ئەحمەد مستێ

ئەحمەد مستەفا شوان، ناسراو بە ئەحمەد مستێ، فەرماندە و پێشمەرگەى شۆڕشى دووەمى بارزان و کۆمارى کوردستان و ئەیلوول گوڵان و ڕاپەڕین، ساڵى ١٩٤٣ بەشداری لە شۆڕشى دووەمى بارزان کردووە، ساڵى ١٩٦١ لە هێزی لێکدەر بەشداری شۆڕشى ئەیلوول کردووە، پلەى ئامر بەتالیۆنی لە هێزى باڵەک وەرگرتووە، بەرپرسی ئیدارى و عەسکەرى بووە لە بارەگاى بارزانى.


ژیاننامە

ئەحمەد مستەفا شوان، لە ١ى تەمووزى ١٩١٩ لە گوندى کانیەلنجى قەزاى مێرگەسۆرى سەربە پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە، لەبەر دوورە دەستى نەیتوانى بچێتە قوتابخانە، هەر لەوێش ژیانى هاوسەرگیرى پێکهێناوە. ساڵى ١٩٣٢ ئاوارەى وڵاتى تورکیا بووە، ساڵى ١٩٤٥ تا ١٩٤٧ ئاوارەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بووە، ساڵى ١٩٧٥ پاش نسکۆى شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە و لەوێ نیشتەجێ بووە، پاش ڕاپەڕین ساڵى ١٩٩١ گەڕاوەتەوە کوردستان. جگە لەزمانى دایک هەرسێ زمانى عەرەبى و فارسى و ئینگلیزى زانیوە.


خەباتنامە

ئەحمەد مستەفا شوان ساڵى ١٩٤٣ بەشداری لە شۆڕشى دووەمى بارزان کردووە و ساڵى ١٩٤٥ لە داستانى مەیدان مۆریک ڕۆڵێکى کاراى هەبووە لە گورز وەشاندن لە سوپاى عێراق، ساڵى ١٩٤٥ پاش شۆڕشى دووەمى بارزان لەگەڵ شێخ ئەحمەد بارزانی و مەلا مستەفا بارزانى ڕووی کردۆتە ڕۆژهەڵاتى کوردستان، دواى دامەزراندنى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد ئەویش وەک فەرماندە و پێشمەرگە بەشدارى کردووە.

ساڵى ١٩٦١ بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوول کردووە لە هێزی لێکدەر، چەندین پلەى سەربازى لە شۆڕشی ئەیلوول وەرگرتووە، لەوانە پلەى سەرلق و ئامر بەتالیۆن لە هێزى باڵەک و بەرپرسی ئیدارى و عەسکەرى لە بارەگاى بارزانى.

ساڵى ١٩٧٦ لە سەرەتاى هەڵگیرسانى شۆڕشی گوڵان بەشداربووە ، پلەى ئامر هێزى ٣٠ى لە قوەتى بارزان وەرگرتووە، هەروەها کارگێر لقى ٢ی باڵی ڕاستی پارتى دیموکراتى کوردستان و بەرپرسی هێزى پێشمەرگەى ڕێکخراوى باران بووە، پاش ڕاپەڕینى ساڵى ١٩٩١ گەڕاوەتەوە کوردستان و بەشدارى ڕاپەڕینى کردووە، دواى پێکهێنانى سوپاى هێزى پێشمەرگە پلەى ئامر لیواى یەکەى ٤٧ى وەرگرتووە. لە هەمان ساڵدا لەسەر فەرمانی سەرۆک مەسعود بارزانی کراوەتە بەرپرسی لێژنەی کۆمەڵایەتی شیروان ٢.

لەچەندین شەڕ بەشدارى کردووە، لەوانە ساڵى ١٩٤٥ شەڕى مەیدان مۆریک و گۆڕەتوو، شەڕى چیاى قەلەندەر و بادلیان، هەروەها لەگەڵ هێزى بارزان لە سەردەمى کۆمارى کوردستان لە شەڕەکانى سەقز و نەغەدە و علبە کویکا و نەلۆس و شنۆ و مەرگەوەڕ دژى هێزەکانى سوپاى ئێران بەشدارى کردووە.

 لە شۆڕشى ئەیلوول بەشدارى چەندین شەڕى دژى سوپاى عێراق لەوانە لۆمانا و زاوێتە و سەرێ زێڕێ و سەرێ ئاکرێ و سیدەکان و باڵەکایەتى و هیران و نازەنین و گۆمەسپان و سپیلک و ڕێزان و مێرگەسۆر و کوران و سارکێ و چەما دوودەمەرا و گەرووى عومەرئاغا لە دیانا کردووە. 

لە ژیانى پێشمەرگایەتى چەندین جار بریندار بووە، لە ٢٦ى ئەیلوولی ١٩٤٥ لە چیاى قەلەندەر چاوى ڕاستى لەدەست داوە، لە ١٥ى ئادارى ١٩٤٧ لە شەڕى نەلۆسی ، لە ١٧ى ئەیلوولى ١٩٦٣ لە شەڕى چەمێی دوودەمەرا، ساڵى ١٩٦٦ لەشەڕى گەرووی عومەرئاغا.

ساڵى ١٩٤٧ دواى گەڕانەوەى هێزى بارزان لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان لەلایەن حکومەتى پاشایی عێراق لەگەڵ هەریەکێک لە مستەفا خۆشناو، محەمەد مەحمود قودسی و خەیروڵا عەبدولکەریم، عزەت عەبدولعەزیز لە بەندیخانەکانى بەغدا و موسڵ زیندانى کراوە، بڕیارى لەسێدارەدانى بۆ دەرچووە، بەڵام دوایی سزاکەیان بۆ بیست ساڵ زیندانى گۆڕیوە.

لە شەوی ٢٤ لەسەر ٢٥ى ئایارى ٢٠١٠ لە نەخوشخانەی کۆماری لە هەولێری پایتەخت کۆچی دوایی کردووە.


سەرچاوە: 

ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

ڕەشید عەلى بێشونی

ڕەشید عەلى سەلیم شێخ فەرخ، ناسراو بە ڕەشید بێشونى، لە بنەماڵەى شێخ فەرەخی گەورەیە، لە بنەڕەتدا خەڵکى باکوورى کوردستان شارى جزیرەیە، پێش لەدایکبوونى بنەماڵەکەیان هاتوونەتە باشوورى کوردستان، پەیوەندییەکى کۆمەڵایەتییان لەگەڵ شێخانى بارزان هەبووە، ڕەشید بێشونى هەر لەتەمەنى لاوێتیدا دەکەوێتە ژێر کاریگەرى ڕێبازى بارزان.

زانیاری زیاتر

حەسەن ئاغا بەرزێوەیی

حەسەن عەبدولڕەحمان، ناسراو بە حەسەن ئاغا بەرزێوەیی، ساڵى ١٩٦٥ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، لە شۆڕشی ئەیلوول پلەى جێگرى بەتالیۆنى (١)ی زۆزکى وەرگرتووە، ساڵى ١٩٧٩ دەکرێتە ئامر هێزى سەرکردایەتى، ساڵى ١٩٨٦ پلەى بەرپرسی لێژنە ناوچەى ڕواندزى وەرگرتووە.

زانیاری زیاتر

شەوکەت مەلا ئیسماعیل

شەوکەت مەلا ئیسماعیل حەسەن، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بووە، بەرپرسی دەزگای بێتەلی شۆڕش بووە،پلەی فەرماندەى بەتالیۆنى سێی هێزەکانى پاسەوانى سنوورى ساڵی ١٩٧٠ و لیوا لە ساڵی ١٩٩٢ وەرگرتووە، ساڵی ١٩٩٤ خانەنشین کراوە.

زانیاری زیاتر

نەجمەدین گۆرۆنى

نەجمەدین عەبدوڵڵا حەمەد، ناسراو بە نەجمەدین گۆرۆنى، فەرماندەو پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول و گوڵان و ڕاپەڕین، ساڵى١٩٦١ پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول کردووە، سەرلق بووە و ئەرکى پاسەوانى بارەگاى بارزانى بووە، لە ٣ى تشرینى دووەمى ١٩٩٤ کۆچى دوایی کردووە.

زانیاری زیاتر

بابەکر پشدەری

فەرماندە بابەکر مەحمود حەوێز، ناسراو بە بابەکر پشدەرى، پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول بووە، ئەندامى لێژنە ڕێکخراوى سەنگەسەر بەشى عەسکەرى بووە، ساڵی ١٩٩١ نوێنەرى سەرۆک مەسعود بارزانى بووە لەپشدەر و بێتوێن.

زانیاری زیاتر