سیاسەتمەدار میرزا عه‌بدولكه‌ریم مسته‌فا، ناسراو به میرزا حاجی عه‌بدولكه‌ریمی ئاسنگه‌ر، میرزا فه‌ندی عه‌بدولكه‌ریم، ساڵی ١٩٤٦ پەیوەندی بە ڕیزه‌كانی پارتییەوە کردووە و له ساڵی ١٩٦٠ و له كۆنگره‌ی پێنجه‌مدا به ئه‌ندامی یه‌ده‌گی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێرداوه.
ژیاننامه
میرزا عەبدولکەریم مستەفا ساڵی ١٩١٤ له هه‌ولێر لەدایکبووە. سه‌ره‌تا خراوەتەبهر خوێندنی ئاینی، ساڵی ١٩٣١ قۆناغی سه‌ره‌تایی له شارۆچكه‌ی كۆیه ته‌واو كردووه و هەمان ساڵ له خانه‌ی زانستیی به‌غدا (دار العلوم) وه‌رگیراوه و دواتر به نووسه‌ری دادگای به‌رایی كۆیه دامه‌زراوه و پاشان لە دادگاکانی سوڵحی پشده‌ر و سوڵحی هه‌ولێر و دادگای كه‌ركووك و دادگای جه‌زای كه‌ركووك و دادگای شه‌قڵاوه وەکو نووسەر کاری کردووە.
ساڵی ١٩٥٨ جێگری سه‌رۆكی دادگای مافی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ناسریه بووە له باشووری عێراق و دواتر گواستراوه‌ته‌وه دادگای هه‌ولێر، ساڵی ١٩٦٠ به یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی دادگای ته‌سویه‌ی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانی ناسرییه دامه‌زراوه و دواتر به هه‌مان پله بۆ هه‌ولێر گواستراوه‌ته‌وه، ساڵی ١٩٧٥ له كاری میری خانه‌نشین كراوه، له هاوینی ١٩٧٩دا به نه‌خۆشییه‌كی كوشنده له هه‌ولێر كۆچی دوایی كردووه و له گۆڕستانی ده‌روێش خدر له شارۆچكه‌ی كۆیه‌ی سه‌ر به پارێزگای هه‌ولێر به خاك سپیردراوه. شارەزای هەردوو زمانى كوردی و عه‌ره‌بی بووە.
خه‌باتنامه
میرزا عه‌بدولكه‌ریم مسته‌فا ساڵی ١٩٤٢ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كردووه و له ده‌سته‌ی نووسه‌رانی بڵاوكراوه‌ی بڵێسه بووه، ساڵانی (١٩٤٣-١٩٤٥) پشتگیریی شۆڕشی دووه‌می بارزانی كردووه، ساڵی ١٩٤٦ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كورده‌وه كردووه، ساڵی ١٩٥٠ نووسه‌ری دادگای هه‌ولێر بووه و به تایپی دادگای هه‌ولێر ستێنسهڵی ڕۆژنامه‌ی ڕزگاری ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كورد به شێوه‌یه‌كی نهێنی له چاپ داوه، هەمان ساڵ به‌رپرسی لێژنه‌ی ناوچه‌ی هه‌ولێر و كارگێڕی لێژنه‌ی لقی دوو بووه، ساڵی ١٩٥١ وه‌ك نووسه‌ری دادگای كه‌ركووك گواستراوه‌ته‌وه و ڕۆژنامه و به‌یاننامه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردی له ماڵی خۆی له شاری كه‌ركووك چاپ كردووه، نوێنه‌ری كۆنگره‌ی سێیه‌م ١٩٥٣، كۆنگره‌ی چواره‌م ١٩٥٩ و كۆنگره‌ی پێنجه‌م ١٩٦٠ بووە و لە دوا كۆنگرەدا به ئه‌ندامی یه‌ده‌گی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه.
سه‌رچاوه‌كان:
- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
- ئه‌حمه‌د شه‌ریف له‌ك، شرۆڤه‌ی ڕووداوه مێژووییه‌كان چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كه له مێژوویی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات ـ ٢٠١٦ز).
- عبدالستار طاهر شریف، تاریخ الحزب الثوري الكردستاني، الطبعة الثانیة، (بغداد ـ منشورات الثوري ـ ١٩٧٩م).
- كریم شاره‌زا، الموظف الاداري والمناضل الوطني میرزا عبدالكریم ١٩١٤ ـ ١٩٧٩، جریدة التآخي، دار التآخي للطباعة والنشر، العدد ٤١١٥، الدورة الثالثة، بغداد، الأربعاء، ١٢ تشرین الثاني ٢٠٠٣م.
- كه‌ریم شاره‌زا، میرزا عه‌بدولكه‌ریم ١٩١٤ ـ ١٩٧٩، ئینسكلۆپیدیای هه‌ولێر، به‌رگی ده‌یه‌م، (لوبنان ـ گرین گالۆری ـ ٢٠٠٩ز).
- مام جه‌لال، له یادی خه‌باتگێڕێكی گومناوی كوردایه‌تی له یادی میرزا فه‌ندی عه‌بدولكه‌ریم دا، ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ، ئۆرگانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ژماره ٤٧٣، ساڵی دووه‌م، هه‌ولێر، پێنجشه‌مه، ٩ ئه‌یلولی ١٩٩٣ز.