لە ساڵانی سەرەتایی ژیاندا لە لای باوکی و دواتر لە حوجرەکاندا لە بەر دەستی چەند کەس لە مامۆستا ئایینییەکان، فێری خوێندن و نووسین بووە، گولستان و بووستانی سەعدی خوێندووتەوە، بەڵام بەپێی ئەو شتەی کە لە چێشتی مجێوردا باسی دەکات، دەستکەوتێکی زۆر کەمی بووە. باوکی ھەژار کەسایەتییەکی خوێندەوار بووە و زانیویەتی بە کوردی بخوێنێت و بنووسێت، ھەر ئەمەش ھانی داوە کە کوڕەکەی خۆی (ھەژار) ھەر لە تەمەنی پێنج ساڵانەوە ئاشنا بە خوێندنەوە و نووسین بکات و دواتریش بینێرێتە قوتابخانە و حوجرە. ساڵی ١٩٤٠ دەستی بە ھۆنراوە وتن کردووە و ھۆنراوەکانی ئەحمەدی خانی، وەفایی و مەلای جزیری کاریگەری لەسەر ھەستی بووە. ھەڵبەستوان و وەرگێڕێکی کورد بوو، خاوەنی ژمارەیەکی زۆر بەرھەمی ئەدەبیی پڕ بە پیتە.
ساڵى ١٩٤٢ پەیوەندى بە ڕیزەکانی کۆمەڵەى ژیانەوەى کوردستان (ژ. ک) کردووە و بۆتە ئەندامى ئەو کۆمەڵەیە، بەشداری کارە حیزبییەکانی کردووە و بڕوایەکی زۆر بە تینی بە ئامانجەکانی (ژ.ک) هەبووە، چونکە لە دوای ئەو ھیچ کات لە ھیچ حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسیدا بە فەرمی نەبووەتە ئەندام. ھەژار لە کۆماری کوردستاندا لەگەڵ هێمنى شاعیر یەکتریان ناسیوە و ڕۆڵێکی کارای ھەبووە، ساڵى ١٩٤٤ بەنوێنەرایەتى کۆمەڵەى ژیانەوەى کوردستان(ژ. ک)، بەشدارى لە کۆبوونەوەى سێ سنوور لەگەڵ حزبی هیواى باشوورى کوردستان لە دەڤەرى دالامپەڕ کردوە.
ساڵى ١٩٤٧ دوای ڕوخاندنى کۆمارى کوردستان، خۆی گەیاندۆتە باشوورى کوردستان و ماوەیەک لە گوندى سیتەکی پارێزگاى سلێمانى لە ماڵى شێخ لەتیف شێخ مەحمود بە نهێنى ماوەتەوە، پاشان چۆتە بەغدا، لە پاییزی ١٩٤٧ بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیی سیل دەچێتە لوبنان و دوای چاکبوونەوەی دەگەڕێتەوە عێراق. ماوەیەک لە شارى بەغدا دەمێنێتەوە و لەوێشەوە لەگەڵ عەبدولڕەحمان زەبیحى خۆی گەیاندۆتە گوندى ترپە سپى لە شارى قامیشلۆى ڕۆژئاواى کوردستان، لەوێ لەماڵى شێخ حسێن حاجۆ گیرساوەتەوە. چەند جارێک بەنهێنى چۆتە شام و لەگەڵ ژمارەیەکى زۆر لە ئەدیب و شاعیران و سیاسیەکانى کورد وەکو جەلال تاڵەبانى، ئۆسمان سەبرى، نورەدین زازا، ڕەوشەن بەدرخان و بنەماڵەى بەدرخانییەکان ئاشنایەتى پەیدا کردووە، لە ساڵی ١٩٥٣ لە ڤیستیڤالى لاوانی جیھان لە شاری بوخارێستی ڕۆمانیا بەشدار بووە. تاوەکو ساڵى ١٩٥٨ لە ڕۆژئاواى کوردستان ماوەتەوە و خەریکى کارى ئەدەبی و خەباتى کوردایەتى بووە.
دواى شۆڕشى ١٤ى تەمووزی ساڵى ١٩٥٨ بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم و گەڕانەوەى مەلامستەفا بارزانى لە یەکێتى سۆڤیەت بۆ شارى بەغدا، ئەویش گەڕایەوە و دووبارە پەیوەندى بە مەلا مستەفا بارزانی کردەوە و بە دیتنى بارزانى شاد بوویەوە، لەلای مەلا مستەفا بارزانی، هەژار کەسێکى باوەڕپێکراو و تایبەت بوو، بۆیە لەکاتى گەڕانەوەى لە یەکێتى سۆڤیەت کاتژمێرێکى دەستى بۆ بەدیارى هێنابوو، هەژار تا لە ژیان مابوو ئەو کاتژمێرەى لە خۆ دوور نەخستبووەوە.
ساڵى ١٩٦١ دوای ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول بە سەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی، هەژار موکریانى دەچێتە پاڵ شۆڕش و وەک کەسێکى نزیک لە بارزانى دەمێنێتەوە، دواى ئەوەى ڕێککەوتتنامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ لە نێوان سەرکردایەتی شۆڕشی کورد و حکومەتی عێراق مۆرکرا، هەژار موکریانى بۆ بەغدا نێردرا بۆ ڕێکخستنی کاروباری یەکێتی نووسەرانی کورد کە تازە لە ١٠ی شوباتی ١٩٧٠دا دامەزرا بوو، لە یەکەم کۆنگرەی ئەو یەکێتییە بە سەرۆکی دەستەی بەڕێوبەر ھەڵبژێردرا و لە ھەمان کاتیشدا کرا بە ئەندام لە کۆڕی زانیاری کورد، ساڵی ١٩٧٢دا پەرتووکی شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی لە فارسییەوە وەڕگێڕایە سەر زمانى کوردی و لە چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد چاپ کرا.
ساڵى ١٩٧٥ دواى نسکۆى شۆڕشى ئەیلوول، ماڵەکەى لە شارى بەغدا تاڵان کرا، هەرچەندە حوکمى لەسێدارەدانى لەلایەن حکومەتى ئێران بۆ دەرچووبوو، گەڕایەوە شارى مهاباد، لەسەر داواکارى مەلا مستەفا بارزانى حوکمى لەسێدارەدانییان بۆ هەڵوەشاندەوە و دواى ئەوە ڕۆشتە شارى کەرەجى وڵاتى ئێران، تا کۆتایی ژیانى هەر لەوێ مایەوە، ساڵى ١٩٧٩ دواى کەوتنی ڕژێمی شای ئێران و هاتنى خومەینى بۆ سەر دەسەڵات، هەژار موکریانى هەموو کاتی خۆی بۆ دانانی فەرھەنگی زمانی کوردی و وەرگێڕان و لێکۆڵینەوە لە ئەدەبی کوردیدا تەرخان کرد.
ساڵى ١٩٧٦ کە شۆڕشی گوڵان هەڵگیرسا، هەژار موکریانى یەکێک بوو لەو خەباتکارانەى کە هانى پەنابەرە کوردەکانى باشوورى کوردستانى دەدا کە پشتگیرى شۆڕش بکەن. مامۆستا هەژار موکریانى لەپلەى یەکەمى خەباتکارانى کورددا لەگەڵ مامۆستا عەلی عەبدوڵا سکرتێرى پارتى دیموکراتى کوردستان، لە ڕۆژى ٢ى کانوونى یەکەمى ١٩٨٩ لە کۆنگرەی دەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی میدالیاى بارزانى پێ بەخشرا.
ھەژار لە ژیانیدا گەلێ تاڵی و ئاوارەیی کێشاوە. لە ڕۆژی ٢١ی شوباتی ١٩٩١ کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی بەرەو موکریان ھێندراوە و لە گۆڕستانی باغی فیردەوسی شاری مەھاباد بەخاک سپێردرا.
له بهرههمهكانی:
کوردی:
١. بەیتی سەرە مەڕ، لە ١٩٥٧ لە شام چاپکردووە.
٢. چێشتی مجێور، یادداشتەکانی خۆیەتی.
٣. ئاڵە کۆک، دیوانی شیعری سەردەمی کۆمارە.
٤. بەیتی سەرە مەڕ، چیرۆکەشیعرێکی درێژە؛ ماکەکەی لە چیرۆکێکی کورتی سەباحەدین عەلی، نووسەری تورک وەرگرتووە.
٥. مەم و زین، ھەر بە ھۆنراوە لە کورمانجییە وە وەریگێڕاوەتەوە بۆ سۆرانی.
٦. بۆ کوردستان، دیوانی ھەژار، ١٩٦٥.
٧. فەرھەنگی وشەی ھەنبانە بۆرینە «کوردی بە کوردی و فارسی»، تاران، ١٩٩٠.
فارسی:
١. تاریخ سلیمانیە (مێژووی سلێمانی).
٢. روابط فرھنگی ایران و مصر (پەیوەندییە کولتورییەکانی نێوان ئێران و میسر).
٣. قانون در طب، نوسراوەی ئیبن سینا لە عەرەبییەوە بۆ فارسی.
٤. آثارالبلاد و اخبار العباد زکریا قزوینی لە عەرەبییەوە بۆ فارسی.
وەرگێڕان بۆ کوردی:
١. شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی، لە فارسییەوە بۆ کوردی.
٢. چوارینەکانی خەیام. لە فارسییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
٣. مێژووی ئەردەڵان، گردوکۆ و وەرگێڕانە لە چەند سەرچاوەی فارسییەوە بۆ کوردی.
٤. یەک لە پەنای خاڵ و سیفری بێ بڕانەوە، نامیلکەیەکی شیعریی نووسینی عەلی شەریعەتی، لە فارسییەوە بۆ کوردی وەرگێڕاوە.
٥. دایە، باوە، کێ خراوە؟، نامیلکەیەکی عەلی شەریعەتییە کردوویەتی بە کوردی.
٦. عیرفان، بەرامبەری، ئازادی، نامیلکەیەکی دوکتور عەلی شەریعەتییە کردوویەتی بە کوردی.
٧. قورئان بە کوردی.
٨. ھۆزی لە بیرکراوی گاوان، نووسینی دوکتۆر مستەفا جەواد، لە عەرەبییەوە کردوویەتی بە کوردی.
ساغکردنەوە:
١. دیوانی شێخ ئەحمەدی جزیری (مەلای جزیری)، دەق و مانا و لێکدانەوە.
٢. شەرحی دیوانی مەلای جزیری.
سەرچاوە:
١. ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.