سەعید مەحمود ساڵح، ناسراو (سەیدخان دۆڵەمەرى)، ساڵی ١٩٥١ لە گوندی ئیسقەیل ناحیەى مەزنێ سەر بە قەزای مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە. ساڵی ١٩٧٥ دواى نسکۆى شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەی ئێران بووە، سەرەتا لە زێوە نیشتەجێ بووە دواتر گواستراوەتەوە بۆ ناوچەی جەهرەم لە پارێزگای شیراز و دواتر چۆتە شارى تاران. ساڵی ١٩٨١ گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەی مەرگەوەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ساڵی ١٩٦٣ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە و بە فەرماندەیی عوزێر محەمەد دۆڵەمەری و عومەر ئاغای دۆڵەمەری پاسەوانى بارەگاى بارزانى بووە و بەشدارى شەڕەکانى کردووە، ساڵى ١٩٧٤ لەشەڕى ڕواندز و چیاى گۆڕەز بریندار بووە. ساڵی ١٩٨١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە و لە چوارچێوەی ڕێکخراوی ڕێباز لە هێزی ئاوارەدا، لە ڕێگەی مەفرەزەی گەڕۆکەوە بەشداریی لە چالاکییە سەربازییەکانی دژ بە سوپای عێراق کردووە لە ناوچەکانی مێرگەسۆر، چیای برادۆست، چیای قەلەندەر، دەشتی بەرازگر و گەلی ڕەش. ساڵى ١٩٨٧ لەشەڕى خێڕزۆک بریندار بووە. ساڵی ١٩٨٨ بەشدارى شەڕى خواکوڕکى کردووە و بریندار بووە، ساڵى ١٩٨٨ دوای کیمیاباران و ئەنفالی بادینان گەڕاوەتەوە بۆ مەرگەوەرى ڕۆژهەلاتى کوردستان.
ساڵی ١٩٩١ لەگەڵ هێزی بارزان بە فەرماندەیی دکتۆر سەعید ئەحمەد نادر گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەی سۆران. لە ساڵی ١٩٩٢دا لە لەشکری تایبەت بۆتە پێشمەرگە، دواتر گوازراوەتەوە سوپای بارزان.
لە ڕۆژی ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠، لە کۆنگرەی ١٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەهۆی خزمەتەکانى کە بە کورد و کوردستانی کردوون، لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.
سەرچاوە:
ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.
