داستانی حاجی ئۆمەران ١٩٨٠

ئەو داستانه‌ لە ١٥ى تشرینى دووەمى ١٩٨٠ لە ناوچەى حاجی ئۆمەران ڕوویدا، کاتێک کە شەڕى نێوان عێراق و ئێران ڕوویدا سەرکردایەتى شۆڕش ویستى دەرفەتى ئەوە بقۆزێتەوە ئەگەر دۆخى سوپاى عێراق لە سنوورى حاجی ئۆمەران شلۆق بووبێ چالاکییەکانى شۆڕش بگوازێتەوە ئەوێ و دەستى بەسەردا بگرێت، بەڵام دۆخى سوپاى عێراق بەو جۆرە نەبوو وەک لە زانیارییەکاندا بەدەستى پێشمەرگە گەیشتبوون بەڵکو جیاواز بوو لە ڕووی بەهێزیەوە، وێڕای ئەمەش کەشوهەواى ناوچەکەش هاندەر نەبوو کە پێشمەرگە بتوانێ ئامانج بپێکێ.


حاجی ئۆمەران کەوتۆتە باکوورى ڕۆژهەڵاتى شارى هەولێر بە دوورى ١٨٣کم، سەربە قەزاى چۆمان لەسەر سنوورى هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران، هەڵکەوتەى جوگرافى ناوچەکە وایکردووە گەلێك ڕووداوی گرنگی مێژوویی بە خۆوە ببینێ بەتایبەتى لە شۆڕشەكانی كوردستاندا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە، دیارترینیان هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی (١٩٦١تا ١٩٧٥) بە ڕابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی، لە هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی گوڵانیشدا یەكەمین شەهیدى شۆڕش لەو سنوورە بوو بەناوی شەهید سەید عەبدۆڵا لە ٢٦ی گوڵانی ١٩٧٦، جگە لەوە شەڕ و داستانى دیکەشى لێ ڕووداوە، ساڵی (١٩٨٠تا ١٩٨٨) حاجی ئۆمەران و گوندەكانی بە ماوەی ٣ ساڵ بەتەواوی وێران كران بەهۆی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران، دواتر لە بەهارى ١٩٩١ بەهۆی ڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلی كورد ناوچەكە بەتەوای ئاوەدان کرایەوە.

لە دواى هەڵگیرسانەوەى شۆڕشى گوڵان بارەگاى مەکتەبى سیاسی پارتى دیموکراتى کوردستان لە گوندی کەوپەر بوو لە خانێ (پیرانشار)ى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، دیارە لەو ماوەیەدا تۆپخانەى سوپاى عێراق لە حاجی ئۆمەرانەوە هەراسانی کردبوون بە تۆپبارانى هەڕەمەکى، بۆیە سەرکردایەتى شۆڕش بڕیاریدا کە پێویستە کارێک بکرێت ئەو تۆپخانەیە دوور بخرێتەوە، بۆ ئەمەش هێزێکى نزیکەى ٦٠ پێشمەرگە بە فەرماندەیی زکرى یەحیا خان و یاسین بێرۆخى و ئەحمەد کەشخەى گەڵاڵى و حەسەن ئاغاى زێوەیی و عومەر عوسمان تەرخان کرا کە ئەو چالاکییە ئەنجام بدەن، هێزەکە لە گەلى حاجی برایم سەرکەوتن بۆ قەندیلى بچووک بەرەو چیاى کۆدۆ ڕۆیشتن، شوێنەکەیان زۆر زاڵ بوو بەسەر ناوچەى حاجی ئۆمەران و ڕایات و چۆمان و دەوروبەرى، لەو شوێنەوە بە تۆپخانەی وڵاتى ئێرانیان ڕاگەیاند کە دەست بە تۆپبارانکردنى کەتیبەى تۆپخانە و سەربازگەى ڕژیمى عێراق بکات لە حاجی ئۆمەران، دواى دەستنیشانکردنى شوێنەکە بۆ ماوەى دوو تا سێ ڕۆژ سەربازگە و تۆپخانەى سوپاى عێراق بە وردى تۆپباران کرا، لە ئەنجامى تۆپبارانەکەوە نەیانتوانى چیتر خۆیان ڕاگرن دواى ئەوەى زیانێکى زۆریان پێکەوت پاشەکشەیان کرد و دوور کەوتنەوە. 

کاتێک کە سەرکردایەتى شۆڕش لەوە دڵنیا بوو کە جەنگى نێوان عێراق و ئیران دەچێتە قۆناغى دژوارەوە، پێویستە سوود لەو دەرفەتە وەربگیرێ، بۆ ئەمەش لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانى شۆڕش کۆبوونەوە، شەڕى نێوان هەردوو دەوڵەتیان خستە بەر باس و تاووتوێ، دیارە بەپێی ئەو زانیاریانەى دەست کەوتبوون بەهۆى شەڕەوە ناوچە سنوورییەکان هێزى زۆرى لێ نەمابوو بۆیە بەباش زاندرا کە ئەو ناوچانە بکەونە ژێر دەسەڵاتى شۆڕش، بۆ جێبەجێکردنى ئەو بیرۆکەیە سەرکردایەتى شۆڕش بڕیاری دا کەوا هێرش بکرێتە سەر حاجی ئۆمەران  بەو مەبەستەى کە هەوڵ بدەن ڕزگاری بکەن، بەڵام گرفتێکیان هەبوو ئەویش  لەو ماوەیەدا بەرزاییەکانى ناوچەکە بە دەستى حزبى دیموکراتی کوردستانى ئێرانەوە  بوون.

شەوى ١٧لەسەر١٨ی تشرینى یەکەمى ١٩٨٠ پێشمەرگەکانى حزبى دیموکراتى کوردستان بە پشتیوانى تۆپخانەى عێراق هێرشیان کردە سەر بنکەى سەربازى پادگانى خانێ (پیران شار)، زۆر بە خەستى تۆپبارانیان کرد، دواى هێرشەکە هێزەکانى حزبى دیموکرات حاجی ئۆمەرانیان چۆل کرد، دواى ئەوە سەرکردایەتى شۆڕش هێزى پێشمەرگەى ناردە بەرزاییەکانى ناوچەکە داواى هاوکاریشى لە حکومەتى ئێران کرد لەو هێرشەدا یارمەتیان بدەن، هەرچەندە ڕەزامەندیان دەربڕى، بەڵام یارمەتیەکە بەو جۆرە نەبوو کە لێی چاوەڕوان دەکرا، دواى ئەنجامدانى کۆبوونەوەى مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان لەگەڵ بەرپرسانى پێشمەرگە ئەرکەکانى هێرشەکەى بەو شێوەیە بۆ دیارى کردن:

  • عەلی خەلیل و سەبرى نێروەیی و عەلى شەعبان و نەجمەدین گۆرۆنى دیارى کران بۆ دۆڵى ئێنە و مەڕان بۆ ئەوەى گوشار بخەنە سەر ڕێگاى چۆمان حاجی ئۆمەران بە فەرماندەیی عەلى خەلیل بەرپرسى محوەر.

  • م. عەلى و هێزى لقى دوو بە دیوى گوندەژۆردا دابەزین بۆ ڕێگاى ڕایات.

  • حەمید ئەفەندی و عەریف یاسین و لقى چوار و تەحسین نێروەیی و عەبدولڕەحمان تەها بۆ دۆڵی سێبەر لە ڕۆژهەڵاتى حاجی ئۆمەران.

  • حسۆ میرخان ژاژۆکی شیوەڕەشى پێ سپێردرا.

  • هێزەکانى لقی دوو ڕەسوڵ فەقێ و عەبدوڵڵا قادۆ و فەیزۆ سەلیم خان و مەلا ڕەسوڵ  ڕێگاى حاجی 

       ئۆمەرانیان بۆ دانرا کە پێیدا بڕۆن.

  • حاجى بێرۆخى و ڕەشید ئیسۆمەرى لە قەمتەرە مانەوە وەک هێزى یەدەگ.

  • د. ڕۆژ نورى شاوێس و ڕەئیس عەبدوڵڵا و ئازاد بەروارى و فەتاح ئاغا بە شێوەى مەیدانى  فەرماندەیى و سەرپەرشتى شەڕەکەیان پێ سپێردرا. 

لە ١١ى تشرینى دووەمى ١٩٨٠ هەموو کاروبارەکانى هێرشەکە تەواو بوون  هەر هێزەو بەرەو شوێنى خۆى بەڕێکەوت، هاوکارییەکانى وڵاتى ئێرانیش بۆ پشتیوانى شەڕەکە بریتى بوو لە تۆپبارانکردنى سەربازگەکانى سوپاى عێراق و هاوکارى لۆجستى و گواستنەوەى شەهید و برینداران کە بۆ ئەو مەبەستە سوود لە هەلیکۆپتەر وەربگیرێ، هەروەها لە ئەگەرى هاتنى هەلیکۆپتەرەکانى سوپاى عێراق بۆ شەڕەکە وڵاتى ئێران بە فڕۆکەى جەنگییەوە پشتیوانى پێشمەرگە بکات، هەرچەندە بەڵینى دا بەڵام لە جێبەجێکردنى بە پێی پێویست نەبوو. ئەگەرچى بارودۆخى هێزەکانى حکومەتیش لەوە بەهێزتر بوو کە پێشمەرگە تێیگەیشتبوو و بە پێی ئەو زانیارییانەى کە پێیان گەیشت بوو بەڵکو تەنها کۆسپى گەورە لەبەردەمیان بەفر و سەرما بوو.

لە ١٥ى تشرینى دووەم ١٩٨٠ هێرشەکە دەستى پێکرد، سەرەتا تۆپخانەى ئێران تۆپبارانى ئەو شوێنانەى کرد کە لەلایەن پێشمەرگەوە ڕەسەدى بۆ دەگیرا، بەڵام لە ئاست ئەو چاوەڕوانیەدا نەبوو، تەنانەت جارێکیان هێندەى نەمابوو پێشمەرگە لە سەرى شیوەڕەش بپێکێ، لە میحورى سێبەر سێ شوێنى گرنگ کەوتنە دەست پێشمەرگە و پێنج سەربازیش بەدیل گیران، بەڵام لە بەرزاییەکان بەهۆى بەفر و زریانەوە کەوتنە دۆخى سەختەوە، سەرتا هێرشەکە زۆر بە سەرکەوتووى بەڕێوە چوو پێشمەرگە لە حاجی ئۆمەران تا نزیک مزگەوت دەستیان بەسەردا گرت، تەرمى ژمارەیەکى زۆرى سەربازانى سوپاى عێراق لە مەیدانى شەڕدا بەجێ مابوو، بەڵام لەگەڵ بڵاوبوونەوەى هەواڵى شەهیدبوونى فەتاح ئاغا و ژمارەیەک پێشمەرگە لە هێزەکەى حاجى بێرۆخى بەهۆى تۆپبارانەوە هەڵمەتەکە ساردى تێکەوت. 

ئەم داستانەى پێشمەرگە ٤٨ کاژمێرى خایاند زۆر شوێن کەوتنە دەستى پێشمەرگە بەڵام بڕیاردرا بکشێنەوە لەبەر مەترسى بەفر کە ڕێگا بگیرێ و ئەستەم بوو پێشمەرگە خۆى پێ ڕابگیرێ، لەبەر سەرما و سۆڵە، جگە لەوەش هێزێکى گەورەى ڕژێم لە دیانا لە ئامادەباشیدا بوو بۆ هێرشى سەر پێشمەرگە، زیانەکانى سوپاى عێراق لەو شەڕەدا بە کوژراو و بریندارەوە زیاتر لە ٧٠ سەرباز بوون لەگەڵ پێنج دیل و بڕێک چەک و تەقەمەنیش کەوتە دەستى پێشمەرگە. دواى ئەوەى کەوا بڕیارى ڕاگرتنى هێرشەکە درا هێزى پێشمەرگە کشایەوە هێزى مغاویرى سەربە سوپاى عێراق گەڕایەوە شوێنەکانى پێشوو، هێزى پێشمەرگە لە گوندى تەمەرچیان لەناو خاکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بۆ ماوەی مانگێک مایەوە، بەڵام بۆ نۆبەدارى دەچوونە سەر بەرزاییەکانى ناوچەکە.

 زیانەکانى هێزى پێشمەرگە لەو شەڕەدا بریتى بوون لە ١٤ شەهید و ٢٦ بریندار کە زۆرێک لەوانە  بەهۆى تۆپبارانى چڕى تۆپخانەى سوپاى عێراقەوە بوو،  شایانى باسە وەک لە ئاماژەى کتێبى بارزانى و بزوتنەوە ڕزگارى خوازی کورددا هاتووە بارودۆخى هێزەکانى حکومەتى عێراق لەوە بەهێزتر بوو کە پێشمەرگە تێیگەیشتبوو بە پێی ئەو زانیارییانەى کە پێیان گەیشتبوو ئەوە لە لایەک، سەرما و سۆڵەى وەرزەکەش لە لایەکى دیکە وایکرد کە پێشمەرگە نەتوانرێت بەتەواوى دەست بەسەر حاجی ئۆمەراندا بگرێت و ئازاد بکات بەتایبەتى بەرزاییەکان بەیەکجارى تێیدا بمێنێتەوە.                   


سەرچاوەکان:

  1. https://www.hawlergov.org/app/ar/node/4٠5

  2. عومەر عوسمان، ژیانى کوردیک، بەرگى یەکەم و دووەم،  چاپخانەى موکریان، چاپە دووم، هەولێر-٢٠٠٨. 

  3. مەسعود بارزانى، بارزانى و بزوتنەەى ڕزگاریخوازى کورد، بەرگى چوارەم ١٩٧٥ – ١٩٩٠ شۆرشى گوڵان بەشى دووەم چاپى یەکەم، چاپخانەى ڕوکسانا، ٢٠٢١.  

  4. غازى عادل گەردى، پێشمەرگەیەک لە خزمەت ڕێبازى بارزانیدا حەجى بیڕۆخى، بەرگى دووەم،  چاپى دووەم، تورکیا، ٢٠٢١.

  5. حاجى میرخان دۆلەمەرى، گەڕان بەدواى دادپەروەریدا، بەرگى دووەم، چاپى دووەم، کوردستان- ٢٠٢١.


بابەتی پەیوەندیدار

داستانی کۆڕێ ١٩٩١

داستانى کۆڕێ یەکێکە لەو شەڕ و ڕووبەڕوونەوە چارەنووسسازانەى کە پێشمەرگەی کوردستان لە ٧ – ١١ى نیسانى ١٩٩١ لە بەرانبەر سوپاى عێراق تومارى کرد، دواى ئەوەى سوپاى عێراق لە بەهارى ١٩٩١ لە بەرانبەر هێزى پێشمەرگەى بەرەى کوردستانى و شەپۆلی ناڕەزایی جەماوەرى ڕاپەڕیوى باشوورى کوردستان شکستى خوارد و تەواوى شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان ڕزگارکران، زۆرى نەخایاند سوپای ڕژێم لەلایەن هێزى هاوپەیمانانەوە چراى سەوزى بۆ هەڵکرا و لە ٢٧ى ئادارى ١٩٩١ لە کەرکووکەوە زۆر بە دژوارى بەرەنگارى پێشمەرگە بووەوە ...

زانیاری زیاتر

شەڕی ئاڤا زێ ١٩٨٧

چالاکی هێزى پێشمەرگەى سنوورى لقی (١)ى دەڤەرى بادینان بوو لە ساڵى ١٩٨٧، کە هەستان بە هێرش کردن بۆ سەر یەکێک لە ڕەبایەکانى سەربازى سوپاى عێراق لە نزیک شارۆچکەى شێلادزێ لە سەر ئاڤا زێ، بە ماوەیەکى کەم دەستیان بەسەر ڕەبایەکەدا گرت و تەواوى سەربازانى کە لەو سەنگەرە لە ئەرکدا بوون کوژران، پێشمەرگەکانیش بە بێ زیان شوێنەکەیان بەجێ هێشت.

زانیاری زیاتر

داستانی خواکوڕک

شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەیەکى گەورەى نێوان هێزى پێشمەرگە و سوپاى ڕژێمى بەعس لە ١٩ى تەممووز تا ٥ى ئەیلوولى ١٩٨٨ لە ناوچەى خواکوڕکى دەڤەرى برادۆست ڕوویدا، بە مەبەستى دەست گرتن بەسەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕش لە سێگۆشەى سنوورى (عێراق - ئێران - تورکیا)، سوپاى عێراق هێرشێکى گەورە و بەربڵاوی ئەنجام دا، لە ماوەى ٤٥ ڕۆژى شەڕ و هێرشکارى، هێزە چەکدارەکانى عێراق لەلایەن هێزى پێشمەرگەوە تێشکێندران و زیانى گەورەى گیانى و ماددیان بەرکەوت، لە ٥ى ئەیلوولى ١٩٨٨ بەهۆى چەند هۆکارێک ...

زانیاری زیاتر

شەڕی خێزاڤا ١٩٨١

لە ڕێکەوتی ٢٥ی ئایاری ١٩٨١ شەڕی خێزاڤا لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپاى ڕژێمی عێراقدا ڕوویدا. کاتێک کە هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لیژنەى ناوچەى زاخۆ لە گەڕانێکدا(جولە) بوون لە گوندەکانى ناوچەى باتیفاى دەڤەرى بادینان بۆ جێبەجێ کردنى ئەرکى پێشمەرگایەتى، لە گوندى خێزاڤا ڕووبەڕووى هێزێکى سەربازیی سوپای رژێمى بەعس بوونەوە، دواى شەڕێکى سەخت هێزێکى دیکەى سەربە لیواى باتیفا و دەشتى چیێی سوپای عێراق بەرەو شوێنى ڕوداوەکە بۆ پشتیوانى و هاوکاریى ئەو هێزەى کە لەگەڵ پێشمەرگە لەشەردا بوون، هاتن.

زانیاری زیاتر

شەڕ و بۆسەى زەمبیل فرۆش ١٩٨٠

شەڕى زەمبیل فرۆش یەکێکیترە لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ سوپای ڕژێمی بەعس. لە ٢٢ی ئازاری ١٩٨٠ لە دەڤەری باتۆفا، هێزێکی پێشـمەرگە لەسەر ڕێگایەکی سەرەکی بۆسەیەکیان بۆ هێزێکی سەربازیی سوپای عێراق دانایەوە، لە ئاکامدا هێزەکەی سوپا کەوتنە نێو بۆسەکەوە و زیانێکی زۆریان بەرکەوت. لەم کاتەدا هێزێکیتری سەربە لیواى باتوفای سوپای عێراق بۆ پشتیوانی و هاوکاریی هێزە تێکشکاوەکەیان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، بە گەیشتنیان شەڕ و پێکدادانێکی سەخت لە نێوان هێزەکەی پێشمەرگە و سەربازانی سوپادا ...

زانیاری زیاتر