کۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان

كۆنگره‌ی سێیه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان- (پارتی دیموكراتی كوردستان - عێراق – ٢٦ی كانوونی دووه‌می ١٩٥٣)، له‌ژێر كاریگه‌ی جیابوونه‌وه‌ی باڵی هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا له‌ حزب، له‌ شاری كه‌ركووك به‌سترا.


به‌ستنی كۆنگره‌

دوای جێبه‌جێكردنی ڕاسپارده‌كانی کۆنگرەی دووەم له‌لایه‌ن كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كاتی حزب له‌ باره‌ی پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆ و‌ ئه‌و بارودۆخه‌ی به‌هۆی جیابوونه‌وه‌ی باڵی هه‌مزه‌ عه‌بدوڵاوه‌ به‌سه‌ر پارتیدا هاتبوو، له‌لایه‌ن كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كاتی پارتییه‌وه‌ بەپه‌له‌ له‌ به‌ستنی كۆنگره‌ی سێیه‌م كرا.

دوای ئاماده‌كاریی ته‌واو، له‌ ٢٦ی كانونی دووه‌می ١٩٥٣ به‌ ئاماده‌بوونی ٣٥ تا ٤٠ نوێنه‌ر له‌ ڕێكخستنه‌كانی پارتی و‌ ئاماده‌بوونی سه‌ركردایه‌تی كۆن و نوێی حزب، لە بارودۆخێکی ئەمنی دژوار و سەختدا به‌ شێوه‌یه‌كی نهێنی له ‌ماڵی ڕەئیس ئەوەل فاتح جەباری لە گەڕەکی شاترلوی شاری کەرکووک كۆنگره‌ی سێیه‌می پارتی به‌سترا.

دوای خوێندنه‌وه‌ی ڕاپۆرتی كۆنگره‌ و په‌سه‌ندكردنی له‌لایه‌ن ئاماده‌بووان، كار هاته‌ سه‌ر بڕیاری گۆڕینی ناوی حزب و ده‌ستكاریكردنی پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆ، ئه‌وه‌بوو ناوی حزب له‌ پارتی دیموكراتی كوردی عێراقه‌وه‌ گۆڕدرا بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان-عێراق و نه‌خشه‌ش بۆ گۆڕینی پرۆگرام و په‌یڕه‌وی حزب كێشرا، ئه‌م كاره‌ هێڵرایه‌وه‌ بۆ دوای ده‌ستنیشانكردنی ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزب، دواتر له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی كۆنگره‌، كۆمیته‌ی ناوه‌ندی نوێ هه‌ڵبژێردران كه‌ بریتیبوون له‌:

  1.  مستەفا بارزانی سەرۆک
  2. ئیبراهیم ئەحمەد، سكرتێری گشتی
  3. دكتۆر جەعفەر محەمەد کەریم
  4. میرحاج ئەحمەد ئاكره‌یی
  5. نوری شاوێس
  6. عەلی عەبدوڵا
  7. نوری ئەحمەد تەها 
  8. جەلال تاڵەبانی
  9. عومەر مستەفا 
  10. عەلی حەمدی بێدوهی
  11. ڕەشید عەبدولقادر 
  12. محەمەدئەمین مەعروف
  13. جەلیل هۆشیار

دواتر چوار ئه‌ندام بۆ مه‌كته‌بی سیاسی ده‌ستنیشان كران كه‌ بریتیبوون له‌ ئیبراهیم ئەحمەد، نوری شاوێس، عەلی عەبدوڵا و عومه‌ر مسته‌فا.

له‌م كۆنگره‌یەدا‌ ناوی سه‌رۆك به‌ ده‌ق ده‌هێنرێ‌، وەک ئەوەی‌ له‌ مادده‌ی بیست و نۆیه‌می په‌یڕه‌وی ناوخۆیدا هاتووه‌ سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان-عێراق، قاره‌مانی ڕزگاری كوردستان جه‌نه‌ڕاڵ‌ مستەفا بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراقه‌ و بۆ یه‌كه‌مین جار له‌ مێژووی پارتیدا زاراوه‌ی سكرتێری گشتی به‌كارهێنرا.

گرنگترین بڕیاره‌كانی كۆنگره‌ بریتیبوون له‌:

  1. گۆڕینی ناوی پارتی له‌ (پارتی دیموكراتی كورد) ه‌وه‌ بۆ (پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراق).
  2. هزری ماركسی ـ لێنینی وه‌ك ئایدۆ‌لۆژیی پارتی ده‌ستنیشان كرا.
  3. ناوی ئۆرگانی پارتی له‌ ڕزگارییە‌وه‌ كرایه‌ خه‌بات.
  4. دامه‌زراندنی ڕێكخراوه‌كانی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان، یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان.
  5. ده‌ركردنی هه‌میشه‌یی هەمزە عەبدوڵا  له‌ ڕیزه‌كانی پارتی دا.
  6. وه‌رنه‌گرتنی عەونی یوسف به‌ نوێنه‌ری كۆنگره‌ به‌ تۆمه‌تی گوێنه‌دانه‌ بڕیاره‌كانی سه‌ركردایه‌تی كاتی كۆنگره‌ی دووه‌م.

په‌یكه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراق، به‌ پشت به‌ستن بە پەیڕەوی ناوخۆی كۆنگره‌ی سێیه‌م، بەم شێویەی ڕێکخرا (شانه‌، لێژنه‌ی ناوچه‌، لێژنه‌ی لق، كۆمیته‌ی ناوه‌ندی، مه‌كته‌بی سیاسی، سكرتێری گشتیی پارتی، سه‌رۆك).

هه‌ڵگرتنی ئایدۆلۆژیای ماركسیزم – لینینیزم، ئه‌گه‌رچی له‌گه‌ڵ بیروباوه‌ڕی حزبی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ده‌گونجا و دژی ئاره‌زووی زۆربه‌ی كادیر و ئه‌ندامانی پارتی بوو، پێده‌چوو سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕی باوی ئه‌و سه‌رده‌مه ‌بوو، هۆكاره‌كه‌ی ڕكابه‌ری‌ له‌‌گه‌ڵ حزبی شیوعی بووبێت، كه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری هاوبیرانی شیوعی و ماركسی له‌ كوردستان په‌یوه‌ندی به‌ پارتییه‌وه‌ بكه‌ن.

له‌ ڕووی ڕاگه‌یاندن و بڵاوكراوه‌كانی حزبه‌وه‌، پاش كۆنگره‌ی سێیه‌م، سه‌ره‌ڕای ڕۆژنامه‌ی ڕزگاری كه‌ ناوه‌كه‌ی بۆ خه‌بات گۆڕدرا و ئۆرگانی پارتی بوو، ڕۆژنامه‌ی (نداء كردستان) به‌ زمانی عه‌ره‌بی ده‌ست به‌ چاپكردنی كرایه‌وه‌، دوو بڵاوكراوه‌ی تریش به‌ ناوه‌كانی ڕێگه‌ی نوێ تایبه‌ت به‌ ڕۆشنبیران و لاوان و نڕكه‌ی جوتیار تایبه‌ت به‌ جوتیاران به‌ زمانی كوردی بڵاوكرانه‌وه‌.


سه‌رچاوه‌كان:

  1. نامه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی (پیرۆت) بۆ: سه‌ركرده‌ جه‌نه‌راڵ مسته‌فا بارزانی و هاوڕێی خۆشه‌ویست میرحاج ئه‌حمه‌د، (٥/١٠/١٩٥٥ – په‌كین)، مسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد، ١٩٣١-١٩٥٨، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ـ ٢٠٠٤ز)، به‌ڵگه‌نامه‌ی ژماره‌ ٧.
  2.  حبیب محمد كریم، تأریخ الحزب الدیمقراطي الكوردستاني ـ العراق (في محطات رئیسیة) ١٩٤٦ ـ ١٩٩٣، (دهوك ـ مطبعة خه‌بات ـ ١٩٩٨م).
  3.  علی عبدالله‌، مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان - عێراق تا به‌ستنی كۆنگره‌ی سێ یه‌می، (شوێن نادیار ـ ١٩٦٨ز).
  4.  ده‌قی په‌یڕه‌وی ناوه‌وه‌ی كۆنگره‌ی سێیه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراق.
  5.  مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆنگره‌ و كۆنفرانس (پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆ)، به‌رگی یه‌كه‌م و دووه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات- ٢٠٢١)

بابەتی پەیوەندیدار

شۆڕشی دووەمی بارزان

دوای ئه‌وه‌ی ‌بارزانییه‌كان له‌ ساڵی ١٩٣٩ لە باشووری عێراقەوە ده‌گوازرێنه‌وه‌ سلێمانی، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی‌ بارودۆخی ژیانیان باشتر بێت، به‌ڵام بەهۆی هەڵوێستی شێخ مسته‌فا قه‌ره‌داغی، موته‌سه‌ریفی ئه‌وكاتی سلێمانی بارودۆخی گوزەرانیان خراپتر بوو، چونکە ناوبراو ڕێگای به‌ خه‌ڵكی شاری سلێمانی نەدەدا یارمه‌تییان بده‌ن.

زانیاری زیاتر

کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان

ڕۆژی ٣ی تشرینی دووه‌می ٢٠٢٢ کۆنگرەی چواردەیەم له‌ شاری دهۆك و به‌ ئاماده‌بوونی ١٠٢٢ نوێنه‌ر  له‌ كۆی ١٠٦٥ نوێنه‌ر كه‌ مافی به‌شداریكردنی كۆنگره‌یان هه‌بوو له‌ سه‌رجه‌م ڕێكخستنه‌كانی پارتی له‌ ژێر (دروشمی ئازادی، دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری) ده‌ستی به‌ كاره‌كانی خۆی كرد.

زانیاری زیاتر

پارتی دیموکراتی کوردستان

پارتی دیموکراتی کوردستان (پ.د.ك)، به‌ ڕێنووسی لاتینی (Partiya demokrata kurdestanê)، به‌ زمانی ئینگلیزی (kurdistan democratic party) و به‌ زمانی عه‌ره‌بی (الحزب الدیموقراطي الكوردستاني)، پارتێکی نیشتمانی دیموکراتیی جەماوەرییە، له‌ ڕێكه‌وتی ١٦ی ئابی ١٩٤٦ به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی له‌ شاری به‌غدا به‌ شێوه‌یه‌كی نهێنی دامه‌زرا....

زانیاری زیاتر

شۆڕشی گوڵان

شۆڕشی گوڵان- (شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتنخواز – ٢٦ی گوڵانی ١٩٧٦). ‌ له‌ لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ به‌ سه‌رپه‌ر‌شتی سەرۆک مەسعود بارزانی دژی حكوومه‌تی به‌عسی عێراق له‌ باشووری كوردستان هه‌ڵگیرسا و تا ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی ١٩٩١ به‌رده‌وام بوو.

زانیاری زیاتر

کۆنگرەی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان

كۆنگره‌ی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان - ١١ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٠ )دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عسی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ عێراق ساڵی ٢٠٠٣ و گۆڕانكاری گه‌وره‌ی سیاسی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، له‌ كه‌شێكی ئاسایی له‌ شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدرا.

زانیاری زیاتر