حزب به‌‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌ و ساڵی ١٩٨٥ به‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌، ساڵی ١٩٩٢ له‌لایه‌ن ده‌نگده‌رانی باشووری كوردستان به‌‌ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كوردستان له‌سه‌ر‌ لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ خولی یه‌كه‌م هه‌ڵبژێردراوه‌، له‌ ٢٥ی نیسانی ١٩٩٣ كراوه‌ته‌ وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئیسلامی له‌ كابینه‌ی دووه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ساڵی ٢٠٠٥ مامۆستای وانه‌ی كۆنگره‌كانی پارتی له‌ خولی یازده‌یه‌می په‌یمانگای پێگه‌یاندنی كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر بووه‌، ساڵی ٢٠٠٧ مامۆستای وانه‌ی مێژووی پارتی له‌ خولی شازده‌یه‌می په‌یمانگای پێگه‌یاندنی كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر بووه.


ژیاننامه‌

ساڵی ١٩٣٤ له‌ شاری هه‌ولێر له‌دایك بووه‌، ساڵی ١٩٦٠ به‌ مامۆستا دامه‌زراوه‌، له‌ ڕێكه‌وتی ٦ی ئه‌یلوولی ١٩٦١ به‌ مه‌به‌ستی پێشگرتنی كاروانی پۆلیسی عێراق كه‌ له‌ كه‌ركووكه‌وه‌ ده‌هاتنه‌ هه‌ولێر بۆ شكاندنی مانگرتنی هه‌ولێر به‌شداری له‌ مانگرتنی شێراوه‌دا كردووه‌، ساڵی ١٩٦٢ ئه‌ندامی لقی هه‌ولێری یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان بووه‌، ساڵی ١٩٦٢ له‌ دامه‌زرێنه‌رانی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان بووه‌، ساڵی ١٩٦٢ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی گۆڤاری ڕێژنه‌ بووه‌، ساڵی ١٩٧٥ له‌ دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول وه‌ك په‌نابه‌ر ڕووی له‌ ئێران كردووه‌ و له‌لایه‌ن سه‌رۆك مستەفا بارزانییه‌وه‌ كراوه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتیاری لێژنه‌ی سه‌رپه‌رشتی ئاواره‌كان له‌ ئێران، ڕۆژی چوارشه‌مه‌ ٦ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٩٣ له‌ خاڵی سنووری باشماخ له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی وه‌ك وه‌زیری ئه‌وقافی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ كه‌ژاوه‌ی سه‌رۆك مستەفا بارزانی (١٩٠٣-١٩٧٩) و ئیدریس بارزانى (١٩٤٤-١٩٨٧) كرد كه‌ له‌ كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ به‌ره‌و دوامه‌نزڵگه‌یان له‌ گوندی بارزانی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ بوون، له‌ ڕۆژی سێشه‌مه‌ی ١٤ی كانوونی دووه‌می ٢٠١٩ له‌ شاری هه‌ولێر كۆچی دوایی كردووه‌، ڕۆژی چوارشه‌مه‌ی ١٥ی كانوونی دووه‌می ٢٠١٩ له‌لایه‌ن سه‌رۆك مەسعود بارزانییه‌وه‌ پرسه‌ ئاراسته‌ی خانه‌واده‌ی كرداوه‌. شاره‌زای زمانه‌كانی كوردی، عه‌ره‌بی و فارسی بووه‌.


خه‌باتنامه

یه‌كێك بووه‌ له‌ هه‌وادارانی حزبی شیوعی عێراق، به‌ڵام ساڵی ١٩٥٦ له‌ هه‌واداری حزبی شیوعی عێراقی دووركه‌وته‌وه‌، ساڵی ١٩٥٦ له‌ دامه‌زرێنه‌رانی یه‌كێتی فه‌قێیانی كوردستان بووه‌ له‌ شاری هه‌ولێر، ساڵی ١٩٥٦ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستانه‌وه‌ كردووه‌، ساڵی ١٩٥٨ به‌ بۆنه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رۆك مستەفا بارزانی (١٩٠٣-١٩٧٩) له‌ یه‌كێتی سۆڤێت سه‌رۆكایه‌تی شاندێكی هه‌ولێری كردووه‌ بۆ دیداری سه‌رۆك بارزانی له‌ شاری به‌غدا، ساڵی ١٩٥٨ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی پارتی دیموکراتی یه‌كگرتووی كوردستانه‌وه‌ كردووه‌، ساڵی ١٩٦٠ به‌رپرسی به‌شی ڕێكخستنی لێژنه‌ی ڕێكخراوی ده‌شتی هه‌ولێری سه‌ر به‌‌ لێژنه‌ی هه‌ولێری سه‌ر به‌ لێژنه‌ی لقی دوو بووه‌، ساڵی ١٩٦٠ نوێنه‌ری كۆنگره‌ی پێنجه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌، ساڵی ١٩٦٤ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ كردووه‌، ساڵی ١٩٦٤ له‌ كاتی لێكترازانی پارتی دیموكراتی كوردستان دژ به‌ بڕیاره‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی ماوه‌ت كه‌ له‌لایه‌ن باڵی مه‌كته‌بی سیاسی سازدرا بوو وه‌ستا و پشتگیری باڵی سه‌رۆك مستەفا بارزانی كرد، له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئایاری ساڵی ١٩٦٤ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی ئاماده‌كاری كۆنگره‌ی شه‌شه‌م بووه‌، ساڵی ١٩٦٤ به‌ ده‌نگی ئه‌ندامانی كۆنگره‌ی شه‌شه‌‌م به‌ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی باڵای چاودێری و پشكنینی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژیردراوه‌ و هه‌مانساڵ نوێنه‌ری كۆنگره‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له‌ كوردستانی عێراق بووه‌.

له‌ كۆتایی ساڵی ١٩٦٤ به‌ كارگێڕی ستافی پێنجه‌می لێژنه‌ی لقی دوو ده‌ستنیشان كراوه‌، ساڵی ١٩٦٤ به‌ به‌رپرسی لێژنه‌ی ناوچه‌ی كۆیه‌ سه‌ر به‌ لێژنه‌ لقی دوو ده‌ستنیشانكراوه‌، له‌ مانگی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٦٥ به‌ ئه‌ندامی لێژنه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی پیتاك له‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی شاری هه‌ولێر بووه‌ بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی سنووری هه‌ولێر و ئه‌م كاره‌ به‌ هاوكاری پارێزه‌ر موحسین دزه‌یی به‌ سه‌ركه‌وتووی به‌ ئه‌نجام گه‌ێشتووه‌، له‌ مانگی ئه‌یلوولی ١٩٦٥ به‌ كارگێڕی ستافی شه‌شه‌می لێژنه‌ی لقی دوو ده‌ستنیشان كراوه، له‌ ١٣ی ئاداری ١٩٦٥ به‌شداری له‌ شه‌ڕی سه‌له‌ (هه‌ولێر)دا كردووه‌، ساڵی ١٩٦٥ به‌شداری داستانی سه‌فینی كردووه، ساڵی ١٩٦٦ به‌رپرسی لێژنه‌ی ناوچه‌ی هه‌ولێری سه‌ر به‌ لێژنه‌ی لقی دوو بووه‌‌، هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ ئه‌ركی به‌رپرسی لێژنه‌ی ناوچه‌ی كفری و كارگێڕی لێژنه‌ی لقی سێ وه‌رگرتووه‌، ساڵی ١٩٦٦ ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئاماده‌كاری كۆنگره‌ی حه‌وته‌‌‌می پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌، ساڵی ١٩٦٧ كراوه‌ته‌ به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر له‌ شۆڕشی ئەیلوولدا، ساڵی ١٩٦٧ به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی به‌ مه‌به‌ستی به‌هێزكردنی ڕێكخستنه‌كان وه‌ك به‌رپرسی لێژنه‌ی ڕێكخراوی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران له‌ لێژنه‌ی ناوچه‌ی هه‌ولێری سه‌ر به‌ لێژنه‌ی لقی دوو ده‌ستنیشان كراوه‌، ساڵی ١٩٦٧ بۆ جاری سێیه‌م به‌ كارگێڕی ستافی هه‌شته‌می لێژنه‌ی‌ لقی دوو ده‌ستنیشان كراوه‌، له‌ مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی ١٩٦٧ سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری سه‌فین ئۆرگانی لێژنه‌ی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌، ساڵانی (١٩٦٧-١٩٦٨) به‌ نازناوی لاجانی هۆنراوه‌ی له‌ گۆڤاری سه‌فینی له‌ چاپ داوه‌.

له‌ ڕێكه‌وتی ١٥ی نیسانی ١٩٦٧ نوێنه‌ری كۆنفڕانسی سه‌ربازی ـ ڕامیاری كانی سماق له‌ گوندی ڕێزانۆكی پارێزگای هه‌ولێربووه‌ و هه‌ر له‌ ساڵی ١٩٦٧ بۆ ماوه‌ی ساڵێك له‌ شاری هه‌ولێر بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ڕێكخستنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان ژیانی نهێنی به‌سه‌ر ده‌باتن، له‌ كۆتایی ساڵی ١٩٦٨ له‌لایه‌ن به‌شی زانیاری و ته‌ندروستی نووسینگه‌ی جێبه‌جێكاری (المكتب التنفیذي) سه‌ر به‌ ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له‌ كوردستانی عێراق به‌ به‌ڕیوه‌به‌ری په‌وره‌رده‌ی هه‌ولێر دامه‌زراوه‌، ساڵی ١٩٦٨ بۆ جاری چواره‌م به‌ كارگێڕی ستافی نۆیه‌می لێژنه‌ی لقی دوو ده‌ستنیشان كراوه‌، ساڵی ١٩٦٨ خولی ئه‌ندازه‌ی ته‌قه‌مه‌نی بینیوه‌، له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٦٩دا بۆ جاری پێنجه‌م به‌ كارگێڕی ستافی ده‌یه‌می لێژنه‌ی لقی دوو ده‌ستنیشان كراوه‌، له‌ كۆتایی ساڵی ١٩٦٩ بۆ جاری شه‌شه‌م به‌ كارگێڕی لقی دوو ده‌ستنیشان كراوه‌، ساڵی ١٩٧٠ ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئاماده‌كاری كۆنگره‌ی هه‌شته‌‌‌می پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌، ساڵی ١٩٧٠ له‌ كۆنگره‌ی هه‌شته‌‌‌م له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ به‌‌ ئه‌ندامی یه‌ده‌گی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان  هه‌ڵبژێردراوه‌، له‌ ٢١ی ئه‌یلوولی ١٩٧٠ نوێنه‌ری كۆنگره‌ی یه‌كه‌می یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان بووه‌ له‌ گه‌ڵاڵه‌، ساڵی ١٩٧٠ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری لقی هه‌ولێری یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد بووه‌، ساڵی ١٩٧٠ بووه‌ته‌ ئه‌ندامی لقی هه‌ولێری یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد، له‌ كۆتایی ساڵی ١٩٧٠ به‌ جێگری به‌رپرسی لێژنه‌ی لقی دوو ده‌ستنیشان كراوه‌، له‌ ٢٤ی حوزه‌یرانی ١٩٧١ وه‌ك نوێنه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان به‌شداری له‌ میهره‌جانی حاجی قادری كۆیی له‌ شارۆچكه‌ی كۆیه‌ كردووه‌، له‌ ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٧٢ له‌ ڕۆژی شه‌هید به‌ نوێنه‌رایه‌تی لێژنه‌ی لقی دوو به‌شداری مه‌راسیمی چوار ئه‌فسه‌ری شه‌هید و سه‌ركرده‌ی پارتی له‌ گۆڕستانی ته‌یراوه‌ له‌ شاری هه‌ولێر كردووه و وتاری خوێندووه‌ته‌وه‌، ساڵی ١٩٧٢ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی ئاشتی و هاریكاری عێراقی (هیئة السلم و التضآمن العراقي) بووه‌‌، له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٧٣دا له‌ ستافی ده‌یه‌می لێژنه‌ی لقی دوو به‌ به‌رپرسی لێژنه‌ی لق ده‌ستنیشان كراوه، ڕۆژی دووشه‌مه‌ی ٥ی شوباتی ١٩٧٣ به‌ نوێنه‌رایه‌تی لێژنه‌ی لقی دوو وتاری له‌ كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێری خوێندووه‌ته‌وه‌‌، له‌ ڕۆژی چوارشه‌مه‌ی ٢١ی ئاداری ١٩٧٣ وه‌ك نوێنه‌ری لێژنه‌ی لقی دوو وتاری له‌ ئاهه‌نگی نه‌ورۆزی به‌ستۆره‌ی نزێكی شاری هه‌ولێر خوێندووه‌ته‌وه‌‌.

له‌ كۆتایی ساڵی ١٩٧٣ له‌ ستافی چوارده‌یه‌می لێژنه‌ی لقی دوو ده‌ستنیشان كراوه‌، له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٧٤دا له‌ ستافی پانزه‌یه‌می لێژنه‌ی لقی دوو بۆ یه‌كه‌مین جار به‌ به‌رپرسی لێژنه‌ی لق ده‌ستنیشان كراوه‌‌، له‌ ١ی ئاداری ١٩٧٤ وه‌ك نوێنه‌ری لێژنه‌ی لقی دوو به‌شداری له‌ ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌ی كۆنگره‌ی سێیه‌می یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر كردووه‌، له‌ ١ی كانوونی دووه‌می ١٩٧٥ كراوه‌ته‌ به‌رپرسی لێژنه‌ی‌ لقی یه‌ك (دهۆك مۆسل)، ساڵی ١٩٧٥ دوای نسكۆ ئاواره‌ی ئێران بووه‌، له‌ دوای نسكۆ ڕۆڵێكی به‌رچاوی بینیوه‌ له‌ هه‌ناردنی پێشمه‌رگه‌ بۆ باشووری كوردستان، له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی ١٩٧٧ له‌ ژێر سه‌رپه‌رشتی ئیدریس بارزانیدا به‌شداری له‌ كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی كه‌ره‌ج كردووه‌ به‌ مه‌به‌ستی هاوكاریكردنی سه‌ركردایه‌تی كاتیی پارتی دیموكراتی كوردستان و سه‌رپه‌رشتی په‌نابه‌رانی باشووری كوردستان له‌ ئێران، ساڵی ١٩٧٩ ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئاماده‌كاری کۆنگرەی نۆیه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌، ساڵی ١٩٧٩ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ به‌‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ کۆنگرەی نۆیه‌م هه‌ڵبژێردراوه‌، له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٨١دا له‌ ستافی پانزده‌یه‌می لێژنه‌ی لقی دوو بۆ جاری دووه‌م به‌ به‌رپرسی لێژنه‌ی لق ده‌ستنیشان كراوه‌، له‌ ڕێكه‌وتی ١٢ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٨٣ سه‌رپه‌رشتیاری لێژنه‌ی ڕێكخراوی باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی بووه‌.

ساڵی ١٩٨٤ بووه‌ته‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ ڕێكه‌وتی ١٦ی ته‌ممووزی ١٩٨٥ به‌ ئه‌ندامی به‌شی ڕێكخستن و سه‌ر‌په‌رشتیاری ئیداره‌ی مه‌كته‌بی سیاسی و به‌رپرسی به‌شی ته‌ندروستی و به‌رپرسی به‌شی شه‌هیدان ده‌ستنیشان كراوه‌، مامۆستای زۆربه‌ی خوله‌كانی په‌یمانگای پێگه‌یاندنی كادیران له‌ قۆناغی شۆڕشی گوڵاندا بووه‌‌، له‌ ٣٠ی تشرینی دووه‌می ١٩٨٥ به‌ڕێوه‌به‌ر و مامۆستای وانه‌ی ڕێكخستنی پارتایه‌تی و پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ خولی هه‌شته‌می په‌یمانگای كادیری پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ گوندی ڕاژانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بووه‌، ساڵی ١٩٨٥ به‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌، له‌ كۆتایی ساڵی ١٩٨٦دا له‌ ستافی بیست و یه‌كه‌می لێژنه‌ی لقی دوو بۆ جاری سێیه‌م به‌ به‌رپرسی لێژنه‌ی لق ده‌ستنیشان كراوه‌، له‌ ١٧ی ئابی ١٩٨٧دا به‌شداری له‌ پاككردنه‌وه‌ی سه‌نگه‌ره‌كانی سوپای عێراق له‌ ڕێگای هیران له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر‌ كردووه‌، له‌ ٢٢ی شوباتی ١٩٨٨ فه‌رمانده‌ی شه‌ڕی سه‌ری نوسه‌ك بووه‌‌، ساڵی ١٩٨٨ كراوه‌ته‌ به‌رپرسی لێژنه‌ی‌ لقی هه‌شت له‌ ئێران، ساڵی ١٩٨٩ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ به‌‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ کۆنگرەی دەیەم هه‌ڵبژێردراوه‌، ساڵی ١٩٨٩ سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری ڕزگاری بووه‌ كه‌ له‌ لێژنه‌ی لقی هه‌شت  له‌ و‌ڵاتی ئێران ده‌رده‌چوو.

ساڵی ١٩٩١ به‌رپرسی میحوه‌ری هه‌ولێری پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌، له‌ ڕاپه‌ڕینی باشووری كوردستان، ساڵی ١٩٩١ به‌شداری له‌ ئازادكردنی شاری كه‌ركووكدا كردووه‌، له‌ ٢٠ی ته‌موزی ١٩٩١ ئه‌ندامی لێژنه‌ی سه‌رپه‌رشتی پێكهێنانی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان بووه‌، له‌ ڕۆژانی ١٥ تا ١٧ی تشرینی دووه‌می ١٩٩١ به‌ سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئاماده‌كاری كۆنگره‌ی حه‌وته‌می یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد ده‌ستنیشان كراوه‌‌، له‌ ٢٠ی تشرینی دووه‌می ١٩٩١ وتاری سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌ كۆنگره‌ی دووه‌می یه‌كێتی زانایانی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر پێشكه‌ش كردووه‌، له‌ ١٦ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٩١ تا ١٨ی شوباتی ١٩٩٢، ساڵی ١٩٩٢ له‌لایه‌ن ده‌نگده‌رانی باشووری كوردستان به‌‌ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كوردستان له‌سه‌ر‌ لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ خولی یه‌كه‌م هه‌ڵبژێردراوه‌، ڕۆژی دووشه‌مه‌ی ٢٧ی نیسانی ١٩٩٢ سه‌رپه‌رشتی سازدانی كۆنگره‌ی یه‌كه‌می یه‌كێتی ئه‌ندازیارانی كوردستانی له‌ شاری هه‌ولێر كردووه‌، له‌ ١ی ته‌ممووزی ١٩٩٢ وتاری له‌ ڕۆژنامه‌ی خه‌بات ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاو كردووه‌ته‌وه‌‌، له‌ ٢٠ی ئابی ١٩٩٢ به‌ نوێنه‌رایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌شداری كردنه‌وه‌ی كۆنگره‌ی یه‌كه‌می حزبی یه‌كگرتنی كوردستانی كرد، له‌ ٢٥ی نیسانی ١٩٩٣ كراوه‌ته‌ وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئیسلامی له‌ كابینه‌ی دووه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ مانگی ته‌ممووزی ساڵی ١٩٩٣ به‌ سه‌رۆكی لێژنه‌ی باڵای كۆنگره‌ی یازده‌یه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو ده‌ستنیشانكراوه‌، ساڵی ١٩٩٣ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی کۆنگرەی یازده‌یه‌‌م به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو هه‌ڵبژێردراوه‌، له‌ ١٦ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٩٣ وه‌ك وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شداری ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌ی كۆنگره‌ی ئازادی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان و یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێری كردووه‌، له‌ ڕۆژی سێشه‌مه‌ ٢٦ی ته‌ممووزی ١٩٩٤ له‌ شار هه‌ولێر وه‌ك نوێنه‌ری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو به‌شداری له كردنه‌وه‌ی‌ كۆنگره‌ی دووه‌می حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستاندا كردووه و تاری خوێندووه‌ته‌وه‌‌، ساڵی ١٩٩٤ له‌ ده‌ستپێكی شه‌ڕی ناوخۆدا شاناز حه‌مه‌دی هاوسه‌ری له‌ هێرشی هێزه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بۆ سه‌ر ماڵه‌كه‌ی شه‌هید بووه‌‌، له‌ ١١ی ئابی ١٩٩٤ وتاری له‌ هه‌فته‌نامه‌ی گوڵان له‌ چاپ داوه‌، له‌ ١٦ی ئابی ١٩٩٦ له‌به‌ر خزمه‌تی له‌ شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشی گوڵان و ڕاپه‌ڕینی باشووری كوردستان له‌ یۆبیلی زێڕینی پارتیدا له‌لایه‌ن سه‌رۆك مه‌سعود بارزانییه‌وه‌ میدالیای بارزانی نه‌مری پێ به‌خشراوه‌.

ساڵی ١٩٩٦ جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بووه‌ به‌ وه‌كاله‌ت، ساڵی ١٩٩٧ مامۆستای وانه‌ی پڕۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆی پارتی دیموكراتی كو‌ردستان له‌ خولی ده‌یه‌می په‌یمانگای كادیری پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر بووه‌، ساڵی ١٩٩٨ له‌ گۆڤاری ده‌نگی ئافره‌ت ئۆرگانی مه‌كته‌بی سكرتاریه‌تی یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان وتاری بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، ساڵی ١٩٩٨ له‌ گۆڤاری نووسه‌ری نوێ ئۆرگانی یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد لقی هه‌ولێر وتاری بڵاو كردووته‌وه‌، ساڵی ١٩٩٨ مامۆستای وانه‌ی مێژووی پارتی له‌ خولی یازده‌یه‌می په‌یمانگای كادیری پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر بووه‌، ساڵی ١٩٩٩ له‌ کۆنگرەی دوازدەیەم له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و دواتر ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌، له‌ ٢ی تشرینی دووه‌می ١٩٩٩ بۆ جاری دووه‌م كراوه‌ته‌وه‌ به‌رپرسی لێژنه‌ی لقی یه‌كی دهۆك، ڕۆژی چوارشه‌مه‌ی ٤ ته‌ممووزی ٢٠٠٠ به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی به‌شداری ئاهه‌نگی ده‌رچوونی خولی پێنجه‌می زانكۆی دهۆكی كردووه، له‌ ڕۆژانی ٣ تا ٥ی تشرینی دووه‌می ٢٠٠٢ به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی به‌شداری كۆنگره‌ی هه‌ژار موكریانی كردووه‌ كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ له‌ شاری هه‌ولێر ساز درا بوو، له‌ ڕۆژی سێشه‌مه‌ی ٢٠ی ئایاری ٢٠٠٣ له‌ شاری دهۆك وه‌ك به‌رپرسی لێژنه‌ی لقی یه‌كی دهۆك به‌شداری كردنه‌وه‌ی مه‌ڵبه‌ندی بادینانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانی كرد، له‌ ١٤ی شوباتی ٢٠٠٤ تا ١٤ی نیسانی ٢٠٠٤ مامۆستای وانه‌ی مێژووی كۆنگره‌كانی پارتی له‌ خولی چوارده‌یه‌می په‌یمانگای پێگه‌یاندنی كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر بووه‌‌، له‌ ڕۆژی چوارشه‌مه‌ ١٨ی شوباتی ٢٠٠٤ بۆ لێژنه‌ی لقی یه‌كی دهۆك گواستراوه‌ته‌وه، له‌ ڕۆژی شه‌مه‌ ١٦ی ئایاری ٢٠٠٤ نوێنه‌ری كۆنگره‌ی سه‌روه‌ری و دیموكراسی بووه‌ له‌ شاری هه‌ولێر‌‌، ساڵی ٢٠٠٥ به‌ به‌رپرسی ده‌سته‌ی ناوه‌ندی پشكنین و چاودێری دامه‌زراوه، ساڵی ٢٠٠٥ مامۆستای وانه‌ی كۆنگره‌كانی پارتی له‌ خولی یازده‌یه‌می په‌یمانگای پێگه‌یاندنی كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر بووه‌، ساڵی ٢٠٠٧ مامۆستای وانه‌ی مێژووی پارتی له‌ خولی شازده‌یه‌می په‌یمانگای پێگه‌یاندنی كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر بووه‌‌.

له‌ ڕێكه‌وتی ٤ی ئابی ٢٠١٠ به‌شداری له‌ كردنه‌وه‌ی كۆنگره‌ی حه‌وته‌می یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر كردووه‌، له‌ ساڵی ٢٠١٠ له‌ كۆنگره‌ی سێزده‌یه‌‌مدا خۆی بۆ ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان پاڵاوتووه‌ و ده‌رنه‌چووه، ساڵی ٢٠١٢ مامۆستای وانه‌ی مێژووی پارتی له‌ خولی حه‌ڤده‌یه‌می په‌یمانگای پێگه‌یاندنی كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر بووه‌، له‌ ٢٠ی كانوونی دووه‌می ٢٠١٢ تا ٥ی ئابی ٢٠١٣ مامۆستای وانه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ خولی هه‌ژده‌یه‌می په‌یمانگای پێگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر بووه‌، ساڵی ٢٠١٣ مامۆستای وانه‌ی مێژووی پارتی له‌ خولی نۆزده‌یه‌می په‌یمانگای پێگه‌یاندنی كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر بووه‌.


له‌ به‌رهه‌مه‌كانی:

  1. په‌ندنامه‌ی ئاواره‌ ـ ١٩٨٥.
  2. كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ كوردستاندا ـ ١٩٩٨.
  3. خه‌باتنامه،‌ كورته‌ مێژووی پارتی و كه‌لتوری بارزانی نه‌مر ـ (چاپی یه‌كه‌م ـ  ٢٠٠٠)، (چاپی سێیه‌م ـ ٢٠١٢)
  4. سه‌ربورده‌ ـ كورته‌یه‌ك له‌ بیروه‌رییه‌كان ـ ٢٠٠٩.
  5. ساڵێك له‌ شێخ وه‌سانان ـ ٢٠١٦.
  6. سه‌ربورده‌ی نه‌مران ـ ٢٠١٤.
  7. دیوانی لاجانی.

سه‌رچاوه‌:

  1. ئەرشیڤی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.

بابەتی پەیوەندیدار

چیا هەرکی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

حەمید عەلی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا. 

زانیاری زیاتر

نوری عوسمان شنگالی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

موحسین کەمال

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

گوهدار شێخۆ

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر