کۆنگرەی دووەمی پارتی دیموکراتی کوردستان

كۆنگره‌ی دووه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان- (پارتی دیموكراتی كوردی عێراق – ١٣ی ئاداری ١٩٥١)، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا و دروستكردنی مه‌كته‌بی سیاسی نوێی پارتی له‌ ١٣ی ئاداری ١٩٥١ له‌ شاری به‌غدا به‌سترا.


بارودۆخ و هۆكاره‌كان

ساڵی ١٩٤٩حسێن جه‌میل پۆستی وه‌زیری دادی له‌ حكومه‌تی عه‌لی جه‌واد ئه‌یووبی پێ سپێردرا، به‌مه‌ش كه‌شێكی له‌باری سیاسی له‌ عێراق هاتە ئاراوە و زۆربه‌ی زیندانییە‌ سیاسییه‌كان به‌ردران، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا زۆربه‌ی ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی و كادیرانی پارتی دیموكراتی كورد، وه‌ك هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا، عەونی یوسف، جەلیل هۆشیار و ئیبراهیم ئەحمەد ئازادكران.

هه‌مزه‌ عه‌بدوڵای سكرتێری حزب دوای ئازادكردنی له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ڕێگه‌ی پێدرا كار بۆ ده‌رهێنانه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زنامه‌ی عێراقی بكاته‌وه‌ كه‌ ساڵی ١٩٣٨ لێی سه‌ندرابووه‌وه‌، هەمزە عەبدوڵا به‌ مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی كاری ده‌رهێنانه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زنامه‌ی عێراقی داوای له‌ كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزب كرد ئه‌ندامه‌تییه‌كه‌ی بوه‌ستێنن، به‌ڵام ئه‌م داواكارییه‌ی ڕه‌تكرایه‌وه‌، ئه‌وه‌بوو هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا ده‌رچوونی خۆی له‌ پارتی ڕاگه‌یاند و ده‌رچوونه‌كه‌ی له‌لایه‌ن كۆمیته‌ی ناوه‌ندییه‌وه‌ په‌سه‌ندكرا.

به‌ په‌سه‌ندكردنی بڕیاری ده‌رچوونی هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا، ناكۆكی كه‌وته‌ نێوان لێژنه‌ ناوچه‌ی كۆیه‌ و كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كاتی له‌ به‌غدا، كه‌ سه‌ركردایه‌تییه‌كی لاوازبوو، لێژنه‌ ناوچه‌ی كۆیه‌ داوای له‌ كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كرد به‌ بڕیاره‌كه‌یدا بچێته‌وه،‌ كۆمیته‌ی ناوه‌ندیش ناچاربوو هه‌مزه‌ عه‌بدو‌ڵا بگه‌ڕێنێته‌وه‌ و مه‌كته‌بی سیاسی نوێ له هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا، عەونی یوسف و عەلی عەبدوڵا  پێكبهێنێت و هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا لێپرسراوی بێت، هه‌روه‌ها‌ ئاماده‌كاریی بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ی حزب بكات، هاوكات داوا له‌ ساڵح ڕوشدی و مستەفا کەریم كرا، ئامێره‌كانی چاپه‌مه‌نی حزب ڕاده‌ستی مه‌كته‌بی سیاسی بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام مستەفا کەریم غه‌فور و ساڵح ڕوشدی ئه‌م كاره‌یان نه‌كرد، دواتر له‌ حزب چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ و ده‌ستیانكرد به‌ ئاشكرا كردنی نهێنییه‌كانی حزب، له‌و ماوه‌یه‌دا له‌ لایه‌ن مه‌كته‌بی سیاسییه‌وه‌ وه‌ك ئاماده‌كاریی كۆنگره‌ پرۆگرامی حزب به‌ ده‌ستكارییه‌كی كه‌مه‌وه‌ تایپكرا و بڵاوكرایه‌وه‌.

به‌م شێوه‌یه‌ سه‌ركردایه‌تی كاتی هه‌ڵبژێردرا و كۆنفرانسی به‌غدا نه‌یتوانی له‌ ئه‌ركه‌كه‌یدا سه‌ركه‌وتوو بێ، له‌ولاشه‌وه‌ بارودۆخی سیاسی و ڕێكخستنه‌كانی پارتی ئاڵۆزی زۆریان تێكه‌وتبوو، هه‌ر بۆیه‌ پاش تێپه‌ڕبوونی ماوه‌یه‌كی كه‌م به‌سه‌ر كۆنفرانسی به‌غدای ١٩٥٠‌ بڕیاری به‌ستنی كۆنگره‌ی حزب درا.


به‌ستنی كۆنگره‌

كۆنگره‌ی دووه‌م له‌ ڕۆژانی ١٣ و ١٤ی ئاداری ١٩٥١، له‌ ماڵی عەلی حەمدی، له‌ شاری به‌غدا به‌سترا، نزیكه‌ی ٣٠ ئه‌ندام له‌ نوێنه‌رانی هه‌ولێر، باڵه‌ك، كۆیه، سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه‌ و به‌غدا به‌شدارییان تێداكرد، پاش هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخی سیاسی و ڕێكخستنه‌كانی حزب و گفتوگۆ له‌سه‌ر بابه‌ته‌كان، ئاماده‌بووان به‌تایبه‌ت هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا، عەلی عەبدوڵا و ئیبراهیم ئەحمەد ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كۆمیته‌یه‌كی ناوه‌ندی كاتی نوێ دروست بكرێ، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ئه‌ندامه‌كانی له‌ كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پێشوو ئه‌ندام نه‌بووبن، پاش پێكهێنانیشی، ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كۆن و نوێ پێكه‌وه‌ گۆڕانكاری پێویست له‌ پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆی حزبدا بكه‌ن و ئاماده‌كاریی بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ی سێیه‌م بكه‌ن. 

لەم کۆنگرەیەدا ناوی پارتی وه‌ك خۆی مایه‌وه‌ و پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆی پێشووش به‌بێ ده‌ستكاری‌ وه‌رگێڕدرایه‌ سه‌ر زمانی كوردی‌‌‌، تەنها ده‌ستپێكێكی به‌ناوی مه‌كته‌بی سیاسی و پێشه‌كییه‌ك به‌ ناوی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی بۆ زیاد کرا، هەروەها بڕیاردرا به‌ هاوكاری سكرتێر و ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی پێشوو، په‌یمانی میللی و پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆ هه‌موار بكرێته‌وه‌.

له‌ كۆنگره‌ی دووه‌مدا بێ سکرتێر و مەکتەبی سیاسی بۆ به‌ڕێكردنی كاره‌كان و چالاككردنی ڕێكخستنه‌كان، كۆمیته‌یه‌كی ناوه‌ندیی كاتی لە شەش ئەندام هه‌ڵبژێردران، كه‌ بریتیبوون له‌ ئیبراهیم ئەحمەد فه‌تاح، نوری شاوێس، جەلیل هۆشیار، عومەر دەبابە، بەکر ئیسماعیل محەمەد و محەمەدئەمین مەعروف.

دوای كۆتایی هاتنی كۆنگره‌، حزب ده‌ستیكرد به‌ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی كۆنگره‌ و چالاككردنه‌وه‌ی ڕێكخستنه‌كانی، پاش دوو ساڵ له‌ وه‌ستانی، له‌ ئه‌یلوولی ساڵی ١٩٥١ حزب ژماره‌یه‌كی نوێی له‌ ڕۆژنامه‌ی ڕزگاری بڵاوكرده‌وه‌ و ڕۆژنامه‌ی (نداء كردستان)یشی به‌ زمانی عه‌ره‌بی ده‌ركرد، ساڵی ١٩٥٢ ده‌ستكرا به‌ دووباره‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی لێژنه‌ لق و ڕێكخراوه‌ ناوخۆییه‌كان كه‌ تووشی لێكترازان ببوون، له‌و ماوه‌یه‌دا ڕێكخراوه‌كانی سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه‌، پێنجوێن، قه‌ڵادزێ، ڕانیه‌، به‌غدا، ئاكرێ، كه‌ركووك، هه‌ولێر، باڵه‌ك و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تری سه‌ر به‌م شارانه‌ چالاككرانه‌وه‌‌، هه‌ر له‌سه‌ر بڕیاری كۆمیته‌ی ناوه‌ندی، ساڵی ١٩٥٢ پارتی دیموكراتی كورد به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقدا كرد و توانی به‌ربژێری خۆی پارێزه‌ر مه‌سعود محه‌مه‌د جه‌لیلزاده‌ له‌ كۆیه‌ سه‌ربخات، هه‌روه‌ها حزب به‌شداری له‌ ڕاپه‌ڕینی ٢٣ی تشرینی دووه‌می ساڵی ١٩٥٢دا كرد كه‌ دژی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وسای عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چوو.


كێشه‌ ناوخۆییه‌كان

سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كان، كۆنگره‌ی دووه‌می حزبیش نه‌یتوانی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكات، هه‌ریه‌ك له‌ ساڵح ڕوشدی و مستەفا کەریم ئه‌گه‌رچی له‌لایه‌ن لێژنه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی كۆنگره‌وه‌ داوایان لێكرا ئاماده‌ی كۆنگره ‌بن، به‌ڵام به‌شدارییان نه‌كرد و له‌ لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ ڕێكخستنێكی نوێیان دروستكرد به‌ ناوی حزبی دیموكراتی كوردی عێراق، ته‌نیا ناوی پارتیان بۆ حزب گۆڕی. ئه‌م حزبه‌ نوێیه‌ له‌ نیوه‌ی دووه‌می ساڵی ١٩٥٢ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ و زۆربه‌ی ئه‌ندامه‌كانی هاتنه‌وه‌ ناو پارتی.

هه‌رچی هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا بوو وه‌ك ئه‌وه‌ی كۆنگره بڕیاری له‌سه‌ر دابوو، پابه‌ندی بڕیاره‌كانی كۆنگره‌ نه‌بوو و یارمه‌تی ڕێكخستنه‌كانی حزبی نه‌ده‌دا، بۆیه‌ له‌لایه‌ن كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتییه‌وه‌ سڕ (ته‌جمید) كرا و دوای سڕكردنیشی له‌ هاوینی ساڵی ١٩٥١ هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ گیرا و بڕیاردرا بۆ توركیا بگه‌ڕێنرێته‌وه‌، هاوكات له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ هه‌ڵمه‌تێكی تری ده‌ستگیركردنی ئه‌ندامانی پارتی ده‌ستی پێكرد، هه‌ریه‌ك له‌ ئیبراهیم ئەحمەد، عەلی عەبدوڵا، عومه‌ر مسته‌فا، محه‌مه‌د حه‌بیب، عەونی یوسف و جەلال تاڵەبانی له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ گیران و بڕیاری دوورخستنه‌وه‌یان‌ بۆ چه‌ند شارێكی عێراق به‌سه‌ردا سه‌پێنرا، به‌ڵام بڕیاره‌كه‌ زۆری نه‌خایه‌ند و زوو هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌، ته‌نیا هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا بڕیاره‌كه‌ی وه‌ك خۆی مایه‌وه‌ و ئه‌ویش له‌كاتی بردنه‌وه‌ی بۆ توركیا توانی له‌ زاخۆ خۆی ڕزگاربكات و بگه‌ڕێته‌وه‌ شاری سلێمانی.

دوای گه‌ڕانه‌وه‌، هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌ندامه‌ ناڕازییه‌كانی حزبه‌وه‌ كرد و له‌ نێویاندا لقی سلێمانی كه‌ كێشه‌یان له‌گه‌ڵ كۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌بوو و له‌لایه‌ن كۆمیته‌ی ناوه‌ندییه‌وه‌ ده‌ركرابوون به‌پیر هه‌مزه‌ عه‌بدوڵاوه‌ چوون، ئه‌وه‌بوو هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا و لقی سلێمانی یه‌كیانگرت و حزبێكیان به‌ ناوی باڵی پێشكه‌وتووی پارتی دیموكراتی كوردی عێراق دروستكرد، ئه‌وانه‌ی له‌ سلێمانی په‌یوه‌ندییان به‌ هه‌مزه‌ عه‌بدوڵاوه‌ كرد بریتیبوون له موحه‌ڕه‌م محه‌مه‌دئه‌مین، شه‌هاب شێخ نوری، حه‌مه‌كه‌ریم فه‌تحوڵا، بابا تاهیر شێخ جه‌لال و چه‌ند كه‌سێكی تر.

له‌ نیوه‌ی دووه‌می ساڵی ١٩٥٢ له‌لایه‌ن كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتییه‌وه‌ هه‌وڵدرا هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا و لقی سلێمانی كه‌ ناویان له‌خۆ نابوو (ناوچه‌ی ٢ی سه‌ر به‌ پارتی دیموكراتی كورد – عێراق) ڕازیبكه‌ن بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو حزب، ئه‌وه‌بوو سه‌ره‌تا ڕازی بوون به‌گه‌ڕانه‌وه‌، به‌و مه‌رجه‌ی ده‌ركراوه‌كان بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌ و به‌شداری له‌ كۆنگره‌ی پارتیدا بكه‌ن، مه‌رجه‌كانیان له‌لایه‌ن كۆمیته‌ی ناوه‌ندییه‌وه‌ په‌سه‌ندكران، به‌ڵام هه‌مزه‌ عه‌بدوڵا و هاوڕێكانی له‌ گفته‌كه‌یان پاشگه‌ز بوونه‌وه، ئه‌م دابه‌شبوونه‌ی حزب وایكرد له‌لایه‌ن كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كاتی پارتییه‌وه‌ به‌ په‌له‌ كار بۆ به‌ستنی کۆنگرەی سێیه‌م بكرێت.


سه‌رچاوه‌كان:

  1.  نامه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی (پیرۆت) بۆ: سه‌ركرده‌ جه‌نه‌راڵ مسته‌فا بارزانی و هاوڕێی خۆشه‌ویست میرحاج ئه‌حمه‌د، (٥/١٠/١٩٥٥ – په‌كین)، مسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد، ١٩٣١-١٩٥٨، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ـ ٢٠٠٤ز)، به‌ڵگه‌نامه‌ی ژماره‌ ٧.
  2.  مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆنگره‌ و كۆنفرانس (پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆ)، ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی رۆكسانا- ٢٠٢١).
  3.  حبیب محمد كریم، تأریخ الحزب الدیمقراطي الكوردستاني ـ العراق (في محطات رئیسیة) ١٩٤٦ ـ ١٩٩٣، (دهوك ـ مطبعة خه‌بات ـ ١٩٩٨م).
  4.  علی عبدالله‌، مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان - عێراق تا به‌ستنی كۆنگره‌ی سێ یه‌می، (شوێن نادیار ـ ١٩٦٨ز).
  5.  سه‌ڵاح ره‌شید، مام جه‌لال دیداری ته‌مه‌ن له‌ لاوێتییه‌وه‌ بۆ كۆشكی كۆماری، (سلێمانی – چاپخانه‌ی كاردۆ – ٢٠١٧).
  6.  عه‌بدوڵڵا مه‌ردوخ، چه‌ند یادگارێكی مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د، (سلێمانی ـ بنكه‌ی ژین ـ چاپخانه‌ی كارۆ ـ ٢٠١٠ز).

بابەتی پەیوەندیدار

کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان

ڕۆژی ٣ی تشرینی دووه‌می ٢٠٢٢ کۆنگرەی چواردەیەم له‌ شاری دهۆك و به‌ ئاماده‌بوونی ١٠٢٢ نوێنه‌ر  له‌ كۆی ١٠٦٥ نوێنه‌ر كه‌ مافی به‌شداریكردنی كۆنگره‌یان هه‌بوو له‌ سه‌رجه‌م ڕێكخستنه‌كانی پارتی له‌ ژێر (دروشمی ئازادی، دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری) ده‌ستی به‌ كاره‌كانی خۆی كرد.

زانیاری زیاتر

پارتی دیموکراتی کوردستان

پارتی دیموکراتی کوردستان (پ.د.ك)، به‌ ڕێنووسی لاتینی (Partiya demokrata kurdestanê)، به‌ زمانی ئینگلیزی (kurdistan democratic party) و به‌ زمانی عه‌ره‌بی (الحزب الدیموقراطي الكوردستاني)، پارتێکی نیشتمانی دیموکراتیی جەماوەرییە، له‌ ڕێكه‌وتی ١٦ی ئابی ١٩٤٦ به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی له‌ شاری به‌غدا به‌ شێوه‌یه‌كی نهێنی دامه‌زرا....

زانیاری زیاتر

شۆڕشی گوڵان

شۆڕشی گوڵان- (شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتنخواز – ٢٦ی گوڵانی ١٩٧٦). ‌ له‌ لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ به‌ سه‌رپه‌ر‌شتی سەرۆک مەسعود بارزانی دژی حكوومه‌تی به‌عسی عێراق له‌ باشووری كوردستان هه‌ڵگیرسا و تا ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی ١٩٩١ به‌رده‌وام بوو.

زانیاری زیاتر

کۆنگرەی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان

كۆنگره‌ی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان - ١١ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٠ )دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عسی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ عێراق ساڵی ٢٠٠٣ و گۆڕانكاری گه‌وره‌ی سیاسی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، له‌ كه‌شێكی ئاسایی له‌ شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدرا.

زانیاری زیاتر

کۆنگرەی یەکەمی پارتی دیموکراتی کوردستان

كۆنگره‌ی یه‌كه‌م یاخود (دامه‌زراندن)ی پارتی دیموكراتی كوردستان - (پارتی دیموكراتی كوردی عێراق - ١٦ی ئابی ١٩٤٦)، له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی ژه‌نه‌راڵ مسته‌فا بارزانی له‌ بەغدا بە ئاماده‌بوونی ٧٠ نوێنەر له‌ كه‌سایه‌تییه‌كانی‌ كوردی باشووری كوردستان، به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی به‌سترا و تێیدا دامه‌زراندنی پارتێكی سیاسی نوێ له‌ باشووری كوردستان ڕاگه‌یه‌نرا.

زانیاری زیاتر