ژیاننامه
باوکی دکتۆر سەعید کە بە شێری بارزان ناسراوە، به‌شداری شۆڕشی یه‌كه‌می بارزانی ١٩٣٢ و بزوتنه‌وه‌ی خه‌لیل خۆشه‌وی ١٩٣٥ كردووه و له ١٥ی ئه‌یلوولی ١٩٣٥ له شه‌ڕی چیای گۆڤه‌ند له باكووری كوردستان به ده‌ستی هێزه‌كانی جه‌ندرمه‌ی توركیا له‌گه‌ڵ پۆلێك له هه‌ڤاڵانی شه‌هید بووه.
دكتۆر سەعید ساڵی ١٩٣٠ له گوندی بێدودى سه‌ر به ناحیه‌ی پیران له قه‌زای مێرگه‌سۆر له پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه، لە ٢١ی حوزه‌یرانی ١٩٣٢ له دوای نسكۆی شۆڕشی یه‌كه‌می بارزان له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی ئاواره‌ی كۆماری توركیا بووه، لە ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ و له دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان ئاواره‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بووه و له شارۆچكه‌ی شنۆ نیشته‌جێ بووه، هه‌ر له یه‌كێتی سۆڤیەت ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ بکلال ئیلیلنا نۆڤیا پێكهێناوه، كوڕێكیان هەبووه به‌ناوى عەزیز سەعید لە ساڵى ١٩٥٨ لەدایکبووە، بڕوانامه‌ی دكتۆرای له مێژووی هاوچه‌رخدا وه‌رگرتووه، شاره‌زای زمانەکانی كوردی، توركی، ڕووسی، فارسی و عه‌ره‌بی بووه.
خه‌باتنامه
سه‌عید ئه‌حمه‌د نادر ساڵی ١٩٤٤ به‌شداری له شۆڕشی دووه‌می بارزانی كردووه و لە ٥ی ئەیلوولی ١٩٤٥ بەشداری له شه‌ڕی مه‌یدان مۆریك كردووه، له ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ له دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان ئاواره‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بووه، له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له هێزی بارزانى سه‌ر به سوپای كۆماری دیموكراتی كوردستان له مه‌هاباد خزمه‌تی پێشمه‌رگایه‌تی كردووه، له ٣ی ئایاری ١٩٤٦ به‌شداری شه‌ڕی ملقه‌ره‌نی له به‌ره‌ی سه‌قز له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كردووه.
لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ لە ڕێگاى خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى. دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ٦ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، ناوخاکی سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری نه‌خچه‌وانی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران، له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە و پله‌ی ئه‌فسه‌ری وه‌رگرتووه، لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بڕیاردەدرێت کەمپە سەربازییەکەى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك تاشكه‌ندی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت. ساڵی ١٩٥٤ له‌سه‌ر داخوازی جه‌نه‌راڵ مستەفا بارزانی به مه‌به‌ستی تەواوکردنی خوێندنی زانكۆ ڕوو له شاری مۆسكۆ دەکات.
دواى شۆڕشى ١٤ى تەمووزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى ١١ بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون و ناوبراو له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان و بووه‌ته وه‌رگێڕی زمانی ڕوسی لە كۆلێژی سه‌ربازیی به‌غدا. له ٥ی تشرینی دووه‌می ١٩٦٠ له‌سه‌ر بانگهێشتی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبی كۆمونیستی یه‌كێتی سۆڤیەت له ساڵیادی شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر یاوه‌ری مستەفا بارزانی بوو بۆ یه‌كێتی سۆڤێت و ساڵی ١٩٦٥ دكتۆرای له مێژووی هاوچه‌رخدا وه‌رگرتووه. ساڵی ١٩٧٠ گه‌ڕاوه‌ته‌وه شاری به‌غدا و ساڵانی (١٩٧١-١٩٧٤) به مامۆستای مێژوو له زانكۆی به‌غدا دامه‌زراوه.
ساڵی ١٩٧٣ له‌به‌ر ئاڵۆزی بارودۆخی نێوان سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبی به‌عسی، بۆ جاری سێیه‌م چووه‌ته‌وه ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌وه و ساڵی ١٩٧٤ وه‌ك فه‌رمانده به‌شداری شه‌ڕه‌كانی زۆزك، سه‌رتیز و گه‌رووی عومه‌ر ئاغای له سنووری پارێزگای هه‌ولێر كردووه، ساڵی ١٩٧٥ دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول بە په‌نابه‌رى ڕووده‌كاته شانشینی ئێران، ساڵی ١٩٧٩ له کۆنگرەی نۆیه‌می پارتیدا به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه و هەمان ساڵ فه‌رمانده‌ی هێزی بارزان بووه. ساڵی ١٩٨٧ یه‌كێك بووه له فه‌رمانده‌كانی شه‌ڕی مێرگه‌سۆر له سنووری پارێزگای هه‌ولێر، ساڵی ١٩٨٨ وه‌ك فه‌رمانده‌ی هێزی بارزان به‌شداری داستانی خواكوڕكی كردووه، ساڵی ١٩٩١ به‌شدارییه‌كی چالاکی لە ڕاپه‌ڕینی باشووری كوردستاندا كردووه و یه‌كێك بووه له داڕێژه‌رانی پلانی ڕزگاركردنی شاری كه‌ركووك، له ٧ تا ١٤ی نیسانی ١٩٩١ له فه‌رمانده‌كانی شەڕی داستانی كۆڕێ بووە كه بووه هۆی تێكشكاندنی پێشڕه‌ویی هێزی عێراق. سالێ ١٩٩٣ کراوه بە ئەندامی لێژنەی باڵای کۆمەڵایەتی ناوچەی بارزان، له ١٦ی ئابی ١٩٩٦ له‌به‌ر خزمه‌تی له شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشی گوڵان و ڕاپه‌ڕینی باشووری كوردستان و قۆناغی سه‌روه‌ری، له یۆبیلی زێڕینی پارتیدا له‌لایه‌ن سه‌رۆك مەسعود بارزانییه‌وه میدالیای بارزانی نه‌مری پێ به‌خشراوه، له ٥ی شوباتی ١٩٩٩ له پیرمام كۆچی دوایی كردووه و به ئاماده‌بوونی نێچیرڤان بارزانی نوێنه‌ری سه‌رۆك مەسعود بارزانی و شێخ محەمه‌د خالید بارزانی و ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسوکار و هەڤاڵانی له گۆڕستانی گوندی بارزان به خاك سپێردراوه.
له به‌رهه‌مه‌كانی:
- ژیان و به‌رخودان ـ كه مێژوو سه‌روه‌ریی ده‌نوێنێ ـ ١٩٩٧.
سه‌رچاوه‌كان:
- الدكتور سعید البارزاني التحق بركب الخالدین، مجلة گولان، مؤسسة گولان الأعلامیة، العدد ٣٣، السنة الثالثة، أربیل، مطبعة وزارة الثقافة، ٢٥ الشباط ١٩٩٩م.
- له چله‌ی دكتۆر سه‌عیدی تێكۆشه‌ردا، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو، ژماره ٢٧٩٩، هه‌ولێر، چوارشه‌مه، ١٧ ئاداری ١٩٩٩ز.
- برایه‌تی، د. سه‌عید ئه‌و پێشمه‌رگه ههلۆیهی ڕێگای به‌رخودانی هه‌ڵبژارد، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو، ژماره ٢٧٧٢، هه‌ولێر، دووشه‌مه، ٨ شوباتی ١٩٩٩ز.
- شێرزاد عه‌بدولڕه‌حمان، مردن به‌ڵام به ڕه‌نگێكی تر، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو، ژماره ٢٧٧١، هه‌ولێر، یه‌كشه‌مه، ٧ شوباتی ١٩٩٩ز.
- دكتۆر سه‌عید بارزانی گه‌یشته كاروانی نه‌مران، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو، ژماره ٢٧٧١، هه‌ولێر، یه‌كشه‌مه، ٧ شوباتی ١٩٩٩ز.
- حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر ـ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ـ چاپخانه‌ی حاجی هاشم ـ ٢٠١٥ز).
- حبیب محمد كریم، تأریخ الحزب الدیمقراطي الكوردستاني ـ العراق (في محطات رئیسیة) ١٩٤٦ ـ ١٩٩٣، (دهوك ـ مطبعة خه‌بات ـ ١٩٩٨م).
- حه‌مید ئه‌فه‌ندی، داستانی كۆڕێ ٧/٤ و ٩/٤/١٩٩١، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژماره ٣٠٦٣، هه‌ولێر، پێنجشه‌مه، ٦ نیسانی ٢٠٠٠ز.
- دكتۆر سه‌عید بارزانی گه‌یشته كاروانی نه‌مران، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو، ژماره ٢٧٧١، هه‌ولێر، یه‌كشه‌مه، ٧ شوباتی ١٩٩٩ز.
- سعید البرزاني، مسیرة الشرف البارزانیة عام ١٩٤٦، جریدة التآخي، العدد ١١٠٦، بغداد، مطبعة التایمس، الثلاثاء، ٨ آب ١٩٧٢م.
- شێرزاد عه‌بدولڕه‌حمان، "ژیان و به‌رخۆدانی دكتۆر سه‌عید ئه‌حمه‌د نادر كه مێژوو سه‌روه‌ریی ده‌نوێنێ"، ئالقه‌ی یه‌كه‌م، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ژماره ٢٢٧٠، پێنجشه‌مه، ٧ تشرینی دووه‌می ١٩٩٦ز.
- عه‌لی كه‌مال به‌رزی، كه‌سایه‌تی ناودارانی كورد له سه‌ده‌ی بیسته‌م، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر ـ پڕۆژه‌ی به‌رزی ـ چاپخانه‌ی زانكۆ ـ ١٩٩٩ز).
- فوزي الأتروشي، الی د.سعید البارزاني الذي مات واقفا، جریدة خه‌بات، لسان حال الحزب الدیمقراطي الكوردستاني ـ الموحد، العدد ٩١١، أربیل، الجمعة، ١٢ شباط ١٩٩٩م.
- مسعود البارزاني، البارزاني والحركة التحرریة الكردیة، الجز‌ء الأول، الطبعة الثانیة، (بیروت ـ كاوا للثقافة الكردیة ـ ١٩٩٧م).
- صالح یوسف صوفي، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ دووێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - 2013ز).
- له چوارچێوه‌ی ئاهه‌نگه‌كانی یۆبیلی زێڕیندا، سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی میدالیای بارزانی به تیكۆشه‌ران و دایكانی شه‌هید ده‌به‌خشێت، گوڤاری گوڵان، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژماره 84، هه‌ولێر، 1 ئه‌یلوولی 1996ز.
- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد 1931 - 1958، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - 1998ز).
- حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - 2004ز).
- نبذة عن حیاة الفقید د. سعید البارزاني، جریدة خه‌بات، لسان حال الحزب الدیمقراطي الكوردستاني ـ الموحد، العدد ٩١١، أربیل، الجمعة، ١٢ شباط ١٩٩٩م.
- سه‌بری چاوشین خانۆ، بێدۆد له مێژوودا، (هه‌ولێر – چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات - 2018ز).