نووسەر و سیاسەتمەدار بارزان خالید عه‌زیز، بە بارزان مه‌لا خالید و خاڵه بارزان ناسراوە، لە ساڵی ١٩٦٦دا په‌یوه‌ندی به هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستانەوە كردووه، ساڵی ١٩٧٥ ئاواره‌ی وڵاتی ئێران بووه، ساڵی ١٩٨٢ هاتووەتەوە ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ساڵی ١٩٩٣ له کۆنگرەی یازده‌یه‌م دا به ئه‌ندامی یه‌ده‌گی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان - یه‌كگرتوو هه‌ڵبژێردراوه، لە ٨ی ئایاری ١٩٩٣ و له كابینه‌ی یه‌كه‌مدا بووەته بریكاری وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ساڵی ٢٠٢٠ كۆچی دوایی كردووه.
ژیاننامه
بارزان خالید عه‌زیز له ساڵی ١٩٤٤ لە شاری هه‌ولێر لەدایکبووە، مه‌لا خالید عه‌زیز مورتكه‌یی (١٩١٠-١٩٨١) باوكی له كادیرانی حزبی هیوای كورد و دۆستی نزیكی بنه‌ماڵه‌ی شێخانی نه‌قشبه‌ندیی ته‌كیه‌ی بارزان بووه، بارزان مه‌لا خالید قوتابی دوا قۆناغی ئاماده‌یی له شاری هه‌ولێر بووە، به‌ڵام له‌به‌ر چالاكی سیاسی خوێندنی ته‌واو نه‌كردووه، ساڵانی (١٩٧١-١٩٧٤) كارمه‌ندی قایمقامیه‌تی قه‌زای ناوه‌ندی هه‌ولێر بووه، هەر سێ زمانى كوردی، عه‌ره‌بی و فارسی زانیوە. ڕۆژی سێشه‌مه‌ی ٢٥ی ئابی ٢٠٢٠ له نه‌خۆشخانه‌یەكی شاری ئانكا‌را كۆچی دوایی كردووه و له شاری هه‌ولێر به‌خاك سپێردراوه.
خه‌باتنامه
بارزان خالید عه‌زیز له مانگی شوباتی ١٩٦٦ په‌یوه‌ندی به هێزی پێشمه‌رگه‌ی لقی چواری به‌تالیۆنی دووی هێزی سه‌فین سه‌ر به له‌شكری دووه‌وه كردووه، وێڕای کاری پێشمەرگایەتی وەکو کادیرێکی ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی چالاکی هەبووە و ساڵی ١٩٦٧ له ده‌سته‌ی نووسه‌رانی گۆڤاری سەفینی ئۆرگانی لێژنه‌ی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان بووه و ساڵی ١٩٦٨ بێژه‌ری زاری كوردیی ناوه‌ڕاستی ئێزگه‌ی دەنگی کوردستان له ناوچه ئازادكراوه‌كانی شۆڕشی ئەیلوول بووه.
ساڵی ١٩٧٠ نوێنه‌ری كۆنگره‌ی هه‌شته‌می پارتی دیموكراتی كوردستان له گوندی ناوپردانی سه‌ر به پارێزگای هه‌ولێر بووه، ساڵی ١٩٧٤ لەگەڵ هێرشی سوپای عێراق بۆ سه‌ر ناوچه ئازادكراوه‌كانی شۆڕشی ئەیلوول وێڕای کاری ڕاگەیاندن، بۆ جاری دووه‌م په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌وه كردووه.
ساڵی ١٩٧٥ و له دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول ئاواره‌ی ئێران بووه، بەڵام زوو گه‌ڕاوه‌ته‌وه باشووری كوردستان و دوور خراوه‌ته‌وه بۆ شارۆچكه‌ی فه‌لوجه له سنووری پارێزگای ئه‌نبار له ڕۆژئاوای عێراق و ساڵی ١٩٧٩ موڵه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ شاری هه‌ولێر پێ دراوه، لە هەمان ساڵدا په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی حزبی سۆسیالیستی كوردستانه‌وه كردووه و له به‌شی ڕاگه‌یاندن كاری كردووه هەتا ساڵی ١٩٨٢ سه‌نگه‌ری گواستووه‌ته‌وه بۆ ناو ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان.
ساڵی ١٩٨٣ وه‌ك ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی به‌شی ڕاگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دامه‌زراوه و ساڵی ١٩٨٤ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی به‌شی ڕاگه‌یاندن بووه و ساڵی ١٩٨٥ له ڕادیۆی دەنگی کوردستان كاری كردووه، له ١٦ی ته‌ممووزی ١٩٨٥ به یاریده‌ده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری ئیداره‌ی ڕاگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ستنیشان كراوه و هەمان ساڵ كراوه‌ته ئه‌ندامی لق و به‌رپرسی به‌شی ڕاگه‌یاندن له لێژنه‌ی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان، ساڵی ١٩٨٨ نوێنه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان له به‌شی ڕاگه‌یاندنی به‌ره‌ی كوردستانی بووه.
ساڵی ١٩٨٩ نوێنه‌ری کۆنگرەی دەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان بووه له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ساڵی ١٩٩١ به‌شداریی ڕاپه‌ڕینی باشووری كوردستانی كردووه و ساڵی ١٩٩٢ له خولی یه‌كه‌مدا به ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كوردستان له‌سه‌ر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه.
ساڵی ١٩٩٣ و له کۆنگرەی یازده‌یه‌مدا به ئه‌ندامی یه‌ده‌گی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان- یه‌كگرتوو هه‌ڵبژێردراوه و هەمان ساڵ له كابینه‌ی یه‌كه‌مدا كراوه‌ته بریكاری وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
ساڵی ٢٠١٠ نوێنه‌ر و وته‌بێژی كۆنگره‌ی سێزده‌یه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان بووه و له‌به‌ر به‌شداری له شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشی گوڵان و ڕاپه‌ڕینی باشووری كوردستان و قۆناغی سه‌روه‌ریدا، میدالیای بارزانی نه‌مری له‌لایه‌ن سه‌رۆك مه‌سعود بارزانییه‌وه پێ به‌خشراوه.
سه‌رچاوه‌كان:
- ئێزگه‌ی ده‌نگی كوردستان ده‌نگی زوڵاڵی شۆڕش و خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی و بڵندگۆی ڕاستی، گۆڤاری ده‌نگی پێشمه‌رگه، ژماره ١٢٦، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی موكریانی، ئه‌یلولی ٢٠٠٨.
- بارزان مه‌لا خالید كێ بوو؟، ڕۆژنامه‌ی خه‌بات، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژماره ٦٠١٥، هه‌ولێر، یه‌كشه‌مه، ٤ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٢٠.
- بارزانی مه‌لا خالید، بیره‌وه‌ریه‌كانی گۆینده‌یه‌ك له ئێزگه‌ی ده‌نگی كوردستان، ڕۆژنامه‌ی خه‌بات، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژماره ٦٣٧، چوارشه‌مه، ٩ی ئه‌یلولی١٩٩٢.
- بكر به‌رزنجه‌یی، كه‌سایه‌تییه ناوداره‌كانی كورد، به‌رگی شه‌شه‌م، (بیروت ـ بنكه‌ی ڕۆشنبیری لوبنانی بۆ چاپ و په‌خش و وه‌رگێڕان و دابه‌شكردن ـ ٢٠١٢).
- جه‌مال خه‌زنه‌دار، ئینسكلۆپیدیای ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی ١٨٩٨ـ ٢٠١٠، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر ـ سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستان ـ چاپخانه‌ی حاجی هاشم ـ ٢٠١١).
- حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر ـ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ـ چاپخانه‌ی حاجی هاشم ـ ٢٠١٤).
- خالد كاكه‌یی، ده‌نگی كوردستانی عێراق.. له‌سه‌ر شانۆی شۆڕشی ئه‌یلولی مه‌زن، ڕۆژنامه‌ی خه‌بات، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژماره ٦٣٧، چوارشه‌مه، ٩ی ئه‌یلولی١٩٩٢.
- دوێنێی نه‌ورۆز له بیره‌وه‌ری بارزان مه‌لا خالیددا، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو، ژماره ٢١٦١، پیرمام، یه‌كشه‌مه، ٢٤ی ئاداری ١٩٩٦.
- دیرۆكی خوله‌كانی كادیرانی پارتی، له شاخه‌وه بۆ شار، (هه‌ولێر ـ سه‌نته‌ری دیراسات و تویژینه‌وه و ئه‌كادیمیای پارتی ـ چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات ـ ٢٠١٩).
- كاروان محه‌مه‌د سین‌و، بارزان مه‌لا خالید ده‌نگی زوڵاڵی شۆڕش، ڕۆژنامه‌ی خه‌بات، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژماره ٥٩٩٤، هه‌ولێر، چوارشه‌مه، ٢٦ی ئابی ٢٠٢٠.
- محه‌مه‌د مه‌لا قادر، خه‌باتنامه كورته مێژووی پارتی و كولتووری بارزانی نه‌مر، چاپی دووه‌م، (ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس ـ چاپخانه‌ی ئاراس ـ ٢٠١٢).