ژیاننامه
ساڵح عه‌بدولخالق ڕەشید ، ناسراو به سەید ساڵح به‌رواری، ساڵی ١٩٣١ له گوندی چەم سەیدای بەرواری باڵا سەر بە پارێزگای دهۆك له‌دایك بووه، ساڵی ١٩٧٥ له‌دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول ئاواره‌ی شانشینی ئێران بووه، له ١٥ی ئاداری ١٩٩٢دا كۆچی دوایی كردووه و له گۆڕستانی شاخكێ له شاری دهۆك ئه‌سپه‌رده‌ی خاك كراوه.
خه‌باتنامه
سەید ساڵح به‌رواری ساڵی ١٩٥٩ به پله‌ی عه‌ریف له سوپای عێراق خزمه‌تی كردووه، ساڵی ١٩٦٢ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌وه كردووه، ساڵی ١٩٦٣ كراوه‌ته فه‌رمانده‌ی به‌تالیۆنی تۆپخانه‌ی لقی یه‌كی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەرچووی خولێكی فه‌رمانده‌یی و فه‌رمانده‌یی به‌تالیۆن لە زستانی ساڵی ١٩٦٧دا بووە لە دەرەوەی وڵات، ساڵی ١٩٧٠ بووه‌ته ئه‌ندامی لێژنه‌ی ناوچه‌ی ئامێدی سه‌ر به لێژنه‌ی لقی یه‌ك.
ساڵی ١٩٧٤ ڕاهێنه‌ری خولی مه‌شقی تۆپخانه‌ی شۆڕشی ئەیلوول بووه، ساڵی ١٩٧٤ كراوه‌ته فه‌رمانده‌ی هێزی پشتگیری (ئیسناد)، ساڵی ١٩٧٥ دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەی وڵاتی ئێران بووە، ساڵی ١٩٧٦ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی سەرکردایەتی کاتیی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وه كردووه، ساڵی ١٩٧٦ له سه‌رده‌می سەرکردایەتی کاتیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا كراوه‌ته به‌رپرسی لێژنه‌ی ناوچه‌ی ئامێدی سه‌ر به لێژنه‌ی لقی یه‌ك، ساڵی ١٩٧٩ نوێنه‌ری کۆنگرەی نۆیه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان له گوندی ڕاژانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بووه، ساڵی ١٩٧٩ كراوه‌ته كارگێڕی لێژنه‌ی لقی یه‌ك، ساڵی ١٩٨٠ له ستافی دوازده‌یه‌م له سه‌رده‌می به‌رپرسیارێتی دکتۆر جەرجیس حەسەن عه‌بدوڵادا به ئه‌ندامی لق له لێژنه‌ی لقی یه‌ك ده‌ستنیشان كراوه و به‌رپرسی لێژنه‌ی ناوچه‌ی ئامێدیش بووه.
ساڵی ١٩٨٠ به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی حزبی شیوعی عێراقدا به‌شداری شه‌ڕی بلمبازی له سنووری پارێزگای دهۆك كردووه به بۆردومانی هێزه‌كانی سوپای عێراق بریندار بووه، ساڵی ١٩٨٠ به هاوبه‌شی هێزه‌كانی حزبی شیوعی عێراقی به‌شداری شه‌ڕی بیكوفا دژ به هێزی سوپای عێراقی له سنووری پارێزگای دهۆك كردووه به بۆردومانی سوپای عێراق بریندار بووه، ساڵی ١٩٨٣ كراوه‌ته به‌رپرسی سه‌ربازی لێژنه‌ی لقی یه‌ك، ساڵی ١٩٨٥ له ستافی سێزده‌یه‌م له سه‌رده‌می به‌رپرسیارێتی نه‌جمه‌دین سه‌عید عه‌لی (١٩٤١ـ ٢٠١٨) ناسراو به نەجمەدین یوسفی به كارگێڕی لێژنه‌ی لقی یه‌ك ده‌ستنیشان كراوه، له كۆتایی ساڵی ١٩٨٧دا كراوه‌ته كارگێڕی لێژنه‌ی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان، ساڵی ١٩٨٨ به‌شداری داستانی خواكوڕك دژ به هێزی سوپای عێراق و هێزه خیڵهكییهكانی هه‌واداری له سنووری پارێزگای هه‌ولێردا كردووه و بریندار بووه، ساڵی ١٩٨٩ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه به ئه‌ندامی یه‌ده‌گی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان (کۆنگرەی دەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان ) هه‌ڵبژێردراوه، ساڵی ١٩٩١ له ستافی شازده‌یه‌م له سه‌رده‌می به‌رپرسیارێتی فازڵ میرانیدا بۆ جاری دووه‌م به كارگێڕی لێژنه‌ی یه‌ك ده‌ستنیشان كراوه. ساڵی ١٩٩١ له كاتی ڕاپه‌ڕینی باشووری كوردستان كراوه‌ته فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی لێژنه‌ی لقی یه‌ك، ساڵی ١٩٩٣ له بڕیاره‌كانی کۆنگرەی یازده‌یه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو به شه‌هیدی نه‌مر ناوزه‌د كراوه.
سه‌رچاوه‌كان:
-
ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان
-
ئێكه‌مین بیره‌وه‌ریا شه‌هیدێ نه‌مر سه‌ید صالح عبدالخالق برواری، گۆڤاری مه‌تین، یا لقی یه‌ك پارتی دیموکراتی کوردستان، ژماره ١٨، خولی سێ، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی ڕۆشنبیری، ئاداری ١٩٩٣ز، ل ٣٦.
-
هه‌ژار عبدالله، پێنج ساڵ به‌سه‌ر داستانه شكۆمه‌ندی یه‌كه‌می خواكوڕك، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان ـ یه‌كگرتوو، ژماره ١٧٣٥، هه‌ولێر، شه‌مه، ٤ ئه‌یلولی ١٩٩٣ز، ل ٣.
-
أرنولد ویلسن، الثورة العراقیة، ترجمة وتعلیق جعفر الخیاط، (بیروت ـ مطبعة دار الكتب ـ ١٩٧١م)، ص ص ١٩٧ ـ ١٩٩، ٢١١.
-
بیره‌وه‌ریا شه‌هیدبوونا ههڤگورێ هه‌ردوو شورشان سه‌ید ساڵح، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان ـ یه‌كگرتوو، ژماره ٢٥٤٧، هه‌ولێر، دووشه‌مه، ١٦ ئاداری ١٩٩٨ز، ل ٩.
-
حبیب محمد كریم، تاریخ الحزب الدیمقرطي الكوردستاني ـ العراق (في محطات رئیسیة) ١٩٤٦ ـ ١٩٩٣، (دهوك ـ مطبعة خه‌بات ـ ١٩٩٨م)، ص ٤٨٨.
-
حسێن عثمان كلش (بابێ كۆڤان)، پێشمه‌رگه‌یه‌ك ژیان و بیرهاتن (١٩٦١ ـ ١٩٩١)، (دهۆك ـ چاپخانه‌ی خانی ـ ٢٠١٥ز)، ل ٩٢.
-
عومه‌ر عوسمان، ژیانی كوردێك، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی حاجی هاشم ـ ٢٠٠٥ز)، ل ل ٥١، ٥٣.
-
فازیل ڕەئووف، به‌ره‌و خۆر، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری ـ ٢٠٠١ز)، ل ٢٢٤.
-
ماڵپه‌ڕی لقی یه‌كی پارتی دیموکراتی کوردستان :www.pdk ـ leqa١.com
-
محه‌مه‌د مه‌لا قادر، سه‌ربورده‌ی نه‌مران، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی حاجی هاشم ـ ٢٠١٤ز)، ل ل ١٢١ ـ ١٢٣.
-
هه‌ڤاڵی خه‌باتكه‌ر سه‌ید صالح كۆچی دووایی ده‌كات، ڕۆژنامه‌ی خه‌بات، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ژماره ٦١٨، ئاداری ١٩٩٢ز، ل ل ١ ـ ٢.