سیاسه‌تمه‌دار ئیدریس مسته‌فا شێخ محه‌مه‌د شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانی، ناسراو به ئیدریس بارزانی و ئه‌ندازیاری ئاشتی، ساڵی ١٩٦١ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئەیلووله‌وه كردووه، ساڵی ١٩٦٢ سكرتێری سه‌رۆك مەلا مستەفا بارزانی بووه، ساڵی ١٩٦٦ به‌رپرسی مه‌كته‌بی سه‌ربازی له نووسینگه‌ی جێبه‌جێكاری و ئه‌ندامی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له كوردستانی عێراق بووه، له ئایاری هه‌مان ساڵدا یه‌كه‌مین به‌رپرسی باره‌گای بارزانی له شۆڕشی ئەیلوول بووە و سه‌رپه‌رشتی فه‌رمانده‌یی داستانی هه‌ندرێنی دژ به سوپای عێراق كردووه، ساڵی١٩٧٠سهرپهرشتی نووسینگه‌ی سه‌ربازی پارتی دیموكراتی كوردستانی بووه، هه‌ر له‌و ساڵه و له كۆنگره‌ی هه‌شته‌مدا به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه، ساڵی ١٩٧٥ یەکێک لە دامه‌زرێنه‌رانی سه‌ركردایه‌تی كاتی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، ساڵی ١٩٧٦ ڕۆڵێكی به‌رچاوی بینیوه له به‌رپاكردنی شۆڕشی گوڵان و ناردنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بۆ كوردستان و هاوكاری لۆجستیكی پێشمه‌رگه‌ی بووه، له کۆنگرەی نۆیه‌مدا به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و پاشان مه‌كته‌بی سیاسی و به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كان پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه.
ژیاننامه
ئیدریس مسته‌فا شێخ محه‌مه‌د شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانی له ١٤ی ئاداری ١٩٤٤ له گوندى بارزان لە دایکبووە، له بنه‌ماڵه‌ی شێخه‌كانی ته‌كیه‌ی بارزانه و كوڕی سه‌رۆك مستەفا بارزانی (١٩٠٣-١٩٧٩)یە، ساڵی ١٩٤٥ له دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان، له‌و كاتەی کە ته‌مه‌نى كه‌متر له دووساڵ بوو، له‌گه‌ڵ ماڵباتی شۆڕشگێڕان به‌ره‌و گوندى كهكله له ناوچه‌ى پیران و ده‌شتى به‌رازگر پاشه‌كشه ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ زۆربه‌ى خه‌ڵكى ناوچه‌ى بارزان له ١١ى تشرینى یه‌كه‌مى هەمان ساڵ له ڕێگه‌ى كێله شین، دالامپه‌ر بەرەو ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان ڕۆیشتوون، ساڵی ١٩٤٧ له دوای نسكۆی كۆماری دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی (١٨٩٢-١٩٦٩)ی مامی ده‌گه‌ڕێته‌وه باشووری كوردستان.
لە ماوەی نێوان ساڵانی (١٩٤٧-١٩٥٨) له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی به دوورخراوه‌یی له شاره‌كانی به‌سرا، موسڵ و به‌غدا ژیاوه، ساڵی ١٩٥٢ سه‌ره‌ڕای سه‌ختى ژیانى خانه‌واده‌كه‌ى له ئاواره‌یى و له زیندانهكانى حكومه‌تى عێراقى، لە شاری بەسرا ده‌نێردرێته به‌رخوێندن و تا ساڵى ١٩٥٤ به‌رده‌وام ده‌بێت، هەمان ساڵ حكومه‌ت بنه‌ماڵه‌كه‌ى ده‌گوازێته‌وه شارى موسڵ و له‌وێش درێژەى به خوێندنى خۆی ده‌دات، له ساڵى ١٩٥٦ جارێكی‌تر حكومه‌ت ده‌یانگوازێته‌وه بۆ شارى به‌غدا، ئه‌م بارودۆخه ناجێگیره‌ى كه بنه‌ماڵه‌كه‌ى به‌خۆیه‌وه بینى كاریگه‌رى له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوونى ئیدریس بارزانى له خوێندندا نه‌بووه، به‌ڵكو به‌رده‌وام ده‌بێت تاكو قۆناغى سه‌ره‌تایى ته‌واو ده‌كات و دواتر لە شاری بەغدا خوێندنى ناوه‌ندى درێژە پێدەدات و له هه‌مان كاتدا خوێندنى ئاینی دەخوێنێت.
دوای ماوەی دوازدە ساڵ بێبەش بوون لە سۆزی باوکی، له ساڵی ١٩٥٨ به دیداری باوكی شاد بووەتەوە، ساڵی ١٩٦٤ هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ نازدار خانی كچی حه‌مه‌ی ئه‌وڕەحمان ئاغا کردووە. شاره‌زای زمانه‌كانی كوردی، عه‌ره‌بی، فارسی و ئینگلیزی بووه.
خه‌باتنامه
ئیدریس مستەفا بارزانی ساڵی ١٩٦١ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئەیلووله‌وه كردووه، ساڵی ١٩٦٢ سكرتێری سه‌رۆك مەلا مستەفا بارزانی بووه، ساڵی ١٩٦٣ بەشداری لە كۆبوونەوەی فراوانی کۆیەدا کردووە، ساڵی ١٩٦٤ وه‌ك میوان به‌شداری کۆنگرەی شه‌شه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان له شارۆچكه‌ی قه‌ڵادزێدا كردووه، ساڵی ١٩٦٦ به‌رپرسی مه‌كته‌بی سه‌ربازی له نووسینگه‌ی جێبه‌جێكاری و ئه‌ندامی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له كوردستانی عێراق بووه، له سه‌ره‌تای ئایاری ساڵی ١٩٦٦ سه‌رپه‌رشتی فه‌رمانده‌یی داستانی هه‌ندرێنی دژ به سوپای عێراق كردووه، هه‌مان ساڵ بووەتە نوێنه‌ری کۆنگرەی حه‌وته‌می پارتی دیموكراتی كوردستان. له مانگی ئایاری ئه‌و ساڵه‌دا به یه‌كه‌مین به‌رپرسی باره‌گای بارزانی له شۆڕشی ئهیلوول ده‌ستنیشان كراوه، ساڵی ١٩٦٦ له ده‌ڤه‌ری باڵهكایەتی پێشوازیی له شاندی دانوستانكاری حكومه‌تی عێراقی بۆ ئاشتی كردووه و ساڵێک دواتر لەگەڵ شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان له كۆشكی سه‌وز له شاری به‌غدا چاوی به لیوا ڕوكن عهبدولڕەحمان محه‌مه‌د عارف (١٩١٦-٢٠٠٧) سه‌رۆككۆماری عێراق کەوتووە، لە ئاداری ١٩٦٧ له شاره‌دێی گه‌ڵاڵه به یاوه‌ری سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی پێشوازی له ڕەجهب عه‌بدولمه‌جیدی جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كردووه كه به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوولایان هاتبوو.
ساڵی ١٩٦٩ سه‌رپه‌رشتی شه‌ڕی هه‌لاج ـ دابانی گه‌وره‌ی دژ به هێزه‌كانی گروپی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د – جه‌لال تاڵه‌بانی له ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان كردووه، هەمان ساڵ له ژێر فه‌رمانده‌یی سه‌رۆك مستەفا بارزانی له به‌ره‌ی ڕانیه – سهركهبكان پێشی بە پێشڕەوی هێزی سوپای عێراقی گرتووە.
ئیدریس بارزانی چەندین جار لە ژیانیدا تووشی هەوڵی تیرۆرکردن و بەندنکردن بووەتەوە، له ٦ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٧٠ له شاری به‌غدا ئۆتۆمبێلەكەی دەدرێتە به‌ر ڕێژنه‌ی گولله‌ی سیخوڕانی حزبی به‌عس بەڵام خۆی لەناو ئەو ئۆتۆمبێلەدا نابێت و دەربازی دەبێت و جارێکی‌تر له سه‌ره‌تاى حوزه‌یرانى ١٩٧٢ هەوڵی تیرۆرکردنی خۆی و باوکی و مەسعود بارزانیی برای لە ڕێگەی تەقاندنەوەی مادەی (تی ئێن تی)یەوە دەدرێت به‌ڵام پێش ئه‌نجامدانى كاره‌كه، هەوڵەكە ئاشکرا دەکرێت و لەبار دەبرێت، ساڵی ١٩٧٨ له‌لایه‌ن ده‌زگای ساواكی ئێرانه‌وه له‌به‌ر چالاكیی ڕامیاری بۆ ماوه‌یه‌كی كورت به‌ند كراوه و لێكۆڵێنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا كراوه.
له ١٠ی كانوونی دووه‌می ١٩٧٠ ئه‌ندامی شاندی نۆ كه‌سیی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ دانوستاندن له باره‌ی ئۆتۆنۆمی بۆ باشووری كوردستان له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی حزبی به‌عس له شاری به‌غدا بووه و به‌شداری شاندی واژۆكردنی ڕێكکه‌وتننامه‌ی ١١ی ئادار له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق بووە و دواتر له لایه‌ن حزبی به‌عسەوە بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆككۆماری عێراق پێشنیازکراوە، به‌ڵام سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی به‌مه ڕازی نه‌بووە.
ساڵی ١٩٧٠ له کۆنگرەی هه‌شته‌مدا به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه، له ڕۆژانی ٢٧ تا ٢٩ی تشرینی دووه‌می ١٩٧٣ به‌شداری له كۆنفڕانسی ڕامیاری ـ سه‌ربازی چۆماندا كردووه.
له ٨ی ئاداری ١٩٧٤ له شاری به‌غدا دوا خولی دانوستاندنی پێش هێرشی سوپای عێراقی بۆ سه‌ر ناوچه ئازادكراوه‌كانی شۆڕشی ئهیلوول له‌گه‌ڵ سه‌دام حسێن (١٩٣٧-٢٠٠٦) کردووە و پێشنیاری دواخستنی جاڕدانی تاكلایه‌نه‌ی یاسای ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی كوردستانی بۆ ساڵێكی‌تر كردووه تا مه‌ودای دانوستاندنی زیاتر هه‌بێت، به‌ڵام لایه‌نی بەرانبەر ڕەتی کردووەتەوە.
له ٤ی كانوونی دووهمی١٩٧٥ به ئه‌ندامی ده‌سته‌ی پلاندانانی سه‌ربازی شۆڕشی ئهیلوول ده‌ستنیشانكراوه و به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی ٨ی ئاداری له حاجی ئومه‌ران كردووه به مه‌بەستی به‌رده‌وامیدان به به‌رخۆدان دژ به ڕێكکه‌وتنی جه‌زائیر له نێوان هەر دوو وڵاتی ئێران و عێراقدا کە مه‌به‌ست لێی گه‌مارۆدانی شۆڕشی ئهیلوول بوو و لە کۆبوونەوەکەدا به "به‌ڵێ" دەنگی بۆ به‌رده‌وامی شۆڕش داوه.
ساڵی ١٩٧٥ له دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول ئاواره‌ی وڵاتی ئێران بووه و سەرپەرشتی کاروباری ئاوارەکانی لەو وڵاتەدا لە ئەستۆ گرتووە، ساڵی ١٩٧٦ لە کۆنفرانسی به‌رلین به ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی سه‌ركردایه‌تی كاتیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ستنیشانكراوه.
ساڵی ١٩٧٦ ڕۆڵێكی به‌رچاوی له به‌رپاكردنی شۆڕشی گوڵان و ناردنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بۆ كوردستان و هاوكاری لۆجستێكی پێشمه‌رگه‌ی بینیوە، له ناوه‌ڕاستی ساڵی ١٩٧٧ بە سه‌رپه‌رشتی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی كه‌ره‌ج به مه‌به‌ستی هاوكاریكردنی سه‌ركردایه‌تی كاتیی پارتی دیموكراتی كوردستان و سه‌رپه‌رشتی سەد و پەنجا هەزار په‌نابه‌ری باشووری كوردستان له وڵاتی ئێران ڕێكخراوه.
له ٥ی ئاداری ١٩٧٩ له‌سه‌ر گۆڕی مسته‌فا بارزانی له شاره‌دێی شنۆ، به ئاماده‌بوونی سه‌د هه‌زار كه‌س، به ناوی بنه‌ماڵه‌ی بارزانییه‌وه وتاری خوێندووەتەوە، هەمان ساڵ ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئاماده‌كاری کۆنگرەی نۆیه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان بووه و لەو کۆنگرەیەدا به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان و دواتر له یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی به ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كان هه‌ڵبژێردراوه.
له مانگی ئه‌یلوولی ١٩٨١ تا به‌هاری ١٩٨٢ سه‌رپه‌رشتی هێزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستانی له باشووری كوردستانی كردووه و باره‌گاكه‌ی له ده‌شتی به‌رازگر له سنووری پارێزگای هه‌ولێر بووه. ساڵی ١٩٨٣ به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تی سه‌ربازیی هێزه‌كانی به‌ره‌ی جود هه‌ڵبژێردراوه، ساڵی ١٩٨٣ له شاری دیمه‌شق له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان ڕێکكه‌وتننامه‌ی هاوكاریی هاوبه‌شی واژۆ كردووە.
له ٨ی تشرینی دووه‌می ١٩٨٦ به سەرۆکایەتی شاندێکی پارتی دیموكراتی كوردستان له شاری تارانی پایته‌ختی كۆماری ئیسلامی ئێران، ڕێکكه‌وتننامه‌ی ئاشتی له‌گه‌ڵ جه‌لال تاڵەبانی (١٩٣٣-٢٠١٧)، سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستاندا واژۆ كردووه.
ئەندازیاری ئاشتەوایی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان و ڕۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بوو له دامەزراندنی بەرەی کوردستانی كه دواتر له ئایاری ١٩٨٨ دامه‌زرا.
لە ٣١ی كانونی دووهمی١٩٨٧ له باره‌گای تایبه‌تی خۆی له گوندی سلیڤانه له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به هۆی وه‌ستانی دڵ كۆچی دوایی كردووه و له گۆڕستانی هه‌له‌ج له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و له ته‌نیشت گۆڕی مستەفا بارزانی به خاك سپێردرا.
لە ٦ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٩٣ كه‌ژاوه‌ی ڕوفاتی ئیدریس بارزانی و مسته‌فا بارزانیی باوكی به دوو هه‌لیكۆپته‌ری هێزی ئاسمانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەگەیەندرێنە خاڵی سنووری باشماخ له سنووری پارێزگای سلێمانی و له‌لایه‌ن جه‌لال تاڵه‌بانی و نێچیرڤان بارزانی و سه‌ركرده‌كانی دیکەی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد و جه‌ماوه‌رێكی بێهه‌ژماره‌وه پێشوازییان لێده‌كرێت، له ٨ی تشرینی یه‌كه‌مدا و پاش تێپه‌ڕینی دوو ڕۆژ كه‌ژاوه‌ی نه‌مران به ناو گوند و شارۆچكه و شاره‌كانی كوردستاندا، بۆ دواجار له گوندی بارزان و به ئاماده‌بوونی جه‌ماوه‌ر و سه‌ركرده‌یه‌كی زۆر به خاك دەسپێردرێنەوە.
سه‌رچاوه‌كان:
- ٢٧ عاما من النضال، نشرة اخبار كردستان، لحزب الدیمقراطي الكردستاني، المكتب السیاسي، قسم النشر والاعلام، العدد ١٧، آب ١٩٧٣م.
- ئەرشیفی دەستەی ئیسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
- علی موجانی، سولماز صدقی...، فرهنگ رجال معاصر عراق، (تهران ـ مركز اسناد مجلس شورای اسلامی ـ ١٣٩٠ھ . ش).
- ئاسۆ حاجی، بارزانی پێشمه‌رگه‌ی سه‌ربه‌خۆیی، (هه‌ولێر ـ تۆڕی میدیایی ڕووداو ـ ٢٠١٩ز).
- ئیدریس بارزانی شه‌هید .. چه‌ند لاپه‌ڕەیه‌كی پڕشنگداری ژیان و خه‌باتی، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو، ژماره ١٨٦١، هه‌ولێر، دووشه‌مه، ٣١ی كانونی دووه‌می ١٩٩٤ز.
- ئیدریس بارزانی شه‌هید له چه‌ند دێڕێكدا، ڕۆژنامه‌ی خه‌بات، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژماره ٦١٦، كۆتایی شوباتی ١٩٩٢ز.
- بكر به‌رزنجه‌یی، كه‌سایه‌تییه ناوداره‌كانی كورد، به‌رگی پێنجه‌م، (بیروت ـ بنكه‌ی ڕۆشنبیری لوبنانی بۆ چاپ و په‌خش و وه‌رگێڕان و دابه‌شكردن ـ ٢٠١٢ز).
- بێوار عهبدولڕەحمان، كه‌شكۆڵی شه‌هیدێك، (هەولێر ـ ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی موكریانی ـ چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ـ ٢٠٠٤ز).
- پوخته‌ی ژیاننامه‌ی كاك ئیدریسی هه‌میشه هه‌رماو، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو، ژماره ٢٢٦٦، هه‌ولێر، پێنجشه‌مه، ٣٠ی كانونی دووه‌می ١٩٩٧ز.
- حبیب محمد كریم، تأریخ الحزب الدیمقراطي الكوردستاني ـ العراق (في محطات رئیسیة) ١٩٤٦ ـ ١٩٩٣، (دهوك ـ مطبعة خه‌بات ـ ١٩٩٨م).
- سامي شورش، كردستان والأكراد، الطبعة الثانیة، (أربیل ـ مطبعة روژەهلات ـ ٢٠١٩م).
- سڵاو له گیانی پاكی شه‌هید ئیدریس بارزانی، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو، ژماره ١٨٦١، هه‌ولێر، دووشه‌مه، ٣١ی كانونی دووه‌می ١٩٩٤ز.
- شكیب عقراوي، سنوات المحنة في كوردستان أهم الحوادث السیاسیة والعسكریة في كوردستان والعراق من ١٩٥٨ الی ١٩٨٠، الطبعة الثانیة، (أربیل ـ مطبعة منارة ـ ٢٠٠٧م).
- شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی ڕۆژەهڵات ـ ٢٠١٣ز).
- عزت سلێمان به‌گ، داستانی شه‌ڕی به‌ناوبانگی هه‌ندرێن له ساڵی ١٩٦٦، به‌شی یه‌كه‌م، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژماره ١٦٤٣، هه‌ولێر، پێنجشه‌مه، ١٣ی ئایاری ١٩٩٣ز.
- علي سنجاري، القضیة الكوردیة وحزب البعث العربي الاشتراكي في العراق، الجز‌ء الثالث، (دهوك ـ مطبعة خاني ـ ٢٠١٢م).
- علي سنجاري، صفحات من نبع ذاكرتي في الحزب الدیمقراطي الكوردستاني، (دهوك ـ مطبعة خاني ـ ٢٠١٥م).
- عه‌لی كه‌مال به‌رزی، كه‌سایه‌تی ناودارانی كورد له سه‌ده‌ی بیسته‌م، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر ـ پڕۆژەی به‌رزی ـ چاپخانه‌ی زانكۆ ـ ١٩٩٩ز).
- فلك ا‌لدین كاكهیي، ذكری .. ادریس البارزاني ١٩٤٤ ـ ١٩٨٧، جریدة التآخي، دار التآخي للطباعة والنشر، العدد ٤١٨٠، الدورة الثالثة، بغداد، الأحد، ٢٩ شباط ٢٠٠٤م.
- كاروان جوهر محمد، ئیدریس بارزانی ١٩٤٤ ـ ١٩٨٧ ژیان و ڕۆڵی سیاسی و سه‌ربازی له بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی كورددا، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی هیڤی ـ ٢٠١٩ز).
- محه‌مه‌د مه‌لا قادر، سه‌ربورده‌ی نه‌مران، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی حاجی هاشم ـ ٢٠١٤ز).
- مسعود البارزاني، البارزاني والحركة التحرریة الكردیة، المجلد الثالث، (أربیل ـ مطبعة وزارة التربیة ـ ٢٠٠٢م).