ژیاننامە
عومەر ئاغاى دۆڵەمەرى ساڵى ١٩٢٧ لە گوندى لێلۆکى سەر بە قەزاى مێرگەسۆر لەدایکبووە، بە منداڵى بەرخەوانى و شوانى کردووە، پاش ئەوەى لەگەڵ جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی دەچێتە یەکێتى سۆڤیەت، لەوێ بڕوانامەى دبلۆم لە بەشى کشتوکاڵى زانکۆى تاشکەند وەردەگرێ، دواى گەڕانەوەى لە یەکێتى سۆڤیەت لە ساڵى ١٩٥٩ لە بەڕێوەبەرایەتى کشتوکاڵى هەولێر دامەزراوە.
خەباتنامە
دواى هەڵگیرسانى شۆڕشی دووەمی بارزان لە ساڵى ١٩٤٣ و بەردەوامبوونى تا ساڵى ١٩٤٥، عومەر ئاغا دۆڵەمەرى په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی شۆڕشی دووەمی بارزانەەوە كردووه و لە شەڕى مەیدان مۆریک بەشداربووە، بە هۆى بەشداریکردنى لە شۆڕش، له ١٩ی ئابی ١٩٤٥ به فه‌رمانی دادگای عورفی سه‌ربازی دەست بە سەر گشت موڵک و ماڵە گواستراوه و نه‌گواستراوه‌کانیدا گیراوە.
له ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ و له دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان، لەگەڵ مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی پەڕیوەتەوە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مهاباد، له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له چوارچێوەی هێزی بارزاندا بەرگری لە كۆمار كردووه.
دواى ڕووخاندنى کۆمارى کوردستان لە مهاباد و گەڕانەوەى بارزانى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بۆ باشوورى کوردستان به‌شداری شەڕەکانى دەشتى شنۆ و هەلەجى لە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كردووه، هەروەها لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسانی١٩٤٧ لە ڕێگاى خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە بە خاکى باکوورى کوردستاندا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ١٥ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەری جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشداری کردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری نه‌خچه‌وانی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ڕێكه‌وتی ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بڕیار دەدرێت کەمپە سەربازییەکەى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك تاشكه‌ندی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤیسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى ١٤ى تەمووزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
لە ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو لە ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
بەر لەوەى شۆڕشى ئەیلوول هەڵبگیرسێ، ئەرکە فەرمییەکەى جێهێشتووە و گەڕاوەتەوە لاى سەرۆک مستەفا بارزانى. ساڵى ١٩٦١ بەشداری شەڕى گەلیى زاویتە و سەرى ئاکرێ و پیرسى کردووە و یەکێک بووە لەو سەرقۆڵانەى لەگەڵ سەرۆک مستەفا بارزانى چووەتە ناوچەکانى سەنگەسەر، ڕانیە و دیلمان. ساڵى ١٩٦٣ کاتێک حکومەتى عێراق هێرشى هێناوە و ویستویەتى ناوچەى بارزان داگیربکات، لەگەڵ جەنەڕاڵ بارزانى گەڕاوەتەوە ناوچەکە و جەنەڕاڵ هێزێکى پێشمەرگەى بە فەرماندەیى عومەر ئاغاى ناردووەتە ناوچەى شوش و شەرمن و سەرەنجام ئەو هێزە و هێزى قۆڵەکانى دیکە هێرشیان کردووەتە سەر دوژمن و لە ڕێکەوتى ٢٦ى حوزەیرانى ١٩٦٣ پاشەکشەیان بە دوژمن کردووە، بەڵام دواى تۆپبارانکردنى ناوچەکە لەلایەن تۆپخانەکانى دوژمن، عومەر ئاغا برینداربووە. دواى وەستانى شەڕ بە شێوەیەکى کاتى، لەگەڵ سەرۆک مستەفا بارزانى چووەتەوە دیلمان. لە ساڵى ١٩٧٤ بەشدارى شەڕى پێنجوێنى کردووە و دواى گەڕانەوەى چووەتە یەکەى تۆپخانەى هێزى باڵەک.
دواى نسکۆى شۆڕش و چوونى بارزانى بۆ وڵاتى ئێران، عومەر ئاغاش کە پاسەوانى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی بوو، لەگەڵى چووەتە ئێران. دواى هەڵگیرسانى شۆڕشى گوڵان، لە شۆڕشەکە بەشدار بووە و ساڵى ١٩٧٩ لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانى چووەتە ڕاژان و لە خەبات بەردەوام بووە، تا ڕاپەڕینى ئادارى ساڵى ١٩٩١ و لەوێش ڕۆڵى بەرچاوى هەبووە. لە ١٦ى ئابی ١٩٩٣ لە کۆنگرەی یازدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەر خەبات و بەرخودانى لە شۆڕشی دووەمی بارزان ، کۆمارى دیموکراتى، لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی میدالیاى بارزانى پێ بەخشراوە. لە ڕێکەوتى ١٠ى تەموزى ساڵى ١٩٩٥ لە گوندى زیارەت شەهید بووە.
سەرچاوەکان:
١- حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥ز).
٢- حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر-ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس-چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده -٢٠٠٤)
٣- حیدر فاروق السامرائي، ضیا‌ء جعفر ودوره السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لندن – دارالحكمة - ٢٠١٦).
٤- له یاداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ ڕۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - ١٩٩٧ز).
٥- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١- ١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨).
٦- نص قرار لجنة العفو العام برد الاعتبار الى شهداء ثورة بارزان, مجلة رزگاری, العدد ٢,٣, المطبعة الرابطة, بغداد, ١ نيسان ١٩٥٩.
٧- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیا، ده‌قی چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ بابه‌كر شێخ حسێن لاچین، لە رێکەوتی١٠ی كانوونی دووه‌می ٢٠١٦ – پیرمام.