(ئه‌حمه‌د مێرۆزی) برایه‌كی و ٢ برازا و خوشكه‌زایه‌كی چوونه‌ته ڕیزی نه‌مران، (هاشم مێرۆزی) برای پاش تۆماركردنی چه‌ندین داستانی قاره‌مانیه‌تی له نێوان ساڵانی ١٩٦١ تا ١٩٦٦ هه‌ر له بادینانەوە تاوه‌كو ده‌شتی بتوێن، له (چیای ئه‌ترۆش) شه‌هید ده‌بێت و برازایه‌كه‌شی به‌ناوی (سادق هاشم مێرۆزی) له ساڵی ١٩٨٧ پاش ئەوە‌ی هه‌مان ڕێچکە‌ی (هاشم)ی بابی ده‌گرێته‌به‌ر، ده‌كه‌وێته به‌ر بۆردومانی (فڕۆكه‌ی عێراقی) بۆ سه‌ر (گوندی مێرۆز) و برازایه‌كه‌ی تریشی به‌ناوی (حوسێن هاشم مێرۆزی) له ساڵی ١٩٩٥ و خوارزایه‌كیشی به‌ناوی (حاجی عه‌زیز مێرۆزی) له ساڵی ١٩٩٥ له شەڕی بەرگری لە شەرعیەت شه‌هید ده‌بن.
سه‌ره‌تای شۆڕشى ئەیلوول و په‌ڕینەوە بۆ دەڤەرى بادینان
له ساڵی ١٩٦١ له (سه‌رێ شندڕ) كه ده‌ڕوانێته سه‌ر شاری ئاكرێ، پێشمه‌رگه هێڵی به‌رگری له به‌رامبه‌ر حكومه‌تی عێراقی و جاش دانابوو. دوای ئەوە‌ی حكومه‌تی عێراقی به هاوكاری (جاش) به‌رنامه‌ی گه‌مارۆدانی هێزه‌كه‌ی (سه‌رێ شندڕ)یان داڕشت و توانیبوویان لێیان بسووڕێنەوە و گەمارۆی هێزی شۆڕش بدەن، لەو شەڕەدا پێشمه‌رگه شكا.
(سولێمان دێزۆ) له‌و شه‌ڕە‌دا شه‌هید بوو و ته‌رمه‌كه‌شی كه‌وته ده‌ستی دوژمن، له ڕێگای چه‌كه چیكیه‌كه دوژمن وای زانی بوو (مه‌لا مسته‌فا) شه‌هیدبووه، چونكه چه‌كه‌كانمان به‌زۆری (بڕنۆ و جامبێزار و ئه‌ڵه‌مان)بوون، ته‌نیا (مه‌لا مسته‌فا) و ئه‌و پیاوه (دێزۆی)یه چه‌كی چیكیان پێ‌بوو.
دواتر پێشمه‌رگه بۆ (سه‌ری پیرس) پاشه‌كشه‌ی كرد، دوژمن له‌وێشەوە له هێرشه‌كانی به‌رده‌وام بوو، سه‌ره‌تا به فڕۆکە و پاشان به تۆپ (بۆردومان و تۆپباران)یان ده‌كردین و دواتر هێزی پیاده كه له (جاش و سه‌رباز) پێكده‌هات هێرشیان ده‌كرد، ئێمه‌ش ئه‌و توانا سه‌ربازی و مرۆیه‌مان نه‌بوو، ئه‌وان هێزێك بوون، (یه‌ك فرقه‌ی سه‌ربازی) كه زیاتر له ده‌هه‌زار سه‌رباز پێكده‌هات له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی زۆر جاش و پاڵپشت به‌هه‌موو جۆره چه‌كێكی قورس و سووك و ناوه‌ندی نوێ، ئێمه‌ش ژماره‌مان نه‌ده‌گه‌یشته ٦٠٠ كه‌س و قوڕسترین چه‌كیشمان (ڕەشاش برێن)بوو، ئه‌ویش یه‌كێكی ساخ و دوویان ناته‌واوبوون، پەیاممان پێگه‌یشت حكومه‌ت له‌ڕووی (دینارته)وه بەرەو (گوندی هه‌رن) پێشڕە‌وی ده‌كا و له‌وێشەوە بۆ (بیراكه‌پرا)، ئێمە بۆ (دۆڵڵا ده‌لاشێ) پاشه‌كشه‌مان كرد و به‌رده‌وامبووین له پاشه‌كشه تا گه‌یشتینه بلێ و بارزان و شه‌ڕ كه‌وته (ملا)كه ده‌كه‌وێته به‌رامبه‌ر (بارزان).
شه‌ڕە‌كه له چیای پیرس بۆ ماوه‌ی ٥٠ ڕۆژ دڕێژە‌ی كێشا و له هه‌موو سنووری بارزان خواردن بۆ به‌ره‌كانی شه‌ڕ ده‌نێردرا و ته‌نانه‌ت له گونده‌كانی (هۆزی مزووری ژۆری) (نانی هه‌رزن و كه‌شك وئاژە‌ڵ و ...ئیدی) بۆ پێشمه‌رگه ده‌نێردرا، ته‌نانه‌ت (جلوبه‌رگ و پێڵاو)یش له‌لایه‌ن خه‌ڵكەوە بۆ به‌ره‌كانی شه‌ڕ ده‌نێردرا.
له‌شه‌ڕە‌كه‌دا ژماره‌یه‌كی كه‌م چه‌كی (عوقده دوو) هه‌بوون، كه له‌لایه‌ن (موقه‌ده‌م عه‌زیز)ە‌وه به‌كارده‌هێنرا، (موقه‌ده‌م عه‌زیز) تۆپه‌كانی له‌سه‌ر ڕانی داده‌نا و ده‌یته‌قاندن، لەڕووی فیشەکیشەوە باردۆخمان زۆر خراپ بوو، ئه‌گەر ئیرادە نەبا، چۆن به‌تفه‌نگ شه‌ڕی (تۆپ و ته‌یاره و ده‌بابه) ده‌كرێت؟!.
زیاتر جاشه‌كان ئه‌و شه‌ڕەیان دەکرد، ئه‌گینا سه‌رباز كه له‌ناوچه‌كانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتبوون هه‌ر شاره‌زای ناوچه شاخاویه‌كانمان نه‌بوون، جاشه‌كان زۆرجار سه‌ربازیشیان ده‌كوشتن و چه‌كه‌كانیان ده‌بردنەوە و ده‌یانگوت پێشمه‌رگه كوشتوویانن.
سه‌ره‌تای شه‌ڕە‌كه بارودۆخی كه‌شوهه‌وا ئاسایی بوو، به‌ڵام دواتر باران ده‌ستی پێكرد و پێشمه‌رگه حاڵی په‌رێشانبوو و نانیش نه‌بوو بیخوا (هه‌ندێكیان سێ ڕۆژ بێ نان مابوونەوە). ژماره‌ی پێشمه‌رگه گه‌لێك زۆربوو بێ جلوبه‌رگ و چاكه‌ت ته‌نانه‌ت هه‌موویان (چۆخك)یشیان له‌به‌رنه‌بوو و جله‌كانیان سه‌دان پنی پێوه‌بوو، (پێڵاو)یش (قایشی ئاكره‌یی) بوون،
كه‌ڕە‌تێك (من و هاشم مێرۆزی) له (گوندی كانی بۆتی) سه‌ردانی (مه‌لا مسته‌فا)مان كرد و دوو ده‌ست جلوبه‌رگی خاكی پێداین و گوتی"ئەوە جلی پێشمه‌رگه‌نه"، كاتێك جله خاكیه‌كانمان هێنایەوە، هه‌موو پێشمه‌رگه‌كان سه‌یریان ده‌كرد و پرسیاری جۆره‌كه‌یان ده‌كرد. (جله خاكی)یه‌كان سه‌ره‌تا ناوپستێریان شۆڕبوون، دواتر هه‌ر به‌خۆمان بڕیمانەوە و ئافره‌ته‌كان به داوودهر‌زی ته‌سكیان كردنەوە.
كاتێك له ڕووباری شین په‌ڕینەوە و ناوچه‌ی بارزانمان جێهێشت، پێشمه‌رگه به‌سه‌ر چه‌ند (قۆڵه) دابه‌شكرابوون له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی هه‌ریه‌ك له (محه‌مه‌دئه‌مین میرخان، هاشم مێرۆزی، حسۆ میرخان دۆڵه‌مه‌ری، ئه‌سعه‌د خۆشه‌وی، عیسا سوار، ...هتد)، قۆڵەكانیش له ١٥ تا ٤٠ كه‌س پێكده‌هات، دوای ئەوە‌ی له بڕیاری ڕۆیشتن به‌ره‌و (سووریا) پاشگه‌زبوونەوە.
(مه‌لا مسته‌فا) ژماره‌یه‌ك له هێزه‌كانی له (بادینان) به سه‌ركردایه‌تی (ئه‌سعه‌د خۆشه‌وی)هێشتنەوە و خۆشی گه‌ڕایەوە سنووری (سۆران) و هه‌ریه‌ك له (نادر هه‌ورامی و عه‌بدوڵڵا ئاغای پشده‌ری) له‌گه‌ڵی گه‌ڕانەوە سنووری (باڵه‌كایه‌تی) و به‌شێكیشی به‌سه‌ركردایه‌تی (موقه‌ده‌م عه‌زیز و مه‌حموود كاوانی) نارده (چیای سه‌فین)، ته‌نانه‌ت (له‌شكری مه‌لامسته‌فا) گه‌یشته ناوچه‌كانی (داروخان) سنووری ده‌سه‌ڵاتی (حه‌مه ره‌شید خان) و تاوه‌كو باشووری كوردستان و (مه‌لامسته‌فا) خۆشی له (باڵه‌كایه‌تی) دانیشت.
كاتێك له (ڕووباری شین) په‌ڕینەوە گه‌یشتینه گونده‌كانی (سه‌رزێڕێ و كانی به‌لاڤێ و بێدهێ و...هتد)، له (گوندی سه‌رزێڕی)ی سنووری (توركیا-عێراق) جاشه‌كانی ناوچه‌كه ڕووبه‌ڕوومان بوونەوە. له‌و شه‌ڕە‌ی كه له (سه‌رزێڕێ) كردمان، ته‌نیا ٢ بریندارمان هه‌بوو كه هه‌ردووكیان خزمی (محه‌مه‌دئه‌مین میرخان) بوون و ته‌نیا جاشیش ڕوووبەڕوومان بوونەوە، دواجار نه‌یانتوانی ٢ كاتژمێریش شه‌ڕ بكه‌ن، چونكه ژماره‌یه‌ك له هێزه‌كانمان چوونه نێو سنووری توركیا و لێیان سووڕانەوە هه‌موولایه‌كیان لێ‌گیرا، ده‌ره‌نجام ڕایانكردە ناو سنووری (حكومه‌تی توركیا). خه‌ڵكه ئاسایه‌كه‌ش هه‌ندێكیان ڕایانكردوو چوونه نێو حكومه‌ت و هه‌ندێكیشیان له‌گه‌ڵمان مانەوە و به‌یه‌كەوە ژیاین.
هێزه‌كه‌مان له ڕێڕە‌وه‌كه‌یان به‌رده‌وامبوو، به‌ره‌و چاره‌نووسێكی نادیار پێشمه‌رگە چاره‌نووسی خۆی به‌ستبووەوە به چاره‌نووسی (مه‌لا مسته‌فا). پاش (بێدهێ) به‌ره‌و (گوندی هرۆرێ)ی سه‌ر به (هۆزی به‌رواری ژۆری)، گوندی (ئه‌حمه‌د شانه) ڕۆیشتین و پێشوازیه‌كی زۆر گه‌وره‌مان لێكرا و خه‌ڵكی گونده‌كه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك خزمه‌تیان كردین، (ئافره‌ت و پیاو) هاوكارمان بوون و دڵیشیان به شۆڕشه‌كه‌مان خۆشكرد و بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ لایان ماینەوە، تاوه‌كو گه‌یشتینه سه‌ر ڕووباری (دیجله) له (پێشیابیرا و دێره‌بین)ێ. بۆ ماوه‌ی دوو مانگ ئه‌و ڕێگایه‌مان بڕی تاوه‌كو گه‌یشتینه سه‌ر ڕووباری (دیجله) و سنووری ده‌وڵه‌تی سووریا، پاشان (مه‌لا مسته‌فا) له‌شكره‌كه‌ی كرده چه‌ند به‌شێك و به‌سه‌ر ناوچه‌كانی كوردستان، هه‌ر له (زاخۆ)وه تاوه‌كو (خانه‌قین) دابه‌شیكرد.
چه‌ككردنی فه‌وجێكی حكوومه‌تی عێراقی له گه‌لی زاخۆ- ساڵى ١٩٦٢
به‌هاری ١٩٦٢ په‌یاممان بۆ هات كه فه‌وجێكی حكومه‌تی عێراقی به‌یانی زوو له زاخۆوه ده‌رده‌چن و به‌دلیاتیانه بۆ (دهۆك) به‌ڕێده‌كه‌ون. ٣٠٠ پێشمه‌رگه‌ین كاتژمێر ٤ی به‌ره‌به‌یان به‌ڕێكه‌وتین و هه‌ردوو دیوی ڕێگای (گه‌لی زاخۆ)مان گرت، له‌و ڕووه‌ی ڕێگا كه ده‌گاته (ده‌شتی سلیڤانا) كۆتایی به (گه‌لی زاخۆ) ده‌هێنێت، جاده‌ی سه‌ره‌كیمان به (ته‌ور و بست) به قوڵی و به‌رینی ٢مه‌تر كۆڵی، له‌به‌رئەوە‌ی شه‌قامه‌كه قیڕتاو بوو، كاتێك (ته‌ور)مان له جاده‌كه ده‌دا، ئاگری لێهه‌ڵده‌ستا، به‌ڵام له ڕووی زاخۆ شه‌قامه‌كه ده‌ستی لێنه‌درا.
فه‌وجه‌كه‌ی حكوومه‌تی عێراقی به‌ڕێكه‌وتن و له‌سه‌نته‌ری شاری زاخۆ ده‌رچوون و له‌گه‌لیه‌كه ده‌ربازبوون، كه‌وتنه نێو بۆسه‌كه‌مان، ئه‌وسا زانیان بارودۆخه‌كه‌یان له‌ده‌ست ده‌رچوو و له‌نێو ئۆتۆمبێله‌كانیان به‌بێده‌نگی به‌بێ ئەوە‌ی ده‌ست بكه‌نەوە، ئۆتۆمبێل به‌دوای ئه‌وی تر وه‌ستان. له هه‌موو لایه‌كەوە ته‌قه‌مان لێ‌كردن، هیچیان پێنه‌مابوو، بۆیه به‌بێ ده‌نگی و به‌بێ ئەوە‌ی ته‌قه‌یه‌كیش بكه‌ن له شوێنی خۆیان دانیشتن، وه‌كو بڵێی یه‌ك مرۆڤ و یه‌ك ئۆتۆمبێلیش له‌نێو گه‌لیدا نییه، تاوه‌كو دونیا كه‌مێك ڕووناكبووەوە، ئه‌وسا هه‌ندێك ته‌قه‌یان كرد و خۆیان له‌نێو ئۆتۆمبێله‌كانیان فڕێدایه خوارەوە بۆ ژێر تایه و ته‌ڕاشه‌كانی ده‌وروبه‌ری شه‌قامه‌كه، ئێمه‌ش له هه‌ردوو لای گه‌لیه‌كه به‌سه‌ر سه‌ریانەوە ده‌ڕوانین و پاشان هه‌ڵمانكوتایه سه‌ریان، چوومه سه‌ر ئۆتۆمبێلێك ده‌نگی ڕادیۆیه‌ك هه‌رده‌هات، سه‌یرده‌كه‌م ڕادیۆیه‌كه له‌سه‌ر سینگی سه‌ربازێكی كوژراو كه‌وتووه و كارده‌كات و گوله‌یه‌ك به‌ر سه‌ری كه‌وتووه.
شه‌ڕە‌كه كه له ٥ی به‌یانی تاوه‌كو ٨ی ئێواره به‌رده‌وامبوو، له پێشمه‌رگه (یاسینێ ره‌شید مێرۆزی و قادر ئیسماعیل سێلكی و سه‌بری عه‌بدی مه‌مۆدی) شه‌هیدبوون و ژماره‌یه‌ك برینداریشمان هه‌بوون، له دوژمنیش زیاتر له ١٠سه‌رباز كوژران و ژماره‌یه‌كیشمان ده‌سگیركرد و هه‌ندێكیشمان هه‌مان كات ئازادكرد، پله‌داره‌كانیان له (یه‌ك خه‌تەوە تاوه‌كو ئامر فه‌سیڵ) له‌گه‌ڵ خۆمان هێنان و ته‌واوی چه‌ك و عیتادی فه‌وجه‌كه‌شمان له پشتیانكردن، تاوه‌كو گونده‌كانی (بێزهێ و بێتاسێ)، پاشان ده‌سگیركراوه‌كانمان گواستنەوە لای (مه‌لا مسته‌فا) له باڵه‌كایه‌تی و ئۆتۆمبێله سه‌ربازیه‌كانیش كه ژماره‌یان ٦٠ ئۆتۆمبێل بوو، هه‌موومان سووتاندن. دوای شه‌ڕی (گه‌لی سپی) ژماره‌ی چه‌ك و عیتاده‌كه‌مان زیادی كرد و هه‌رچه‌ك و سیلاحێكیش ده‌ستمان كه‌وتبا، له ئه‌شكه‌وته‌كانی (ناوچه‌ی لێفێ) حه‌شارمانده‌دا.
دواتر حكومه‌ت له‌ڕووی (دهۆك و زاخۆ)وه به‌هانایانەوە هات و تاوه‌كو گه‌یشته گه‌لی زاخۆ سه‌یرده‌كه‌ن ئۆتۆمبێله‌كان ئاگریان پێوه‌یه و هیچ كه‌سێكیش دیارنییه. دوای ئه‌و بۆسه‌یه‌ی له گه‌لی سپی داماننایەوە، هێرشمان بۆ گرتنی ڕەبایە‌كانی گه‌لیه‌كه ده‌ستپێكرد.
هاوینی ١٩٦٢ ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی هۆزی (مزووری ژۆری) به‌سه‌ركردایه‌تی (عیسا سوار و هاشم مێرۆزی)، هێرشمان بۆسه‌ر ڕەبایە‌كانی (كه‌رفڕینك) برد كه ده‌یانڕوانیه سه‌ر ڕێگای سه‌ره‌كی (زاخۆ) و توانیمان ژماره‌یه‌ك پۆلیس ده‌سگیربكه‌ین و ده‌ست به‌سه‌ر بڕێك چه‌كیشدابگرین.
تاریكه شەوە، پێشمه‌رگه یه‌ك به‌دوای یه‌ك وه‌كو زنجیر به‌سه‌ر (چیای بێخێر)دا سه‌ركه‌وتین، نەوە‌كا له‌یه‌كتری داببڕێین و هه‌ر په‌یام و قسه‌یه‌كیشمان هه‌بێت به ئاسانی به‌گوێی یه‌كتریدا بچرپێنین، به‌بێ ئەوە‌ی دوژمن هه‌ستمان پێبكات، تاوه‌كو گه‌یشتینه ڕەبایە‌كانی (كه‌رفڕینك)به‌رده‌وامبووین، به‌م شێوه‌یه گه‌یشتینه بن ڕەبایە‌كان، به‌بێ ئەوە‌ی هه‌ستمان پێبكه‌ن، من گه‌یشتبوومه (ته‌لیس-گوونی)یه‌ی ڕەبایە‌ی دوژمن، هه‌ستم به جووڵه‌ی پۆلیس دەکرد له‌و دیو ساتره‌كانی دوژمن.
كات ١٢:٣٠ى خولەكی شەوە، له‌ناكاو ته‌قه په‌یدابوو و له سه‌ره‌تادا ئه‌وان ده‌ستیان پێكرد، چونكه هه‌ستیان به جووڵه‌یه‌ك كردبوو له ژێر ڕەبایە‌كانیان، ئه‌گه‌ر ئه‌و ته‌قه‌یه نه‌بایه، ده‌گه‌یشتینه ناو ڕەبایە‌كان، به‌بێ ئەوە‌ی ئاگایان له هیچ شتێك بێت.
شه‌ڕ گه‌رمه، گوێبیستی ده‌نگێك بووم، هاواری كرد (ئه‌ی بابۆ). (فه‌وزی پێندرۆیی) له‌گه‌ڵ مه‌لا مسته‌فا چووبووه سۆڤیه‌ت و واده‌زانێت ڕەبایە‌كان چۆلن و هه‌رزوو خۆی فڕێدابووه نێو ڕەبایە‌كان و (شه‌ش) گوله‌ی به‌ركه‌وتبوو، منیش وام زانی (هاشم مێرۆزی) برامه و هاوارده‌كات، چه‌كی (فه‌وزی پێندرۆیی)كه له جۆری بڕنۆبوو له‌وێ كه‌وتبوو، (هاشم)یش وای دانابوو كه ئەوە چه‌كه‌كه‌ی منه و برینداربوویمه، بۆیه من به‌دوای چاره‌نووسی (هاشم)ی برامدا ڕۆیشتم و به ساتری ڕەبایە‌كه خۆم خشاند، بینیم (ڕەشاش گرینۆف)ی (هاشم) به‌وێ هه‌ڵواسراوه و شریتیشی پێداهاتۆته خوارەوە، ترسی شه‌هیدبوونی (هاشم)م به‌ته‌واوه‌تی لێ‌نیشت، بانگی(هاشم)م كرد، ئه‌ویش جوابی دامەوە و گوتی"(ئه‌حمه‌د)، تۆ له‌وێى؟ ئه‌ی ئەوە كێیه كوژراوه؟" منیش پێم گوت" تۆ بۆچی چوویته نێو ڕەبایە‌كه‌یان، منیش وام داناوه تۆی؟"
ئه‌وسا گوتی"پارێزگاریم لێ بكه، تا له‌ڕەبایە‌كه دێمه‌ده‌رەوە، نەوە‌كا ئه‌و پۆلیسه‌ی وا ته‌قه ده‌كات بمكوژێت". پۆلیسێك به‌ناوی (عه‌لی بهارا) له‌نێو ڕەبایە‌كه بوو، زۆر پیسبوو. (هاشم) خۆی له‌سه‌ر ساتره‌كان فڕێدایه ده‌رەوە، شێلكه‌یه‌ك گوله‌ی ڕەشاشی ئاراسته‌كرد و (قایشی) ساجۆره‌كانی (هاشم)ی پساندن، خۆشبه‌ختانه هیچ گوله‌یه‌كی به‌رنه‌كه‌وت، سه‌یرمان كرد (فه‌وزی پێندرۆیی)یه له‌نێو ڕەبایە كه‌وتووه و برینداربووه، (هاشم) داوای لێكردم پارێزگاری لێبكه‌م و له‌به‌رامبه‌ر پۆلیسه‌كه ڕابوه‌ستم، نەوە‌كا برینداره‌كه‌مان ته‌واو بكات، گوله‌یه‌كم ئاراسته‌ی پۆلیسه‌كه كرد، پێی نه‌كه‌وت گوله‌یه‌كی ترم پێیدا ته‌قاند جوێنی دا، گوله‌ی سێیه‌مم ئاراسته‌كرد به‌نێوچاوانی كه‌وت و ته‌واو بوو.
پاش كوژرانی (عه‌لی بهارا) ڕەبایە‌كان ته‌سلیم بوون و له هه‌موو لایه‌كەوە پێشمه‌رگه خۆیان فڕێدایه ناو، كه ژماره‌یان ٨ ڕەبایە‌بوو، هه‌مووشیان به‌یه‌كەوە به‌سترابوون و پۆلیسه‌كان هاواریان لێ هه‌ڵسا و ده‌پاڕانەوە تا نه‌كوژرێن، دواجار هه‌موویان خۆیان ته‌سلیم كرد، (فه‌وزی پێندرۆیی)شمان ڕزگاركرد و پاشان چاره‌سه‌ركراو چاكبووەوە.
له‌شه‌ڕە‌كه‌دا ٤ پۆلیس كوژران و ١١ش برینداربوون و هه‌ر له‌وێ جێ‌مان هێشتن و ئه‌وانی مانەوە‌ش هه‌رچه‌ندی چه‌كی نێو ڕەبایە‌كان هه‌بوو كه له (ڕەشاش و ٦جیهازی بێته‌ل و ڕێژە‌یه‌كی زۆر ئازووقه و عیتاد)پێكده‌هات له پشتمانكردن، شه‌هیده‌كانیشمان به‌ناوه‌كانی (یاسین محه‌مه‌د دێزۆیی و یوسف سندی) له‌سه‌ر داربه‌ست دانان و ئه‌وانیش به ده‌سگیركراوه‌كان هه‌ڵگیران، تاوه‌كو له ڕێگای سه‌ره‌كی دووركه‌وتنەوە ئه‌وسا پۆلیسه‌كان ئازادكران. (یاسین محه‌مه‌د دێزۆیی) له (گوندی هه‌وشنێ)ی (ده‌شتا دوبانێ) به‌خاكسپێردرا.
ڕەبایە‌كانی كه‌رفرینكمان گرتووه و ده‌ستكه‌وتی شه‌ڕە‌كه و شه‌هیده‌كانمان به‌ڕێكردوون، له پێشمه‌رگه‌یه‌كم پرسی كوا (هاشم)؟ یه‌كێكی تر گوتی: "هاشم به‌ره‌و قشڵە ڕۆیشتووه"، پرسیم كه‌ی شه‌ڕ گه‌یشته (قشڵە) و كه‌ی كۆنترۆڵكرا؟، پێیان گوتم: "به‌ڵێ، گیراوه و هاشم و جه‌ماعه‌تێكیش له‌وێن"، ئێمە به‌ڕێكه‌وتین به‌ره‌و خوارەوە ڕۆیشتین، مانگه شەوە، تاوه‌كو گه‌یشتینه ڕێگای سه‌ره‌كی و (قشڵە)یش له‌سه‌ر سه‌رمانه. سه‌ركه‌وتین، ئەوە‌نده‌ی نزیكده‌كه‌ومەوە، بێ ئومێدتر ده‌بم له ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی (قشڵە) تاوه‌كو گه‌یشتمه ژێر دیواری و سه‌یرده‌كه‌م (فانۆس)ێك له‌نێو یه‌كێك له ژووره‌كان هه‌ڵكراوه و ڕووناكایی لێ به‌رزده‌بێتەوە، ئه‌وسا دڵنیابووم كه هیچ كه‌سێك له‌نێو قشڵدا نییه و پێشمه‌رگه پێی نه‌گه‌یشتوون.
ئه‌وكاته‌ی ئێمه به‌ڕێكه‌وتین بۆ (قشڵە)، (هاشم)یش له‌گه‌ڕانەوە ده‌بێت له‌گه‌ڵ ته‌واوی هێزه‌كاندا و بۆ مه‌ودایه‌كی زۆر دووریش ڕۆیشتبوون، پرسیاری منی له جه‌ماعه‌ت كردبوو و ئه‌وانیش پێیان گوتبوو به‌ره‌و (قشڵە) ڕۆیشتووه، هه‌رچه‌ندی پرسی بووی كێ پێی گوتووه به‌ره‌و (قشڵە) بچێت؟، هیچ وه‌ڵامێكی ده‌ست ناكه‌وێت، (هاشم) هه‌ندێك پێشمەرگە له‌گه‌ڵ خۆی ده‌هێنێت و ده‌گه‌ڕێتەوە ڕەبایە‌كانی كه‌رفڕینك. من و باقی ئه‌حمه‌د له بن دیواری قشڵەین، (هاشم) چه‌ند جارێك هاواری كرد (هه‌ر كه‌سێك له‌وێ بێت، با خۆی لابدات، قشڵە تۆپباران ده‌كرێت) ئەوە په‌یامێك بوو بۆ ئێمه‌ی نارد و چه‌ند جارێكیش دووباره‌ی كردەوە، منیش گوله‌یه‌كم له فانۆسی نێو قشڵه‌كه دا، ئه‌وسا خۆم نه‌بینیەوە و له‌هه‌موو لایه‌ك ته‌قه ده‌ستی پێكرد و له ژێر دیواری قشڵه‌كه گیرمان خوارد، دوژمن نه‌یده‌زانی كه له‌ژێر دیواره‌كه‌داین، بۆیه داوام له (باقی) كرد خۆی ده‌ربازبكا، تاوه‌كو ده‌گاته ڕێگا، هه‌رچه‌ندی داوام لێ‌كرد بڕوات، ره‌تی كردەوە و ئه‌ویش به‌منی ده‌گوت: "تۆ بڕۆ، دواجار گوتی"ئه‌گه‌ر من بچم پێم ده‌ڵێی راتكردووه"، منیش پێم گوت" تۆ بڕۆ ئه‌و قسانه ناكه‌م". دواجار (باقی) ڕایكرد و تاوه‌كو گه‌یشته ڕێگای سه‌ره‌كی هیچی لێ به‌سه‌ر نه‌هات، ئه‌وسا منیش به‌دوای ئه‌و ڕامكرد، تا گه‌یشتینەوە یه‌كتری و به‌یەكەوە كه‌وتینه ڕێگا به‌ڕاكردنەوە جاده و جاده بۆ (حه‌سه‌ناوا) رانەوە‌ستاین. كاتێك ده‌ربازبووین ئه‌وسا بانگی (هاشم)مان كرد، (گه‌یشتینه خوارەوە تۆپبارانیان بكه‌ن... گه‌یشتینه خوارەوە تۆپبارانیان بكه‌ن...)
(هاشم) و جه‌ماعه‌ت هاتنه خوارەوە پرسیاری لێكردم كه بۆچی به‌ره‌و قشڵه‌كه ڕۆیشتوم؟ منیش بابه‌ته‌كه‌م بۆی باسكرد و (هاشم) به خراپی لێم تووڕە‌بوو و پێی گوتم "بۆچی دانانیشیت؟!".شه‌ڕە‌كه‌مان بۆ سه‌ر ڕەبایە‌كانی (كه‌رفڕینك) (یه‌ك سه‌عات و سی خوله‌ك) به‌رده‌وام بوو و ته‌رمی شه‌هید (یوسف سندی)یشمان له گوندی (حه‌سه‌ن ئاوا) به‌خاك سپارد و ئێمه‌ش گه‌ڕاینەوە باره‌گایه‌كانمان له (ناوچه‌ی لێفێ)، كه له زۆرترین گونده‌كانی بووین به‌ناوه‌كانی (بێزهێ و بێتاسێ و ئه‌رمشتێ).
دوای ئەوە‌ی باره‌گایه‌كانمان دامه‌زارند، (كۆگا-عه‌مبار)مان وه‌رده‌گرتن و فڕنی نانكردنمان دانا و خواردنیش هه‌ر له باره‌گا پێمان ده‌درا، چونكه ئه‌گه‌ر (عه‌مبار)مان وه‌رنه‌گرتبا، خۆمان پێ به‌ڕێوه‌نه‌ده‌چوو، هه‌رچه‌نده تا ئه‌وكاتیش به‌تایبه‌ت له مه‌فره‌زه‌كان خواردن و خواردنەوە‌ی پێشمه‌رگه له‌سه‌ر گونده‌كان بوو، به‌ڵام له زۆرترین باره‌گا سه‌ره‌كیه‌كانیش خورادن ئاماده‌ده‌كرا، كۆگایه‌كانیشمان هه‌ر له‌نێو ئه‌شكه‌وته‌كانی (بێتاسێ و بێزهێ و ئه‌رموشتێ)بوون. باره‌گای قۆڵه‌ی (هاشم مێرۆزی) له (گوندی بێتاسێ)بوو (عیسا سوار)یش له (بێزهێ) داده‌نیشت، ئه‌و به‌رزایانه‌ی ده‌گه‌یشتنه سنووری هۆزی (دۆسكی ژۆری) له‌لایه‌ن قۆڵه‌كه‌مانەوە ده‌هاتنه پاراستن و به‌رزایه‌كان زۆرگرنگ و ستراتیژی بوون، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت بیتوانیبا ده‌ستی به‌سه‌ردابگرێ، نه‌مانده‌توانی له ناوچه‌كه بمێنینەوە.
جگه له كاروباری سه‌ربازی، ده‌سه‌ڵاتی كارگێڕیشمان هه‌بوو و ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌كی (كۆمه‌ڵایه‌تی، ئیداری، ئابووری) هه‌بوایه ده‌گه‌ڕایەوە لامان و بۆ چاره‌سه‌ركردنیشی چه‌ندین ڕێکار هه‌بوون ده‌مانگرتنه‌به‌ر، تا دووباره نه‌بنەوە. تاوانبار به‌پێی ئه‌و تاوانه‌ی ئه‌نجامی ده‌دا سزا ده‌درا ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر زانیاریمان هه‌بووایه له بوونی په‌یوه‌ندی ئیستخباراتی له‌نێوان كه‌سێك و حكومه‌تی عێراقی، كه‌سه‌كه‌مان ده‌سگیرده‌كرد و سزای ئه‌وكه‌سانه‌ش (مه‌رگ)بوو.
(هاشم مێرۆزی) له باره‌گایه‌كه‌ی له (بێتاسێ) نووسه‌رێكی هه‌بوو به‌ناوی (عه‌بدوله‌تیف باتیفی) و له‌لایه‌ن (عیسا سوار)یش نووسه‌ر هه‌بوون، كاری ئه‌و (نووسه‌رانه) نووسینی نامه و برووسکە‌كانی نێوان به‌ره‌كانی شه‌ڕبوو له‌گه‌ڵ تۆماركردنی شه‌ڕە‌كان و مێژوو و ده‌سكه‌وته‌كانی، به‌ڵام به‌هۆی جێهێشتنی تۆماره‌كان له‌وكاته‌ی له شه‌ڕێك ده‌شكاین و باره‌گاكانمان به‌رده‌دان، زۆر كه‌ڕە‌ت ئه‌و نووسراوانه ده‌كه‌وتنه ده‌ستی دوژمن و هه‌ندێك جاریش له‌گه‌ڵ خۆمان دەمانگواستنەوە.
شەڕى باتیفا لە ساڵى ١٩٦٢
حكوومه‌تی عێراقی ده‌یویست ڕێگای (خیزاوا- باتیفا) كۆنترۆڵ بكا و بۆ ماوه‌ی ١٤شه‌و و ڕۆژ شه‌ڕی به‌رده‌وام، ڕێگا‌كه به‌رنه‌درا و نه‌هێڵدرا حكومه‌ت بگاته (باتیفا). ڕۆژێک کە هێزه‌كانمان به‌سه‌ركردایه‌تی (هاشم مێرۆزی) له سنووری هۆزی (سندی) بوو په‌یامێکمان پێگه‌یشت، حكومه‌تی عێراقی به‌سه‌ركردایه‌تی (مه‌جید سه‌بعاوی) له (زاخۆ)وه ده‌یه‌وێت پێشڕە‌وی بكا بۆ (باتیفا). (مه‌جید سه‌بعاوی) كه خه‌ڵكی (موسڵ) بوو، هاوشێوه‌ی پێشمه‌رگه‌كان جۆته پێڵاوێكی (لاستیكی) له‌پێكردن و به‌ڵێنی دابوو نه‌گه‌ڕێتەوە تاوه‌كو (هاشم مێرۆزی) به ده‌سته‌كانی ده‌ستگیری نه‌كات.
هاوینی ١٩٦٢ لەبەر گه‌رما كه‌س ناتوانێت له‌به‌ر خۆر بوه‌ستێت و هێشتانه‌كه (نیسك) دروێنه‌نه‌كراون، هه‌ریه‌ك له سه‌رقۆڵه‌كان (عه‌لی عه‌لی و عه‌لی هالۆ و هاشم مێرۆزی و عه‌بدولره‌حمان دینۆ و عه‌بدولكه‌ریم حامد) له‌گه‌ڵمانن و نزیكه‌ی ٤٠٠ پێشمه‌رگه‌ین، (باتیفا) له‌ژێر كۆنترۆڵی پێشمه‌رگه‌یه و (زاخۆ)ش له‌ژێر ده‌ستی حكومه‌تی عێراق، له نێوان هه‌ردوو باژێڕدا و له‌نێو دۆڵ و ده‌شت و به‌رزاییه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌دا به‌ره‌ی شه‌ڕمان دانا و به چه‌كه‌كانی (بڕنۆ و كلاشینكۆف و ئینگلیزی و ڕەشاش) ڕێگامان له پێشڕە‌ویه‌كانی حكومه‌تی عێراقی گرت.
چه‌كه‌كانی حكومه‌تی عێراق (فڕۆكه و ده‌بابه و تۆپ و ته‌واوی چه‌كی سووك و ناوه‌ند) بوو کە پاڵپشتیى یەک لیوای سه‌ربازی و جاشى دەکرد، بۆ ماوه‌ی ١٤ شه‌و و ڕۆژ هێرشی ده‌كرد تا ڕێگای گه‌یشتن به (باتیفا) بكاتەوە و (هاشم مێرۆزی)یش ده‌سگیربكه‌ن، سه‌رقۆڵه‌كانمان نه‌خشه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوویان داڕشتبوو. حكومه‌ت به ڕێگای سه‌ره‌كیدا ده‌هات و پێشمه‌رگه‌ش هه‌ردوو ڕووی جاده‌كه‌ی كۆنترۆڵكردبوو كه به گرد و به‌رزایی و دۆڵ ده‌ورپێچکراوه و له‌هه‌ردوو دیوی ڕێگایه‌كه هه‌م نه‌په‌نیمان دروستكردبوون، هه‌میش ته‌ڕاشی زۆری لێبوون، پێشمه‌رگه خۆیان له‌ژێریدا حه‌شارده‌دا.
حكومه‌ت له ڕێگاوه پێشڕە‌وی كرد و (جاش)یش له لێواره‌كان، پێشمه‌رگه و جاش له كه‌ند و گرده‌كان ڕوووبەڕووی یه‌ك بوونەوە و شه‌ڕ دەستی پێ‌کرد، حكومه‌ت به‌ناچاری له ڕێگادا مایەوە و نه‌یتوانی پێشڕە‌وی بكا. دوای ئەوە‌ی نه‌یتوانی پێشڕە‌وی بكات و بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له ڕێگادا مایەوە و ژماره‌یه‌كی زۆریشیان لێكوژرا، به‌ناچاری پاشه‌كشه‌یان كرد بۆ (زاخۆ). یه‌كێك به دووربین سه‌یری به‌ره‌ی شه‌ڕی ده‌كرد، هاوڕێیه‌كم گوتی"ده‌زانی ئه‌و سه‌ربازه كێیه به‌دووربین سه‌یری شه‌ڕ ده‌كات"، منیش گوتم"نه‌خێر نایزانم، به‌ڵام تۆش به دووربین سه‌یری بكه و گوله‌یه‌كی بۆ ده‌هاوێژم". چه‌كێكی بڕنۆم پێیه و نیشانه‌شكێنێكی زۆر وردیشم، له‌به‌رامبه‌ری ڕاوەستام و براده‌ره‌كه‌شم به دووربین سه‌یری ده‌كا، گوله‌ی یه‌كه‌مم ته‌قاند ڕاسته‌وخۆ كه‌وت و هاوڕێیه‌كه‌م گوتی"كوشتت و دووربینه‌كه‌ی كه‌وت!"، سه‌رباز و ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له‌وێ بوو هه‌موویان بۆ لای ڕایان‌كرد و به‌په‌له ئیسعاف گه‌یشت، بۆ ڕۆژی دواتر به‌دوایان كه‌وتین، كه‌س نه‌یده‌زانی چیان به‌سه‌رهێنرا و ده‌بابه‌كان گه‌ڕانەوە، (سه‌بعاوى) ئامر لیوایان كوژرا، به‌بڕوای من ئه‌و پیاوه‌ی گوله‌م لێیدا خودی (سه‌بعاوی) بووبێ، چونكه هه‌ر دوای پێكانی له‌هه‌موو لایه‌كەوە سه‌رباز كۆبوونەوە و گواستیانەوە بۆ (زاخۆ) و حكومه‌تیش پاشه‌كشه‌ی كرد. دوو ڕۆژی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕی، به‌هه‌مان شێوه‌ی كه‌ڕە‌تی یه‌كه‌م گه‌ڕانەوە و به‌ره‌ی شه‌ڕیان دانایەوە.
١٤ ڕۆژی به‌رده‌وام به‌رگریمان كرد، له ڕۆژی ١٥ هیچ ده‌رفه‌تێكمان نه‌مایەوە و ڕێگامان بۆ حكومه‌ت كردەوە، تا بێ و بگاته (باتیفا)، پێشمه‌رگه زۆر هیلاك و شپرزه‌بوو، به (هاشم)م گوت"هیچ كه‌سێك له به‌ره‌ی شه‌ڕ نه‌ماوه"، گوتی"چۆن؟"، گوتم"٦٠پێشمەرگە له‌گه‌ڵمان ماون، ئه‌وانی تر ڕۆیشتوون".
سێ ڕۆژ (هاشم مێرۆزی) برام ده‌برایه لای پزیشك تا گوێیه‌كانی له دووكه‌ڵی بارووتی تۆپ و سارۆخی فڕۆكه پاكبكرێتەوە، (هاشم) له‌سه‌ر گردێك به‌رگری ده‌كرد، ده‌وروبەری ڕەبایە‌كه‌ی هه‌مووی شوێنی تۆپبوون و به‌رده‌وام ئاگر له‌سه‌ر سه‌ریان بوو، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك شوێنه‌كه‌ی به‌رنه‌دا.
به‌پێی زانیاریه‌كانم له‌شه‌ڕە‌كه‌دا ٤٠ پێشمه‌رگه‌مان له هۆزه‌كانی (سندی و گولی مزووری ژۆری) شه‌هید بوون، ته‌نیا (مه‌سعود حاجی سادق گولی)یم به‌یاده، ٣پێشمه‌رگه‌مان كه (یه‌كێكیان سپینداری و یه‌كێكیش دێزۆیی و یه‌كێكی تریش نازانم خه‌ڵكی چ گوندێك بوو) شه‌هیدبوون، كه‌وتنه ده‌ستی جاشه‌كان و ئاگریان كردەوە و هه‌رسێكیان خستنە ناو ئاگرەوەکە.
دواجار هیچ چاره‌یه‌كمان نه‌ما، جگه له پاشه‌كشه‌كردن و كردنەوە‌ی ڕێگا بۆ حكومه‌تی عێراقی نەبێت. ژماره‌یه‌كی زۆر برینداریشمان له شه‌ڕە‌كه‌دا هه‌بوون له‌وانه ((حاجی عیسا مێرۆزی و سه‌بری سیتۆ گویزی و ٢كه‌سی دێزۆیی و له‌گه‌ڵ ٤ برینداری تر))، ته‌نیا له مزووری ژۆری ٨ بریندارمان هه‌بوون، جگه له هۆزه‌كانی (سندی و گولی) ژماره‌كه گه‌لێك زۆر بوو.
به‌پێی گێڕانەوە‌ی خه‌ڵكی (زاخۆ)، چۆن لاشه ده‌كه‌ون، به‌هه‌مان شێوه ته‌رمی كوژراوی حكومه‌تی عێراقی ده‌گه‌یشتنەوە (زاخۆ)، چونكه سه‌ربازه‌كان زۆر ناشاره‌زا بوون، كاتێك هێرش ده‌كرا، ڕێگایان ده‌گرته‌به‌ر و به‌ته‌نیشت ده‌بابەوە پێشڕە‌ویان ده‌كرد، ئه‌وسا له‌به‌رامبه‌ریان ڕادەوە‌ستاین و هه‌موومان ده‌كوشتن.
(هه‌لیكۆپته‌ر)ی حكومه‌تی عێراقی به (چه‌كی ڕەشاش) شه‌ڕی ده‌كرد و زۆرێك له پێشمه‌رگه‌كانمان له‌لایه‌ن ئه‌و (هه‌لیكۆپته‌رانە) شه‌هید كران، چونكه هیچ چه‌كێكی ئه‌وتۆمان نه‌بوو بیپێكێت، بۆیه كاتێك فڕۆکە ده‌گه‌یشت، ته‌نیا ده‌مانتوانی خۆمان بشارینەوە، نەوە‌كا شوێنمان پێ بزانێت و بۆردومان بكات.
له شه‌ڕی (باتیفا) حكومه‌تی (سوریا) هاوكاری ئاسمانی حكومه‌تی (عێراقی) ده‌كرد، له‌گه‌ڵ گه‌ڕانەوە‌ی هه‌لیكۆپته‌ر، ده‌مانزانی فڕۆکە‌ی جه‌نگی هێرش ده‌كه‌ن، به‌رده‌وام دوو فڕۆکە‌ی مێكی ڕووسی و٢ی سووری بۆردومانی ده‌كردین، ئه‌و فڕۆكانه به ئاره‌زووی خۆیان هاتوچۆیان ده‌كرد و لێمان بێمنه‌ت بوون، ده‌یانزانی هیچ چه‌كێكی ئه‌وتۆمان نییه پێ شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ بكه‌ین، ئه‌و سه‌رده‌م به‌هیچ شێوه‌یه‌ك شه‌ڕی ئاسمانیمان پێنه‌ده‌كرا، ئەوە‌ی ده‌مانكرد، شه‌ڕی زه‌مینی بوو، ته‌نانه‌ت پێشمه‌رگه (نیزه‌ی)سه‌ر چه‌كه‌كه‌شی به‌په‌ڕۆك داپۆشی بوو نەوە‌كا ببریسكێتەوە و له فڕۆکە دیاربێت.
هێرشه‌كانیان سه‌ره‌تا به تۆپباران ده‌ستی پێده‌كرد، دواتر فڕۆکە بۆردومانی ده‌كردین و پاشان هێرشی زه‌مینیان ده‌ستپێده‌كرد، دوای ئەوە‌ی ده‌رفه‌تمان نه‌ما و توانای به‌رگریشمان له‌ده‌ستدا، ڕێگامان بۆ حكومه‌تی عێراقی كردەوە و گه‌یشتنه ناو (باتیفا).
دوای ئەوە‌ی مه‌ترسی هاتنی وه‌رزی زستانیان لێ نیشت و ده‌یانزانی له‌و وه‌رزه‌دا ڕێگای هاتوچۆی نێوان (زاخۆ-باتیفا) داده‌خرێت، به‌هۆی بارینی به‌فر و بارانی زۆر، دوای ئەوە‌ی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ناو (باتیفا) كه زۆرترینیان سه‌ر به‌هۆزی (گولی) بوون پێكهاتین و (حاجی سادق گولی)یش داوای هاوكاری له پێشمه‌رگه كرد و گوتی"ئه‌گه‌ر هاوكارمان بن، ده‌توانین (باتیفا) له‌ده‌ست حكومه‌ت ده‌ربێنین"، به شه‌ڕێكی كه‌م، ده‌كرێت ناوی شه‌ڕیشی لێنه‌نێین، حكومه‌تی عێراقی پاشه‌كشه‌ی كرده (زاخۆ) و هیچی تر نه‌گه‌ڕایەوە.
حكومه‌ت ده‌یزانی ناتوانێت له (ناحیه‌ی باتیفا) بمێنێتەوە، چونكه ناحیه‌كه ده‌كه‌وته نێوان (شاخ)ی به‌رز و دووره‌ده‌ست، ده‌بووایه حكومه‌ت به ده‌شتایه‌كی پان و به‌ریندا ڕێگابگرێت تاكو له (زاخۆ)وه ده‌گه‌یشته (باتیفا).
بارودۆخی حكومه‌ت زۆر خراپ بوو، ته‌نیا سه‌نته‌ری شاره‌كان نه‌بێت، ئه‌گینا هه‌موو ده‌شت و چیا و گونده‌كان له ده‌ستی پێشمه‌رگه‌دابوون، ٨٠ گوندی ناوچەکە به‌ته‌واوه‌تی له‌ژێر كۆنترۆڵمانبوو.
هاوكاریه‌كانی خه‌ڵكی ناو (باتیفا) بووه هۆی ئەوە‌ی به‌بێ زیان بچینه ناو ناحیه‌كه و حكومه‌تیش پاشه‌كشه‌ی كرد. (حاجی سادق گولی) ده‌سه‌ڵاتداربوو له (ناحیه‌ی باتیفا)، پێشتر كێشه و خوێنداری له‌نێوان (گولی و سندی)یه‌كاندا هه‌بوو، بۆیه نه‌یانده‌ویست پاڵپشتی له (سندی)یه‌كان بكه‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ شۆڕشی ئه‌یلوول و شه‌ڕە‌كانی ئه‌و سه‌رده‌م هه‌ردوو هۆزمان ئاشتكردنەوە، خەڵکی ناوچه‌كه له‌هه‌موو لایه‌كەوە هاوكاریان كردین، ئێمه‌ش ره‌گوڕیشه‌ی خۆمان داكوتا و له‌ڕووی سه‌ربازی و سیاسی‌دا ده‌ستمان به ئیداره‌کردنى ناوچه‌كه کرد، هۆزی (گولی)ش دواتر هاوكاریه‌كی باشیان كردین و ته‌نانه‌ت له‌شه‌ڕی (باتیفا) كوڕە‌كه‌ی (حاجی سادق گولی) کە ناوی (مه‌سعود) بوو شه‌هید بوو.
هێشتانه‌كه (باتیفا) له ژێر ده‌ستی حكومه‌تی (عێراقی)دا بوو، هاوینی ١٩٦٢ كه‌ڕە‌تێك گوتیان كه‌سێك ده‌ركه‌وتووه به‌ناوی (سه‌بری چنوكی) و ده‌یه‌وێت به فێڵی جۆراوجۆر خۆی بگه‌یه‌نێته ناو هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و زیان به پێشمه‌رگه بگه‌یه‌نێت. په‌یاممان بۆ هات كه (سه‌بری) هه‌ندێك پیاوی له‌گه‌ڵ خۆی هێناوه و له‌لایه‌ن (بەشار ئاغا)وه به‌ڕێكراون بۆ گونده‌كانی (په‌ره‌خێ و مێرگه‌شیشێ)ی سه‌رسنووری و سنووری هۆزی (سندی) و به‌ڵێنیی خه‌ڵاتكردنیان پێدراوه، ئه‌گه‌ر زیان به پێشمه‌رگه بگه‌یه‌نن، زانیاری له باره‌ی جووڵه‌كه گه‌یشت، (هاشم مێرۆزی) و سه‌رقۆڵه‌كانمان داوایان لێكردم هه‌ندێك پێشمه‌رگه ببه‌م و به‌دوایان بكه‌وم و هاوشێوه‌ی (ئه‌وان) خۆم ده‌ربخه‌م و گروپه‌كه‌یان له‌نێو ببه‌م.
هه‌ریه‌ك له (باقی ئه‌حمه‌د مێرۆزی و عه‌بدوڵڵا عه‌لی و ئیبراهیم كوڕانی) له‌گه‌ڵ ٤پێشمه‌رگه‌ی (سندی) و یه‌كێكی (فه‌له) به‌ناوی (سولاقه) بۆ ڕێنیشانده‌ری، له‌گه‌ڵ خۆم بردن و به‌ڕێكه‌وتین، تا گه‌یشتینه (گوندی په‌ره‌خێ) و له ماڵێك دانیشتین و پشوومان دا و (ترێی تائیفیان) بۆ هێناین. خاوه‌ن ماڵ گوتی"ئێوه كێن؟، پێم گوت"جه‌ماعه‌تی (بەشار ئاغا)ین"، هاوشێوه‌ی جاشه‌كان خۆمان هه‌ڵخستبوو و جامانه‌ی (شین)یشمان له‌سه‌ر نابوو، خاوه‌ن ماڵ هه‌ستی پێنه‌كردین و گوتی"ماده‌م وایه جه‌ماعه‌تێكی ئێوه‌ش لێره‌ن"، ئێمه‌ش گوتمان" كێنه و له‌كوێنه؟" ناوی (سه‌بری چنۆكی) هێنا و گوتم"ئێمه‌ش به‌دوای ئه‌وانەوە هاتووین، ئه‌گه‌ر هاوكاریمان بكه‌یت و شوێنی مانەوە‌ی ئه‌وانمان پێ نیشانبده‌ی سوپاست ده‌كه‌ین، به‌ڵام با به نهێنی بێت و هیچ كه‌سێك پێی نه‌زانێت، نەوە‌كا شه‌ڕ له‌نێوانمان دروستببێت و له نه‌شاره‌زایی خوێنبڕژێت، خاوه‌ن ماڵ گوتی"ئه‌م شه‌و میوانی ماڵێكن"، ناونیشانی ماڵه‌كه‌شی پێ نیشانداین.
به‌ره‌به‌یان، ته‌نیا چه‌كی (سووك)مان پێیه، به‌ڕێكه‌وتین و گه‌مارۆی خانووه‌كه‌مان دا و هه‌رزوو پاسه‌وانه‌كه‌یمان کوشت كه له‌سه‌ر (بان)ی خانووه‌كه بوو، جاشه‌كان خۆیان له‌نێو خانووه‌كه فڕێدایه ده‌رەوە و له هه‌موو لایه‌ك لێیان هاتینه ده‌ست، پاش (یه‌ك سه‌عات و نیو) شه‌ڕكردن سێ كه‌سمان لێكوشتن كه یه‌كێكیان (سه‌بری چنۆكی) خۆی بوو و یه‌كێكشمان ده‌سگیركرد و پێنج كه‌سیشیان ڕایان‌كرد.
دوای ئەوە‌ی گه‌ڕاینەوە، له‌لایه‌ن (عیسا سوار و هاشم مێرۆزی و ... ) ده‌ستخۆشیمان لێكرا و پێشمه‌رگه‌كان ماچیان ده‌كردین و ده‌ستخۆشیان لێده‌كردین.
یه‌كێك له پێشمه‌رگه‌كانمان به‌ناوی (یوسف ده‌لۆ)كه خه‌ڵكی (زاخۆ) بوو، له شه‌ڕە‌كه‌دا كه‌مێك برینداربوو، ئه‌ویش به‌هۆی پابه‌ند نه‌بوونی به پلانی شه‌ڕە‌كه‌مان، چونكه پێشتر پێم گوتبوون: هیچ كه‌سێك نه‌چێته ناو خانووه‌كه، تا كۆتایی به شه‌ڕە‌كه دێت، به‌ڵام (یوسف) خۆی پێڕاناگیرێت و ده‌چێته ژوورەوە، پێشمه‌رگه‌كانمان له ده‌رەوە نازانن كه جه‌ماعه‌تی خۆمانه، یه‌كێكیان ته‌قه‌ی لێده‌كا و بریندارده‌بێت.
له دوای ڕووداوه‌كانی (باتیفا)، به‌ڕێكه‌وتین بۆ (ده‌شتی سلیڤانا)، بۆ گونده‌كانی (به‌غلوجه و پێچه‌كێ و په‌ره‌خێ و ئاوزوروكێ و مێرگه‌سۆرى)، ناوچه‌یه‌كی فراوانه و ده‌یانگوت ده‌شتی (سلیڤانا) له ١٠٠ گوند پێكدێت.
داستانى شەڕى به‌غلوجه لە ساڵى ١٩٦٢
پایزی ١٩٦٢ جاده‌یه‌كی خۆڵ له (ڕووباری دیجله)ە‌وه ده‌هات بۆ (گوندی پێچه‌ك و به‌غلۆجه) تا ده‌گه‌یشته (پێشیابیر و دێره‌بین)، خه‌به‌رمان بۆ هات كه حكومه‌تی عێراقی جاده و جاده هێرشده‌كا، جه‌ماعه‌تەكه‌مان ڕۆیشتن بۆ چاودێری جاده‌ی سه‌ره‌كی و گه‌ڕانەوە، گوتیان (حكومه‌ت ناهێت). دواتر باسیان لەوە‌كرد كه له ڕێگا (خاكی)یه‌كه‌ی (دیجله-پێچه‌ك-به‌غلوجه) هێرش ده‌كا.
حكومه‌ت له و ڕێگایه پێشڕە‌وی ده‌كرد و ده‌یویست بگاته (پێشیابیر و دێره‌بین و به‌رزێبارا و شیناوا) تاكو ده‌گه‌یشتنه (زاخۆ) و به‌م شێوه‌یه گه‌مارۆیان ده‌داین و ته‌نیا (چیای بێخێر)مان بۆ ده‌مایەوە.
٧٠ پێشمه‌رگه به سه‌ركردایه‌تی (هاشم مێرۆزی) کە زۆرینەیان خه‌ڵكی (هۆزی مزووری ژۆری و سندی و گویی)بوون، بۆ ڕێگری له پێشڕە‌ویه‌كانیان به‌ڕێكه‌وتین و له چه‌ند شوێنێكی ڕێگایه‌كه بۆسه‌مان بۆیان دانایەوە و له (گوندی به‌غلوجه) شه‌ڕ گه‌رمبوو و فڕۆکە‌ی حكومه‌تی (سووریا و عێراق)یش به‌شداریان كرد.
له به‌یانییەوە شه‌ڕە‌كه ده‌ستی پێكرد، تاوه‌كو خۆر ئاوابوو به‌رده‌وامبوو، ڕێگامان نه‌دا حكومه‌ت پێشڕە‌وی بكا هیچ هێزێكیش به‌هانایانەوە نه‌هات. حكومه‌ت به ٤٠ ده‌بابه و فڕۆکە و ته‌واوی هێزی پیاده هێرشی ده‌هێنا، (ده‌بابه)كانی دوژمن له‌نێو تۆزی ناوچه‌كه ونببوون و لێواری ڕووباری دیجله‌یان گرتبوو و نه‌یانده‌توانی پێشڕە‌وی بكه‌ن، خاكی ناوچه‌كه نه‌رم و لماوی بوو، پێشمه‌رگه‌كانمان هه‌ندێك شوێنیان هه‌ڵكۆڵیبوو و خۆیان تیادا حه‌شاردابوو دوژمن نه‌یده‌زانی له‌كوێوه شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و سه‌ریان لێشێوابوو.
له‌نێو گه‌رمه‌ی شه‌ڕداین، په‌یاممان بۆهات هێزێكی تری حكومه‌ت له (مه‌فره‌قی دهۆك) وه پێشڕە‌وی ده‌كا بۆ (ئاسهێ)، ئه‌گه‌ر پاشه‌كشه نه‌كه‌ین، ده‌كه‌وینه نێو هه‌ردوو هێزه‌كه‌ی حكومه‌ت و گه‌مارۆ ده‌درێین و ڕێگای ده‌ربازبوونمان قوڕسده‌بێت. دونیا تاریك بوو و شوێنه‌كه‌ی خۆمان به‌ردا و پاشه‌كشه‌مان كرد بۆ بناری (چیای بێخێر) و گوندێكی فه‌لان به‌ناوی (مێرگه‌سۆرا) و موختاره‌كه‌یان كه‌سێك بوو به‌ناوی (شه‌نێ)، بۆ ڕۆژی دواتر حكومه‌ت هێرشی كرده سه‌رگونده‌كه و هه‌ر كه‌سێكیان ده‌ست كه‌وتبا دەیانکوشت و ئاگریشیان له گونده‌كه به‌ردا، به‌پێی زانیاریه‌كانمان ٦٠ كه‌سی گونده‌كه له‌لایه‌ن حكومه‌تەوە كوژران.
له شه‌ڕی (به‌غلوجه) پێشمه‌رگه هیچ زیانی نه‌بوو، له دوژمنیش ٢٠ سه‌رباز كوژرابوون، چونكه ته‌نیا پێشمه‌رگه‌یه‌كمان به‌ناوی (حه‌جی حاجۆ خه‌رخۆری)، نیشانه‌ی له سه‌ربازه‌كان گرتبوو، كاتێك ده‌یانویست له ئۆتۆمبێله‌كانیان بێنه خوارەوە ١٣ی لێ كوشتن. دوو (شوان)ی گونده‌كەش شه‌هیدبوون.
پاش تێكشكاندنی ٣ده‌بابه‌ی دوژمن، (به‌غلوجه)مان به‌ردا، حكومه‌ت توانی پێشڕە‌وی بكا و بگاته (پێشیابیرێ).
چەند رووبەڕووبوونەوە و شەڕێک لە ساڵى ١٩٦٣
به‌هاری ١٩٦٣بوو، ٥٠ پێشمه‌رگه بووین بە سه‌رپه‌رشتی (هاشم مێرۆزی)، شه‌وێكیان له گوندی (ئاسهێ) كه ده‌كه‌وێته سه‌ر ڕێگای سه‌ره‌كی (دهۆك-زاخۆ) میواندارى كراین، گه‌یشتینه گونده‌كه (ترشك-كفته سۆر) لێنرابوون، به‌نێوگوندا بڵاوبووین و هه‌ریه‌كه‌مان له ماڵێك و له شوێنێك جێگای خۆی كردەوە، هێشتانه‌كه ده‌ستمان به خواردن نه‌كردووه، په‌یاممان پێگه‌یشت حكومه‌ت هێرش ده‌كات.
باران به‌شێوه‌یه‌ك ده‌بارێت زه‌وی و ئاسمان له‌گه‌ڵی ده‌جوڵێت، (ترشك-كفته‌سۆر)یان له‌پێش دانابووین، هه‌واڵی هێرشی حكومه‌ت گه‌یشت، به‌په‌له كفته‌یه‌كم خسته ناو گیرفانم و یه‌كێكیشم هاوێشته ناو زارم، به‌ڕێكه‌وتین، سه‌یرده‌كه‌ین (ده‌بابه) له ده‌شت به‌ڕیز وه‌ستاون و به چه‌كه‌كانی (دۆشكه و ته‌واوی چه‌كی سووكی خۆیان) پێشڕە‌وی ده‌كه‌ن، ئێمه‌ش ته‌نیا به‌چه‌كه ساده‌كه‌ی خۆمان كه له (بڕنۆ و ئینگلیزی و ئه‌ڵه‌مان و غه‌داره و ڕەشاش) پێكده‌هات به‌رامبه‌ریان وه‌ستاین و شه‌ڕ گه‌رمبوو، سه‌ربازێك پاڵی دابووەوە ستوونێك و (سێ) گوله‌م به نیشانه پێیدا ته‌قاند، یه‌كێكی به‌رنه‌كه‌وت، بۆی ڕۆیشتم و گه‌یشتمه لای وامزانی گیانی له‌ده‌ستداوه، لێم پرسی چی ده‌كه‌ی بۆ وه‌ستاوی؟ قورئانی له گیرفان ده‌رهێنا و گوتی"بۆ خاتری ئه‌و قورئانه نه‌مكوژە"، ده‌سگیرمان كرد و گواستمانەوە خانوویه‌ك.
ده‌بابه‌كان چۆن ده‌هاتن له‌نێو قوڕولیته ده‌رنه‌ده‌چوون، دواتر پڕوپاگنده بۆ (هاشم) كرا بەوە‌ی توانیویه‌تی (ده‌بابه) به (ڕەشاش) په‌نچه‌ر بكا، له‌كاتێكدا گوله‌ی ڕەشاش هیچ كاریگه‌ریه‌كی له‌سه‌ر ده‌بابه هه‌رنه‌بوو، به‌ڵام به‌هۆی باران بارین ده‌بابه‌كان گیریان خوارد و ئاسێ بوون، خه‌ڵك وای ده‌زانی ئەوە پێشمه‌رگه‌نه ده‌بابه‌كانیان وه‌ستاندووه. خه‌ڵكی گونده‌كه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پاڵپشتمان بوون، تانه‌ت له‌و هێرشه‌دا پیاوێك به (جفت-ساچمه) هێرشی ده‌برده سەر (ده‌بابه) و شه‌ڕی حكومه‌تی ده‌كرد. شه‌ڕە‌كه له ئێواره به‌رده‌وام بوو تاوه‌كو به‌یانی، دونیا ئاگر بوو و هاتوهاواری (منداڵ و ئافره‌ت) گه‌یشتنه ئه‌وپه‌ڕی ئاسمان، هیچ كه‌سێك له‌نێوگوندا نه‌مایەوە و به‌ته‌واوه‌تی له چۆڵكرا و بۆ ڕۆژی دواتر (فڕۆکە) گه‌یشتن و بۆردومانێكی سه‌ختیان كرد و شۆڤڵ و بلدۆزه‌ریشیان هێنان و ته‌واوی خانووبه‌ری گونده‌كه‌یان به‌سه‌ریه‌كدا رووخاند.
یه‌كێكمان له‌گه‌ڵ بوو به‌ناوی (خورشید) كه سه‌ر به هۆزی (مزووری ژێری)بوو و پێشمه‌رگه‌یه‌كه‌ی زۆر به‌توانابوو، له‌و شه‌ڕە‌دا شه‌هیدبوو، حكومه‌ت به ناچاری پاشه‌كشه‌ی كردوو دوو ده‌بابه‌شیان له‌نێو قوڕدا جێهێشتن، هه‌رچه‌ندی هه‌وڵماندا نه‌مانزانی ده‌بابه‌كان چۆن بسوتێنین!.
داستانى شه‌ڕی مانگێشكێ ساڵى ١٩٦٣
چه‌ند كه‌ڕە‌تێك هێرشمان بردووه بۆ گرتنی (مانگێشكێ)، به‌ڵام نه‌مانتوانیوه ده‌ستی به‌سه‌ردابگرین، سێ كه‌ڕە‌ت هه‌ر خۆم له‌گه‌ڵیان دابوومه و شكاین و گه‌ڕاوینه‌تەوە، بێ ئەوە‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردابگرین. سه‌رۆك جاشێک و له‌نێو (ناحیه‌ی مانگێشكێ) خۆی قایمكردبوو، دوای ئەوە‌ی به‌بێ شه‌ڕ چووینه ناو ناحیه‌كه، به ژن و پیاوەوە ڕوووبەڕوومان بوونەوە و هێزه‌كه‌مان تێكشكا و له ناحیه‌كه هاتینه ده‌رەوە.
به‌رلەوە‌ی هێرش بكه‌ین بۆ گرتنی (مانگێشكێ)، هه‌ر له ڕێڕە‌وه‌كه‌مان چه‌ندین شه‌ڕمان له‌گه‌ڵ (جاش)ە‌كان كرد، بۆ ئەوە‌ی ڕێگامان به‌رده‌ن، دواجار توانیمان به ڕێگای دیاری و شه‌ڕ زۆرێك له ڕەبایە‌ی گونده‌كانی (بێسفكێ و به‌ڕۆژكێ و مانگێشكێ) بگرین و پاشان هێرش بكه‌ینه ناو (مانگێشكێ)، ده‌بووایه فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌ی جیاواز ببینینەوە بۆ گرتنی ڕەبایە ستراتیژیه‌كان، چونكه حكومه‌ت هاوكاریان بوو و زه‌حمه‌ت بوو بتوانین له‌و هه‌موو شه‌ڕانه و ناوچانه سه‌ركه‌وتوو بین.
ساڵی ١٩٦٣ كات نیوه‌ی شەوە، دوای ئەوە‌ی به‌رزاییه‌كانی ده‌وروبه‌ری (مانگێشكێ)مان كۆنترۆڵكردن، به‌بێ ئەوە‌ی گوله له چه‌كه‌كانمان بێته ده‌رەوە، به دزی گه‌یشتینه سه‌نته‌ری (مانگێشكێ).
چوار قۆڵه به‌سه‌ركردایه‌تی هه‌ریه‌ك له (عه‌لی هالۆ، سلێمان حاجی به‌دریا، هاشم مێرۆزی و عیسا سوار) گه‌یشتینه نێو كوچه و كۆڵانه‌كان و هاتوچۆمان ده‌كرد، پاش مانەوە‌مان بۆ چه‌ند خوله‌كێك، (ته‌ڵقه‌ته‌نویرێك) به‌ئاسماندا ته‌قێندرا و دڕاینه به‌ر ده‌سڕێژی گوله و له‌هه‌موو لایه‌ك ته‌قه‌مان لێكرا و بووه ئاهه‌نگ گێڕانی خه‌ڵكه‌كه‌ی، هه‌رچه‌ندی بانگمان ده‌كردن (وه‌رنه ده‌رەوە و زیانتان پێناگه‌یه‌نین)، هه‌ندێكیان جوێنیان ده‌دا و هه‌ندێكیشیان به (زمانی عه‌ره‌بی) قسه‌یان ده‌كرد. له شه‌ڕە‌كەدا ٢ پێشمه‌رگه‌ی (به‌رواری) شه‌هیدبوون ،هه‌ریه‌ك له (عه‌بدوڵڵا كوڕانی و ئیبراهیم كوڕانی و شێخ سێن ئه‌رگۆشی)یش له‌گه‌ڵمانبوون.
گرتنی كۆمپانیای عه‌ین زاله لە ساڵى ١٩٦٣
بیرۆكه‌ی گرتنی (كۆمپانیای نه‌وتی عه‌ین زاله) ماوه‌یه‌ك بوو كاری له‌سه‌رده‌كرا، سه‌رقۆڵه‌كانمان ده‌یانویست زیانێك بەدڵی حكومه‌ت بگه‌یه‌نن، له‌لایه‌كی تر ده‌مانویست چه‌ند كه‌سێكی بیانی به بارمته بگرین، زانیاریشمان پێ گه‌یشتبوو كه چه‌ند ئه‌ندازیارێكی فڕە‌نسی له‌و كۆمپانیایه كارده‌كه‌ن، بۆیه (عه‌ین زاله) کرایە ئامانج. (حكومه‌ت)یش زۆر به زه‌حمه‌ت پێی ده‌گه‌یشت و پێویستبوو ڕێگایه‌كی دوور ببڕێت تاوه‌كو به‌هانای كۆمپانیایه‌كه بێت، چونكه ده‌بووایه له (شنگال)ەوە حكومه‌ت به هانای بێت و (شنگال)یش دووربوو.
له هه‌ڵمه‌تی هەڵكوتانه سه‌ر كۆمپانیا‌كه، ژماریه‌ك پێشمه‌رگه‌ی (ئێزدی)یشمان له‌گه‌ڵ بوون كه زۆر چاونه‌ترس و ئازابوون و یه‌كێكیان ناوی (مه‌حموودێ حه‌مرێ) بوو.
ڕۆژێكیان چوومه (بێزهێ)، به‌رپرسه‌كانمان كه هه‌ریه‌ك له (عیسا سوار و حاجی قادۆ و هاشم مێرۆزی و عه‌لی هالۆ و عه‌لی عه‌لی و ڕە‌ئوف مه‌لاجامی و عه‌بدولكه‌ریم حامد و سولێمان حاجی به‌دریا و عه‌لی حاجی به‌دریا)بوون، بینیم، كۆبوونه‌تەوە و به‌رنامه داده‌ڕێژن كه چۆن هێرشه‌كه ئه‌نجامبدرێت و چۆنیش پاشه‌كشه بكه‌ین، هه‌ندێك خه‌ڵك له (هۆزی گه‌رگه‌ری) له‌گه‌ڵیان له دانیشتنه‌كه‌بوون و ڕێگا و بانی ناوچه‌كه‌یان بۆ ڕوونده‌كردنەوە.
به‌هاری ١٩٦٣ نزیكه‌ی ٣٠٠ پێشمه‌رگه به‌ڕێكه‌وتین و گه‌یشتینه سه‌ر ڕووباری (دیجله)، ده‌مه‌ك هاتوچۆ له لێواری ڕووباره‌كه كرا و شوێنێك بۆ په‌ڕینەوە دۆزرایەوە و (چووپ)یان هێنان، گەرگەرییه‌كان زۆر هاوكاریان كردین و (مه‌له‌وان و چووپ)یان دابینكردن، ئه‌گه‌ر به‌هاوكاری ئه‌وانیش نه‌بووایه كرده‌كه ئه‌نجام نه‌ده‌درا، گەرگەرییه‌كانی به‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووبار، چووپیان بۆ هێناین و ئه‌وانه‌ی ڕووی ڕۆژئاواش پارێزگاریان لێكردین.
تاوه‌كو ده‌ربازبووین و گه‌یشتینه (عه‌ین زاله)، پێشمه‌رگه به‌دوای پێشمه‌رگه وه‌كو زنجیر به‌دوای یه‌ك ده‌ڕۆیشتین، یه‌ك كه‌س نه له دوژمن نه له دۆست ئاگای له جووڵه و ڕۆیشتنه‌كه‌مان نه‌بوو.
هه‌رچه‌ندی سه‌یری بكه‌یت، گردێك له ناوچه‌كه نادۆزیەوە، بۆ ماوه‌ی ٢ڕۆژ هه‌ر له‌نێو (ده‌خڵ-گه‌نم) كه گوڵیشی دابوو و خۆمان حه‌شارده‌دا، (ئه‌وسا وه‌ره خۆت له‌نێو كێڵگه‌ی (گه‌نم) حه‌شاربده تا نه‌بینرێی)، شه‌ویش به‌ڕێده‌كه‌وتین تاوه‌كو گه‌یشتینه (عه‌ین زاله). پشتی كۆمپانیایه‌كه گردێك هه‌ڵكه‌وتووه وه‌كو چیایه، ئه‌گینا كۆمپانیایه‌كه له‌نێو ده‌شتێكی پان و به‌رینی بێ ساتر و په‌رژین بنیاتنرابوو.
بۆ ماوه‌ی مانەوە‌مان و ئه‌نجامدانی كرده‌كه و گه‌ڕانەوە، بڕێك خواردنمان له‌گه‌ڵ خۆمان له‌نێو جه‌نتا و گیرفانه‌كانمان دانابوو، هه‌رچه‌نده وه‌رزی به‌هاریش بوو، به‌ڵام ناوچه‌كه ئەوە‌نده گه‌رم بوو، نان له‌نێو گیرفانمان ببووەوە (هه‌ویر).
كاتژمێر ٨ی شه‌و له شوێنێك كۆبووینەوە، به دووری ٢ كاتژمێر له شوێنی كۆمپانیایه‌كه، به‌رنامه‌ی هێرشه‌كه دانرا و داوا له پێشمه‌رگه‌كانیش كرا دوای كۆتایی هاتنی كرده‌كه، هه‌موویان بگه‌ڕێنەوە ئه‌و شوێنه‌ی كه لێی كۆببووینەوە.
گه‌رگه‌رییه‌كان ڕێنیشانده‌رمان بوون و تەنانه‌ت به‌ش و یه‌كه‌كانی ناو كۆمپانیایه‌كه‌شیان بۆ ڕوونده‌كردینەوە و شوێنی حەوانەوە و ژووره‌كانی كارگێڕیشیان نیشانداین، هێزێكی ئه‌وتۆی حكومه‌تیشی لێنه‌بوو، بۆیه به ئاسانی توانیمان له كاتژمێر ١٠ی شه‌وی دووه‌م هێرشیان بكه‌ینه سه‌ر. ته‌نانه‌ت هه‌ر خۆشیان نه‌یانزانی چی ڕوویداوه و ئه‌و هێزه له‌كوێوه په‌یدابوو و وا به‌و ئاسانیه به نێویان كه‌وتووه.
به چه‌كه‌كانی (بڕنۆ و ئه‌ڵه‌مان و ئینگلیزی و غه‌داره و ڕەشاش برێن) هێرشمان كرده سه‌ر كۆمپانیای عه‌ین زاله و گه‌مارۆمان دا و ژماره‌یه‌كی زۆرمان لێكوشتن و ده‌ستگیركردن، سه‌ره‌تای شه‌ڕە‌كه‌مان له شوێنی (بێته‌ل-جیهازی لاسلكی) ده‌ستپێكرد، تا نه‌توانن داوای هاوكاری بكه‌ن و هه‌واڵی هێرشه‌كه‌ش به هیچ كه‌سێك بگه‌یەنن، دواتر به‌نێو كۆمپانیایه‌كه كه‌وتین و ڕێگامان نه‌دا به‌هیچ جۆرێك ده‌ست بكه‌نەوە، پاسه‌وانه‌كانیان له جووڵه كه‌وتبوون و تووشی شۆكێكی گه‌وره هاتبوون.
پاسه‌وانه‌كانی كۆمپانیای عه‌ین زاله شه‌ڕێكی ئه‌وتۆیان نه‌كرد، ئه‌گینا شه‌هیدیشمان ده‌دان، چونكه نه‌یانزانی چیان به‌سه‌ر هاتووه و چی ڕوویداوه!. یه‌كێك له هاوكاره‌كانمان (قاسه‌ی پاره‌ی) پێ نیشاندام و هه‌ندێكمان بۆی چووین، گوله‌ی یه‌كه‌مم له قوفڵه‌كه‌ی دا كه ئەوە‌نده‌ی ڕانی مرۆڤێك گه‌وره‌بوو هیچ كاریگه‌ری لێنه‌كرد، گوله‌ی دووه‌مم لێی دا پساندی و كردمانەوە سێ هه‌زار دیناری تێدابوو، چووینه سه‌ر (قاسه‌یه‌كی)تر نه‌مانتوانی بیشكێنین و جێ‌مان هێشت.
له كرده‌كه ژماره‌یه‌كی زۆر (جیهازی لاسلكی و تفه‌نگ و ڕەشاش و فیشه‌ك)مان ده‌ستكه‌وت، به‌ڵام كێ ده‌توانێت بیگوازێتەوە؟ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی هاوكاریشیان كردین، نه‌یانهێشت پاسه‌وانه‌كانی كۆمپانیا‌كه له‌گه‌ڵ خۆمان ببه‌ین و ده‌سكه‌وته‌كانمان به ده‌سگیركراوه‌كان هه‌ڵبگرین، چونكه ده‌ترسان بناسرێنەوە، بۆیه داوایانكرد یان بیانكوژین، یانیش له‌گه‌ڵ خۆمانیان نه‌به‌ین، ئه‌وسا له ڕێگای گه‌ڕانەوە‌مان چه‌ندین سندوقی فیشه‌كمان جێهێشت.
٦٠ پۆلیس پاسه‌وانیه‌تی كۆمپانیایه‌كه‌یان ده‌كرد، هه‌ندێكمان ده‌ستگیركردن و هه‌رله‌وێ بەستماننەوە، ٨یشیان برینداربوون و ٤یشیان كوژران، هه‌ر به‌خۆم یه‌كێكیانم كوشت، كه له‌نێو بۆری گواستنەوە‌ی نه‌وت خۆی حه‌شاردابوو کە هێشتانه‌كه دانه‌مه‌زرێندرابوون و به چه‌كی (گرینۆف) شه‌ڕی ده‌كرد، گوله‌یه‌كم هاوێشتێ و بێده‌نگبوو.
له هه‌ڵمه‌ته‌كه (ژن و مێرد)ێكی (فڕە‌نسی)یش كه له كۆمپانیایه‌كه كاریان ده‌كرد، ده‌سگیرمان كردن و له پشتمان كردن تاوه‌كو له (ڕووباری دیجله) په‌ڕاندمانەوە و پاشان له (ده‌وار) بار‌مان كردن بۆ (بێزهێ) و له‌وێشەوە بۆ (باڵه‌كایه‌تی) لای (مه‌لامسته‌فا) به‌ڕێكران. كۆتایی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ش ئاگرمان له ته‌واوی كۆمپانیایه‌كه به‌ردا.
بۆماوه‌ی زیاتر له ٣ كاتژمێر له‌نێو كۆمپانیایه‌كه ماینەوە، خۆمان كۆكردەوە، تا بگه‌ڕێینەوە ئه‌و شوێنه‌ی لێوه‌ی هاتبووین. گه‌ڕامەوە شوێنی دیاریكراوی خۆمان، (هاشم) له‌نێو كۆمپانیایه‌كه مابووەوە، كه‌ڕە‌تێكی تر گه‌ڕامەوە نێو كۆمپانیایه‌كه، تا ته‌واوی پێشمه‌رگه‌كان كۆبوونەوە، دونیا ڕووناکبوو، ئه‌وسا به‌په‌له به‌نێو (گه‌نم) بكەوە و دواتر ڕاستی كەوە، نەوە‌كا نیشانه به‌دوامان جێ بمێنێت و فڕۆکە شوێنمان بكه‌وێت.
به‌یانی فڕۆکە گه‌یشتن و به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا سووڕانەوە، خۆمان حه‌شاردا، تاوه‌كو نه‌ماندۆزنەوە، فڕۆکە ئاگری له زه‌ویه‌كانی گه‌نم به‌ردا و ئه‌و گه‌نمه هێشتانه‌كه زه‌رد نه‌ببوو، ئاگری ده‌گرت. تاوه‌كو خۆرئاوابوو و دونیا تاریكبوو به‌بێده‌نگی ماینەوە، ئه‌وسا به‌ڕێكه‌وتین و گه‌یشتینه سه‌ر ڕووباری دیجله، كات بووه ١٢ی شه‌و، هه‌ندێك له پێشمه‌رگه‌كان مه‌له‌وانیان ده‌زانی و زوو خۆیان ده‌ربازكرد، ئه‌وانی تریش مانەوە و گه‌ڕاین بۆ دۆزینەوە‌ی (چوپ) تا پێی بپه‌ڕینەوە. بۆ ڕزگاركردنمان له ڕووباری دیجله، خه‌ڵكی (گوندی پێچه‌ك) هاوكاریان كردین، مه‌له‌وان و (چووپ)یان بۆهێناین، تا به‌یانی هه‌ر سه‌رقاڵی گواستنەوە‌ی پێشمه‌رگه بوون و به‌یانی فڕۆکە گه‌یشتن و ته‌واوی چووپه‌كانیشمان به ئاودا به‌ردابووه خوارەوە، پێشمه‌رگه‌یه‌كمان به‌ناوی (شاهین) ده‌ربازی نه‌بوو و فڕۆکە ته‌قه‌ی لێ‌كرد و شەهیدى کرد و ته‌رمه‌كه‌شی كه‌وته ده‌ستی دوژمن.
هه‌ر كه گه‌یشتینه دیوی ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری دیجله، تا ئێواره خۆمان حه‌شاردا و بۆ شه‌و چووینه ناو (گوندی پێچه‌ك) و نانمان خوارد و خۆمان شووشت و به‌ڕێكه‌وتین تاوه‌كو گه‌یشتینەوە (چیای بێخێر)، چیا و چیا دەڕۆیشتین، ده‌گه‌یشتینه هه‌ر گوندێك نانمان ده‌خوراد و پشووشمان ده‌دا. فڕە‌نسیه‌كانیشمان گواستنەوە بۆ ناوچه‌ی (سندی) و دواتر بۆ سنووری باڵه‌كایه‌تی.
سێ ڕۆژ به‌سه‌ر كرده‌كه‌دا تێپه‌ڕی، حكومه‌ت دەستی بەلێكۆڵینەوە كرد و به‌دوای ڕێرەوە‌كه‌ماندا هاتبوو، بۆی ڕوونبووەوە كه خه‌ڵكی گونده‌كانی (پێچه‌كی سه‌روو و خواروو) هاوكاریان كردووین و هه‌ردوو گوندی له‌گه‌ڵ زه‌وی ته‌خت كرد، كه زیاتر له ٣٠٠ ماڵی تێدابوون و هه‌ندێك لە خەڵکەکەی ده‌ركرد و هه‌ندێكشی كوشتن.
داستانى پێشیا بیرێ لە ساڵى ١٩٦٣
(پێشیا بیرێ) ده‌كه‌وێته سێگۆشه‌ی سنووری (عێراق-توركیا- سووریا) له‌سه‌ر ڕووباری (خابوور)، كه‌سێكی فه‌له‌ی لێ‌بوو به‌ناوی (عه‌زیز یاقۆ)، كوڕێكی هه‌بوو به‌ناوی (جه‌میل). (جه‌میل) ببووه براده‌رم، داوام لێ‌كرد هاوكاریمان بكات بۆ گرتنی ئه‌و ڕەبایە‌ی ده‌كه‌وته (پێشیا بیرێ). (جه‌میل) گوتی"(ئه‌حمه‌د)ئه‌گه‌ر ئێوه كۆنترۆڵتان كرد و كوشتار تێیدا ڕوویدا، حكومه‌ت له‌نێومان ده‌با"، منیش پێم گوت: "كارێكی وابكه ئه‌وان شه‌ڕ نه‌كه‌ن، به‌ڵێن بێت یه‌ك كه‌سیان نه‌كوژرێت"، هه‌رچه‌ندی كردی له‌گه‌ڵی به‌رده‌وام بووم و له‌سه‌ر داوایه‌كه‌م سووربووم، تا هاوكاریمان بكا بۆ گرتنی ڕەبایە‌كه، دواجار رازی بوو و گوتی:"ئه‌م شه‌و وه‌رن، به‌ڵام با كوشتن ڕوونه‌دات و پۆلیسه‌كانیشم تێگه‌یاندوون، شه‌ڕتان له‌گه‌ڵ نه‌كه‌ن، به‌ڵام چۆن پۆلیسه‌كان بپارێزین و نه‌هێڵین زیانیان پێبگات و حكومه‌تیش هه‌ستیان پێنه‌كات كه ڕەبایە‌كه‌یان راده‌ستكردوون؟" پاشان له‌سه‌ر ئەوە رێككه‌وتین، كه‌مه ته‌قه‌یه‌ك بكرێت و ڕەبایە‌كه ڕاده‌ستی پێشمه‌رگه بكه‌نەوە و پۆلیسه‌كانیش به‌ده‌ست به‌ستراوه‌یی له‌نێو قشڵه‌كه جێبهێڵدرێن.
به‌هاری ١٩٦٣، نۆ پێشمه‌رگه كه هه‌ریه‌ك له (باقی ئه‌حمه‌د مێرۆزی و عه‌بدوڵڵا كوڕانی و٤پێشمه‌رگه‌ی تری (سندی)یم له‌گه‌ڵن. كاتژمێر (١٢:٣٠) خوله‌كی شه‌و هێرشمان كرده سه‌ر (قشڵی پێشیابیرێ)، بۆ (ناو) شه‌ڕێكمانكرد كه دوو كاتژمێری خایاند، تاوه‌كو گه‌یشتمه ناو قشڵه‌كه، بینیم پۆلیسێك له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌یه‌كەوە كوژراوه، پێم گوت "بۆچی ئه‌و كاره‌ت كرد؟" پێشمه‌رگه‌كه گوتی:"چونكه چه‌كی لێ راستكردبوومەوە"، پۆلیسه‌كانی تریشمان ده‌سگیركردن و ده‌ستمان به‌ستنەوە، چه‌ند چه‌ك و عیتادی ناو قشڵه‌كه‌ش هه‌بوو كه پێكهاتبوو له دوو جیهازی لاسلكی و سێ ڕەشاش برێن و بیست و چوار ئینگلیزی قوت و ده سندوق فیشه‌كی ئینگلیزی و هه‌ندێك پێداویستی تر له‌گه‌ڵ خۆمان هێنان. پۆلیسه ده‌سگیركراوه‌كانیشمان، دوای گرێدانی ده‌ستیان، له‌نێو قشڵه‌كه له‌گه‌ڵ ته‌رمی كوژراوه‌كه جێهێشت.
له ساڵی ١٩٦٣ دوای ئەوە‌ی حكومه‌تی عێراقی له‌سه‌ر داوای جاشه‌كان هێرشی كردەوە سه‌ر چیای پیرس و بارزان، سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه و جاشه‌كان شوێنێك بوو پێی ده‌ڵێن (ملا).
(شێخ عوسمان) داوای له (مه‌لامسته‌فا) كرد (هاشم مێرۆزی) بگوازرێـتەوە (بارزان)، پێشتر (سه‌عدێ قاسم پاڵانی) به‌رپرسی هه‌ندێك له پێشمه‌رگه‌كان بوو له (ملا) و له‌لایه‌ن حكومه‌تەوە هێرشیان كرابووه سه‌ر و ئه‌وانیش شه‌ڕیان نه‌كردبوو، (عوسمان)یش لێیان توڕە‌ببوو، بۆیه داوای (هاشم)ی كرد، پاش ئەوە‌ی ئێمه گه‌یشتینه ئه‌وێ، ڕێگریمان له پێشڕە‌وی حكومه‌ت كرد و نه‌مان هێشت بگه‌نەوە بارزان.
هاوینی ١٩٦٣ دوای ئەوە‌ی شوێنی (سه‌عدێ قاسم پاڵانی)یمان گرتەوە، كه‌ڕە‌تێكی تر حكومه‌تی عێراقی هێرشی هێنا و هه‌رچه‌ندی هه‌وڵماندا توانیان پێشڕە‌وی بكه‌ن و (گوندی ریشا)یان سووتاند و (هاشم) به چروو هه‌وڵیدا ئاگره‌كه بكوژێنێتەوە، منیش با‌نگم كرد و پێم گوت"وه‌ره‌و خۆت ڕزگاربكه، ئێستا فڕۆکە بۆردومانمان ده‌كا، چۆن ده‌توانی به‌م شێوه‌یه ئاگر دامرکێنیتەوە؟".
پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م (جاشه‌كان) به‌هاوكاری هه‌ندێك له به‌رپرسانی حكومی هێرشیان كرده سه‌رمان و ده‌یانویست بگه‌نه بارزان و بیسوتێنن، هه‌ر له (ملا) سه‌نگه‌رمان دانا و ڕوووبەڕوویان بووینەوە و ٨كه‌سیان لێكوژرا و ژماره‌یه‌كی زۆریشیان برینداربوون و ٤ پێشمه‌رگه‌ش شه‌هید بوون و ڕێگامان نه‌دا پێشڕە‌وی بكه‌ن و بگه‌نه بارزان.
جاشه‌كان به چه‌كی سووك و ته‌نیا تۆپی (عوقده ٣ و ٤)یان پێبوون، ئێمه‌ش هه‌ر به چه‌كه سووكه‌كه‌ی خۆمان كه له (غه‌داره و بڕنۆ و ڕەشاش) پێكده‌هات بۆماوه‌ی ١٢ ڕۆژ ڕوووبەڕوویان بووینەوە، خۆشبه‌ختانه (فڕۆکە و تۆپ) هاوكاریان نه‌ده‌كردن، بۆیه كاتێك زانیمان ئه‌وان ته‌نیان، بێ منه‌ت بووین و به‌رگرییه‌كی توندمان كرد، سه‌ره‌ڕای كه‌می ژماره‌مان كه له‌سه‌ره‌تایه‌كانی شه‌ڕە‌كه له‌نێوان (٦٠ تا ٧٠) پێشمه‌رگه‌دابوو.
جاشە‌كان نیه‌تیان وابوو (بارزان) بسووتێنن، بۆ ئەوە‌ی ڕێككه‌وتنی ئاشتی له‌نێوان (بارزان و حكومه‌تی عێراقی) كۆتایی پێبێت.
(شێخ) نوێنه‌رێكی به‌ناوی (وه‌لی) كه خه‌ڵكی گوندی (هه‌ڤنكا)بوو و نارده (به‌غدا)، (وه‌لی) پردی په‌یوه‌ندی بوو له‌نێوان (حكومه‌ت و بارزان)، هاتوچۆیه‌كانی (وه‌لی)ش زۆر نهێنی بوون و نه‌ده‌بووایه جاشه‌كان هه‌ستی پێبكه‌ن و بیبینن، ئه‌گینا هه‌رزوو ده‌یانكوشت.
جاشە‌كان كه ژماره‌یان له‌نێوان ٤٠٠ تا ٥٠٠ كه‌سدا بوو، هێرشیان كرده سه‌رمان، دوای ئەوە‌ی بارودۆخمان تێكچوو، (خودان) فرمانی به (ولاتژێری)یه‌كان و (میلله‌تی بارزان) به‌گشتی كرد، به‌ناوی (به‌رگری مللی) به‌هانامانەوە بێن، دواجار له‌هه‌موو لایه‌كەوە خه‌ڵك به چه‌ك و پێداویستی خۆیانەوە به‌هانامان هاتن و ژماره‌مان گه‌یشته ٤٠٠ كه‌س.
پێشمه‌رگه‌كان به‌سه‌ركردایه‌تی هه‌ریه‌ك له (هاشم مێرۆزی و نه‌عمان بارزانی) شه‌ڕی مان و نه‌مانمان له‌به‌رامبه‌ر جاشه‌كان كرد، له شه‌ڕە‌كه‌دا ٤ شه‌هیدمان هه‌بوون و (محه‌مه‌د ره‌شید بابسێفی و ٢ كه‌سی وڵاتژێری و ٣كه‌سی تریشمان بریندارببوون و بریندارێكیشمان كه‌وتبووه ده‌ستیان و به‌دوای خۆیان راكێشابوو تاوه‌كو (بلێ)، له (بلێ) جه‌نتای برینداره‌كه‌مانیان به‌رزكردببووه و كه‌شكیان لێده‌رهێنابوو و هاواریان كردبوو، ئه‌وانه چۆن ده‌توانن به (كه‌شك و جه‌نتا) شه‌ڕی حكومه‌ت بكه‌ن؟ پاش ماوه‌یه‌كی درێژ له شه‌ڕە‌كه، په‌یام گه‌یشته حكومه‌تی عێراقی و ته‌ده‌خولیان كرد و گه‌یشتنه (بلێ) و به زووترین كات (جاشه‌كانیان) دوورخستنەوە و ڕێگایان نه‌دا له (ملا) زیاتر پێشڕە‌وی بكه‌ن. (شێخ ئه‌حمه‌د) گه‌ڕایەوە بارزان و په‌یوه‌ندیه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقی ڕێكخستەوە و به‌ڵێنی نۆژە‌نكردنەوە‌ی گونده‌كه‌شی پێدرا.
دوای ئەوە‌ی شه‌ڕ گه‌یشته (مه‌تینا)، داوا له (هاشم مێرۆزی) كرا، بچێته ئه‌و به‌ره‌یه و هاوكاریان بكات له ڕوووبەرووبوونەوە‌ی حكومه‌تی عێراقی، (هاشم) له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له پێشمه‌رگه‌كانی به‌ڕێكه‌وت و من له (مێرۆز) مامەوە و نه‌چووم، له شه‌ڕی (مه‌تینا) سێ پێشمه‌رگه‌ی (هاشم مێرۆزی) شه‌هید بوون به‌ناوه‌كانی (حاجی عیسا مێرۆزی و باقی ئه‌حمه‌د مێرۆزی و نه‌عمان مێرۆزی) و (هاشم)یش برینداربوو و گواسترایەوە (گوندی شیویێ)ی سه‌ر به (هۆزی نێروه‌یی)، نه‌خۆشخانه‌ی شۆڕش له یه‌كێك له ئه‌شكه‌وته‌كانی ئه‌و گونده بوو و (2)دوو دكتۆر چاره‌سه‌ری برینداره‌كانیان ده‌كرد، یه‌كێكیان به‌ناوی (موشێ) كه فه‌له بوو له‌گه‌ڵ یه‌كێكی (سلیڤانه‌یی)، دوای ئەوە‌ی هه‌واڵی برینداربوونیمان پێگه‌یشت، به‌ڕێكه‌وتم بۆ (شیویێ)، خزم و كه‌سه‌كانیشمان ئه‌وانه‌ی له (مه‌تینا) بوون، بۆ ئه‌حواڵپرسین ویستبوویان سه‌ردانی (هاشم) بكه‌ن، (ئه‌سعه‌د خۆشه‌وی) ڕیگای نه‌دابوو به چه‌كەوە سه‌ردانی (هاشم) بكه‌ن، بڕیاری دابوو، ئه‌گه‌ر ڕۆیشتن چه‌كیان بكه‌ن، هه‌رچه‌ندی خزمه‌كانمان هه‌وڵیاندابوو به چه‌كەوە بێن، (ئه‌سعه‌د) ڕێگای نه‌دابوو و پێیان گوتبوون:"ئه‌گه‌ر بچن ده‌بێت به‌بێ چه‌ك بچن"، دواجار به‌بێ چه‌ك خزمه‌كانمان گه‌یشتبوونه (شیویێ)، كاتێك (هاشم) ئه‌و بابه‌ته‌ی زانی ناڕە‌حه‌ت بوو و زۆر تێكچوو، داوای كرد به‌زووترین كات بیگه‌ڕێننه ماڵەوە، هه‌رچه‌ندی خه‌ڵك و پزیشكه‌كانی نه‌خۆشخانه‌كه داوایان لێ‌كرد نابێت نه‌خۆشخانه جێبێڵێت، به‌ڵام له‌سه‌ر داوایه‌كه‌ی موسیڕبوو، (هاشم) به برینداری گواسترایەوە (مێرۆز).
برینی (هاشم) له (مێرۆز) له‌لایه‌ن (دكتۆر مه‌حموود عوسمان) ته‌داوی ده‌كرا و بۆ ماوه‌یه‌ك (دكتۆر مه‌حموود) له ماڵمان مایەوە، خۆشبه‌ختانه برینه‌كه‌ی شكانی تێدانەبوو، ته‌نیا برینێكبوو گۆشتی ڕانی گرتبوو، به‌ڵام دوای ئەوە‌ی گواسترایەوە (مێرۆز)، بارودۆخی زیاتر تێكچوو و به هیمه‌تی (دكتۆر مه‌حموود) چاره‌سه‌ركرا و بۆ ماوه‌ی ٢٠ڕۆژ له‌سه‌ر جێگا مایەوە.
ڕوداوه‌كانی ساڵی ١٩٦٤ لە سنوورى قەڵادزێ و ڕانیە و شەڕى پارتى و گروپى برایم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانى
له ساڵی ١٩٦٤ (مه‌لامسته‌فا) داوای كرد به‌شێك له هێزه‌كانی (هاشم مێرۆزی) بچنه لای له سنووری (ڕانیه) کە له (سه‌ركه‌پكا) داده‌نیشت. من له جیاتی (هاشم) له‌گه‌ڵ ١١ پێشمه‌رگه ڕۆیشتم و (ساڵح سه‌عید شیوی و به‌شیر تێلی و نه‌عمان مێزی و محۆ مێزی و ته‌ها یاسین مێرۆزی و حه‌سه‌ن خه‌لیل مێرۆزی و عه‌بدوڵڵا ساڵح شیوی و...هتد) له‌گه‌ڵماندان، باره‌گایه‌كه‌مان له ناو شاری ڕانیە دانرا.
هێشتانه‌كه جیابوونەوە له‌نێو رێزه‌كانی پارتی ڕووینه‌داوه، ڕۆژێكیان (جه‌لال تاڵه‌بانی) هاته لامان و هه‌موو پێشمه‌رگه‌كان له (ژوورێك)ی باره‌گا دانیشتبووین و هه‌رده‌ستێكی خستبووه لایه‌كی ده‌رگای ژووره‌كه و گوتی"كێ به‌رپرسی ئه‌و باره‌گایه‌یه؟" (ته‌ها یاسین مێرۆزی) پێی گوت"ئه‌حمه‌د، به‌رپرسی باره‌گایه‌كه‌مانه"، گوتی"كامه‌تان ئه‌حمه‌ده؟"، دواتر له‌لایه‌ن جه‌ماعه‌تەوە بانگكرام و چوومه لایان، (جه‌لال تاڵه‌بانی)یم نه‌ده‌ناسی، پێم گوت: "فه‌رموو من (ئه‌حمه‌د)م"، گوتی"برای (هاشم مێرۆزی)"، گوتم"به‌ڵێ"، گوتی" له‌گه‌ڵم وەرە"، به پیاوه‌كانیشمانی گوت"كه‌ستان نه‌یه‌ن ده‌چین و ده‌گه‌ڕێینەوە".
هێشتانه‌كه نازانم ئه‌و پیاوه (جه‌لال)ە، ئۆتۆمبێلێكی (جێبی) پێ‌بوو (من و جه‌لال و یه‌كێكی تر) له پشت شۆفێر سواربووین و پاسه‌وانه‌كانیش له پشتەوە، به‌ڕێكه‌وتین و پرسیاری شوێنی ڕۆیشتنمان و كه‌سایه‌تی ئه‌ویشم هێشتا لێی نه‌كردووه و دوای ئەوە‌ی پرسیاری هۆز و گوندی لێكردم، (جه‌لال) گوتی"ئێوه چه‌ند بران"، گوتم"( دوو براین"، گوتی"شتێكتان پێ‌بڵێم"، منیش فه‌رمووم لێ‌كرد و گوتی"من (جه‌لال تاڵه‌بانی)مه"، گوتم" به‌بێ گاڵته و گه‌پ تۆ (جه‌لالی)؟!" گوتی"به‌ڵێ من (جه‌لال)م"، پێم گوت"باشه بۆچی منت هێناوه و چ كارێكت به منه؟"، گوتی"هه‌ندێك كارم پێت هه‌یه و دواتر ده‌تگه‌ڕێنمەوە و مه‌ترسه"، هێشتانه‌كه هیچ كێشه و گرفتێك له‌نێوانمان ڕووینه‌داوه و هه‌موومان له‌یه‌ك ناوچه‌یه‌ن و ته‌نانه‌ت ئێمه‌ش له‌گه‌ڵیان له‌ناو شاری (ڕانیە)داین. جه‌لال گوتی"بۆچی به‌دوای بنه‌ماڵه‌ی (بارزانی) كه‌وتوون؟ ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه كوردایه‌تی ناكه‌ن و ته‌نیا (شێخ) و مشایه‌خن و خۆیان كردووەته پێغه‌مبه‌ری ئێوه، ئه‌وانه هیچ قازانجێكیان نییه، شێخایه‌تی و كوردایه‌تی له‌گه‌ڵ یه‌كتری ناگونجێت"، (جه‌لال) به‌رده‌وامه له قسه‌كانی و گوتی"(شێخ ئه‌حمه‌د) خۆی كردۆته پێغه‌مبه‌ر و (مه‌لامسته‌فا)ش مه‌لكێ تاوس، بۆیه سووم له ئێوه‌یه و حه‌زده‌كه‌م له‌و بنه‌ماڵه‌یه جیاببنەوە"، منیش گوتم"ئه‌گه‌ر له‌وان ببینەوە چی بكه‌ین؟" گوتی"ڕێگا زۆرن و ئه‌و شه‌وانه پێتان ده‌ڵێم چی بكه‌ن"، (جه‌لال) زۆر قسه‌ی كردن و هه‌ر ئاخفت تاوه‌كو گه‌یشتینه (به‌نداوی دوكان)، له (دوكان) ژماره‌یه‌كی زۆر پێشمه‌رگه‌ی (جه‌لال)ی هه‌بوون و دابه‌زین و له‌باره‌گایه‌كانیان شتێكمان خوارد و سووڕاینەوە و پاش ئەوە‌ی لێی جیابوومەوە ڕاسته‌وخۆ پێشمه‌رگه‌یه‌كمان به‌ناوی (ته‌ها یاسین مێرۆزی) له‌گه‌ڵ خۆم برد و ڕۆیشتم بۆ لای (مه‌لامسته‌فا) له (سه‌ركه‌پكا).
(مه‌لا مسته‌فا) به‌ته‌مایه ده‌ستنوێژ هه‌ڵبگرێت، كاتێك منیان بینی (مه‌لا مسته‌فا) وه‌ستا و ماندووبوونی لێكردم و گوتی"خێره تۆ له‌كوێ دێیت؟" منیش ته‌واوی چیرۆكی (جه‌لال)م بۆی گێڕایەوە كه چۆن هاته‌لامان و چیمان كرد و چی گوت، پاش ئەوە‌ی قسه‌كانی خۆم ته‌واو كرد، (مه‌لا مسته‌فا) گوتی"ئه‌و شه‌وانه وشیاری خۆتان بن، ئه‌گه‌ر ده‌رگایان له ئێوه‌گرت و ته‌شقه‌ڵه‌یان پێكردن، شه‌ڕی خۆتان بكه‌ن، خۆتان ته‌سلیم مه‌كه‌ن، ئێوه هیچ كارێك نه‌كه‌ن و نه‌بنه هۆی دروستبوونی شه‌ڕ له‌نێو شاردا، نەوە‌كا قسه‌یه‌كمان له‌سه‌ر بكه‌ن و بڵێن (بارزانی)یه‌كان شه‌ڕیان كرد و ده‌ریان كردن، ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت ده‌ربچن با هه‌ر به‌خۆیان ده‌رچن".
(پێشمه‌رگه و حكومه‌تی عێراق) به‌یه‌كەوە له‌نێو شاری ڕانیە داین. به‌ره‌به‌یانه، گرووپه‌كه‌ی (جه‌لال) (سه‌ماعه)یان به ئۆتۆمبێل هه‌ڵواسی و به‌نێو شاری (ڕانیە)دا سووڕانەوە و هاواریانكرد (بمرێت بارزانی...بڕوخێت بارزانی...) دوای ئه‌و ڕوداوه (جه‌لال) ڕۆیشت و له‌ناوچه‌كه نه‌ما.
(مه‌لا مسته‌فا) بانگی كردم و داوای كرد بگه‌ڕێمەوە (مێرۆز) و (هاشم) بچێته جێگام و گوتی:"هه‌ركه گه‌یشتیه ماڵەوە، با (هاشم) بێت و نامه‌یه‌كیشی بۆ نووسین تا له ڕێگای (ڕانیە-كۆیه-هه‌ولێر)بگه‌ڕێینەوە، پێشی گوتین"ئێوه و به‌ختتان، یان ده‌تانگرن، یان ڕێگای تێپه‌ڕبوونتان به‌رده‌ده‌ن".
له (ڕانیە) دوو ئۆتۆمبێلمان به‌كرێ گرتن و له (هه‌یبه‌ت سوڵتان) سه‌ركه‌وتین بۆ (كۆیه)، گه‌یشتینه بازگه‌ی (هه‌ولێر) له نزیك (قوشته‌په) له ئۆتۆمبێلە‌كانمان دایانبه‌زاندین، گوتیان"له‌كوێ دێن؟" پێم گوتن"له (ڕانیه)وه دێین"، گوتی"چیه به‌ره‌ڵاییه به چه‌ك و سیلاحەوە و به‌و سه‌روسیمایه له (ڕانیە)وه به‌ڕێكه‌وتوون و هاتوون"، پێم گوت"به‌ڕە‌ڵایی یان به‌ڕە‌ڵایی نه‌بێت به‌ڕێز (بارزانی) نامه‌ی پێداوین"، گوتی"نامه‌كه‌تان له‌كوێیه؟" نامه‌كه‌م پێیدا و گوتی"بڕۆن بۆ پارێزگا"، ئۆتۆمبێلێك به پێشمان كه‌وت و یه‌كێكیش به‌دوامان هات، تا گه‌یشتینه ناو (هه‌ولێر) و باڵه‌خانه‌ی پارێزگا و چه‌كه‌كانمان دانان و ڕه‌خته‌مان بەستووە و بانگیان كردم، چوومه ژوورەوە، پیاوێكی سه‌ربازی كورد له‌سه‌ر كورسی دانیشتووه و سه‌ر ملی تژیه له(ئه‌ستێره-نه‌جمه)ی سه‌ربازی، گوتی"ئێوه له چ شوێنێك دێن؟" گوتم"له (ڕانیە)وه دێین و ده‌مانه‌وێت بگه‌ڕێینەوە ناوچه‌كانمان"، گوتی"چۆن به‌و ڕێگایه‌دا هاتوون؟" گوتم"به‌ڕێز (بارزانی) نامه‌ی بۆ نووسیوین"، پرسیاری نامه‌ی كرد و منیش نامه‌كه‌م پێیدایەوە و سه‌یری كرد و گوتی"ئێوه چه‌ند پێشمه‌رگه‌ن"، ژماره‌ی پێشمه‌رگه‌كانم پێی گوت كه ١٢ كه‌سین و به ته‌كسی له كۆیەوە هاتووین، ئێستاش ته‌كسیه‌كانمان گه‌ڕاونه‌تەوە، پاشان داوای له جه‌ماعه‌ته‌كه‌ی كرد دوو ئۆتۆمبێلمان بۆ دابینبكه‌ن و تاوه‌كو (سپیلك) له‌گه‌ڵمان بێن و له‌وێشەوە به‌خۆمان بڕۆین.
له ئۆتۆمبێله سه‌ربازیه‌كانیان سواربووین و به‌ڕێكه‌وتین تاوه‌كو گه‌یشتینه (سپیلك)، هاتینه خوارەوە ١٢ پیاوی جامانه سوور به چه‌ك و سیلاحەوە، كاتێك ئه‌و سه‌رباز و جاشانه‌ی له (سپیلك)بوون ئێمه‌یان به‌م شێوه‌یه بینی له هه‌موو لایه‌كەوە لێمان كۆبوونەوە و ده‌وروبه‌رمان پڕبوو له جاشه‌كان و یه‌كێك گوتی:"ئه‌مه (حوسێن ئاغای سورچی)یه"، (حوسێن ئاغا) ده‌ستی به لێكۆڵینەوە كرد و گوتی:"له چ ناوچه‌یه‌ك دێن"، پێم گوت:"له ڕانیەوە دێین"، گوتی"بۆ هه‌ر ئەوەیه"، پێم گوت"هاتووینه‌ته پارێزگای هه‌ولێر و به ئۆتۆمبێلی سه‌ربازیەوە گه‌ڕاوینه‌تەوە، پاشان گوتی:"وایه ئێوه ده‌ڵێن (شێخ ئه‌حمه‌د) پێغه‌مبه‌ره؟" به شێوه‌یه‌كی بێزاركه‌ر پێم گوت"چییییی؟؟؟"، دووباره پرسی"ئێوه به (شێخ ئه‌حمه‌د) ده‌ڵێن (پێغه‌مبه‌ر)؟" پێم گوت"عه‌زیزم به جوانی قسه‌بكه، تۆ مرۆڤێكی گه‌وره‌یت، لێرانه دادگایمان ناكرێت، نه تۆ ئه‌و كه‌سه‌ی بتوانیت دادگایمان بكه‌یت، نه ئێمه‌ش ئه‌وین كه دادگایی به تۆ بكه‌ین، ئێمه موسافرین و ده‌مانه‌وێت به‌ڕێگای خۆماندا بچین، (شێخ ئه‌حمه‌د)یش به هیچ كه‌سێكی نه‌گوتووه پێغه‌مبه‌رم، ئه‌ی جوانه هه‌ندێك قسه له‌سه‌ر شێخه‌كانی سوورچیان ده‌كرێت و پێتی بڵێم؟" گوتی"واو چه‌ند تونده!!"، ئامرێكی حكومه‌ت له‌وێ بوو و به زمانی عه‌ره‌بی به (حوسێن ئاغای) گوت: "لێیان گه‌ڕێ بابڕۆن و چ كارێكتان پێیانه"، (ئامره سه‌ربازیه‌كه) به‌ره‌و لامان ڕووی وه‌رگێڕا و گوتی"چی ده‌كه‌ن ئۆتۆمبێل ده‌گرن یان كارێكی تر ده‌كه‌ن؟" گوتم"ئه‌گه‌ر ئۆتۆمبێل هه‌بن به‌كرێیان ده‌گرین، ئه‌گه‌ر ئۆتۆمبێلیشمان پێده‌ده‌ن تاوه‌كو ده‌گه‌ینه ده‌روازه‌ی (گه‌لی عه‌لی به‌گ) كارێكی باشه"، ئۆتۆمبێلێكی زیلی سه‌ربازیان هێنا و لێی سواربووین تاوه‌كو (گه‌لی)، له (گه‌لی) كه‌ڕە‌تێكی تر ڕێگایان لێگرتین و له بازگه‌ی حكومه‌ت ئێمه‌یان هێنایه خوارەوە و پاشان چه‌ند پرسیارێكیان له شۆفێری زیله‌كه كرد و ئه‌ویش بارودۆخه‌كه‌ی بۆ باسكرد و دواتر داوای منی كرد و منیش چوومه لای و هه‌رچی هه‌بوو و نه‌بوو بۆم باسكرد، پێم گوت"ئێمه به‌ده‌ستووری (مه‌لا مسته‌فا) له (ڕانیە)وه هاتووین و ئه‌گه‌ر گفتوگۆ و ئاشتی نه‌بووایه نه (مه‌لامسته‌فا) ئێمه‌ی به‌م شێوه‌یه ده‌نارد و نه ئێمه‌ش ده‌هاتین، ئێوه بۆچی ئەوە‌نده لێمان ده‌پێچنەوە". له (بازگه‌ی گه‌لی) ته‌واوبووین و سه‌ربازێك له‌گه‌ڵمان هات و به پیاده ڕێگای (باڵه‌كیان)مان گرته به‌ر و دوو پیاو به‌ده‌ركه‌وتن و گوتیان"ئه‌وانه (حه‌سه‌ن و حوسێن ئاغای باڵه‌كی)ن"، سه‌ربازه‌كه له‌لای ئه‌وان جێیهێشتین و گه‌ڕایەوە.
ئێمەش ڕێگای (مێرگه‌سۆر)مان گرتەبەر، به جه‌ماعه‌ته‌كه‌مانم گوت: "له‌و (باڵه‌كیانه) ده‌ترسێم له شوێنك ڕێگامان لێ‌بگرن، بۆیه دوو بە دوو به‌دوای یه‌كەوە و به‌دووری یه‌كتری ده‌چین، ئه‌گه‌ر شتێكیش ڕوویدا، با هه‌ر هه‌موومان به‌رنه‌كه‌وین.
به‌ر لەوە‌ی بگه‌ینه (هاودیان) یه‌كێك پێی گوتین كه‌سێك له (هاودیان) هه‌یه ڕێگا له خه‌ڵك ده‌گرێت، به‌ڕێكه‌وتین و ڕێگاو ڕێگا ده‌ڕۆین چاوه‌ڕێین ئه‌و ده‌م یان ده‌مێكی تر له‌لایه‌كەوە ته‌قه‌مان لێبكرێت، تا گه‌یشتینه (لێلوك) دونیا تاریك بوو، ئه‌وسا هه‌ستمان به ئارامی كرد و ڕزگارمان بوو، سه‌ركه‌وتین و گه‌یشتینه گوندێك به‌ناوی (گویسكێ) كه ده‌كه‌وێته به‌رامبه‌ر (مێرگه‌سۆر)، به‌ره‌و گونده‌كه ڕۆیشتین، تا بڕێك خواردن په‌یدا بكه‌ین، له‌هه‌رده‌رگایه‌كمان ده‌دا هیچ كه‌سێك ده‌رگای بۆ نه‌كردینەوە و چه‌ندی هاوارمانكرد كه ئێمه‌ین و میلله‌تین بێ سوودبوو. ڕێگایه‌كه‌ی خۆمان گرت و به زگی برسییەوە به‌ڕێكه‌وتینەوە، له (گۆڕە‌تو) تێپه‌ڕین به‌یانی دا. جه‌ماعه‌ته‌كه‌مان له برسان توانای ڕۆیشتنیان نه‌مابوو، به‌ڵام پاڵه‌په‌ستۆمان له‌خۆ كرد و نەوە‌ستاین تاوه‌كو گه‌یشتینه (چامه)، به‌سه‌ر ماڵه‌كانی ئه‌وێ بڵاوبووین و هه‌ریه‌كێكمان پارووه نانێكی خوارد و پاڵكه‌وتین، خه‌ومان لێكه‌وت تاوه‌كو نوێژی مه‌غریبی به‌سه‌رداهات، به‌شه‌و به‌ڕێكه‌وتین بۆ به‌یانی گه‌یشتینه پشت (گوندی كوڕان)، ئه‌وسا به‌ته‌واوه‌تی ئیسراحه‌تمان كرد و ده‌ستمان به گاڵته‌وگه‌پ كردەوە.
گه‌یشتمه ماڵەوە، به (هاشم)م گوت: "(مه‌لامسته‌فا) فرمانی كردووه بچیته لای". چیرۆك و بارودۆخی ڕانیە و ڕۆیشتنی (جه‌لال)م بۆی باسكرد و ته‌واوی بابه‌تی گه‌ڕانەوە‌شمان بۆی گێڕایەوە.
گفتوگۆ به‌رده‌وامه، (هاشم مێرۆزی) له‌گه‌ڵ ٧ پێشمه‌رگه به‌ڕێكه‌وت بۆلای (مه‌لامسته‌فا)، دوای چه‌ند ڕۆژێك مانەوە، (مه‌لامسته‌فا) (هاشم) و (عیسمه‌ت شه‌ریف وانلی) ڕاسپارد تا سه‌ردانی (جه‌لال تاڵه‌بانی) بكه‌ن و داوای لێبكه‌ن بگه‌ڕێتەوە، (هاشم و عیسمه‌ت) چووبوونه (زینیێ) له‌سه‌ر سنووری ئێران، (جه‌لال) نه‌هاتبووه لایان و نوێنه‌رێكی خۆی ناردبوو و ڕە‌تیكردبووه بگه‌ڕێتەوە.
(هاشم) تاوه‌كو ساڵی ١٩٦٦ له سنووری (ڕانیە) مایەوە، پاشان (مه‌لامسته‌فا) سێ باره چه‌كی پێدا و پێی گوت"بڕۆ لای (حسۆ میرخان دۆڵه‌مه‌ری) و بۆ ماوه‌یه‌ك له‌وێ به‌و پاشان له شوێنی (حسۆ) ده‌ست به‌كارده‌بی و ئه‌ویش ده‌گوازمەوە شوێنێكی تر".
(حسۆ میرخان دۆڵه‌مه‌ری) له ناوچه‌ی شه‌هێ بوو، ناوچه‌كانی (مزووریی ژێری)یش له‌لایه‌ن (غازی حاجی مه‌لۆ) به‌ڕێوه‌ده‌برا وه‌كو گونده‌كانی (خورت و ده‌كان و مێرسیداو... ئیدی).
(هاشم) گه‌ڕایەوە ماڵەوە و بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك پشووی دا، پاشان به‌ڕێكه‌وت بۆ ناوچه‌ی (شه‌هێ)، له‌گه‌ڵ ٢٥ پێشمه‌رگه به‌ڕێكه‌وت، منیش له‌گه‌ڵیان تاوه‌كو (ئاسته‌نگی سینا) كه ده‌ڕوانێته سه‌ر (ڕووباری شین) ڕۆیشتم، پێی گوتم"ئه‌م كه‌ڕە‌ته تۆ له ماڵەوە‌به، ئه‌گه‌ر من ماندووبووم و هیلاك بووم وه‌رە و جێگام بگۆڕە"، پێم گوت"ئه‌مه دواین كه‌ڕە‌تی تۆیه و ناگه‌ڕێیەوە"، گوتی"چۆن ناگه‌ڕێمەوە"، پێم گوت"نه‌خێر ناگه‌ڕێیتەوە و ناتبینەوە و شه‌هید ده‌بی.
زیاتر له (مانگێك) به‌سه‌ر مانەوە‌ی (هاشم) تێپه‌ڕی، به‌سه‌ردان له‌گه‌ڵ ٢ پێشمه‌رگه چوومه لایان.
هاوین گه‌رمه (من و غازی حاجی مه‌لۆ و شه‌وكه‌ت) له شی‌و-دۆڵی (هه‌سنه‌كا) ده‌هاتینه خوارەوە، بۆئەوە‌ی بچینه لای (هاشم مێرۆزی)، (حسۆ)ش له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كانی له‌سه‌ر ئه‌و جۆگه‌له‌یه‌ی كه به‌نێو دۆڵه‌كه‌دا ده‌هاته خوارەوە دانیشتبوو و خه‌ریكی چاخواردنەوە بوو، خه‌ڵكێكی زۆری ناوچه‌كه‌ش ڕوویكردبووه ئه‌و دۆڵه و كه‌پریان دروستكردبوو و وه‌رزی هاوینیان تیادا ده‌برده‌سه‌ر، دۆڵه‌كه چه‌ند ئه‌شكه‌وتێكیشی تێدابوو، ئه‌گه‌ر فڕۆکە‌ش هاتبا جێگای پارێزراویان زۆربوون، ڕێگای ئۆتۆمبێلیشى له‌هیچ شوێنێكەوە پێ نه‌ده‌گه‌یشت، ده‌بوایه به گونده‌كانی (بریفكا)دا تێبپه‌ڕن ئه‌وسا بگه‌نه ناوچه‌كانی (مزووری ژێری) و شوێنه‌كه‌مان هه‌ر خۆی دووره ده‌ستبوو.
یه‌كێك به‌ناوی (خالد ته‌ڵوه‌یی) كه سه‌ربه (هۆزی مزووری ژێری)یه و له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی (حسۆ میرخان)دایه. (خالد ته‌ڵوه‌یی)یش پێشتر له‌نێو خه‌ڵكدا قسه‌ی له‌سه‌ر ئاغا‌كان كردبوو و گوتبووی"سه‌رده‌می ئاغایه‌كان به‌سه‌ر چووه و سه‌رده‌م سه‌رده‌می (مه‌لامسته‌فا)یه و به‌دوای ئاغا‌كان نه‌كه‌ون".
من ئاگام له هیچ شتێك نییه و له‌باره‌ی ئه‌و قسانه هیچ زانیاریه‌كم نییه، كاتێك به‌نێو (دۆڵی هه‌سنه‌كا) هاتینه خوارەوە، سڵاومان له (حسۆ) و جه‌ماعه‌ته‌كه‌ی كرد، (غازی) بانگی (خالد)ی كرد و پێی گوت"(خالد) چیه له‌نێو كۆڵانه‌كان ده‌سوڕێیتەوە و ده‌ڵێیت سه‌رده‌می ئاغایه‌كان نه‌ماوه و به‌دوایان نه‌كه‌ون، كه‌ی ئاغا‌كان قسه‌یه‌ك یان كارێكی خراپیان له‌گه‌ڵ كردووی؟ كه‌ی ئاغا داوای لێكردووی سوخره‌ی بۆ بكه‌ی و عه‌مباری بۆ بپێوی، بۆچی زمانت ناگری، شه‌رمه ئێمه هه‌موومان مزوورین و خزموكه‌سی یه‌كترین، بۆچی ئه‌وكارانه ده‌كه‌یت؟"، (خالد) گوتی"دێ هه‌ڕە هه‌ڕە من كه‌نگی هۆگووتییه تو ده‌وێ خۆ لێكده‌یی"، سووڕاینەوە (شه‌وكه‌ت) كه ده‌كاته خوارزای (غازی) ڕووی چه‌كه‌كه‌ی له (خالد) كرد و گوله‌یه‌كی لێدا، (غازی)یش چه‌كه‌كه‌ی له پیلی هێنایه خوارەوە و ئه‌ویش دوو گوله‌ی لێدان و (خالد)یان كوشت، (حسۆ میرخان) و جه‌ماعه‌ته‌كه‌ی بانگی (هاشم)یان كرد و بووه قه‌ره‌باڵغی، (غازی) بانگی (حسۆ)ی كرد و پێی گوت"(حسۆ) تۆ به‌ر كوشتن ناكه‌وی، ئەوە (خالد) بوو هانت دابوو كه ئه‌وكاره بكا، ئه‌وسا ئاسووده‌به و ئیسراحه‌ت بكه (خالد)ت به‌ده‌سته‌كانی من به‌كوشتن دا‌و و (مزووری ژێری)ت به‌ردانه یه‌كتری، تۆش له شوێنی خۆت به و ناتكوژین".
گه‌ڕاینەوە و به (غازی)یم گوت"بۆچی ئه‌وكاره‌ت كرد؟" گوتی"بابه‌ته‌كه هه‌ر ده‌گه‌یشته ئه‌و ڕاده‌یه و ده‌بووایه ئه‌وكاره بكه‌م، (حسۆ) ئه‌و پیاوه‌ی به‌ده‌ستی من به‌كوشتن دا و منیش خزم و كه‌سه‌كانم ده‌به‌م و ده‌چمه چیا، ئێوه‌ش هه‌ر شتێكتان پێباشە بیكه‌ن". (غازی) له دوولاوه ئه‌شقی بوو، له‌لایه‌ك له (پێشمه‌رگه) و له‌لایه‌كی تریش له (حكومه‌تی عێراقی).
دوای ئه‌و ڕوداوانه، (غازی حاجی مه‌لۆ) چووه نێو حكومه‌تی عێراقی و پاشان به‌ره‌و (ئه‌مریكا) كۆچی كرد و پێش ماوه‌یه‌ك گه‌ڕایەوە باشووری كوردستان.
(هاشم) گه‌ڕایەوە، به‌یانیه‌ك وه‌كو بۆم باسكرا، هێرشی حكومه‌ت كرابووه (سه‌رێ ئه‌ترۆش) (هاشم) له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له پیاوه‌كانی به‌سه‌ر چیایه‌كه‌دا سه‌رده‌كه‌وێت، بۆ ئەوە‌ی چیایه‌كه له‌ده‌ستی حكومه‌ت ده‌ربهێننەوە، له‌هه‌موو لایه‌كەوە شه‌ڕ له‌نێوانیان دروستبوو و یه‌كێك له پێشمه‌رگه‌كان به (هاشم) ده‌ڵێت ئەوە‌یان دوژمنه و خۆی به‌رزده‌كاتەوە گوله‌یه‌ك دێ و به‌رسه‌ری ده‌كه‌وێت و هه‌ر له‌وێ شه‌هید ده‌بێ.
من- له‌وێ نیم و لیستێك داواكاری (هاشم)م له‌لایه كه بیبه‌مه لای (مه‌لامسته‌فا) و بۆیان دابینی بكه‌م، ئه‌و ڕۆژە‌ی (هاشم) شه‌هید ببوو، هه‌مان ڕۆژ له (مێرۆز) به‌ڕێكه‌وتبووم بۆ (باڵه‌كایه‌تی) كه ده‌كاته (٦/٦/١٩٦٦)، سێ ڕۆژ به‌ڕێگاوه‌بووم تا گه‌یشتمه (دیلمان)، ئه‌و ڕۆژە (مه‌لا مسته‌فا)مان نه‌بینی و ئاگاداری هیچ ڕوداو و كاره‌ساتێكیش نیم كه به‌سه‌رمانداهاتووه و (هاشم) شه‌هیدبووه.
بۆماوه‌ی ١٤شه‌و ڕۆژ له (دیلمان) مامەوە و (مه‌لامسته‌فا) ڕێگای نه‌دا بگه‌ڕێمەوە، ته‌واوی شەوە‌كان ده‌هاته ده‌رەوە و له‌ژێر ڕەشماڵ داده‌نیشت و باسی پیاوی ئازا و مردن و ژیانی ده‌كرد و ده‌یگوت: "ئه‌گه‌ر ئینسان بشمرێت، مانەوە‌ی ناوی به‌باشی باشتره"، منیش هه‌ر ئاگام له‌هیچ نییه و نه‌بای دیبێ نه‌باران وه‌كو خه‌ڵكی ئێمه ده‌ڵێت: "خودانێ مریی كوره‌یه"، هیچ كاتێك پرسیارم له‌خۆم نه‌كرد، (مه‌لامسته‌فا) ده‌یه‌وێت قسه‌یه‌كم پێبڵێت! بۆ ڕۆژی ١٤ ئیدریس هاته ده‌رەوە و گوتی"(ئه‌حمه‌د)"، منیش پێم گوت "به‌ڵێ"، سه‌ره‌تا فرمێسكه‌كانی هاتنه خوارەوە، كاتێك فرمێسه‌كانی (ئیدریس)م بینی، زانیم (هاشم) شه‌هید بووه، لێی پرسیم كه‌ی له (مێرۆز)ەوە هاتووم، منیش وه‌ڵامم دایەوە و گوتی"ئه‌و ڕۆژە‌ی كه تۆ له (مێرۆز) به‌ڕێكه‌وتی (هاشم) شه‌هید بوو، ئەوە‌نده ڕۆژە (باب)م هه‌وڵده‌دات پێتی بڵێت، به‌ڵام ناتوانێت به چ شێوه و زمانێك پێت بڵێت، تۆش بگه‌ڕێوه و په‌یاممان پێگه‌یشتووه تاوه‌كو تۆ نه‌گه‌ڕێیتەوە پرسه دانانرێت، منیش هیچم پێنه‌ما و گوتم:"ئەوە ڕێگای هه‌موومانه".
بارهه‌ڵگرێكیان بۆ گرتم و له‌گه‌ڵ هه‌ردوو خزمه‌كانم و یه‌كێكی تریشیان له‌گه‌ڵ ناردم، ٤كه‌س به‌یه‌كەوە به‌ڕێكه‌وتین تاوه‌كو (مێرۆز).
(هاشم مێرۆزی) له (٦/٦/١٩٦٦) له چیای ئه‌ترۆش شه‌هیدبوو و له(گوندی هه‌سنه‌كا)ی سنووری (هۆزی مزووری ژێری) به‌خاكسپێردرا، دوای شه‌هیدبوونی بۆ ماوه‌ی (یه‌ك)ساڵ دانیشتم و له‌ماڵەوە له (مێرۆز) مامەوە و خزمه‌تی ماڵ و منداڵی خۆم و ماڵ و منداڵى (هاشم)م ده‌كرد. منداڵی گه‌وره‌ی (هاشم) ١٠ساڵانبوو.
پایزی ١٩٦٧ (ئیدریس بارزانی) داوای كرد سه‌ردانی بكه‌م. له‌گه‌ڵ ٢٦پێشمه‌رگه له (مێرۆز)ەوە به‌ڕێكه‌وتم، سه‌ره‌تا بۆ خوداحافیزی سه‌ردانی (شێخ ئه‌حمه‌د)م كرد و بابه‌تی سه‌ردانه‌كه‌شم بۆ (گه‌ڵاڵه)بۆی باسكرد، پاشان به‌ڕێكه‌وتم و گه‌یشتمه (گه‌ڵاڵه) و چوومه لای ئیدریس و پێی گوتم"ده‌زانی بۆچی با‌نگم كردووی؟"، گوتم"نه‌خێر نایزانم"، گوتی"پێشمه‌رگه‌ت له‌گه‌ڵن"، گوتم"به‌ڵێ"، گوتی"(مه‌لامسته‌فا) داوای تۆی كردووه و ده‌یه‌وێت بتبینێت"، گوتم"مه‌لامسته‌فا له كوێیه؟" گوتی"له لای (حه‌مه‌ره‌شید خان)ە له (گوندی داروخان)"، ئیدریس گوتی" هه‌ندێك له پێشمه‌رگه‌كانمان به‌نهێنی ده‌چنه (گوندی داروخان)، به‌نێو سنووری حكومه‌تی (ئێران)دا ده‌ڕۆن، تا ده‌گه‌نه لای (مه‌لامسته‌فا) و تۆش له‌گه‌ڵیان ده‌ڕۆیت"، ئه‌و سه‌رده‌م حكومه‌تی (ئێرانی) هاوكاری ده‌كردین و هێزه‌كانمان له نێو خاكی ئه‌واندا هاتوچۆی ده‌كرد، گوتم"باشه ده‌ڕۆم"، گوتی"ته‌نیا پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ خۆت ببه و ئه‌وانی تریش با لێره بمێنەوە تاوه‌كو ده‌گه‌ڕێیتەوە له (گوندی سیدكان) دایانده‌نێین، بۆ ڕێگری كردن له مه‌فره‌زه‌ی جاشه‌كان، هه‌ر كاتێك گه‌ڕایتەوە و (مه‌لامسته‌فا)ش هه‌ر فەرمانێكی كرد، منیش ئاگادارده‌كاتەوە".
(پێنج) ڕۆژ تێپه‌ڕین، كاروانه‌كه‌مان ئاماده‌كرا، نزیكه‌ی ٢٠٠ پێشمه‌رگه‌ن، به‌بێ چه‌ك له ئۆتۆمبێله‌كانمان سواربووین و به‌ڕێكه‌وتین بۆ (سه‌رده‌شت و بانه) تاوه‌كو گه‌یشتینه (گوندی دارۆخان) گوندی (حه‌مه ره‌شید خان)، (حه‌مه ره‌شید) به ته‌مه‌ندا چووبوو و له‌ماڵەوە له‌سه‌ر جێگا كه‌وتبوو، یه‌كێك له كوڕە‌كانی به‌ناوی (ئه‌نوه‌ر به‌گ) له جێگای ئه‌و دانیشتبوو.
كاتێك گه‌یشتینه (دارۆخان) (موقه‌ده‌م عه‌زیز) پێشوازی لێكردین و به‌خێرهاتنی كردین و پێشمه‌رگه‌كانی دابه‌شكرد، منی له‌گه‌ڵ خۆی برد و بۆماوه‌ی ٤١ ڕۆژ له‌لایان مامەوە و (مه‌لامسته‌فا)ش له‌گه‌ڵماندایه، به ڕۆژ ده‌رده‌چووین و شه‌ویش ده‌گه‌ڕاینەوە كۆشكی (حه‌مه ره‌شید خان).
ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی له‌گه‌ڵمانبوون و ئه‌وانه‌ی پێشتریش له‌وێ بوون، له ڕێگای (ئێران)ەوە داخلی باشووری كوردستان ده‌بوون بۆ (پێنجوێن) و له‌وێ كرده‌ی سه‌ربازیان دژ به حكومه‌تی عێراقی ئه‌نجامده‌دا.
نسکۆى شۆڕشى مەزنى ئەیلوول لە ساڵى ١٩٧٥
شۆڕش تێكچوو تاوه‌كو ساڵی ١٩٧٧ له (مێرۆز) مامەوە دۆست و ڕەفیقه‌كانم ئاواره‌ی ئێران بوون، بە ته‌نیا له نێو گونددا مامەوە، یه‌ك فه‌وجی ته‌واوی سه‌ربازی له (گوندی مێرۆز) جێگیركرا، كه‌ونه جاشه‌كان گه‌ڕانەوە گوند و هه‌م كێشه‌یان بۆ دروست ده‌كردم، هه‌میش به‌رده‌وام شكایه‌تیان لێده‌كردم، بەوە‌ی په‌یوه‌ندیم به (مه‌لامسته‌فا)وه هه‌یه، سه‌ریان خستبووه سه‌رسه‌رم و له ده‌رفه‌تێك ده‌گه‌ڕان زیانم پێبگه‌یه‌نن.
كه‌ڕە‌تێك (سه‌رۆك جاشێک به‌خۆی و ئه‌فسه‌رێكی كوردی خه‌ڵكی (رواندز) به‌ناوی (سوبحی) و یه‌كێكی عه‌ره‌ب به‌ناوی (رائید محه‌مه‌د) هاتنه لام، (سوبحی) ئیشاره‌تی بۆ كردم خۆم ده‌ربازبكه‌م، چونكه پیلانی ده‌سگیركردنم داڕێژراوه، ته‌نانه‌ت (رائید محه‌مه‌د)یش به (سوبحی) گوتبوو كه ئاگادارم بكاتەوە له‌و هه‌وڵه‌ی بۆ ده‌ستگیركردنم ده‌درێت.
له (مێرگه‌سۆر) به‌دوایان ناردم و ئه‌فسه‌رێكی (عه‌ره‌ب) و یه‌كێكی (كوردی) خه‌ڵكی (ئامێدی) لێ بوون و كورده‌كه زۆر خراپ و بێ ڕێزبوو، له ڕاپه‌ڕین زۆر به‌دوای ئه‌فسه‌ره كورده‌كه‌ی (ئامێدی)دا گه‌ڕاین، تا بیكوژین، به‌ڵام خۆی ونكرد.
دوای ئەوە‌ی بارودۆخم به‌ته‌واوه‌تی تێكچوو، خانوویه‌كی نوێم دروستكرد، بۆ ئەوە‌ی خه‌ڵكه‌كه واهه‌ست نه‌كا (مێرۆز) جێ ده‌هێڵم، (رائید محه‌مه‌د) هاته لام و گوتی"چی ده‌كه‌ی؟" پێم گوت"خانوو دروست ده‌كه‌م"، گوتی"بۆ واده‌كه‌ی سوودی نییه، بڕۆ"، گوتم"باشه باش". خه‌به‌رم بۆ (سه‌ركردایه‌تی كاتی پارتی) نارد و ئه‌وانیش هه‌ندێك (ئه‌رگۆشی) بۆ هاوكاری كردنم و ده‌ربازكردنی منیان نارد كه هه‌ریه‌ك له (مه‌جید ئه‌حمه‌د ئه‌رگۆشی و عه‌لی مسته‌فا ئه‌رگۆشی) له‌نێویاندابوون و ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی تریان له‌گه‌ڵ بوون، به شه‌و ماڵمان هه‌ڵگیرا، ته‌نیا باری (هێستر)ێكمان برد، ئه‌ویش چه‌ند پێداویستییه‌كی كه‌مبوون و هه‌موو شتێكمان جێهێشت.
ته‌نیا ماڵ و منداڵی خۆم و هاشم ١٧ كه‌س ده‌بوون، به‌ڕێكه‌وتین، بۆ به‌یانی گه‌یشتینه (گه‌لی بارانی) و ئه‌و ڕۆژە به‌ته‌واوه‌تی خۆمان له‌و گه‌لیه ونكرد و هه‌ندێك خواردنمان خوارد، دونیا تاریك بوو، به‌ڕێكه‌وتین و سه‌ركه‌وتین تا گه‌یشتینه پشت (ماواتا) و له‌وێشەوە له ڕووبار په‌ڕینەوە و تاوه‌كو گه‌یشتینه (گوندی ئه‌ردوێل) و لە ماڵی (فه‌قۆ ئه‌ردوێلی) و (مستۆ ئه‌ردوێلی) بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ ماینەوە، پاشان (سه‌ركردایه‌تی كاتی) بارهه‌ڵگریان هێنان و ماڵ و منداڵی ئێمه‌یان گواستەوە بۆ (هه‌ركێ) و له‌نێو كۆشكی (حوسێن ئاغای هه‌ركی) جێگیركراین. بۆماوه‌ی ساڵێك له‌وێ ماینەوە، پاشان خزموكه‌سمان وه‌كو (ساڵح مسته‌فا و حاجی محه‌مه‌د ئه‌سعه‌د و حاجی ره‌مه‌زان) له گوندی (ساتێ)ی باكووری كوردستان-توركیا گه‌یشتن و داوایانكرد بچمه لایان و له‌گه‌ڵیان بژیم، ماڵ و منداڵیان بۆ گواستمەوە (ساتێ).
بۆماوه‌ی چه‌ند ساڵێك له گوندی ساتێ ماینەوە و بازرگانیمان ده‌كرد و ژماره‌یه‌كی زۆر سه‌ر ئاژە‌ڵمان ده‌ستکەو‌تن و به‌م شێوه‌یه ژیانی خۆمان به‌ڕێوه‌ده‌برد، بۆ پێشمه‌رگایه‌تیش (١٥ڕۆژ له‌ماڵەوە ده‌بووم و (یه‌ك) مانگ له (هه‌ركێ) ده‌مامەوە له ساڵی ١٩٧٧ ده‌وامی پێشمه‌رگایه‌تیم له (باره‌گای سه‌ركردایه‌تی كاتی پارتی) بوو له (هه‌ركێ) و به‌رپرسمان (سه‌ربه‌ست)بوو، ده‌سه‌ڵاتی یه‌كه‌می (سه‌ركردایه‌تی كاتی)یش له‌ژێر ده‌ستی (سامی عه‌بدولره‌حمان)دابوو، كه هه‌ندێك جار به‌ناوی (دارۆ و ڕووبار و ...ئیدی) بانگده‌كرا، هه‌ریه‌ك له (سه‌لیم، ملازم محه‌مه‌د و ملازم عه‌لی و ئه‌بو عه‌نته‌ر و عه‌بدوڵڵا ریشه)ش به‌رپرسبوون و له (هه‌ركێ) داده‌نیشتن.
كه‌ڕە‌تێك (سامی عه‌بدولره‌حمان) داوای لێكردم كرده‌یه‌كی سه‌ربازی له (مێرۆز) ئه‌نجامبده‌ین و داوای كرد زیان به خه‌ڵكی ئاسایی نه‌گه‌یه‌نم، ته‌نیا شه‌ڕی حكومه‌ت بكه‌ین.
(من و فه‌تحی سه‌لیم ئه‌رگۆشی) به‌ڕێكه‌وتین و ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌مان له‌گه‌ڵن كه (ره‌حمان خه‌م ئه‌رگۆشی)یش له‌نێویاندایه. به‌ر لەوە‌ی بۆ هێرشه‌كه‌مان به‌ڕێبكه‌وین، له‌لایه‌ن (ملازم نیهاد) فێره چۆنیه‌تی هاوێشتن و ته‌قاندنی ئارپێچی كراین، كاتێك به‌ڕێكه‌وتین (2)دوو گروپ بووین، گروپێكمان به‌سه‌رپه‌رشتی (فه‌تحی سه‌لیم ئه‌رگوشی و سیسۆ مشۆ گورگۆ) بۆ لێدانی ڕەبایە‌كی حكومه‌ت له (گوندی بژیان)كه پێیان ده‌گوت (ملانێ) به‌ڕێكه‌وتن و گروپه‌كه‌ی تریش به‌سه‌رپه‌رشتی من له‌گه‌ڵ ١٥ پێشمه‌رگه كه له هه‌ریه‌ك (حوسێن هاشم مێرۆزی و فه‌همی شه‌لال مێرۆزی و ...ئیدی) پێكده‌هات بۆ (مێرۆز) ڕۆیشتین، به‌رنامه‌كه‌شمان به‌شێوه‌یه‌ك داڕشت تاوه‌كو (ئێمه) له‌ڕەبایە‌كه‌مان هی ناو (مێرۆز) نه‌ده‌ین، ئه‌وان هێرش نه‌كه‌نه سه‌ر ڕەبایە‌ی (ملانێ).
هێشتانه‌كه خۆر ئاوانه‌بووه، گه‌یشتینه (گوندی سلۆر)، ڕانه مه‌ڕێكمان بینی له‌نێو (گوندی مێرۆز)دا و سه‌ربازێك شوانیه‌تی، له (سلۆر) ڕامانكرد، تا پێی بگه‌ین و ده‌ستی به‌سه‌ردابگرین، تاوه‌كو گه‌یشتینه (گوندی سومێ)، سه‌ربازه‌كه مه‌ڕە‌كانی دوورخستەوە. سه‌ربازە‌كه ئاگاداری ئێمه نییه كه هه‌وڵ بۆ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی ڕانه‌مه‌ڕە‌كه ده‌ده‌ین، هه‌رچه‌ندی هه‌وڵماندا ئه‌و زووتر گه‌یشته (پشتكه‌لێ) و (گۆڕستانی مێرۆز)، خۆمان له (گۆڕستان) نزیككردەوە، ڕانه‌مه‌ڕە‌كه‌ی گه‌یانده باره‌گای (فه‌وج) و نێو شوێنی مانەوە‌یان، دواجار له ده‌ستمان ده‌رچوو.
به‌هاری ١٩٧٨ گروپه‌كه‌مان گه‌یشتووەته نزیك باره‌گای فه‌وج، ئارپێچی به ئاسانی ده‌گاتێ، هه‌ر‌ئەوە‌نده گوێبیست بووین، گروپه‌كه‌ی ترمان له ڕەبایە‌ی (ملا) ئارپێچییه‌كیان ته‌قاند و به‌ری نه‌كه‌وت. كاتێك سه‌ربازه‌كان دەنگى گوله ئارپێچیه‌كه‌یان بیست، له هه‌موو ڕەبایە‌كان كه‌وتنه حاڵه‌تی ئاماده‌باشیەوە و ئه‌و ڕەبایە‌ی بۆ گروپه‌كه‌شمان دانرابوو، تژی بوو له سه‌رباز، ئارپێچیه‌كه‌م له‌سه‌ر پیلم دانا و گوله‌یه‌كم ئاراسته‌ی ڕەبایە‌كه كرد و به‌نێو ده‌رگایه‌كه‌دا چووه ژوورەوە و ته‌قیەوە، كه‌س نه‌یزانی چیان به‌سه‌رهات! گوله‌ی دووه‌مم هاوێشته سه‌ر ئارپێچیه‌كه‌م، له‌به‌ر ئەوە‌ی په‌ڕۆكی سه‌رەوە‌ی گوله‌كه‌م ده‌رنه‌هێنابوو، ڕۆیشت به بانی خانوویه‌كی ناو (مێرۆز) كه‌وت و نه‌ته‌قیەوە، بووه قه‌ره‌باڵغی و هه‌ڵاو هۆریا له هه‌موو شوێنێك و ده‌بابه ئاماده‌كران و ده‌ستیان به تۆپباران كردنی (گوندی بژیان) كرا، كاتێك ئارپێچی دووه‌م نه‌ته‌قیەوە ئه‌وسا زانیان كه له‌ژێر ڕەبایە‌كه‌یانداین، ده‌ستیان به‌ته‌قه و هاوێشتنی تۆپكرد، به‌ئاراسته‌ی گروپه‌كه‌مان، دواجار كه‌سمان خۆی نه‌دۆزیەوە، هه‌ریه‌كێكمان بۆ لایه‌ك ڕایكرد.
شه‌وی به‌سه‌رداهات و باران لێیكرد، خۆمان خشاندە خوارەوە، حكومه‌ت له‌به‌رامبه‌ر (هۆكل، سلۆر، ره‌وین، به‌رامبه‌ر مێرۆز و بژیا)ڕاوەستا و تۆپبارانی كرد و ئاگری له هه‌موو شوێنێك به‌ردا، دوژمن نه‌یزانی بۆ چ ئاراسته‌یه‌ك رامانكردووه، گوندی خۆشمانه، بۆیه به ئاسانی توانیمان خۆمان ونكه‌ین.
به‌رنامه‌مان ئەوە‌بوو دوای كرده‌كه یه‌كتری له (ئاشی عوبه‌ید) له (ته‌نگێ سومێ) ببینینەوە، چونكه شوێنێكی نه‌په‌ن و زۆر عاسێ بوو و كه‌س له‌وێ نه‌ده‌دۆزرایەوە، پاش ئەوە‌ی كرده‌كه‌مان كۆتایی هات، گایشتینه ناو ئاش. باران به‌رده‌وام ده‌بارێت، چ بارانێك! هه‌ر له‌نێو ئاشدا بووین، پێشمه‌رگه‌یه‌ك گوتی"چه‌كه‌كه‌م جێ هێشتووه"، لێمان پرسی چۆن و له‌كوێ جێت هێشت؟ پێشمه‌رگه‌كه گوتی"نازانم، دوائەوە‌ی كه‌وتمه خوارەوە ونبوو و هه‌رچه‌ندی به‌دوایدا گه‌ڕام نه‌مدۆزیەوە"، دڵم زۆر پێی سووتا، چونكه شه‌ڕێكی ئه‌وتۆمان نه‌كردووه، تا كلاشینكۆفه‌كه‌ی جێ بهێڵێت، به‌ڵام چی ده‌كه‌ین، پێم گوت"خه‌مت نه‌بێت و گوێشی پێمه‌ده".
ئه‌و شوێنه‌ی ئێمه لێین كه‌ندێكه له هیچ شوێنێك دیارنییه، بۆیه ئاگرێكمان هه‌ڵكرد، ده‌مێك بینیم ستوونی ئاش له دیوار جیابوەوە، به‌سه‌ر جه‌ماعه‌تدا هاوارم كرد و پێم گوتن"هه‌ستن ئاش ڕۆیشت"، خۆشبه‌ختانه بانی ئاش به‌سه‌رسه‌رماندا غلۆر بووه خوارەوە و بۆ ناو ڕووبار چوو، به‌بێ ئەوە‌ی یه‌ك ده‌نكه خۆڵیش به‌سه‌رماندا بڕژێت، ئه‌وسا ماینەوە به‌بێ ساتر له‌به‌ر باران و ئاسمان به‌جوانی به‌دیاركه‌وت، ئاگره‌كه‌مان ڕۆیشت و له‌به‌ر باران ماینەوە، خۆشبه‌ختانه هیچ شتێكمان به‌سه‌ر نه‌هات و به‌سه‌لامه‌تی له‌و كاره‌ساته ده‌رچووین.
ئه‌و شه‌ڕە‌ی له (مێرۆز) كردمان، ته‌نیا ٤٠ ده‌قیقه درێژە‌ی كێشا، به‌ڵام تۆپبارانه‌كه‌ی حكومه‌ت تاوه‌كو كاتژمێر ١٢ی شه‌و به‌رده‌وامبوو، به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی بۆمان گه‌ڕانەوە ته‌نیا ئه‌وانه‌ی له‌نێو ڕەبایە‌كه بوون كه ژماره‌یان ١٣ سه‌ربازبوو، كوژران.
تاوه‌كو به‌یانی بێ ئاگر و له‌به‌ر باران ماینەوە، پاشان به‌ڕێكه‌وتین و گه‌یشتینه به‌رامبه‌ر (گوندی بیارێ)ی هۆزی رێكانی، به‌رزاییه‌ك به‌سه‌ر (گوندی بیارێ) ده‌ڕوانێت و ده‌كه‌وێته به‌رامبه‌ر (گوندی مێرۆز)، سه‌ربازی حكومه‌تی عێراقی ڕەبایە‌ی تێدا داناوه و ئێمه‌ش ئاگادارنین، (نێری كێوی) له‌به‌رده‌ممان بوو، بڕنۆیه‌كه‌م له پیلم كردەوە و گوله‌یه‌كم پێیدا ته‌قاند و كوشتم، دوای كوشتنی (نێری)یه‌كه، له ڕەبایە‌كانی ئه‌و به‌رزاییه كه ده‌كه‌وته سنووری هۆزی رێكانی، ده‌ست به‌ته‌قه كرا‌و خۆمان نه‌بینییەوە، جه‌ماعه‌ته‌كه‌مان هه‌رزوو خۆیان گه‌یانده (نێریه كێویه‌كه) و هه‌ریه‌كه و پارچه‌یه‌ك گۆشتی لێكردەوە تاوه‌كو له گه‌یشتنمان به شوێنێكی ئارام و دوور له ته‌قه‌ی دوژمن بیبرژێنین و بیخۆین.
پاش ئەوە‌ی له‌و ته‌قه‌یه به سه‌لامه‌تی ده‌ربازبووین، تاوه‌كو (بزینا) ڕانەوە‌ستاین، دواتر ئاگرێكمان كردەوە و هه‌ندێك كه‌رسته‌مان كۆكردنەوە و گۆشتی كێویه‌كه‌مان له‌سه‌ری دانا و تێرمان و خوارد و گه‌ڕاینەوە (هه‌ركێ).
هه‌مان ساڵ (سامی) داوای لێكردم كرده‌یه‌كی تر ئه‌نجام بده‌ین، به‌و مه‌رجه‌ش نێردراین له (مێرۆز) شه‌ڕ نه‌كه‌ین، نەوە‌كا ببینه سه‌رچاوه‌ی فیتنه و ئاژاوه بۆ ناوچه‌كه.
٤٣ پێشمه‌رگه بە سەرپەرشتیى من به‌ڕێككه‌وتین كه له زۆرترین پێشمه‌رگه‌ی سه‌ركردایه‌تی كاتی پێكده‌هات، به‌ر لەوە‌ی بگه‌ینه (مێرۆز) خه‌به‌ر به جاشه‌كان گه‌یشتبوو (ئه‌حمه‌د مێرۆزی) به‌ڕێگاوه‌یه و هێرشیان ده‌كاته سه‌ر، تا گه‌یشتینه (مێرۆز) جاشه‌كان ڕایان‌كرد بۆ ناو فه‌وجی (گوندی گوزێ). له (گوندی سلۆر)یش ئافره‌تێك گیانی له‌ده‌ستدابوو به‌ناوی (ئامینا سه‌یدێ) و (مه‌لاحه‌سه‌ن شیوی)ش له‌نێو پرسه‌كه‌یاندابوو، بۆ پرسه‌كه چووینه (سلۆر)، كاتێك خه‌ڵكه‌كه ئێمه‌یان بینی بارودۆخیان تێكچوو، له‌خۆیان ده‌پرسی چۆن پێشمه‌رگه هاتوونه‌ته گونده‌كه‌یان و حكومه‌تیش له هه‌موو شوێنێك هه‌یه؟! خه‌ڵكی گونده‌كه‌مان و ئه‌وانه‌ی له‌نێو پرسه‌كه‌دابوون كۆكردنەوە و پێمان ڕاگه‌یاندن كه هاتووینه‌ته پرسه‌كه‌یان، فاتیحایه‌كمان خوێندەوە، سه‌یرم كردن بارودۆخیان زۆر خراپ بوو و نائاسووده‌بوون، به بینینمان ناره‌حه‌تن، هه‌ندێك قسه‌م بۆكردن و پێم گوتن"به‌م نزیكانه له گونده‌كانتان هه‌ڵده‌گیرێن ده‌تانگوازنەوە، بۆیه چاره‌یه‌ك بۆ خۆتان بدۆزنەوە و گه‌نجه‌كانتان نه‌خه‌نه ژێر ده‌ستی عه‌ره‌به‌كان و هانیانبده‌ن بۆ ئەوە‌ی بچنه ده‌رەوە و ببنه پێشمه‌رگه".
پاش ئەوە‌ی له (سلۆر) ته‌واوبووین، به‌ڕێكه‌وتین بۆ (مێرۆز،) خه‌به‌رمان پێگه‌یشت (مێرۆز) چۆڵكراوه، ڕۆیشتین بۆ (گوندی سپیندارێ) و بانگی موختارمان كرد و خه‌ڵكی بۆ كۆكردینەوە و قسه‌مان بۆكردن، پاشان به‌ره‌و (گوندی دێزۆ) ڕۆیشتین و چه‌ند قسه‌یه‌كمان بۆ خه‌ڵكی ئه‌و گونده‌ش كرد. له‌هه‌موو شوێنێك بووه هه‌ڵاوهۆریا و پڕوپاگنده بڵاوكرانەوە كه (ئه‌حمه‌د مێرۆزی) هه‌موو خه‌ڵكی كۆكردۆتەوە و قسه‌ی بۆكردوون، حكومه‌ت كه‌وته جووڵه.
له گه‌شته‌كه‌مان به‌رده‌وام بووین تاوه‌كو گه‌یشتینه (گوندی زێت)، سه‌یرده‌كه‌م ٢٠٠ تا ٣٠٠ پیاوی (مزووری) ڕایان‌كرد و گه‌یشتنه لامان، لێم پرسین چیتان به‌سه‌ر هاتووه؟، گوتیان"حكومه‌ت به‌نێومان كه‌وتووه، هه‌ندێكیان لێ ده‌سگیركردووین و ئێمه‌ش ڕامانكردووه، حكومه‌ت پێی گوتین"ئێوه هاوكاریانن، ئه‌گینا چۆن ده‌توانن بگه‌نه گونده‌كانتان".
هێشتانه‌كه له (گوندی زێت)ین (ملازم یونس و مه‌لا ئه‌مین بارزانی) گه‌یشتنه لامان له (گه‌لی زێت) و ئازوقه و خواردنیان بۆ هێناین. ته‌واوی هێزه‌كان به خه‌ڵكه ڕاكردووه‌كه كۆبووینەوە، داوایان كرد چاره‌یه‌كیان بۆ بدۆزینەوە، په‌یام گه‌یشته (سه‌ركردایه‌تی كاتی) و (سه‌ربه‌ست و سامی)یش گازه‌نده‌یانكرد و گلله‌ییان لێكردم بەوە‌ی ئاژاوه‌م له ناوچه‌ی (مزووری) دروستكردووه، (سه‌لیم) گوتبووی"به‌قوربانی چاوی بم، لێگه‌ڕێ بابیانكوژن، چونكه نابنه ئینسان"، له‌به‌ر ئەوە‌ی به گوێی ئه‌وم نه‌كردووه (سامی) لێم عاجزببوو.
هه‌مان ڕۆژ نوێنه‌رێك له‌لایه‌ن حكومه‌تەوە گه‌یشتوو پرسیاری منی كرد، لێم پرسی تۆ كێی؟ گوتی"نوێنه‌ری (ئامر لیوام) كه ئێستا له (سێلكێ) دانیشتووه و داوای كردووه هه‌ركه‌سێك ڕایكردبێت، با بگه‌ڕێتەوە و هیچ قسه‌یه‌كی پێ ناڵێین"، ڕوومكرده جه‌ماعه‌ته ڕاكردووه‌كه و پێم گوتن"هه‌ركه‌سێك له خۆی ناترسێت و ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێتەوە، با بگه‌ڕێتەوە ئەوە‌ی له‌خۆشی ده‌ترسێت، مه‌یدان حازره و با له‌گه‌ڵ ئێمه‌دابێت و چه‌كی پێده‌ده‌ین"، هه‌ندێكیان له‌گه‌ڵمان مانەوە و هه‌ندێكیش گه‌ڕانەوە.
كه‌ڕە‌تێكی تر داوام لێكرا كرده‌یه‌كی تر ئه‌نجام بده‌م و ته‌نیا خزم و كه‌سی خۆم له‌گه‌ڵدابوون و ٦ پێشمه‌رگه‌ین، هه‌مان ڕۆژ گه‌یشتینه گردی (توبه‌قلیس) كه ده‌كه‌وێته به‌رامبه‌ر مێرۆز و فه‌وجی حكومه‌تیش له‌نێو گردی (ره‌زكێ شه‌لال)بوون، له‌به‌رمان دانا و ده‌مانویست ئه‌و هێستره‌ی له‌لایانه به‌ده‌ستی بێنین، كاتێك هێستره‌كه‌مان ده‌ست نه‌كه‌وت جێگای خۆمان توند و قایمكرد و هیچ كه‌سێك ئێمه‌ی نه‌ده‌بینی، تاوه‌كو نانی مه‌غریبیان بۆ دانرا.
پایزی ١٩٧٨ هه‌ریه‌ك له (وه‌حید هاشم مێرۆزی و حوسێن هاشم مێرۆزی و محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د مێرۆزی و خه‌یروڵڵا شه‌لال مێرۆزی و یه‌كێكی تریشم) له‌گه‌ڵدایه، له دوورەوە و له شوێنه‌كه‌ی خۆمان سه‌یری سه‌ربازه‌كان ده‌كه‌ین، سه‌رقاڵی نان خواردنن، به چه‌كی (بڕنۆ و ڕەشاش و كلاشینكۆف) ده‌ستمان به ته‌قه‌كرد، بووه هات و هاواریان و هه‌ر سه‌ربازه و بۆ لایه‌ك ڕایكرد، ته‌قه‌كردنمان نەوە‌ستاند، له باره‌گای فه‌وج وه‌ڵامیان داینەوە، به‌ڵام نه‌یانده‌زانی له‌كوێوه ته‌قه‌یان لێده‌كرێت، كاتێك زانیان له‌كوێوه سه‌نگه‌رمان لێ‌گرتوون، تۆپێكیان هاوێشت به‌ناوه‌راستمان كه‌وت و هه‌ریه‌كێكمان به‌لایه‌كدا كه‌وت، خۆشبه‌ختانە برینداریش نه‌بووین، تۆپباران به‌رده‌وامبوو و هه‌ر تۆپه و به‌لایه‌كی نوقته‌كه‌مان كه‌وت، ئه‌وسا ئه‌و شوێنه‌ی ئێمه‌ی لێبووین به هه‌موو جۆره چه‌كێك لێیدرا، سه‌یری خۆمان كرد، كه‌سمان هیچی لێ نه‌هاتبوو و بڕیاری پاشه‌كشه‌ماندا و ناشزانین ئه‌و ڕەبایە‌ی ته‌قه‌مان لێیكردبوو كه‌سی تیانه‌ماوه، بۆ ڕۆژی دواتر په‌یاممان پێگه‌یشت كه هیچ سه‌ربازێك له‌نێو ڕەبایە‌كه نه‌مابوو و ٤كه‌سیان كوژرابوون و هه‌ندێكیشیان بریندارببوون و ته‌واوی چه‌ك و سیلاحی خۆشیان جێهێشتبوو، به‌ڵام چۆن ده‌توانی بچیته نێو ڕەبایە‌ی دوژمن به ٥ که‌س كه ته‌واویان سه‌ربه یه‌ك خانه‌وادەبن. دوای ئەوە‌ی بۆ ماوه‌ی (یه‌ك) كاتژمێر شه‌ڕمان كرد به‌بێ زیان گه‌ڕاینەوە و له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی كاتی به‌بڕی ٧٠٠ لیره‌ی توركی خه‌ڵاتكرام.
پاش گه‌ڕانەوە‌م بۆ (هه‌ركێ) نامه‌یه‌كی ئامر لیوام له ڕێگای (حوسێن جانگیر مێرۆزی) به‌ده‌ست گه‌یشت، داوای لێكردبووم ته‌نیا بگه‌ڕێمەوە، له‌به‌رامبه‌ردا هه‌رچیم بوێت بۆمی بكه‌ن، ڕاسته‌وخۆ نامه‌كه‌م برده (سه‌ركردایه‌تی كاتی) و دامه ده‌ستی (سه‌ربه‌ست) و ئه‌ویش به (سامی عه‌بدولره‌حمان)دا، دوای خوێندنەوە‌ی نامه‌كه، گفتوگۆیه‌كیان له‌باره‌ی نامه‌كه كرد و لێیان پرسیم كه چی تیادا نووسراوه، منیش پێم گوتن: "نازانم، چونكه به زمانی عه‌ره‌بی نووسراوه"، (سامی) چه‌ندین قسه‌ی بۆ كردم و گوتی"به‌ڵێن بێت هاوكار و پاڵپشتت بین و هه‌رشتێك كه پێشتر له‌به‌رامبه‌رت كراوه، بۆتی چاكبكه‌ینەوە و تۆڵه‌ت بۆ بكه‌ینەوە و ئه‌وانه‌ی بێ‌ڕێزیان پێكردووی و شكایه‌تیان لێكردووی له گونده‌كه‌ت وه‌ده‌ربنێین و گونده‌كه‌شت ڕاده‌ست بكه‌ینەوە، هه‌رشتێكیشت ده‌وێت بۆتی ده‌كه‌ین و سه‌روه‌ت و سامانت له‌لای ئێمەوە دابینده‌كرێت"، دواتر به‌رنامه‌یه‌كیان دانا بۆ ئەوە‌ی بتوانین له ڕێگای ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی به‌دوای نامه‌كه‌دا دێن زیان به حكومه‌ت بگه‌یه‌نین.
(سامی و سه‌ربەست) گوتیان"وه‌ڵامی نامه‌كه‌یان ده‌ده‌ینەوە و بۆ ئەوە‌ی له (بزینا) كه ده‌ڕوانێته سه‌ر (گوندی تویێ) یه‌كتری ببینن، هه‌ركاتێك ئه‌وان گه‌یشتن پێشمه‌رگه‌ش بخرێنه حاڵه‌تی ئاماده‌باشیەوە و به‌هه‌موو لایه‌كەوە ته‌قه‌یان لێبكه‌ین و زیانیان پێبگه‌یه‌نین"، شه‌وی یه‌كه‌م له‌سه‌ر ئه‌و پیلانه ڕێككه‌وتین و بۆ شه‌وی دواتر پیلانێكی تریان داڕشت و گوتیان، وه‌ڵامیان بۆ بنێره و تیایدا داوای (یه‌ك ملیۆن) دینار بكه له‌به‌رامبه‌ر گه‌ڕانەوە‌ت، به‌و مه‌رجه‌ی سه‌ره‌تا پاره‌كه‌ت بۆ بهێننه شوێنێكی دیاریكراو به‌خۆشت بچیته ئه‌وێ و وه‌ری بگری، پیلانی كۆتایمان به‌رنامه‌ی دووه‌م بوو و وه‌ڵامی نامه‌كه‌یانم دایەوە، نه‌ده‌گه‌ڕامەوە به‌ڵام ده‌مویست له ڕێگای ئه‌و پاره‌یه داهاتێك بۆ سه‌ركردایه‌تی كاتی په‌یدابكه‌ین، حكومه‌ت ره‌زامه‌ندی نیشاندا كه پاره‌ی دیاریكراو بگه‌یه‌ننه (گه‌لی بزینا).
ڕۆژی دیاریكراو له به‌یانیەوە تاوه‌كو ئێواره له (گه‌لی بزینا) چاوه‌ڕێمان كردن نه‌هاتن، ڕۆژێكی تر هه‌ر چاوه‌ڕێمان كردن كه‌س نه‌هات، هه‌واڵمان پێگه‌یشت كه حكومه‌ت زانیاری له‌باره‌ی پیلانه‌كه‌ی ئێمه‌ی پێگه‌یشتووه و پاشگه‌زبووەتەوە و نایێ، له‌و پیلانه‌مان سه‌ركه‌وتوو نه‌بووین و پاره‌كه‌شمان وه‌رنه‌گرت. ماوه‌یه‌ك به‌بێ هیچ چالاكییه‌ك وه‌ستاین و (سامی) گوتی"چیی بكه‌ین؟" منیش گوتم "با دانه‌نیشین، جه‌وله‌یه‌ك ئه‌نجامبده‌ین".
به‌ڕێكه‌وتین بۆ (مێرۆز) و بۆ ئەوە‌ی هه‌ڵبكوتینه سه‌ر ڕەبایە‌كانی سه‌ربازانی حكومه‌تی عێراقی، جه‌وله‌كه‌مان ئه‌نجامدا و به‌بێ ئەوە‌ی هیچ هێرشێك ببه‌ین، گه‌ڕاینەوە باره‌گایه‌كه‌مان له (گوندی هه‌ركێ) و هه‌واڵی وه‌فاتی (مه‌لامسته‌فا)مان زانی. بۆ چه‌ند ڕۆژێك پرسه‌مان ڕاگه‌یاند و ئاڵای ره‌شمان به‌سه‌ر باره‌گا و ته‌واوی شوێنه‌كان به‌رزكردەوە و له‌لایه‌ن (سه‌ركردایه‌تی كاتی) پرسه‌ی بۆ دانرا و هیچێك له‌و به‌رپرسانه‌ی له (هه‌ركێ) بوون بۆ سه‌ره‌خۆشی نه‌گه‌ڕانەوە ئێران، دوای ماوه‌یه‌ك جموجۆڵێكی كه‌وته به‌رگوێیه‌كانم كه گروپه‌كه‌ی (سه‌ركردایه‌تی كاتی) به‌ته‌مای كوده‌تایه‌كن به‌سه‌ر (ئیدریس و مه‌سعود)دا، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ڵسوكه‌وتیان ده‌كرد كه حساب بۆ (ئیدریس و مه‌سعود) ناكه‌ن.
جه‌ماعه‌ته‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی كاتی، په‌یوه‌ندی توندوتۆڵیان له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا هه‌بوو و (سامی عه‌بدولره‌حمان) سه‌ركردایه‌تی ده‌كردن، هه‌ریه‌ك له (سه‌لیم و سه‌ربه‌ست و سیامه‌ند به‌نا و عه‌بدوڵڵا ریشه و ملازم نیهاد و ...ئیدی) ئاگاداری ته‌واوی جووڵه‌ی یه‌كتر بوون و خانوو و شوێنی مانەوە‌یان بۆخۆیان دروستكردبوون و فڕنی نانكردن و ته‌واوی پێداویستی له (هه‌ركێ) هه‌بوو، خه‌ڵكێكی زۆر له باكووری كوردستان-توركیا هاوكاری ده‌كردین و له‌سه‌ر سنووری (توركیا-عێراق) ده‌ژیاین و ته‌نیا ڕووبارێكی بچووك له‌نێوانماندابوو و خه‌ڵكێكی زۆر تیاده‌ژیا و هه‌ریه‌كه‌یان خاوه‌نی چه‌ندین سه‌ر ئاژە‌ڵ و مه‌ڕوماڵات بوون و مێشه هه‌نگوین و كشتوكاڵ و هه‌موو شتێكیان هه‌بوو. ئه‌و ناوچه‌یه ببووه شارێكی ته‌واو، خه‌ڵكێكی زۆر له گونده‌كانی (ناوچه‌لا و ستونێ و هه‌ركێ و..ئیدی) كۆببوونەوە و كه زۆرترینیان له (گوندی باسیا) داده‌نیشتن و كه‌رسته و پێداویستیه‌كانیشمان ده‌گه‌یشتنه ئه‌وێ.
ئه‌و ناوچه‌یه (نیشتمان) و ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ بوو و (سه‌كردایه‌تی كاتی) حوكمێكی جوان و ئیداره‌یه‌كی باشی خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌كرد و سنووری ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی تاوه‌كو هۆزه‌كانی (نێروه و گولی) ده‌ڕۆیشت.
له‌نێوبردنی پیلانێكی یه‌كێتی لە ساڵى ١٩٧٨ و شەڕى شەمزینان
له به‌هاری ساڵی ١٩٧٨ خه‌به‌رمان پێگه‌یشت كه هێزه‌كانی (یه‌كێتی) هاتوون ده‌یانه‌وێت له پشتمانەوە له ڕێگای (شه‌مزینان) و به‌هاوكاری (حكومه‌تی توركیا) زیانتان پێبگه‌یه‌نن، پرسیارمان كرد كه گەیشتوونەتە کوێ؟ گوتیان گه‌یشتوونه‌ته (گوندی باوێ) و به (گوندی ساتێ)دا تێپه‌ڕیون و ده‌یانه‌وێت بگه‌نه (ئۆره‌مار) و گروپێكی تریشیان له شوێنێكی ترەوە ده‌یانه‌وێت پێیان بگه‌ن و پشتی (سه‌ركردایه‌تی كاتی پارتی) بگرن، دوای ئەوە‌ی هه‌ست به جووڵه‌كه‌یان كرا، په‌یام بۆ (خه‌ڵكی باكووری كوردستان- توركیا) نێردرا، تا هاوكاریان نه‌كه‌ن و پاڵپشتی له (پارتی) بكه‌ن، دواجار خه‌ڵكه‌كه هاوكاریان كردین و شه‌ڕ له‌نێوانمان دروستبوو، له هه‌ریه‌ك له (گه‌ڤه‌رێ و ئۆره‌مار و باوێ و ره‌شیدا و ...ئیدی) شه‌ڕ گه‌رمبوو و هێزه‌كانمان بڵاوبوونەوە و له‌و شه‌ڕانه (مه‌لائه‌مین بارزانی و برایه‌كی و چه‌ند كه‌سێكمان)شه‌هیدبوون و له هێزه‌كانی (یه‌كێتی)ش كوژراوی زۆر هه‌بوون هه‌ریه‌ك له (دكتۆر خالید و حوسێن بابه شێخ) له‌نێو كوژراوه‌كان بوون و ٢٠٠كه‌س له سه‌ركرده و چه‌كداریشیان ده‌سگیركران كه (عه‌لی عه‌سكه‌ری و ..ئیدی)له نێو ده‌سگیركراوه‌كاندا بوون و گواسترانەوە نێو قوتابخانه‌یه‌كی (گوندی بێداو).
ڕۆژێك من و سه‌ربه‌ست چووینه لایان، (سەر‌به‌ست) قسه‌ی بۆ كردن و پێی گوتن: "ئێمه برای یه‌كترین و هیچ جیاوازیه‌ك له نێوانمان نییه و بۆچی ئه‌و كاره‌تان كرد؟ كێ هانتان ده‌دات ئه‌و كاره بكه‌ن؟"، له‌و شه‌ڕانه (جه‌لال) له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له جه‌ماعه‌ته‌كه‌ی ده‌رچوون و گه‌ڕابووەوە ناو (هۆزی گه‌ردی) و كوردانی باكوور زۆر هاوكاریان كرد و ڕزگاریان كرد.
ژماریه‌ك له ده‌سگیركراوه‌كان ئازادكران و هه‌ندێكیشیان كوژران كه (عه‌لی عه‌سكه‌ر) له‌نێو كوژراوه‌كان بوو و شه‌ش كه‌سیان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانمان مانەوە و كه یه‌كێكیان ناوی (ڕە‌فیق) بوو و پاشان له هه‌ڵمه‌تی هێرشی حكومه‌تی عێراقی بۆ سه‌ر (هه‌ركێ) (ڕە‌فیق) به گوله‌ی دۆشكەی فڕۆکە‌ی عێراقی شه‌هید بوو.
حكومه‌تی عێراقی هێرشی كرد، ئێمه‌ش سه‌ركه‌وتین بۆ (ئه‌ردوێل) و حكومه‌ت سه‌رده‌كه‌وت تاوه‌كو بگاته (گوندی هه‌ركێ)، هێزه‌كه‌مان له (سه‌رێ سۆرێ) بوون و ته‌قه‌مان لێ‌كردن و هێزه‌كه‌ی (فه‌تحی سه‌لیم ئه‌رگۆشی)ش له خوارەوە ڕوووبەڕوویان بوونەوە، كه به‌سه‌ر (ئه‌ردوێل)دا ده‌ڕوانێت، سه‌ربازانی حكومه‌تی عێراقی پاشه‌كشه‌یان كرد و گه‌ڕانەوە، دواتر فڕۆکە‌ی هه‌لیكۆپته‌ری دوژمن گه‌یشتن، (من و ڕە‌فیق) له‌ژێر ته‌ڕاشێك دانیشتووین، هه‌رئەوە‌نده‌م بینی شێلكه‌یه‌ك گوله‌ی دۆشكە ئاراسته‌مان كرا و به‌سه‌رمندا تێپه‌ڕی و به‌نێو قه‌دوباڵای (ڕە‌فیق)كه‌وت و كردیه دوو پارچه، شه‌هیدبوونی ئه‌و زۆر كاریگه‌ری له‌سه‌ر دروستكردم و گه‌لێك خه‌فه‌تم بۆی خوارد.
له‌و هێرشه‌ی حكومه‌ت بۆ سه‌ر (هه‌ركێ) زیاتر له ٣٠٠ پێشمه‌رگه به پاڵپشتی به‌رگری مللی، دوو ڕۆژی به‌رده‌وام به‌رامبه‌ر سوپای عێراقی ڕاوەستان، تا توانیمان خانه‌واده‌كانمان له مه‌یدانی شه‌ڕە‌كه دووربخه‌ینەوە و ئاودیوی سنووری توركیامان كردن، چونكه ده‌مانزانی ناتوانین له‌به‌رامبه‌ریان بوه‌ستین. پاش ئەوە‌ی (هه‌ركێ)مان چۆڵكرد، حكومه‌ت هاته ناوی و ته‌واوی گونده‌كه‌ی سووتاند، هه‌رشتێكی له‌نێویدا هه‌بوو، ئاگری تێبه‌ردا.
پاش سووتاندنی (هه‌ركێ)، حكومه‌تی عێراقی گه‌ڕایەوە (گوندی درێ)، ئێمه‌ش گه‌ڕاینەوە و هاتینەوە سه‌ر شوێنه‌واره‌كانمان له (گوندی هه‌ركێ) و له‌سه‌ر داروبه‌ردووی سووتاو كه‌ڕە‌تێكی تر به‌ردی بناغه‌ی ژیانێكی نوێمان دانایەوە.
جووڵه‌ی سه‌ركردایه‌تیی كاتی بۆ وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵاتی پارتی
پاش وەفاتی مه‌لا مسته‌فا، به‌رپرسانی سه‌ركردایه‌تی كاتی له‌نێوان خۆیاندا پیلانیان بۆ وه‌رگرتنی به‌رپرسیاریه‌تی یه‌كه‌می پارتی داده‌نا و كه‌ڕە‌تێك گوێم لێیان بوو به زمانی عه‌ره‌بی قسه‌یان ده‌كرد، یه‌كێك له‌گه‌ڵیانبوو به (سامی) گوت: "ئاگاداربه (ئه‌حمه‌د) زمانی عه‌ره‌بی تێده‌گات". هه‌ڵسام دوو نامه‌م به (شه‌وقی گولیك محه‌مه‌د ئه‌رگوشی) نووسین، یه‌كێكیان بۆ ئیدریس و یه‌كێكیش بۆ (مه‌سعود) تا له‌باره‌ی جموجۆڵی سه‌ركردایه‌تی كاتی ئاگاداریان بكه‌مەوە. نامه‌كانمان به تیپ پێچان و دا‌مانه ده‌ستی (عوسمان میكائیل ئه‌رگوشی) و به‌ڕێكه‌وت له (گوندی بایێ) (عوسمان) ده‌كه‌وێته نێو مه‌فره‌زه‌ی جه‌ندرمه‌ی توركیا و له ترسی ئاشکرابوونی، هه‌رچی نامه‌یه‌كی پێ بووه فڕێ ده‌داته نێو ڕانه‌مه‌ڕێك. به‌هاوكاری (بێری)یه‌كانی گوندی (بایێ) له ده‌ستی جه‌ندرمه ڕزگاری ده‌بێت، به‌دوای نامه‌كانیشدا ده‌گه‌ڕێت بۆی نادۆزرێتەوە و خۆی فڕێده‌دات تاوه‌كو ئێران ناوه‌ستێت. پاش ڕۆیشتنی (عوسمان)، بێرییه‌كان نامه‌كان ده‌دۆزنەوە و ڕاسته‌وخۆ بۆ سه‌ركردایه‌تی كاتی لای (سامی عه‌بدولره‌حمان) ده‌یگه‌ڕێننەوە.
هێشتانه‌كه (عه‌لی عه‌سكه‌ری) له‌نێو زینداندایه، ڕۆژێكیان به‌ره‌و خوارەوە ڕۆیشتم بۆ لای ماڵی (ئه‌مینێ سه‌لێ ئه‌رگوشی) و هه‌ریه‌كه له (سامی و سه‌لیم و سه‌ربه‌ست) له‌بن (دارگوێزێك) دانیشتبوون و بانگیان كردم. چوومه لایان و پاش ئه‌حواڵپرسین (سامی) گوتی: "كاك (ئه‌حمه‌د) چیمان كردووه تا تۆ ئه‌و نامه‌یه له‌سه‌رمان بنووسیت؟" پێم گوتن"چ نامه‌یه‌كم له‌سه‌ر ئێوه نووسیوه؟" نامه‌كه‌ی خۆمیان پێ نیشاندامەوە و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌شیان بۆ خوێندمەوە و پێشیان گوتم له (گوندی (بایێ) ئه‌و نامانه گه‌ڕاونه‌تەوە، منیش پێم گوتن"ئه‌و نامه‌یه كاری من نییه، به‌ڵام ئه‌و ڕۆژە‌ی ده‌تان گوت وشیاربن (ئه‌حمه‌د) زمانی عه‌ره‌بی ده‌زانێت، چیتان به‌یه‌كتری ده‌گوت؟ نه‌تانگوت (مه‌لا مسته‌فا) ڕۆیشت و (مه‌سعود) ئاسانە و ئه‌گه‌ر (ئیدریس)یش له كۆڵمان بباوه باشده‌بوو، به‌ڵام نه‌هاتووم ئه‌و قسانه بكه‌م و نامه‌ی وه‌هاش بنووسم، ئه‌گه‌ر یه‌كێكیش به ناوی (من) ئه‌و كاره‌ی كردبێت، ئاگادارنیم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر تۆ بڵێیت هیچم نه‌كردووه؟ كردووته، ئه‌گه‌ر بڵێیت كه‌سێكی پاكم، ئەوە پاك و بەوە‌فانیت، چونكه گوێبیست بووم كه چیتان ده‌گوت"، (سامی) گوتی"ماده‌م وایه ئێوه هه‌ر فێره شێخایه‌تی و ئاغایه‌تینه"، پێم گوت"بابه‌ته‌كه شێخایه‌تی و ئاغایه‌تی نییه (ماڵا بارزان) مه‌زنێت مه‌نه و خڵاس و چوو، بۆ ئه‌و بابه‌ته له‌گه‌ڵ ئێوه نین و بنه‌ماڵه‌ی بارزانه، (مه‌لا مسته‌فا) ڕۆیشت كوڕە‌كانی دێن"، گوتی"واته ئێوه هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و شێوه‌یه ده‌ڕۆن،" گوتم "به‌ڵێ به‌م شێوه‌یه و هه‌روه‌هاش ده‌بین". په‌یوه‌ندیه‌كانمان تێكچوون و دواتر په‌یامم له (مه‌سعود)ەوە پێگه‌یشت كه ماڵ و منداڵم بگوازمەوە بۆ (گوندی ساتێ) و بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكیش له‌و گونده ماینەوە.
دوای ئه‌و ڕوداوانه (سه‌ركردایه‌تی كاتی) هه‌ڵوه‌شایەوە، (سامی عه‌بدولره‌حمان) و جه‌ماعه‌تێكی له پارتی جیابوونەوە و پارتی گه‌لیان دروستكرد و خه‌ڵكێكی زۆر له سنووری (بادینان) پشتگیریان كردن، ژماره‌یه‌ك له سه‌ركردایه‌تی كاتی وه‌كو (سیامه‌ند به‌نا و عه‌بدوڵڵا ریشه) به‌ره‌و هه‌نده‌ران ڕۆیشتن، سه‌ركردایه‌تی كاتی بۆ ماوه‌ی ٤ ساڵ به‌رده‌وام بوو و پاش هه‌ڵوه‌شانەوە‌شی باره‌گایه‌كانیان له (گوندی هه‌ركێ) نه‌مان. پارتیش خۆی كۆكردەوە و گه‌ڕایەوە سنووره‌كان (مسته‌فا نێروه‌یی) ڕۆیشت بۆ (نێروه) و (عه‌ریف یاسین) گه‌یشته (چه‌مێ تویا) و (محه‌مه‌د خالد) هاته (بێركمێ) و (ئیدریس بارزان)یش هاته خوارەوە و له سه‌رسنوور مایەوە.
شه‌ڕی عێراق-ئێران لە ساڵانى ١٩٨٠ تا ١٩٨٨
له ساڵی ١٩٨٠ كاتێك شه‌ڕی (عێراق- ئێران) هه‌ڵگیرسا، (مه‌سعود) نامه‌یه‌كی بۆ ناردم و فەرمانم پێكرا باره‌گایه‌ك له (گوندی مێرۆز) دابمه‌زرێنم و خه‌ڵكێك كۆبكه‌مەوە و ده‌ست به جووڵه بكه‌ینەوە، تاوه‌كو خه‌ڵك بزانێت شۆڕش به‌رده‌وامه. گه‌ڕامەوە (گوندی مێرۆز) (ماڵ و منداڵ) هه‌ر له (گوندی ساتێ)ن، خزم و كه‌سه نزیكه‌كانم كۆكردنەوە و باره‌گایه‌كمان دامه‌زراند، ئه‌وسا هێدی هێدی خه‌ڵك له ده‌ورمان كۆبووەوە و ڕێگا و بانه‌كانی ناوچه‌كه‌مان كه‌ڕە‌تێكی تر كردنەوە، ده‌ستمان به كشتوكاڵ و كاری ئاژە‌ڵداری كردەوە و خه‌ڵك و میوانه‌كانمان له‌سه‌ر پشتی خۆمان به‌خێوكردن و خزمه‌تكردن، له سنووری هۆزی رێكانیش ئازووقه‌مان بۆ ده‌هات.
له ماوه‌ی نێوان ساڵانی ١٩٨٠ تا ١٩٨٨ ناوچه‌كه ئارامبوو و حكومه‌ت هیچ جموجۆڵێكی سه‌ربازی ئه‌نجامنه‌دا و له باره‌گایه‌كانی خۆی له (شێروان) به‌بێده‌نگی دانیشت، حكومه‌ت وای ده‌زانی ژماره‌یه‌كی زۆر پێشمه‌رگه و هێز له ناوچه‌كه‌دان، نه‌یانده‌زانی چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كین و ته‌نیا بۆ ناو له گونده‌كانمان دانیشتووین!، پروپاگەنده بڵاوده‌كرانەوە كه (ئه‌حمه‌د مێرۆزی) له گونده‌كانی مزوورییه و خه‌ڵكێكی زۆری له‌خۆی كۆكردووەتەوە. له‌هه‌مان ماوه‌دا بۆ یه‌ك شه‌ویش به ئاسووده‌یی نه‌ده‌خه‌وتین و بۆسه‌مان له پشتا (گوندی كوڕان) یان ئه‌و به‌رزایانه دادەنا کە به‌سه‌ر (گوندی بژیان) ده‌ڕوانێت، چونكه زوو زوو په‌یاممان پێده‌گه‌یشت كه حكومه‌ت به‌نیازه هێرش بكا، ئێمه‌ش ده‌رده‌چووین، به‌ڵام هیچ جارێك هێرش نه‌كرا.
كه‌ڕە‌تێك خه‌به‌رمان پێگه‌یشت سه‌رۆك جاشێک، نامه‌ی به هه‌ندێك لە خه‌ڵكی گونده‌كان داوه و ئه‌وانیش هاتوونه‌ته (گوندی موكا) و ده‌یانه‌وێت قه‌سكوان(قەزوان) بكه‌ن و هه‌نجیر لێبكه‌نەوە، هه‌ندێك پێشمه‌رگه‌ی لقی (یه‌ك)م له‌گه‌ڵ خۆم بردن كه به‌سه‌ردان هاتبوونه لامان و به‌ڕێكه‌وتم بۆ (گوندی موكا).
گه‌یشتمه (گوندی موكا) و ده‌بینم خه‌ڵكه‌كه ئاگریان كردووەتەوە و چایان له‌سه‌ر داناوه و با‌نگم كردن و لێم پرسین بۆچی هاتوونه‌ته ئێره؟ گوتیان"گوندی خۆمانه و هاتووین (قه‌سكوان) بكه‌ین"، پێم گوتن"گونده‌كه‌ی ئێوه‌یه؟" گوتیان"به‌ڵێ"، لێم پرسین به قسه‌ی كێ هاتوون؟ گوتیان"به‌نامه‌ی (حه‌سه‌ن جانگیر) هاتووین"، نامه‌كه‌م لێوه‌رگرتنەوە و به توڕە‌یی پێم گوتن"بڕۆن به (حه‌سه‌ن) بڵێن نامه‌كه بۆ شوێنێكی تر بگه‌ڕێنێتەوە و ئێوه‌ش بڕۆن لێره نه‌مێنن، ئه‌گینا ده‌تانكوژم"، هه‌ندێك ته‌قه‌مان به‌سه‌ریانەوە كرد و ڕایان‌كرد، ئێستریان جێهێشت و بانگمكردن و پێم گوتن"وه‌رن بارهه‌ڵگره‌كانیشتان ببه‌ن، با به‌یانی نه‌ڵێن بۆ ئه‌و بارهه‌ڵگرانه ده‌ریان كردووین، دواتر بمانكه‌نه (كه‌ر دز) و بڕۆن و كه‌ڕە‌تێكی تریش نه‌گه‌ڕێنەوە ئه‌و ناوچه‌یه".
په‌یاممان پێگه‌یشت كه خه‌ڵكانێك گه‌ڕاونه‌تەوە (گوندی سپیندار)یش هه‌مان كارمان له‌گه‌ڵ ئه‌وانیش كرد و گه‌ڕانەوە. پاشان حكومه‌ت بانگیان كردبوون و لێیان پرسی بوون بۆچی گه‌ڕاونه‌تەوە چی ڕوویداوه؟ ئه‌وانیش پێیان گوتبوون"(ئه‌حمه‌د مێرۆزی) هاته سه‌رسه‌رمان و هیچیان بۆ نه‌هێشتین، جوێنیشی به‌هه‌موو كه‌سێك ده‌دا و له ناوچه‌كه‌یان وه‌ده‌رناین".
دوای ئه‌و ڕوداوه به‌رنامه‌یان دانا بۆ ئەوە‌ی حكومه‌ت هێرشمان بكاته سه‌ر، به‌رنامه‌یان داڕشتبوو ٥٠ جاش به نهێنی و به‌شه‌و هێرشمان بكه‌نه سه‌ر، هه‌ر زوو خه‌به‌رمان پێگه‌یشت، په‌یاممان بۆ ڕێكانییه‌كان نارد و ژماره‌یه‌كیان به هانامانەوە گه‌یشتن و ژماره‌یه‌ك له خه‌ڵكی (گوندی ئه‌رگۆش) و (گوندی به‌نان) كه له گونده‌كه‌یان مابوونەوە به‌هانام هاتن و ژماره‌مان زیادی كرد بۆ ٤٠ تا ٥٠ پێشمه‌رگه و ژماره‌یه‌ك (په‌كه‌كه)ش له‌لامانن و ئه‌وانیش به‌ڵێنی پشتیوانیان پێداین. دوای چوار ڕۆژ په‌یام گه‌یشت كه كوڕی (بابه‌كر گویزی) هاتۆته سنووری (هۆزی ڕێكانی)، پاشان جه‌ماعه‌تێكمان نارده لای و ئه‌ویش به جه‌ماعه‌ته‌كه‌ی ئێمه‌ی گوتبوو"خه‌به‌ر به (ئه‌حمه‌د مێرۆزی)ی بگه‌یه‌نن، كه مه‌فره‌زه‌ی حكومه‌ت و جاش تێكچوو و هێرشیان ناكرێته سه‌ر، چونكه هه‌ندێكیان ڕازی نه‌بوون و گوتبوویان ماده‌م ده‌چین شه‌ڕی (ئه‌حمه‌د) بكه‌ین هه‌ر لێرانه و له شوێنی خۆمان به‌شه‌ڕدێین، بچین چی له (ئه‌حمه‌د) بكه‌ین، بیكوژین هه‌ر له ئێمه ده‌ڕوات، ئه‌ویش ئێمه بكوژێت له‌و ده‌ڕۆین، با خه‌ڵكی ئێمه نه‌چێ (قه‌سكوان و گوێز) بكا، (ئه‌حمه‌د) ناهه‌ق نییه، ئه‌گه‌ر ده‌ڕۆیشتن، با پرسیان به ئه‌ویش بكردبا و پێتان گوتبا هاتووین ده‌مانه‌وێت بچینه سه‌ر گونده‌كانمان و (قه‌سكوان گوێز)بكه‌ین ئاخۆ رازی ده‌بی یان نه؟" له‌نێو حكومه‌تدا جاشه‌كان بوونه دووبه‌ره و هێرشیان نه‌كرده سه‌رمان.
سه‌رۆك چۆن له هاوكاریه‌كانمان بۆ (په‌كه‌كه) ده‌یڕوانی
له ساڵانی هه‌شتا‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م هاوكاریه‌كی زۆری هێزه‌كانی (په‌كه‌كه)م ده‌كرد و هه‌ر له‌لام له (گوندی مێرۆز) ده‌مانەوە، ئه‌و هاوكاریانه‌مان به‌ئاگاداری مه‌سعود بارزانی بوو، نامه‌یه‌كی بۆ ناردم و تیایدا هاتبوو (ئه‌گه‌ر تۆ بتوانی هێزه‌كانی ((په‌كه‌كه)) له‌لای خۆت بپارێزی، سوپاست ده‌كه‌م، چونكه یه‌ك چه‌كداری (په‌كه‌كه) به هه‌موو توركیا ناگۆڕمەوە، نامه‌كه‌ی (سه‌رۆك) تاوه‌كو ئاواره‌ی ئێرانیش بووین هه‌ر له‌لام بوو، به‌ڵام دواتر هه‌ر خۆشم نه‌مزانی چی به‌سه‌رهات، ئه‌و هێزه‌ی په‌كه‌كه‌م بۆماوه‌ی ٥ ساڵ به‌خێوكردن و خزمه‌تكردن.
له‌سه‌ر ئه‌و هاوكاریانه‌م بۆ په‌كه‌كه له زستانی ساڵانی ١٩٨٥ تا ١٩٨٦ (سه‌عید خه‌لیل) خه‌به‌ری بۆ ناردم كه سه‌ركرده‌یه‌كی سه‌ربازیی توركیا (ئالبایی) له (گوندی زێته) و داوای بینینم ده‌كا، منیش ڕە‌تم كردەوە بچم، له‌لایه‌ك ده‌ترسام ده‌سگیربكرێم و له‌لایه‌كیش نه‌مده‌ویست به قسه‌ی (سه‌عید) بچم، پاش گه‌ڕانەوە‌ی نوێنه‌ری یه‌كه‌م هه‌ندێك قاسدی تر هاتن و كه‌ڕە‌تێكی تر داوایان كردەوە سه‌ردانی (زێت) بكه‌م، ئه‌وانیشم به ده‌ستبه‌تاڵی ناردنەوە، دواتر برووسکە‌یه‌كم بۆ (سه‌رۆك) كرد و له بارودۆخه‌كه ئاگادارم كردەوە، سه‌رۆك پێی گوتم" ئه‌گه‌ر له‌خۆت بترسێیت، مه‌چو".
چه‌ند ڕۆژێك به‌سه‌رچوون كه‌ڕە‌تێكی تر داوای بینینی منیان كردەوە، ئه‌م جاره‌یان (سه‌رۆك) پێی گوتم "بڕۆ بیانبینه و بێ خه‌مبه"، زیاتر له ٤٠ تا ٥٠ پێشمه‌رگه‌م له‌گه‌ڵ خۆم بردن كه هه‌ریه‌ك له (قادر ساڵح ستۆپه‌یی و ...ئیدی" له‌گه‌ڵمانن تا گه‌یشتینه (زێت). پله‌داره سه‌ربازییه‌كانی حكومه‌تی توركیا له‌سه‌ر گۆڕستانی (گوندی زێت) به چاودێری ٦ هه‌لیكۆپته‌ری سه‌ربازی له چاوه‌ڕوانیمان بوون، منیش كاتێك گه‌یشتمه ئه‌وێ، پێشمه‌رگه‌كانم بڵاوه‌پێكردن بۆ سه‌ر ئه‌و به‌رزایانه‌ی به‌سه‌ر شوێنی دانیشتنمان ده‌ڕوانن، چوومه لایان و چه‌كدارێكی په‌كه‌كه‌ش به جلی پێشمه‌رگه‌كانمان له‌گه‌ڵ خۆم برد، تا هه‌م گوێبیستی گفتوگۆیه‌كانمان بێت و هه‌میش بۆ تێگه‌یشتن لێیان هاوكاریم بكا، هه‌رچه‌نده توركه‌كان وه‌رگێڕی خۆشیان له‌گه‌ڵ بوو.
مافورێك دانرابوو، هه‌ردووكمان له‌سه‌ری دانیشتین و ده‌وروووبەرمان پڕە له پێشمه‌رگه و جه‌ندرمه‌ی توركی، وه‌رگێڕێكیشیان هێنا و پێم گوت"قسه‌كانمان وه‌كو خۆی ته‌رجومه ده‌كه‌ی، چی ده‌ڵێم بۆی وه‌رگێڕە و ئه‌ویش چی ده‌ڵێت بۆم وه‌ربگێڕە‌وه"، به‌رپرسه‌كه‌یان پێی گوتم"تۆ بۆچی په‌كه‌كه به‌خێو ده‌كه‌ی؟" گوتم"من په‌كه‌كه به‌خێو ناكه‌م"، گوتی"شاهدمان هه‌یه كه په‌كه‌كه‌ت به‌خێو كردووە"، گوتم"ئه‌گه‌ر شاهیده‌كانی خۆت به‌خۆیان په‌كه‌كه بهێننه لامان وایه، به‌ڵام من نایانناسم و له‌لای منیش نین،" گوتی"سوێند ده‌خۆی كه په‌كه‌كه له‌لات نین؟" گوتم"نه‌خێر سوێند ناخۆم، سنووری توركیا هه‌ر له حاجی ئۆمه‌رانەوە تاوه‌كو ده‌گاته ده‌روازه‌ی (زاخۆ) هه‌مووی به‌سه‌ریه‌كەوە گرێدراوه و پلكی یه‌كێك له ده‌وڵه‌تێكه و پوری ئەوە‌ی تر له ده‌وڵه‌تێكی تر، مامی یه‌كێك له ده‌وڵه‌تێكه و هاوسه‌ری یه‌كێكی تر له ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی تر، هه‌موویان خزموكه‌سی یه‌كترن، له‌وانه‌یه ئێستاكه په‌كه‌كه له‌لامان بن، چۆن ده‌توانم سوێند بخۆم كه په‌كه‌كه له‌لامانن یاخود له‌لامان نین؟!".
(په‌كه‌كه)یه‌كیشم له‌گه‌ڵ خۆم بردووه و له ته‌نیشتم دانیشتووه، پله‌داره توركه‌كه گوتی"تۆ سوێند ناخۆی؟" گوتم"نه‌خێر سوێند ناخۆم"، گوتی"مه‌سعود چییه و ئێوه چۆن ته‌ماشای ده‌كه‌ن"، گوتم"مه‌سعود سه‌رۆكمانه"، گوتی"(عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان) ده‌ناسی"، گوتم"نه‌خێر نایناسم"، وێنه‌یه‌كی هێنا و پیشانی دام و پرسی ئه‌وانه كێن؟ گوتم"ئه‌مه‌یان سه‌رۆكمانه و ئەوە‌ی تریش ناناسم"، وێنه‌یه‌كی (مه‌سعود و عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان) كه به‌یه‌كەوە‌یان گرتبوو له‌گه‌ڵیانبوو و پیشانیان دام، گوتی"چۆن سه‌رۆكه‌كه‌تان له‌گه‌ڵ (عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان) وێنه‌ده‌گرێت و تۆش نایناسی؟" گوتم"ئه‌وسا ئه‌وان ده‌یناسن، به‌ڵام من نایناسم، (عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان)م نه‌بینیوه خۆ به خورتی پێم ناناسێنیت!"، پاشان گوتی"چه‌ندی هێزی تۆ و سه‌رۆكه‌كه‌ت هه‌یه بیهێنن بۆماوه‌ی یه‌ك كاتژمێر هه‌ر هه‌موویان له‌نێو ده‌به‌ین، چ سه‌رۆكێكت هه‌یه و چ حكومه‌تێكت هه‌یه؟!"، پێم گوت: "ئێرانه (ده‌شتا گەوە‌رێ)نییه داروبه‌رد و شوێنی خۆمانن، سوێند به‌خوای گه‌وره چه‌ند سه‌رباز بهێنی، یه‌كێكیان به سه‌لامه‌تی نابه‌یتەوە"، سه‌یرم كرد وه‌رگێڕە‌كه ئه‌و قسانه‌ی منی كۆتای ته‌رجه‌مه نه‌كرد و پێم گوت"بۆچی بۆی وه‌رناگێڕی؟" گوتی"ئاخر توڕە‌ده‌بێت"، پێم گوت"قسه‌كانی ئه‌و هه‌روه‌كو هی منن، بۆچی من توڕە‌نه‌بووم، به‌ڵام ئه‌و توڕە‌ده‌بێت، چیت پێده‌ڵێم هه‌مان قسه وه‌ربگێڕە‌وه"، سه‌ربازه‌كه‌ش داوای له وه‌رگێڕە‌كه كرد قسه‌كانم بۆی ته‌رجه‌مه بكا... پاشان قسه‌كانی منی بۆ ته‌رجه‌مه‌كرد و نوێنه‌ره‌كه‌ی توركیا توڕە‌بوو و ده‌ستی به هه‌ڕە‌شه‌ی هێرشكردن كرد، پاشان پێم گوت"ئێمه شه‌ڕمان له‌گه‌ڵ ئێوه نه‌كردووه، ناتوانی له وڵاتێكی ترەوە بێیت و هه‌ڕە‌شه‌شمان لێبكه‌یت، پێت وایه ئێمه خه‌ڵكی توركیاین، حكومه‌ت و سنووری جیای خۆمان هه‌یه و نه‌هاتووین سه‌ربازیت بۆ بكه‌ین، تۆ (ئالبای) و كه‌سێكی پله‌دار و مه‌زنی چۆن هه‌ڕە‌شه‌مان لێده‌كه‌یت؟!"، توڕە‌بوو و هه‌ڵسا و داوای له جه‌ماعه‌ته‌كه‌شی كرد شوێنه‌كه جێبهێڵن و له كۆتایی گوتی"ئەوە‌ت له‌سه‌ر ناچێت"، به‌م شێوه‌یه گفتوگۆیه‌كه‌مان ته‌واو بوو، به‌ڵام دڵنیابووم زیانم پێده‌گه‌یه‌نن.
ماڵ و منداڵم گه‌ڕاندووەتەوە (مێرۆز) و كۆتایمان به سه‌رده‌می سه‌ڵتایه‌تی هێناوه كه نزیكه‌ی ٥ ساڵ درێژە‌ی كێشا، له شوێنه‌كانمان ماینەوە، سەرۆک مه‌سعود له لقی (یه‌ك) بوو، دوو كه‌ڕە‌ت بانگی كردم و چوومه لای له گه‌لیه‌ك له (نێروه).
سیلاحێكی جوان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی (په‌كه‌كه)وه پێم درابوو و گوله‌ی ١٤خۆری وه‌رده‌گرتن، ده‌تتوانی زۆر بچووكی بكه‌یتەوە، كاتێك لێكیشت ده‌كردەوە ئەوە‌نده‌ی كلاشینكۆفێك گه‌وره‌ده‌بوو، هه‌مان چه‌كم له‌نێوده‌ستدایه، سەرۆک گوتی"ئه‌و چه‌كه‌ت له‌كوێ هێناوه؟"، پێم گوت"له‌لایه‌ن هێزه‌كانی (په‌كه‌كه)وه به دیاری پێمدراوه، به‌ڵام با بۆتۆ بێ"، گوتی"ماده‌م دیاریه پێمناوێت"، سه‌یری كرد و به‌رزی كردەوە و دایناوه، منیش پێم گوت"ئه‌زبه‌نی ده‌بێت لێم وه‌ربگری"، دواجار ڕەتی كردەوە و وه‌ری نه‌گرت.
نزیكه‌ی شه‌ش مانگ سەرۆک له لقی ١ی پارتی دیموكراتی كوردستان مایەوە (به‌هاری ١٩٨٧ به ناوچه‌كه‌ماندا گه‌ڕایەوە و هاته لامان له (مێرۆز) و شوێنی دانیشتنمان بۆ دروستكرد.
له كاتی گه‌یشتنی (سەرۆک بۆ (مێرۆز) من له‌به‌ره‌ی شه‌ڕبووم له (ئێدلبێ) په‌یاممان پێگه‌یشت (هاتووەته (مێرۆز) و میوانمانه، به جه‌ماعه‌ته‌كه‌مان گوت"ده‌گه‌ڕێمەوە (سه‌رۆك) هاتووه".
له سێ نوقته‌ی هۆزی (مزووری) ڕەبایە‌مان دانابوون، یه‌كێكیان له (ئێدلبێ) بوو و یه‌كێكش له نزیك (گوندی گوزێ) به‌ناوی (به‌رملكێ) و ئەوە‌ی تریش له (رێلا)، باره‌گای (ئێدلبێ) بۆ پاسه‌وانیه‌تی (هیپه)داماننابوو، نوقته‌ی (به‌رملكێ) بۆ چاودێری شێروان و نوقته‌ی (رێلا)ش بۆ پاراستنی ڕێگای (بارزان)، هه‌ریه‌ك له‌و نوقتانه له‌لایه‌ن ١٠ پێشمه‌رگه ده‌هاتنه پاراستن.
كاتێك گه‌ڕامەوە (مێرۆز)، بینیم جه‌ماعه‌تێكی زۆری پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ سەرۆک مه‌سعود بارزانی دانە كه نزیكه‌ی ٤٠٠ كه‌س ده‌بن به گونده‌كه‌دا بڵاوبوونه‌تەوە، سه‌روسیمامان هه‌مووی تۆز و قڕێژ بوو و برازایه‌كه‌م (حوسێن هاشم)یش ئارپێچی له‌سه‌ر پیلی دانابوو به‌دوامدا ده‌هات، گه‌یشتینەوە (مێرۆز)، به‌خێرهاتنمان كردن، سه‌رۆك له‌به‌رمان هه‌ڵسایه سه‌رپێ و پێم گوت"ئه‌زبه‌نی بمبووره ناتوانم ته‌وقه‌ت له‌گه‌ڵ بكه‌م ،چونكه زۆر ناڕێكین".
شه‌وی یه‌كه‌م مانەوە و بۆ ڕۆژی دواتر شوێنێكی تایبه‌تمان بۆ دروستكردن و هه‌مان ڕۆژ داوای بینینی گوندیه‌كانی كرد. له هه‌ر گوندێك ئه‌گه‌ر كه‌سێكی لێبووه بانگمان كردن و له (مێرۆز) كۆبوونەوە و قسه‌ی بۆ كردن و گوتی"ئیشه‌ڵا خودا ده‌رگایه‌كمان بۆ ده‌كاتەوە و ئێوه ئه‌وانه‌ی تاوه‌كو ئێستا شوێنی خۆتان به‌رنه‌داوه، خزمه‌ته‌كه‌تان ونناكه‌ین و ڕۆژێك دادێت ئه‌و خزمه‌ته‌تان بۆ ده‌گه‌ڕێنینەوە، چونكه مانەوە‌تان له‌و شوێنه و پارێزگاری لێكردنی له دژی دوژمن، كارێكی گه‌وره‌یه و شانازیه‌كی مه‌زنه"، ستایشی زۆری خه‌ڵكه‌كه‌ی كرد و پاشان گوتی"(ئه‌حمه‌د) لێرانه نوێنه‌ری ئێمه‌یه و باوه‌ڕناكه‌م هیچ كه‌ڕە‌تێك خراپه‌ی بۆ كه‌س هه‌بووبێت"، خه‌ڵكه‌كه‌ش قسه‌ی خۆیان كرد و مه‌دح و سوپاسی منیشیان كرد، ئه‌و ئه‌رگۆشیانه‌ی له (هه‌ریر) گه‌ڕابوونەوە به سه‌رۆكیان گوت: "ئه‌وكاته‌ی له هه‌ریر هاتینه ده‌رەوە، هیچ شتێكمان نه‌بوو، (ئه‌حمه‌د) ئازوقه و ته‌واوی پێداویستی بۆ هێناوین، خه‌ڵكی (گوندی تویێ)ش گوتیان"ئه‌زبه‌نی هیچ خواردنێكمان نه‌بوو هاتین و (ئه‌حمه‌د) ئاردی پێداین و ئێستریشى پێداین تا ئازوقه بۆ خۆمان بێنین".
(سه‌رۆك) بۆ ماوه‌ی چوار شه‌و و ڕۆژ لامان مایەوە و خزمه‌تكردنی خۆی و ته‌واوی پێشمه‌رگه‌كانیش له‌لایه‌ن خانه‌واده‌كه‌ی منەوە ده‌كرا، دواتر خۆی گه‌ڕایەوە و دكتۆر ڕۆژی له‌لامان جێهێشت و تاوه‌كو (گوندی سپیندار) له‌گه‌ڵی ڕۆیشتین و سه‌رۆك به‌ره‌و (زێت) ڕۆیشت و ئێمه‌ش گه‌ڕاینەوە مێرۆز.
دكتۆر ڕۆژ ٣ ڕۆژ و ٣ شه‌و له‌لامان مایەوە پاشان گه‌ڕایەوە لقی یه‌ك و له‌گه‌ڵی به‌ڕێكه‌وتین تاوه‌كو (ڕووباری شین) و هه‌ندێك له ڕێكانییه‌كانمان له‌گه‌ڵی ناردن بۆ هه‌رێمی یه‌ك و بووه به‌رپرسی ناوچه‌كه.
چه‌ند ڕۆژێك تێپه‌ڕین، له ژێر كه‌پره‌كه‌مان دانیشتووین و سه‌یرمان كرد ٢ فڕۆکە به‌سه‌ر ئاسمانی (گوندی زێت)دا گه‌یشتن و ٢ی تریش به‌دوایاندا هاتن و خۆیان نزمكردەوە بۆ سه‌ر باره‌گایه‌كه‌مان و به‌رزبوونەوە، زانیم بۆردومانمان ده‌كه‌ن، پاشان ڕۆیشتن بۆ سه‌ر ئاسمانی (شێروان) و سووڕانەوە بۆ سه‌ر ئاسمانی (زێت) و (ئه‌رگۆش) و گه‌ڕانەوە بۆ سه‌ر سه‌رمان و خۆیان نزمكردەوە و بۆردومانی كردین، هیچ كه‌سێك نه‌یزانی چی ڕوویدا.
هه‌ر ٤ فڕۆکە‌ی شه‌ڕكه‌ر به‌یه‌كەوە بۆردومانی (گوندی مێرۆز)یان كرد، باوه‌ڕت نه‌ده‌كرد مرۆڤ له گونده‌كه مابێت! گوله‌یان له زه‌وی ده‌دا ٤٠ گوله‌ی تری لێ ده‌رده‌چوو و سارۆخه‌كه‌یان پێیان ده‌گوت (عنقودی)، داروبه‌ردی گونده‌كه بووه ئاگر. (سادق هاشم مێرۆزی) برازام ڕۆیشتبووه لای خانووه كۆنه‌كه‌مان و دوو سارۆخ ئاراسته‌ی خانووه‌كه‌مان كرابوون و سارۆخێكیان ڕاسته‌وخۆ به‌ر (سادق) كه‌وتبوو و هه‌ر پارچه‌یه‌كی له جه‌سته‌ی بۆ شوێنێك فڕێدابوو، ده‌ستی له‌سه‌ر قه‌سكوانێكی نزیك شوێنی بۆردومانه‌كه كه‌وتبوو و هه‌ندێك پارچه‌ی تری جه‌سته‌كه‌یشمان دۆزیەوە و كۆمانكردنەوە و له گۆڕستانی (مێرۆز) به‌خاكمان سپارد.
هه‌ر شوێنێك سارۆخی به‌ركه‌وتبێت له‌گه‌ڵ زه‌وی ته‌ختی ده‌كرد، زیاتریش بۆردومانی ئه‌و شوێنه‌یان كردبوو كه باره‌گایه‌كه‌مانی لێدانرابوو و شوێنی هاتوچۆ و مانەوە‌شمانبوو، نه‌مانزانی چۆن زانیاریه‌كانیان وه‌ها وردبوون، ته‌نانه‌ت ئه‌و شوێنه‌ی كه سەرۆک لێی داده‌نیشت، هیچی به‌سه‌ریه‌كەوە نه‌هێشتبوو و له‌گه‌ڵ شوێنی چێشتخانه و مانەوە‌ی بێته‌لی پێشمه‌رگه. ته‌واوی ئه‌و شوێنانه‌ی پێشمه‌رگه سوودی لێوه‌رده‌گرت بۆردومانكرا.
له‌و بۆردومانه‌ی سه‌ر (مێرۆز) ته‌نیا (سادق)ی برازام شه‌هید بوو و ئافره‌تێك به‌ناوی (محت) و كوڕە‌كه‌ی كه خه‌ڵكی گوندی (ئێدلبێ)بوون و له‌لامان ده‌مانەوە برینداربوون.
دوای چوارمانگ له‌سه‌ر ڕوداوی بۆردومانكردنی (گوندی مێرۆز) (فه‌تحی سه‌لیم ئه‌رگۆشی) و یه‌كێك پێیان ده‌گوت (خه‌لیلێ ماڵا ئاغای) له‌لامانن و له‌ژێر كه‌پر دانیشتووین و وه‌ختێك بینیمان هه‌لیكۆپته‌رێكی ڕە‌نگ ره‌ساسی هه‌ر له ده‌وری خۆی سووڕایەوە تاوه‌كو له‌به‌رده‌م ده‌رگای كه‌پره‌كه‌مان نیشت.
كه‌پره‌كه‌مان تژیه له پێشمه‌رگه، چه‌كیان هه‌ڵگرت و له‌به‌رامبه‌ر هه‌لیكۆپته‌ره‌كه ڕاوەستان و چوارده‌وریان گرت، ئه‌وانه‌ی ناو هه‌لیكۆپته‌ره‌كه به بێده‌نگی و بێ جووڵه وه‌ستان، بانگی شۆفێره‌كه‌یمان كرد تا بێته ده‌رەوە و لێمان پرسی له چی ده‌گه‌ڕێیت تۆ كێی؟ گوتی"به‌ختی خودا هیچمان لێنه‌كه‌ن"، قورئانێكی بچووكیشی له گیرفانی ده‌رهێنا و پاڕایەوە و گوتی"من به‌هه‌ڵه هاتووم و وام زانیوه كه (چه‌لێ)یه"، منیش پێم گوت"، واته تۆ نازانی ئێرانه (مێرۆز)ە و (چه‌لێ) نییه؟!" ئه‌و په‌كه‌ك‌انه‌ی له‌لامان بوون لێیان كۆبوونەوە و ده‌رگای چه‌كه‌كانیان له جامی هه‌لیكۆپته‌ره‌كه بردبووه ژوورەوە و داوایانده‌كرد بیانكوژن، منیش ڕێگام پێنه‌دان و داوام لێ‌كردن ئارامبگرن و بوه‌ستن، نەوە‌كا فڕۆکە‌ی زیاتر بێنه سه‌رمان و بۆردومانمان بكه‌ن، هه‌رده‌مه‌ی ده‌ستی چه‌كدارێكی په‌كه‌كه‌م ده‌گرت، نەوە‌كا كارێكی هه‌ڵه بكات. پیاوێكی (شاشك) له‌سه‌ریش له‌نێو فڕۆکە‌كادا بوو له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك سه‌رباز و له‌شوێنی خۆیان له‌نێو فڕۆکە‌كه نه‌هاتنه ده‌رەوە، به‌په‌له له ڕێگای (جیهازی بێته‌ل)ەوە په‌یوه‌ندیمان به (سه‌رۆك)ەوە كرد و دوو كاتژمێر و نیو به‌سه‌ر وه‌ستاندنی فڕۆکە‌كه تێپه‌ڕی، (سه‌رۆك) داوای كرد به په‌له ئازادبكرێن و ئه‌گه‌ر هیچتان لێنه‌كردبن هه‌رزوو بابگه‌ڕێنەوە، نەوە‌كا فڕۆکە‌ی توركی هێرشتان بکەنە سه‌ر، هه‌مان كات ڕێگامان بۆكردنەوە و داوامان لێ‌كردن كه‌ڕە‌تێكی تریش نه‌گه‌ڕێنەوە و به سوپاسەوە گه‌ڕانەوە.
ئه‌و فڕۆکە‌یه بۆ ئەوە هاتبوو تا من له جیاتی هێزه‌كانی په‌كه‌كه ده‌سگیربكه‌ن، ئه‌وان به‌و نیه‌ته هاتبوون، به‌ڵام كاتێك ژماره‌یه‌كی زۆر پێشمه‌رگه‌یان بینی و ڕوووبەڕوویان وه‌ستاون، به ده‌ست به‌تاڵی گه‌ڕانەوە.
له‌ساڵی ١٩٨٨ له (ده‌روازه‌ی په‌لێ) كه ده‌ڕوانێته سه‌ر (شێروان) بۆ ڕێگری له هێرشه‌كانی حكومه‌تی عێراقی له ئاماده‌باشیدابووین و شه‌هید (فایه‌ق ماهر ئه‌رگۆش)یش له‌گه‌ڵمانه، چه‌ندین كه‌ڕە‌ت جاش هێرشی هێنا و ڕێگامان پێنه‌دان بپه‌ڕنەوە و تێكمان شكاندن.
نزیكه‌ی ٤٠ پێشمه‌رگه‌ین، بۆماوه‌ی شه‌ش ڕۆژ له دوای ڕێككه‌وتننامه‌ی (عێراق-ئێران) بۆ راگرتنی شه‌ڕ، له (ده‌روازه‌ی په‌لێ) شه‌ڕمان كرد، جاشە‌كان به‌ته‌نیا و به‌بێ پاڵپشتی چه‌كی قورسی حكومی هێرشیان ده‌هێنا و ڕۆژانه به ئۆتۆمبێل به‌ڕێده‌كه‌وتن، بۆئەوە‌ی تاقیمان بكه‌نەوە ئاخۆ به‌رگری ده‌كه‌ین یاخود راده‌كه‌ین، به‌گرتنی (ده‌روازه‌ی په‌لێ) كه ده‌یڕوانیه سه‌ر (گوندی رێلا)، حكومه‌ت به ئاسانی ده‌په‌ڕیەوە بۆ ناو (هۆزی مزووری)، بۆیه ده‌روازه‌كه‌مان به‌رنه‌دا.
جاش به‌ته‌نیا و به‌بێ هاوكاری فڕۆکە و تۆپ و ده‌بابه هێرشه‌كه‌یان ده‌كرد و ئه‌و چه‌كانه‌ی له‌به‌رده‌ستیشمان بوون ته‌نیا (بڕنۆ و ڕەشاش و بیكه‌یسی و كلاشینكۆف و ئارپێچی) بوون و ئه‌وانیش به هه‌مان ئاستی چه‌كی ئێمه هێرشیان ده‌هێنا.
له‌و شه‌ڕانه هیچ زیانمان نه‌بوو، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی بۆمان گه‌ڕانەوە، جاش ژماره‌یه‌ك برینداریان هه‌بوو.
پاش ماوه‌یه‌ك حكومه‌تی عێراقی ده‌ستی به شاڵاوێكی مه‌زنی سه‌ربازی كرد و ده‌ستی به بۆردومان و سووتاندنی گونده‌كانی سنووری بارزان كرد، سه‌رۆك په‌یامی بۆ ناردین به‌هه‌رجۆرێك بێت خۆمان ڕزگاربكه‌ین و ڕوووبەڕووی دوژمن نه‌بینەوە، بۆیه خۆمان كۆكردەوە و ڕامانكرد بۆ سنووری (توركیا) و له ڕێگای (گوندی ئه‌رگۆش و ماواتا) له پردی (باسیا) په‌ڕینەوە بۆ گوندی (هه‌ركێ)، بۆماوه‌ی ٣ شه‌و ماینەوە، تا نوێنه‌ره‌كه‌مان كه پێشتر ناردبووه (بێزه‌لێ) گه‌ڕایەوە، ئه‌وسا حكومه‌تی توركیا ڕە‌زامه‌ندی نیشاندا به‌بێ چه‌ك به‌لای ئه‌واندا تێپه‌ڕین و بچینه (ئێران)، به‌سه‌ر (چیای بێزه‌لێ)دا به پیاده (ژن و منداڵ و پیاو) سه‌ركه‌وتین، یه‌كێك به‌ناوی (شه‌مسه‌ددین بێداوی) له چیایه‌كه ده‌هاته خوارەوە، لێم نزیكبوەوە و پیلی گرتم و گوتی:" زیاتر سه‌رمه‌كەوە ئه‌گینا به‌تۆمه‌تی هاوكاری كردنی په‌كه‌كه ده‌سگیرده‌كرێی و وێنه‌كه‌ت هه‌ڵواسراوه"، به خانه‌واده‌كه‌م گوت"ناتوانم له‌گه‌ڵتان سه‌ربكه‌وم و له ڕێگای (هه‌لانه) كه‌سێك دێته پێشوازیم و له‌وێوه به‌ڕێده‌كه‌وم و ئێوه‌ش بڕۆن".
چه‌ندین شتی تایبه‌تی خۆم كه له‌گه‌ڵ ماڵ و منداڵم دابوون و له‌نێو سندوقێك پارێزرابوون وه‌كو (وێنه‌ی خۆم و سه‌ركرده‌كانی بارزان و جه‌ماعه‌تی سه‌ركردایه‌تی كاتی و ٦ نامه‌ی سه‌رۆك كه بۆی ناردبووم، بۆ پاراستنی خۆیان و له ترسی دۆزینەوە‌یان له‌لایه‌ن سه‌ربازانی توركیا شوێنێكیان هه‌ڵكۆڵی بوو و تیایاندا حه‌شاردابوو، به‌مه ئاسووده‌نه‌بووبوون ئاگریشیان له‌سه‌ر هه‌ڵكردبووه و سووتاندبوویانن.
له‌وكاته‌ی ئێمه ڕامانده‌كرد و له (چیای بێزه‌ل) سه‌رده‌كه‌وتین (دكتۆر كه‌مال كه‌ركوكی)یش له‌گه‌ڵمان بوو و ده‌ستی گرێدرابوو و داوای كرد جێینه‌هێڵم، پێم گوت"خۆم تاوانبارم له‌لایه‌ن حكومه‌تی توركیا و ده‌بێت ڕێگایه‌ك بۆ ده‌ربازبوونم بدۆزمەوە، چۆن بتوانم یارمه‌تی تۆ بده‌م؟!"
هه‌ر له (بناری بێزه‌ل) كوڕێك گه‌یشتوو و داوای لێكردم له‌گه‌ڵی به‌ڕێبكه‌وم، ڕۆیشتین بۆ گوندێكی تر و ڕێگایه‌كی خاكی به‌وێدا تێده‌په‌ڕی و داوای لێكردم سواری ئۆتۆمبێله‌كه ببم، سواربووم و به‌ڕێكه‌وتین تاوه‌كو له (هه‌لانه) ده‌ربازبووین و گه‌یشتینه (كه‌تینه)، زۆر برسی بووم، هاتینه خوارەوە و له چایخانه‌یه‌ك دانیشتین و داوای خواردنمان كرد، هێشتا ده‌ستمان به خواردن نه‌كردووه، پیاوێك لێمان وه‌ژوور كه‌وت و گوتی"(ئه‌حمه‌د) ماندی نه‌بی"، نه‌مده‌ناسی كێیه و خه‌ڵكی چ شوێنێكه، به‌ڵام ئه‌و منی به‌باشی ده‌ناسی، جوابم دایەوە و پرسیاری كاتی گه‌یشتنی لێكردم و پێم گوت"ئێستا گه‌یشتم"، گوتی"باشه ئێستا ده‌گه‌ڕێمەوە لات"، ئه‌و كوڕە‌ی له‌گه‌ڵم بوو هه‌رزوو پێی گوتم"هه‌ڵسه بابڕۆین، ئه‌و پیاوه (میتی) توركیابوو، به‌گرتنت ده‌دا"، پارووی نان هه‌ر له‌نێو ده‌ستم دابوو ڕۆیشتین، ئه‌وانه‌ی له چایخانه‌كه‌بوون دواتر به ڕێنیشانده‌ره‌كه‌میان گوتبوو" پێنج خوله‌ك دوای ڕۆیشتنتان، تژی ناوچایخانه‌كه جه‌درمه كران".
خۆشبه‌ختانه له‌و پیلانه‌ی ده‌سگیركردنیش ڕزگارمان بوو و به‌ڕێكه‌وتین تاوه‌كو گه‌یشتینه سنووری ئێران و له گوندی شه‌قڵاوه ماینەوە و پاش چه‌ند ڕۆژێك خانه‌واده‌كه‌شم گه‌یشتن و بۆ كۆمه‌ڵگای (زێوه) به‌ڕێكراین و دوای ماوه‌یه‌ك ڕۆیشتین بۆ (شاری ره‌زایه) و له‌وێ نیشته‌جێ بووین تاوه‌كو ٢ ساڵ تێپه‌ڕین و پاشان گه‌ڕاینەوە (كۆمه‌ڵگای زێوه).
پاش ماوه‌یه‌ك خه‌به‌ریان بۆ ناردم كه خۆم ئاماده‌بكه‌م و بگه‌ڕێمەوە ناوچه‌كانمان له ڕێگای سنووری توركیاوه، بۆ ڕۆژی دواتر كاتێك گه‌ڕامەوە لای جه‌ماعه‌ت ڕە‌تیان كردەوە من به‌ڕێگای توركیادا به‌ڕێبكه‌وم به‌هۆی بوونی ناوم له‌لایه‌ن جه‌ندرمه‌ی توركیا و تۆمه‌تباركردنم به هاوكاریكردنی (په‌كه‌كه).
ڕاپه‌ڕینی ساڵى ١٩٩١
له ده‌سپێكی ڕاپەڕینی ١٩٩١، نێچیرڤان بارزانی نامه‌یه‌كی بۆ ناردم و داوای لێكردم، چه‌ند كه‌سێك له‌گه‌ڵ خۆم به‌رم و بچمه لای، تا به‌ره‌و باشووری كوردستان بگه‌ڕێینەوە، بۆ ڕۆژی دواتر به‌ڕێكه‌وتین، تاوه‌كو گه‌یشتینه سلێمانی و له (سه‌رچنار) ماینەوە. نێچیرڤان ٦٠ كلاشینكۆفی بۆ دیاری له‌گه‌ڵ خۆی هێنابوو، تا به‌سه‌ر هه‌ندێك كه‌سدا دابه‌شیان بكات، پاش چه‌ند ڕۆژێك فەرمانمان پێكرا بچینە (ده‌ربه‌ندی بازیان)، بۆ ڕێگری كردن له هێرشی حكومه‌تی عێراقی.
(من و ئه‌حمه‌د ماڵه‌سواری و محه‌مه‌دسه‌لیم سلۆری و قادر ستۆپه‌یی و تانجۆ به‌ڕۆژی و حه‌مید حه‌یده‌ر ئه‌رگوشی و عه‌لی شه‌عبان)، له‌گه‌ڵ ٣٠٠ پێشمه‌رگه به‌ڕێكه‌وتین بۆ (ده‌ربه‌ندی بازیان)، نێچیرڤان له (سه‌رچنار) مایەوە له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی تر.
پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كێتی و پارتی به‌هاوبه‌شی له (ده‌ربه‌ندی بازیان) ڕێگامان له پێشڕە‌ویه‌كانی حكومه‌تی عێراقی گرت. سه‌ره‌تا دانیشتنێك بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخه‌كه له‌نێوانمان كرا، به‌ره‌ی (ڕۆژئاوای) ده‌ربه‌نده‌كه به هێزه‌كانمان ڕا‌سپێردرا و به‌ره‌ی ڕۆژهە‌ڵاتیش به هێزه‌كانی یه‌كێتی.
به چه‌كه‌كانی (بڕنۆ و كلاشینكۆف و ڕەشاش و دۆشكه و ئارپێچی) هێزه‌كانمان له به‌ره‌ی ڕۆژئاوای ده‌ربه‌نده‌كه جێگیركران، دۆشكه‌كه‌مان هه‌ر له‌سه‌ر شه‌قامی سه‌ره‌كی دانرابوو، بۆیه داوام له (ئه‌حمه‌د ماڵه‌سواری) كرد بیگوازێتەوە بۆ گردێكی سه‌رەوە‌تر.
ئه‌و ڕۆژە‌مان به‌ڕێكرد، هیچ جوڵه‌یه‌ك نه‌بوو. به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی دواتر دونیا هه‌ر تاریكه و هێشتانه‌كه هیچ پێشمه‌رگه‌یه‌ك خه‌وی له چاوان نه‌كه‌وتووه، پێشمه‌رگه‌یه‌ك گوتی"ده‌نگی فڕۆکە دێ"، پاش ئەوە‌ی به‌باشی گوێم بۆ ده‌نگه‌كه شلكرد، به جه‌ماعه‌تم گوت"چه‌ند ماوه بۆ به‌یانی"، یه‌كێك گوتی"كات ٦:١٠خوله‌كی به‌ره‌به‌یانه،" گوتم"هێرش ده‌ستپێده‌كا".
دونیا ڕووناک بوو و لووله‌ی (ده‌بابه) به‌ڕیز له (قه‌ره‌هه‌نجیر) به‌دیاركه‌وتن، سه‌ره‌تا ٢ فڕۆکە‌ی مێكی رووسی گه‌یشتنه سه‌رسه‌رمان و چه‌ند كه‌ڕە‌تێك خولانەوە و هیچ بۆردومانێكیان نه‌كرد، پاشان ٢ هه‌لیكۆپته‌ر گه‌یشتن و دواتر ٢ فڕۆکە‌ی جه‌نگی تر هاتن و بۆردومانی سه‌نته‌ری (كۆمه‌ڵگای بازیان)یان كرد. بوو به هات و هاواری خه‌ڵكی ناو كۆمه‌ڵگایه‌كه و ئافره‌ت و منداڵ به‌یه‌كەوە ده‌یانقیژاند.
به‌ره‌ی ڕۆژئاوا له ڕێگای سه‌ره‌كی دووربوو، به‌ڵام به‌ره‌ی ڕۆژهه‌ڵات كه له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌كانی (یه‌كێتی) ده‌پارێزرا، ده‌یڕوانیه سه‌ر ده‌ربه‌نده‌كه و پێشڕە‌ویه‌كانی حكومه‌ت له‌لای ئه‌وانەوە تێده‌په‌ڕین، ئه‌وسا ده‌گه‌یشتنه لای هێزه‌كه‌مان، كاتێك ده‌بابه نزیكبوونەوە و گه‌یشتنه بناری ده‌ربه‌نده‌كه، له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كێتی ته‌قه‌یان لێكرا و ده‌بابه‌كان هه‌ر زوو و به‌په‌له پاشه‌كشه‌یان كرد. هێشتا هێزه‌كانمان یه‌ك گوله‌یان نه‌ته‌قاندووه، چونكه دوورین و ته‌قه‌كردنه‌كه‌مان بێ سوودبوو.
دۆشكه‌ی به‌ره‌ی ڕۆژهه‌ڵات ته‌قه‌ی له فڕۆکە كرد و هه‌رئەوە‌نده‌مان بینی له‌لایه‌ن فڕۆکە‌كەوە بۆردومان كرا‌و پارچه‌ی دۆشكه و پێشمه‌رگه‌كه له ئاسمان ده‌هاتنه خوارەوە، بۆردومانه‌كه زۆر توندوتیژبوو و ژماره‌یه‌كی زۆر پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی شه‌هید بوون.
شه‌ڕە‌كه ٢ كاتژمێر تێپه‌ڕی نه‌كرد، جه‌ماعه‌ته‌كه‌مان گوتیان چی بكه‌ین؟ پێم گوتن"لێرەوە چیبكه‌ین گوله‌كانمان هیچ كاریگه‌ریان نییه، فڕۆکە‌ش ده‌سوڕێتەوە، بۆردومانمان بكا، یه‌ك پێشمه‌رگه ڕزگاری نابێ".
پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كێتی شكان و پاشه‌كشه‌یان كرد، كاتێك ئه‌وان شكان ئێمه‌ش ده‌ستمان به پاشه‌كشه‌كرد. حكومه‌تی عێراقی به ده‌بابەوە به‌ره‌و (سلێمانی) به‌ڕێكه‌وت، به پیاده ٣٠٠ پێشمه‌رگه ڕێگای گه‌یشتن به شوێنێكی ئاراممان گرته به‌ر، ڕێگامان لێ ونبوو و نه‌مانده‌زانی بۆ كوێ ده‌چین و چۆن ڕزگارده‌بین!.
گه‌یشتینه گوندێك نازانین چ گوندێكه، خه‌ڵك ڕایده‌كرد و ژن و منداڵ به‌دوای یه‌كتری كه‌وتوون، له یه‌كێك له گونده‌كان وه‌ستاین، ئافره‌تێك نانی ده‌كرد، داوام لێ‌كرد نانێكم پێبدات له‌به‌رامبه‌ردا ده‌مانچه‌یه‌كی ١٤خۆری پێده‌ده‌م، ئافره‌ته‌كه گوتی: "بڕۆن لێره نه‌مێنن، یه‌كێكی هه‌ركیمان له‌گه‌ڵبوو، دارێكی به‌نێو نانه‌كاندادا و چه‌ند نانێكی برد و ڕایكرد، هه‌رچه‌ندی ئافره‌ته‌كه هاواری كرد بێ سوود بوو و باشبوو به‌شی من له‌و نان دزینه له‌تێك نان بوو.
له ڕۆیشتنه‌كه‌مان به‌رده‌وامین (گوند..گوند) ده‌ربازده‌بین و گه‌یشتینه شوێنێك گوتیان ئه‌مه‌یان گوندی (پیره‌مه‌گرون)ە و چه‌ند ماڵێكی لێبوون، ئه‌و چیایه‌ی به‌سه‌ریشیدا ده‌ڕوانێت (چیای پیره‌مه‌گرون)ە.
برسی و شه‌كه‌ت و ماندوو، باران بارین به‌رده‌وامه و زه‌وی و ئاسمانی گه‌یاندۆته‌یه‌ك، به‌دوای پێشمه‌رگه‌كان ده‌ڕۆیشتم، پێم كه‌وته سه‌ر (ئارپێچیه‌ك) و پرسیم ئه‌م چه‌كه هی كێیه، پێشمه‌رگه‌یه‌ك گوتی"هی منە و ناتوانم چیتر هه‌ڵیبگرم". توانای هیچ شتێكم نه‌ماوه. ڕۆیشتین و گه‌یشتینه نێو دۆڵێك، ئه‌و ڕۆژە‌ش تاوه‌كو ئێواره بارانی لێ‌كرد، جه‌ماعه‌ت هاتن و گوتیان پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئه‌رگۆشی له‌نێو ئه‌شكه‌وتێكدا كه‌وتووه و جووڵه‌ی نه‌ماوه، چوومه سه‌ر سه‌ری و زمانی له جووڵه كه‌وتبوو، پارچه قه‌سپێكم خسته نێوده‌می له لالێوێكی هاته ده‌رەوە و به جه‌ماعه‌تم گوت"ته‌واو ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه گیانی له‌ده‌ستدا"، له نێو ئه‌شكه‌وته‌كه جێ‌مان هێشت و بۆ به‌یانی ڕۆژی دووه‌م گوتیان پێشمه‌رگه‌یه‌كی تریشمان گیانی له‌ده‌ستداوه كه خه‌ڵكی (دهۆك) بوو و پێشمه‌رگه‌ی (خالد شلی)بوو.
له (پیره‌مه‌گرون) پیاوێك گه‌یشته لامان و دوو منداڵ و ئافره‌تێكی له‌گه‌ڵدابوو، كلاشینكۆفێكی پێ‌بوو و گوتی"ئه‌و چه‌كه‌ی من بابۆ ئێوه‌بێت"، پێمان گوت"بۆچیه و چی لێبكه‌ین هی خۆمان زیادن"، ئه‌وان به‌سه‌ر چیایه‌كه‌دا سه‌ركه‌وتن.
وه‌ختێك ده‌نگی ته‌قه هات و هاواری هه‌ندێك پێشمه‌رگه به‌رزبووه‌وە و بانگیان كرد حكومه‌ت هات، چووم سه‌یرمكرد و پرسیم چۆن ده‌بێت حكومه‌ت به‌و ناوچه‌یه‌دا تێبپه‌ڕێت، دواتر لێیانكۆڵیەوە، هه‌ر پێشمه‌رگه‌كانی خۆمان ته‌قه‌یان له (مانگا) كردبوو و ٦یان كوشتبوون، پێشمه‌رگه ئەوە‌نده برسی بوون یه‌ك پارچه گۆشتیان نه‌هێشت و ته‌نانه‌ت (سمتی) مانگایه‌كانیشیان خوارد، به‌یانیه‌كه‌ی ته‌واوی پێشمه‌رگه‌كان توشی (ئیسهالی) بوون. پێشمه‌رگه‌یه‌كیشمان گیانی له‌ده‌ستدابوو، داوامان له هه‌ندێك خه‌ڵكی دانیشتووی گونده‌كه كرد بە خێری خۆیان بینێژن و ته‌رمه‌كه‌مان جێهێشت.
به هه‌موو هێزی جه‌سته‌یی خۆمان به‌سه‌ر چیای (پیره‌مه‌گرون) سه‌ركه‌وتین، تاوه‌كو گه‌یشتینه لوتكه‌ی چیایه‌كه سه‌یرده‌كه‌ین هه‌ردوو ئه‌و منداڵانه‌ی شه‌وی پێشووتر له‌لامان بوون، گیانیان له‌ده‌ستداوه و دایك و بابیشی ڕۆیشتوون و ده‌سماڵێكیان به‌سه‌ر داداوه و هه‌ندێك به‌ردیشیان به‌ده‌وره‌یانەوە ئاڵاندووه، ده‌مێك له‌سه‌ر گۆڕیان گریام و به‌ڕێكه‌وتم.
له ڕۆیشتنه‌كه‌مان به‌رده‌وامین تاوه‌كو گه‌یشتینه (ماوه‌ت)، ٢ ڕۆژ و ٢ شه‌و تێپه‌ڕین، هێزێكی زۆری پێشمه‌رگه‌ی (یه‌كێتی) له (ماوه‌ت)بوون، به‌دوای هه‌ندێك پارچه‌ناندا گه‌ڕاین، بڕێكی كه‌ممان كۆكردەوە، به‌ڵام به‌شی كێ ده‌كات به‌شی كێ ناكات؟! بۆیه داوای ئازووقه‌مان له هێزه‌كانی یه‌كێتی كرد، گوتیان ده‌بێت سه‌ردانی (جه‌لال) بكه‌ن، له ئه‌شكه‌وتێكی ئه‌و چیایه‌دایه كه به‌سه‌ر (ماوه‌ت)دا ده‌ڕوانێت، پرسیاریان كرد كێ بچێت؟ دواتر هه‌ریه‌ك له (من و ئه‌حمه‌د ماڵه سواری و تانجۆ) ده‌ستنیشانكراین، به‌ڕێكه‌وتین و ڕۆیشتین تاوه‌كو له چیایه‌كه سه‌ركه‌وتینه سه‌رەوە و خیوه‌تیان دڕاندبوون و داریان خستبووه ژێری و وه‌كو ته‌راشێكی لێ هاتبوو، (جه‌لال) لێی داده‌نیشت و (هیرۆ)ی هاوسه‌ریشی له‌گه‌ڵ پاسه‌وانه‌كانی له‌لابوون، بانگیان كرد (مام جه‌لال) هه‌ڵسه بارزانیه‌كان گه‌یشتن، (جه‌لال) هاته ده‌رەوە و ماندووبوونی لێكردین و گوتی"باشبوو ئێوه گه‌یشتن، هه‌رئێستا برقیه‌یه‌كی (كاك مه‌سعود)م به‌ده‌ست گه‌یشتووه و گوتی ئه‌و بارزانیانه‌ی له‌وێن بانه‌گه‌ڕێنەوە و له‌گه‌ڵ ئێوه‌دابن و چاوتان لێیان بێت و نان و خواردنیان بۆ دابینبكه‌ن، با نه‌گه‌ڕێنەوە"، پێم گوت"بۆ كوێ نه‌گه‌ڕێینەوە؟" گوتی"نه‌گه‌ڕێنەوە"، گوتم"ئه‌ی له كوێ بین؟" گوتی"له‌گه‌ڵمانبن و هیچ جیاوازیه‌ك له‌نێوانماندا نییه"، پێم گوت"ئێمه‌ش ناڵێین جیاوازی هه‌یه، به‌ڵام كێ ئه‌توانێت به‌و ٣٠٠ پیاوه‌ی خوارەوە بڵێت بمێننەوە"، گوتی"بۆ؟" گوتم"هیچیان نه‌خواردووه و نه‌خواردۆتەوە، هیچ شتێكیان پێنیه و برسی و رووت و ره‌جاڵ، ٢ كه‌سیان هه‌ر به ڕێگاوه گیانیان له‌ده‌ستداوه، چۆن ده‌توانین پێیان بڵێین نه‌گه‌ڕێنەوە! ئێمه ناتوانین پێیان بڵێین، ئه‌گه‌ر تۆش دێیت داوایان لێده‌كه‌ی فه‌رموو"، نامه‌یه‌كی بۆ نووسین تا هه‌ندێك ئاردی پێ وه‌ربگرین و داواشی كرد به مانەوە یان نه‌مانەوە‌ی هێزه‌كانمان وه‌ڵامی بده‌ینەوە. هه‌ر له دانیشتنه‌كه‌مان (جه‌لال) گوتی"خه‌م هه‌ڵمه‌گرن (عێراق) گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ ده‌كا".
له‌لای (جه‌لال) گه‌ڕاینەوە و نامه‌كه‌مان برد و ٩ فه‌رده ئاردیان پێداین، ئارده‌كه‌مان به قۆدی شیری نیدۆ به‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌كان دابه‌شكرد و بۆ هه‌ر ٣ پێشمه‌رگه یەک قۆدیان به‌ركه‌وت، هیچ شتێكیشمان نه‌بوو تیایدا بیكه‌ینه هه‌ویر و پاشان له‌سه‌ری سۆربكه‌ینەوە، هه‌ویرم له‌نێو (خوده)ی سه‌ربازیدا گرتەوە و ته‌نه‌كه رۆنێكی به‌تاڵم دۆزیەوە و پانم كردەوە، جه‌ماعه‌تیش چوون هه‌ندێك داریان هێنا، (فه‌همی شه‌لال)ی خوارزام هاتوو گوتی"هه‌ڵسه من ده‌یشێلم"، بڕێك ئاوی تری تێكرد ئه‌م جاره‌یان هه‌ویره‌كه‌مان شلبوو، بۆیه گه‌ڕاین و سووڕاین بڕێك ئاردی تر په‌یدابكه‌ین بۆ ئەوە‌ی هه‌ویره‌كه‌مان ببیتێ، باشبوو بڕێكمان ده‌ستكه‌وت، هه‌ویره‌كه‌مان دروستكرد و خستمه سه‌ر ته‌نه‌كه‌كه به‌سه‌ریدا چووه خوارەوە و كه‌وته نێو قوڕ، هه‌ویرمان له‌نێو پۆلییەکان هه‌ڵده‌گرتەوە و ده‌خوارد.
جگه له (نان) هیچ شتێكی تر نه‌بوو بیخۆین، پاش ماندووبنێكی زۆر، توانیمان هه‌ندێك نان ببرژێنین و بیخۆین. به‌یانی ڕۆژی دواتر هه‌ڵساینەوە و به به‌رپرسه‌كانم گوت با داوایه‌كه له پێشمه‌رگه بكه‌ین و ئه‌وانیش رە‌تیان كردەوە پێیان بڵێن، پاشان بڕیارماندا به‌ره‌و (گوندی بۆڵێ) بچین كه ده‌كه‌وێته سه‌ر سنووری ئێران-عێراق.
له (بۆڵێ) ماینەوە و ڕووبارێك ده‌كه‌وێته نێوان سنووری هه‌ردوو وڵات، به‌یانیه‌كه‌ی هه‌ندێك له پیاوه‌كانمان ڕۆیشتن. گروپێكمان ماینەوە و له‌و ناوچه‌یه هاتوچۆمان كرد و باشبوو ئارد په‌یدا كرا‌و له‌سه‌ر به‌رد ده‌پێژرا، به‌ڵام تامی خۆش‌بوو. پاش ٣ ڕۆژ سیروان بارزانی گه‌یشت و به هاتنی خۆشحاڵبووین و گوتی"نێچیرڤان منی ناردووه و داوای لێبوردنی كردووه، له‌به‌ر تێكچوونی بارودۆخیان نه‌یتوانیوه پێمان بگات"، سیروان گوتی"ئێستا ئێمه ده‌گه‌ڕێینەوە، پاشان ئۆتۆمبێلتان بۆ ده‌نێرین و ئێوه‌ش بگه‌ڕێنەوە".
من به ٣ پێشمه‌رگەوە له‌گه‌ڵ سیروان بارزانی گه‌ڕاینەوە و هه‌ر خۆشی داوای كرد كه له‌گه‌ڵیدابم، منی سواری ئۆتۆمبێله‌كه‌ی كرد به‌ڕێگای ئێرانەوە به‌ڕێكه‌وتین بۆ (حاجی ئۆمه‌ران) و تاوه‌كو (سارداو) رانەوە‌ستاین بۆ لای (سەرۆک بارزانی).
دوای ئەوە‌ی هێزه‌كانمان گه‌ڕانەوە (ئێران)، ئه‌و پێشمه‌رگه ئه‌رگۆشییه‌ی كه له‌گه‌ڵمان بوو و له ئه‌شكه‌وتێكی (چیای پیره‌مه‌گروم) به مردوویی جێ‌مان هێشتبوو، گه‌یشتبووه (ئێران) و چاكببۆوه، به‌ڵام تا ئێستا لێم نه‌پرسی چۆن گه‌ڕایەوە.
ئێمه له (سارداو)بووین، (سەرۆک گوتی"ده‌چینه (به‌غدا)"، به سەرۆکم گوت "ئه‌گه‌ر دونیایه چوویه (به‌غدا)ی ئه‌زبه‌نی (تاتكێ)ژی بده‌نه‌مه گه‌ل پێكبێی"، سه‌رۆك گه‌له‌ك پێكه‌نی.
سه‌رۆك ڕۆیشت بۆ (به‌غدا) و منیش گه‌ڕامەوە (ئێران) و تاوه‌كو ساڵی ١٩٩٢ و بۆ به‌شداری كردن له (هه‌ڵبژاردنه‌كان) به ماڵ و منداڵەوە گه‌ڕامەوە باشووری كوردستان و دوای هه‌ڵبژاردن گه‌ڕامەوە (ئێران) و ساڵی ١٩٩٣ به‌یه‌كجاری گه‌ڕامەوە باشووری كوردستان. له‌شه‌ڕی ناوخۆی نێوان (یه‌كێتی و پارتی)یش وه‌كو هێزێكی پاڵپشت له‌گه‌ڵ لقی ١٠ شه‌ڕ و هێرش له هه‌رشوێنێك هه‌بووایه له‌وێ بووین. ئێستاش به پله‌ی (عه‌مید) خانه‌نشینكراوم و له ماڵه‌كه‌م له گه‌ڕە‌كی (بارزان-سۆران) نیشته‌جێم.
دیمانه: سیروان مه‌حموود